سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ساقی! وەرە ڕەنگین کە بە پەنجە لەبی ئەقداح

1
ساقی! وەرە ڕەنگین کە بە پەنجە لەبی ئەقداح
بەم ڕاحە، لەسەر ڕاحە، دەڵێن ڕاحەتی ئەرواح
لاپەڕەی 164
ساقی: مەیگێڕ . جاران لە کۆڕی خواردنەوەدا کچانی شۆخ مەییان گێڕاوە، لەوەوە (ساقی) بووە بە کینایە لە کچی جوان . ئەقداح
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئازیزە مەیگێڕەکەم، وەرە قەراخی پیاڵەی مەی بە پەنجەکانت ڕەنگاوی کە (مەبەستی لەوەیە کە پەنجەکانی بە خوێنی دڵداران سوورن، یا ڕەنگین کینایەیە لە پیرۆزیی، چونکە پەنجەی یار پیرۆزە). بەم پیاڵەی مەیە کە تۆ لەسەر لەپی دەست دائەنێیت، ئەڵێن ڕەحەتیی گیانە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی هەردو (ڕاح) ـدا جیناسی تەواو و لە کۆکردنەوەشیاندا لەگەڵ (ڕاحەت) جیناسی ناقیص هەیە.
2
بەم کاسە لەسەر پەنجە دەڵێن: نووری عەلا نوور
ڕەخشانە لە میشکاتی قەدەحدا وەکو میصباح
لاپەڕەی 164
ڕەخشان: تیشکدەرەوە .
میشکات: تاقێکە دیوەودەر نەبێ .
میصباح: چرا
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم پیاڵەی مەیە بەسەر پەنجەی سوورتەوە، وەک ئەوە وایە ڕووناکی لەسەر ڕووناکی دابنرێ. شەرابەکەش لەناو پیاڵەکەدا وەک چرایەک وایە لە تاقێکی نادیوەودەرا دانرابێ.
ئەشگونجێ دانانی پەنجەی یار بە ڕووناکی لەوەوە بێ کە باسی ناسکیی کچێک ئەکرێ، ئەڵێن ئەوەندە ناسکە خوێنەکەی لەودیوی پێست و گۆشتەکەیەوە دیارە.
تێکڕا ئەم شیعرە لە ئایەتی (اللە نور السماوات والارض، مثل نورە کمشکاة فیها مصباح، المصباح فی زجاجة، الزجاجة کأنها کوکب دری) تا ئەگاتە (نور علی نور..) وەرگیراوە.
3
قەطرێکە لە بەحری کەرەم و ڕەحمەتی فەتتاح
نەک عارەقی کەرمی عینەب و شەربەتی توففاح
لاپەڕەی 165
قەطرێکە: قەطرەیەکە، دڵۆپێکە .
فەتتاح: خوا کە دەرگای ڕەحمەتی خۆی بۆ بەندە ئەکاتەوە .
کەرم: داری مێو .
عینەب: ترێ .
توففاح: سێو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وا تێنەگەن ئەو مەیەی یار بەو دەست و پەنجانەی ئەیگێڕێ ئارەقی ترێی ڕەزە مێو و شەربەتی سێوە، وا نییە. دڵۆپێکە لە دەریای میهرەبانی و ڕەحمەتی خوا کە دەرگای خێر و خۆشیی بۆ هەموو خەڵک کردووەتەوە، یا دەرگای بۆ هەموان لەسەر پشتە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (قەطرە) و (بەحر) دا طیباق و لە کۆکردنەوەی (کەرەم) و (کەرم) ـدا جیناسی موحەڕڕەف و لە کۆکردنەوەی (فەتتاح) و (توففاح) ـدا جیناسی قەلب هەیە، سەرەڕای ئەو تەناسوبە زۆرەش کە لە تێکڕای شیعرەکەدا هەیە.
دەستنووس
کەرەم و (ک): کەرەمی. عارەقی (گم) و (ت): ئارەقی. کەرمی عینەب و (ت): کەرم و عینەب و. (عم) و (کم) و (گم): گەرمیی عینەب و. (ک): گەرمیی عینەبی و. بەپێی ئەم نوسخانەی دوایی وشەی (گەرمی) لەگەڵ (عارەقی) دا ئەگونجێ.
4
بەو دەستە کەوا مەرهەمە بۆ ئەم دڵی خەستە،
بەو پەنجە کە بۆ بابی گوشایش ئەوە میفتاح،
لاپەڕەی 165
گوشایش: کردنەوە .
میفتاح: کلیل .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم شیعرە و دوو شیعری پاشەوەی پێکەوە دێ.
دەستنووس
ئەم (گم): ئەو. دڵی (کم): دڵە.
5
بەو دەننی فوراتە کە دەکا پەششە بە عەنقا،
نەک لەو خومی نیلە کە دەکا باخە بە تیمساح،
لاپەڕەی 166
دەن: کۆپەی شەراب کە ئەیخەنە ژێر چاڵ بۆ ئەوەی شەرابەکە کۆن ببێ و شەرابێکی چاکی لێ دەرچێ .
فورات: سازگار و ساف و بێ‌گەرد . ڕووبارێکە لە عێراقا ناوبانگی ئاوەکەی بە خۆشی دەرچووە .
پەششە: مێشوولە .
عەنقا: باڵدارێکی خەیاڵییە .
خوم: کووپەی گەورەی مەی و سرکە و شتی وا . خاسەڕەنگ کە جلی پێ شین ئەکەن .
نیل: شین . ڕووبارێکە لە میسر .
باخە: کیسەڵ . لە هەموو نوسخەکانی بەردەستمانا نووسراوە (باغە) بەڵام هەڵەیە .
تیمساح: نەهەنگ ، گیانلەبەرێکی ئاوییە لەشێکی گەورە و کلکێکی درێژ و دەس و قاچێکی کورتی هەیە و قەپاغێکی ئەستووری هەیە وەک قەپاغی کیسەڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
بە (عم): لەو. فوراتە (عم) و (گم): قەڕابە. لەو (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ک): بەو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 166:
بەو دەننی فوراتە کە دەکا پەششە بە عەنقا،
نەک لەو خومی نیلە کە دەکا باخە بە تیمساح،

شەرحەکە تیمساحی بە نەهەنگ داناوە و دەس و قاچیشی داوەتێ و قەپاغی وەک قەپاغی کیسەڵیشی بۆ ساز داوە: «حوت» نەهەنگە، دەست و قاچ و قەپاغی نییە... تیمساح جانەوەرێکە لە قیسمی خاکی و ئاوییە، لە نیلی میسر زۆرە، لە فورات نییە... «بەو» لە سەرەتای بەیتدا دەبێ «لەو» بێ وەک کە «لەو خومی نیلە...». «خوم» نەختێک لە واتای کەم دەکاتەوە: نالی «خم»ی نووسیوە کە بۆ «خوم» و بۆ «خم» یش دەڕوات. «خوم» کووپەیە. «خم» ڕەنگی نیلییە جلکی پێ ڕەنگ دەکەن. کتێبەکە هەر شەرحی وشەکانی داوە واتاکەی بۆ خوێنەر بەجێ هێشتووە.
لە پێشەوە دەبێ بڵێین ئەفسانەی دینی کۆن هەبوو دەیگوت پێنج زێ هەن لە بەهەشتەوە هەڵدەقوڵن بۆ زەمین دێن، نیل و فورات لەو پێنجانە دەژمێررێن. ئاوی سازگاریش هەر فوراتە. نالی کە لە «دەننی فورات» داوا دەکات، لایەنی واتای وشەکەی داوەتە پاڵ ناوی زێیەکە و ڕایشکاندووە بەسەر «نیل» دا کە واتاکەی خمە. ئاوی «فورات»ی سازگار بەبەریەوە هەیە مێشوولە بکا بە مەلی عەنقای هەرەهەرە زلی باڵندان، هەرچی نیلە (واتە: خم) کە مەشوورە بە تیمساح لەوانەیە کیسەڵ بکا بە دڕندەی وەک تیمساح، نالی فوراتی هێشتەوە بە بەهەشت و نیلیشی کردە خم.
ڕەنگە وردەموناسەبەی ئەدیبانەی دیکە هەبێ سەر بە نیل و فورات کە من نایزانم باشتر لایەنی تاو و تەئسیری نیل و فورات بە چاک و بەدییەوە ڕوون بکاتەوە.
6
پڕ کە قەدەحی پڕ فەرەحی بێ تەرەح و غەم
ناوِلْنی، وَ نادِمنی وغازِلنی بالأفراح
لاپەڕەی 166
تەرەح: خەفەت . لە هەموو نوسخەکاندا بە (طەرەح) نووسراوە بەڵام هەڵەیە، وشەکە عەرەبییە و (تەرەح) ـیشە . دیارە نووسیارەکان ئەوەندە (ط) ـیان لە عەرەبیدا دیوە، لەبەر کۆلکە خوێندەوارێتیی خۆیان، وایانزانیوە هەرچی (ت) ـیشە ئەبێ (ط) بێ ! نادمنی (چن) و (ک)
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەی سا مەیگێڕ ! بەو دەستە جوانانەت کە تیماری دڵەی بیمارن و بەو پەنجە باریکانەت کە کلیلی کردنەوەی دەرگای ئاواتن، لەو کۆپەی شەرابی سازگار و بێگەردی کۆنە کە هیچ لە دڵا ناهێڵێ، پیاڵەیەکی بێ دەرد و خەمم بۆ پڕ کە، بیدە بە دەستمەوە و خۆیشت لەگەڵما بخۆرەوە و قسەی خۆشم لەگەڵ بکە و پیاڵەم بۆ لە پیاڵە بدە و بە خۆشی لەگەڵما دڵداری بکە، نەک لەو شەرابابەی کە سەری بنیادەم کاس ئەکەن و باری ئەوەندەیتر گران ئەکەن، تا وای لێ دێ کیسەڵێکی بچووکی لەبەرچاو ئەبێ بە نەهەنگێک.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە یەکخستنی (دەستە) و (خەستە) و (فەرەح) و (تەرەح) ـدا جیناسی لاحیق و لە کۆکردنەوەی (فورات) و (نیل) و (پەششە) و (عەنقا) و (باغە) و (تیمساح) ـدا طیباق و لە وەصفکردنی ئەو شەرابەی ئەیەوێ بە (فورات) و ناوهێنانی کۆپەکەی بە (دەن) و وەصفکردنی شەرابە ناخۆشەکەش بە (نیل) و ناوهێنانی کۆپەکەی بە (خوم) ـدا - لەطافەت هەیە.
دەستنووس
نیوە عەرەبییەکەی ئەم شیعرە لە نوسخەی (مز) دا کوردییە و بەم جۆرەیە:
تا پڕ بێ دڵ و ڕووحی ئەمن ئیستا لە ئەفراح
7
لەم گەردشی مینایە کەوا دەورە، نە جەورە
ساقی کەرمی سایقە، «نالیی» مەکە ئیلحاح
لاپەڕەی 167
مینا: چەرخی گەردوون . پیاڵەی شەراب .
سایق: لێخوڕی چەرخی گەردوون، خوا . بهێن و ببەری پیاڵەی شەراب، یار .
ئیلحاح: پێ بە زەویدا کوتان و سوور بوون لەسەر شتێک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چەرخی گەردوون، چوون بۆ بنیادەم دێتە پێشەوە، ستەم نییە و هەرکەس سەرەی خۆی هەیە و خوا خۆی ئەزانێ چی ئەکا. کەرەمی لێ خوڕەکەی کە خوایە، شەرابی بە ئاوات گەیشتن ئەدا بە دەستی هەر کەسێکەوە و سوور بوون و پێ بەزەویدا کوتان داد نادا. یاخود یار خۆی ئەزانێ کەی وەختی ئەوەیە دڵی نەرم بێ و پیاڵەی شەرابی بە ئاوات گەیشتن بە تۆیش بدا و پێویست ناکا زۆری لەسەر بڕۆیت و لێی گەڕێ بۆ خۆی چی ئەکا با بیکا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە یەکخستنی (دەورە) و (جەورە) دا جیناسی لاحیق و لەنێوان (ساقی) و (سابق) ـدا جیناسی قەلب هەیە.
دەستنووس
مەکە ئیلحاح (عم) و (گم): بکە ئینجاح. لەپەراوێزی (عم) ـدا مەعنای ئینجاح بە (شادکردن) و لە پەراوێزی (گم) ـدا بە (شاد) لێ دراوەتەوە. دیارە ئەگەر بۆیان پینە نەکەین هەردوکیان بە هەڵەدا چوون.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 167:
لەم گەردشی مینایە کەوا دەورە، نە جەورە
ساقی کەرەمی سایقە، «نالی» مەکە ئیلحاح

شەرحەکە وای بۆچووە کەوا کەرەمی خوا لێخوڕە، شەرابی بە ئاوات گەیشتن ئەدا بە دەستی هەر کەسێکەوە... یاخود یار خۆی ئەزانێ کەی وەختی ئەوەیە دڵی نەرم بێ... ئیلحاحی ناوێ.
من لەگەڵ «سابق» نەک «سایق» ڕێکم، واتە ساقی «یار بێ یان ڕەحمەتی خوا بێ» بەخشەندەییەکەی پێش وەخت قەراردادە بووە. ئیلحاحی بادەنۆشانی ناوێ. ئەم مەعنایەش لەگەڵ «دەورە نە جەورە» ڕێکتر دێت چونکە لە کۆنەوە بڕیار دراوە لەسەر بەخشینەوەی شەراب. هەرکەسە بە پێی نەصیبی خۆی. لەمەدا ڕەخنە ناگیرێ کە کەسانێ زۆر هەن بەر ئەو بەخشەندەییە ناکەون چونکە نالی قسەی لە ئەهلی بەزمی «دەننی فورات»ـە کە هەمووی خاوەن پشکن، ئەوانەی لەو جۆرە کەسانە نین حیساببەدەرن.