سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

پەچەیی پەرچەمی و پرچی سیا

1
پەچەیی پەرچەمی و پرچی سیا
هەر دەڵێی مانگەشەوە کوڵمی تیا
لاپەڕەی 124
پەچە: ڕووپۆش .
پەرچەم: قژی پێشی سەر .
پرچ: زوڵف .
سیا: ڕەش .
تیا: تیایدا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: پەرچەم و پرچی ڕەشی یار بوونەتە پەچە بەسەر ڕوویەوە، لەگەڵ کوڵمی جوان و ورشەداریا ئەڵێی شەوی مانگە شەوە، شەوەکەی پەرچەم و پەچەکەیەتی و مانگەکەشی ڕووەکەیەتی.
نالییی لەم شیعرەدا تەشبیهی مورەککەبی بەکارهێناوە، شێوەیەکی تێکەڵاوی شوبهاندووە بە شێوەیەکی تر. هەروەها صەنعەتی ئیهامیشی بەکارهێناوە، واتە شوێنە گومکێ پێ‌کردن. ئەوەتە شوبهاندنی پەچە و پەرچەمی ڕەش بە مانگەشەو شتێکی سەیرە بەڵام وشەی (کوڵمی تیا) مەسەلەکە ڕۆشن ئەکاتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە وشەی (پرچ) و (پەرچەم) دا جیناسی ناقیص و لە (سیا) و (تیا) دا جیناسی موضاریع هەیە.
دەستنووس
لە نوسخەی (تۆ) دا لەسەر ئەم پارچە شیعرە نووسراوە: « در مدح نقاب کە بر سر نسائی دیدە، گفتە‌اند » واتە: لە تاریفی پەچەیەکدا فەرموویانە کە بە سەری ئافرەتێکەوە دیوە. بە شیعری شەشەمیشدا لەوە ئەچێ لە ئەستەمبووڵ وتبێتی، چونکە هەر لە شارێکی وادا ئەگونجێ ئافرەتێکی وای دیبێ نەزانێ لە چ نەتەوەیەکە.
پەچەیی (عم) و (گم) و (ت) و (تۆ) و (مز): پێچەیی. پرچی (چن) و (ت) و (ک): زوڵفی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 124، بەیتی دووهەم:
پەچەیی پەرچەمییو، پرچی سیا
هەر دەڵێی مانگەشەوە کوڵمی تیا

شەرحەکە بۆ ڕوونکردنەوەیەکی جوان ڕۆیشتووە، کە دەڵێ: تەشبیهی پەچە و پەرچەمی ڕەش بە مانگەشەو شتێکی سەیرە (چونکە لە پەچە و پەرچەمدا هەر ڕەشایی شەو پەیدایە) بەڵام وشەی2 «کوڵمی تیا» مەسەلەکە ڕۆشن دەکاتەوە. پێش ئەم قسەیەی گوتوەتی: «تەشبیهی مورەککەب و صنعەتی ((ایهام))یشی بەکارهێناوە، مەبەس لە ئیهام شوێنەگۆڕکێیە کە کوڵمەکە چۆتە دووای مانگەشەوە و لەوێ خزاوە».
هەموو قسەکان تەواون تەنها یەک تێبینی دەمێنێ لەوەدا کە کوڵم چۆتە ناو مانگەشەوەکە: مەهارەتی نالی وەهای کردووە مانگەکە لە شەوەکە بدزێتەوە و کوڵمی لە جێگەدا دابنێ. هەڵبەت لە واقیعدا مەبەس لە بەیتەکە ئەوەیە کە بڵێ: پەچەی پەرچەم و پرچی سیا کە کوڵمی تێدایە هەر دەڵێی مانگەشەوە، بەڵام داڕشتنەکە بە زیادەوە بۆ کوڵم و پەرچەم و پرچ، واتا و زینەتی کۆکردۆتەوە لەسەر حیسابی مانگەکە، وەک کە نەخش و نیگار بەسەر جل و بەرگ و نوێن و دار و دیواردا خۆی دەکاتە ئەصلە ماددە.
2
لادە دەسرۆکەیی هەوریی لە جەبین
دەرکەوێ شەمس و قەمەر، نوور و ضیا
لاپەڕەی 125
دەسرۆکە: دەستەسڕی بچووک . سەرپۆش .
هەوریی: سرکەیی، جۆرە سەرپۆشێکی ناسکی ڕەش و سپیی ئاوریشمە .
جەبین: تەوێڵ، ناوچاو .
ضیاء: ڕۆشنی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
وایە: سەرپۆشی سرکەیی لەسەر ناوچاوت لادە با مانگ و ڕۆژ و شەوق و ڕووناکیی ڕووت دەرکەوێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (دەسرۆکە) و (هەوری) و (جەبین) و هەروەها لە کۆکردنەوەی (شەمس) و (قەمەر) و (نوور) و (ضیاء) دا تەناسوب هەیە. لە وشەی (هەوری) یشدا لەطافەت هەیە چونکە هەروەکو مەعنای سرکەیی ئەگەیەنێ، ئیشارەتێکیشی بە (هەور) ی ئاسمان تیایە کە لەگەڵ (مانگ) و (ڕۆژ) دا پەیوەندی و تەناسوبی هەیە. لە هێنانی (نوور) و (ضیا) یشدا بەدوای (شەمس) و (قەمەر) دا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە.
دەستنووس
هەوریی (ت) هەورین.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 125:
لادە دەسرۆکەیی هەوری لە جەبین
دەرکەوێ شەمس و قەمەر، نوور و ضیا

شەرحەکە لە دوو نوختە کورتی هێناوە: یەکیان ئەوەیە کە دەبوو بڵێ لە «شەمس و قەمەر و نوور و ضیا» ئیشارەت هەیە بۆ ئایەتی «وجعلنا الشمس ضیاء والقمر نورا». دووهەمیان ئەوەیە کە دەڵێ: لە هێنانی «نوور» و «ضیا»یشدا بە دوای «شەمس» و «قەمەر»دا، لەف و نەشری مورەتتەب هەیە. لەف و نەشرەکە موشەووەش هاتووە نەک مورەتتەب چونکە لە بەیتەکەدا «شەمس» بەرانبەر «نوور» دەوەستێ و «قەمەر» یش بەرانبەر «ضیا». هۆی سەهوەکەش ئەوەیە کە شارح ئایەتەکەی قورئانی بەبیردا نەهاتووە کە لەوێدا «شەمس» ضیایە و «قەمەر» نوورە.
3
لێوی تۆ ئاوی بەقا، من خضرم
فەیضی تۆ ڕەحمەت و من سەوزە گیا
لاپەڕەی 125
ئاوی بەقا: ئەو کانییەی ئەڵێن هەر کەس لێی بخواتەوە نامرێ .
خضر: حەزرەتی خضر کە ئەڵێن ئاوی ژیانی خواردووەتەوە بۆیە تا قیامەت ئەژی . ئیشارەتیشی بە ناوی نالییی خۆی تیایە . فەیض
ڕەحمەت: بارانی ڕەحمەت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یارە نازدارەکەم ! لێوی تۆ کانیی ئاوی حەیاتە، منیش خدری زیندەم، هاتوومەتە سەری لێم خواردوەتەوە و هەرگیز نامرم. میهرەبانیی تۆ لەگەڵ من بارانی ڕەحمەتە و منیش سەوزە گیای ڕوواوی ئەو بارانی ڕەحمەتەم. لەنێوان (ئاوی بەقا) و (خضر) و لەنێوان (بارانی ڕەحمەت) و (سەوزە گیا) دا تەناسوب هەیە. لە وشەی (خضر) یشدا لەطافەت هەیە، چونکە هەم ناوی حەزرەتی خضر و هەم ناوی مەلا خدری نالییی و هەم مەعنای سەوزە گیاش ئەگەیەنێ کە لەبەر ئاوا ئەڕوێ.
دەستنووس
ئاوی (چر) و (کم) و (ت) و (مز): ئابی.
4
فەرشی کەففی بەری پێتە نەرگس
سەری داخستووە وەک چاوی حەیا
لاپەڕەی 126
فەرش: ڕایەخ .
کەف: سۆل . بەری دەست .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نەرگسی نازداری جوان و بۆن خۆش لەعاست جوانیی و بۆنخۆشیی تۆدا ئەوەندە خۆی بە کەم ئەزانێ، بووە بە ڕایەخی ژێر سۆلی بەرپێت، وەک چاوی شەرم ڕووی نایەت سەر هەڵبڕێ، بۆیە وا ملی لار کردووەتەوە. یاخود نەرگس لەعاستی تۆدا ئەوەندە خۆی بە هیچ ئەزانێ بەری دەستی کراوەی بۆ تۆ بووە بە بەری پێ.. چەند زیادەڕەوییەکی جوانە ! چاوەکە خۆی بووە بە شەرم نەک چاوی کەسێکی شەرمن..
دەستنووس
نەرگس (کم) و (گم): نێرگس.
5
مەمخەرە هاوییەتی هەولی فیراق
دەستی من دامەنی تۆ ڕۆژی قیا
لاپەڕەی 126
هاوییە: دۆزەخ . توونی قووڵ .
هەول: ترس . شوێنێکە لە دۆزەخدا .
قیا: کورت کراوەی (قیام) یا (قیامەت) ە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەک کەسێکیتر ببێ بە فریایا بگات، منیش وا دەسەوداوێنی تۆ ئەبم کەوا لێم دوور نەکەویتەوە و تووشی داوی دۆزەخی دووریتم نەکەی. ئەشگونجێ مەعنای وا لێک بدرێتەوە ئەگەر تووشی داوی دووریتم بکەی، لە ڕۆژی قیامەتیدا لە کۆڵت نابمەوە و تووشی لێ پرسینەوەت ئەکەم و تۆڵەت لێ ئەسێنمەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (هاوییە) و (هەول) و (دۆزەخ) و (قیا = قیامەت) دا تەناسوب هەیە، کورت کردنەوەی وشەی (قیامەت) یش بە (قیا) کە نالییی کردوویەتی کردارێکی زمانەوانیی نوێیە هاوچەشنیمان پێشتر لە کوردیدا نەدیوە.
دەستنووس
ڕۆژی (ت): ڕۆزی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 126:
مەمخەرە هاوییەیی هەولی فیراق
دەستی من دامەنی تۆ ڕۆژی قیا

شەرحەکە دەڵێ «قیا» کە کورتکراوەی «قیام، قیامەت»ـە کارێکی زمانەوانیی نوێیە هاوچەشنمان پێشتر لە کوردیدا نەدیوە. ڕەنگە بۆچوونەکە ڕاست بێ بەڵام دوو نوختە هەیە ڕوون بکرێتەوە: یەکیان ئەوەیە دەبێ تەفتیشێکی ورد لە هەموو شیعری کوردیی بەر لە نالی بکرێت. دووهەمیان ئەوەیە کە لەهجەی کوردستانی جنووبی لە سەردەمی نالییەوە بوو بە زمانی شیعر. لە کەمتاکورتێکی ئەوتۆ نەبێ کە بڕیاری لەسەر هەڵناستێ بۆ دەستوور لێ وەرگرتن... مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی لە کتێبی: «کەشکۆڵی کەلەپووری ئەدەبی کوردی» هەوڵێکی دڵسۆزانەی داوە بۆ وەدەستهێنانی نموونەی ئەدەبی ئەوتۆ پتر تێهەڵکشابێ بەرەو ڕابوردوو لە سەردەمی نالی و کوردی و سالیم، جارێ ماویەتی خەرمانێکی لێ پەیدا بێ و زەمانێکی دووری هەڵکردبێتەوە.
لە پاش نالی حاجی قادر بەیتی هەیە هەمان ڕەفتاری کردبێ کە دەڵێ:
تەماعی گەورەیی بێ چەک نەکەن نەک
6
«گێل» ئەگەر تورکی، «تعال» ئەر عەرەبی
«بێ» ئەگەر کوردی، ئەگەر فورسی «بیا»!
لاپەڕەی 126
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لە هەر نەتەوەیەک هەی بە زوبانی ئەو نەتەوەیە بانگت ئەکەم، ئەڵێم: وەرە.
لەم شیعرەدا نالییی ئەیەوێ ڕادەی خۆشەویستیی یارەکەی دەربڕێ و پێی بڵێ لە هەر نەتەوەیەک بیت بۆ من چون یەکە و هەر کەس بیت ئەوەی لای من مەبەستە. پێگەیشتنە. بەڕاستیش توانیویە بە شێوەیەکی سادە، بەڵام جوان، ئەوپەڕی هەستی پەیوەندی خۆی پێوەیەوە دەببڕێ..
لە هەموو نووسخەکانی بەردەستمانا، چاپ و دەستنووسیان، شیعرەکە لەبارەی ڕیزکردنی ڕستەکانیەوە بەم جۆرەیە کە پیشانمان داوە. تەنها لە نوسخەکەی چاپی مامۆستا گیودا نەبێ (« بێ » ئەگەر کوردی) یەکەی پێش خراوە، ئەوەش زیاتر لەوە ئەچێ دەسکاریی خۆی بێ.. چونکە لەبارەی هونەری جوانکارییەوە (گێل) و (تعال) کە دوا پیتیان لامە، بەیەکەوە بن جوانترە و (بێ) و (بیا) ش لەپاڵ یەکدا بن، گونجاوترە بۆ ئەوەی جیناسێکی ناقیص پەیدا ببێ.
دەستنووس
تورکی (ت) تورک و. ئەگەر - ی چوارەم - (ت): وەگەر. فورسی (کم) و (گم): فارسی.
7
سەری فەرهادم و دەندووکی قوڵنگ
دەستی مەجنوونم و دامێنی چیا
لاپەڕەی 127
فەرهاد: فەرهادی دڵداری شیرین .
دەندووک: نووک .
قوڵنگ: چەکوشی بەرد پێ تاشین .
مەجنوون: قەیسی عامیریی شێتی لەیلا .
دامێن: داوێن . بنار .
چیا: شاخ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەگەر نەیەیتە لام، هەموو هۆیەکی گرفتار بوونم بۆ کۆ بووەتەوە. سەری فەرهاد و نووکی قوڵونگەکەیم، ئیتر چیم ئەمێنێتەوە بۆ پان بوونەوە؟ ! دەستی مەجنوون و داوێنی چۆڵ و بیابانم کە سەری خۆی بۆ هەڵگرت... ئیتر چیم ئەمێنێتەوە بۆ شێت بوون و دەشتودەر گرتنەبەر؟ !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (سەر) و (فەرهاد) و (قوڵنگ) و (مەجنوون) و (چیا) و (دەست) و (داوێن) و (سەر) و (دەست) دا تەناسوب هەیە. لەنێوان ئەم شیعرە و شیعری پێشوویشدا حوسنی تەعلیل هەیە، واتە: لە حاڵێکی ناڕەحەتدام، بە هەموو زوبانێ بانگت ئەکەم بێیتە لام و بەفریام بگەی، ئەگینا... تاد.
دەستنووس
دامێنی (چر): دامەنی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە شەرحی بەیتی سەرەتای لاپەڕە 127 کە دەنووسێ: ((«سەری فەرهادم و دەندووکی قوڵنگ»ـەکەی، ئیتر چیم ئەمێنێتەوە بۆ پانبوونەوە؟)) دەبوو باسی پانبوونەوە نەکات چونکە قوڵنگ لەش پان ناکاتەوە، سەرەکە لەت دەکا وەک لە ئەفسانەی شیرن و فەرهاد هاتووە کە فەرهاد بیستی شیرن مردووە (بە درۆ مرێندرابوو) قوڵنگی بەردتاشینی هەڵدا و لە هاتنە خوارەوە سەری خۆی بەبەر دا و لەت بوو. جێی خۆیەتی بڵێم، دەبوو وشەی «کوڵنگ» لە بری «قوڵنگ» بەکاربێت لە نووسینی کوردیدا چونکە ئالەتی کۆڵین و هەڵکۆڵینە وەک کە بێژنگ ئالەتی بێشتنی دانەوێڵەیە.
8
خاطری زاهیدی خاڵی، خاڵی
نییە، ئەڵبەتتە، لە بێنێکی ڕیا
لاپەڕەی 127
خاطر: دڵ .
زاهیدی خاڵی: سۆفیی بەدیمەن دەست لە دنیا هەڵگرتوو .
بێن: بۆن .
ڕیا: ڕووپاماڵی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دڵ و دەروونی پووچ و بۆشی سۆفیی بەدیمەن دەست لە دنیا هەڵگرتوو، هەرچۆن بێ، بۆنێکی ڕووپاماڵی و مەرایی کردنی هەر لێ دێ. ئەشگونجێ مەعناکەی وا لێک بدرێتەوە: دڵ و دەروونی ئەو سۆفییەی کە گوایە وازی لە خاڵی گۆنای یار هێناوە، خاڵی نییە لە ڕووپاماڵی و درۆ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردو (خاڵی) دا جیناسی تەواو و لەنێوان (خاڵی) و (خاڵی نییە) دا طیباق هەیە.
لە کۆکردنەوەی (حاڵی) و (نالییی) دا جیناسی لاحیق و لە (نەمرد) و (نەژیا) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
زاهیدی خاڵی (عم) و (گم): زاهید و حاڵی. (کم): زاهید و خاڵی. ئەڵبەتتە لە بێنێکی (کم): ئیستاکە بە بێنێکی. (گم): ئیستاکە بە بەینێکی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 127:
خاطری زاهیدی خاڵی، خاڵی
نییە، ئەلبەتتە، لە بێنێکی ڕیا
چەندێکیش کە حەز ناکەم، بەڵام بۆچوونێک هەیە بە چاوپۆشی خوێنەر، دەری دەبڕم: وشەی «بێن» بە تەئویل بۆ ڕیاکاری دەچێتەوە و جێی خۆشیەتی. بەڵام لەگەڵ «ڕیا» دا بێ تەئویل و پاتەوپات «هۆ و ئەنجام»ن. وەک کە «قیا» «قیام» بوو، «ڕیا»ش ڕیانە واتە ڕیێن.
9
دوور لە تۆ ئیدی مەپرسە، قوربان
حاڵی «نالیی» کە نە مرد و نە ژیا!
لاپەڕەی 128
ئیدی: ئیتر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەمەی زیاتر کە بۆم لێکدایتەوە، چییتر هەواڵی نالییی مەپرسە بە دەست دەردی دوورییەوە چۆنە، نە ئەوەتە بمرێ و بە جارێ لێ بێتەوە و نە وەکو خەڵکیش بە خۆشی ئەژی.. لە دۆزەخی دووریدا وەک دانیشتووی دۆزەخی لێهاتووە کە قورئان باسی ئەکا و ئەفەرموێت: « لا یموت فیها و لا یحیا » واتە: نە تیا ئەمرێ و نە تیا ئەژی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 128:
دوور لە تۆ، ئیدی مەپرسە، قوربان
حاڵی «نالی» کە نە مردو نە ژیا!

شەرحەکە دەڵێ: لەمەی زیاتر کە بۆم لێکدایتەوە چی تر هەواڵی نالی مەپرسە... نە ئەوەتە بمرێ و بە جارێ لێ بێتەوە و نە وەکوو خەڵکیش بە خۆشی ئەژی... لە دۆزەخی دووریدا وەک دانیشتووی دۆزەخی لێ هاتووە کە قورئان باسی دەکا و ئەفەرموێت «لایموت فیها ولایحیی» واتە نە تێیدا ئەمرێ و نە تێیدا ئەژێ.
ئەو «ئیدی مەپرسە» مەرج نییە دەلالەتی باسکردنێکی لەمەو پێشی هەبێ، زاراوەیێکە بۆ زلکردنی حاڵەتێک بەکار دێت لە گێڕانەوەدا، لەوانەیە بۆ کەسێک بەکاربێت کە پێشتر نەدیترابوو. ئیشارەتی شەرحەکە بۆ ئایەتی قورئان زیرەکانەیە.
دوو تێبینی مەعنای بەیتەکە تەواو دەکەن ئەویش لە دەستەواژەی «دوور لە تۆ» کە بە دوو مەعنا دێت، یەکیان دوعای چاکەیە بۆ چەپارەدانی یار لە حاڵەتێکی وەکوو حاڵەتی نالی، واتە: لێت بە دوور بێ. دووهەمیان بە واتای: لە دووریی تۆ...