لاپەڕەی 131
لەوح: تەختەی لەسەر نووسین، یا (لوح المحفوظ) کە ئەو تەختەیەیە هەرچی لە جیهانا ڕووبدا و بە عیلمی خوادا ڕابووردبێ، تیا نووسراوە .
حەقیقەت: ئەو وشەیەی بۆ مەعنای ڕاستەقینەی خۆی بەکارهێنرابێ .
مەجاز: ئەو وشەیەی لە غەیری مەعنای ڕاستەقینەیدا بەکارهێنرابێ بەمەرجی بوونی پەیوەندییەک لەنێوان مەعنا ڕاستەقینەکە و مەعنا مەجازییەکەدا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی دوای پەردە هەڵماڵین لە ڕۆژی سۆفییە بەدیمەن خواناسەکان کە ئیددیعای زانینی هەموو نهێنییەکی گیتتی ئەکەن، دێتە سەر شانازی کردن بە خۆی و ئەڵێ: ئەوەی بە ئاشکرا یا بە پەنهانی ئاگاداری ڕازی قەڵەم بێ، ناوی لەسەر تەختەی ڕاستەقینەی ناوی ئاگادارانا نووسرابێ با هەر لە عیلمی خوادا ڕابواردبێ کەوا لە ئاگادارانە، یا خەڵک ئەوەندە باسی ئاگاداریی بکەن وەک لەسەر تەختە ناوی نوسرابێ، لەم جیهانەدا، لە نالیی بەولاوە، کەس نەماوە..
ئەمە ئەگەر مەبەست لە (نالیی)، خاوەن شیعر خۆی بێ. بەڵام مەعنایەکی تریش ئەگونجێ و دیارە نالیی، بە عادەتەکەی خۆی، ئەو مەعنایەشی مەبەست بووە. ئەوەش ئەوەتە (نالیی) درابێتە پاڵ (نال) کە تاڵی باریکی ناو قەڵەمی قامیشە، کە ئەگەر لە گۆشەی خەیاڵی وردی شاعیرانەوە مەعنای شیعرەکە لێ بدەینەوە، دیارە ئاگاداری هەموو ئەو بابەتانەیە قەڵەم بۆ نووسینیان بەکار ئەهێنرێ.
بەپێی مەعنایە وا بەڵگەیەکی تریش ڕاست بووەوە کەوا نازناوی ئەم شاعیرە بەخۆدانازیوەمان (نالیی) یە نەک (ناڵی) وەک هەندێ کەس وتوویانە.
دەستنووس
یا مەجاز (ت): تا مەجاز.
***
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی 131:
ظاهیر و باطین، لەسەر لەوحی حەقیقەت یا مەجاز
ئاشنای سیڕڕی قەڵەم بێ، غەیری «نالی» کەس نەما
شەرحەکە درێژەی هەیە و خۆی دەکاتە تەواوکەری بەیتی پێشوو، کە من وا دەزانم بەیتێکی سەربەخۆیە. دەبوو بەیتەکە لە شەرحدا بۆی تێ بخوێندرێتەوە کە نەک هەر «لەوح»ی «اللوح المحفوظ»ی تێدایە، بەڵکوو «قەڵەم»یشی تێدایە کە لە قورئاندا هاتووە: «ن والقلم ومایسطرون». لەوحی مەحفووظ قەڵەمی خودایی تایبەت بە لەوحەکەوە شتی تێدا دەنووسرێ. هەروەها دەبوو لە ئاست «ظاهیر و باطین» بڵێ «عیلمی ظاهیر و عیلمی باطین»یش دەگرنەوە نەک هەر ئاشکرا و بزر.
لەلایەن دەلالەتی وشەی «نال» بە واتای ئەو ماددە شکڵلۆکەی ناو قەمیش، کە قەڵەم لەو قەمیشە دروست دەبێ، کە وشەکە «نال»ـە نەک «ناڵ» و لەبەرەو هەرە کۆتایی بەیتەکەشدا بۆتە نازناوی «نالی»، گۆیا ئەمە ئیسپاتە بۆ ئەوەی کە نازناوی شاعیر «نالی»یە نەک «ناڵی» وەک هێندێ کەس ڕادەنوێنن. هەرچەند من خۆم دڵنیام لەوەدا کە «نالی» نازناوەکەیە بەڵام لەلایەن ئیسپاتەوە کورت دەهێنێ چونکە نالی خۆی بەیتی ئەوتۆی هەیە «ناڵی» تێیدا هاتبێ و بە نازناویش لە بەیتەکە جێگیربووبێ وەک ئەمە:
صەوتی نەغمەی بولبولە یا چەهچەهەی خڵخاڵییە
دەنگی عوودە، یا لە ژێر پێی ناڵەناڵی ناڵییە
وا لێرەدا بەپێی داخوازیی واتائارایی «نالی» بوو بە «ناڵی».
ڕوونکردنەوەیەکی پێویست:
من کە ویستم ئەم بەیتە بهێنمەوە بە شایەد، گەرام بە دوا دەقی بەیتەکە لە کتێبەکەدا، بۆم نەدۆزرایەوە. ناچار ئەو شتەم نووسی کەوا لەبەر چاوی خوێنەردایە. جارێکی دیکە بۆی گەڕام بە پێی پێڕستی هەڵبەستەکان کە لە لاپەڕە 741 دەست پێ دەکا، دیتم ئەم فەردە لە لاپەڕە 588دا نووسراوە بەم دەقە:
صەوتی نەغمەی بولبولە یا چەهچەهەی خڕخاڵییە؟!
دەنگی سۆلە، یا لەژێر پێی ناڵەناڵی ناڵیە؟!
هەر لەو گەڕانەدا بۆم دەرکەوت کە بەدوا کاتەوە شەرحدەرەکان لە لاپەڕە 739 دان بەوەدا دەهێنن کە لە بەیتی «ڕیشەکەی پان و درێژی بۆ ڕیا خزمەت دەکا» ئەم «بۆ ڕیا»یە هەڵدەگرێ «بوریا» بێ بە واتای ئەو قامیشە باریکەی دەکرێ بە چیغ. من لە کاتی تێبینی لەو بەیتەدا گوتوومە «بوریا» بە واتای گەسکیش دێت. دەرکەوت چیغە نەک گەسک. خوێنەر سەیری نەیەتەوە لەوەدا کە ناگەڕێمەوە بۆ ئەو هەڵەیە و ڕاستی بکەمەوە: من کە دەنووسم لەبەر دەرفەتی تەسک و بێ کەرەستەیی، ڕەشنووس و پاکنووسم یەک شتە، کە هەڵەی ڕێنووس دەکەم بە دەمی مووس دەیکڕێنم و لە شوێنی خۆیدا دەینووسمەوە، ئەگەر لە پیتێک هەڵەم کردبێ هەر ئەو پیتە دەکڕێنم.