سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور!

1
قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور!
ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری (شارەزوور)!
لاپەڕەی 174
باد: با .
مروور: گوزەر، تێپەڕین .
پەیک: فروستادە، کەسێ بە کارێ نێررابێ بۆ شوێنێک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم پارچە شیعرەیدا بای تیژڕەو ئەکا بە نامەبەری خۆی و دەست ئەکا بە بەری پشتێنا و پێی ئەڵێ: خوا بمکا بە قوربانی تۆزی ئەو ڕێگایەی تۆ بەسەریا ئەڕۆی، تۆ شارەزای هەموو کون و کەلەبەرێکی شاری شارەزووری و ڕێت لێ ون نابێ، بڕۆ ئەم نامەیەم بۆ بگەیەنە و هەواڵم بۆ بپرسە و بزانە...
شارەزوور: ئیستا ناوچەیەکی بچووکە لە پارێزگای سولەیمانی، (خاکوخۆڵ) ـی زێدی نالییی یەکێکە لە گوندەکانی. بەپێی دابەشبوونی بەڕێوەبەرێتیی ئەو سەردەمەی نالییی ئەم پارچە شیعرەی تیا وتووە، بەشی زۆری کوردستانی ئیستای عێراقی گرتووەتەوە. بەڵام بە نیشانەی ئەوەدا کە نالییی خۆی لەمەوپاش لە باسی سولەیمانیدا ئەڵێ:
بۆ دەفعی چاوەزار ئەڵێن شاری شارەزوور
دیارە مەبەستی لێی، تەنها شاری سولەیمانی و دەور و پشتیەتی. نالییی، کوردی کەوتووە وڵاتان، شاعیری خاوەن هەستی ناسک، پاش ئەوەی لە ئەنجامی تێکچوونی حوکمڕانیی بابانەکانا کوردستان بەجێ ئەهێڵێ و سەری خۆی هەڵئەگرێ و ڕوو ئەکاتە شام و ماوەیەک لە نامۆییدا ئەمێنێتەوە، هەوای نیشتمان ئەداتەوە لە کەللەی، ژانێکی قووڵ لە دەروونیا گینگڵ ئەخوا، ئەنجامەکەی ئەم شاکارە هونەرییە، ئەم تابلۆ پڕ واتایە ئەبێ کەوا لەوێوە بۆ هاودەردێکی خۆی، بۆ (عبدالرحمن بەگی سالم) ی ناردووە و ئەویش لە سولەیمانییەوە بە شاکارێکی تری لەم چەشنە وەڵامی ئەداتەوە، کە پیاو هەردوکیان بەراورد ئەکا. وا ئەزانێ دوو کەون خراونەتە قەفەز، قەفەزێکی دەربەدەری و یەکێکی دەستبەسەری، لە بەرابەری یەکدا ئەخوێنن و بۆ یەکدیی ئەستێننەوە.
لەو ڕۆژەوە کە شیعر هەیە، تەرازووی جیاکردنەوەی شیعری ڕاستەقینە لە شیعری تەنها بەدیمەن، هەر ئەوە بووە، شاعیر تا چ ئەندازەیەک لەگەڵ خۆیدا ڕاستی کردووە و شیعرەکەی چەند لە ناخیەوە هەڵقوڵاوە، ئاخۆ دەنگدانەوەی ژانی دەروونی خۆیەتی، یا بۆنە و پێویستی و باری ژیان زۆری لێ کردووە بیڵێ. وا بزانین تاقە شتێ لە هەرچی باشتر وەڵامی ئەم پرسیارەمان بداتەوە و ئەم ڕاستییەمان بۆ دەرخا، ڕادەی لەگەڵدا گونجان و بە دڵاچوونی کۆمەڵی خوێندەوارانە. بۆیە، بێگومان، ئەو پایەیەی ئەم پارچە شیعرە لە مێژووی ئەدەبی کورددا دەستی خستووە، نیشانەی ڕاستیی شاعیرە لەگەڵ خۆی و بەڵگەی ئەوەیە شیعرەکەی لە قووڵایی دەروونیەوە سەری کردووە.
دەستنووس
ئەی - ی دووهەم - (اح): وەی.
2
ئەی لوطفەکەت خەفییو هەوا خواە و هەمدەمە!
وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوضوور!
لاپەڕەی 175
خەفی: نهێنی . بەشارەت
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی ئەو بایەی کە نەوازش و دڵدانەوەت، یاخود ناسکیت، پەنهانە و کەس پێی نازانێ. چونکە با وەختێ بە بایەکی خۆش دائەنرێ کە بە ئاستەم، وەک بەدزییەوە. بوەزێ. هەوایەکی ئەوێ بیجووڵێنێ.. هاوڕێی بنییادەمە، چونکە ئەگەر نەبێ بنیادەم خەفە ئەبێ.. ئەی ئەو بایەی کە بەئاستەم هەڵکردنت، مژدەیە بۆ دڵ و دەروونی ئەوانەی لەسەر سووچی بەرماڵی بە دڵ ئامادەیی و دوورنەکەوتنەوە دانیشتوون.
مەبەستی گفتوگۆکە پاش چەند شیعرێکی تر دێ.
دهەمدەمە (اح): هەمدەمم.
3
ئەی هەم میزاجی ئەشکی تەڕ و گەرمی عاشقان:
طۆفانی دیدەوو شەرەری قەلبی وەک تەنوور!
لاپەڕەی 176
هەم میزاج: هاوسروشت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەبەستی لەوەیە با لەوەدا کە جاروبار ساردە، هاوسروشتی تۆفانی چاوی دڵدارانە کە فرمێسکی تەڕیانە. لەوەشا کە جاروباریش گەرمە، هاوسروشتی بڵێسەی دڵەی وەک تەنوور گەرمیانە کە لە شێوەی فرمێسکی گەرمدا دێتە دەرەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سێهەمی «قوربانی تۆزی ڕێگەتم» لاپەڕە 176، نووسراوە «طوفانی». گومان نییە لەوەدا، نالی نووسیویەتی «طوفانی یاخود طوفان» بە پێی نووسینی فارسەکان کە لەم تەرزە شوێنەدا «ی»ی «اضافە»ی بەگەڵ نایەخەن. ئیتر دەبوو بە ڕێنووسی کوردی «طووفانی» بنووسرێت.
لە شەرحی نیوەبەیتی یەکەمی دووهەم دێڕی «قوربانی تۆزی ڕێگەتم» کە ئەمەیە دەقەکەی:
ئەی لوطفەکەت خەفییو هەوا خواهـ و هەمدەمە!

دەبوو وشەی «خواە» بە ڕێنووسی کوردی «خواهـ» بنووسرێت چونکە ئەم شکڵە «ە» لە بری فەتحەیە نەک دەنگی «هـ». تۆ دەبێ بنووسیت «ئەڵڵاهـ» نەک «ئەڵڵاە».
وشەی «لوطف»یش بەم جۆرە واتای لێکدراوەتەوە: ئەی ئەو بایەی کە نەوازش و دڵدانەوەت، یاخود ناسکیت، پەنهانە و کەس پێی نازانێ. من دەڵێم مەبەس لە «لطف» هەم نەوازشتە و هەم زێدە ناسکی کە چاو نایبینێ نەک کەس پێی نازانێ چونکە لەم بارەدا لوطفەکە بە نەبوو دەبێت: مرۆ هەستی شنەی با دەکات هەرچەند ناش بینرێت. لە ئەدەبیات و زانستی کۆندا هەوا بە ماددەیەکی «لطیف» حیساب کراوە.
4
گاهێ دەبێ بە ڕەوح و دەکەی باوەشێنی دڵ
گاهێ دەبێ بە دەم دەدەمێنی دەمی غوروور
لاپەڕەی 176
گاهێ: جارێکیان .
ڕەوح: فێنکی .
دەم - ی یەکەم -: دەمەی ئاسنگەر، مووشەدەمە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم شیعرە وەک لێکدانەوەی ئەو شوبهاندنەیە کە لە شیعری پێشوودا هەبوو. واتە: لەو کاتانەشدا کە گەرمی، ئەبێ بە دەمەی ئاسنگەر و خوێنی، یاخود دەمی، لەخۆبایی بوون ئەبزوێنی، وەک مەشهوورە بنیادەم لە کاتی گەرمادا تووڕەیە و ئاگای لە خۆی نامێنێ چی ئەکا و چی ئەڵێ..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کردنی (با) دا جارێک بە سروە و باوەشێنکەری دڵ و جارێکیش بە دەمەی ئاسنگەر، طیباقێکی جوان هەیە، سەرەڕای ئەو جوانییەی لە کۆکردنەوەی طۆفانی دیدە و ئاگری تەنووری دڵدا هەیە لە شیعری پێشوودا، کە ئیشارەتێکیشی تیا کردووە بە ئایەتی (و فار التنور) لە باسی تۆفانەکەی حەزرەتی نووحدا.
دەستنووس
دڵ (ت): ڕۆح.
5
مەحوی قەبووڵی خاطری عاطر شەمیمتە
گەردی شیمال و گێژی جەنووب و کزەی دەبوور
لاپەڕەی 177
عاطر شەمیم: بۆنخۆش .
شیمال: بای شەماڵ .
جەنووب: بای گەرمی باشوور .
دەبوور: ڕەشەبا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو تۆزەی بای شەماڵ ئەیجووڵێنێ و ئەو گێژەڵووکەی بای باشوور هەڵی ئەکا و ئەو کزە ساردەی ڕەشەبا ئەیبزوێنێ، هەموو فەوتاو و سەرگەردانی گەڕان بەدوای ئەوەدان کە دڵی بۆن و بەرامە خۆشی تۆ پەسەندیان بکا.
دەستنووس
عاطر شەمیمتە (چن) و (ک): پڕ فەیض و عاطیرە.
6
سووتا ڕەواقی خانەیی صەبرم، دڵ و دەروون
نەیماوە غەیری گۆشەیی ذیکرێکی یا صەبوور
لاپەڕەی 177
ڕەواق: هەیوان .
خانە: خانوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەیوانی ماڵی خۆڕاگرتن و بوردەباریم سووتا، سەبر جێگەیەکی نەما خۆی تیا حەشار بدا، کەوتە دەشت. دڵ و دەروونم تەنها سووچێکیان بۆ ماوەتەوە دوعای (یا صەبوور) ی تیا بخوێنن، بەڵکو خوا دەروویەکی خێریان لێ بکاتەوە.
دەستنووس
دڵ و (« پەراوێزی » چن) و (ت) و (ک) و (مز) و (اح): دەر و بەپێی ئەم نوسخانەی مەعنای شیعرەکە وای لێ دێتەوە: دەر و ناوی هەیوانی ماڵی سەبرم ئاگری تێ‌بەربوو.. (عم): وەکو. بەم پێیەش مەعناکەی وای لێ دێتەوە: هەیوانی خانووی سەبرم، هەروەک ناوەوەی، ئاگری تێ‌بەربوو. گۆشەیی ذیکرێکی (چر): گۆشەیی ذیکرێکە. (ت) گۆشەیی ذیکرێک کە.
7
هەم هەم‌عەنانی ئاهم و هەم هەم‌ڕیکابی ئەشک
ڕەحمێ بەم ئاهـ و ئەشکە بکە، هەستە بێ قوصوور
لاپەڕەی 177
هەم‌عەنان: هاوجڵەو .
هەمڕێکاب: هاوڕکێف، هاوئاوزەنگی .
واتە: کە خانووی سەبرم ڕووخا و جێگەم نەما ئۆقرەی تیا بگرم، هیچم بۆ نەمایەوە ئەوە نەبێ هەمیشە پێبەپێی ئاخ هەڵکێشان و فرمێسک ڕشتن بڕۆم، کەواتە ئەگەر بەزەییشت بە مندا نایێتەوە، با بەزەییەکت بەواندا بێتەوە . هەڵسە، تۆ وەک ئەوان نیت، ڕێت لێ ون نابێ، بکەوەرە ڕێ بڕۆ ...
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
ئاهـ و ئەشکە (« پەراوێزی » چر): ئاهە وشکە. ئەگونجێ ئەمیش هەر (ئاهە و ئەشکە) بی وا نووسرابێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە ئاست نیوەدێڕی یەکەمی بەیتی سێهەم «لاپەڕە ١٧٧ ی شەرحەکە»کە ئەمە دەقی بەیتەکەیە:
هەم هەم عەنانی ئاهم و، هەم هەم ڕیکابی ئەشک
ڕەحمێ بەم ئاهـ و ئەشکە بکە، هەستە بێ قوصوور

شەرحەکە دەڵێ «کە خانووی سەبرم ڕووخا... هیچم بۆ نەمایەوە ئەوە نەبێ هەمیشە پێ بە پێی ئاخ هەڵکێشان و فرمێسک ڕشتن بڕۆم...».
بەلای منەوە باشتر ئەوەیە بگوترێ: هەم هەمجڵەوی ئاخم و هەم هەمڕکێفی فرمێسک... چونکە نالی لەگەڵ ئاخ و فرمێسک سەفەری نەکردووە هەتا وشەی «بڕۆم» جێی ببێتەوە. لە «هەمجڵەوی ئاخ و هەمڕکێفی فرمێسک» سەراحەت نییە «ڕۆییشتن» بگەیەنێت، دەشێ بدرێتەوە بە هاوڕێیی هەست و شعوور لەگەڵ «بادی خۆش مروور»دا. دەشبوو وشەکانی «هەم عەنان، هەم ڕیکاب» بەسەر یەکەوە، «هەمعەنان، هەمڕیکاب» بنووسرێن مادەم شەرحدەر کەرتی «هەم»ی لە نزیک وشەی دوا خۆیەوە نووسیوە ئیتر بۆ پێیەوە نەنووسێت. تۆ کە نووسیت «زۆر دار» جودا دەبێ لە «زۆردار».
8
وەک ئاهەکەم دەوران بە هەتا خاکی کۆیی یار
وەک ئەشکەکەم ڕەوان بە هەتا ئاوی (شیوەسوور)
لاپەڕەی 178
دەوان: ئەوەی بە ڕاکردن بڕوا .
کۆ: بەردەرگای ماڵ .
ڕەوان: جاریی .
شیوەسوور: شیوێکە لەنزیک چەمچەماڵەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەک هەناسەی ساردی درێژم بە پەلە بڕۆ تا ئەگەیتە بەردەرگای ماڵی دۆست و وەک فرمێسکم جاری ببە تا ئەگەیتە ئاوی شێوە سوور.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (ڕەوان) و (دەوران) دا جیناسی لاحیق و لە کۆکردنەوەی (ئاە) و (ئەشک) و (خاک) و (ئاو) و (شیو) دا تەناسوب هەیە. لە هێنانی ناوی (شیوەسوور) یشدا ئیشارەت بەوە کراوە کە فرمێسکی شاعیریش خوێناوە و سوورە. ئەوەش گونجانێکی جوانی تیایە.
دەستنووس
ئاوی شیوەسوور (« دیسانەوە پەراوێزی » چر): شیوی پردە سوور.
9
بەو ئاوە خوت بشۆ لە کودووراتی سەر زەمین
شاد بن بە وەصلی یەکدی: کە تۆی طاهیر، ئەو طەهوور
لاپەڕەی 178
کودوورات: تۆز و خۆڵ .
طاهیر: پاک .
طەهوور: پاک‌ کەرەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە گەیشتینە سەر (شیوەسوور) و نزیکی سولەیمانی بوویتەوە، لادە، کەمێک بحەسێرەوە، بەو ئاوە خۆت بشۆ، هەرچی تۆز و خۆڵی ڕووی زەویت لەو ڕێگەیەدا لێ نیشتووە، هەمووی دابشۆ. تۆ خۆت پاک و ئاوەکەش پاکەوەکەر، بە دیتنی یەک شاد ببن.
(طاهیر) و (طەهوور) لە زاراوەکانی فیقهن.
دەستنووس
کە تۆی (کم): ئەتۆ.
10
ئەمجا مەوەستە تا دەگەییە عەینی (سەرچنار)
ئاوێکە پڕ لە نار و چنار و گوڵ و چنوور
لاپەڕەی 178
عەین: کانی .
سەرچنار: کانی و سەراوێکە حەوت کیلۆمەترێک لە سولەیمانییەوە دوورە . جێگای ڕابواردنی خەڵکی شارە .
نار: هەنار .
چنوور: گیایەکی بۆنخۆشی کێوییە، بەڵام لە شوێنی وەک سەرچنار ناڕوێ، وا دیارە نالییی هەر بۆ وەزنی شیعر هێناوێتی . دووریش نییە مەبەستی هەنار و چنار و چنووری ڕاستەقینە نەبێ، بەڵکو کینایە بن لە کچی باڵا بەرز و بۆن خۆش و مەمکی خڕ، چونکە سەرچنار لەمێژە سەیرانگای خەڵکی سولەیمانییە و شۆخەکانی شار هەمیشە تیا کۆ ئەبنەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لێکدانەوەی ئەدەبی
لە وشەی (عەینی) دا لەطافەت هەیە چونکە هەم مەعنای (کانی) و هەم مەعنای (خۆی) ـیش ئەگەیەنێ. لەنێوان (نار) و (چنار) دا جیناسی ناقیص و لەنێوان (چنوور) و (چنار) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
ئاوێکە پڕ لە نار و چنار و (کم) و (گم) و (من): ئاوێکی صافە پڕ لە چنار و. (عب): ئاوێکە پڕ لە دار و چنار و. گوڵ و چنوور (ت) و (مز): گوڵی چو نوور. واتە گوڵی وەک نوور.
11
چەشمێکە میثلی خۆر کە لە صەد جێ، بە ڕۆشنی
فەورانی، نووری صافە لەسەر بەردی وەک بلوور
لاپەڕەی 179
چەشمێکە: چەشمەیەکە، کانییەکە .
فەوران: فەوەران، هەڵقوڵان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەرچنار کانییەکە وەک خۆر وایە، وەک چۆن خۆر بەسەر پارچە بلووری ئاسمانەوە لە صەد لاوە تیشک بڵاو ئەکاتەوە، ئەمیش پاک و ڕۆشن و بێ‌گەرد لە صەد لاوە هەڵئەقوڵێ و بەسەر بەردی خاوێنی وەک بلوور سپیی ناو کانیدا ئەڕوا..
ڕووشنی (چن): ڕووشنی و.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 179، نیوەبەیتی سەرووی لاپەڕە، تێیدا هاتووە «ڕۆشنی». هەڵبەت نالی و کەسانێکی نوسخەیان لە دیوانی گرتۆتەوە هەموویان «روشنی»ـیان نووسیوە بەڵام بێگومان نالی و نوسخەنووسانیش «ڕەوشەنی»ـیان مەبەست بووە تەنانەت زوربەی خەڵقی ئێستاش هەر دەڵێن «ڕەوشەن». بە هەمووی چەند ساڵێکە «ڕەوشەن بەدەرخان» کۆچی دوایی کردووە، کەس نەیدەگوت «ڕۆشن خان». وشەی «بلوور»یش لە کۆتایی نیوەبەیتی دواییدا دەبوو «بەلوور» بنووسرێت چونکە خەڵق وەهای دەڵێت و نالیش بێگومان «بەلوور»ی مەبەست بووە کە وشەکە لە ئەصلدا «بەللوور»ە.
12
یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا کەوا
ئەستێرەکانی ڕابکێشن وەک شەهابی نوور
لاپەڕەی 179
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یاخود سەرچنار کانیاو نییە، ئاوێنەیەکە دانراوە، دیمەنی ئاسمانی بە ئەستێرەکانیەوە تیا دیارە. (وردە بەردەکانی بنی ئاوەکە، جێگەی ئەستێرەکان ئەگرنەوە لە شوبهاندنەکەدا). بەڵام چونکە وێنەی ئەستێرەکان لە ئاوەکەدا ئەجووڵێنەوە (مەبەست ئەوەیە کە ئاوەکە بەسەر وردە بەردەکانا ئەڕوا، وا دێتە پێش چاو بجووڵێنەوە و بکشێن)، وەک ڕاکشاین و درێژ کشابن وایە و لەوەدا لەوە ئەکەون کە لە ئەستێرەی عادەتی بچن و وەک ئەو ئەستێرانەیان لێ دێ کە بەدوای شەیتانە بۆ ئاسمان ڕۆیشتووەکاندا ئەکشێن.
دەستنووس
ڕابکشێن (چر) و (ک) و (مز) و (تۆ) و (عب) و (اح): ڕابکشێ.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* پێم وایە مەبەستی نالییی لە پێشدا ئەستێرەی زەوی بێ ئەستێرە بە کوردی بەو گوڵە دەڵێن کە دەیگرنەوە و خۆ ئاوی تێدا ڕادەگرن بۆ ئەوەی شەواو بە خۆڕایی نەچێ. بە فارسی پێی دەڵێن (استخر) بەو حاڵەوە مەعنای ئەستێرەی ئاسمانیش هەر دەدا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
هەر لە لاپەڕە 179 دا شەرحی ئەم بەیتە هەیە:
یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا کەوا
ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شیهابی نوور

وشەی «شەهاب» لە دیوانەکەدا هاتووە من بە «شیهاب»م نووسی: لە قورئاندا «شهاب ثاقب» هاتووە بە کەسری دەنگی «ش». ئەو شەرحەی دیوانەکە و ئەوەی مامۆستای سەجادی بۆی چوون نیشانیان نەپێکاوە. لە شەرحەکەدا دەڵێ:
«واتە: سەرچنار کانیاو نییە، ئاوێنەیەکە دانراوە، دیمەنی ئاسمانی بە ئەستێرەکانیەوە تیا دیارە. [4] بەڵام چونکە وێنەی ئەستێرەکان لە ئاوەکەدا ئەجووڵێنەوە[5]، وک ڕاکشابن و درێژ کشابن وایە و، لەوەدا لەوە دەکەن کە لە ئەستێرەی عادەتی بچن و، وەک ئەو ئەستێرانەیان لێ دێ کە بە دوای شەیتانە بۆ ئاسمان ڕۆیشتووەکاندا دەکشێن».

مامۆستا عەلائەددینیش هەر بۆ ئەم واتایە چووە.
نالی لەم بەیتەدا تەپکەیەکی سەیری بۆ ئودەبا ناوەتەوە. بەڵێ، نالی ئەو واتایەی شەرحی دیوانەکەی لە دڵ و مەبەستدا بووە کە ئەدەبدۆستانی پێوەی بزرووقێنەوە بەڵام بە نەختێک قووڵبوونەوە دەردەکەوێ، ئەگەر مەبەستی بەیتەکە ئەوە بێ بگوترێ: «ئەستێرەکان ڕابکشێن وەک شیهابی نوور» ئەوسا بەیتەکە وەهای لێ دێ کە گوتبێتی «ئەستێرەکان ڕابکشێن وەک ئەستێرەکان» چونکە «شیهابی نوور» خۆی ئەو ئەستێرەیە کە ڕادەکشێت.
ڕاستیی واتای بەیتەکە ئەمەیە: وشەی «ئەستێرەکانی» دەشێ کۆی «ئەستێرە» بێ کە دەزانین، یاخود دەبێ بزانین، «ئەستێرە» جۆرە حەوزی ئاوە، هەڵدەندرێ بۆ ئەوەی ئاوی کەم تێیدا کۆببێتەوە، شیناووردی پێ ئاو بدرێت. ئەگەر وشەکە کەرت بکەیت بە «ئەستێرە - کانی» ئەوسا دوو واتای جمرانە دەست دەکەوێ، یەکیان ئەوەیە: ئەستێرەکانی سەرچنار «حەوزە ئاوەکانی سەرچنار» ڕادەکێشن وەک شیهابی نوور و هەر دەڵێی ئاوێنەیە ئاسمان عەکس دەکاتەوە. دووهەمیان: ئەستێرە، کانی «حەوزەئاو-کانی» ڕابکێشن وەک شیهابی نوور...
چی لە شەرحی دیوانەکە و لە کتێبەکەی مامۆستا عەلائەددین و لە قسەی ئەدەبدۆستان هاتووە هەمووی سێبەری واتای ڕاستینەی بەیتەکەن و پێیانەوە دەوڵەمەندتر بووە و نالی خۆی سازی داوە.
13
یا چەشمەساری خاطری پڕ فەیضی عاریفە
یەنبووعی نوورە دابڕژێنێ لە کێوی طوور
لاپەڕەی 180
چەشمەسار: سەرچاوە .
عاریف: خواناس .
یەنبووع: کان یی .
کێوی طوور: ئەو کێوەی خوا قسەی لەگەڵ حەزرەتی مووسا تیا کرد و نووری خۆی تیا پیشان دا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یا هیچیان نییە، سەرچاوەی پڕ بەرەکەتی خواناسانە، سەرچاوەی ڕووناکییە، لە کێوی توورەوە دابڕژێتە خوارەوە.
دەستنووس
پڕ فەیضی عاریفە (عم) و (ت) و (مز) و (عب) و (من): پڕ فەیض و عاطیرە. (تۆ) پڕ فەیضی عاطیرە. یەنبووعی نوورە دابڕژێنێ (کم) و (گم) و (من): یا ئاوی ڕۆح بەخشە کەوا دێ. (چر) و (عم) و (ت):... دادەڕژێنێ. (چن): دابڕێژنێ یا دابڕێژێنێ.
14
دەموت دوو چاوی خۆمە ئەگەر (بەکرەجۆ) یی ئەشک
نەبوایە تیژ و بێ ثەمەر و گەرم و سوێر و سوور
لاپەڕەی 180
بەکرەجۆ: شوێنێکە دە کیلۆمەترێک لە سولەیمانییەوە دوورە، جۆگایەکی لە سەرچنارەوە بۆ دێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەگەر فرمێسکی چاوەکانم تیژ و بێ بەرهەم و گەرم و سوێر و سوور نەبوونایە، بە ئاوی بەکرەجۆم ئەوت فرمێسکی منە، بەڵام ناتوانم وا بڵێم چونکە هەرچەند فرمێسکی منیش وەک ئاوی بەکرەجۆ زۆرە، بەڵام ئەو خاسیەتانەی باسم کردن و لە فرمێسکی چاومدا هەن، لە ئاوی بەکرەجۆدا نین.
نالییی، لە دانانی ئەم خاسیەتانەدا بۆ فرمێسکی چاوی خۆی و دژەکانیان بۆ ئاوی بەکرەجۆ، مەعنا ئاراییەکی زۆر جوانی کردووە، سەرەڕای ئەو زیادەڕەوییەش کە چاوی خۆی بە یەکێک لە جۆگاکانی سەرچنار داناوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
وشەی (بەکرەجۆ) لەم شیعرەدا بەگوێرەی زانستی نەحوی کوردی (متنازع فیە) یە لەنێوان (دەموت) و (نەبوایە) دا و ڕاستکردنەوەی ڕستەکە بەم جۆرە ئەبێ: ئەگەر بەکرەجۆی ئەشک تیژ و بێ ثەمەر و گەرم و سوێر نەبوایە، ئەم وت جۆگەی بەکرەجۆ دوو چاوی خۆمە.
دەستنووس
دوو (چن) و (من): کە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 180 بەیتی دووهەم کە ئەمە دەقیەتی بە ڕێنووسی شەرحەکە:
دەموت دوچاوی خۆمە ئەگەر «بەکرەجۆ»یی ئەشک
نەبوایە تیژ و بێ ثەمەر و گەرم و سوێر و سوور

لە شەرحدا «بەکرەجۆ» بە (متنازع فیە) داندراوە لە نێوان «دەم وت» و «نەبوایە» دا یەعنی هەردووکیان ئەو بەکرەجۆیە بۆ خۆی ڕادەکێشێت. خوێنەرانی ئەم سەردەمە بە درەنگەوە لەم جۆرە فەندە ڕادێن، ڕەنگە هەر ڕانەیەن... من قسەم هەیە دەربارەی ئەم تەنازوعە بەڵام بە دەنگ نایەم چونکە درێژخایێنە، هەر ئەوەندە دەڵێم ئەگەر لە جیاتی «نەبوایە» وشەی «ببوایە» هاتبایە ئەوسا وشەکانی «تیژ، بێ ثەمەر، گەرم، سوێر و سوور» دەبوونە «متنازع فیە» لە نێوان فرمێسکی چاوی نالی و جۆگەی بەکرەجۆدا.
15
داخڵ نەبی بە عەنبەری سارایی (خاکوخۆڵ)
هەتا نەکەی بە خاکی (سولەیمانی) یا عوبوور
لاپەڕەی 181
سارا: صەحرا، دەشت .
خاکوخۆڵ: دێیەکە لە نزیکی چەمی تانجە ر ۆوە، لە ناوچەی (عەربەت) ، ٢٤ کیلۆمەترێک لە ڕۆژەڵاتی سولەیمانییەوەیە .
سولەیمانی: یەکێکە لە بەناوبانگترین شارەکانی کوردستان، ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی ١٧٨٤دا دروستی کردووە و پێتەختی میرنشینی بابانی لە (قەڵا چوالان) ـەوە بۆ گواستووەتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

نالییی کە لە شیعرەکانی پێشوویدا (با) ی تیژڕەوی لەجیاتیی خۆی نارد و بەسەر کوردستانا فڕاندی، تا گەیاندیە (شیوەسوور) و دەم و چاوێکی لەوێ پێ شۆری و لەوێیشەوە بردی بۆ (سەرچنار) و ئەو هەموو تەعریفەی سەرچناری بۆ کرد، نەیهێشت لەوێ داکەوێ. لەوێیشەوە ناردی بۆ (خاکوخۆڵ). بەڵام مەبەستی سەردان لە (خاکوخۆڵ) نەبوو، تەنها بۆ ئەوەی بە بێوەفا دەرنەچێ ناوێکی ئەوێیشی هێنا.. سولەیمانیی ئەویست، ئەو سولەیمانییەی بیرەوەرییەکانی لە تەختی دڵی هەڵکەنرابوون و خۆشترین ساڵەکانی ژیانی تیا بردبوە سەر. ئەوەتە بۆی دێ بە پیاهەڵدانی سولەیمانیدا و یەکە یەکە بیرەوەرییەکانی خۆی بۆ باس ئەکا و ئەڵێ: نەکەی بەر لەوەی بە سولەیمانیدا تێپەڕێ، بچێتە دەشتی وەک عەنبەر بۆنخۆشی (خاکوخۆڵ). سولەیمانیی لەپێش هەر کوێیەکەوەیە.
دەستنووس
نەبی (عم) و (کم) و (گم) و (من): مەبە. هەتا (چن) و (ک): حەتتا. (عم) و (ت) و (مز): هەرتا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 181 کە ئەمە دەقیەتی بە پێی نووسینی شەرحەکە:
داخل نەبی بە عەنبەری سارایی «خاک و خۆڵ»
هەتا نەکەی بە خاکی «سولەیمانی»ـیا عوبوور

وشەی «هەتا» لە نیوەبەیت دووهەم کێشی زەدە دەکات. یا دەبێ بگوترێ «هەتتا» یا «هەرتا». من بە زۆری «هەرتا»م بیستوە و زۆریش لەبارە هەم لەلایەن دروستیی کێشەوە و هەم لەلایەن ئێسکسووکیی وشەکەوە. تێکستی «چن» و «ک» «حەتتا»ی پەسەند کردووە کە لە لایەن کێشەوە دەست دەدات بەڵام زەق خۆی دەنوێنێ چونکە بەیتەکە تەنها وشەیەکی عەرەبی تێدایە ئەویش «عبوور» کە قافیە داخوازی کردووە. «هەرتا» شیرنتر و ئاشناترە.
16
یەعنی ڕیاضی ڕەوضە کە تێدا بە چەن دەمێ
موشکین دەبێ بە کاکۆڵی غیلمان و زوڵفی حوور
لاپەڕەی 181
ڕیاض: جەمعی (ڕەو‌ضە) یە هەم بەمەعنا باخچە و هەم بەمەعنا بەهەشت بەکاردێ . لێرەدا هەردو مەعناکە مەبەستە .
موشکین: موشکاوی، بۆنخۆش وەک کەسێک موشکی لە باخەڵدا بێ .
کاکۆڵ: قژی درێژی پشت سەر .
غیلمان: جەمعی (غولام) ـە واتە کوڕی تازە پێگەیشتوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مەبەستم لە سولەیمانی ئەو باخچەی بەهەشتەیە کە هەر لەوێ ئەتوانی بە ماوەیەکی کەم بۆنی خۆشی کاکۆڵی کوڕە لاو و زوڵفی حۆرییە نازدارەکان هەڵ بگرێ. دیارە سولەیمانی کە بوو بە باخچەی بەهەشت، ئەبێ پڕیش بێ لە (غیلمان) ـی کاکۆڵ درێژ و بۆنخۆش و لە (حوور) ی زوڵف وەک موشک خۆشبەرامە.
دەستنووس
تێدا بە (چن) و (من): تێیدایە. موشکین (اح): زەلیف.
17
خاکی میزاجی عەنبەر و داری ڕەواجی عوود
بەردی خەراجی گەوهەر و جۆباری عەینی نوور
لاپەڕەی 182
میزاج: تێکەڵ . سروشت .
جۆبار: جۆگە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو سولەیمانییەی کە بێبایەخترین شتی بەبایەخە.. خاکی سروشتی عەنبەری بۆن خۆشی هەیە یا لەگەڵ عەنبەردا تێکەڵە و داری وەک داری بۆنخۆشی عوود بەڕەواجە و گەوهەر لە خەرج و باجی بەردیا ئەدرێ و جۆگەی ئاوی وەک نوور وایە یا سەرچاوەی نوورە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (میزاج) و (ڕەواج) و (خەراج) دا هەرچەند جیناس نییە، بەڵام وشەئاراییەکی جوان هەیە کە لە زۆر شوێنیتریشدا نالییی شتی وای هەیە. لە کۆکردنەوەی (خاک) و (دار) و (بەرد) و (عوود) یشدا تەناسوب هەیە. لە (عەین) ـیشدا لەطافەت هەیە.
دەستنووس
میزاجی (کم) و (گم) و (من): ڕەواجی. (مز): خەراجی. عەنبەر و (چن) و (گم) و (ک) و (تۆ): عەنبەرە. گەوهەر و (چن) و (گم) و (ک) و (تۆ) و (عب): گەوهەرە.
18
شامی هەموو نەهار و فوصوولی هەموو بەهار
تۆزی هەموو عەبیر و بوخاری هەموو بوخوور
لاپەڕەی 182
شام: ئێوارە .
نەهار: ڕۆژ .
فوصوول: وەرزەکانی ساڵ .
بوخار: هەڵم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (شام) و (نەهار) دا طیباق و لە کۆکردنەوەی (نەهار) و (بەهار) و (بوخار) و (بوخوور) دا جیناسی لاحیق و لە کۆکردنەوەی (تۆز) و (بوخار) و (عەبیر) و (بوخوور) دا تەناسوب هەیە. سەرەڕای جۆرە طیباقێکیش کە لەنێوان (تۆز) و (عەبیر) و (بوخار) و (بوخوور) دا هەیە لەو ڕووەوە کە (تۆز) و (بوخار) بێبایەخ و بەڵکو خراپن، بەپێچەوانەی (عەبیر) و (بوخوور) ەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 182 کە ئەمەیە:
شامی هەموو نەهار و، فصوولی هەموو بەهار
تۆزی هەموو عەبیر و، بوخاری هەموو بوخوور

شەرحەکە بۆ ئەوە چووە کە لە نێوان «تۆز و عەبیر» و «بوخار و بوخوور» طیباق هەیە وەک کە لە بەیتێکی پێشووتر طیباق هەبوو کە نێوان «ماء و نار» هەرچەند شەرحەکە لەبەر درێژی ڕاڤەکردنی بەیتەکە خۆی لەلایەنی «محسنات» نەگەیاندووە. هەرچەند کتێبی سەر بە بابەتی «محسنات»م لا نییە دابزانم چۆن وەصفی «طباق» دەکات بەڵام بە هەستی فیطری وا دەزانم لە کۆبونەوەی دراوسێیەتی دووشتی دژ بە یەکتر «طباق» پەیدا دەبێ بە مەرجێک دژایەتیەکە هەر بمێنێ: هەرچی بەیتەکەی نالییە طیباقەکەی بەتاڵ کردۆتەوە، بەوەدا کە تۆزی بە عەبیر و بوخاری بە بوخوور داناوە. تۆ کە بە یەکێکت گوت: درۆی تۆ لە ڕاستبێژی خەڵق مەردانەترە... درۆکە لەوە دەردەچێت خاوەنەکەی عەیبدار بکات.
19
شارێکە عەدل و گەرمە، لە جێگێکە خۆش و نەرم
بۆ دەفعی چاوەزارە دەڵێن شاری شارەزوور
لاپەڕەی 183
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شارێکی بەداد یاخود شارێکی تەخت و گەرمە و لە شوێنێکی خۆش و نەرماندا دروست کراوە. کە پێیشی ئەڵێن شاری شارەزوورە، لەبەر ئەوە نییە ڕاستە شاری شارەزوورە، بەڵکو بۆ چاوەزار و لێ لادانی چاوی پیس، وای پێ ئەڵێن. مەبەست لە خراپیی دانە پاڵی سولەیمانی بۆ شارەزوور یا ئەوەیە کە شارەزووری ئەو سەردەمە دواکەوتوو و پڕ لە دەرد و ئازار بووە و ئاو و هەوایەکی ناخۆشی بووە، یا ئەوەیە کە وشەی (شارەزوور) مەعنای شاری جەور و ستەم، یا شاری درۆ و بوختان، یا شاری زۆری کوڕی ئەژدەهاک ئەگەیەنێ، وەک لە کتێبە مێژووییە کۆنەکاندا نووسراوە. عادەتێکی میللییش هەیە منداڵی خۆشەویست بۆ دەفعی چاوی پیس ناوی ناشیرینی لێ ئەنێن، گوایە بۆیەش بە شارێکی جوان و خۆشەویستی وەک سولەیمانی وتراوە شاری شارەزوور.
نالییی ئەوەشی لەم شیعرەدا مەبەست بووە کە لە بەرابەری وشەی (عەدل) ـدا کە هەم مەعنای دادپەروەری و هەم مەعنای ڕێک و تەختیش ئەگەیەنێ، وشەی (شارەزوور) دانێ کە وەک مەعنای (شاری درۆ و بوختان) ئەگەیەنێ، وەک وتمان، مەعنای (شاری شیو) یش ئەگەیەنێ، چونکە (زوور) لە عەرەبیدا بەمەعنای شیویش هاتووە.
دەستنووس
نیوەی یەکەمی ئەم شیعرە جیاوازییەکی زۆری لە نوسخە دەسنووس و چاپەکانی بەردەستمانا تیا هەیە. ئێمە پشتمان بە نوسخەی (چر) بەست. لەبەر بایەخی جیاوازییەکانیان و بۆ یارمەتیدانی لێکۆڵینەوەی پتری دواڕۆژیش، تێکستی نوسخەکانی تریش لێرەدا ئەنووسێتەوە.
(چن و (اح): شارێکە عەدل و گەرم لە جێگێکی خۆش و نەرم
(عم): شارێکە پڕ لە عەدل لە جێگای خۆش و نەرم
(کم): شارێکە پڕ لە عەدل و کەرەم، جێیەکی خۆشی و بەزم
(گم): شارێکی عەدل و گەرم لە جێگەیکی خۆش و نەرم
(ت): شارێکی عەدل و گەرمە لە جێگێکی خۆش و نەرم
(ک): شارێکە عەدل و گەرمە لە جێگێکی خۆش و نەرم
(تۆ): شارێکە عەدل و گەرم و لە جێگەییکە خۆش و نەرم
(مز): شارێکە عەدل و گەرم جێگەییە ذەوق و بەزم
(عب): شارێکە عەدل و گەرم و لە جێگێکی خۆش و نەرم
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 183 ئەمە دەقیەتی لە شەرحەکەدا:
شارێکە عەدل و گەرمە، لە جێگێکە خۆش و نەرم
بۆ دەفعی چاوەزارە دەڵێن شاری شارەزوور


ئنجا دەڵێ: شارێکە بە داد یاخود شارێکە تەخت و گەرمە... هتد. چەندی بمەوێ بۆم نالوێ «گەرم» بۆ مەدح بەکار بێت لە ئاست ئاوایی، هەر ئاواییەک بێت، چ جای سلێمانی کە ئەگەر گەرم بووایە لێی دەبوو بە عەیب. من نووسیومە دوای ئاوایی پیرمەم بەوسەر چیایە هەموارەوە، شاری سلێمانی لە هەموو ئاوەدانییەکی کوردستانی عێراق لەبارترە لە ڕووی خۆشی و، تا ڕادەیەکیش فێنکییەوە ئنجا کراوەییەوە.
لەو تێکستانە بە پەراوێز لە شەرحەکەدا هێمایان بۆ کراوە تەنها «کم» لە جیاتی «گەرم» وشەی «کەرەم»ی بەکارهێناوە. بەڵام کێشەکەی ناتەواوە، ئەمەش دەقەکەیەتی:
«شارێکە پڕ لە عەدل و کەرەم، جێیەکی خۆش و بەزم».

بەحری قسەصیدەکە 14 بڕگەییە. ئەمیان 16 بڕگەییە تەنانەت «خۆشی وو بەزم» کە پێداویستی کێشەکەیە ئەگەر بشکرێتە «خۆشی و بەزم» دیسانەوە 15 بڕگەی لێ دەمێنێتەوە. بەلای منەوە دەبێ بڵێین:
«شارێکی عەدل و کەرەم، جێگێکی خۆش و نەرم».

ئیتر دەشێ «لە جێگایی» - «لە جێیێکی» پەسەند بکرێت، خۆم «لە جێیێکی» هەڵدەبژێرم چونکە دەنگ دەداتەوە لەگەڵ «شارێکی» ئەگینا «لە جێگایی»م هەڵدەبژارد. دەزانم لە ڕووی جیناسەوە «گەرم» و «نەرم» هاوکێشن بەڵام لە ڕووی واتای سەرلەبەری بەیتەکەوە بە زەرەر دەگەڕێت جگە لەوەی کە «عەدل» و «کەرەم» خزمترن بە یەکدی نەک «عەدل» و «گەرم» کە هیچ ئاشنایی نییە لە نێوانیاندا.
بە هەمەحاڵ، کە متمانە پەیدا نەبێ لە هەڵاواردنی یەکێک لەو تێکستانە دەبێ هەموویان بخرێنە ڕوو، بگرە ئەگەر هی تازەش پەیدا بوو هەر دەبێ قبووڵ بکرێ بەڵام ناشێ «گەرم» بۆ سلێمانی بە مەدح بڕوات. شازدە و پازدە بڕگەییەکەش ئەگەر نەکرێتە چواردە بڕگە هی سەلماندن نییە، بەڵام لەبەر نرخە بنەڕەتییەکەی وشەی «کەرەم» تێیدا بەسەر هەموواندا زاڵە و لێمان داوا دەکات ئوستادانە بیگونجێنین.
20
ئەهلێکی وای هەیە کە هەموو ئەهلی دانشن
هەم ناظیمی عوقوودن و هەم ناظیری ئوموور
لاپەڕەی 184
دانش: زانین .
ناظم: هۆنەرەوە .
عوقوود: جەمعی (عەقد) ە بە مەعنا ملوانکە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سولەیمانی وەنەبێ تەنها شوێنەکەی خۆش بێ، دانیشتووانیشی مرۆی زیرەک و زانا و خاوەن بیرن. ئەدیب و شاعیری وایان تیایە شیعری جوانی وا ئەڵێن وەک ملوانکەی مرواری هۆنرابێتەوە و کاروباری دنیایش ڕائەپەڕێنن و لێهاتوون.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ناظم) و (ناظیر) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
نیوەی دووهەمی ئەم شیعرە لە نوسخەی (چن) دا بەم جۆرەیە:
ئەهلێکن ئەهلی دانش و نێکن بوزورگ و خورد
لە نوسخەی (ک) یشدا بەم جۆرەیە:
ئەهلی کە ئەهلی هونەر، نێکن بوزورگ و خورد
بەپێی ئەم نوسخەیە ئەبێ (ن) ـێک لە (هونەر) ەکە پەڕیبێ و (هونەرن) بێ، ئەگینا مەعناکەشی نایەت و سەنگەکەشی لەنگ ئەبێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 184 دا بەیتی یەکەم:
ئەهلێکی وای هەیە کە هەموو ئەهلی دانشن
هەم ناظیمی عوقوودن و هەم ناظیری ئوموور
شەرحەکە سووکێک لێی بۆتەوە: لە ناظیمی عوقوود هەر لایەنی ماهارەتی شاعیرانی لێ وەرگرتووە کە وەکوو ملوانکەی مرواری شیعر دەهۆننەوە و لە ناظیری ئومووریش هەر ئەوە دەڵێ کە خەڵقەکە کاری دنیاییش ڕادەپەڕێنن. ناظیمی عوقوود جگە لە ملوانکە هۆنینەوە لایەنی ئیداری و ئابووریش بەخۆیەوە دەگرێ چونکە «عقد» هەموو مامڵەتی کڕین و فرۆشتن، تا دەگاتە «عقد الزواج» و کرێگرتەیی... و... هتد دەگرێتەوە. کە «ناظم» خەڵقی شاری سلێمانی بن نەک بە ڕمەکی بەڵکوو بە مەهارەتەوە ئەو کارانە ڕادەپەڕێنن. «ناظیری ئوموور»یش لایەنی ئیدارە و ئاسایش دەگرێتەوە کە ئەوسا وەزیر پێی دەگوترا «ناظر» بەو پێیە هەر مرۆیەی لە سلێمانی هەبێ کارامەیی وەزیرێکی تێدایە... هەر تازە لە بەیتێکی پێشووتردا خەڵقەکە یان وڵاتەکە و شارەکە بە عەدل ناوی ناوی هات وێڕای کەرەم.
21
سەیرێ بکە لە بەرد و لە داری مەحەللەکان
دەورێ بدە بە پرسش و تەفتیش و خوار و ژوور
لاپەڕەی 184
مەحەللە: گەڕەک .
دەور: خول .
پرسش: پرسیار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
لەم شیعرەوە نالییی (با) ئەخاتە ناو شار بۆ زانینی هەواڵی شوێن بیرەوەرییەکانی و یەک بەیەکیان باس ئەکا بۆی. پێی ئەڵێ سەرێ لە دار و بەردی گەڕەکەکانی شار بدا بزانێ کامیان لە جێی خۆیان ماون و کامیان تێکچوون و خوار و ژووری شار بگەڕێ و خولی پیا بخوا و لەم و لەو بپرسێ.
دەستنووس
لە بەرد و لە داری (چر) و (عم) و (ت) و (مز): لە دار و لە بەردی. تەفتیش و (عم) و (کم) و (گم): تەفتیشی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 184:
سەیرێ بکە لە بەرد و لە داری مەحەللەکان
دەورێ بدە بە پرسش و تەفتیش و خوار و ژوور

دەبوو بنووسرێ «... بە پرسش و تەفتیشی خوار و ژوور». ڕەنگە نالی «ی» بە دوا «تەفتیش»دا نە نووسیبێ وەک فارسەکان نەیان دەنووسی، جا ئەگەر ئەو دەقەی بێ «ی» پەسەند بکرێ دەبێ وەها بنووسرێ «... بە پرسش و تەفتیش، خوار و ژوور» کە لێرەدا «خوار و ژوور» دەبنەوە بە ئاوڵکاری «ظرف» بۆ «دەور، پرسش و تەفتیش» وەک کە بڵێی: «وڵات گەڕام، سەرلەبەر».
22
داخۆ دەروونی شەق نەبووە (پردی سەرشەقام) ؟!
پیر و فوتادە تەن نەبووە (داری پیرمەسوور) ؟!
لاپەڕەی 184
سەرشەقام: گەڕەکێکە لە گەڕەکەکانی بەشی خوارووی سولەیمانی .
پردی سەرشەقام: پردێک بووە لە نزیکی مزگەوتی مامۆستا مەلا حوسەینی پیسکەندییەوە .
فوتادە: ئوفتادە، کەوتوو .
تەن: لەش .
پیرمەسوور: پیر مەنصوور، پیاو چاکێک بووە شەخسەکەی لە داوێنی گەڕەکی مەڵکەندییەوەیە، ئیستا بەو دەوروبەرە ئەڵێن گەڕەکی پیر مەسوور . شوێنەواری گۆڕستانی دەوروبەری شەخسەکە خەریکە کوێر ئەبێتەوە و هەمووی کراوە بە خانوو، بەڵام شەخسەکە خۆی ماوە و دارێکیشی بە سەرەوەیە، دیوارێکی بە دەورا کراوە . وادیارە دارەکەی پیر مەسوور لە سەردەمی نالیییدا دارێکی گەورە بووە و وەک هەموو شەخسەکانی کوردستان ئاڵا و پەڕۆیەکی زۆری پێوە بووە و بەهاران جێگای کۆبوونەوەی کوڕ و کچی شۆخی شار بووە، بۆیە نالییی وا بە سۆزەوە ناوی ئەبا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەم دوو شوێنە (سەرشەقام) و (پیر مەسوور) کە نالییی ناویان ئەهێنێ سەر و خواری شار بوون. مەبەستی نالیییش ئەوەیە (با) هەموو لایەکی شاری بۆ بپشکنێ.
دەستنووس
پیر و (تۆ) و (عب): پیری.
23
ئێستەش بە بەرگ و بارە عەلەمداری (شێخ هەباس)،
یا بێ نەواوو بەرگە گەڕاوە بە شەخسی عوور؟!
لاپەڕەی 185
بە بەرگ و بار: پۆشتە و پەرداخ .
عەلەمدار: داری ئاڵایی و پەڕۆ پیا هەڵواسراو، یا مرۆی ئاڵاهەڵگر .
شێخ هەباس: شێخ عەبباس، یەکێک بووە لە سەییدەکانی بەرزنجە، قەبرەکەی زیارەتگای خەڵکە، کەوتووەتە داوێنی سولەیمانییەوە . جاران بەو دەور و پشتەیان ئەوت گەڕەکی جوولەکەکان . ئیستا پێی ئەڵێن گەڕەکی شێخەباس .
بێنەوا: هەژار و ڕووت و قووت .
شەخس: بنیادەم، یاخود قەبری پیاوچاک .
عوور: عوریان، ڕووت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەرێ لە شەخسەکەی شێخەباسیش بدە، بزانە وەک جاران زیارەتگا و سەیرانگای خەڵکە و دارەکەی سەری کە ئەوەندەی ئاڵایی پیا کرابو بووبوو بە دار ئاڵا و واڵا ڕازاوەتەوە، یان هیچی پێوە نەماوە و وەک پیاوی ڕووت و قووتی لێهاتووە، یاخود بووە بە شەخسێکی بێ پەڕۆ و پاڵە؟ هەرچەند (دار) و (شەخس) جیان لە یەک، بەڵام چونکە (شەخس) بە (دار) دا ئەناسرێتەوە، نالییی دارەکەی کردووە بە شەخس.
دەستنووس
عەلەمداری (چن) و (ت) و (ک) و (مز) و (اح) و (من): عەلەمدارە.
بەپێی ئەم نوسخانە مەعنای شیعرەکە تا ڕادەیەک ئەگۆڕێ و (شێخ هەباس) ئەبێ بە (موبتەدا) و (عەلەمدار) کە بەپێی نوسخەکانی تر موبتەدا بو، ئەبێ بە خەبەری دووهەم. هەباس (کم) و (گم) و (ت) و (مز): عەباس. گەڕاوە (عم) و (کم) و (گم) و (من): کراوە.
24
ئایا بە جەمع و دائیرەیە دەوری (کانی با)،
یاخۆ بووە بە تەفریقەیی شۆڕش و نوشوور؟!
لاپەڕەی 186
کانی با: کانی و سەراوێکە لەودیوی گردی سەیوانەوە سەیرانگای بەهارانی خەڵکی سولەیمانییە . نەزەرگەی شەخسێکیشە ئەڵێن چاککردنەوەی باداریی گرتووەتە خۆی .
شۆڕش: هەرا و هوریا .
نوشوور: ڕۆژی قیامەت کە هەموو زیندووان ئەمرن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاخۆ ئیستاش دەوری کانی با خەڵکی تیا کۆ ئەبنەوە و بە دەوری کانییەکەدا ئەڵقە ئەبەستن بۆ شایی و ڕابواردن و هەڵپەڕکێ، یاخود، خەڵکەکەی بڵاوەیان لێ کردووە و وەک ڕۆژی قیامەتی لێ هاتووە کە هەرچی گیانلەبەر هەیە ئەمرن؟
دەستنووس
بە جەمع و (عم) و (ت): بە جەمعی: تەفریقەیی شۆڕش و (عم) و (گم) و (ت) و (مز): تەفریقەیی شۆڕشی. (کم) و (من): تەفریقەوو شۆڕشی. (ک) و (تۆ) و (عب): تەفریقەوو شۆڕش و.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 186 شەرحەکە «تەفریقەیی شۆڕش و نوشوور»ی پەسەند کردووە، بەڵام پێمان ناڵێ «و»ی عەطفی نێوان «شۆڕش» و «نوشوور» چ ڕۆڵێکی بینیوە لەو جوداکردنەوەی «شۆڕش» لە «نوشوور» و چۆن «شۆڕش» سەربەخۆ و «نوشوور»یش سەربەخۆ پەیدان کە دەزانین «نوشوور» زیندووبوونەوەی مردووانە دوای بەرپابوونی قیامەت، شتێکیش نییە لەو حاڵەتەدا زاراوەی «شۆڕش»ی بۆ بەکار هاتبێت. شەرحەکە دەڵێ: نوشوور ڕۆژی قیامەتە کە هەموو زیندووان ئەمرن. کەچی هەموو مردوو زیندوو دەبنەوە. ئەگەر «نوشوور» حاڵەتی مردنی هەموان بێت تەفریقە و شۆڕشی لێ پەیدا نابێت. دەبێ نیوەبەیتەکە وەها بێت:
یاخود بووە بە تەفریقەیی شۆڕشی نوشوور

هەر لەو لاپەڕەیەدا شەرحەکە «ئەنجومی قوبوور» («انجم قبور» بە نووسینی عەرەبی)ی داناوە بە کۆی وشەی «نەجم» («نجم» بە واتای کۆی ئەستێرە یانی ئەستێران). دیارە «قبور»یش کۆی قەبرە... بەیتەکە ئەمە دەقیەتی:
«سەیوان» نەظیری گونبەدی کەیوانە سەبز و صاف

یاخۆ بووە بە دائیرەیی ئەنجومی قوبوور؟
شەرحەکە وەهای داناوە ئەستێرەی «کەیوان» (زوحەل) کە دەردەکەوێ ئەستێرەی تر خۆ نانوێنێ... ئەمە لە حەقیقەتی لاداوە: دوو ئەستێرەی زوهرە و موشتەری هەمیشە لە زوحەل گەورەتر خۆ دەنوێنن، ئەستێرەی «مریخ»یش بە 11 یان 12 ساڵ جارێک زۆر لە ئەرز نزیک دەبێتەوە و لە موشتەری گەورەتر دێتە بەرچاو بەڵام وابزانم ناگاتە زوهرە. گونبەدی کەیوان شۆرەتی بەستووە کە دەڵێن «ئەیوانی کەیوان» ئیتر لەبەر هەر سەبەبێک بێت کە من نایزانم و نەشم پرسیوە لە بارەیەوە.
وشەی «ئەنجوم - أنجم»یش هەم کۆی «نجم» بە واتای ئەستێرە و هەم کۆی «نجم» بە واتای داری وەک بەڵاڵووک و تیرۆی، دەبەخشێ. لێرەدا «ئەنجوم» بەم واتایەی داری کورت و باریک مناسبی «سەوز و صاف» دێت، بە عادەتیش قەبرستان زۆروکەم داری لێ دەڕوێت. دەشگونجێ قەبرەکان بە پڕی لەسەر گردی سەیوانی «نەظیر»ی گونبەد کەیوان وەک ئاسمان خۆی بنوێنێ بەو شێوەیەی شەرحەکە بۆی چووە.
25
(سەیوان) نەظیری گونبەدی کەیوانە سەبز و صاف،
یاخۆ بووە بە دائیرەیی ئەنجومی قوبوور؟!
لاپەڕەی 186
سەیوان: گردی سەیوان
کەیوان: ئەستێرەی (زوحەل) کە بازنەیەکی زۆر ڕووناکی بە دەورایە و بووە بە نموونەی شتی زۆر ڕۆشن .
ئەنجوم: جەمعی (نەجم) ـە واتە ئەستێرە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەک چۆن گومەزی شینی ئاسمان کە ئەستێرەی زوحەلی پێوە دیار بێ، ئەستێرەی تری پێوە بێ نموونە، ئاخۆ گردی سەیوانیش هەروا سەوز و سافە وەک جاران و گۆڕی کەسی - دیارە لەبەر کەمیی گۆڕەکان - پێوە دیار نییە، یاخود گۆڕی زۆری تیا هەڵکەنراوە و وەک ئاسمانی تاریکە شەوی لێ هاتووە کە ئەستێرەی زۆری پێوەبێ؟
ڕەنگ بێ مەبەستی نالییی لەم شوبهاندنە ئەوە بووبێ جاران سەیوان گۆڕی تەنها چەند کەسێکی ناوداری تیا بووە وەک ئەستێرەی زوحەل بە ئاسمانەوە، بەڵام پاشان بووە بە گۆڕستانێکی گشتی و خەڵکێکی زۆری لە زانایان و شاعیر و ئەدیب و پیاوچاکان تیا نێژراوە کە هەر یەکەیان، بەش بە حاڵی خۆیان، لە مەیدانی خۆیانا ئەستێرەیەک بوون.
دەستنووس
سەبز و (عم) و (کم) و (گم): سەوز و.
26
ئێستەش مەکانی ئاسکەیە (کانیی ئاسکان)،
یاخۆ بووە بە مەلعەبەیی گورگ و لوورەلوور؟!
لاپەڕەی 187
مەکان: شوێن .
کانی ئاسکان: کانی و سەراوێک بووە لە ڕۆژاوای سولەیمانییەوە، ئیستا گەڕەکێکە . لە سەردەمی بابانەکاندا، وەک لە شیعرێکی شێخ ڕەزاوە . دەرئەکەوێ، مەیدانی ڕمبازی و پێشبڕکەی سواریی بووە .
مەلعەبە: گاڵتەجاڕ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دوور نییە مەبەست لە ئاسکان کچانی شۆخی چاو جوانی شار بووبێ کە وەختی خۆی چووینە سەر ئەو کانی و ئاوە و هەر بەو بۆنەیەشەوە شوێنەکەدا وا ناو نرابێ و کوڕانیش ئەو ناوەیان کردبێ بە مەیدانی گەڕان و ڕابواردنی خۆیان و هەر لەوەشەوە بابانەکان کردبێتیان بە مەیدانی ڕمبازییان. دیارە لاوانی پێشبڕکەکەر کە ببینن کچانی شۆخ لە نزیکیانەوە لەسەر ئاوەکە دانیشتوون، گەرمتر ئەبن و ئارەزووی سەرکەوتنیان زیاتر ئەبێ.. جا لەو ڕووەوە نالیییش ئەپرسێ: ئاخۆ کانی ئاسکان هەروەک جاران جێگای پێشبڕکەکەرەکانە کە وەک ئاسک تیژ ئەڕۆیشتن، یاخود نەخەیر، بە ڕۆژ بووە بە گاڵتەجارێ ئەوانەی مەگەر تەنها لاسایی شۆڕەسوارانی بابانیان پێ بکرێتەوە و بە شەویش چۆڵ و هۆڵە و سەگ و گورگ تیا ئەلوورێنێ. دووریش نییە مەبەستی لە گورگ سوپای داگیرکەری عوسمانی و لە لوورەلوور دەنگی بە گوێ ناسازی ئەوان بێ.
دەستنووس
ئەم شیعرە تەنها لە نوسخەی (چر) و (عم) و (کم) و (گم) دا هەیە.
ئاسکەیە: (عم) و (کم) و (گم): ئاسکە.
27
ئێستەش سوروشکی عیشقی هەیە (شیوی ئاودار)،
یاخۆ بووە بە صۆفیی وشکی لە حەق بە دوور؟!
لاپەڕەی 188
شیوی ئاودار: شیوێکە لە ڕۆژاوای باکووری سولەیمانییەوە بەلای سەرچناردا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شیوی (ئاودار) وەک جاران فرمێسکی دڵداریی لە چاو ئەڕژێ، واتە ئاوی پیا ئەڕوا، یان وشکی کردووە وەک چاوی وشکەسۆفییە خوانەناسەکان کە دڵۆپێ فرمێسکیان لە ترسی خوا لە چاو ناڕوا؟ یاخود وەک وشکی و بێدڵیی سۆفییە لە ڕاستی دوورەکان وشکە؟ بەگوێرەی مەعنای دووهەم، شوبهاندنەکە شوبهاندنی مەحسووسە بە مەعقوول کە یەکێکە لە شێوە ناسکەکانی شوبهاندن.
دەستنووس
عیشقی (چر): ئەشکی.
28
داخو دەروونی صافە، گوڕەی ماوە (تانجەڕۆ)،
یاخۆ ئەسیری خاکە بە لێڵی دەکا عوبوور؟!
لاپەڕەی 188
تانجەرۆ: چەمێکە لە سەرچاوەکانی سەرچنارەوە پەیدا ئەبێ و لە داوێنی سولەیمانییەوە بە بناری چیای گلەزەردەدا بەرەو شارەزوور مل ئەنێ و لە (دواوان) ئەڕژێتە سیروانەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاخۆ تانجەڕۆ کەسی هەیە گوێی بداتێ و هەموو ساڵێ جۆماڵی بکا و بە هێز و گوڕەکەی جارانیەوە ئەڕوا، یا پڕ بووەتە و قوڕ و لیتە بەری گرتووە و لیخن بووە؟
دەستنووس
گوڕەی (عم): گوڕی.
29
سەیرێکی خۆش لە چیمەنی ناو (خانەقا) بکە
ئایا ڕەبیعی ئاهووە، یا چایری ستوور؟!
لاپەڕەی 188
خانەقا: خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی، لە گەڕەکی (دەرگەزێن) کە مەحموود پاشای بابان دروستی کردووە .
ڕەبیع: بەهار . گژ و گیای بەهار .
ئاهوو: ئاسک .
چایر: بەهاربەند .
ستوور: چوارپێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

نالییی لەم پارچە شیعرە پڕ سۆزەیدا، تا دێ میگناتیزی هەستی زیاتر بە شوێنێکی تایبەتییەوە گیر ئەبێ. وەک دیمان (شارەزوور) و (شیوەسوور) و (سەرچنار) و ئەنجا خوار و ژووری سولەیمانی و پاشان سەیرانگاکانی دەور و پشتی و ڕووبارەکانی، هیچ کامی لە هەستی بیر و یادی خۆی بێ بەش نەکرد. بەڵام بنیادەم هەرچەند بازنەی خۆشەویستیشی بەدەرەتان و گوشاد بێ و کەسان و جێ و شوێنێکی زۆر بگرێتەوە، شتێک یا کەسێکی هەیە لە هەر شتێک یا لە هەر کەسێکی زیاتر هەڵاوێرێ و جێگای لای سەرووی لە دڵیا بۆ ئەو تەرخان کردبێ. ئەگەر ئەو جێگایە بەش بە حاڵی نالییی لە جیهانا کوردستان و لە کوردستانا سولەیمانی بووبێ، کە وایشە، لە سولەیمانییشا خانەقای مەولانایە و وەک پاشتر دەرئەکەوێ، لە خانەقایشدا بەتایبەتی ژوورەکەی خۆیەتی. بەم جۆرە وا ئەبینین نالییی ئیتر قورسایی سۆز و پرسیار ئەخاتە سەر خانەقا و دوایی پرسیاری بە هەواڵپرسینی ژوورەکەی خۆی دێنێ. لە خۆڕایی نییە لەم قەسیدە ٤٣ بەیتییەدا ١١ بەیتی بۆ خانەقا تەرخان کردووە و لە هەموو دیمەنێکی باری ئاوەدانی و کۆمەڵایەتی و سروشتی و خوێندەواریی ناو خانەقای پرسیوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە خانەقا لە بناخەدا شوێنی سۆفیگەرییە و نالیییش هەرگیز دانوولەی لەگەڵ سۆفیگەریدا پێکەوە نەکوڵاوە.
نالییی لە سەرەتای پرسیاریا لە وەزعی خانەقا، بە بای خۆش گوزەر ئەڵێ کە یەکەم جار سەرت کرد بە دەرگای حەوشی خانەقادا چیمەنەکەت ئەکەوێتە بەرچاو. دەسا جوان جوان لێی ورد ببەرەوە، بزانە وەک جاران شوێنی گەشت و ڕابواردنی ئاسکە کە مایەی جوانییە بۆ چیمەن، یاخود هێستری چوار پەل قەویی تێبەردراوە تیا ئەڵەوەڕێن... مەبەستی لەوەیە مەلا و خوێندەوار و ڕۆشنبیر و خواناسی ڕاستی تیایە، یان پڕە لە کەسانی نەفام و تێنەگەیشتوو و لە ڕاستی دوور، لەوانەی خوا پێیان ئەفەرموێت « اولئک کالانعام، بل هم اضل » کە داگیرکەرانی ڕۆمن.
دەستنووس
ناو (اح): نێو.
30
سەبزە لە دەوری گوڵ تەڕە وەک خەططی ڕوویی یار
یا پووشی وشک و زوورە وەکوو ڕیشی (کاکە سوور) ؟
لاپەڕەی 189
زوور: زبر .
کاکەسوور: پیاوێکی پیری بەساڵاچوو بووە لەو سەردەمەدا لە سولەیمانی . خۆی سوور بووە و ئەڵێن ناوی عەوڵا بووە، ڕیشێکی تۆزێ درێژی هەبووە، ڕیشی پیاوی سوور زەردکارە، با سپییش ببێ ئەو بەڵگەیە تیا هەر ئەمێنێتەوە *.
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەرنجی گوڵەکانی حەوشی خانەقا بدە بزانە گیای سەوزی تەڕیان بەدەوردا وەک گوڵی ڕوومەتی یار و مووی زوڵفی بەدەوریا، یاخود هەمووی هەر پووشی وشکی زەرد هەڵگەڕاوە وەک ڕیشە زەرد هەڵگەڕاوەکەی کاکە سوور؟
ڕێیشی تێ‌ئەچێ (کاکە سوور) ئیشارەت بێ بە سەربازی عوسمانی کە دەم و چاویان سوور و موویان زەرد بووە.
دەستنووس
سەبزە (عم) و (کم) و (گم) و (من): سەوزە. تەڕە (مز): پڕە. خەططی (من): زوڵفی. زوورە (عم): زەرد.
31
قەلبی مونەووەرە لە حەبیبانی نازەنین،
یا وەک سەقەر پڕە لە ڕەقیبانی لەندەهوور؟
لاپەڕەی 190
قەلب: دڵ . دەروون . ناوەوە .
مونەووەر: نوورانی، ڕووناک .
سەقەر: دۆزەخ .
لەندەهوور: چوارشانە و کەڵەگەت، مەبەست لە کەسانی وایە ئەوەندە زەبەللاح بن خەڵک لێیان بترسێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاخۆ ناوەوەی خانەقا کەسانی خۆشەویستی نازداری تیایە کە ئەبن بە مایەی ڕووناکی بۆی، وەک چۆن دڵی ئادەمیزاد بە یادی خوا ڕووناک ئەبێتەوە، یاخود پڕە لە کەسانی بەدکار و بەدفەساڵ و سیاچارە، وەک دۆزەخ کە پڕە لە گوناهبار و پیاوخراپی وا ڕێگای چاکەیان لە خەڵک ئەگرت.
لە نوسخەکەی (عم) دا ئەم شیعرە لەپاش شیعری ژمارە (٢٧) ەوەیە، بەڵام دیارە ئەوە هەڵەیە. سەرەڕای ئەوە کە لە هەموو نوسخەکانیترا بەم جۆرەیە کە ئێمە دامانناوە، هەر ئەمەش لەگەڵ ڕێچکەی شیعرەکانا ئەگونجێ، چونکە ئەم شیعرە بۆ ئەوە دەس نادا باسی (شیوی ئاودار) بکا و لەگەڵ باسی (خانەقا) دا جۆرە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە وشەی (قەلب) و (مونەووەر) دا لەطافەت هەیە، چونکە باس باسی خانەقایە و دڵی نوورانییش زیاتر پەیوەندی بە خانەقاوە هەیە. هەروا لە بەراورد کردنیشیا لەگەڵ (سەقەر) وردەکارییەکی جوان هەیە، چونکە خانەقا کە جێی خواناسییە ئەبێ وەک بەهەشت بێ و پڕ بێ لە حۆریی جوان، نەک وەک دۆزەخ کەسانی گوناهبار و سیا چارە و خوێن تاڵی تیا بێ.
دەستنووس
نازەنین (« پەراوێزی » چر) و (کم) و (گم) و (ک) و (عب) و (من): نازدار.
32
دەسبەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن،
یا حەڵقەیانە صۆفییی ملخوار و مەندەبوور؟
لاپەڕەی 191
دەستبەند: دەستی یەک گرتن .
نارەوەن: درەختێکی بەرز و گەورەی لق و پۆپ چڕی گەلا وردە، لە حەوشی زۆر لە تەکیە و خانەقاکانا هەیە بۆ سێبەر، بەری نییە .
حەڵقە: کۆبوونەوەی سۆفییەکان بۆ یادی خوا و پیرانی تەریقەت و بیرکردنەوە لە مەرگ و قەبر و قیامەت، لەگەڵ بەکارهێنانی وردە بەردی گوێ چەمدا لەجیاتیی تەزبێح .
مەندەبوور: بەدبەخت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاخۆ سەرو و نارەوەنەکانی حەوشی خانەقا لە خۆشیدان و وەک لاوانی هەڵپەڕکێکەر دەستیان گرتووە دێن و دەچن و لەسەر ئاوازی شنە با سەما ئەکەن، یاخود وەک سۆفییە کوڵۆڵەکان پەیوەندیان بە خۆشیی ژیانەوە نەماوە، سەریان کزکردووە و ملیان خوارکردووەتەوە و بێدەنگ و سەنگن؟
دەستنووس
مەندەبوور (مز) و (من): مەندەموور. ئەمیش هەر دەسکاری کراوی مەندەبوورە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 191 وشەی «دەس بەندییانە» کە بۆ «سەر و نارەوەن» هاتووە بە وەصف، جگە لەوەی شەرحەکە دەڵێ: «وەک لاوانی هەڵپەڕکێکەر دەستیان گرتووە دێن و دەچن» حاڵەتێکی تریش بۆ ئەو درەختانە ڕادەگەیەنێ کە «بەندی - حەبس»بوونە، واتە بەندکراو: چونکە بە زەویەوە بەندن هاتووچۆکەشیان ئەوەیە کە با دەیانهێنێت و دەیانبات.
هەر جارە لە خوێندنەوەی ئەم بەیتەی وا دەوری هەڵدێین و ئەمە دەقیەتی بە پێی ڕێنووسی شەرحەکە:
دەس بەندییانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن
یا حەڵقەیانە صۆفیی ملخوار و مەندەبوور؟

وەصفێکی کە سارتەر بۆ پەرژینی باغچەیەکی سیحرچن کردووە لە مێشکمدا دەزرینگێتەوە. وەصفەکەم لە تەرجەمەی عەرەبی بەم شێوەیە دیتووە: «وکان السیاج حرکة خضراء کبیرة مسمرة أو موجة بحر تجمدت لحظة انتثارها». نالی، وەک بڵێی، سەرێکی لە دواڕۆژ خوار کردبێتەوە و ئەم «دەس بەندییانە...»ی بە دیاری بۆ بلیمەتی وەک سارتەر بەجێ هێشتبێت... وەی کاشکی سارتەر ئەم وێنەکێشییەی نالی بدیتایە یان خێرخوازێکی ئەم ڕۆژگارە زەینی ئودەبای ئیمڕۆی فەرەنسەی بەلایەوە بادابایەوە...
33
مەیلێ بکە لە سەبزە درەختانی مەدرەسە:
ئەوراقیان موقەددیمەیی شینە یا نە سوور؟
لاپەڕەی 191
ئەوراق: گەڵا . موقەددیمە . لای پێشەوە . قەراخ . سەرەتا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لایەک بە لای درەختە سەوزەکانی لای حوجرەی فەقێکاندا بکەرەوە بزانە قەراخی گەڵاکانیان شینە یا سوور هەڵگەڕاوە. مەبەستی لەوەیە بزانێ درەختەکان خزمەتیان هەیە و ئاویان ئەدرێ یانە، چونکە ئەگەر قەراخی گەڵاکانیان شین بێ، ئەوە واتە گەش و پاراون و نیشانەی خزمەت کرانیانە و ئەگەر سوور هەڵگەڕابێ، ئەوە سەرەتای زەرد بوونیانە و وا ئەگەیەنێ کەس گوێیان ناداتێ.
ئەشگونجێ مەبەستی لە درەختەکان مەلا و فەقێکانی مەدرەسە بێ و مەبەستیشی لە ئەوراق ڕواڵەتیان بێ چونکە وشکی و تەڕێی درەخت، بەر لە هەر چی بە ڕەنگی گەڵایدا دیارە و مەبەستیشی لە شین خەفەتباریی و لە سوور شایی و خۆشی بێ. بەم پێیە مەعنای شین و سوور لە هەر کام لە دوو مەعناکەدا پێچەوانەی ئەوی تریانە و ئەمەش نیشانەی دەسەڵاتی شیعریی نالیییە کە لە یەک شیعردا دوو وشە هەر یەکی بە دوو مەعنای دژی یەکتر بەکاردێنێ.
ئەوانەی شارەزای کتێبە دەسنووسەکانی جارانی حوجرەکان بن، ئەزانن وشەی (مقدمە) و سەرباسەکان لە زۆر لەو کتێبانەدا بە مەرەکەبی سوور یا شین ئەنووسران. هەرچەند پەیوەندێک لەنێوان ئەم بە شین و سوور نووسینە و خۆشی و ناخۆشیدا نییە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
نالییی هەر ویستوویەتی ئیشارەتێکیش بۆ ئەوە بکا. لە کۆکردنەوەی (مەدرەسە) و (ئەوراق) و (موقەددیمە) شدا گەیاندنی جۆرە لەطافەتێکی مەبەست بووە.
دەستنووس
بکە لە (چر) و (عم) و (مز) و (عب) و (من): بکە بە، سەبزە (من): سەوزە. (ک) و (تۆ): دەکەی بە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
هەر لە لاپەڕەی 191، بەیتی دووهەم کە ئەمە دەقیەتی:
مەیلێ بکە لە سەبزە درەختانی مەدرەسە:
ئەوراقیان موقەددیمەیی شینە یا نە سوور؟

واتایەکی وردی زێدە هونەراویی نالیی تێدایە، شەرحەکە بۆی نەچووە. چی لێرەدا ڕوونی دەکەمەوە لەو شەرحەدا، وابزانم لای کەسی دیکەش، نییە. لە دەستەواژەی «موقەددیمەیی شینە یان نە سوور» دا هەر یەکێک لە «شین»، «سوور» دوو واتای لێکتر جودای هەیە کە بە دوا «ئەوراق» دا دێن و وەصفی دەکەن. وشەی «شین» بە واتای ڕەنگی شین مناسبی گەڵا و گیا و درەختە وەک کە دەگوترێ: شینایی، شیناوورد، درەختی شین. هەمیسان شین بە واتای تازیە و خەفەتباری دێت و دەگوترێ: «شین و شەپۆڕ». وشەی «سوور» یش بە واتای ڕەنگی سوور کە مناسبی سوورهەڵگەڕانی پەلکی دارە لە پایزدا. واتای دووهەمی «سوور»یش شادی و کەیفە: حاجی قادر دەڵێ: «تەماعی سووری نەبێ کەس لە ژێر چادری شین». وشەی «سوورانە»ش کە سەرەک عەشیرەت یاخود براگەورەی دەسەڵاتدار لە مارەبڕانەی بووک وەری دەگرت دەکاتەوە مزەی شادی. «چارشەنبە سووری»ش ئەو سەیران و چوونە دەری ئەهلی شاری وەک هەولێر و کەرکووک کە زۆریان تورکیزمان بوون لە ڕۆژی چارشەمۆی بەهاراندا دەیانکرد، بوو بە زاراوە. ئنجا ئەگەر لە وشەی «شین» سەوزایی درەخت و گیاوگوڵ مەبەست بێ «سوور» دەبێتە دەمی گەڵاڕێزانی پاییز. ئەگەر لە «شین» تازیە مەبەست بێ «سوور» دەبێتە کەیف و شادی... دەبێ بشڵێم «موقەددیمەیی شین» لە بەرانبەر سوور هەڵگەڕانی گەڵای دەمەو پاییزدا دەبێتە هێما بۆ دەرەبەهار.
34
حەوزی پڕی کە نائیبی دیدەی منە لەوێ،
لێڵاوی دانەهاتووە وەک سەیلی (شیوەسوور) ؟
لاپەڕەی 192
نائیب: جێنشین .
سەیل: لافاو .
شیوەسوور: یا شیوەسوورەکەیە کە پێشان باسمان کرد، یا هەر شیوێکی کاتی لافاو هاتنە کە قوڕاوی سووری پیا سەر بکا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: حەوزە پڕەکەی خانەقا جێنشینی چاوە پڕ لە فرمێسکەکانی منە کە پڕن لە فرمێسکی ساف و ڕۆشن. جا ئاخۆ ئەویش ئاوی پاک و ڕۆشنی تیایە، یا کەس گوێی ناداتێ و وەک ئاوی شیوەسوور و قوڕاو و لێڵی تیایە؟
دەستنووس
لێڵاوی (مز): لێشاوی.
35
ئێستەش کەناری حەوشەکە جێی باز و کەوشەکە،
یاریی تیایە، یا بووەتە مەعرەضی نوفوور؟
لاپەڕەی 192
کەنار: قەراخ . کەوشەک .
باز: یاخود سێ باز , یارییەکە جاران فەقێ، بەهاران و پایزان، بە ڕۆژانی سێشەممە و جومعەدا ئەیانکرد . یارییەکە بەم‌جۆرەیە
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاخۆ ئیستاش قەراخی حەوشەکەی خانەقا وەک جاران جێگای سێباز و کەوشەکی فەقێیانە و یاریی تیا ئەکرێ، یا بووە بە پێشانگای دڵ لێ بێزران و حەز لێ نەکران و کەس ڕووی تێ ناکا؟ بەم شیعرەدا دەرئەکەوێ ئەو سەردەمە حەوشی خانەقا ئەوەندە گەورە بووە، جێی تایبەتیی سێباز و کەوشەکی تیا بووە و لەوانەشە مەبەست ئەوە بووبێ فەقێکان هەر کاتێ ئارەزووی یارییان بوو، پێویست نەکا بچن بۆ دەرەوەی شار و هەر لە حەوشی خانەقادا (وەرزش) ـی خۆیان بکەن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (حەوشەکە) و (کەوشەکە) دا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
باز و (کم): بازی
ئەم شیعرە و شیعری پێشەوەی کە نوسخەی (من) دا بەر و دوان.
36
چاوێ بخە لە سەبزەوو سێرابی دائیرە
جێ جیلوەگاهی چاوەکەمە نەرمە یا نە زوور؟
لاپەڕەی 193
سێراب: تێراو . بەو چیمەنە ئەڵێن کە ئاوی زۆری ئەدرێ بۆ ئەوەی هەمیشە گەش و تێراو بێ .
دائیرە: بازنە، دەوروبەر .
جیلوەگاە: جێگای دەرکەوتن و ورشەدانەوە .
زۆر: زبر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تەماشایەکی سەوزە و چیمەنەکەی دەور و پشتی حوجرەی فەقێکانی خانەقا بکە، بزانە ئیستاش نەرم و سەوز و پاراوە و ئازیزانی تیا کۆئەبنەوە، یاخود کەس گوێی ناداتێ و وشک بووە و بووە بە پووشی زبر.
ئەم شیعرە و شیعری پێشەوەی لە نوسخەی (عب) دا بەر و دوان.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی چاوێ و (چاوەکەم) دا لەطافەت و لە کۆکردنەوەی (نەرم) و (زوور) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
لە سەبزەوو (عم): بە سەوزەوو. (کم) و (گم) و (تۆ): لە سەوزەوو. (ک) و (ت): لە سەبزەیی. (مز): بە سەبزەوو. سێرابی (عم): سێراوی. (کم): سەیرابی. دائیرە (چر): دائیرەی.
37
توخوا فەضایی دەشتی فەقێکان ئەمێستەکەش
مەحشەر میثالە یا بووەتە (چۆڵی سەلم و توور) ؟
لاپەڕەی 194
فەضا: تەختان .
دەشتی فەقێکان: تەختانێک بووە لە سەر کارێز لە بەر گردی سەیواندا و تۆزێ بە لای گردی حاجی ئەولاوە، کەوتووەتە ڕۆژەڵاتی شاری سولەیمانییەوە، پردێکی بچکۆلەی دار هەبو لە شیوەکەی سەر قەبران ئەپەڕێتەوە ئەچوویتە ناو دەشتی فەقێیانەوە . ئێستە شوێنەکەی هەموو بووە بە خانوو . تا ساڵانی ١٩٤٠ ئەو باوە و ئەو ئاوە هەبوە، پاش ئەوە وردە وردە خانوو شوێنەکەی داگیر کرد (سەرچاوە
فەقێ: کەسانێک بوون لە تەمەنی ١٠ - ١٢ ساڵانەوە حوجرەی تایبەتییان لە مزگەوتەکاندا هەبو، زانستەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی و هەندێ بابەتی فەلسەفە و ماتماتیک و ئاسمان شوناسییشیان ئەخوێند . تا پاش جەنگی یەکەمی جیهانیش بناخەی خوێندن و خوێندەواری لە کوردستانا ئەوان بوون . کە لە خوێندن ئەبوونەوە، ئەبوون بە مەلا . لەناو ئەم مەلایانەدا زانای گەورە گەورە هەڵکەوتووە . دەوری گەورەی پەیدابوون و گەشەپێدان و پاراستنی ئەدەبی کورد ئەم مەلا و فەقێیانە دیویانە . ئیستاش لە زۆر لای کوردستانا فەقێیەتی ماوە، بەڵام زۆر ڕووی کردۆتە کزی .
سەلم و توور: دوو کوڕی فەرەیدوونی پادشای پێشدادیی بوون، لەنێوانی خۆیانا بووە بە شەڕیان و لەو شوێنەدا کە شەڕەکەیان تیا کردووە کوشتارێکی گەورەیان لە یەکتری کردووە و قەلاچۆیان خستووەتە یەک . ئیستا بە هەر شوێنێ وێران و چۆڵ بێ، ئەڵێن بووە بە چۆڵی سەلم و توور .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاخۆ ئیستاش دەشتی فەقێکان لەبەر زۆریی فەقێی یاریکەر و خەڵکی تەماشاکەر وەک دەشتی مەحشەر وایە و پڕە لە عەشامات، یاخود نە یاریکەری تیا ماوە و نە تەماشاکەر و وەک چۆڵی جێ شەڕی سەلم و تووری لێهاتووە؟.
دەستنووس
توخوا (عم) و (گم): داخۆ. (ت) و (ک): توخودا. فەقێکان (ت) و (ک) و (تۆ) و (مز): فەقێیان. ئەمێستەکەش (عم) و (مز): ئێستەکەیش.
38
واصیل بکە عەبیری سەلامم بە حوجرەکەم
چیی ماوە، چیی نەماوە، لە هەیوان و تاق و ژوور؟
لاپەڕەی 195
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بۆنی خۆشی سەلام و هەواڵپرسیم لەگەڵ خۆت هەڵگرە و بیبە و بیگەیەنە بە حوجرەکەم کە تیادا ئەژیام و بزانە هەیوان و تاق و ژووری چیی ماوە و چیی نەماوە؟
وەک لە سۆزی شیعرەکانی پێشەوەی نالیییەوە بۆ خانەقا، دەرکەوت کەوا لەوێ خوێندوویە و ڕەنگ بێ هەر لەوێیش خوێندنی تەواو کردبێ، لەم شیعرە و (لە تێکڕای شیعرەکانیشەوە) دەرئەکەوێ کە پاش بوون بە مەلایش خانەقای بەجێ نەهێشتووە و نەچوەتە هیچ کوێیتر و ڕێ و شوێنێکی دیارییشی لەوێ بووە، بەڵکو تا سولەیمانییشی بەجێهێشتووە هەر لەوێ بووە و لەوانەیە ئەوەش بگەیەنن کە ژنی نەهێناوە. بەڵگەمان بۆ ئەم بۆچوونانەمان ئەوەیە فەقێ تا فەقێ بێ ژووری تایبەتیی نییە و لەگەڵ فەقێکانیتردا پێکەوە ئەژین. نالیییش هەواڵی ژوور و هەیوانی ژوور و تاقەکەی ئەپرسی. کەواتە دیارە ئەم ژوورە ئەو ژوورە نییە لەگەڵ فەقێکانیتردا ژیاوە. هەروەها فەقێ کە بوو بە مەلا ئەو مزگەوتە بەجێ دێڵێ کە تیا خوێندووە و ئەچێتە شوێنێکی کە و ژیانێکی نوێ دەست پێ دەکا، کەچی نالییی سۆزێکی تەنانەت کەمیشی بۆ هەوارگەی نوێی پاش خانەقای، ئەگەر بووبێ، دەرنەبڕیوە. دووریشە بڵێین پاش بوون بە مەلا بووە بە مەلای خانەقا، چونکە ئەو پرسیارەمان لێ ڕاست ئەبێتەوە: ئاخۆ مەلاکەی خانەقا چیی لێ هات؟ هەروەها ئەگەر نالییی پاش بوون بە مەلا و بەر لە چوونە دەرەوەی لە کوردستان، خانەقای بەجێ هێشتبایە، بەو هەموو سۆزەوە باسی لێ نەئەکرد، ئەو هەموو سۆزە نیشانەی زامی نوێی لەبیر نەچوەوەیە.
دەستنووس
هەیوان و (اح): ئەیوان و.
39
ئەو غاری یارە ئیستە پڕ ئەغیارە، یا نە خۆ
هەر غاری یارە، یا بووەتە غاری مار و موور؟
لاپەڕەی 195
غار: ئەشکەوت .
ئەغیار: بێگانە .
موور: مێروولە .
واتە: حوجرەکەم کە ئەوسا بۆ من و هاوڕێکانم وەک ئەشکەوتەکەی (ثەور) بو بۆ پێغەمبەر (د . خ) و ئەبووبەکری هاوڕێی، ئیستا پڕ بووە لە بێگانە و کەسانی نەناس، یا هەروەک جاران دۆست و برادەری تیایە، یاخود کەسی تیا نییە، چۆڵ و هۆڵە و مەگەر مار و مێرووکەی تیابێ؟
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

نالییی لەم پرسیارەیدا ئیقتباسی لە بەسەرهاتی کۆچ‌کردنی پێغەمبەرەوە کردووە لە مەککەوە بۆ مەدینە، کە چۆن لەگەڵ ئەبووبەکردا ماوەیەک خۆیان لە ئەشکەوتی (ثەور) دا شاردەوە تا کافرەکان دوور کەوتنەوە. هەروەها وشەی (غاری مار) یش ئیشارەتە بەوە کە مارێک لەو ئەشکەوتی ثەورەدا پەنجەی ئەبووبەکری گەست.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (غار) و (یار) و (مار) و (مار) و (موور) دا جیناسی لاحیق و لەنێوان (ئەغیار) و (یار) دا طیباق هەیە. لە کۆکردنەوەی (غار) و (مار) و (یار) یشدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
ئیستە (ک): داخۆ.
40
زارم وەکو هیلال و نەحیفم وەکو خەیاڵ!
ئایا دەکەومە زار و بەدڵدا دەکەم خوطوور؟!
لاپەڕەی 196
زار: لاواز , دەم .
هیلال: مانگی یەک شەوە .
نەحیف: لەڕ،
خەیاڵ: خەیاڵکردنەوە . سێبەر .
خوطوور: تێپەڕین .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لاواز بووم وەک مانگی یەک شەوە و وەک خەیاڵ یا وەک سێبەر لەڕ بووم بشێ بەم لەڕ و لاوازییەشەوە کە نابم بە باری مەینەت بۆ سەرشانی کەس، جێگەم لە دەمی کەسێکا نەبێتەوە ناوێکم بێنێ، یا لە دڵی کەسێکا بیرێکم لێ بکاتەوە. ئەم بەیتەی نالییی لە ڕیزی پێشەوەی شابەیتەکانی ئەم قەسیدەیەوەیەتی. شوبهاندنێکی بەرز و باڵای تیادا بەکارهێناوە. خۆی لەلایەکەوە تیا شوبهاندووە بە مانگی یەکشەوە لە زەردیی و باریکیی و چەماوەییدا. لە لایەکی‌کەشەوە خۆی تیا شوبهاندووە بە خەیاڵ واتە ماددەی نەماوە و لەم شوبهاندنەوە داوا ئەکا کە باسی بکەن و بیری لێ بکەنەوە، چونکە باس کردن و بیر لێ کردنەوەی لەڕ و لاوازێکی وەک ئەو هیچی تێناچێ نە بۆ دەم و نە بۆ دڵ. *
دەستنووس
هیلال (چر) و (ک): خیلال. خیلال جەمعی خەللە، گەلێ مەعنای هەیە، ئەوەیان بۆ ئێرە دەس بدا پووشێکی تایبەتییە بن ددانی پێ خاوێن ئەکەنەوە. (تۆ) و (عب): ظیلال. ظیلال جەمعی ظیللە بەمەعنا سێبەر. زار (تۆ): ڕاز.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* کاتێ بە کاکە حەمە و کاک فاتیحم سەلماند کە خیلال ڕاستە و هیلال هەڵەیە ئەم لاپەڕە چاپ کرابو، بەڵام لە سەرەتاکە دا ڕاست کراوەتەوە، خیلال بە شتێ دەکوترێ کە ددانی پێدا ژننەوە و لە زار دەنرێ بەم جۆرە شیعرەکە هەم لە باری شکڵ و هەم لە باری محتواوە جوانتر دەبێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لاپەڕە 196، ئەم بەیتە:
زارم وەکو هیلال و نەحیفم وەکو خەیاڵ!
ئایا دەکەومە زار و بە دڵدا دەکەم خوطوور؟!

بەلای ڕای منەوە بەشێکی مەتانەت و وردەکاری لە دەست داوە: دەبوو لە جیاتی «هیلال» وشەی «خیلال» هەڵبژێرێت کە پووشکەی ددان کۆڵینەوەیە. بەر لە هەموو شتێک دەزانین وشەی «نەحیف - بە واتای لەڕ، لاواز» لەگەڵ پووشکە دەڵێی جمرانەن. ئەگەر لە جیاتی «نەحیف» وشەی «خەفیف» هاتبایە باشتر لەگەڵ «خەیاڵ» دەگونجا. «خیلال» پڕ بە پێستی واتا و داخوازیی «ئایا دەکەومە زار»ە لە نیوەبەیتی دووهەمدا چونکە تاکە سوودی مرۆ لە خیلال ئەوەیە دەکەوێتە زار بۆ ددان کۆڵینەوە. ئنجا «خیلال» و «هیلال» هاوئاهەنگ و یەککێشن لە چەژی مۆسیقای شیعردا تەواو شیرنن. کە «خیلال» بۆ «زار» بێت دەمێنێتەوە «هیلال» بۆ واتای «بە دڵدا دەکەم خوطوور». لە بەیتەکەدا «هیلال» وەصف کراوە بە «زار» کە بێتینی و سستیش ڕادەگەیەنێ. لە ڕێی فەننی «استخدام»ـەوە بۆ «خیلال» ڕۆییشت کە واتای «دەم» لە واتاکانی «زار» مناسبی «خیلال»ـە. ئەم جارە هەم لە واتای «زەعیفی و سستی»ی وشەکەوە و هەم لە شکڵی هیلالی باریک و خەمیدە و هەم لە تێکڕای واتای دڵبزوێنی بەیتەکەوە جێی خۆیەتی نالی بپرسێت: ئایا بە دڵدا دەکا خوطوور؟ هیلالیش یەکێکە لە جورمە ئاسمانییەکانی نیگاڕاکێش کە لە سەروبنی مانگدا بەدەر دەکەوێت و خەیاڵچەسپ دەبێ.
41
لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هیجرەتە
دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور!
لاپەڕەی 197
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
هەرچی ژان و تلانەوە و سوێی نالییی هەیە لەم قەسیدەیەدا، هەمووی گوشێنراوەتە پیاڵەی ئەم بەیتەوە. وا نەبێ، زۆر زەحمەتە هونەرمەند بیر لەوە بکاتەوە دڵی ببێ بە ئاو و سەرکەوێ، کە ئاو سەرناکەوێ، و بە چاویا تێپەڕێ و بێتەوە بۆ نیشتمان..
دەستنووس
غوربەتە (کم) و (گم) و (من): میحنەتە. هیجرەتە (گم) و (من): غوربەتە. (ت): دوور وەطەن. (مز) حەسرەتە. ڕەنگە (کم) و (گم) و (من): وەختە. (ت) و (مز): وەقتە.
چاوا: لە هەموو نوسخەکانی بەردەستمانا، نوسخەکەی (من) نەبێ، (چاوما) بو، ئێمە ئەممان لا پەسەندتر بو.
42
ئایا مەقامی ڕوخصەتە لەم بەینە بێمەوە،
یا مەصڵەحەت تەوەققوفە تا یەومی نەفخی صوور؟
لاپەڕەی 197
ڕوخصەت: ڕێگادان .
تەوەققوف: وەستان . چاوەڕوانی .
یەوم: ڕۆژ .
نەفخ: فووکردن .
صوور: شاخێکە لە ڕۆژی قیامەتدا ئیسرافیلی فریشتەی مراندن و ژیاندنەوە دوو جار فووی پیا ئەکا . بە فووی یەکەم هەموو زیندووان ئەمرێنێ و بە فووی دووهەم هەموو مردووان زیندوو ئەکاتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاخۆ هەلی ئەوە هەیە لەم ماوەیەدا بێمەوە بۆ سولەیمانی، یا باشتر وایە لێی ڕاوەستین تا ڕۆژی قیامەت کە هەموو زیندەوەر لە سارای مەحشەردا خڕ ئەبنەوە و ئێمەش لەوێ بە دیداری یەکتر شاد ئەبین و خوایش تۆڵەی لەیەک کردنمان لە بەدکار ئەستێنێ.
دەستنووس
مەقامی ڕوخصەتە: (عم) و (گم): مەجالی هاتنە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 197 یەک تێبینی هەیە لەوەدا کە شەرحەکە بەو لایەدا نەچووە کە زاراوەی «مەصڵەحەت تەوەققوفە» کتێبگرەوە و ئەوانەی «ویفقی ئیمامی غەزالی» پێڕەوی دەکەن بەکاری دەهێنن لە خوێندنەوەی بەسەرهات و بەخت، تەنانەت لە موناسەبەیەکدا مەرحووم مەلا ڕاجی ساڵی 1947 حیسابێکی کتێبگرتنەوە و «ویفقی» بۆ لێک دامەوە بۆ بەرژەوەندێکی ئەو دەمەم (کە ئاشکرام نەکرد بۆی) گوتی: مەصڵەحەت لە تەوەققوفدایە. گوتم: ئەی چ دەڵێی لە ئاست هەلێکی دووهەمی وەک هینەکەی ئێستا؟ سەرلەنوێ ڕاما لە کتێبەکە و گوتی: مەصلەحەتی ئەوسات کۆسپی لە پێشدا نییە. هەردوو قسەی گەیشتنە جێ...
خوێنەر وانەزانێ من کابرایەکی جنۆکاویم: مەجلیسەکەمان گەرم و گوڕێکی کرمانجانە بوو لە دێی پێبازۆک، مەلا ڕاجیش بولبولی مەجلیسەکە بوو، لە هەموو بابەتێکەوە دەدواین، یەک لەو بابەتانە فاڵ و بەخت و تالع. چەند کەسانێک کتێبیان پێگرتەوە منیش بێ ئەوەی پشت ببەستم بە چەندوچۆنی وەڵامەکانی، وەک پلاری کوێری، پرسەکەم پێ کرد، بابڵێین ڕێکەوت بوو یان هەر جۆرێک بوو کتێبەکە ڕاستی خوێندەوە.
با ئەوەش بڵێم: سێر ئۆلیڤەر لۆج، زانای مەزنی ئینگلیز لە دەمی گەنجایەتی ڕەسیوی پێشبینییەکی ئافرەتە قەرەجێک لە ئیلحادەوەی هێنایە سەر باوەڕ بە غەیب، مەبەستیش لە غەیب بەهەشت و جەهەننەم نییە بەڵکوو ئەو هەست و سۆزەی زێدە پەنامی دەروونە کە زۆر جاران ڕاست دەردەچێت و پێوەندییەکی بە فیزیا و کیمیا و فەلەکەوە... نییە.
43
حاڵی بکە بە خوفیە: کە ئەی یاری سەنگ دڵ
«نالیی» لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور ...
لاپەڕەی 197
خوفیە: نهێنی .
سەنگدڵ: دڵڕەق وەک بەرد .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەدزییشەوە بە یاری دڵڕەق بڵێ: لە ئارەزووی دیداری تۆوەیە نالییی لە دوورەوە سەلام ئەنێرێ.
ڕەنگ بێ مەبەستی نالیی لەم بە نهێنی هەواڵ و سەلام بۆ یار ناردنە ئەوەبێ بییەوێ بڵێ ئەم پارچە شیعرەم بۆ مەسەلەیەکی گەلێ گشتی تەرخان کردووە کە سۆزی نیشتمانە و نامەوێ کاروباری تایبەتیی تێکەڵ ببێ.. خۆ ناشکرێ هەر بە یەکجاریی یارەکەی پشت گوێ بخا، بۆیە وا بە (با) ئەڵێ بە دزییەوە وای پێ بڵێ..
لە خوێندنەوەی ئەم نامەی نالییەوە بۆ سالم، بە ئاشکرا بۆمان دەرئەکەوێ کەوا مەبەستی نالیی تەنیا هەواڵپرسینێکی عادەتی و دەربڕینی سۆزی نامۆیەک نییە بۆ وڵاتەکەی. شیعرەکەی شیعرێکی سیاسییە و لەبەر ئەوەش کە بۆ وڵاتێکی ژێردەستەی ناردووە، شێوەی (ڕەمز) ی تیا بەکارهێناوە. نالیی لە هەر شیعرێکیا دوو پرسیار ئەکا. لە پرسیارێکیاندا باری ڕابوردوو دێنێتەوە پێش چاو و ئەپرسێ ئاخۆ وەک خۆی ماوە و لە پرسیاری دووهەمیشدا بەرانبەرەکەی دائەنێ، بەڵام بە لای خراپترا، نەک بەرەو باشتر بوون، چونکە ئەزانێ (باشتر) لە داگیرکەر چاوەڕوانیی ناکرێ. ڕابوردوو لەم شیعرانەدا سەردەمی حوکمی (بەبە) و کاتی پرسیاریش سەردەمی ڕۆمییەکانە. کەواتە نالیی لایەنگریی خۆی بۆ سەردەمی بابانەکان دەرئەبڕێ و ڕێتێچوونی خراپتربوونی باری ژیانیش بۆ سەردەمی ڕۆمییەکان دائەنێ. ئەوەندەی کە بیری خۆشیی سەردەمی پێشوو ئەکاتەوە، ڕێ تێچوونی ناخۆشییەکی گەلێ زیاتریش بۆ سەردەمی ڕۆمییەکان ئەخاتە پێش چاو. تەنانەت پرسیار لە گۆڕانی گەلێ شتی وا ئەکا کە زۆر دوورە بە گۆڕانی ڕژێمی سیاسی بگۆڕێن.
وەک هەر ڕۆشنبیرێکی وریا و دووربین، هەست بە پەیوەندی نێوان باری دەروونیی خەڵک و ڕژێمی سیاسی ئەکا. ئەمەش بەوەدا دەرئەکەوێ کە ئەپرسێ ئاخۆ خەڵک زەوقەکەی جارانیان ماوە و ڕابواردن و گەڕان و سەیرانەکەی ئەوسایان هەر ئەکەن یا نە؟ فەقێ ئەچن بۆ یاری کردن و ڕمبازی و غارغارێنی لاوان بەردەوامە، یا لە سایەی ڕژێمی ڕەشی ڕۆمییەکانەوە: هەموو شتێ سڕراوەتەوە؟ ! شێوەی ڕەمز بەکارهێنانەکەشی، وەک هۆیەک بۆ توانای دەربڕینی مەبەست لەگەڵ خۆ دەربازکردنیشا لە چاوی زەق و گوێی قیتی خەفیە و جلخوارەکان، بە سەرەتایەکی زیرەکانەی دانانی جۆرێکی نوێی ئەدەب دائەنرێ لە زمانی کورددا. *
=
وەڵامەکەی سالم کە بۆ وڵاتێکی بەشبەحاڵی سولەیمانیی ئەو ڕۆژە - ئازادی ناردووە، هەموو شتێ بەئاشکرا ڕوون ئەکاتەوە. سالم خۆی بە ناچاری پەردە دادانەوە نازانێ. هەر ئەوەند مەبەستە نامەکەی لە سولەیمانی دەرچێ.. ئیتر گەیشتنی دەستەبەر کراوە. وەڵامەکەی سالم کلیلی تێگەیشتنی گەلێ سەری شیعرەکەی نالییە، بۆیە وا لێرەدا تێکستەکەی ئەویش بڵاو ئەکەینەوە:
وەڵامەکەی سالم
جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر !
ئەی پەیکی موستەعید لە هەموو ڕاهی پڕ خەطەر !
ئەی میروەحەی جەمالی مەهاسای دولبەران !
وەی شانەزەن بە کاکۆڵی تورکانی سیم بەر !
جاڕووکەشی مەنازیلی جانان لە خەڵوەتا !
فەڕڕاشی فەرشی بەهاران لە دەشت و دەر !
ماڵش دەدەی بە دەم لە دەمی خوابی صوبحدەم
هەم زوڵفی ‌قیرەگۆنەوو هەم چیهرەیی قەمەر
باری بە سروەکەت بە شنەی، ئەنگەبینی گەز
گرتوویە جونبوشت بە هەم ئاغۆشی نەیشەکەر
وەقتی طەوافی عاریضی دولبەر شنۆیی تۆ
لەغزش دەخا بە طوڕڕە لە سەر تا بە پێ کەمەر
کەی دێتە خەندە غونچە، دەمی، بێ وەزیدەنت؟ !
گەر تۆ نەبی درەختی چەمەن ناگرێ ثەمەر
ئیحیاکونی جەمیعی نەباتاتی عالەمی
ڕەعنا گوشا لە تەربییەتی قامەتت شەجەر
ئابی حەیات و ئاتەشی ئەفسوردەیە دەمت
تەحریکی تۆیە گڕ لە تەنوورا کە دێتەدەر
میحنەت ئەوەندە زۆرە، دڵم هێندە تەنگ بووە
دوودی هەناسەکەی سەحەرم هەوری گرتەبەر
هیممەت کە چابوکانە بە ئیجرایی مەطڵەبم
لەم سەر بڕۆ وەکوو بەرید و لەوێ بێ وەکوو تەتەر
بۆ موڵکی شامە نامەیی من. سوویی (نالیی) یە
هەر حەرفی ئەو لە وەضعی ویلایەت دەدا خەبەر
پرسیویە ظاهیرەن لە ڕەفیقانی یەک جیهەت
ئەحواڵی ئەهلی شەهر و ڕەفیقانی سەربەسەر
لەوسایەوە کە حاکیمی (بابان) بە دەر کران
نەیدیوە کەس لە چیهرەیی کەس جەوهەری هونەر !
تا بوو بە جایی مەطلەعی خورشیدی بەختی ڕۆم
سووتا گیاە و تەشنەوو خوشکیدە بوو ثەمەر
ناکەن هەوایی هیچ کەبابێ ذەلیلی شەهر
بوریانە بەس لە ناری غەما پارەیی جگەر
جوز گاەگاهێ ئاە و ناڵە لە ئەییامی ڕۆمییان
نەمدیوە وا ببێ لە عەدالەت لەبی بەشەر
(سەیوان) پڕە لە شەخصی ستەمدیدە خوار و ژوور
هەر قەبری پڕ غەمانە لە هەر لا دەکەم نەظەر
جێی تورکەکانی ڕۆمە دەر و ژووری (خانەقا)
غافڵ هەموو لە جایی موریدانی با خەبەر
ئەو حەوضە پڕ دەبوو کە وەکو چاوەکانی تۆ
تەغییرە ئاوی وەک دڵی مەردانی پڕ کەدەر
سووتا دڵم بە حاڵەتی جووباری (سەرچنار)
لێڵاوە چەشمەساری وەکو چاوی بێ بەصەر
ئەو دەشتە جایی یارییی یارانی حوجرە بوو
یەکسەر مەقامی ڕۆمییە هەروەک تەهی سەقەر
زستانی ئەووەڵین بو دڕا بەرگی (شێخ هەباس)
ڕۆمی ئەوەندە شوومە لە شەخصیش دەخەن ضەرەر
وەک پیری ساڵخوردە، خەمە، داری (پیرمەسوور)
مەشغووڵی لەغزشە هەمە جا، پایی تا بە سەر !
ئەو بەردەکانی ناوی نرا قصنی شەخصەکەی
دایان بە شاخی دارەکەیا تورکی بێ هونەر
وەک چاوی بێ غەمانە هەموو (شێوی ئاودار)
بەس موشکیلە لە چەشمەیی ئەو قەطرە بێتە دەر
ئەوسا مەکانی ئاسکە بوو کانی ئاسکان
ئێستە لە دەنگ و ڕەنگییی ڕۆمی پڕە لە کەر
تا دوزدی وەقتی نیمەشەبن تورکی بێ نیظام
دوزدن هەموو لە خەرمەنی مونعیم وەکو شەرەر
شارێکە پڕ لە ظوڵم و مەکانێکە پڕ لە شین
جایێکە پڕ لە شۆر و وڵاتێکە پڕ لە شەڕ
ئەمڕۆ فەضایی بازیگەهی جایی ڕەهزەنە
لەو دەشتە دێ لە غەیبەوە ئاوازی (الحذر)
سەربانی پڕ لە گەژدوم و دیواری پڕ لە مار
کۆڵانی پڕ لە ڕەهزەن و صەحرایی پڕ خەطەر
دڵ نایەڵێ بڵێم چییە سامانی حوجرەکەت
هەر تاری عەنکەبوتە حیجابی بیروون و دەر
نایێ صەدا لە پەنجەرەکەی جوز فوغانی جوغد
غەیرەز شەقامی موور نییە شوێنی پێ گوزەر
تو خودا بڵێ بە حەضرەتی (نالییی): دەخیلی بم
بەم نەوعە قەط نەکا بە سولەیمانییا گوزەر
« سالم » صیفەت لە بێ کەسییا با نەبێ هیلاک
من کردم ئەو نەکا لە غەما خوێنی خۆی هەدەر
ئەم موڵکە نەظمی نابێ بە بێ ضەبطی واریثی
بێ ئەو بە قەصدی ئەم طەرەفە با نەکا سەفەر
شیعرەکەی سالمیش پێویستی بە ئەندازەیەک لەسەر نووسین و لێکۆڵینەوە و دەربڕینی جیاوازیی تێکستەکانی هەیە. بەڵام با ئەوە بمێنێ بۆ کاتی لەچاپدانی دیوانەکەی خۆی کە ئەگەر خوا یار بێ ئەویش بە دەستەوەیە.**
دەستنووس
یاری (تۆ) و (عب) و (اح) و (« پەراوێزی » من): داری.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* هەموو کەس دەڵێ نالیی ئەم شیعرە بەرزەی خۆی بۆ سالم شاعیری باشی سەردەمی خۆی ناردووە. لە حاڵێکدا کە نالیی هیچ باسی سالم ناکا، بە وەڵامدانەوەی ئازایانەی سالم ئەم بیرە پەیدا بوە دەنا حاڵی بکە بە یاری خوفیە کە ئەی یاری سەنگدڵ
نالیی لە شەوقی تۆیە دەنێری سەلامی دوور
وەک وە ناچێ بۆ سالمی شاعیری دڵ ناسک نووسرابێ
** مامۆستا مەسعود موحەممەد دەیفەرموو جوابە جەنگی سالم دەگەڵ نالییی پلەی شاعیری ئەویشی بردۆتە سەر.