سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

زولفەینی بە خەم مار و بە حەڵقەن وەکو عە‌قرەب

1
زولفەینی بە خەم مار و بە حەڵقەن وەکو عە‌قرەب
شیعری لەف و نەشرن، چ موشەووەش، چ مورەتتەب
لاپەڕەی 133
خەم: لوول . عەقرەب
لەف و نەشر: لە پێشەکییەکەدا لە باسی زاراوە بەدیعییە بەکارهێنراوەکانی ئەم دیوانەدا، بەدرێژیی لەسەرمان نووسیوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زوڵفەکانی یار چ لە حاڵی ئاڵۆزیی و چ لە حاڵی تەڵ تەڵ وەستان و شانە کراویدا، لە ڕۆژی لوول خواردن و ئەڵقەییانەوە لە مار و دووپشک ئەچن و وەک ئەو شیعرانە وان کە لەف و نەشریان تیایە چ لەف و نەشری مورەتتەب بێ و چ لەف و نەشری موشەووەش. مەبەستی لەوەیە ئەتوانین بڵێین (خەم) بۆ (مار) ئەگەڕێتەوە و (ئەڵقە) بۆ (عەقرەب) کە ئەبێ بە لەف و نەشری مورەتتەب یا بەپێچەوانەوە کە ئەبێ بە لەف و نەشری موشەووەش.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 133:
زولفەینی بەخەم مار و بە حەڵقەن وەکوو عەقرەب
شیعری لەف و نەشرن، چ موشەووەش، چ مورەتتەب

شەرحەکە «شیعر»ی نووسیوە کە دەبوو «شەعر» بنووسێت هەرچەند نالی «شیعر»ی نووسیوە و بۆ کاتی خۆی و ئێستاش، بەکار هاتووە و دێت، کە «شەعر» )بەواتای موو(بێت بەوەدا بەیتەکە جوانتر دەبێ کە «شیعر» لاسایی «لەف و نەشر»ی زوڵفی کردبێ. لەم حاڵەتەدا «شیعر» لەف و نەشر بێ، ئائەم صورەتە دەبێتە واتای دووهەم و وێنەسێبەرێکی زوڵفەکە.
2
جێی دەم دەمە، جێی لەب لەبە، ساقی وەرە ئیمشەب
هەم ماچی دەمادەم بدە، هەم جامی لەبالەب
لاپەڕەی 133
دەمادەم: دەم لەسەر دەم .
جاروبار . لەبالەب:
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەم ئەبێ لەسەر دەم بێ و لێو ئەبێ لەسەر لێو بێ. کەواتە، ئەی یاری ئازیز، ئەمشەو وەرە لامان، لە دەمت ماچی دەم لەسەر دەم یا ماچی تاونەتاومان بدەرێ و لە پیاڵەی لێوت جامی شەرابی لێو بە لێوەوە نان، یا جامی پڕ لە مەیمان بۆ تێکە.
دەستنووس
ئەمشەب (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (مز): ئەمشەو. دەمادەم (گم): دەماودەم.
3
بەو شەهدی کەلامەت کە بە ئیشرابی لەطافەت
لەذذەت دەگەیێنی بە دڵ و ذیهنی موخاطەب
لاپەڕەی 134
شەهد: شیلەی هەنگوین .
ئیشراب: پێ خواردنەوە .
ذیهن: بیر .
موخاطەب: گفتوگۆ لەگەڵ کراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەو قسەی وەک شیلەی هەنگوین شیرینەت، کە وەک چۆن ئەو بە ئاسانی و خۆشی قووت ئەچێ، تۆیش ئەم وا بە ناسکی بە گوێی گوێدەرا ئەدەی - خۆشی و ئارامی بە دڵ و بیری ئەوانە ئەگەیێنی کە قسەیان لەگەڵ ئەکەی.
دەستنووس
ئیشرابی (چن) و (ک): ئەشرافی. لامان وایە لەسەر ئەم نوسخەیە (ئیشراقی) بێ و بەهۆی هەڵەی نووسیارەوە وای بەسەر هاتبێ. دەگەیێنی (کم): ئەگەیێنی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی غەزەلەکە لە سەرووی لاپەڕە 134:
بەو شەهدی کەلامەت کە بە ئیشرابی لەطافەت
لەذذەت دەگەیێنی بە دڵ و ذیهنی موخاطەب

شەرحەک وەهای بۆچووە کە: قسەی وەک هەنگوینی شیرینت, کە وەک چۆن بە ئاسانی و خۆشی قووت ئەچێ، تۆیش وا بە ناسکی بە گوێی گوێدەرا ئەدەی (خۆشی و ئارامی بە دڵ و بیری ئەوانە ئەگەیەنی کە قسەیان لەگەڵ دەکەی).
من وەختی خۆی لە «چەپکێک لە گوڵزاری نالی»دا بۆچوونێکی جودام دەربڕیوە، ئێستا بەداخەوە دەستم بە کتێبەکە ڕاناگات، بە ناچاری پەنا بە یاد و بیرکردنەوە، بۆی دەچمەوە. من لە جیاتی «دڵ و ذیهن» کە بە ڕێنووسی نالی خۆی بنووسرێن، «ذهن» دەنووسرێ نەک «ذیهن»، «دڵ و دهن»م پەسەند کردبوو کە دەکاتەوە «دڵ و دەم» بەڵام پیتی «ی» لە «دهن»دا ئەوەستێندرێ لەبەر کێشی بەیتەکە، کە لە فارسیدا وەک بزانم «دەهن» دەگوترێ.
دەزانین هەستکردنی دڵ بە هەر شتێک بێ هەستێکی نامادییە، هی «ذیهن»یش ناماددیە، هەرچی هەستی «دهن»ـە مادییە. لە شەهدی کەلام ئەوەی بە دڵ دەگات شیرنایی مەعنەوییە، هەروەهاش «ذیهن». ئنجا ئەگەر «دهن» بێ، شیرنایی ماددی لە «دهن»ـەوە و هی مەعنەوی لە «دڵ»ـەوە، سەرلەبەری شیرنایی دەگرنەوە. لە هەمان کاتدا: وشەی «لەذذەت» لە ڕێنووسی کۆنیشدا ئەو دەنگەی «ذ»ی گوشراوە کە دەکا دوو «ذ». شەهدی کەلامەکە بە پاراوکردنی لەطافەت کە حاڵەتێکی نامادییە بە بەریەوە هەیە نوختەی یەک لە «ذ»ە کانی «لەذذەت» بپەڕێنێ. دیارە بەسەر «دڵ»ـەوە ناوەستێ چونکە واتا نابەخشێ، هەر دەمێنێتەوە بەسەر «دهن»ـەوە بوەستێ و بیکاتە «ذهن» کە ئەوسا «دڵ» و «ذیهن» پێکەوە کامیاب دەبن، وێڕای «دهن».
من لە تێبینییەکەوە بۆ ئەم واتایە چووم: ئەگەر نالی ئیشێکی بە «ئیشرابی لەطافەت» نەبێ «شەهدی کەلام» خۆی بەسە لەززەت بە دڵ و ذیهن بگەیەنێ، ئەوسا ئەگەر ئیشی پێ نەبوایە بەتاڵایی شوێنەکەی بۆ مەبەستێکی دیکە پڕ دەکردەوە.
کاتی خۆی لە «چەپکێک لە گوڵزاری نالی»ـدا وەک لە بیرمە، بەیتێکی پاڵپشت بۆ ئەم واتایەم لە مەحوییەوە هێنابوو، ئێستا بۆ ئەو بەیتە ناچمەوە. لەوەشدا گوتبووم غەیری مەحوی چ شاعیرێکی دیکەی کورد ئەم مەهارەت و وردەکارییەی لە دەست نەهاتووە، مەحویش لەو کارەیدا شوێن پێی نالی هەڵگرتۆتەوە نەک بە چاولێکەری، بەڵکوو لە نوختەنیگای بەخۆدا ڕاپەڕموونەوە.
4
وەک صۆفییی صافی مەبە ئالوودە بە دونیا
بێهوودە موکەددەر مەکە سەرچاوەیی مەشرەب
لاپەڕەی 134
صافی: سادەلەوح و نەفام .
ئالوودە: تێکەڵ، گرفتار .
بێهوودە: بێسوود .
موکەددەر: لێڵ .
مەشرەب: کانی . ڕەوشت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
و اتە: خۆت وەک سۆفییە نەفام و سادەلەوحەکان تێکەڵی دنیا مەکە و لەخۆڕایی سەرچاوەی کانیاوی ڕاستی و خواناسی لێڵ مەکە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (موکەددەر) و (مەشرەب) دا تەناسوب هەیە،
دەستنووس
ئالوودە بە دنیا (عم) و (کم) و (گم) و (مز): ئالوودەیی دنیا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 134:
وەک صۆفیی صافیی مەبە ئالوودە بە دونیا
بێهودە موکەددەر مەکە سەرچاوەیی مەشرەب

شەرحەکە دەڵێ: خۆت وەک سوفییە نەفام و سادەلەوحەکان تێکەڵی دنیا مەکە و لە خۆڕایی سەرچاوەی کانیاوی ڕاستی و خواناسی لێڵ مەکە... بەڵام شەرحەکە تێمان ناگەیەنێ لێڵییەکە لە چییەوە دێت! وەک من بۆی دەچم لە ڕێی «استخدام»ـەوە نالی وشەی «ئالوودەبوون»ی بۆ ئەو واتا و سەبەبە بەکارهێناوە چونکە هەر کەسێک خۆ لە هەر سەرچاوەیەک وەربدا بێگومان، لێڵی دەکات (مەگەر لە چەمەنتۆ دروست کرابێ، کە ئەوسا پەیدا نەبووبوو!!) سەرچاوەی ئاوی لێخواردنەوەش، چ ئەوسا و چ ئێستا، سروشتییە و بووە، نەک حەوزی مەڕمەڕە کە قوڕاو نابێ. مەشرەب هەم لێخواردنەوە و هەم مجێز و دڵ و دەروون دەگەیەنێ.
5
عاشق هەوەسی مەیکەدەوو عیلمی بەسیطە
عاقڵ طەلەبی مەدرەسەوو جەهلی مورەککەب
لاپەڕەی 135
هەوەس: ئارەزوو .
مەیکەدە: مەیخانە .
عیلمی بەسیط: زانستی سادەی بێ پێچ و پەنا .
طەڵەب: داوا .
جەهلی مورەککەب: نەزانینی دووباد، نەزانین و نەزانین بە نەزانینەکەش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دڵدار فڕوفێڵ و پێچ و پەنا نازانێ، بەدوای مەیکەدەی خۆی و زانستێکی سادەدا ئەگەڕێ و سەر لە خۆی ناشێوێنێ. بەڵام ئەوانەی کە خۆیان بە زانا و خوێندەوار دائەنێن، بە خەیاڵی خۆیان هۆگری خوێندن و قوتابخانە و زانستن، کەچی لەڕاستیدا شوێنی نەزانی کەوتوون و بە خۆیشیان نازانن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (مەیکەدە) و (مەدرەسە) و (عیلم) و (جەهل) و (بەسیط) و (مورەککەب) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
هەوەسی (کم): طەڵەبی. عا‌قڵ طەڵەبی (عم) و (ت): جاهیل طەڵەبی. (کم): عاقڵ هەوەسی. (گم): جاهیل هەوەسی.
هەرچەند لە هیچ کام لە نوسخەکانی بەردەستمانا لەجیاتیی (عاقڵ) لە (جاهیل) بەولاوە شتێکی تر نەبوو، ئێمە لامان وایە ڕاستەکەی (غافڵ) ـە و بە هەڵەی نووسیار بووە بە (عاقڵ). مەعناکەش بەم جۆرە ڕەساتر دێ و وای لێ دێتەوە: ئەوەی بێ ئاگا بێ لە عەشق ڕێگای خوێندن ئەگرێتەبەر، بەڵام خوێندن لەوە زیاتری بەدەمەوە نییە کە نەزانینی بۆ دووپات ئەکاتەوە و نایگەیەنێ بە ناسینی ڕاستەقینە کە تەنها لە ڕێگای عەشقەوە پەیدا ئەبێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە ئاست بەیتی سەرەتای لاپەڕە 135:
عاشق هەوەسی مەیکەدەوو عیلمی بەسیطە
عاقڵ طەلەبی مەدەرسەوو جەهلی مورەککەب

دوو قسەم هەیە یەکیان وشەی «هەوەس» کە حەز و ئارەزۆ ڕادەگەیەنێ هەروەها گیرۆدەیی مەراقی سەخت و خولیایش بە دەستەوە دەدات. «بوالهوس» زاراوەیەکی مەشووری نێو ئەدیبانە. دووهەم قسە ئەوەیە: خۆزی وشەی «عاقڵ» گۆڕاوی «غافڵ» بووبێت بە دەست نوسخەنووسانەوە.

لە بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕەدا وشەی «موستەحەق» هەڵەیە و بەکارهێنانێکی بازاڕییە، ڕاستییەکەی «موستەحیق»ـە: ماف، سزا، پایە «موستەحەق»ـن. خاوەنماف، سزاکار، خاوەنپایە «موستەحیق»ـن، بە گوشینی دەنگی «ق» لە هەردوویاندا. کێشی بەحرەکە مانیعی گوشینەکەیە.
لە شەرحەکەدا لایەنی «خسف»ی فەلەک ڕوون کراوەتەوە وەک کە قورئان لە بارەی قاروونەوە دەڵێ «خسفنا بە وبدارە الأرض». بەڵام لایەنی گرتن دیار نییە لە شەرحەکەدا. گرتنەکە دەچێتەوە بۆ «شمس و قەمەر» کە لە نیوەی دوەمی بەیتەکە هاتووە: شەمس و قەمەری بە زیو و زێڕ داناوە. هەردووکیان، لە بەدوا یەکتردا هاتنی «زیو و زەڕی شەمس و قەمەرە» شەرحەکە سەهوی کردووە کە دەڵێ: «لەف و نەشری مورەتتەبە» چونکە ڕۆژ بۆ زیو دەچێتەوە و زێڕیش بۆ مانگ (بەمەشدا لەف و نەشرەکە موشەووەشە چونکە ڕۆژ زێڕە و مانگ زیوە).
6
قاروونە فەلەک، موستەحەقی گرتن و خەسفە
زیو و زەڕی شەمس و قەمەرە، دیرهەمی کەوکەب
لاپەڕەی 135
قاروون: دەوڵەمەندێکی جوولەکە بووە لە خۆی بایی بووە، خوایش غەزەبی لێ گرتووە دارایی و سامانی بردووە بە ناخی زەویدا .
خەسف: ڕۆچوون .
دیرهەم: پارەی زیو .
کەوکەب: ئەستێرە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چەرخی گەردوون لە بەدکرداری و کەچ ڕەفتاریدا وەک قاروون وایە، زێڕ و زیوەکەشی بریتییە لە ڕۆژ و مانگ و پارەی زیویش بریتییە لە ئەستێرەکان. بۆیە ئەمیش، وەک قاروون، شایانی ئەوەیە خوا تێک و مەکانی بدا و بە ناخی زەویدا بیباتە خوار.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (فەلەک) و (شەمس) و (قەمەر) و (کەوکەب) و (زێڕ) و (زیو) و (دیرهەم) دا تەناسوب و لە وشەی (قاروون) و (خەسف) یشدا تەلمیح هەیە. هێنانی (شەمس) و (قەمەر) یش بەدوای (زیو) و (زێڕ) دا کە (خۆر) و (زیو) سپین و (مانگ) و (زێڕ) یش زەردن، لەف و نەشری مورەتتەبە.
دەستنووس
گرتن (ت): گردن. ئەویش هەر بە مەعنا گرتنە.
7
قەللابی جیهان نەقدی عەیاری نییە قوربان!
«نالیی» مەحەکی هیممەتی کردوویە موجەڕڕەب
لاپەڕەی 136
قەللاب: بێبار .
نەقدی عەیار: نەختی بێگەرد .
مەحەک: بەردێکە زێڕی بێگەرد و ناپاکی پێ لە یەک جوێ ئەکرێتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گەردوونی بێبار چونکە هەر ڕۆژە لەسەر بارێکە زێڕ و زیوی ساغی لا نییە. زێڕ و زیوی ساغ لای کەسێکە هەم ساغ بێ و هەم ڕێگای خۆیشی نەگۆڕێ. بەڵام نالییی، بەپێچەوانەی گەردوونەوە، بەردی مەحەکی هیممەتی بەرزی خۆی تاقیی کردووەتەوە و دەری خستووە کەوا ساغ و بێگەردە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (نەقد) و (عەیا) و (مەحەک) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
قوربان (ت) و (مز): صەدبار.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی لاپەڕە 136:
قەللابی جیهان نەقدی عەیاری نییە قوربان!
نالی مەحەکی هیممەتی کردوویە موجەڕڕەب

شەرحەکە وای بۆ چووە کە نالی خۆی بە مەحەکی هیممەت تەجرەبە کردووە... ئەم مەعنایە مەبەستە ئەصلییەکەی تێدا نییە بەڵکوو سێبەرەمەعنای ئەصلییە. نالی دەڵێ: جیهان بێبار (تەقلەباز)ە، پارەی ساغڵەمی نییە. نالی بە مەحەکی هیممەتی خۆی ئەم جیهانەی لە عەیارە داوە و قەللابییەکەی دەرخستووە.