ئیلتیقای پۆڵا و ئاسن هەر نیزاعە و گیر و دار
1
ئیلتیقای پۆڵا و ئاسن هەر نیزاعە و گیر و دار
جەمعی ماء و نار و زەند و زەندەوو، مەرخ و عەفار
لاپەڕەی 170
گیر و دار: وشەیەکی فارسییە بەمەعنا بگرە و ڕاگرە . ئیستا بەمەعنا هەرا و کێشە بەکاردێت .
زەند و زەندە: دوو وشەی عەرەبین، دوو جۆرە دارن، سەروویان زەند و ژێروویان زەندەیە، لە بەیەک گەیاندن و لێکدانیان ئاگر پەیدا ئەبێ .
مەرخ: وشەیەکی عەرەبییە بە جۆرە دارێکی ناسک ئەڵێن زوو دائەگیرسێ .
عەفار: جۆرە دارێکی ترە ئاگری لێ ئەبێتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
لە چاپکردنی ئەم دیوان و لێکۆڵینەوەی دیوانی (نالییی) ـیەدا گەیشتبووینە (تیپی ڕێ)، کە برادەری دڵسۆز قوتابیی دوا پۆلی بەشی کوردۆلۆژیی زانکۆی سلێمانی، کاک جمال محمد سێ دەسنووسی دیوانی نالییی بۆ ناردین و ئێمەش خستماننە بەردەست و لێرەوە تا دوایی کتێبەکە کەڵکیان لێ وەرئەگرین.
یەکەمی ئەم دەسنووسانە کە لە برادەری بەڕێز کاک عبدالرحمن مزووریی وەرگرتووە بۆمان، (مەلا عبداللەی گەڵاڵی) ناوێک لە ساڵی ١٣١٦ی کۆچی، (١٨٩٨ - ١٨٩٩ی. ز) دا نووسیویەتەوە. بۆ ئەم دەسنووسە ئیشارەتی (عب) دائەنێین. دووهەمیشیان (مەلا احمد) ناوێک لە ساڵی ١٣١٧ی کۆچی (١٨٩٩ - ١٩٠٠ی. ز) دا نووسیویەتەوە. بۆ ئەمیش ئیشارەتی ( اح) ـمان دانا. سێهەمیشیان مامۆستا نەجمەدین مەلا نووسیویەتەوە و ساڵی بۆ دانەناوە. بۆ ئەمیش ئیشارەتی (من) ـمان دانا.
بۆ لێکدانەوەی مەعنای ئەم بەیتە سەرەتایەک پێویستە: پۆڵا و ئاسن هەردوکیان لە یەک ڕەگەزن. لە زمانی عەربیدا پۆڵا (فولاذ) نێرینەیە و ئاسن (حدید) مێیینەیە. (ماء) و (نار) یش یەکەمیان نێرینە و دووهەمیان مێیینەیە. (زەند) و (زەندە) یش لە عەرەبیدا یەکەمیان نێرینە و دووهەمیان مێیینەیە. لە فارسییشدا (زند) بە چەخماخ ئەڵێن کە لە بەردە ئەستێ ئەدرێ و بە هەردوکیان ئاگر ئەکەنەوە. (مەرخ) و (عەفار) یش هەر بە عەرەبی دوو جۆرە دارن کە بدرێن لە یەک زوو دائەگیرسێن، دیارە ئەمانیش لەبەرئەوەی لە داگیرسانەکەیان لە بە یەک گەیشتنەکەیان پەیدا ئەبێ، یەکێکیان بە نێر و ئەویان بە مێ دانراوە. ئەنجا دێینە سەر لێکدانەوەی مەعنای بەیتەکە وەک ئێمە لێی حاڵی بووین:
نالیی ئەیەوێ بڵێ: بەیەک گەیشتن و پەیوەندی پۆڵا (پیاو) و ئاسن (ئافرەت) پڕیەتی لە هەرا و کێشە. ئەم دوانە بێ یەک نایانکرێ و پێکەوەش ژیانیان پڕیەتی لە ناکۆکی (تناقض). وەک چۆن دوو تەلی سارد و گەرمی کارەبا: دژی یەکن و کەچی تەنها پێکەوەش ڕووناکی دێننە بەرهەم. ئەم پەیوەندییە پێویست و لە هەمان کاتیشدا پڕ لە ئاڵۆزییەی نێر و مێ، وەک کۆبوونەوەی ئاو و ئاگرە، کە یەکێکیان گەرمە و ئەویان سارد و هەردوکیان بۆ ژیان پێویستن و ئاگر بە ئاو ئەکوژێتەوە، یا وەک پەیوەندی (زەند) و (زەندە) و (مەرخ) و (عەفار) ە کە بە هەردولایان ئاگر ئەکەنەوە.
واتای ئاشکرای بەیتەکە ئەوە ئەگەیەنێ کە لە بەیەک گەیشتنی پۆڵا و ئاسندا ئاو و ئاگر بەکار ئەهێنرێن. لە لایەکەوە کوورەی ئاسنگەر بە مووشەدەمە خۆش ئەکرێ و لە لایەکی کەشەوە ئاسنەکە ئەخرێتە ناو ئاو سارد ئەکرێتەوە و زاخاو ئەدرێ. ئەم شێوە وەصفە لەگەڵ پەیوەندی نێوان پیاو و ئافرەتیشدا ئەگونجێ و ئەمەش واتا پەنهانییەکەی شیعرەکە. هەروەها (زەند) و (زەندە)، (مەرخ) و (عەفار) یش لێک ئەدرێن و لێک ئەخشێنرێن و لەو لێکدان و لێکخشاندنەیان ئاگر پەیدا ئەبێ. ئەمە واتا ئاشکراکەی ڕستەکە. واتا پەنهانییەکەشی شێوەی پەیوەندی پیاو و ئافرەت و لەیەک نزیک بوونەوەیانە کە ئەبێ بە هۆی پەیدابوونی هەڕەتی ئارەزوو و پاشانیش ژیانێکی نوێی لێ دێتە بەرهەم.
دوور نییە، جگە لە نێریی (فولاذ) و مێییی (حدید) یش، نالیی بۆیە پیاوی بە (پۆڵا) و ئافرەتی بە (ئاسن) وەصف کردبێ، چونکە بەعادەت پیاو ئافرەت ئەکوتێتەوە و ئافرەت بۆ پیاو نەرم ئەبێ، وەک چۆن چەکوشی پۆڵا ئاسنی لە کوورەی ئاسنگەریدا پێ نەرم ئەکرێ.
نیوەی دووهەمی ئەم بەیتە، لە نوسخەکانی بەردەستمانا، جیاوازیی زۆری تیابوو. لە هەموویاندا نوسخەی (ک) زیاتر بەلای ڕاستیدا ڕۆیشتبوو و ئێمەیش پشتمان بەو نوسخەیە بەست. تەنها ئەوەندە هەبوو (زەندە) ی بە (زیندە) و (عەفار) ی بە (عیفار) نووسیبوەوە. جیاوازییەکانی نوسخەکانی تر هیچیان لەوانە نەبوون مەعنایەکی ڕاست و گونجاو بەدەستەوە بدەن هەموو هەڵەی نووسیاری حاڵی نەبووبوون. بۆیە پشت گوێمان خستن.
2
ئەم لەسەر تەعظیم و گەورە گرتنی ئەو بێ قوصوور
ئەو لەسەر تەحقیر و تەخفیف و شکستی زاری مار
لاپەڕەی 172
ئەم: ئیشارەتە بۆ نزیک کە لێرەدا (ئاسن) ـەکەیە، کەچی نالییی ئیشارەتی بۆ (پۆڵا) کە پێ کردووە .
ئەو: ئیشارەتە بۆ دوور کە (پۆڵا) کەیە، کەچی نالییی ئیشارەتی بۆ (ئاسن) ـەکە پێ کردووە . وا دیارە نالییی لەم ئیشارەتەیدا لای خۆیەوە دەستی پێ کردووە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنا دیارەکەی ئەم بەیتە ئەوەیە: پۆڵا هەمیشە خەریکی بە گەورەگرتنی ئاسنە، ئەوەتە، پارچە ئاسن ئەکا بە ئامێری جۆر جۆر کە هەریەکە بۆ چەند کار بەکاردێن. کەچی ئاسن هەمیشە لەسەر سووککردن و بە هیچ زانین و شکاندن و زەهری مار دەرخوارددانی پۆڵایە. ئەوەتە پۆڵا بووە بە خزمەتکاری ئاسن و کاری بۆ ئەکا و بە هەڵبڕینی زۆری بە دەستی وەستا سووک بووە و ئەو تاڵاوەی بە دەما ئەکرێ کە تاونەتاو ئاسنگەر ئاسنەکەی تێئەخا بۆ ساردبوونەوە.
مەعنا پەنهانییەکەشی ئەوەیە پیاو هەمیشە خەریکی گەورەکردنی ئافرەتە، بە دووگیان کردن و چوونەلا و بە هیچ جۆرێ کورتی ناکاتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە.. کەچی ئافرەت پیاو ئەکا بە هیچ و سووکی ئەکا و خاڵیی ئەکاتەوە و ئەدا بە دەمی مارەکەیدا.. مەبەست وێنەگرتنی کاتی پاش بەیەک گەیشتنی پیاو و ئافرەتە.
دەستنووس
تەخفیف و (« پەراوێز » ی چر): تەحقیقی، واتە: هێنانەدیی... (عم) و (کم) و (گم): تەخفیف و. (عب) و (اح): تەخفیفی. زاری مار: هەموو نوسخەکانی بەردەستمان (عم) و (گم) و (مز) نەبێ: ژاری مار. (عم) و (گم) و (مز): ژارە مار.
وەک وتمان، لە هەموو نوسخەکانی بەردەستمانا (ژار) نووسراوە. ئێمە لامان وابو ئەمە هەڵەیە و ڕاستەکەی (زاری مار) ە، چونکە زار هەم بە مەعنا (ژار) و هەم بە مەعنا (دەم) ـ یش دێ و ئێمەش هەردوو مەعناکەمان بۆ دەرخستنی هەردوو ڕووەکەی ئەم پارچە شیعرەی نالییی پێویستە. بۆیە گۆڕیمان و کردمان بە (زاری مار).
3
ئەم بچێ، ئەو دادەنیشێ دەم وەکوو گوڵ خەندەران
ئەم دەبێ هەستێ کە ئەو بێ، چاو یەک و قەطرە هەزار
لاپەڕەی 173
گوڵ خەندەران: گوڵێکی سوورە، ئەڵێن کە بنیادەم پێ بکەنێ . ئەو لەناسکیدا لەت ئەبێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنا دیارەکەی واتە: کە چەکوشی پۆڵا چوو بدا بە ئاسندا، ئەو، چونکە لە کوورەدا سوور کراوەتەوە، وەک گوڵ خەندەران بە ڕوویەکی گەشەوە لە بەردەمیا دائەنیشێ، بەڵام کە ئاسن لە کوورە دەرئەچێ و دێ، چەکوشە پۆڵاکە، ئەبێ بە یەک چاو و هەزار دڵۆپەوە هەڵستێتەوە. مەبەست لە یەک چاوی چەکوشە پۆڵالە ئەوەتە کە ڕووی کردووەتە ئاسنەکە و مەبەست لە هەزار قەترەکەشی ئەو پزیسکانەیە کە لە کاتی پیادانی ئاسنە سوورکراوەکەدا، ئەکەونەوە. مەبەست لە هەستانی چەکوشە پۆڵاکەش بەرز کرانەوەیەتی بۆ پیادانی ئاسنە سوورەوەکراوەکە.
مەعنا پەنهانەکەشی ئەوەیە: کە پیاو چوو بۆ لای ئافرەت، ئافرەت بە (دەم) ـی وەک گوڵ خەندەران سووری، کراوەیەوە، لە بەردەمیا دائەنیشێ. کە ئافرەتیش بێ بۆ لای پیاو، ئەبێ ئەم بە یەک (چاو) و هەزار (دڵۆپ) ـەوە (هەستێتەوە)..
دەستنووس
بچێ (گم): ئەچێ. (کم) و (ت) و (ک) و (مز) و (عب) و (اح) و (من): نەچێ. واتە: بەئامادەیی دائەنیشێ و چاوەڕوان ئەکا.
4
ئەم بە چاو دوڕڕ و بە سەر لەعلی هەدییە بۆ دەبا
ئەو بە تف دەیکا بە میزابی شکستەی ئابشار
لاپەڕەی 173
میزاب: پلووسک . ئابشار
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنا دیارەکەی واتە: ئەو پرشانەی لە ئاسنی سوورەوە کراو ئەبنەوە، مروارین و سەری ئاسنەکەش کە لەناو کوورەکەدا سوور بووەتەوە لەعلە بەسەریەوە. ئەم مرواری و لەعلە، پۆڵا بە دیاری بۆ ئاسنی هێناون.
کەچی ئاسن بەرابەر بەم قەدرزانینەی پۆڵا، پۆڵاکە ئەکا بە پلووسکە شکاوی ئاو پیاهاتنە خوار. مەبەستی لەوەیە کە ئاسنەکە هەڵئەکێشن لە ئاو بۆ سارد بوونەوە، بەهۆی گەرماکەیەوە پرژێکی زۆر بە سەر و ڕووی چەکوشە پۆڵاکەدا ئەپرژێنێ.
مەعنا پەنهانەکەشی ئەوەیە پیاو بە (چاو) ی، دڵۆپی (ئاو) ی وەک مرواری سپی و بە (سەر) ەکەی سوورایی وەک لەعل ئەبا بۆ ئافرەت، کەچی ئەو لە پاداشا ئەوەندە (تف) بە (دیاری) ـیەکەیدا هەڵئەدا، وەک پلووسکە شکاوی تاڤگەی لێ ئەکا.
دەستنووس
دوڕڕ و (عب) و (من): دەڕوا. لەعلی هەدییە (چر) و (ت) و (ک) و (عب) و (من): لەعل و هەدییەی. (کم) و (گم): لەعلی هەدییەی. دەیکا بە (من): دەیکاتە.
5
نەظمی «نالیی» میثلی ئاو و ئاوێنە ڕەنگی نییە
دوو ڕووە بۆ سەیری خاطر: یەک خەفی و یەک ئاشکار
لاپەڕەی 174
خەفی: نهێنی .
ئاشکار: دیاری .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شیعری (نالییی) وەک ئاو و ئاوێنە وایە ڕەنگی نییە، دوو ڕووە، بەر و پشتی هەیە. لە ڕوویەکیا بنیادەم، وەک چۆن لە ئاو و ئاوێنەدا خۆی ئەبینێ، مەعنای ئاشکرای بۆ دەرئەکەوێ و لەو ڕووەکەشیا کە یا وەک بنی جام یا وەک جیوەی ئەودیوی ئاوێنە وایە هیچ دەرناکەوێ، کەچی مەعنایەکی تریش هەیە.
شاعیر و نووسەر کاک عبدالرزاق محمد بیمار بەشدارییەکی باشی لە لێکدانەوەی ئەم پارچە شیعرەدا لەگەڵ کردین. قەدر و سوپاسی ناخەینە پشت گوێ.
دەستنووس
ئاو و ئاوێنە (عم) و (ت) و (عب) و (من): ئاو و ئاینە. (ک): ئاوە، وێنەوو. (اح): ئاوە، وێنەیی.