چاوت لە برۆ یەعنی لەژێر طاقی نەظارەت
1
چاوت لە برۆ یەعنی لەژێر طاقی نەظارەت
بێ پەردە عەیان دێتە تەکەللوم بە ئیشارەت
لاپەڕەی 145
طاق: تاق، پەنجەرەی هیلالی .
نەظارەت: وەزیری .
عەیان: ئاشکرا . مەعنای ئەم شیعرە بەسراوە بە شیعری پاشەوەیەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەم و دووهەمی لاپەڕە 145:
چاوت لە برۆ یەعنی لە ژێر طاقی نەظارەت
بێپەردە عەیان دێتە تەکەللوم بە ئیشارەت
شایستەیی شان، لایقی مل طوڕڕەیی تۆیە
نەک طوڕڕەیی شاهەنشەهییو طەوقی وەزارەت
شەرحەکە هەردوو بەیتی لێک گرێ داوە گۆیا مەعنایەکەشیان بەسراوە بە شیعری پاشەوەیەوە. وشەی «نەظارەت» بە وەزیری لێک دراوەتەوە. دیارە لەوەوە هاتووە کە لە سەردەمی عوسمانلی بە وەزیر دەگوترا «ناظر». ئەم بۆ چوونە تەوا نییە چونکە ئەگەر بە بەیتی دوایەوە پێوەندیی هەبێ لەوێدا «طەوقی وەزارەت» بێبایەخ کراوە دوای بێبایەخکردنی «طوڕڕەی شاهەنشەهی».
«نەظارەت» بەلای منەوە، لەم شوێنەدا، تەماشاکردن و موراقەبە دەبەخشێ. دەمێنێتەوە «طاقی نەظارەت»: دیارە لەو سەردەمەدا جێگەیەک هەبووە طاقی نەظارەتی پێ گوترابێ و ڕاز و نیاز و سرکە و کورکەیەکی لێپرسراویی تێدا جاری بووبێ کە سەر دەرکێشێتەوە بۆ سزادان. شەرحەکە بەیتی دووهەم دەکاتە گفتوگۆی چاوەکە (کە ئەمە لە محالاتە) بەو پێیە چاوێکی لە ژێر تاقی وەزیریدا بێچۆناوچۆنی پەرچەم دەکاتە لایقی مل و تەحقیری طوڕڕەی شاهان و طەوقی وەزارەت، کە چاو خۆی وا لە ژێر تاقیدایە، دەکات؟ کەی پەرچەم ژوورووی چاو کەوتۆتەوە؟
بەیتی دووهەم سەربەخۆیە و قسەی نالییە ڕوەو یار. ئنجا ئەگەر بگوترێ چۆن نالی طەوقی وەزارەت بە کەم دادەنێ لە حاڵێکدا چاوی دانا لە ژێر طاقی نەظارەت؟ وەڵام ئەوەیە کە چاو لە ژێر برۆدا بوو، نەظارەتیش وەزیری نییە، شتێکی دیکەیە. هەر چۆنێک بێ برۆ چ قیاسی ناکرێ لە طەوقی وەزارەت بۆ لایەنی حورمەت.
2
شایستەیی شان، لایقی مل طوڕڕەیی تۆیە
نەک طوڕڕەیی شاهەنشەهی و طەوقی وەزارەت
لاپەڕەی 145
شایستە: شایان .
طوڕڕە (ی یەکەم): زوڵفی لوول .
طوڕڕە (ی دووهەم): مۆر، نیشانەی .
طەوق: ملەوانە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوت بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا لەژێر تاقی وەزیریدا کە برۆتە، بە ئیشارەت دێتە قسە و ئەڵێ زوڵفت شایانی شان و ملی تۆیە، لەکاتی بڵاویدا شانت داپۆشی و لەکاتی لوولیشدا لە ملت بئاڵێ، نەک نیشانەی شاهەنشایی و ملوانکەی وەزیری کە لەعاستی زوڵفتدا هیچ بایەخێکیان نییە.
بە وەزیر دانانی چاو لەبەر ئەوەیە کە چاوەکان دوانن و وەزیریش جاران دوان بوون: وەزیری دەستە ڕاست و وەزیری دەستە چەپ.
3
سەر خاتیمەیی حوسنی عیادەت کە نەهاتی
بارێ بگەرە فاتیحەوو دەئبی زیارەت!
لاپەڕەی 146
خاتیمەی حوسن: عاقیبەت خێری، مردن .
عیادەت: هەواڵپرسیی نەخۆش .
بارێ: کەڕەتێک .
فاتیحە: سوورەتی فاتیحە خوێندن بۆ گیانی مردوو .
دەئب: نەریت .
زیارەت: زیارەتی گۆڕ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە نەخۆش بووم و کەوتبوومە گیانەڵا نەتکرد کەڕەتێ بێی سەرێکم لێ بدەی و هەواڵێکم بپرسی.. ئیستا کە مردووم جارێ وەرە تەعزییەکەم فاتیحەیەکم بۆ بخوێنە و نەریتی زیارەتی گۆڕەکەم بەجێبێنە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (خاتیمە) و (فاتیحە) دا طیباق و لە کۆکردنەوەی (عیادەت) و (زیارەت) دا تەناسوب هەیە. ڕستەی (خاتیمەی حوسن) ـیش ئیشارەتە بۆ زاراوەی (حسن الختام) کە گەلێ جار بە مەعنای مردن بەکار دێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 146:
سەر خاتیمەیی حوسنی عیادەت کە نەهاتی
بارێ بگەرە فاتیحە وو دەئبی زیارەت!
شەرحەکە وا ڕادەنوێنێ کە نالی لەم بەیتەدا دەڵێ: ئێستا مردووم وەرە سەر قەبرم. هەرچەند لە داب و دەستووری شیعر دەشێ شاعیر بە مردوویی قسە بکات، دیسانەوە هەتا ڕێ هەبێ قسەکە بدرێتەوە بە دەمی پێش مردنی مەعقوولتر و دڵپەسەندترە. ئنجا ئەگەر بڵێین: نالی بێئومێد بوو لە هاتنی یاری بۆ لای بەر لە مردنی کە کەوتۆتە گیانەڵاوە، ئەو داوایە دەکا کە بۆ فاتیحە و سەر قەبرەکەی بێت.
4
کێ دەستی دەگاتە بەی و ناری نەگەیشتووت
لەو تەختە کەوا صاحیبی مۆرن بە صەدارەت؟
لاپەڕەی 146
نار: هەنار .
تەخت: تەختی سینە و تەختی ڕوو .
صەدارەت: کەوتنە لای سەرەوە . ئیشارەتیشە بە زاراوەی (صەدر) کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بە سەرەکوەزیران وتراوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کێ دەستی ئەگاتە بەهێی مەمک و هەناری ڕوومەتت بەسەر تەختی سینە و ڕووتەوە، کە هێشتا کاڵن و پێنەگەیشتوون و فەرمانی گرتنی لای سەرەوەیان دراوەتێ؟
C ە خواستنی (تەخت) دا لە تەختی شاییەوە بۆ تەختی سینە و (مۆر) لە فەرمانی وەزیرییەوە بۆ گۆی مەمک و ناوەڕاستی کوڵم و (صەدارەت) لە سەرەک وەزیرییەوە بۆ بەرزیی شوێنی مەمک و گۆنای یار، ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە و بەڵگەش شوێنی بابەتەکەیە. لە کۆکردنەوەی (تەخت) و (مۆر) و (صەدارەت) یشدا تەناسوب هەیە. لە وشەی (نەگەیشتووت) ـیشدا ئیشارەتێکی ناسک هەیە بۆ ئەوە کە جاران خەڵک بە ئاسانی دەستیان نەئەگەیشتە کاربەدەستانی بەرز، هەروەها لە وەصفکردنی پێشوبهێنراویشدا بە کاڵی، ئیشارەتە بۆ ئەوە کەوا کاربەدەست ئەگەر فامیدە و پێگەیشتوو بی خۆی لە خەڵک دوور ناگرێ.. لەوانەیە پلارێکی (نەفامی) ـیشی تیا بێ، گرتبێتیە ئەوانەی لە کۆمەڵ و ژیانا لە سەرەوەن..
دەستنووس
کێ (چر) و (چن) و (عم) و (ک): کەس. نەگەیشتووت (چر): نەگەیشتوو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 146:
کێ دەستی دەگاتە بەی و ناری نەگەیشتووت
لەو تەختە کەوا صاحیبی مۆرن بە صەدارەت؟
شەرحەکە وای بۆچووە: کێ دەستی دەگاتە بەهێی مەمک و هەناری ڕوومەتت بەسەر تەختی سینە و ڕووتەوە، کە هێشتا کاڵن و فەرمانی گرتنی لای سەرەوەیان دراوەتێ.
بەهێ و هەنارەکە هەردوویان بۆ جووتە مەمک دەچنەوە. هەردوویان خاوەن مۆرن لە حاڵی صەدرنشینیدا. صەراحەت لەمە پتر چەنگ ناکەوێ کە جێی هەردوویان صەدرە. مۆرەکەش زاری بەهێ و هەنارەکەیە. «نەگەیشتووت» دەلالەتی تازەیی و نەگوشراوی دەگەیەنێ، کە دەستی کەسیش ناگاتە ئەو بەهێ و هەنارە سەبەبێکیان ئەو تەخت و مۆر و صەدارەتەیە، سەبەبێکیش بەرزیی باڵای یارە بە موبالەغەوە...
5
دەسرۆکەیی هەوری چ حیجابێکە کە تێیدا
شمسُ فلک الحسن أنارَتْ فَتوارت!
لاپەڕەی 147
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەرپۆشی تەنکی هەوریی چۆن جۆرە سەرپۆشێکە، ڕۆژی ڕوونی جار جار لێوە دەرئەکەوێ و جار جار ئەشاررێتەوە؟ !
لە وشەی (هەوریی) ـدا ئیشارەت بەوەش کراوە کە ڕووی یار لەژێر سرکەییەوە وەک خۆری ژێر هەور وایە، چۆن هەورەکە هەمیشە ڕووی خۆر داناپۆشێ بەڵکو جار جار ئەیشارێتەوە و جار جار ئەڕەوێتەوە، ئەمیش هەمیشە ڕووی یار داناپۆشێ، جار جار بەسەریەوە ئەبێ و جار جار لائەچێ. لە (شمس) ـدا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە و (دەسرۆکە) و (الحسن) ـیش بەڵگەکەینی.
دەستنووس
دەسرۆکەی (کم) و (گم): دەسرۆکەوو. نیوەی دووهەمی ئەم شیعرە لە پەراوێزی نوسخەی (چر) دا بەم جۆرەیە:
شمس فلک الاطلس نارت فتوارت
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 147:
دەسرۆکەی هەوری چ حیجابێکە کە تێیدا
شمس فلک الحسن أنارت فتوارت!
شەرحەکە لە بارەیەوە دەڵێ: سەرپۆشی تەنکی هەوری چۆن جۆرە سەرپۆشێکە، ڕۆژی ڕووتی جارجارە لێوە دەردەکەوێ و جارجارە ئەشاررێتەوە... ئەو لایەنەش ڕوون دەکاتەوە کە وشەی «هەوری» وەک دەسرۆکەیە نیسبەتیشە وەلای «هەور» کە ڕۆژی ڕووی یاری تێدا دەشرێتەوە و دەریش دەکەوێتەوە...
ئەم بزربوون و دەرکەوتنەوەیە لە مەبەستی بەیتەکەدا نییە، بە پێچەوانە، سەرسوڕمانی تەعبیری «چ حیجابێکە!» لەوەدایە کە ڕۆژی فەلەکی جوانی «ڕووی یار» لەو حیجابە هەورییەدا گەشایەوە و پەنهان بوو... «توارت» پتر پەنهانی تێدایە لە «احتجبت» و، لە «غربت» نزیک دەبێتەوە. نە بە صەراحەت و نە بە هێما وشە و تەرکیبێک لە بەیتەکەدا نییە جارجارە دەرکەوتنەوەی ڕووەکە بە دەستەوە بدات. ئەو نیوەبەیتەی «شمس فلک الأطلس نارت فتوارت» ئەگەر «نارت» بە واتای «أنارت» هاتبێ و «ال» ێکی تەعریفیش خرابایە سەر ئەطلەس و ببێتە «الفلک الأطلس» وێنە تەشبیهێکی جوان پەیدا دەبوو بەوەدا کە فەلەکی ئەطلەس ئەستێرەی پێوە نییە بۆیە بوو فەلەکناسەکانی ئیسلام دەیانگوت «وهو کاسمە غیر مکوکب» واتە: وەک ناوەکەی بێ ئەستێرەیە، مەبەسیش لە بێئەستێرەیی «ئەطلەس» بێ نوختەییە. ئنجا دەسرۆکە هەیە یەکڕەنگ و بێنەخش، لە بەیتەکەدا کوتومت دەبوە فەلەکی ئەطلەس.
6
هەرچەندە گوناهی دەمەکەت بارە لەسەر لێو
حەددی چییە «نالیی» کە بڵێ ماچە کەفارەت؟!
لاپەڕەی 147
دەمەکەت: خوێنەکەت، ئەو خوێنەی کردت . دەمت . (دە وامەکە) ت .
بار: ئەو توێژەی بەسەر لێوی وشکەوە پەیدا ئەبێ . باری هەڵگرتن .
حەد: سزای شەرعیی گوناە . توانا .
کەفارەت: ئەوەی گوناە یا شتێکی ماددی دابشوا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
ئەتوانرێ مەعنای ئەم شیعرە بە چەند جۆر لێکبدرێتەوە:
یەکەم - هەرچەند خوێنی سووری ئەو دڵدارەی بە ناحەق کوشتت بووە بە بار و بە لێوتەوە وشک بووەتەوە و بەئاشکرا پێوەی دیارە، نالییی هەر حەددی نییە بڵێ ماچی لێوت ئەو خوێنەی لێ دائەشوا و پاکی ئەکاتەوە. دیارە مەبەست لە خوێنەکە سووریی لێوی یارە کە هەرگیز لاناچێ.
دووهەم - هەرچەند تاوانی دەمت کە بە دڵداری وت (نا) و ئەویش لە داخانا مرد، بووە بە بارێک بەسەر لێوتەوە و لە ڕۆژی قیامەتا کە هەموو ئەندامی ئادەمیزاد شایەتیی لێ ئەدەن، لێوت لێت دێتە دەنگ، نالییی حەددی نییە بڵێ: ماچ ئەو یارە لە لێوت ئەکاتەوە.
سێهەم - هەرچەند بەهۆی تاوانی دەمتەوە کە لە عاستی دڵدارانا قڕوقەپ بووە و هیچ ناڵێ، لێوت باری لێ نیشتووە، نالییی حەددی نییە بڵێ ماچ ئەو بارە لە لێوت ئەکاتەوە.
چوارەم - هەرچەند ئەوەندەت گوناە لەعاستی دڵدارانا کردووە و لە خۆتت دوور خستوونەتەوە و پێت وتوون « دە مەکەن !»، گوناه بووە بە یار و بەسەر لێوتەوە کەڵەکەی کردووە، نالییی بۆی نییە بڵێ کەفارەتی ئەو هەموو گوناهە ماچی لێوتە.
پێنجەم: لەگەڵ ئەوەندەی هەر کام لەم چوار مەعنایە کە پەیوەندی بە نیوەی یەکەمی شیعرەکەوەیە، ئەشتوانرێ مەعنای نیوەی دووهەمی بەم جۆرە لێ بدرێتەوە: نالییی ئەگەر بڵێ کەفارەتی ئەم گوناهە ماچی لێوتە، خۆی گوناهبار ئەبێ و ئەبێ حەددی لێ بدرێ. یاخود: نالییی ! بڵێ حەددی ئەم گوناهانە ئەوەیە ماچێک لە لێوی یار بسەنرێ..
هەر چۆنی مەعنا لێبدەینەوە، لە کۆکردنەوەی (گوناە) و (دەم) دا کە بە شێوەی نووسینی کۆنی مەعنای خوێن ئەگەیەنێ، لەگەڵ وشەی (حەدد) و (کەفارەت) دا، تەناسوبێکی جوان هەیە. هەروەها لە کۆکردنەوەی (دەم) و (لێو) و (ماچ) و (حەد بوون) یشدا..