سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

عیشقت، کە مەجازی بێ، خواهیش مەکە ئیللا کچ

1
عیشقت، کە مەجازی بێ، خواهیش مەکە ئیللا کچ
شیرین کچ و لەیلا کچ و سەلما کچ و عەذرا کچ
لاپەڕەی 157
عیشقی مەجازی: لای ئەهلی دڵ عیشق دوو جۆرە، عیشقی حەقیقی کە عیشقی خوایە و عیشقی مەجازی کە عیشقی جینسییە .
خواهیش: داوا . ئارەزوو، شیرین
لەیلا: بێجگە لە مەعنا لەفظییەکەی کە نەشەی کاتی سەرخۆشییە و لەوەش کە ناوی ئافرەتە، ئیشارەتیشە بۆ لەیلای قەیسی عامیری .
سەلما: بێجگە لە مەعنا لەفظییەکەی کە ساغی ئەگەیەنێ و لەوەش کە ناوی ئافرەتە، ئیشارەتیشە بۆ (سەلما) ی ڕەمزی دڵداری لە ئەدەبی عەرەبدا .
عەذرا: بێجگە لە مەعنا لەفظییەکەی کە واتە (کچی دەست بۆ نەبراو) و لەوەش کە ناوی ئافرەتە، ئیشارەتیشە بۆ مەریەمی دایکی عیسا و بۆ عەذرای قارەمانی ڕازی خۆشەویستیی (وامیق و عەذرا).
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە لە عیشقا ڕێگای عیشقی مەجازیت گرتەبەر، هەر کچت بوێ.. چونکە هەر سیفەتێکی جوان لە عەشقدا مەبەست بێ، هەمووی لە کچدا کۆبووەتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
نالییی لە ناوەکانا لەطافەتی بەکارهێناوە، وەک لە مەعنا لێدانەوەکانیدا ڕوونمان کردەوە.
دەستنووس
عیشقت (چر): عیشقێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
نیوەبەیتی دووهەم لە سەرووی لاپەڕە 157:
شیرین کچ و، لەیلا کچ و، سەلما کچ و، عەذرا کچ
یەک بڕگەی زیادە لە کێشی بەحرەکە، دەبێ «و»ی دوای کچی دووهەم لاچێت:
شیرین کچ و، لەیلا کچ، سەلما کچ و، عەذرا کچ

بەحرەکە چواردە بڕگەییە، ئەمیان بۆتە پازدەیی و مۆسیقای ناوەکی بەحرەکەش پازدەیی قبووڵ ناکات وەک کە هەندێ بەحر قبووڵ دەکات، لە نموونەدا دەڵێم:
خاو و بێ خاوی دوو زوڵفی خاوم ئەز
یازدە بڕگەییە، کەم و زیاد هەڵناگرێ.
«عومری بێ حاصلی من چوو بە عەبەث»
ئەمیش یازدە بڕگەییە، بەڵام نیوەبەیتی یەکەمی کۆتایی غەزەلەکە:
نالی ئەم غەنچە دەمە بیزارە [یاخود بێ زارە]
دە بڕگەییە و لەنگیش نییە. نیوەبەیتی دوای خۆی:
مەکە ماچی دەمی ئەرجوو بە عەبەث
یازدەییە و ناشبێتە دە.
2
فەرقی کوڕ و کچ ڕۆشن، وەک فەرقی مەهـ و میهرە
ئەم فەرقی شەو ڕۆژە وەک فەرقە لە کوڕ تا کچ
لاپەڕەی 157
مەهـ: مانگ .
میهر: خۆر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: جوانیی کچ وەک هیی خۆر وایە و هیی کوڕ وەک هیی مانگ. خۆر نیشانەی ڕۆژە و مانگیش نیشانەی شەو و بە ئەندازەی جیاوازیی نێوان خۆر و مانگ، لەنێوان خۆر و مانگ، لەنێوان کوڕ و کچیشدا جیاوازی هەیە.
نالییی لە نیوەی دووهەمی ئەم شیعرەدا بە نیازی دووپات کردنەوەی جیاوازیی زۆری نێوان کوڕ و کچ بۆ مەسەلەی دڵداری، تەشبیهی مەقلووبی کردووە، ئەگینا ئەبوو بیوتایە: ئەم فەرقی کوڕ و کچە وەک فەرقی شەو و ڕۆژە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەهێنانی (شەو) و (ڕۆژ) دا بەدوای (مەهـ) و (میهر) دا، لەف و نەشری مورەتتەب و لە کۆکردنەوەی (کوڕ) و (کچ) و (شەو) و (ڕۆژ) یشدا طیباق هەیە.
دەستنووس
ئەم (ت): ئەو. (عم) و (گم): وەک. وەک فەرقە (چر): وەک فەرقی. وەک (عم) و (گم): ئەم.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕەکەدا وشەی «ڕۆشن» هی زاری ئێستاکەی بەشێکی کوردەوارییە، نالی «روشن»ی نووسیوە و گومانیش نییە لەوەدا کە «ڕەوشەن»ـی مەبەست بووە. پێشتریش عەینی مەبەستم دەربڕیبوو، تەنانەت وەک لەبیرمە «ڕەوشەن بەدرخان»یشم بە بەڵگە هێنابۆوە. نالی کە بڵێ: «وەرە سەر بام بامداد...» بێگومان «ڕەوشەن» بەکاردەهێنێت. بەشی زۆری هەرەزۆری ناوی کچی کوردی ئەم ڕۆژگارەش هەر «ڕەوشەن»ـە.
3
مەهـ مەهـ لە مەهی سادە: یەعنی لە قەمەر لادە
هەم شەمس و ثورەییا کچ، هەم زوهرەیی زەهرا کچ
لاپەڕەی 158
مەهـ مەهـ: (مە) ، وشەیەکی عەرەبییە واتە دەسبەردار بە، دووبارە کراوەتەوە .
سادە: بێ موو .
ثورەییا: کۆمەڵە ئەستێرەیەکن لە گەردنی (ثەور) دا لێی جوێ نابنەوە .
زوهرە: ئەستێرەی ناهید .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لێکدانەوەی ئەدەبی
نالییی لەم شیعرەدا لەطافەتی بەکارهێناوە، چونکە لە زمانی عەرەبیدا (قەمەر) موذەککەرە و (شەمس) و (ثورەییا) و (زوهرە) موئەننەثن.
4
بێ ‌بێنە گوڵی ژاڵە، هەم بێ بەرە، هەم تاڵە
قەد سەرو و سنەوبەر کچ، چاو نێرگسی شەهلا کچ
لاپەڕەی 158
بێن: بۆن
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کوڕ وەک گوڵی ژاڵە وایە، نە بۆنی هەیە و نە بەریش ئەدا و تاڵیشە. بەڵام کچ باڵای وەک داری سەرو و سنەوبەر بەرزە و چاوی وەک نەرگسی مەست وایە.
ئەشگونجێ (بێ بێنە) بە (بیبینە) بخوێنرێتەوە، واتە سەیری کە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (بەر) و (بێن) و (تاڵ) دا تەناسوب و لەنێوان (ژاڵە) و (تاڵە) دا جیناسی لاحیق هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 158:
بێ بێنە گوڵی ژاڵە، هەم بێ بەرە، هەم تاڵە
قەد سەرو و سنەوبەر کچ، چاو نێرگسی شەهلا کچ

کاشکی دەمزانی وشەی «نرگس - کە بە نێرگس نووسراوە» ئایا نالی «نرگس» یاخود «نیرگس»ی نووسیوە. مەنتیقی ئەو سەردەمانە، بێ مەکەمەکە «نرگس»ی سەلماندووە ئەگەر «نرکس» نەبووبێ.
5
کوڕ وەک گوڵی گوڵزارە، ئەمما ثەمەری خارە
وەک هەنگی چزوودارە، هەنگوێنی موصەففا کچ
لاپەڕەی 158
خار: دڕک .
موصەففا: پاڵفتە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دوور نییە مەبەستی نالییی لەم شیعرە ئەوە بووبێ بڵێ بەڵێ ڕاستە کوڕ وەک گوڵی گوڵزار وایە بەئاسانی بنیادەم ئەتوانێ بڕوا بیکاتەوە، بەڵام بەرەکەی زیان و تاوانە. ڕاستە کچیش وەک هەنگی چزوودار وایە پیاو بێ مەینەت ناتوانێ بیبڕێتەوە، چونکە نە خۆی خۆی هەروا ئەدا بە دەستەوە و نە کەسوکاریشی بێ ئەرکێکی گران ئەیدەن بە شوو، بەڵام لەپاش دەسگیر بوون وەک هەنگوێنی پاڵفتە وایە، چۆن ئەو مۆمی پێوە نییە، ئەمیش گوناە و ئابڕوو چوونی لەدوا نییە. ئەگەر مەبەستی نالییی ئەمە بێ کە ئێمە تێی ئەگەین ئەوا ئەم شیعرە ئیشارەتە بەو ڕاستییە کە لە کۆمەڵگا داخراوەکانی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا هەستی پێ ئەکرێ لەبارەی پەیوەندی جینسییەوە. شیعرەکە ئیشارەتێکی تریشی تیایە، بەڵام بۆ باس کردن ناشێ.
6
کچ پەرچەمی چین چینە، دوو مەمکی لەسەر سینە
وەک شانەیی هەنگوینە بۆ لەذذەتی دنیا کچ
لاپەڕەی 159
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لێکدانەوەی ئەدەبی
لەم شیعرەدا، لە کۆکردنەوەی (چینە) و (سینە) دا جیناسی لاحیق و لە یەکخستنی (شانە) و (پەرچەم) ـدا تەناسوب هەیە، چونکە دوور لە مەعناکەشی کە (پوورە هەنگ) ـە، بەشێوەی نووسین لەگەڵ (شانە) ی سەر داهێنانیشدا یەک ئەگرێتەوە.
دەستنووس
ئەم شیعرە تەنها لە دەستنووسەکەی (چر) دا هەبو و.
7
جەزلی ثەمەر و سایە بۆ صەولەتی ئەعدا کوڕ
نەخلی ثەمەر و مایە بۆ دەوڵەتی دنیا کچ
لاپەڕەی 159
جەزل: بەدەس و دەهەندە .
سایە: پەنا .
صەولەت: هێرش .
نەخل: دارخورما .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کاتی هێرش بردنە سەر دوژمن، کوڕ قوربانیدەر و بە دەس و دەهەندەیە و سایە و پەنای لێقەوماوانە. بۆ ڕابواردن و شان و شکۆی دنیایش کچ دار خورمای بەردارە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (سایە) و (مایە) و (صەولەت) و (دەوڵەت) ـدا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
ثەمەر و (عم) و (گم): ثەمەری. دەوڵەتی دنیا (چن): خەڵوەتی تەنها.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 159:
جەزلی ثەمەر و سایە بۆ صەولەتی ئەعدا کوڕ
نەخلی ثەمەر و مایە بۆ دەوڵەتی دنیا کچ

بە دەست خۆم نییە وشەی «ثەمەر» لە بەیتی دووهەمدا وەک دوومەڵ دێتە بەر تەبیاتم چونکە هەر ئەو واتای «نەخلی ثەمەر»ی نیوەبەیتی پێش خۆی هەڵدەگرێ بە واتای بەر، بەرهەم. بەلامەوە لە ڕادەی بەڵگەنەویستدایە کە «ثەمەر»ی دووهەم «سمر» بووە بە واتای ڕابورادنی شەوانە و «سەمەر» دەخوێندرێتەوە. کە سەیری شەرحی بەیتەکەش بکەیت، لە ئاست «ثەمەر»دا، لە بەیتی دووهەم, دەڵێ: بۆ ڕابواردن... بەڵام خۆی لە «ثەمەر»ەکە دزیوەتەوە چونکە بۆی نەگونجاوە پاتەوپات بیباتەوە بۆ ڕابواردن.
«نەخلی سەمەر و مایە بۆ دەوڵەتی دنیا کچ» زادەی هەناو و قەڵەمی نالییە.
8
کوڕ زیبی دەبوستانە، کچ شەمعی شەبوستانە
بۆ بەزمی تەماشا کوڕ، بۆ خەڵوەتی تەنها کچ
لاپەڕەی 159
زیب: جوانی .
دەبوستان: قوتابخانە .
شەمع: مۆم .
شەبستان: تاریکستانی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کۆر مایەی جوانیی دەسگاکانی خوێندن و خوێندەوارییە.. کچیش بۆ ڕازاندنەوەی ماڵی دەرگا داخراوە.. بۆ بەزم و ئاهەنگ و تەماشا کوڕ، چونکە ئەوسا کۆڕی ڕابواردن هەر بۆ پیاوان بووە.. بۆ بەسەربردنی تەنیایی شەویش کچان..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەکۆکردنەوەی (دەبوستان) و (شەبوستان) دا جیناسی موضاریع هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەم لاپەڕە 159:
کوڕ زیبی دەبوستانە، کچ شەمعی شەبوستانە
بۆ بەزمی تەماشا کوڕ، بۆ خەڵوەتی تەنها کچ

لە شەرحدا دەبوستان هاتۆتەوە بەڵام شەبوستان کراوە بە شەبستان و واتاکەشی بە تاریکستانی لێکداوەتەوە. وادەزانم دەبووستانیش دەبستان بێت، بەڵام بێگومان «شەبستان» ڕاستە نەک بە واتای تاریکستان بەڵکوو بە واتای ژووری مەحرەمی خاوەنماڵ کە شەوانە تێیدا ڕادەبوێرێت.
9
موو سونبولی ئاشوفتە، دوڕ دانەیی ناسوفتە
دەم غونچەیی نەشگوفتە تێفکرە کوڕە یا کچ!
لاپەڕەی 160
ئاشوفتە: تێکچوو .
ناسوفتە: نەسمراو .
نەشگوفتە: نەپشکوتوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بیر کەرەوە بزانە کوڕ خاوەنی قژی تێکچووی وەک سونبولی ئاڵۆزاو و دوڕڕی نەسمراو و دەمی وەک خونچەی نەپشکووتوو بچووکە، یا کچ؟ دیارە کچ !
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 160 لە نیوەبەیتی سەرووی لاپەڕەکە وشەی «نەشگوفتە» هاتووە. گەڕامەوە بۆ لیستەی هەڵەکان، ئیشارەتی بۆ نەکراوە، دەبێ لەبیریان چووبێ... بەڵام دەبینم لە شەرحیشدا «نەشگوفتە» هاتووە، وادەزانم «نەشکوفتە» ڕاستە بە واتای نەپشکووتووە.
10
کوڕ ئایینەیی حوسنی، تا وەک کچە، مەنظوورە
گرتی کە غوباری موو چینی کوڕ و مینا کچ
لاپەڕەی 160
مەنظوور: تەماشاکراو .
مینا: شووشە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاوێنەی جوانیی ڕوومەتی کوڕ تا وەک هیی کچ وایە و مووی لێ نەهاتووە، بۆ تەماشاکردن ئەشێ. بەڵام کە تۆزی دێزی گەنەتووکی لێ نیشت، وەک قاپی فەخفووریی لێ دێ، کەچی کچ هەر بە شووشەیی خۆی ئەمێنێتەوە و هیچی لێ نایێ.
دەستنووس
حوسنی (چر) و (گم) و (کم): حوسنە.
11
کوڕ تازەوو تەڕ، مادام سادە وەکو خوشکی بێ
ئەمما کە ڕوا سەبزە، دیبا کوڕ و زیبا کچ
لاپەڕەی 160
دیبا: پارچە قوماشی نەخش لەسەرکراو .
زیبا: جوان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕاستە کوڕ تا وەک خوشکی مووی لێ نەهاتبێ، تازە و تەڕ و پاراوە، بەڵام کە شینایی گەنەتووکی لێ ڕوا، ئەو مووەی لێی ڕواوە، ئەبێ بە نەخش و نیگاری دەست‌کرد بۆ دەم و چاوی. کەچی کچ بە جوانی و قەشەنگیی سروشتکردی خۆی ئەمێنێتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (دیبا) و (زیبا) دا جیناسی موضاریع هەیە.
12
بۆ شەربەتی شیرینی فنجانە لەسەر سینی
مەم توحفەیی توففاحی، شەم عەنبەری بۆیا کچ
لاپەڕەی 161
مەم: مەمک .
توحفە: دیاری .
توففاح: سێو .
شەم: شەمع، مۆم .
بۆیا: بۆندار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مەمکی وەک سێو خڕ و وەک ماڵی دیاری نایابی کچ، کە باڵای وەک شەمع بەرز و ڕێکە و وەک عەنبەر بۆنخۆشە، وەک فنجان وایە بەسەر سینیی سنگیەوە بۆ گێڕانی شەربەتی شیرینی.
13
هەم گوڵبەنی بێ خاری، هەم مەزرەعی ئەزهاری
هەم مەخزەنی ئەسراری، ئیثباتی مەزایا کچ
لاپەڕەی 161
گوڵبەن: دار گوڵ یا چەپکە گوڵ .
مەزرەع: مەزرەعە، جێگای کشتوکاڵ .
ئەزهار: جەمعی زەهرە . واتە گوڵ .
مەخزەنی ئەسرار: جێگای ڕاگرتنی ڕاز و نهێنی .
ئیثباتی مەزایا: پێ سەلماندنی باشترێتی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەڵگەی سەلماندنی باشترێتیی کچ لە کوڕ ئەوەیە کە کچ چەپکە گوڵی بێ دڕکە و گوڵی تیا ئەچێنرێ واتە تۆوی مرۆی تیا دائەنرێ و مناڵی لێ ئەبێ و کە خاوەنی شتێکیشە ڕازی ڕاگرتووە وەک کچێتییەکەی بێ.
ئەشتوانرێ (مەزرەعی ئەزهاری) وا بخوێنرێتەوە:
(مەزرەعەیەزهاری = مەزرەعەی ئەزهاری). بەم پێیە وشەی (مەزرەعە) دەسکاری نەکراوە و تەنها بۆ هاوسەنگیی شیعرەکە لەگەڵ وشەی (ئەزهاری) تێکەڵی یەک کراون.
دەستنووس
بێ خاری، ئەزهاری، ئەسراری (عم) و (کم) و (گم): بێ خارە، ئەزهارە، ئەسرارە. ئیثباتی مەزایا (چن) و (کم) و (گم) و (ک) و (تۆ): ئەسبابی موهەییا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 161، نیوەبەیتی یەکەمدا، وشەی «گوڵبەن» نووسراوە. لە قەصیدەی لاپەڕە 544 وشەکە «گوڵبن» هاتووە. بێگومان نالی «گلبن»ی نووسیوە ڕەنگە «گ»ـەکەشی بە «ک» نووسیبێ. وابزانم «گوڵبون» ڕاست بێ.
14
جەننەت پڕی ویلدانە، خادیم هەمو غیلمانە
خانم کە تێدا حۆرین، یەکسەر هەموو حەسنا کچ
لاپەڕەی 161
ویلدان: جەمعی وەلەدە واتە کوڕ .
غیلمان: جەمعی غولامە واتە کوڕی تازە پێگەیشتوو .
خانم: ئافرەتی گەورە و سەرۆک . حەسنا
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەهەشت پڕیەتی لە کوڕی جوان و خزمەتکارانی ناو بەهەشت هەموو کوڕی تازە هەڵچوون. حۆرییەکانی بەهەشت کە سەرکردە و خاوەن ماڵن، هەموو لە بەرەی کچانن. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کچ چاترە لە کوڕ ئەگینا ئەوان گەورە و ئەمان کارەکەر ئەبوون.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سێهەمی لاپەڕەکەدا «تێیدا» کێشی شیعری تەنبەڵ و ناجۆر کردووە. «تیا» شیاوی جێگاکەیە. لە بەیتی دووهەمدا دەبوو بڵێم وشەکانی «بێخاری، ئەزهاری و ئەسراری» کە دراونەتە کەسی دووهەمی تاک دەبوو بدرێنە کەسی سێهەمی تاک و بنووسرێ «بێخارە، ئەزهارە و ئەسرارە» چونکە هەموو قەصیدەکە ڕووی قسەی لە کەسی سێهەمە.
15
گەر ئەشرەف و مەحبووبە، یووسف کوڕی یەعقووبە
کچ بوو بە خڕیداری یەعنی کە زولەیخا کچ
لاپەڕەی 162
خڕیدار: کڕیار .
زولەیخا: ژنی عەزیزی میسر کە دڵی چووبوو لە یووسف .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕاستە یووسفی کوڕی یەعقووب کوڕێکی بەشەرەف و خۆشەویست بووە و ئەمەش وا ئەگەیەنێ کە کوڕ چاترە لە کچ، بەڵام نابێ ئەوەش لەیادکەین کە ئەوی یووسفی کڕی، زولەیخا بو کە کچ بو.
دەستنووس
گەر (چر) و (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ک) و (تۆ): کوڕ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە سەرەتای لاپەڕە 162، «گەر» هاتووە، ڕاسییەکەی «کوڕ»ە.
ئەم بڕەشیعرە لە «محاورە»ی نێوان دوو شاعیر دەچێت، یەکیان بۆ کوڕ ئەوی دیکەیان بۆ کچ دابشکێنێ. هەر لە بیرمە لە سەرەتای عومری خوێندنی «متوسطة»مدا گوێبیستی ئەوە بووم کە نالی و شاعیرێکی دیکە ئەو قەصیدەیە «یان یەکێکی وەک ئەو»یان بە نۆرە داناوە، هەر یەکە بەیتێکی بۆ دڵپەسەندەکەی خۆی گوتووە، ئەمیان بۆ کوڕ ئەویان بۆ کچ. دەشێ ئەو دەمە کە قسەکەم دەبیست حیکایەتێک هەڵبەسترابێت لەسەر بنەمای ئەو قەصیدەیە. ئەمە دەڵێم لەم ڕۆژگارەدا کە دەزانین لە سەردەمی گەنجایەتیی نالیدا، لە سالم و کوردی بەولاوە، شاعیر پەیدا نەبووبوون هاوشانی نالی بن... هەروەها دەگوترا غەزەل هەیە «خواهیش مەکە ئیللا کوڕ» کە ڕکەباری ئەم غەزەلە دوولایەنەی کردووە ئیتر بۆ حەریق یان شاعیرێکی دیکە دەبرایەوە.
16
صیددیق و عەزیز هەروەک یووسف کە نەبی بوو کوڕ
صیددیقەیی مەعصوومە وەک داکی مەسیحا کچ
لاپەڕەی 162
صیددیق: زۆر ڕاستگۆ، حەزرەتی یووسف . لە قورئاندا هەیە « یوسف ایها الصدیق ..» واتە
عەزیز: عەزیزی میسر، مێردی زولەیخا .
نەبیی: پێغەمبەر .
صیددیقەیی مەعصوومە: ئافرەتی باوەڕپێکراوی بێگوناهـ، حەزرەتی مریەمی دایکی مەسیح .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەگەر لەبەرەی کوڕانا کەسانی وەک حەزرەتی یووسف و عەزیزی میسر بووین، کە زولەیخای ژنی دووهەمیان دڵی لە یەکەمیان چوو، ئەوە نابێ بە بەڵگە بۆ ئەوە کە هەمیشە کوڕ لە کچ داوێن پاکترە. لەناو کچانیشدا داوێن پاکی وەک مەریەمی دایکی مەسیح هەڵکەوتووە..
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەهەمەحاڵ، سەیرێکی وردی بەیتی دووهەمی لاپەڕە 162 بکەیت:
صیددیق و عەزیز هەروەک یووسف کە نەبی بوو کوڕ
صیددیقەیی مەعصوومە وەک داکی مەسیحا کچ

لەبەر مجێزی من بە هی نالی ناچێت «واللە أعلم بالصواب».
17
بابێکی هەیە دونیا بۆ عەشقی مەجازی، بەس
«نالیی» چییە ئەو بابە: ئادەم کوڕ و حەووا کچ
لاپەڕەی 162
باب: دەرگا . جۆر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: عیشقی مەجازی یەک دەرگای هەیە مرۆ لێیەوە بچێتە ژوورەوە، یا یەک جۆری هەیە، ئەویش ئەوەیە لەنێوان نێر و مێدا بێ، چونکە ئێمە هەموو نەوەی ئادەم و حەوواین و ئادەم کوڕ بووە و حەووا کچ و کەواتە عیشقی مەجازی ئەبێ بە کوڕ و کچ بکرێ نەک بە کوڕ و کوڕ.
ئەم ‌قەصیدەیەی نالیی کە بە مەبەستی بەرهەڵستی لە گرتنەبەری ڕێگای نادروست دایناوە لە کاروباری جینسدا، ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرای باری کۆمەڵایەتیی ئەو ڕۆژەیە لەم ڕووەوە و ئەگەر بەراوردێکیشی لەگەڵ ئەو قەسیدانەی شاعیرانی تری پاش خۆی بکەین کە بە ئاشکرا لایەنی دڵداریی لەگەڵ کوڕدا ئەگرن. بۆمان دەرئەکەوێ کۆمەڵ لە چ لێژێکی بێڕەوشتیدا تێگلابو.
دەستنووس
عیشقی مەجازی (عم) عیشقی مەجاز و.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
من لەو ئاستەدا بە سووکی تێ‌ ناپەڕم. پێم وایە ئەم شیعرە بێوێنەی نالیی کە لەگەڵ وەصفی جوانی کچ ڕەخنەی لە هاوجینسبازی گرتوە. جگە لەوەی کە هاوجینسبازی لەو سەردەمەدا باو بووە بەتایبەتی لە نێو تورک و عەرەبدا وەک مەلایەکی شەرعزان بە گوناهێکی گەورەی زانیوە دەگەڵ بیروڕای ڕەوانشناسی ئەمڕۆش ڕێکدەکەوێ کە هاوجینسبازی بە نەخۆشی جینسی دەزانن یانی نالیی نەک هەر شەرعزان بووە بەڵکە ڕەوانشناسیش بووە.