سەیلی هیجرت بەردی بنچینەی لە ڕەگ هێنامەدەر
1
سەیلی هیجرت بەردی بنچینەی لە ڕەگ هێنامەدەر
باری فیکرت قەددی ڕاستی تێشکاندم وەک فەنەر
لاپەڕەی 201
سەیل: لافاو .
هیجر: لە یار بڕان .
فیکر: بیر لێکردنەوە . پارچە کاغەز یا پارچە قوماشێکە وەک لوولە لوول ئەدرێ و مۆمی داگیرساوی ئەخرێتە ناو بۆئەوەی کە لەشوێنێکەوە برا بۆ شوێنێکیکە با نەیکوژێنێتەوە . بە هەر شتێکی لوول دراویش ئەوترێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لافاوی دووریت بەردی بناغەی لە چینی ژێرەوە هێناومەتە دەر و ها ئەوەندەی نەماوە بڕووخێ و باری گرانی بیر لێکردنەوەشت باڵای ڕاستی تێشکاندووم و وەک فەنەر چەماندوویەتیەوە.
دەستنووس
فیکرت قەددی ڕاستی (گم): فیکری قەددی ڕاستت. تێشکاندم (گم): تێیشکاندم. (ک): تێکشکاندم.
2
شیری ئەبرۆت، تیری غەمزەت وا لە جەرگم کارییە
دێت لە تۆفانی دوو چاوم لەت لەتی خوێنی جگەر
لاپەڕەی 202
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: جگەرمت بە جۆرێ بە شیری برۆ و تیری ئیشارەی چاوت ئەنجن ئەنجن کردووە، لەتەکانی بوون بە خوێن و وەک لافاو لە چاومەوە ئەڕژێن.
3
چاو و دڵ شەڕیانە، نازانم خەتای کامیانە خۆ
تا بە داری کەم، دەری کەم بیخەمە شین و چەمەر
لاپەڕەی 202
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاو و دڵم لە بەینی خۆیانا هەرایانە لەسەر تۆ، چاو ئەیەوێ هەر بۆ خۆی بی سەیرت بکا و دڵ ئەیەوێ هەر بۆ خۆی بی حەزت لێ بکا. منیش نازانم لەم شەڕەدا ئەم دوانە کامیان تاوانبارن تا لە جێی خۆی دەریکەم و لە داری بدەم و بیخەمە واوەیلا.. نالییی لێرەدا ئەیەوێ بڵێ کەسیان ناهەقی نییە و هەردوکیان ئەیانەوێ هەر لە نزیکتەوە بن و لێت دوور نەکەونەوە، بۆیە ئەگەر هەر کامیان لەجێی خۆی دەرکەم و لە تۆی دوور خەمەوە ئەکەوێتە گریان و شین.
4
نووری چاوم! چاوەکەم بێ نوورە بێ تۆ، ذەڕڕەیی
خاکی دەرگاکەت ببێژم بیکەمە کوحلی بەصەر
لاپەڕەی 202
ذەڕڕە: تۆز . وردە .
کوحل: کلە .
بەصەر: چاو . بینایی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ دیار نیت، تا خاکی بەری پێت هەڵگرم و بیبێژم و لەجیاتیی کلە چاومی پێ بڕێژم تا ببینێ، بۆیە کون کون وەک پەنجەرە.
5
دڵ موشەببەک بوو لەبەر ئێشان و نێشانی موژەت
ئیشی چاو بو بۆیە هێند گریام و خوێنی کەوتە سەر
لاپەڕەی 202
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەهۆی ئێش و نێشی برژانگەکانتەوە دڵم کون کون بوو. ئەو کارە کاری چاوت بو موژەت لە دڵما کردی، بۆیە، چاوەکانی منیش کاریان پێ تێکرا و زۆر گریام و خوێن لە دڵمەوە سەری کرد و کەوتە سەر چاوم.
دەستنووس
ئێشان و نێشانی موژەت (گم): ئێشان و نیشانی برۆت. (مز): ئێشانی نێشانی فرەت. چاو (گم): چا. گریام و خوێنی (ک): گریام کە خوێنی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
غەزەلی «سەیلی هیجرەت»، لاپەڕە 201، لە بار تەبیاتی من، بۆ نالی کورت دەهێنێ هەرچەند ناوناوە هەناسەی باغی نالیی تێدا هەست پێ دەکرێ بەتایبەتی کە نیوەبەیتی یەکەمی دێرەشیعری پێنجەم لەم دەقەدا:
دڵ موشەببەک بوو لەبەر ئێشان و نێشانی موژەت
ئیشی چاو بو بۆیە هێند گریام و خوێنی کەوتە سەر
هەر خۆیەتی لە بەیتی یەکەمی لاپەڕە 576 دا هاتووە:
دڵ موشەببەک بوو لەبەر ئێشانی نیشانی موژەت
حەیفە قوربان! ئاخر ئەم نیشانەیی شانی هەیە
هاتنی نیوەدێرە شیعر لە دوو غەزەلدا دەشێ هی خاوەنی هەردوو غەزەل بێت و ڕێشی تێ دەچێ شاعیرێکی لەخۆڕازی بۆ بەڵگەی لێهاتوویی خۆی بەیت و نیوەبەیتی چڕوپڕی غەیری خۆی خستبێتە شیعری خۆیەوە. بە عادەت شاعیر لە حاڵێکدا بیەوێ دێڕێک و نیودێڕێک دووبارە بکاتەوە لێی چاوەڕوان دەکرێ هەوڵی دووهەم جاری هی هەوەڵ جار بەجێ بهێڵێتەوە دەنا دەبێتە خۆ سووککردن. لێرەدا دیارە بەیتەکەی لاپەڕە 576 بە مەودا لە بەیتی لاپەڕە 202 پێش کەوتۆتەوە. بەڕاستی سەرلەبەری غەزەلی دووهەم هەمان مەودا لە سەرلەبەری غەزەلی لاپەڕە 202 تێپەڕیوە. بێگومان ئەمەی یەکەم شوێنپێی غەزەلی دواتری هەڵگرتۆتەوە کە دەبینین، وێڕای ئەم نیوەبەیتەی خوازرایەوە، بە زۆری دەوری گریان و دڵ و چاو هەڵدێت وەک غەزەلی دووهەم. بە هەمەحاڵ من قەناعەتی خۆم دەدەبڕم بێ ئەوەی بەڵگەی کۆنکرێتیم بە دەستەوە بێت. وەک دەشزانین غەزەلی ئەوتۆ کەوتۆتە دیوانی نالییەوە، بە هیچ پێوانەیەک لە نالی ناوەشێتەوە، تەنانەت غەزەلی «ئەو سیلسیلە وا میشکی خەتا نێوی براوە» کە لەوانە نییە پێی بگوترێ لاواز، نیسبەتی وەلای «کەیفی» دەدرێت و لە دەستنووساندا بۆ ئەو حیساب کراوە، دووریش نابینم ڕایەکە ڕاست بێ، بگرە دەیسەلمێنم... قسەم زۆرن لێرەدا لێی دەبڕمەوە.
هەرچۆنێک بێت دەبوو نیوەبەیت، واتە هی لاپەڕە 202 و لاپەڕە 576 یەک جۆرە دەقیان هەبێ، چونکە ئەو هێندە جوداوازییە لە دەقەکانیان خزمەتی هیچ مەبەسێکی نەکردووە. دەشبێ بڵێم غەزەلی لاپەڕە 201، 202 و 203 شەڕێکی نێوان چاو و دڵ دەگێڕێتەوە، شەرحەکەش باسی کردووە، ئەمما پێویستە بگوترێ ئەم جۆرە شەڕەم بیستووە، لە دوو گۆرانی میصری یەکێکیان هی کەلسوومە ئەوەی تریان هی نەجات عەلی، سەرەتای عومری گۆرانیگوتنی: یەکەمیان «ان کنت أسامح»، دووهەمیان «العین وقلبی» بە شێوە ئاخاوتنی بازاڕی نەک نەحوی.
6
لەت لەت و کون کون بووە دڵ وا لە شەوقی شیرەکەت
ڕۆحەکەم دێت و دەچێ، داخۆ لە کامیان دێتە دەر؟!
لاپەڕەی 203
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دڵم لەتاو ئارەزووی بینینی برۆی وەک شمشێری تۆ کون کون بووە. گیانم بەو کونانەدا دێ و دەچێ، نازانم سەرەنجام لەکامیانەوە دێتە دەرەوە و ئەمرم !
ئەشتوانرێ نیوەی دووهەمی ئەم شیعرە بەم جۆرە بخوێنرێتەوە:
ڕۆحەکەم! دێیت و دەچێ، داخۆ لە کامیان دێیتەدەر!
واتە: ئازیزەکەم، تۆ کە جێگات لەناو دڵمایە، ئیستا بەناو کونەکانی دڵما دێیت و دەچی، نازانم سەرەنجام لەبەر بۆ تیا ژیان - نەشیانی دڵم، لە کام کونیانەوە دێیتەدەر (چونکە بەو کون کون بوونەی دڵم ئەمرم)!
7
هەرچی مەحبووبەم دەبینێ وا تەحەییور دەیگرێ
سوێن دەخوا بە خوا دەڵێ «باللە ما هذا بشر»
لاپەڕەی 203
تەحەییور: سەرسامی
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یارەکەم ئەوەندە جوانە، هەر کەس ئەیبینێ، لە جوانیی سەرسام ئەبێ، سوێند ئەخوا ئەڵێ قەسەم بە خوا. « ئەمە لە جینسی ئادەمیزاد نییە » واتە: فریشتەیە.
نالییی لەم شیعرەدا ئیقتباسی لە ئایەتی « فلما رایتە اکبر تە و قطعن ایدیهن و فلن حاش للە ما هذا بشرا، ان هذا الا ملک کریم » کردووە کە باسی حەزرەتی یووسف و کەنیزەکەکانی زولەیخای ژنی عەزیزی میسر ئەکا و ئەڵێ: کە دییان، زۆر بە گەورەیان زانی و لەتاو جوانیی دەستی خۆیان بڕی و وتیان قەسەم بە خوا ئەمە بنیادەم نییە، ئەمە لە فریشتەیەکی نازار بەولاوە نییە.
8
چەندە خۆشە دابنیشین دوو بە دوو ئەمن و گوڵم
داکەوێتن موددەعی لەو خوارە هەروەک دەستی کەر
لاپەڕەی 203
داکەوێتن: داکەوێ .
موددەعی: بەدکار .
دەستی کەر: کینایەیە لە کەسێ یا شتێ کەڵکی هیچی پێوە نەمابێ و فڕی درابێتە لاوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
9
ڕۆژپەرستی ڕووتە «نالیی» بۆیە دائیم وەک غوڵام
زەرد و گەردنکەچ لە دەرگات حاضرە دەستەو نەظەر
لاپەڕەی 203
ڕۆژپەرست: گوڵی ڕۆژگارپەرست، گوڵێکی زەردە هەمیشە لەگەڵ گەڕانی ڕۆژدا ڕوو وەرئەچەرخێنێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زەردیی ڕووم و ملکەچیم هیی ئەوەیە ڕووی تۆ وەک خۆر وایە منیش وەک گوڵە ڕۆژگارپەرست وام بۆ ڕووی تۆ و گوڵە ڕۆژگارپەرستیش هەم ڕوو زەردە و هەم لە دەرگای ئاغایدا ملکەچ ئەوەستێ چاوەڕێی فەرمانە.
لەم پارچە شیعرەدا سادەییەکی ئاشکرا، بە بەراورد لەگەڵ شیعرەکانی تری نالییی، هەست پێ ئەکرێ. لە نوسخە دەسنووسەکانی بەردەستمانا، ئەم پارچەیە تەنها لە نوسخەکەی (چن) و (ک) دا و لە چاپەکانیشدا تەنها لە نوسخەکەی (گم) دا هەیە. چنگنیانی لە پەراوێزی نوسخەکەی خۆیدا نووسیویە: « ئەم غەزەلە لە فەرمایشی نالییی ناچێت، ظاهیر داخیلی نییە ». دیارە ئەویش هەر لەبەر سادەییەکەی وای نوسیوە. بەڵام بە ڕای ئێمە شەقڵی نالییی پێوەیە. سادەییەکەشی لەوانەیە لەبەر ئەوە بێ لە سەرەتای شیعر وتنیدا نووسیبێتی. دیارە بەرهەمی هیچ شاعیرێک هەمووی لە یەک ئاست و پلەدا نابێ. هەر ئەم سادەییەشە وای لە د. مارف خەزنەدار کردوە دانە پاڵی ئەم پارچەیە ئەلای نالییی لەلایەن گیوی موکریانییەوە، بە هەڵە دانێ و بنووسێ: هێشتا بۆم ساغ نەبوەتەوە هیی کێیە » (گۆڤاری ڕۆژی کوردستان، ژمارە ٣٤، کانوونی یەکەمی ١٩٧٥ و کانوونی دووهەمی ١٩٧٦، لاپەڕە ٤٢).
دەستنووس
دەرگات (گم): دەرگا.