سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

عەمری بێ حاصڵی من چوو بە عەبەث

1
عەمری بێ حاصڵی من چوو بە عەبەث
ئەمەکم هەرچی هەبوو چوو بە عەبەث
لاپەڕەی 155
عەبەث: پڕوپووچ .
ئەمەک: وەفا . ئومێدێک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: عومری بێهوودەم لەخۆڕایی لەکیس چوو، هەرچی وەفام بۆت پیشان دا، یا هەرچی هیوایەکم هەبوو، هەموویم لە دەست دەرچوو.
دەستنووس
ئەمەکم (چر): ئەمی‌کەم. (عم) و (گم): ئەمەلم. (کم): ئەمەکەم. (ک): ماڵەکەم. چوو - ی دووهەم - (عم): بوو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
دوو بەیتی لاپەڕە 155:
عومری بێ حاصڵی من چوو بە عەبەث
ئەمەکم هەرچی هەبوو چوو بە عەبەث
میهری بێ میهری ڕوخت گیراوە
لە منی سایە صیفەت چوو بە عەبەث

دەبوو نیوەبەیتی یەکەم، قافیەکەی، «بوو بە عەبەث» بێ، لەبەر چەند سەبەبێک: یەکیان ئەوەیە کە سێ قافیەی بەدوا یەکتردا هاتووی «چوو بە عەبەث» عەیبە لە شیعر. دووهەمیان ئەوەیە ئەگەر کۆتایی بەیتی دووهەم بکەینە «بوو بە عەبەث» عەیبی دوو قافییەی بەدوا یەکدیدا هاتووی بەیتی یەکەم دەمێنێ و عەیبترە لەوەی قافیەی دوو بەیتی جودا یەک شت بێ، سەرەڕای ئەوەی کە «چوو»ی کۆتایی بەیتی دووهەم جگە لە «ڕۆیی، نەما» واتایەکی دیکەشی هەیە کە «لێکترچوون، تشابە» دەبەخشێ، بەوەدا کە گیرانی ڕووی یار «کە بە ڕۆژ حیساب کراوە» وەهای کرد لە «نالی»ی سایەصیفەت بچێ. ئەم واتایەش کە لێکترچوون دەبەخشێ سەبەبە نالی ڕازی بکا بە هاتنی دوو «چوو» لە قافیەی دوو بەیتی دراوسێ مادەم واتایان جودایە.
وشەی «ئەمەک» جگە لەوەی بازاڕییە و گۆڕاوی «نمەک»ـە بەسەر زارانەوە، بە زۆرەملێ نەبێ جێی لە بەیتەکەدا نابێتەوە مەگەر بسەلمێنین هەر وشەیەکی کێش تێک نەدات قبووڵ بێت وەک ئەوەی بڵێین تووتنم هەرچی هەبوو چوو بە عەبەث. دیارە «ئەمەلم» لە جێدایە.
2
میهری بێ میهری ڕوخت گیراوە
لە منی سایە صیفەت چوو بە عەبەث
لاپەڕەی 155
میهر: خۆر . خۆشەویستی .
سایە: سێبەر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕۆژی وەک خۆری بێ خۆشەویستیی تۆم لێ گیراوە، بەدکار کەوتووەتە بەینی من و ئەوەوەو، لە دەستی منی سێبەرئاسا دەرچووە. نالییی کە خۆی کرد بە سێبەر و ڕووی یاری کرد بە خۆر، بەوە بڕیاری نەمانی خۆی دا چونکە سێبەر لە بوونی خۆرەوە پەیدا ئەبێ.
نالییی لەم شیعرەدا خۆی شوبهاندووە بە تۆپی زەوی و ڕووی یار بە تۆپی خۆر و خۆشەویستییەکەی بە تیشکی خۆر و بەدکار بە مانگ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە وشەی (گیراوە) دا تەورییە و لە کۆکردنەوەی (میهر) و (سایە) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
ڕوخت (چر) و (عم) و (کم) و (گم): دەرت. (مز): ڕووت. چوو - ی دووهەم - (عم) و (کم) و (ت): بوو.
3
قەصدی یاریتە لەکن بەزمی ڕەقیب
یاری من! خۆت مەکە بەدخوو بە عەبەث
لاپەڕەی 156
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گوایە بەڕاستت نییە و یاری ئەکەی کە لەگەڵ بەدکاردا ڕائەبوێرێ و ڕووی خۆشی ئەدەیتێ. ئەی دۆستی خۆشەویستم، لەخۆڕایی خۆت پیاوخراپ مەکە، بەدکار بۆ ئەوە ناشێ بە هیچ ڕوویەک ڕووی بدەیتێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (یاریتە) و (یاری) ـدا جیناس هەیە.
دەستنووس
لەکن (« پەراوێزی » چر) و (کم) و (گم) و (مز): لەگەڵ.
4
خانەیی دڵ کە خەرابە، چ بڵێم
بە خەیاڵت کە: بفەرموو، بە عەبەث!
لاپەڕەی 156
خانە: ماڵ .
خەراب: وێران .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مادەم ماڵی دڵم وێرانەیە و کەڵکی تیا دانیشتنی پێوە نییە، چوون، بێهوودە، بە یادت بڵێم فەرموو وەرە ناوی.
ئەمەی نالییی ئەیڵێ وێنەیەکی ئێجگار ناسکە. ئەو تەنانەت بەوەش ڕازی نییە کە یادی یار بە دڵی پڕ ئازاریا تێپەڕێ، نەبادا یادی ڕەنجیدە ببێ !
5
«نالیی» ئەو غونچە دەمە بێ زارە
مەکە ماچی دەمی، ئەرجوو، بە عەبەث
لاپەڕەی 156
بێ زار: بێ دەم، یاخود بێزار بەمەعنا وەڕس و بێ‌تاقەت .
ئەرجوو: تکا، لە (‌ أرجو) ی فیعلەوە وەرگیراوە بەمەعنا تکا ئەکەم، یاخود هەر فیعلەکە خۆیەتی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەخۆڕایی بەتەمای ماچی دەمی ئەو یارە مەبە کە دەمی وەک خونچەی نەپشکووتووە، بێزار وەڕسە، تاقەتی ماچ دانی نییە، بەتەمای ماچی مەبە.
یاخود: تکات لێ ئەکەم بە بێهوودە دەمی ماچ مەکە چونکە مادەم دەمی ئەکاتەوە یا دەمی نەپشکووتبێ، وەک دەمی نەبێ وایە.