سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

مەکە ئیخلافی ئەو وەعدەی کە فەرمووت

1
مەکە ئیخلافی ئەو وەعدەی کە فەرمووت
دەخیلت بم کە خانەی صەبرەکەم سووت
لاپەڕەی 148
ئیخلاف: پێچەوانە کردن .
خانە: ماڵ .
سووت: سووتا . سوویەت، بەرەو تۆ (بە فارسی).
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەسم داوێنت، ئەو گفتەی داتمێ بەپێچەوانەی مەجووڵێرەوە و لێی پاشگەز مەبەوە، چونکە وا خەریکە ماڵی سەبرم ئاگری تێ بەرئەبێ، یاخود چونکە ڕووی ماڵی سەبرم کردووەتە تۆ، بەڵکو لایەکم بەلادا بکەیتەوە.
دەستنووس
ئەو (کم) و (گم) و (ت): ئەم. وەعدەی (چن) و (عم) و (ک): وەعدە.
2
لە ڕووت و قووتی وەک من ڕوو مەپۆشە
کە وەصڵی تۆیە قووتی عاشقی ڕووت
لاپەڕەی 148
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕووی خۆت لە هەژاری ڕووت و قووتی وەک من مەشارەوە، چونکە تاقە هۆیەکی ژیان بۆ منی عاشقی ڕووت بریتییە لە پێگەیشتنت کە ئەویش بەهۆی دیتنی ڕووتەوە دێتەدی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ڕووت) و (قووت) ـدا جیناسی لاحیق و لەنێوان هەر سێ (ڕووت) ـەکەدا جیناسی تەواو و لە (ڕووت) ـی (عاشقی ڕووت) ـدا لەطافەت هەیە. (ڕووت و قووت) و (قووتی ڕووت) ـیش لە جیناسی قەلبەوە نزیکن.
3
موژەت قوللابییە هەم تیر و هەم شیر
برۆت میحرابییە هەم تاق و هەم جووت
لاپەڕەی 149
موژە: برژانگ .
قوللابی: وەک قولاپ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: برژانگت وەک قولاپ وایە نووکی وەک تیر تیژە و وەک شمشێریش کەوانییە. برۆیشت هیلالییە وەک میحرابی مزگەوت و لە ڕووی شێوەوە وەک تاق وایە و جووتیشە واتە دوانە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (تیر) و (شیر) دا جیناسی موضاریع و لە (تاق) و (جووت) ـدا طیباق و لە وشەی (تاق) خۆیدا لەطافەت هەیە چونکە بە دوو مەعنا بەکارهاتووە.
دەستنووس
هەم تیر و هەم شیر (مز): هەم شیر و هەم تیر. تاق و (مز): تاقە. ئەم شیعرە لە پەراوێزی نوسخەی (چر) دا بەم جۆرەش نوسراوە:
موژەت قوللابە، یا هەم تیر و هەم شیر؟!
برۆت میحرابە، یا هەم تاق و هەم جووت؟!
4
لە سندووقی پڕی سینەم بترسە
کە ئاگر بەر بداتە تەخت و تابووت
لاپەڕەی 149
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سندووقی سینەم پڕە لە ئاگری داخی دەردی تۆ. بترسە لەوە کە ڕۆژێ لە ڕۆژان بڵێسەی بتگرێتەوە: لە ژیانا بی تەخت و تاراجت بسووتێنێ و مردبی تابووتەکەت بکا بە خەڵووز. یاخود لە سندووقی سینەی پڕ لە ئاگرم بترسە، ئەوەندە بەهێزە بە مردنیشم دانامرکێتەوە و لەوانەیە لەسەر تاتە شۆریش بێ یا لەناو دارە مەیتا ئاگرم تێبەربدا.
دەستنووس
پڕی (عم): گڕی. بترسە (ت). ئاگر (عم) و (گم): ئاور. بەربداتە (چن) و (ت) و (ک): بەردەداتە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 149:
لە سندووقی پڕی سینەم بترسە
کە ئاگر بەربداتە تەخت و تابووت

تێکستی «عم» لە جیاتی «پڕ» نووسیویەتی «گڕ». لەو هێندەی بەیتەکە ڕای دەگەیەنێ بۆ بەر زەینمان «گڕ» لەبارترە بۆ ئاگرتێبەردانی تەخت و تابوو. ئەگەر هاتبایە «تابوو» واتای هەبایە وەک لە ئینگلیزیدا هەیەتی دەشیا «تابووت» بە واتای «تابووی تۆ» بێت و ئەو لێکدانەوەیەی یەکەمی شەرحەکە کە دەڵێ: «بترسە لەوە ڕۆژێ لە ڕۆژان بڵێسەی بتگرێتەوە: لە ژیانا بیت تەخت و تاراجت بسووتێنێ و، مردبیت تابووتەکەت بکا بە خەڵووز» جێی بۆ بکرێتەوە بە مەرجێک: ئەگەر واتای تابووت یاریدەدەر بێ بۆ ئەم لایەنە. بەهەمەحاڵ شەرحەکە گوێی نەداوەتە ئەوەی کە نالی بەپێی لێکدانەوەی ئەوتۆیی زێدە دڕ و دوژمنانە دواوە. چەندی لە واتای بەیتەکە دێتە بەر زەینی گوێگر هەر ئەو واتایەی دووهەمی شەرحەکەیە کە «ئاگر لە تەخت و تابووتی نالی بەر بدات» لەم حاڵەتەدا وشەی «بترسە» جێی لەق دەبێ بەوەدا هۆی ترس لە بەیتەکەدا بۆ یار پەیدا نییە. بە تەئویلێکی نەختێک چاولێپۆشراو دەشێ بگوترێ «تابووت»ی کۆتایی بەیتەکە «تابووتت» بێت و «ت»ی دووهەمی وشەکە قرتابێت بە پێی داخوازیی کێش و قافیە. ئەوسا هەردوو مەعنا جێیان دەبێتەوە...
5
لەبەر خەندەی لەبی لەعلی ئەتۆ بو
کەوا شەککەر دەباری، گوڵ دەپشکووت
لاپەڕەی 150
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە گوڵی سوور ئەپشکووت و شەکر ئەباری، هیی ئەوەبو تۆ پێئەکەنیت و لێوت ئەبزواند و دانت دەرئەکەوت. لە ڕەنگی سووری لێوتەوە، کە ئەتجوڵاند، گوڵ ئەپشکووت و لە ددانی سپیتەوە کە دەرت ئەخستن شەکر ئەباری. ڕەنگ بێ مەبەستی لە بارینی شەکر پێکەنینەکەی یار بێ و بڕگە بڕگەکانی پێکەنینەکەی شوبهاندبێ بە کوڵۆ شەکر، یاخود داوەرینی باری سپیی سەر لێوی یار خۆی و کەوتنە خوارەوەی بێ بەهۆی پێکەنینەکەیەوە و ویستبێتی باڵای یار بشوبهێنێ بە قامیشی شەکر و باری داوەریوی لێویشی بە شەکرەکەی. ئەم مەعنای دووهەمە لە ڕێگای پەیوەندی نێوان (بارین) و (بارە) ەوە ڕێی تێ‌ئەچێ.
نالییی لەم شیعرەدا تەشبیهی مورەککەبی بەکارهێناوە: پشکووتنی گوڵی سوور و بارینی شەکری شوبهاندووە بە پێکەنینی یار و دەرکەوتنی لێو و ددانی. لەم شوبهاندنەدا زیادەڕەوییەکی زۆر جوان و باڵا هەیە.
نیوەی یەکەمی ئەم شیعرە، بەم جۆرە کە لێرەدا نووسیومانەتەوە، تەنها لە کەشکۆڵێکا هەبو برای بەڕێز موحەممەد عەلی قەرەداغی پیشانی داین، تێکڕای ناواخنەکانی لە ساڵانی ١٣٢٨ - ١٣٣٦ی. ک (١٩١٠ - ١٩١٨ی. ز) دا نووسرابوونەوە. نوسخەکانی تری بەردەستمان، لەگەڵ ئەو وردە جیاوازییەش کە لێرەدا ئەینووسینەوە، بەم جۆرە بوون:
ئەوە لێوی ئەتۆیە پڕ لە خەندە؟
ئێمە بۆیە ئەوەی کەشکۆڵەکەی کاک موحەممەد عەلیمان لا پەسەندتر بو، چونکە سەرەڕای ڕەسایی داڕشتنەکەشی، لێوی یاری تیا بە (لەعل) وەصف کرابو. ئەوەش بۆ تەواوکردنی هەموو گۆشەکانی شوبهاندنەکە شتێکی بەبایەخ بو.
دەستنووس
ئەوە (کم) و (گم): ئەمە. دەباری (عم): دەباری و.
لە نوسخەکەی (عم) و (گم) دا لەپاش ئەم شیعرەوە شیعرێکی تریش هەیە. شیعرەکە ئەمەیە:
فیدای دەست و کەمانت بم، بە تیرێ
دەپێکی سێ و دوو هەم تاق و هەم جووت
ئێمە ئەم بەیتەمان بە هیی نالییی نەزانی و نەمان خستە ناو شیرازەی تێکستەکەوە چونکە:
١ - دوا وشەی، وشەی (جووت) ـە و ئەم وشەیە دوا وشەی شیعری پێشوویشە و شاعیری سەرکەوتوویش دوو جار لەپاڵ یەکدا وشەیەک ناکا بە لەنگەری شیعر.
٢ - ڕستەی (بە تیرێ) و تێکڕای مەعنای ئەم شیعرە لە شیعری دواییدا هەیە و هیچ پێویستییەکیش بۆ ئەم دووبارە بوونەوە نییە.
٣ - شیعرەکە تەنها لە نوسخەی (عم) و (گم) دا هەبوو و ئەگەر هیی نالییی بوایە ئەبوو هیچ نەبێ لە یەکێک لە دەستنووسەکانیشا هەبێ. بۆیە ڕامان بۆ ئەوە چوو (عم) و (گم) یش یەکێکیان لەویانی وەرگرتبێ.
خۆ ئەگەر هەر بشڵێین شیعری نالیییە ئەوە مەعنای وا لێ ئەدەینەوە: بەقوربانی ئیشارەتی دەست و کەوانی برۆت بم، بە تاقە تیرێکی نیگای چاوت هەر سێ پارچەی دڵ و سێ و جگەر و هەردو گورچیلەی دڵدار ئەپێکێ و تاق و جووت گرفتاریان ئەکەی. بەم پێیە ڕستەی (تاق و جووت) وەک مەعناکەی خۆی ئەبەخشێ، ئەشگەڕێتەوە بۆ (سێ) و (دو) وەکە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 150:
لەبەر خەندەی لەبی لەعلی ئەتۆ بو
کەوا شەککەر دەباری، گوڵ دەپشکووت

نیوەبەیتی یەکەمی بەم قاڵبەوە غەدرێکی گەورەی لە شکڵ و واتای شیعرەکە کردووە: شەرحەکە بە پێی لێکدانەوەی خۆی وشەی «لەعلی» داناوە بە کەلێنگر بۆ تەشبیهی لێو بە گوڵ. «لەعل» لەگەڵ «شەکر»دا ناڕوات، «لەعلی نمەکین» هاتووە بە واتای لەعلی خوێدار... نالی خۆی لە موناجاتەکەی ڕێی حەجی «شەفیری چاڵی شۆری هەر دەڵێی لەعلی نمەک پاشە»ی گوتووە. شەکر لە لەعل نابارێت.
ئەو نیوەبەیتەی «ئەوە لێوی ئەتۆیە پڕ لە خەندە» کە شەرحەکە بە لاوەی ناوە خۆی تەنها خۆی بۆ بەیتەکە دەست دەدات: لێوی بێپێکەنین بە غونجە دەڕوات، کە خەندەی لەگەڵدا بوو بە گوڵی پشکووتوو دەڕوات. عەینی خەندە خۆی لە هەر دەقێکی بەیتەکەدا بێت شەکربارینەکە بە دەستەوە دەدات.
6
چ شیرینە خوطووطی دەوری لێوت
بەڵێ مەعلوومە خۆشە خەططی یاقووت
لاپەڕەی 151
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئای ئەو گەنەمووانەی بە دەوری لێوتەوەن کە جوانن.. دیارە ئەشبێ هەر جوان بن، چونکە ئەو گەنەمووە (ڕەش) ـانە، بەدەوری یاقووتی سووری لێوتەوەن، کەواتە (خەتی یاقووت) ـن. ئاشکرایە کە (خەتی یاقووت) ـیش - کە خەت خۆشێکی بەناوبانگ بووە - زۆر جوانە.
نالییی لەم شوبهاندنەیدا کەڵکی لە ڕستەی (خەتی یاقووت) و ئیشارەتە مێژووییەکە وەرگرتووە بۆ تێپەڕاندنی شوبهاندنی گەنەمووی ناسکی سەر لێوی یار بە پێ‌شوبهێنراوێکی وا، شتێکی ڕاستەقینە نییە لەگەڵ شوبهێنراوەکەدا کۆیان بکاتەوە. ئەمە یەکێکە لە خاسیەتەکانی شیعری نالییی کە کەمترین و بچووکترین پەیوەند با زۆر بەدیمەن و خەیاڵییش بێ، لەنێوان دوو شتا، بەجێناهێڵێ بێ ئەوەی بۆ وشە ئارایی و مەعنا ڕێکخستن کەڵکی لێ وەربگرێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 151:
چ شیرینە خوطووطی دەوری لێوت
بەڵێ مەعلوومە خۆشە خەططی یاقووت

شەرحەکە خەتەکانی دەوری لێوی بە گەندەموو لێک داوەتەوە. چ ناچارییەک لە بەیندا نییە خەتی دەوری لێو بە گەندەموو لێک بدرێتەوە. جارێ با لە پێشەوە بڵێم وشەی «دەور» واتای دەورکردنەوەی کتێب و نووسراویش دەبەخشێت، لێرەشدا خەتی یاقووت هەیە بۆ دەورکردنەوە. ئنجا لێو خۆی کە بە دەورەیە چ لە عەینی لێوەکە بێ و چ لە ڕۆخی خودی لێوەکە، خەتی وردی پێوەن کە دەزانین لێو لووس نییە وەک هەسان. ئەگەر مەدحەکە بۆ کوڕی سادە بێ گەندەموو، لەویش زبرتری بۆ دەست دەدات. کە دەشڵێ: «بەڵێ مەعلوومە خۆشە» دوو نیشانە دەپێکێت: یەکیان خەتی یاقووت، ئەوەی دیکە «شیرینی» خوطووطی دەوری لێو کە هەر خۆیان خەططی یاقووتن.
7
هە «نالیی»! بەڵکو بیکێشی بە ناڵین
بناڵە، دامەنیشە مات و مەبهووت
لاپەڕەی 151
هە: هۆ .
مەبهووت: سەرسام .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی نالییی ! مات و سەرسام دامەنیشە.. بناڵێنە و هاوار بکە، لەوانەیە ئەگەر بناڵێنی لە ئەنجاما کار بکەیتە دڵی و بتوانی ڕایکیشی بۆلای خۆت، یاخود خەتی لێوی بەرەو دەمی خۆت ڕاکێشی، واتە بیهێنیتە دەنگ و لێت بپرسێ چیتە و دەم بنێ بە دەمتەوە..