سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ماتەم، وەکو زولفەینی سییەهـ ، گرتی سەراپات

1
ماتەم، وەکو زولفەینی سییەهـ، گرتی سەراپات
پۆشی لە ڕوخت تەعبییەیی بەیدەق و شامات
لاپەڕەی 137
سییەهـ: سیاه، ڕەش .
ڕوخ: ڕوو . ئەسپی شەترەنج .
تەعبییە: کۆکردنەوە . زاراوەیەکی سوپاییشە .
بەیدەق: ڕێگا پیشاندەری ڕێ . سەربازی شەترەنج، لە (پیادە) وە کراوە بە عەرەبی .
شامات: یا مەبەست وڵاتی شامە، یا جەمعی (شامە) ی بە مەعنا خاڵە، یا ڕستەی (شاە مات) ـە کە لە زاراوەکانی شەترەنجە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خەم و پەژارە وەک زوڵفە درێژەکانت، یاخود لەگەڵ زوڵفە درێژەکانتا، کە هەموو لەشتیان داگرتووە، لە تەوقی سەرتەوە تا بەری پێتی گرتەوە. ڕێگای لێ بڕیت چاوساغەکان کۆ کەیتەوە و بەرەو وڵاتی شام بکەویتە ڕێ. بەم پێیە ئەبێ بخوێنینەوە (بەیدەقی شامات). یاخود: ڕێگای کۆکردنەوی خاڵەکانتی لێ گرتی و ئیتر ناتوانێ دەریان خەی، چونکە کەسێ کە تازیەبار بێ خۆی پێ ئارایش نادرێ و ناتوانێ زوڵفەکانی لادا و خاڵەکانی لە بەرچاوی تەماشاکەرانا کۆکاتەوە. یاخود: ڕێگای کۆکردنەوەی پیادەکانی شەترەنجەکەتی لە ئەسپەکان گرت و بەهۆی ئەوەوە (شا) مرد و (کش مەلیک !) ی لێ کرا و دۆڕاندت..
هەرچۆن بێ، دیارە ئەم قەسیدەیە بەبۆنەی مردنی یەکێكەوە وتراوە و ڕووی دەمی تیا کراوەتە نازدارێک و هەر بۆیەش ئەڵێن بۆ لاواندنەوەی باوکی (حەبیبە) ی وتووە و ئێمەش لەسەر ئەوە ئەڕۆین. جا ئەگەر ئەمە ڕاست بێ، لەگەڵ ڕەچاوکردنی مەعنای یەکەمدا وائەگەیەنێ نالییی تەمای ئەوەی لە دڵا بووە حەبیبە بچێ بۆ لای بۆ شام، بەڵام حەبیبە بەبۆنەی کۆچی دوایی باوکیەوە ڕێگای ئەوەی لێ بڕاوە و (شامات) تەنها ئیشارەتێکی تیا ئەبێ بۆ مردنی باوکی (حەبیبە) چونکە باوکی حەبیبە بۆ حەبیبە لە حوکمی (شا) دایە و (مات) ـەکەش مەعنای مردنەکەی ئەگەیەنێ.
بەپێی هەر کام لە مەعناکان جۆرە شوبهاندنێک و تەناسوبی نێوان چەند وشەیەک و تەلمیح بۆ چەند زاراوەیەک، لە شیعرەکەدا هەیە.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
روخ ئەسپ نیە قەڵایە
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 137:
ماتەم، وەکوو زولفەینی سیەهـ، گرتی سەراپات
پۆشی لە ڕوخت تەعبییەیی بەیدەق و شامات

شەرحەکە لە وشەی «شامات» کە بە وڵاتی شامیش دەگوترێ، بە سەهوودا چووە و دایناوە نالی لە شامەوە ئەم مەرسییەی بۆ مەرگی باوکی یارەکەی داناوە، ئیتر دەڵێ، ماتەم... ڕێی لێبڕیت چاوساغەکان کۆکەیتەوە بەرەو وڵاتی شام بکەویتە ڕێ...
ئەم بۆ چوونە هیچی بەسەر هیچەوە نییە: گریمان باوک مرد، ئایا حەبیبە لە کوێوە دەتوانێ بەرەو شام بکەوێتە ڕێ بۆ مولاقاتی نالی... تۆ بڵێی حەبیبە ئاگاداربووبێ لەوەی نالی دانیشتووی شامە؟ بەهەمەحاڵ ئەمە یەک لە مەعناکانی شەرحەکەیە... مەعنای سێهەمی دەچێتەوە بۆ یاری شەترەنج و دەڵێ: ماتەم ڕێگەی کۆکردنەوەی پیادەکان شەترەنجەکەتی لە ئەسپەکان گرت و بەهۆی ئەوەوە «شا» مرد و «کش مەلیک»ی لێکرا و دۆڕاندت...
بەیتەکە ناوی ئەسپی نەهێناوە، بە لەکارهێنانی وشەی «ڕوخ» (کە جاران «رخ» دەنووسرا و فارسیشە بە واتای ڕوو) سیلاحێکی شەترەنجی ڕەخساندووە کە پێی دەگوترێ «ڕوخ - ڕخ» و بە ئەصل باڵدارێکی مەیلەو ئەفسانەییە و لای عەرەبەکان «قلعة» ڕۆیشتووە. «بەیدەق»یش تەعریب کراوی وشەی «پیادە» یە. ئەم مامڵەتە سەرلەبەرە و تەشبیهـ ئاراییە لە بنەڕەتدا سەری هەڵداوە لە وشەی «ماتەم» کە دەنووسرا «ماتم» کە هەم تازیە دەگرێتەوە هەم «من ماتم» دەگرێتەوە. «مات»یش زاراوەیەکی شەترەنجە (شەترەنجیش لە «شەش ڕەنگ»ـەوە هاتووە).

نالی ئەم قەصیدەیەی داناوە لە ڕۆژگاریکدا کە جارێ لە سلێمانی وەیا جێگەیەکی دیکەی ئەو هەرێمە بووە. ئەم تاکە بەیتە تەنها خۆی بەسە بۆ سەپاندنی ئەم ڕاستییە:
بۆ گریەیی تۆ ڕەنگە منیش هێندە بگریێم
گەوهەر بڕژێنین بە بڵندیی قەد و باڵات

«گەوهەر بڕژێنم» ڕاستە. ئایا ئەگەر لە شام بایە بە چەند ڕۆژان خەبەری ئەو مەرگەی پێ دەگەیشت؟ دەسا هەتا هەتایە مەرگی بۆرەپیاوێکی ئەوتۆیی لەو سەردەمانەدا ناگاتە شام. خۆ ئەگەر گەیشتبێتیش نالی ڕێی نابێ بڵێ «گەوهەر بڕژێنین» چونکە دەمێکە حەبیبە لە گریان بۆتەوە و کاغەزی نالیش بە ڕۆژەها ناگاتە حەبیبە و فرمێسکەکانیشی هەرگیز لەگەڵ فرمێسکە بەرسەرچووەکانی حەبیبە کۆمەڵ نابن.
ئەگەر «ماتم» بخوێنینەوە، بەیتەکە وەها دەخوێندرێتەوە: « ماتم وەکوو زولفەینی سیەهـ گرتی سەراپات» بە مەعنای «سیەهـ گرتووی سەراپات». ئەگەر «ماتەم» مەبەست بێ، بەو جۆرە دەخوێندرێتەوە کە لە شەرحەکەدا هاتووە... لزووم نابینم چی دیکە بەدوای ئەم بەیتە بکەوم...

لە بەیتی سەرەتای لاپەڕە 138، شەرحەکە «تاقانە یەتیمی خەلەفی...» بە چاکی ڕوون کردۆتەوە بەڵام هەمووی ئەفسانەیە لە ناو ئەدیباندا باوبوو. مەعلوومە «لوولوو - مرواری» چۆن پەیدا دەبێ. «دوڕڕی یەتیم» ئەو لوولووەیە کە پێشتر باسم کرد پێی دەگوترێ «لالا».
لە بەیتی سەرووی لاپەڕە 139 یەک تێبینیم هەیە: نەدەبوو لە واتای «ژالە» بۆ لای «تەزرە» بچێ لە شەرحدا و بڵێ: «چاوەکانت» تەرزە کوتاونیەتەوە. دەبوو هەر واتای شەبنمی لێ بەمەبەست بگرێ. 3
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 141 نووسراوە «هاذیم» لە شەرحیدا دووبارە «هاذیم» نووسراوە «لە هاذیمی لەذذات» بە مەرگ لێک دراوەتەوە. من وشەی «هاذم»م نەبیستووە. لەو بەیتەشدا بە «هادم»ـم بیستووە و خوێندوەتەوە تەنانەت لە حیکایەتی «ئەلف لەیلە»دا «هادم اللذات، مفرد الجماعات» هاتووە، هەروەها لە هەر کتێبێکی دیکە وەصفی مردنی پێ کرابێ.
2
تاقانە یەتیمی خەلەفی ئاخری نیسان!
تۆ خۆش بی، صەدەف بوو بە فیدات، دوور بی لە ئافات
لاپەڕەی 138
تاقانە یەتیم: دوڕڕی تاقانە .
خەلەف: پاشماوە .
صەدەف: گیانلەبەرێکی دەریاییە لە بەهارانا دێتە سەر ئاو و سکی ئەکاتەوە دڵۆپی بارانی تێئەکەوێ ئەنجا سکی ئەنێتەوە بە یەکدا، ئەو دڵۆپە بارانانە لە سکیا ئەبن بە مرواری . جا ئەگەر پتر لە دڵۆپێکی تێکەوتبوو، پتر لە مروارییەکی تیا پەیدا ئەبێ، بەڵام مروارییەکانی ورد ئەبن و زۆر گرانبەها نابن . ئەگەر تاقەیەک دڵۆپیشی تێکەوتبوو تاقە مروارییەکی لێ پەیدا ئەبێ و ئەو مروارییە زۆر گرانبەها ئەبێ . ئیستا هەرچی زۆر نایاب و گرانبەها بێ، پێی ئەوترێ (دوڕڕی یەتیم).
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی تاقانە مرواریی بەری دڵۆپی دواڕۆژەکانی بەهار، کە دڵۆپی بارانیان تیا گەورە ئەبێ، خۆت خۆش بی (صەدەف) ـەکەی باوکت کە ساڵەها تۆی لە پشتی یا لەژێر چاودێری و دەسەڵاتی خۆیا ڕاگرت، مرد.. خۆت لە دەرد و بەڵا دوور بی !
لەم بەیتەوە دەرئەکەوێ خۆشەویستەکەی نالییی ئەم قەصیدەیەی بۆ وتووە تاقانەش بووە و بەری باوکێکی پیریش بووە..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (دوڕڕی یەتیم) دا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە و بەڵگەش (دوور بی لە ئافات) ـە.
دەستنووس
تۆ خۆش بی (چن) و (عم) و (ک) و (ت) و (مز): تۆ خۆش بە.
3
بۆ فەوتی صەدف حەیفە بڕێژی دورەری ئەشک
ضاییع مەکە دوڕ دانە بە غارات و خەسارات
لاپەڕەی 138
دورەر: جەمعی (دوڕڕ) ی عەربییە .
دوڕدانە: دەنکی مرواری . فرمێسک .
غارات: تاڵان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: حەیفە لەبەر مردنی باوکت کە وەک صەدەف، مرواریی تۆی شاردبوەوە و نەیئەهێشت بەو هەموو گرانبەهایی و نازدارییەوە کە هەی، دەرکەوی، دڵۆپ دڵۆپ فرمێسکی وەک دەنکە مرواری هەڵڕێژی و لەناویان بەری و بە تاڵانیان بدەی.. صەدەف کەی ئەوە دێنێ مرواری لەپێناویا بەخت بکرێ !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەکۆکردنەوەی (صەدەف) و (دوڕ) دا تەناسوب و لە (صەدەف) یشدا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە و بەڵگەش وشەی (فەوت) و تێکڕای بابەتەکەیە.
دەستنووس
دورەری ئەشک (« پەراوێزی » چر) و (گم): دوڕی ئەشکت.
4
دیدەت وەکو گوڵ سوورە، پڕی شەبنمی ئەشکە؟
یا لالەیی پڕ ژاڵەیە دوو نەرگسی شەهلات؟
لاپەڕەی 139
شەبنم: شەونم .
لالە: گوڵە مێلاقە .
ژالە: وشەیەکی فارسییە بەمەعنا شەونم یا تەرزە .
شەهلا: چاوێ ڕەشییەکەی مەیلەو شین بێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوی لەبەر گریانی زۆر سوور هەڵگەڕاوی، پڕ لە فرمێسکی سپیت، گوڵاڵە سوورەیە شەونمی بەسەرا باریوە، یان چاوە مەیلەو شینە وەک نەرگس مەستەکانت گوڵە مێلاقەن، شەونمیان کەوتووەتە سەر، یاخود تەرزە کوتاونیەتەوە؟ !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (دوو نێرگسی شەهلات) دا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە و بەڵگەش بەیتی پێشووە.
دەستنووس
شەبنمی (عم) و (کم) و (گم) و (مز): شەونمی. نەرگسی (کم) و (گم): نێرگسی.
5
بۆ گریەیی تۆ ڕەنگە منیش هێندە بگریێم
گەوهەر بڕژێنین بە بوڵندیی قەد و باڵات
لاپەڕەی 139
گریە: گریان
واتە: لەوانەیە منیش بەهۆی گریانی تۆوە ئەوەندە بگریم، بە هەردوکمانەوە بە بەرزیی باڵات دڵۆپی فرمێسکی وەک گەوهەر هەڵڕێژین .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
بۆ (کم) و (گم): بەو. بڕژێنین (کم): بڕژێنم.
6
لاکین ئەمە دونیایە، گەهێ سوورە، گەهێ شین
لایُسألُ مَن عاشَ، وَ مَن مات، و مَن فات؟!
لاپەڕەی 139
سوور: شایی . ڕەنگی سوور .
شین: گریان . ڕەنگی شین .
اواتە: بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گریان دادی کەس نادا . ئەمە دنیایە، جاری وا هەیە شایی و زەماوەندە و جاری واش هەیە شین و شەپۆڕە . یاخود جاری وا هەیە جلی سووری دڵخۆشیی لەبەردایە و جاری واش هەیە جلی شینی ئازیەتباری ئەپۆشێ . ژیان و مردن بە دەست خوایە، کەس لێی ناپرسێتەوە کێ ژیا و کێ مرد و کێ لەکیس چوو !
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

7
بەس گریە بکە بۆ پدەر و بابی حیجابت
بێ بابیی تۆ مووریثە بۆ وەصڵ و مولاقات!
لاپەڕەی 140
پودەر: وشەیەکی فارسییە بە مەعنا باوک .
باب: باوک . دەرگا .
حیجاب: پەردە . دەرگاوان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەس بۆ ئەو باوکەت بگری کە بووبو بە پەردە و دەرگا لەنێوان من و تۆدا، نەیئەهێشت بە یەک بگەین. بێ باوکیی تۆ، یا نەبوونی دەرگا لەنێوان من و تۆدا لەوانەیە ببێ بە هۆی بەیەک گەیشتنمان.
نالییی لەم شیعرەدا وێنەیەکی زۆر جوانی داهێناوە. کە هەروا بە سەرپێیی سەیری شیعرەکە بکەین وای لێ تێ ئەگەین بنیادەم کە ماڵەکەی بێ دەرگا بوو هاتوچۆکەر بە ئاسانی پێی ئەگەن. بەڵام لا قووڵەکەی ئەوەیە باوک کە مرد فرزەند و کەسوکاری میرات و کەلەپوورەکەی ئەبەن بۆ خۆیان و هەر کامیان شتێکی لێ پێ ئەبڕێ. ئەوەش کە لە باوکی ئەمەوە بۆ ئەم ئەمێنێتەوە نیعمەتی بەیەک گەیشتنیەتی لەگەڵ خۆشەویستەکەی کە ئەوسا باوکی ڕێی لێ گرتبو و لەبەر بوونی ئەو، ئەو مافەی نەبو.
لێکدانەوەی ئەدەبی
کۆکردنەوەی وشەی (حیجاب) کە لە (حەجب) ەوە هاتووە بەمەعنا ڕێگای میرات بردن لێ گرتن، لەگەڵ (مووریث) کە هەردوکیان زاراوەی زانستی (فەرائیض) ـن، تەناسوبی تیایە و لەگەڵ شوێنەکەشدا زۆر ئەگونجێ کە بابەتی سەرخۆشی لێ‌کردن و ئازیەتبارییە. (بابی حیجاب) ـیش لەطافەتی تیایە چونکە بۆ مەعنای (باوک) ـیش و (دەرگا) یش دەست ئەدا. لەنێوان (حیجاب) و (باب) ـیشدا تەناسوب هەیە.
8
بێ بابییی تۆ بۆ من و تۆ بابی فوتووحە
بێ بابییی تۆ خواستەیی من بو بە ئاوات
لاپەڕەی 140
فوتووح: کردنەوە .
خواستە: داوا .
واتە: ب ێ باوکیی تۆ یا بێ دەرگایی ماڵی تۆ، بۆ من و تۆ دەرگای ڕێگا لە ڕوودا کردنەوەیە و ئاواتی من بووە هەمیشە لە خوام خواستووە . لەنێوان هەردو (بابی) و (بێ‌بابیی) ـدا جیناسی تەواو و لەنێوان (باب) و (فوتووح) دا تەناسوب هەیە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

9
بێ بابی مورادی من و تۆ بوو بە تەمەننا
بێ بابی دوعایی من و تۆ بوو بە موناجات
لاپەڕەی 141
بێ بابیی: بێ باوکی .
موراد: ئارەزوو، مەبەست .
موناجات: پاڕانەوە لە خوا لەژێر لێوەوە، بە کزی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

10
ئەو بابە کە فەتح و ظەفەری قەلعەیە قەلعی
با قەلعی بکا زەلزەلەیی هاذیمی لەذذات
لاپەڕەی 141
قەلعە: قەڵا .
قەلع: هەڵکەندن و لەبن هێنان .
زەلزەلە: بوومەلەرزە .
هاذیم: تیژبڕ .
هاذیمی لەذذات: مەرگ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو باوکەی، یاخود ئەو دەرگایەی - کە مەبەست لەویش هەر باوکەکەیە - کە هەڵکەندنی لە پایەی گرتنی قەڵایەکدایە، با بوومەلەرزەی مەرگ یاخود با بای بوومەلەرزەی مەرگ لە بنی بێنێ.
وشەی (هاذم اللذات) لە فەرموودەیەکی پێغەمبەردا هاتووە.
ئەشگونجێ (هازم اللذات) بێ واتە: ئەوەی خۆشی ئەبەزێنێ و ڕاوی ئەنێ یاخود (هادم اللذات) بێ واتە: تێکدەری خۆشی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە وشەی (ئەو بابە) دا تەورییە هەیە. هەروەها لەنێوان (باب) و (قەلعە) و (زەلزەلە) و (با) دا بە مەعنا (ریح) تەناسوب هەیە و لەنێوان (قەلعە) و (قەلع) یشدا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
ئەو بابە (چن) و (عم) و (ک) و (تۆ): ئەو بابی، کە بە (ئەو بابێ) یا (ئەو بابەی) ـیش ئەخوێنرێتەوە.
فەتح و (چر): بابی. قەلعی (عم) و (گم): قەمعی. هاذیم (چر) و (ک): هازیم. (عم) و (کم) و (گم) و (مز): هادیم.
11
ئەو پیری خەرەف، ئافەتی مەردییو صەفا بو
تۆ شۆخ و جوان، دوور بی لە ئافات و خەرافات
لاپەڕەی 141
خەرەف: خەڵەفاو .
مەردی: پیاوەتی .
صەفا: ڕابواردن .
خەرافات: خەڵەفان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
ئەو پیری خەرەف (چر): ئەو پیر و خەریف. (کم): ئەو پیر و خەرەف.
(ک): ئەو پیری خەریف. مەردییو (چن): مەردانی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 141:
ئەو پیری خەرەف، ئافەتی مەردییو صەفا بو
تۆ شۆخ و جوان، دوور بی لە ئافات و خەرافات

«ئافەتی مەردییو صەفا» ناچێتە دەفری هیچ ئەدەبدۆستێکەوە، چما نالی دوژمنی یارەکەیتی تا باوکە مردووەکەی دژی مەردایەتی لە قەڵەم بدات؟ ئنجا مەردی و صەفا کەرەستەی مەیدانێک نین: مەردی و سەخاوەت... صەفا و کەیف!! من بەلای خۆمەوە دڵنیام لەوەدا کە ئەم دوو وشەیە بۆ صەفا و مەروەی حەج دەچنەوە... کە لە نیوەبەیتی دووهەمیشدا دەڵێ: «دوور بی لە ئافات و خەرافات» «خورافات» ڕاستە ئیشارەتە بۆ ئەوەی ئەو پیرە خەرفاوە چوونە حەجیشی لەگەڵ خورافات تێکەڵ بووە. وەک بۆی دەچم صەدری بە یەک لە دووان هاتووە:
ئەو پیر و خەرەف ئافەتی مەڕوا و صەفا بوو
ئەو پیر و خەرەف ئافەتی مەروی وو صەفا بوو

«مەڕوا»کەش لەبارترە کە ئەلفەکە بریتییە لە «إشباع الفتحة» لە نوسخەی دەسنووسیشم دیتووە بەم جۆرە نووسراوە...
کە نووسیم: «پیر و خەرەف» نەک «پیری خەرەف» لەوەوەیە کە ڕووی قسەی دێتە یار دەڵێ: تۆ «شۆخ و جوان» نەک «شۆخی جوان» باوک و کچیش لە بەیتەکەدا تێک دەڕوانن.
12
ئەو فەوت و وەفاتە سەبەبی عەهد و وەفاتە
چوو صاعیقەیی بەردی عەجووز و گوڵ و مل هات
لاپەڕەی 142
صاعیقە: هەورەبرووسکە، یا گرمەی وەک هەورە برووسکە لەسەر گوێ قورس .
بەردی عەجووز: برجی پیرەژن لە دوا ڕۆژەکانی زستانا، یاخود مەبەست لە (بەرد) هەر بەردی کوردی و لە (عەجوز) یش بنیادەمی پیرە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو لەناوچوون و مردنی باوکتە ئەبێ بەهۆی جێ‌بەجێ کردنی ئەو گفتەی پێت داوم.. خوا شوکر کەوا مرد.. بە مردنی ئیتر گوێمان لە گرمە‌گرمی وەک هەورەبرووسکەی، دواڕۆژەکانی ژیانی یا وەک بەرد هاویشتنی ئەو نابێ و لەمەوپاش بەهاری ژیانە و تۆیش وەک ملوانکەی گوڵ ئەکرێیتە ملی من.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردو (وەفاتە) دا جیناسی تەرکیب هەیە.
دەستنووس
عەهد و (چر): وەعد و. چوو (کم) و (گم) و (ک) و (ت) و (تۆ): چوون.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرەتای لاپەڕە 142، «گوڵ و مل» هەیە. دیسانەوە شەرحەکە هەر دووپاتی «مل» دەکاتەوە کە پێشتر ڕوونم کردۆتەوە «مول»ـە بە واتای «شەراب».
13
گوڵ تاجی لەسەر نا و چەمەن مەخمەڵی پۆشی
هات موژدە کە خەلعەت گەییە بەر بە موباهات
لاپەڕەی 142
چەمەن: چیمەن .
خەلعەت: خەڵات .
موباهات: فیز و کەشوفش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گوڵ پشکووت و چیمەن بەرگی سەوزە گیای وەک مەخمەڵ ناسکی لەبەرکرد و موژدە هات کەوا خەڵاتی بەهار بە فیز و کەشوفشەوە. گەیشتە بەرەوە.
دەستنووس
لەسەر نا، (عم) و (گم): لەسەر ناوە. تێکستەکانی نیوەی دووهەمی ئەم شیعرە ئاڵۆزییەکی زۆریان تیایە. ئێمە تێکستی نوسخەکانی تریش پیشان ئەدەین:
(چر) و (تۆ): هات موژدەیی خەلعەت، گەییە بەرگی موباهات
(چن) و (مز): هات موژدەیی خەلعاتی گیا بەرگی موباهات
(کم): هات موژدەیی خەلعەت، گەییە بەرگی موباهات
(گم): ها موژدەیی خەلعەت گەییە بەر بە موباهات
(ت): هات موژدە خەڵات و گەییە بەرگی موباهات
(ک): هات موژدەیی خەلعات، گەییە بەرگی موباهات
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕە وشەی «کەش و فش» بۆ «موباهات» ناشێ کە لە «بهاء»ەوە هاتووە، تەنانەت زەقایی دەعیەشی تێدا نییە. «پێوەنازین» بۆ موباهات لەبارە. کە دەشڵێ «موژدە هات کەوا بەهار بە فیز و فشەوە گەیشتە بەرەوە» نازانین مەتڵەبی چییە لەو «بەرەوە»دا، بابڵێم من نازانم ئایا «ثمر»ی مەقصەدە کە جارێ بەهاریش زووە بۆ بەر؟ من وەها دەزانم «گەییە بەر» یەعنی گەییە بەژن و لەش کە دەکاتەوە تاج لەسەرنانی گوڵ و مەخمەڵ پۆشینی چەمەن.
14
هات زەمزەمەیی بولبول و ئاوازەیی قومری
هات بادی صەبا، دێن و دەچن عەرعەر و بانات
لاپەڕەی 143
زەمزەمە: هەرا و زەنا .
قومری: کۆتر .
بانات: درەختەکانی بان،
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەهار هاتووە، لە شایی هاتنی بەهارا بولبول دەسیان کردووە بە خوێندن و کردوویانە بە هەرا و کۆتر کەوتوونەتە گمەگم و داری عەرعەر و بان بە دەم بای بەیانییەوە ئەشنن و دێن و دەچن.
بلبل و (مز): قومرییو. قومری (چر) و (ک) و (تۆ) و (مز): قەماری. بەپێی ئەم نوسخانە ئەبێ (ئاوازەیی) بە (ئاوازی) بخوێنرێتەوە.
15
نەجم و شەجەر و نەرگس و ئەنواری شگۆفە
جیلوەی چەمەنن، یەعنی زەمین بوو بە سەماوات
لاپەڕەی 143
نەجم: گیای کورتی بێ لاسک،
شەجەر: درەخت .
ئەنوار: جەمعی (نەور) ە واتە
شکۆفە: پشکووتوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گیای کورت و دار و درەخت و نەرگسی سپی و زەرد و چرۆی پشکووتووی درەختەکان، ئەمانە هەموو مایەی ڕازانەوەی چیمەنی عەردن و زەوییان پێ بووە بە ئاسمان، ئەو چۆن بە مانگ و ڕۆژ و ئەستێرەکانی ئەدرەوشێتەوە، ئەمیش بەمان ڕازاوەتەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 143:
نەجم و شەجەر و نەرگس و ئەنواری شگۆفە
جیلوەی چەمەنن، یەعنی زەمین بوو بە سەماوات

شەرحەکە نەجم و ئەنواری بە گیای باڵاکورت و بە ڕێژەی کۆی «نەور - کە بە پێی شەرحەکە چرۆی ئەو درەختانە گوڵ دەکەن»ـی لێکداوەتەوە گۆیا ئەو نەجم و درەخت و نەرگس و چرۆی درەختان وەهایان کردووە زەمین ببێ بە سەماوات.
دەبێ بزانین «نجم و أنوار» لە هەمان کاتدا بە واتای ئەستێرە و کۆی وشەی «نور» هاتووە. ئەم دوو وشەیە بە مەعنای دووهەمیان وەهایان کردووە زەمین ببێ بە سەماوات.
لە بەیتی بەرەوەتردا «عطرفشانە» هاتووە ئەگەر «عەترفشان» بایە کە کورد دەڵێ «عەتر» جێی خۆی بوو، بەڵام وەک بزانم لە عەرەبیدا «عطر: عیطر» دەگوترێ.
16
ماوەردە لەسەر خەرمەنی گوڵ عەطرفشانە،
یا ئاوی حەیاتە: عەرەقی وردی موحەییات؟!
لاپەڕەی 143
ماوەرد: ماء الورد، گوڵاو .
خەرمەن: خەرمان .
عەطرفشان: ئەوەی بۆنی خۆش بڵاو ئەکاتەوە .
ورد: بچووک، یاخود وەرد
موحەییا: تەوێڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو ئارەقە وردەی بەتەوێڵتەوەیە، یاخود ئەو ئارەقی گوڵی ناوچاوتە، گوڵاوە پرژاندوویانە لە خەرمانی گوڵ و بۆنی عەتر بڵاو ئەکاتەوە، یاخود ئاوی حەیاتە هەر کەس بە زمان بیلێسێتەوە هەرگیز نامرێ، یان ئارەقی شەرمە؟
نیوەی دووهەمی ئەم شیعرە لە تێکستەکانی بەردەستماندا زۆر ئاڵۆزە. ئێمە تێکستی (چن) و (مز) مان پەسەند کرد و وا ئەو تێکستەکانی تریش ئەخەینە پێش چاو:
دەستنووس
(عم): یا ئاوی حەیاتە عەرەق و وەردە موحەییات
(کم) و (ت): یا ئاوی حەیاتە، عەرەقی وەردە موحەییات
(گم) و (تۆ): یا ئاوی حەیاتە عەرەقی وەردە (یا: وردە) موحەییات
(ک): یا ئاوی حەیاتی عەرەقی وەردی (یا: وردی) موحەییات
17
گوڵشەن وەکو بەزمێکە کە ئاحادی هەزاری
بۆ تاقە گوڵێکی گەییە ڕوتبەیی میثات
لاپەڕەی 144
ئاحاد: یەکە یەکە .
هوزار: بولبول، یاخود هەزار .
میثات: صەدان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: باخی گوڵانی ژیان وەک سەیرانگەیەکی لێ هاتووە یەکە یەکەی بولبولەکانی بۆ گەیشتن بە تاقە گوڵێکی کە ڕووی تۆیە، بوون بە صەدها.. یاخود یەکە یەکەی هەزاران بولبولەکەی.. تاد. بەم پێیە مەعنای (بولبول) ـمان لەوەوە بۆ دێ کە چەمەن بێ بولبول نابێ و ئەو هەزارانە ئەبێ بولبول بن.
زیادەڕەوییەکی زۆر شاکارانەیە ئەمەی نالییی کردوویەتی یەکە یەکە بگەنە صەدان..
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرەتای لاپەڕە 144 «ئاحادی هوزار»ی هاتووە کە مەبەست لێی بولبولە. پێشتر و لە دەمێکیشەوە ڕوونم کردۆتەوە کە «هوزار» هەڵەیە، «هەزار» ڕاستە. لە کۆتایی شەرحەکەش کاکە محەمەدی مامۆستا مەلا کەریم (لاپەڕە 740) دان بەوەدا دێنێ کە لەم وشەیە بە سەهوو چووبوون و... هتد، بەڵام ناڵێ چۆناوچۆنی ڕاستییەکەیان بۆ دەرکەوتووە...
18
تۆ باقییەیی ساقییەیی صەحنی چەمەن بە
مەیدان هەمو مەی دانە بە کاسات و بە طاسات
لاپەڕەی 144
باقییە: ماو .
ساقییە: ئاوگێڕ .
صەحن: مەیدان، یاخود سینی .
کاسات: جەمعی (کاسە) یە .
طاسات: جەمعی (طاسە) یە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ خۆش بی و هەمیشە هەر مەیگێڕی باخی ژیان بی.. جیهان مەیدانی ژیان و مەرگە، بە کاسە و بە تاسە شەرابی مەرگی تیا دەرخواردی خەڵکی ئەدرێ.. یاخود: چش لە خەڵک، تۆ بۆ خۆت بژی و لەسەر سینیی ژیان بمێنەرەوە، دنیا هەموو مەیدانی خۆشی و ڕابواردنە.
لە شیعرەکەدا ئیشارەتێکیش بە زاراوەی (ساقی و باقی) هەیە کە بەوە ئەڵێن بۆ ئادەمیزاد ئەمێنێتەوە لە مامەڵەدا..
دەستنووس
باقییەیی ساقییەیی (عم) و (گم): ساقییەوو باقییەیی. (کم) و (ت) و (مز): باقییەوو ساقییەیی.
19
«نالیی» یەک و ئەو کەس کە تەماعی غەزەلی بیست
مەعلوومی بووە زۆر و کەمیی خاریقی عادات
لاپەڕەی 144
خاریقی عادات: ئەو کردارانەی لە توانای هەمووکەسدا نین و خواوەند بەهرەی لێهاتنیان تەنها بە هەندێ کەسی هەڵبژاردەی خۆی ئەدا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی یەک کەسە، بەڵام ئەوەی ئاگای لە هەموو شیعرەکانی هەبێ، بۆی دەرئەکەوێ کرداری (خرق العادە) زۆر ڕوو ئەدا یا کەم. مەبەستی لەوەیە بڵێ کردارە ئەدەبییەکانی من هەموویان (خرق العادە) ن.
لە نوسخەی (تۆ) دا لەلای سەرووی ئەم قەصیدەیەوە نووسراوە « بند هفتم در مرثیەء یکی از محبان اسلامبولی فرمودە ». واتە: بەندی حەوتەم لە لاواندنەوەی یەکێ لە خۆشەویستە ئەستەمۆڵییەکاندا فەرموویەتی. بەڵام بە ئاشکرا دیارە لە دڵدانەوەی یارەکەیدا وتوویەتی بەبۆنەی مردنی باوکیەوە کە نەیهێشتووە شوو بکا بە نالییی و عەقڵیش نایگرێ نالییی لە دوا ساڵەکانی ژیانیا لە ئەستەمۆڵ یارێکی بووبێ بەتەمای هێنانی بووبێ و باوکی ڕێی لێ گرتبێ وەک لە قەسیدەکەوە دەرئەکەوێ، تا مەعنای قەصیدەکە لەگەڵ ئەو قسەیەدا یەکبخەین کە لە نوسخەکەی (تۆ) دا نووسراوە.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* ئەم پارچە شیعرە بۆ قەسیدە دەبێ، بەڵام خۆی بە غەزەلی داناوە.