سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

یا بدرُ علوَّا و ضیاءً و کمالا

1
یا بدرُ علوَّا و ضیاءً و کمالا
فالغصنُ مع الاصلِ الی فرعِکَ مالا
لاپەڕەی 114
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی ڕووی وەک مانگی چواردە جوانی یار، تا ئەتوانی بەرزتر و ڕووناکی بەخشتر و پڕ و تەواوتر بە، چونکە شان و ‌قۆڵی یار لەگەڵ لەش و لاریدا، بەرەو زوڵفی درێژی بۆ داوێن شۆڕ بووەوەی، لار بوونەتەوە و ئەگەر تۆ بەرزتر نەبێتەوە و ڕۆشنتر نەبی شەوی درێژی زوڵفی ئەو ئەگاتە زەوی و دەوروبەر ئەگرێتەوە و ئەیکا بە تاریکستانی.
نالییی لەم شیعرەیدا ڕووی یاری شوبهاندووە بە مانگی چواردە و لەش و لاری بە ساقی درەخت و قۆڵ و باڵی بە لقەکانی و زوڵفی ڕەشی درێژیشی بە شەو. بۆیە پێویستی بە مانگێکی خڕی چواردەیە بە ناوەڕاستی ئاسمانەوە زەویی بۆ ڕۆشن کاتەوە.
لە (بەدر) دا ئیستیعارەی موصەڕڕەحەی هەیە و گفتوگۆی لەگەڵ یاردا بەڵگەکەیەتی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (کمالا) و (فرعک مالا) دا جیناسی تەرکیب و لە کۆکردنەوەی (غصن) و (اصل) و (فر‌‌ع) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
یا بدر (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (مز): یا بدری. فالغصن (عم) و (گم): الغصن.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕەی 114 دا سەرەتای غەزەل دەڵێ:
یابدر علوا وضیاء وکمالا
فالغصن مع الاصل الی فرعك مالا

شەرحەکە لکەدار و قەدی دارەکەی بە قۆڵ و باڵی یار و بە لەش و لاری یار داناوە و زوڵفی ڕەشی بە شەو... گۆیا نالی دەیەوێ بڵێ: «ئەی ڕووی وەک مانگی چواردە جوانی یار، تا ئەتوانی بەرزتر و ڕووناکی بەخشتر و پڕ و تەواوتر بە، چونکە شان و قۆڵی یار لەگەڵ لەش و لاریدا، بەرەو زوڵفی درێژی بۆ داوێن شۆڕبوەوەی، لاربوونەتەوە و ئەگەر تۆ بەزرتر نەبیتەوە ڕۆشنتر نەبی شەوی درێژی زوڵفی ئەو ئەگاتە زەوی و دەوروبەر ئەگرێتەوە و ئەیکا بە تاریکستانی».
ئەم لێکدانەوەیە چ پێوەندیی نییە لەگەڵ بەیتەکە. لک و قەدی دار هی داری ڕاستەقینەن. کە ڕووی قسەش لەگەڵ بەدرە، یار مەبەستە لێی کە وەک مانگی خڕوپڕ لە بەرزی و ڕۆشنی و تەواویدا. چ داوای بەرزتربوون و گەشتربوون و تەواوتربوونیش پەیدا نییە نە پاتەوپات نە بە هێما.
لکەدار و قەدی داریش لاربوونەتەوە بۆ لای زوڵفی یار کە لەو بەرزاییەوە زوڵفەکە گەیشتۆتە زەوی... ئەگەر ڕێم هەبێ دەڵێم، بە شێوەیەکی یەکجار تەماوی ئیشارەتێک هەیە بۆ ئەو حیکایەتەی مەشووری ناو کتێبان کە «دار»ی وشک بۆ لای پێغەمبەر لار بۆتەوە، نالی لە موبالەغەدا بنەدار و لکەکانیشی بۆ لای زولفی یار لار کردۆتەوە.
ئەم بەیتە سەرەتایەکە سەربەخۆ، مەبەس نەبوە تێیدا ئاخۆ چی بە دوادا دێت.
2
تا سونبولی زوڵفت لە نیهالی قەدت ئاڵا
من دوودی هەناسەم گەیییە عالەمی باڵا
لاپەڕەی 115
نیهال: نەمام .
دوود: دووکەڵ .
باڵا: بەرز .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە دیم زوڵفی وەک گوڵی سونبولت باوەشی بە نەمامی باڵاتا کرد و لێی ئاڵا، خەم و پەژارە دایگرتم کەوا چۆن خۆم لێی بێ بەش بووم.
بۆیە دووکەڵی هەناسەم بەرز بووەوە و گەیشتە ئاسمان.
ئەم بەراوردەی نالییی لەنێوان شۆڕ بوونەوەی زوڵفی یار و گەیشتنە ئاسمانی دووکەڵی هەناسەی خۆیدا کردوویە، شاکارێکی هونەریی بەرزە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (ئاڵا) و (باڵا) دا جیناسی لاحیقی هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 115:
تا سونبولی زولفت لە نیهالی قەدت ئاڵا
من دوودی هەناسەم گەیییە عالەمی باڵا

لە شەرحەکەدا دەڵێ: کە دیتم زوڵفی وەک سونبولت باوەشی بە نەمامی باڵاتا کرد و لێی ئاڵا، خەم و پەژارە دایگرتم کەوا چۆن خۆم لێی بێبەش بووم، بۆیە دووکەڵی هەناسەم بەرز بووەوە و گەیشتە ئاسمان.
شەرحەکە لە دێڕی پایینتردا دەڵێ: ئەم بەراوردەی نالی لە نێوان شۆڕبوونەوەی زوڵفی یار و گەیشتنە ئاسمانی دووکەڵی هەناسەی خۆیدا کردوویە، شاکارێکی هونەریی بەرزە.
نالی زوڵفی بە گوڵی سونبول نەچواندووە، چ شاعیرێکی دیکەش وەهای نەکردووە: تەشبیهەکە بە پەلک و لاسکی شلک و نەرمی سونبول دەکرێ. لەوەشدا کە نالی بەم بەیتە شاکارێکی هونەریی بەرزی ڕەساندووە ڕاستییەکی بێشوبهەی گوتووە بەڵام ڕاستییەکە ناتەواوە: شتێک ماوە لە بەیتەکەدا دەربخرێ کە بریتییە لە دوڕڕە هەرە بەنرخەکەی ئەم بەیتە: «عالەمی باڵا» هەر وەک ئاسمان دەگرێتەوە، پتر و جوانتر و شیرینتر و مەبەستتر «باڵا»ی یار دەگرێتەوە... ئەوەی نالیش پێوەی خەریکاوە خەم و پەژارەی تێ ئاڵانی زوڵف لە قەدی یار نییە، چونکە زوڵفەکە و قەدەکە هی یەک کەسن، پەژارەی نالی لە حەپەسان بەرانبەر جوانی و سووتان و تینوەتییە بۆی: تا ڕادەیەک کە دووکەڵی هەناسەی دەگاتە «باڵا»ی یار جۆرە ئامۆژناکییەکی تێدایە بەدی دەکرێ... کە بەرز دەبێتەوە بۆ ئاسمان لە خۆڕایی دەڕوا.
3
ما عادَلکَ البانُ، ولا اللینة لیناً
اذ عَدلَکَ الباریءُ حسناً و جمالا
لاپەڕەی 115
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕێکی و بەرزیی درەختی بان (کە درەختێکی بەرزە گەڵای وەک گەڵای بیی وایە) ناگاتە ڕێکی و بەرزیی باڵات و نەرمیی سەرینی زۆر نەرمیش ناگاتە نەرمیی لەشت، چونکە تۆ خوا خۆی بەتایبەتی بە جوانی و شۆخی ڕێکی خستووی.
4
من گریە، ئەتۆ خەندە بە یەکدی دەفرۆشین
من لەعلی بەدەخشان و ئەتۆ لوئلوئی لالا
لاپەڕەی 115
گریە: گریان .
خەندە: پێکەنین .
لەعلی بەدەخشان: لەعل بەردێکی سووری گرانبەهایە لە کان دەرئەهێنرێ و بەدەخشانیش وڵاتێکە لە ڕۆژەڵاتی باشووری ئێران بە کانی لەعل ناوبانگی دەکردووە .
لوئلوء: مرواری .
لالا: لەئلاء، درەخشان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من گریان بە تۆ ئەفرۆشم و فرمێسکی خوێنینی خۆمت ئەدەمێ و تۆیش لەباتیدا پێکەنینم پێ ئەفرۆشێ و گاڵتەت بە ڕازی خۆشەویستییەکەی من دێ و مرواریی ڕێزی دانە سپییەکانتم پیشان ئەدەی.
ئەشگونجێ مەعناکەی وابێ: من کە گریانت پێ ئەفرۆشم تۆ دڵۆپی فرمێسکی سپیت لە منەوە دەسگیر ئەبێ و تۆش کە پێکەنینم پێ ئەفرۆشێ من دیتنی لێوی وەک لەعل سوورتم پێ ئەبڕێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (گریە) و (خەندە) دا طیباق و لە کۆکردنەوەی (لەعل) و (لوئلوء) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
من گریە، ئەتۆ خەندە (عم) و (گم): من گریە و تۆ خەندە.
بەیەکدی (چر): بەیەکتر. بەدەخشان و (عم): بەدەخشانی. (کم) و (ت): بەدەخشان.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 115:
من گریە، ئەتۆ خەندە بە یەکدی دەفرۆشین
من لەعلی بەدەخشان و، ئەتۆ لوئلوئی لالا

شەرحەکە لە پێشەوە واتای بەیتەکەی لێک داوەتەوە بەو جۆرەی ئاشکرایە کە نالی فرمێسکی خوێنین و یاریش خەندەی لوولوویی بە یەکتر دەفرۆشن «لەعلی بەدەخشان ڕەنگی سوورە بۆیە گوتم فرمێسکی خوێنین». دوواتر شەرحەکە ئیحتیمال بەوە دەدا کە نالی فرمێسکی لوولوویی و یاریش دیمەنی لێوە سوورەکانی بە یەکدی بفرۆشن. ئەم واتایەی دووهەم بێ بنەمایە: ئەوەندە بەسە ئەگەر گوتبای «... لە یەکتر دەکڕین» ئەوسا واتاکەی دووهەم دەبووە کاکڵی بەیتەکە.
شتێکی کەم دەخەمە سەر واتا ڕاستەکەی یەکەم جار: لوئلوئی «لالا» ئەوەیە کە لە قەپێلکێکدا یەک دانە لوولوو هەبێ کە درشت و نرخدارە. ئەگەر قەپێلک لە دانەیەکی پتر تێدا بوو ئەوسا لوولووەکە پێی دەگوترێ «لیلی» و ورد و کەمنرخە...
هەرچەند بە ناتەمامیش بێت شتێک دەگێڕمەوە: مەلا ڕەفیق ئەفەندی خادم السجادة، لەو سەردانەی باداوەی مەلا ئەفەندی، لە موناسەبەی لوولووی ناو بەیتی شیعر دوو بەیتی عەرەبی هێنایەوە ئەم لیلی و لالا - یەیان تێدا بوو بەڵام بە مەهارەتێکی نایابەوە. بەیتەکە بە ئەصڵ وتوویژە لە نێوان عاشقێک و کیژێکی نازداردا:
رأیت غصنا علی کتیب
شبیە بدر اذا تلالا
فقلت ماالاسم؟ قال لولو
فقلت لي... لي... فقال: لا... لا
- کتێبی ئەنیس مەنصوور: «کانت لنا أیام في صالون العقاد»، لاپەڕە 58.
قافیەی بەیتی یەکەم «یتلالا» یە، بەیتی دووهەم پرسیارە و وەڵامە. ئەم «لیلي»یە دەبێتە «لي... لي» بە واتای ئایە بۆ من بۆ من، لە هەمان کاتیشدا جۆری لیلی نیشان دەدا. «لالا»یەکەش دەبێتە وەڵامی نەیار بۆ «فقلت لي... لي...» کە ڕەفزی مەتلەبەکەیە، دەشبێتە جۆری لوولووی پەسەند کە «لالا»یە. کتێبی: «کانت لنا أیام في صالون العقاد» - ی ئەنیس مەنصوور، ئەم دوو بەیتەی تێدایە کە موناسەبە هێناویەتی لە مەجلیسی عەققاددا، بەڵام ئەنیس مەنصوور نەیزانیوە لالا و لیلی دوو جۆری لوولوون، نایاب و بازاڕی. تومەز ئەدیبی کوردی وەک مەلا ڕەفیق پتر شارەزای ئۆین و ئایینی ئەدەبی کۆنن لە تازە پێگەییشتووی دووای 1950. خوێنەر بمبەخشێ لەم تێوەریخە.
5
بادِر، وَ أغِر کوکبةَ البدر بداراٌ
قد فقتَ سَنا الشارقِ، لا ذُقتَ زوالا
لاپەڕەی 116
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زووکە دەستوبرد کە هێرش بەرە سەر تیپی لەشکری مانگی چواردە و لەناوی بەرە. تۆ لە خۆر بەرزتر و بەڕێزتری، یاخوا هەرگیز نوشوستی نەهێنی !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (بدر) و (بدارا) دا جیناسی ناقیص و لە کۆکردنەوەی (فقت) و (ذقت) دا جیناسی لاحیق هەیە. جگە لەوەش کە لە باس‌کردنی (زەوال) دا ئیشارەت بە لادانی خۆر هەیە لە ناوەڕاستی ئاسمان کە زاراوەیەکی فیقهییە و بەکارهێنانەکەی تەناسوبی تیایە.
دەستنووس
وأغر (چن): وأعن.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 116:
بادِرْ و أغر کوکبةَ البدر بداراً
قد فقتَ سَنا الشارقِ لاذُقت زَوالا

شەرحەکە وشەی «سنا»ی بە بەرزی و ڕێز داناوە، واتاکەی شتێکی دیکەیە ئەویش «ڕووناکی»، لە بەیتەکەشدا کە دەڵێ «فقت سنا الشارق» مەبەسی ئەوەیە کە تۆ ئەی یار لە ڕووناکیی «شارق» ڕۆژت تێپەڕاندووە. وشەی «أغر»یشی بە «هێرش بەرە» لێک داوەتەوە: ڕاستییەکەی «غار» بە واتای ئاوابوو، ونبوو هاتووە وێڕای واتای دیکەشی. ئەگەر هێرش مەتڵەب بایە دەبوو بڵێ «أغر علی کوکبة البدر». شەرحەکە دەڵێ: زووکە دەستوبرد کە هێرش بەرە سەر تیپی لەشکری مانگی چواردە و لە ناوی بەرە... دوواتریش مەعنای «زوال» لێ دەداتەوە بەوەی کە ڕۆژ لە ناوەڕاستی ئاسمان تێدەپەڕێ، ڕاستیشی بۆچوە، بەڵام واتای بەیتەکە ئەمەیە:
زووکە و بەر لە خۆرهەڵات تاقمەی مانگی بەدر (یا چواردە یا پازدەی مانگی عەرەبی) ئاوا بکە. تۆ لە ڕووناکیدا ڕۆژت نزم کردووە. دەک هەرگیز «زەوال»ـی نەچێژی. «زەوال» بە کاتی نیوەڕۆ و بە «بەسەرچوون و نەمان»یش دەگوترێ. کە دەڵێ «زووکە و خێرابە» سەبەبەکەی ئەوەیە کە بەدەری تەواو لە پاش بەیانی و نزیکی ڕۆژهەڵات یاخواد لەگەڵ ڕۆژهەڵاتدا ئاوا دەبێ کەواتە دەبێ یار خێرایی بکات دەنا ڕۆژەکە پشکی دەبێ لەو ئاواکردنەدا هەرچەند لەچاو یاردا هەر کزە.
6
طوڕڕەت وەکو تۆماری شکستە و سەری کوڵمت
بۆ نووری سەوادم بووەتە شەمعی موتاڵا
لاپەڕەی 116
طوڕڕە: زوڵف .
تۆمار: جاران ئەو نامانەی بە خەتی خۆش ئەنووسران و ڕستەی جوانیان تیا ئەهۆنرایەوە، کۆیان ئەکردنەوە و بەڕێز ئەیانلکاندن بەیەکەوە و پاشان لوولیان ئەکرد و نامە نامە بە دەرس بە منداڵیان ئەوت بۆ ئەوەی نووسەری خەت خۆش و ڕەوانبێژیان لێ دەرچێ . بەوەیان ئەوت تۆمار .
شکستە: جۆرە خەتێکی فارسییە بە‌ئاسانی بۆ هەموو کەس ناخوێنرێتەوە و کەسی شارەزای ئەوێ .
سەواد: خەتی ڕەشی بەردەست . جاران بە خوێندەوارییش ئەوترا .
موتاڵا: تەماشا کردن و خوێندنەوەی کتێب .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زوڵفی ڕەشی پێچ پێچت تۆماری نامەی بە خەتی شکستە نووسراوە، هەموو کەس سەری لێ دەرناچێ. سەری کوڵمیشت وەک مۆمی داگیرساو وایە من لەبەر ئەو مۆمەدا بەرچاوی خۆم ڕۆشن ئەکەمەوە و تۆماری زوڵفت ئەکەمەوە و ئەیخوێنمەوە و لە جوانی و پڕ مەعناییەکەی ئەگەم.
نالییی لەم شیعرەیدا دوو شێوەی لە زوڵف و ڕوومەتی دۆستەکەی دروست کردووە لە یەک جیان و بێ یەکیش نایانکرێ، جگە لە طیباقی ڕووناکی و کراوەیی ڕوومەت و لوولی و ڕەشیی زوڵفیش.
دەستنووس
شکستە و (چن) و (ک): شکستەی. کوڵمت (مز): زوڵفت.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەم:
طوڕڕەت وەکو تۆماری شکستە و، سەری کوڵمت
بۆ نووری سەوادم بووەتە شەمعی موتاڵا

شەرحەکە دەڵێ: زوڵفی ڕەشی پێچپێچت تۆماری نامەی بە خەتی شکستە نووسراوە... سەری کوڵمیشت وەک مۆمی داگیرساو وایە من لەبەر ئەم مۆمەدا تۆماری زوڵفت ئەخوێنمەوە... و تێی دەگەم.
شەرحەکە بۆ «سەواد» خەتی ڕەشی بەردەست و بۆ خوێندەواری جارانیشی داناوە... گەوهەری بەیتەکە لە «نووری سەوادم» دایە، ئەم «سەواد»ە سێ مەعنای هەیە:
• یەکەم: خوێندەواری نەک خوێندەوار، جاران دەگوترا باسەواد... فڵان خەت و سەوادی هەیە.
• دووهەم: ڕەشایی طوڕڕەی شکستە.
• سێهەم: ڕەشایی چاوی خوێنەر کە نالییە.

بەو پێیە سەری کوڵم لە تۆماری شکستەی زوڵفی وەک شەویدا بۆی بۆتە مۆمی موتاڵا لەبەرکردن. دیسانەوە سەری کوڵم بۆ سەوادی خوێندنەوەی بۆتە شەمعی موتاڵا، ئەویش لەناو طوڕڕەی شکستەدا. دیسانەوە سەری کوڵم بۆ ڕووناکی ڕەشایی چاوی (چاو سپی بێ کوێرە) بۆتە شەمعی موتاڵا.
لەطافەتێکی نهێنیی خامۆش هەیە لە بەیتەکەدا کە مۆم هەر بەشەو پێ دەکرێت، سەری کوڵمیش لە ڕەشایی وەک شەوی طوڕڕەدا بۆتە مۆم.
7
ئەو چاوە غەزالە فەتەراتی سەر و ماڵە
ئەو نەرگسە کاڵە نە منی هێشت و نە کاڵا
لاپەڕەی 117
غەزال: ئاسک .
فەتەرات: فەوتان .
کاڵا: پارچە، کەلوپەل .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوی یار لەو ڕووەوە کە لە گەورەییدا وەک چاوی ئاسک وایە، هۆی لەناوچوونی سەر و ماڵی دڵدارە. لەو ڕووەشەوە کە لە مەستیدا وەک نێرگسی کاڵ وایە، خۆیشم و هەرچیم هەیە هەمووی لەناوبرد.
نالییی لەم شیعرەدا چاوی یاری بە دوو جۆر شوبهاندووە. لە لایەکەوە لە گەورەیی و تیژیدا شوبهاندوویەتی بە چاوی ئاسک. لە لایەکی کەشەوە لە خەواڵوویەتی و لە مەستیدا شوبهاندوویەتی بە نێرگسی کاڵ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (چاو) و (سەر) و (سەر) و (ماڵ) دا تەناسوب و لە یەکخستنی (ماڵ) و (کاڵ) دا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
نەرگسە (کم): نێرگسە. (گم): نێرگزە. (ت): نەرگسی.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
(کالا) بە لامی بچوک.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 117:
ئەو چاوە غەزالە فەتەراتی سەر و ماڵە
ئەو نەرگەسە کاڵە نە منی هێشت و نە کاڵا

شەرحەکە «فەتەرات»ی بە فەوتان لێک داوەتەوە کەچی کۆی «فترة»یە بە واتای «فتور» ە. نالی خۆی «فتوری چاوەکانت نانوێنی»ی گوتووە... خەڵقەکە بە زۆری «فەتەرات» یان بە مەعنای ناو شەرحەکە وەرگرتووە. «فتور» خاوی و بێهێزی دەبەخشێ کە مەدحە بۆ چاو... دوور نابینم نالیش بەو مەعنایەی مەقصەد بووبێ هەرچەند دەکرێ دەقی شیعرەکە، وەک هەیە، فتوری چاو و هەلاکی سەروماڵیش ڕابگەیەنێ. لە ناو خەڵق ڕۆیشتووە کە شتێکی بە دڵ کرا یا گوترا لە بەرانبەردا بگوترێ: سەروماڵ، سەروماڵ... خۆم ئەم حاڵەتەم لە زۆر باردا دیتووە. نیوەی دووهەمی بەیتەکەش دووپاتی واتای یەکەمی دەکاتەوە و تێرڕەنگی دەکات.
8
حوققەی فەلەکول‌ئەطلەس و ئەستوونەیی زێڕین
بێ بییکە بە تارای سەر و ترکەی خەز و واڵا
لاپەڕەی 117
حوققە: ئاسمان .
فەلەکول ئەتڵەس: لای فەیلەسووفە کۆنەکان ناوی ئاسمانی نۆهەمە چونکە ئەوان (عەرش) و (کورسی) یشیان بە ئاسمان داناوە .
ئەستوونە زێڕینە: کۆڵەکە زێڕینە، (قوس قزح).
تارا: سەرپۆشی بووک .
ترکە: چارۆکە کۆڵ .
خەز: ئاوریشم .
واڵا: جوان . پایەبەرز .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ شایانی ئەوەی ئاسمانی فەلەکول ئەتڵەس بکەی بە سەرپۆشی ڕۆژی بووکێنیت و کۆڵەکە زێڕینە بکەی بە چارۆکەی ئاوریشمی جوانی کۆڵت. دوور نییە لەو سەردەمەشدا دوو قوماشی گرانبەها بووبێ بە ناوی (فلک الاطلس) و (ستوونی زێڕین) ەوە، تەنانەت کە ئیستاش قوماشی (ئەتڵەس) هەیە.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
(والا) ش هەروایە. پێم وایە هەموو لامە قەڵەوەکان هەر دەبێ بە لامی بچوک بن، چونکە نە مانایان دەگۆڕێ و نە قافیە. لە لەهجەکانی کوردیدا لەهجەی وا هەن کە ئەم وشانە بە لامی بچوک بەکار دەبن.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە117:
حوققەی فەلەکول ئەطلەس و ئەستوونەیی زێڕین
بێ بیکە بە تارای سەر و ترکەی خەز و واڵا
من ئەم بەیتەم بەم جۆرە دەیتووە:
شیققەی فەلەکولئەطلەس و ئەستوونەیی زەڕڕین
بێ بیکە بە تارایی سەر و سرکەیی واڵا

لەم شەرحەدا دەبینم «حوققە» ئاسمان بێت، پێشتر تووشی نەبووم. «حوققە» بە «شووشە» ڕۆیشتووە، وەک شووشەی دەرمان یان شەربەت... هتد. ئەگەر ئەم مەعنایە مەبەست بێت و بۆ ئاسمان بەکار هاتبێت هیچی بەسەر هیچەوە نابێت...
هەرچی «شیققەی فەلەک...»ـە بۆ واتای پارچە قوماش دەست دەدات و ببێتە تارای بووکێنی. سرکەییش لوول دەدرا و لە تارا و غەیری تاراش دەپێچرا، ڕەنگاوڕەنگیش بوو مناسبی پەلکەزێڕینە بوو.
9
دنیا بە فیدای قەددی بکە، دامەنی بگرە
طوبی لِمن اختارَ علی المالِ مآلا!
لاپەڕەی 118
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دارایی و سامانی دنیا بکە بە قوربانی باڵای و دەسە و داوێنی ببە، پارە ‌قیمەتی نییە، سەرەنجامی خۆش شتە. خۆزگە بەوەی بیر لە دواڕۆژ ئەکاتەوە و ئەیخاتە پێش ڕابواردنی ئیستاوە و سەرەنجامی خۆشی لا لە پارە و دارایی بە‌نرخترە !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (قەد) و (دامەن) دا تەناسوب و لە کۆکردنەوەی (ماڵ) و (مەئال) دا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
بکە (چر) و (عم) و (گم): بکەو. علی المال (ت): علی الحال.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرووی لاپەڕە 118:
دنیا بە فیدای قەددی بکە، دامەنی بگرە
طوبی لمن اختار علی المال مآلا

شەرحەکە دوور کەوتۆتەوە لە مەعنای دەقی شیعرەکە و وردەکارییەکانی دەرنەخستووە، هەر ئەوە دەڵێ: دنیا بە قوربانی باڵای یار بکە و دەسەوداوێنی ببە، پارە قیمەتی نییە و سەرەنجام شتە. خۆزگە بەوەی بیر لە دواڕۆژ دەکاتەوە و ئەیخاتە پێش ڕابواردنی ئێستاوە...
دەبێ بزانین «طوبی» داری بەهەشتە. بەو پێیە نیوەبەیتی دووهەم: داری طووبا بۆ کەسێ بێت کە «مآل - سەرەنجام» هەڵدەبژێرێ بەسەر ماڵدا، واتە بەهەشتی دەوێ نەک دنیا. ئنجا دەبێ بزانین طوبای درەختی بەهەشت کە بەسەر ماڵدا تەرجیح دەدرێت قەدی یار مەبەستە لێی بۆ کەسێکی دامەنی یار دەگرێ، دامەنەکەش «مآل - سەرەنجام»ـەکەیە. طووبا هەڵبژێرە بە «مآل - سەرەنجام» نەک ماڵ. دنیا فیدای قەدی بکە و دامەنی بگرە کە طووبا نەصیبی کەسێکە مەئال مەبەستی بێ.
10
«نالیی» بە ئومێدی ظەفەری طەوقی تەلیسمت
ماری سڕی زولفت لە سەر و گەردنی ئاڵا
لاپەڕەی 118
ظەفەر: دەست‌کەوتن .
طەوق: کۆت .
طەلیسم: ئەفسانە و جادووی پەی پێ نەبراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی بە هیوای پەی پێ بردن و کردنەوەی طەلیسمی گەنجینەی ڕووت هات، بەڵام لەجیاتیی ئەوەی بە مرازی دڵی خۆی بکا، ماری سڕی زوڵفتی لە سەر و گەردن ئاڵا و بوو بەداوەوە. لە ئەفسانەی کۆندا هەیە مار بەسەر گەنجینەی شارراوەوە پەپکە ئەخوا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (سەر) و (سڕ) دا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
ظەفەری طەوقی (ک): ظەفەری طەوق و. (مز): ظەفەر و طەوق. سڕی (کم): سەر و. (گم): سەری. سەر و (کم): مل و.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 118:
«نالی» بە ئومێدی ظەفەری طەوقی تەلیسمت
ماری سڕی زوڵفت لەسەر و گەردنی ئاڵا

شەرحەکە هەمان قسەکانی بەیتەکەی کردۆتەوە بەپێی واتا ئاشکراکانیان کە گۆیا ناکامی و بەداوەوەبوونە.
وشەی «سڕ» ناگونجێ لەگەڵ ئاڵانی مارەکە لەسەر و گەردەنی نالی چونکە «سڕ» جووڵەی نامێنێ لە شتان بئاڵێ. «سەر» لەبارە. «سەری زوڵف» لە سەر و گەردەن بئاڵێ مەدحێکی گەورەی تێدایە بۆ زوڵفەکە کە پێویست نییە هەموو مووەکەی بەکار بهێنێ بۆ تێئاڵان لەسەر و گەردەن.
وەک دێتە دڵمەوە، نالی، لە پەنا حاڵەتی تێوەگلان لە ماری سەری زوڵف، دەیەوێ تێی بگەین کە زەفەری بە تەوقی تەلیسم بردووە چونکە بەختەوەرییەکی زلە زوڵفی یار تێی بئاڵێ... ناکامی ئەوەتە لە بەیتی سەرەتای غەزەلی دوایی دێت.