سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئەی سەروی بوڵەند قەدد و برۆ تاق و مەمک جووت!

1
ئەی سەروی بوڵەند قەدد و برۆ تاق و مەمک جووت!
کێ دەستی دەگاتە بەی و ناری نەگەیشتووت؟!
لاپەڕەی 152
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی یاری باڵا وەک سەرو بەرزی، برۆ وەک تاق کەوانیی، مەمک دوان ! تۆ باڵات ئەوەندە بەرز بێ، کێ دەستی ئەگاتە جووتە مەمکی وەک کاڵەی بەی و جووتە گۆنای وەک هەنارت کە هێشتا پێ نەگەیشتوون؟ !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (تاق) و (جووت) ـدا طیباقی لەفظی هەیە چونکە مەعنای (تاق) لێرەدا (یەک) نییە تا بەرابەری جووت بێ و لە کۆکردنەوەی (بەی) و (نار - هەنار) یشدا تەناسوب هەیە و شیعرەکەش تێکڕا حوسنی تەعلیلی تیایە، چونکە ئەگەر شوێنە گۆڕکێ بە نیوە شیعرەکان بکەین، هۆی دەسنەگەیشتن بە بەی و هەناری نەگەیشتووی مەمک و گۆنای یارمان بۆ دەرئەکەوێ کە بەرزیی باڵایەتی. ئەمەش کە درەختی سەرو بەری بەی و هەنار بگرێ داهێنانێکی جوانە. پەیوەندییەکیش مولاحەزە کراوە لەنێوان وشەی (نەگەیشتووت) و (کێ دەستی دەگاتە) دا واتە (دەست پێ نەگەیشتوو).
دەستنووس
کێ (ک): کەس.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 152:
ئەی سەروی بوڵەند قەدد و، برۆ تاق و، مەمک جووت!
کێ دەستی دەگاتە بەی و ناری نەگەیشتووت؟!

نیوەبەیتی دووهەم لە غەزەلێکی پێشوتردا نیوەبەیتی یەکەم بوو. لەوێدا گوتم «بەی و نار» بۆ جووتەمەمک دەچێتەوە نەک وەک شەرحەکە «بەی» بۆ مەمک و «نار، هەنار» یشی بۆ گۆنا داناوە. لەم بەیتەشدا هەمان شتی دووەبارە کردۆتەوە، هەر دەشبوو وەها بکات، منیش هەمان قسەی ئەو شوێنەم دووبارە دەکردەوە. «بوڵەند» دەبێ «بولەند» بێ چونکە «ڵ» لە فارسیدا نییە.
2
دەم هەمدەمی غونچێکە نەپشکووتووە هێشتا
با کەشفی نەکرد بەرگی عەطرپۆشی گوڵی ڕووت
لاپەڕەی 152
دەم: هەناسە . دەم .
هەمدەم: هاودەم، هاوڕێ .
غونچێکە: غونچەیەکە .
کەشفی نەکرد: دەرینەخست، لای نەدا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەناسەت کە وەک شنەی بای بەیانی ناسکە، یا هەناسەی من کە وەک سروەی بای سبەینان ساردە، بە دەوری دەمتایە کە وەک خونچەی نەپشکووتوو نەکراوەیە، یا دەمت هاوڕێی خونچەی نەپشکووتووی لێوتە و هێشتا با لەگەڵ ئەو مەحرەمی و ناسکییەشی کە هەیەتی و بە هەموو شوێنێکدا دێ و دەچێ، ئەو پەڕە ناسکەی لانەداوە کە عەتری گوڵی ڕووتی شاردووەتەوە. مەبەستی لەوەیە هێشتا کەس دەسی بۆ نەبردووە یا تەنانەت بایش لە ڕازی جوانییەکەی نەگەیشتووە. ڕێیشی تێ ئەچێ ڕووی دەمی لە کچێکی نووستوو بێ سەرپۆشێکی تەنکی دابێ بەسەر دەم و چاویا. نالییی لەم شیعرەدا لە لایەکەوە دەمی یاری شوبهاندووە بە خونچەی نەپشکووتوو و لە لایەکی کەشەوە ڕووی شوبهاندووە بە گوڵی بۆندار کە پەڕەیەکی ناسکی بەسەرەوە بێ و هێشتا با لای نەدابێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە وشەی (دەم) ـدا لەطافەت و لە (دەم) و (هەمدەم) ـدا جیناسی لاحیق و لە کۆکردنەوەی (خونچە) و (با) و (بەرگ) و (عەطر) و (گوڵ) ـدا تەناسوب هەیە.
3
گریانی من و خەندەیی تۆ ئێستە دەشوبهێ
بەو مەوسیمی بارانە کەوا خونچە دەپشکووت
لاپەڕەی 153
مەوسیم: وەرز .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گریان و فرمێسک ڕشتنی من لە دەردی دووریی تۆ و گوێ نەدان و پێکەنینی بێباکانەی تۆیش بە من لەو کاتە ئەچێ کە بەهاران باران ئەبارێ و خونچە ئەپشکوێ. وا دیارە خونچەی دەمی تۆ بە بارانی گریانی من ئەپشکوێ.. دیارە ئەبێ دووریی نێوان نالییی و یارەکەی ئەوەندەی دووریی نێوان هەور و زەوی بێ کە ئەویان بارانەکەی لێوە دێ و ئەمیان خونچەکەی تیا ئەپشکوێ.. لە لایەک شیوەن و گریان بێ و لە لایەک بەزم و پێکەنین !
لێکدانەوەی ئەدەبی
نالییی لەم شیعرەدا تەشبیهی مورەککەبی بەکار هێناوە. دوو شتی جوێ و لە دوو باری دژی یەکتریدا شوبهاندووە بە یەک. ئەمە یەکێکە لە شاکارەکانی نالییی.
دەستنووس
دەشوبهێ (چر) و (کم) و (گم): دەشوبهێن.
4
خڵخاڵی قەدم، وەک خەمی زولفەینی سەراپات،
پشتانی قەدت بێت و فیدای بازنی بازووت
لاپەڕەی 153
خڵخاڵ: پاوانە،
خەم: چەمیوە .
پشتان: هاوباڵا .
بازوو: قۆڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یاخوا باڵای وەک پاوانە چەمیوەی لە دەوری پێت گەڕاوم، وەک زەڵفە لوولەکانت کە لە تەوقی سەرتەوە تا بەری پێتیان گرتووەتەوە، ڕاست بێتەوە و ببێ بە هاوباڵای قەدت.. لەجیاتیی ئەوەی بە سەر گەردی پێت بێ و هەر لەبەر پێتا کەوتبێ، بەقوربانی بازنی قۆڵت بێ و شان و باڵت بگرێتە باوەش !
ئەم ئاواتی گۆڕانە لە حاڵی (لەبەر پێدا کەوتن) ـەوە بۆ (لە باوەش گرتن) ـی یار، کە نالییی لەم شیعرەیدا دەریبڕیوە گواستنەوە و بەراوردێکی گەلێ هونەرمەندانەیە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (خڵخاڵ) و (بازن) ـدا تەناسوب و لە بەرانبەر بە یەک کردنی (قەدەم) کە لە شێوەی نووسینی جارانی (قەدم) ـەوە دەرئەکەوێ - و (بازوو) و (خەم) و (پشتان) مدا طیباق و لەنێوان (قەدم) و (قەدت) و (بازن) و (بازوو) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
قەدت (چر) و (چن) و (ک): قەدەم.
5
خاڵی نییە «نالیی» دڵەکەت ساتێ لە هیجران
تا تاری وجوودت نەپسێنێ مەلەکولمووت
لاپەڕەی 154
تار: تاڵ .
مەلەکولمووت، مەلەکولمەوت (ملک الموت): فریشتەی گیانکێشان، عیزرائیل .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تا فریشتەی گیانکێشان بەنی ژیانت نەپچڕێنێ، بە یار ناگەیت و دڵت تاوێک لە خەمی دووریی یار خاڵی نابێ.
نالییی لەم شیعرەدا ویستوویە وشەی (مەلەکولمووت) بەم جۆرەش بخوێنرێتەوە (ملی کەلمووت) واتە: ملی وەک موو باریکت ! بەم پێیە مەعنای شیعرەکە زیادەڕەوییەکی جوانی تێ ئەکەوێ. واتە: دڵت لە دەردی دووریی یار خاڵی نابێتەوە تا ئەوەندە لەڕ و لاواز ئەبێ پەتی ژیانت بە ملی وەک موو باریکت ئەپچڕێ. ئەمەش وا ئەگرێتەوە هەر بە سەر زیندوو بێ و لەڕاستیدا کەڵکی هیچی پێوە نەمابێ و ئەگەر بە یاریش بگا هیچی لێوە دەسگیر نەبێ..
دەستنووس
دڵەکەت (چن): دەمەکەت. واتە: هەر باسی دووریی یار ئەکەی... تاد