سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

جەنانی وە ک جینان کردم بە ماوا

1
جەنانی وە ک جینان کردم بە ماوا
(حەبیبە) ی (ماڵیاوا) ماڵی ئاوا!
لاپەڕەی 122
جەنان: دڵ .
جینان: جەمعی (جەننەت) ـە بە مەعنا بەهەشت .
ماوا: مەئوا، جێگە .
ماڵیاوا: دێی خۆشەویستەکەی نالییی بووە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: حەبیبەی ماڵیاوایی، خوا ماڵی ئاوا کا، دڵی وەک بەهەشت ئاوەدان کردمەوە و کردی بە جێ و ماوای خۆی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (جەنان) و (جینان) دا جیناسی موحەڕڕەف و لەنێوان (ماڵیاوا) و (ماڵی ئاوا) دا جیناسی تەرکیب هەیە.
دەستنووس
جەنانی (چر): جەنانت. بەڵام ئەم خیطابە لەگەڵ غیابی نیوە شیعری دووهەمدا ناگونجێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 122:
جەنانی وەک جینانی کردم بە ماوا
حەبیبەی «ماڵیاوا» ماڵی ئاوا!

شەرحەکە دەڵێ: حەبیبەی ماڵیاوایی، خوا ماڵی ئاوا کا، دڵی وەک بەهەشت ئاوەدان کردمەوە و کردی بە جێ و ماوای خۆی.
لەبارەی «ماڵیاوا» وە خوێندوومەتەوە کە دێیەک بەو ناوە نەهاتووە (ڕەنگە لەم شەرحەشدا چاوم پێی کەوتبێ و ناچمەوە سەر شوێنەکەی لە دیوانەکدا). ئەوەی بزانم لە شیعری مامۆستا زیوەر، کە مەدحی بەرزنجە دەکا:
خاکی بەرزنجە چەندە دڵگیرە
جێگەیی قوطب و ئەولیا و پیرە

کە دێتە سەر وەصفی دەوروبەر دەڵێ فڵانە شاخ «شاخی ماییاوە». نیوەی دووهەمی بەیتەکە دەڵێ:
«سەیری دەشتی هەمووی جەلای چاوە».
دەبێ ئەم شاخە لەگەڵ دێی ماڵیاوە هاوناو بێ و کمێک گۆڕانی بەسەردا هاتبێت. ناشێ نالی لە خۆوە ئاوەدانییەک بە ساختە دروست بکات هەر بۆ ئەوەی واتائارایی پەیدا بێ.
نالی کە دوعا بۆ یار دەکا و دەڵێ: «ماڵی ئاوا» پێشتریش گوتوەتی دڵمی کرد بە ماوا وەکوو بەهەشت، دوعا بۆ دڵەکەی خۆیشی دەکات کە هەمیشە ئاوەدان بێ بە یادی یار.
2
حەڵاڵی بێ نیکاحی حووری عینم
بە جووتێ ناظیری شەرع و فەتاوا
لاپەڕەی 122
حووری عەینم: حۆرییە سپییەکانم، مەبەست لە گلێنەی چاوە . یاخود
ناظیر: چاو . سەرپەرشتی‌کەر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە دڵم بوو بە بەهەشت و یار تێیدا جێ‌گیر بوو، ئەبێ وەک دانیشتووانی تری بەهەشت حۆریی لێ مارە ببڕرێ، بۆیە وا گلێنەی چاویشمی پێشکەش ئەکەم. دەبا ئەم حۆرییەمی لێ حەڵاڵ بێ بە مارەبڕی، بەپێی فەرموودەی جووتێ چاودێریکەری کاروباری شەرع و فتوای شەرع.
ئەشگونجێ مەعنای شیعرەکە بەم جۆرە لێک بدرێتەوە: با حۆریی سپیی چاوم، یا چاوی وەک حۆریم، حەڵاڵی پێویست بە مارەبڕین نەکردووی یار بێ کە دڵمی کرد بە بەهەشت و تیا دانیشت.. بەم پێیە شیعرەکە ئیشارەت ئەبێ بەوە کە حۆریی بەهەشت مارەبڕینی ناوێ و بۆرە ئیشارەتێکیشی تیا ئەبێ بۆ ئەوە کە نالیییش حەبیبەی نەهێناوە.
مەبەستیش لەم مارەبڕینی چاوە لە یار و نیشتەجێ بوونیە تیایدا، ئەوەتە مادەم کە خۆشی ویستووە، هەرگیز شێوەیی لە بەرچاو ون نابێ.
دەستنووس
ناظیری (چر) و (ت): ناظیر و.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەم لە هەمان لاپەڕە، 122 دا، بە پێی ڕێنووسی شەرحەکە:
حەڵاڵی بێ نیکاحی حووری عینم
بە جووتێ ناظیری شەرع و فەتاوا

بێگومان نالی نووسیوەتی: «حەلالی بی نکاح حور عینم». وشەی «عین» کە وەک نووسراوە بخوێندرێتەوە دەبێتە صیفەت بۆ «حور» کە جەمعی «حوریە»یە. دەشگونجێ «عەین» بخوێندرێتەوە، ئەوسا «حور» دەبێتە موضاف بۆ «عەین». «ناظیر» هەم تەماشاکەر هەم «شاهد»ی مارەبڕین هەڵەگرێت. بەو پێیە و بە تێبینی وردەلایەنی دیکەش دەشێ بەیتەکە وەها بخوێندرێتەوە:
حەڵاڵی بێ نیکاحی حوور عەینم

نیکاح جگە لە مارەبڕین، بەیەک گەییشتنی نێر و مێش دەبەخشێ. لەگەڵ ئەوەشدا کە حۆری نیکاحی شەرعی ناوێ وا لە نیوەبەیتی دووهەمدا دوو شاهیدی شەرح و فەتوا حازری مارەبڕینەکەن. بەو پێیە مەعناکە وەها دەردەچێ: عەینم نیکاحی حووری لێ حەڵاڵ بێ بە جووتە شاهیدی شەرع و فەتوا. وەیاخود بەو جووتە ناظیر (کە دەکاتەوە جووتە چاو)ـەی، وا تەماشای شەرع و فەتوا دەکەن. «ناظر» لە مەعنادا «شاهد»ە و مورادیفی یەکترن.
خوێندنەوەی دیکە ئەمەیە: حەڵاڵی بێنکاحی حووری عینم، بە جووتە تەماشاکەری «دوو چاو» شەرع و فەتاوا دروستە. دەشکرێ «حووری عەینم» بی، فەرق ناکات.
نالی بەو مەهارەتە بێمانەندەی بە یەک شکڵ نووسین جارێکیان حۆری لە چاو مارەبڕ دەکات بێ نیکاح. جارێکیان شەرع و فەتوا دەکاتە دوو شاهیدی حەڵاڵبوونی مارەبڕینی حۆری. ئنجا دوو چاوی سەیرکەری شەرع و فەتوا کە حۆری حەڵاڵ دەکا بێ مارەبڕین. ئائەو دوو چاوە هەر خۆیانیش دەبنەوە بە شاهیدی مارەبڕین. لە هەمان کاتدا چاوەکانی نالی کە بە شاهیدی شەرع و فەتوا نیکاحی حۆری بۆ دروستە و بێ نیکاحیش بۆی دروستە، ئائەو دوو چاوەی نالیش «ناظر، شاهد»ی شەرع و فەتوان، واتە چاوەکانی کە لزوومیان نییە بە شاهید، دوو شاهیدی شەرع و فەتوا و دوو شاهیدی سەیرکەر کە دوو چاوەکەی خۆیەتی ئەو نیکاحە حەڵاڵ دەکەن.
3
زەفافەتگاهی پەردەی ئاڵی چاوم،
موبارەک حەجلە بێ بۆ بووک و زاوا
لاپەڕەی 123
زەفافەتگاە: شوێنی گواستنەوە، پەردە کە بووکی تێ ئەبرێ بۆ زاوا .
حەجلە: شوێنی تایبەتیی یەکەم شەوی بووک و زاوا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: پەردەی سووری خوێناویش کە بەهۆی گریانی زۆرەوە بەسەر ڕووی چاوما هاتووە. ببێ بە شوێنێکی پیرۆزی گواستنەوە و شەوی یەکەم بۆ ئەم بووک و زاوایە.
ئەشتوانرێ نیوەی دووهەمی ئەم شیعرە بەم جۆرە بخوێنرێتەوە:
موبارەک حەج لەبێ بۆ بووک و زاوا
واتە: حەجێکی پیرۆزی لێو بۆ بووک و زاوا. مەبەستی لەوەیە هەر کام لە بووک و زاوا کە دەم ئەبەن بەلای یەکترەوە بۆ ماچ، لێوی هەر کامیان حەجی کەعبەی لێوی ئەویانی کردووە.
دەستنووس
زەفافەتگاهی پەردەی (ت): زەفافەت پەردەگاهی. حەجلە بێ (کم): حوجرە بێ (گم): حەجلەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرووی لاپەڕە 123:
زەفافەتگاهی پەردەی ئاڵی چاوم،
موبارەک حەجلە بێ بۆ بووک و زاوا

خوێنەر سەیری شەرحەکە بکات بۆ بەراوردکردن لەگەڵ ئەوەدا کە من بۆی دەچم، زۆریش لێکتر دوور نین.
لە بەیتی پێشوو بەیەک گەیشتنەکە هی دیتنی یار بوو. لەم بەیتەدا پەردەی ئاڵی چاوی خۆی بە شوێنی بووکی هەوەڵ شەو دادەنێ کە بە عادەت ڕەنگی ئاڵ تێیدا بەرچاوە.
4
صیداقی ڕوونماوو، وەصڵی شاهید
لەگەڵ شایی‌کەران بێ‌ دەنگ و داوا
لاپەڕەی 123
صیداق: مارەیی .
ڕوونما: ئەو ئاوێنەیەی لەکاتی گواستنەوەی بووکدا ئەیگرن بەڕوویەوە و تیا دەرئەکەوێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مارەییەکەشی ئەو ئاوێنەیە بێ کە تیا دەرئەکەوێ کە ڕوخساری خۆیەتی و شاهیدی ئەم مارە بڕینەش بە یەکگەیشتنەکەیان بێ و لەگەڵ شاییکەرانیشا کە برژانگەکانمن بێ هەراو و ئاژاوە دانیشن.
ئەبوو ئەم شیعرە لەپێش شیعری پێشووەوە بوایە چونکە دیارە مارەبڕین و شایەت‌گرتن و گەیشتن بە یەکی بووک و زاوا بەر لە گواستنەوە چوونە پەردە ئەبێ. لەوانەیە بە هەڵەی نووسیار دواکەوتبێ.
دەستنووس
صیداقی (ک): صیداق و. شایی‌کەران (کم) و (ک): شایێتییان.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* ڕوونەما، ئەو ئاوێنە نیە کە بەرەو بووکی ڕادەگرن بەڵکوو ئەم دیارییە کە زاوا کاتێ تارای لەسەر بووک لادا دەیداتێ و بە کوردی پێی دەڵێن شەرمەشکانە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بە دوا ئەمەدا لە بەیتی دوواتر:
صیداقی ڕوونماوو، وەصلی شاهید
لەگەڵ شاییکەران بێ دەنگ و داوا

شەرحەکە «ڕوونما» [«ڕوونەما» ڕاستە چونکە فارسییە]ی بەو ئاوێنەیە داناوە کە لە گواستنەوەی بووکدا، ڕووبەڕووی بووکەکە، لە پێشیەوە هەڵدەگیرێ. وەک من بۆی دەچم «ڕوونەما» ئەوەیە کە لە کوردەواری «سەرمەشقانە»ی پێ دەڵێن کە بە ئەصل «شەرمشکێنە»یە، بەو پارەیە، یان بەو شتە نرخدارەی وەک زێڕ و خشڵ دەگوترێ لە شەوی بووکێنی زاوا دەیدا بە بووک و شەرمی پێ دەشکێنێ و پەردەی لەسەر ڕوو هەڵدەداتەوە، ئا بەوە دەگوترێ، ئەویش بەدوا صیداقدا دێت کە مارەیی مەبەستە لێی. بە هەر مەعنایەک بێت «صیداقی ڕوونەما» دەست نادات جونکە ئاوێنەی پێش بووک چ مارەیی پێوە نییە. دەبێ «صیداق و ڕوونەما» بێ وەک لە نوسخەی «ک» دا هاتووە.
لە شەرحەکەدا دەڵێ: دەبوو ئەم بەیتە پێش کەوێت لە بەیتی ژووروو، بەڵام وابزانم جێی نەگۆڕیوە چونکە لە مارەبڕیندا جارێ شایی دەستی پێ نەکردووە. لە بەیتی پێشوو بووک سازدراوە، لەمیاندا «وەصلی شاهید» مراز لێی وەصلی یارە کە «شاهید» بە یاریش دەگوترێ (ئەگەر سەهووم نەکردبێ). دەبێ یار بچێتە پەردە و حیجلەی بووکێنی هەتا ڕوونەما وەرگرێ.
شتێکی سەرسەخت دەمێنێتەوە دەبێ شەرحی بدەم لە نیوەبەیتی دووهەمدا: نالی ئەم نیوەبەیتەی بە ڕێنووسی بەر لە سەد ساڵ پتر بەم شکڵە نووسیوە:
لکل شایی کران بی دنک و داوا

خۆشبەختانە لە کتێبەکەی د. کەمال مەظهەر: «کوردستان لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی»، لە لاپەڕەکانی 40، 41 و 42دا نموونەی نووسینی کوردی، هی شوباتی 1914، لە گوتارێکی «بانک کرد» کە «بانگی کورد»ی مەقصەدە هێناویەتەوە لە نموونەدا:
«سعی و تقدیر -دولتیکی عظیمی - امانش وەکو ایمە انسانن فقط- همو کەسی مجبور تعظیم و تقدیر شخصیان دەکن».

نالی کە لە 1290ک مردبێ، گوتارەکەی بانگی کوردستان لە ڕەبیعولئەوەلی ساڵی 1332 ک لە بەغدا، بڵاوکرابێتەوە. 43 ساڵ دوای نالی هاتووە. خوێنەر بۆ خۆی حوکوم بدات کە ئیملای ئەوسا چۆن بووە. ئنجا ئەگەر بەو جۆرەی ڕێنووسی کۆن نیوەبەیتەکە شەرح دەین، بە ڕێنووسی سەردەم دەبێتە:
لەگەڵ شاییگران بێ دەنگ و داوا

«شایی» پارەیەکی ڕەوای ئەو سەردەمە بوو «شاییگر» ئەو کەسەیە شایی وەردەگرێ کە چاوەشی دەهۆڵ و زوڕنایە، خەڵقەکە لە خۆیانەوە بێ داوا و فێڵ پارەکە دەدەن. دەبوو دەقەکە ئەمە بێ:
لەگەڵ شاییگرانا بێ دەنگ و داو
بەڵام کێشی شیعر گۆڕیویەتی و گۆڕینەکەش ڕەوایە وەک لە نموونەی دیکەشدا دەردەکەوێ. زیوەر دەڵێ:
«عەرەق نییە لە عالەما کە لابەرێ لە دڵ غەما».
لە جیاتی «غەم لە دڵا»... باوکم لە باسی هەڵاتنی ئینگلیزەکان لە شەڕی بیتوێن، دەڵێ:
«بە بازێ چوونە بەغداوە لە دەربەند».
لە جیاتی «چوونە بەغدا لە دەربەندەوە». بەخشیشی کە دەدرێتە چاویش پێویستی بەوە نییە وەک ڕاوی مەل بە داوەمووسکە، دانە و داوی بۆ بەکار بێت لە لایەن چاوەشەوە. چیتر بەدوای بەیتەکە ناکەوم، درێژی کێشا.
5
ویصالی بێ کەم و کەیفی حوضووری
لە «نالیی» گەر دەپرسی، یەعنی ئاوا
لاپەڕەی 124
بێ کەم: بێ چەندیەتی .
کەیف: چۆنیەتی .
حوضوور: هاتنە خزمەت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەگەر باسی پێگەیشتنی، لە پێگەیشتنی کەس نەچووی بێ چەند و چۆنی یار ئەپرسی لە نالییی، لە وەڵاما ئەڵێ ئا بەم جۆرە ئەبێ کە حەبیبە و چاوەکانم بەیەک گەیشتن.
ئەم شیعرەش هەر لەوانەیە بکرێ بە بەڵگە کەوا نالییی و حەبیبە بەیەک نەگەیشتوون.
دەستنووس
کەیفی (گم): کەیف و.