سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

چاوەکەت ئاگر لە سینەی عاشقی میسکین دەکا

1
چاوەکەت ئاگر لە سینەی عاشقی میسکین دەکا
مەستە، مەیلی چەن کەبابێکی دڵی خوێنین دەکا
لاپەڕەی 111
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوت ئاگر بەرئەداتە سینەی دڵداری بەسەزمان کە هێلانەی دڵیەتی.. بەڵام ناهەقی نییە وا ئەکا.. سەرخۆشە. سەرخۆشیش بۆ مەزە حەزی لە کەبابە. چییش لە دڵی خوێناوی چاترە بۆ کەباب؟ !.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەم بەیتەدا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە: مەست بۆ چاو و کەباب بۆ سینە و دڵ بۆ عاشق ئەگەڕێتەوە.
دەستنووس
ئاگر (عم): ئاور. بەڵام ئاشکرایە هەڵبەستی نووسەرێکی موکریانییە، چونکە ئەمە زاراوەی ئەو ناوچەیەیە.
ئەم پارچەیە تەنها لە نوسخەکانی (عم) و (گم) دا هەبوون.
2
طالیبی لێوین و ئەڵقەی زوڵفمان نیشان دەدا
ڕاڕەوی میصرین و ئەو ڕوومان لە موڵکی چین دەکا
لاپەڕەی 111
ڕاڕەو: ڕێبوار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئێمە داوای ماچی لێوی سووری لێ ئەکەین، کەچی ئەو ئەڵقەی ڕەشماری زوڵفیمان پیشان ئەدا و پێیمان ئەترسێنێ. سەیرە.. ئێمە ئەمانەوێ بۆ میسر بڕۆین کە (یۆسف) ی ونبوومانی تیایە، کەچی ئەو بەرەو وڵاتی چینمان ئەنێرێ و ئەمانخاتە ئەودیوی کێوی (قاف).. لە وشەی (چین) دا ئیشارەت کراوە بە چین چینیی زوڵف و ڕەشی و بۆنخۆشییەکەی وەک موشکی خەتا و خوتەن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (لێو) و (زوڵف) دا تەناسوب و لە یەکخستنی (میصر) و (چین) دا طیباق هەیە، چونکە میصر لە خۆراوا و چین لە خۆرەڵاتە. لە هێنانی میصر و چینیشدا بەدوای لێو و زوڵفدا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە.
دەستنووس
ئەڵقەی (عم): حەڵقەی. ڕاڕەوی (عم): ڕەهڕەوی. ئەو ڕوومان (عم): واریدمان. بەڵام ئاشکرایە هەڵبەستی نووسەرێکی موکریانییە، چونکە ئەمە زاراوەی ئەو ناوچەیەیە.
3
تا موعەییەن بێ کە زۆرن دەس گریی و دەس کوژی
فەرقی سەر، پەنجەی بە خوێناوی حەنا ڕەنگین دەکا
لاپەڕەی 112
موعەییەن: ئاشکرا و دیاری .
دەس‌گر: دیل، دەستگیر .
دەس‌کوژ: بە دەس کوژراو .
فەرقی سەر: تەوقی سەر .
حەنا: خەنە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بۆ ئەوەی لای هەموو کەس ئاشکرا و دیاری بێ کە یار زۆر کەسی بە دیل گرتووە و زۆریشی بە دەستی خۆی کوشتووە، خەنەی وەک خوێن سوور ئەدا لە تەوقی سەر و لە پەنجەکانی، گوایە ئەو خەنەیە کە سەر و دەستی پێ ڕەنگین کردووە خوێنی قوربانییەکانیەتی.
دەستنووس
دەس‌گری بۆ دەس‌کوژی (گم): دەستگروی دەستکوژی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 112:
تاموعەییەن بێ کە زۆرن دەس گری یو دەس کوژی
فەرقی سەر، پەنجەی بەخوێناوی حەنا ڕەنگین دەکا

شەرحەکە ڕاستە قسەکانی بە واتا ئاشکراکانی بەیتەکە لێک داوەتەوە بێ ئەوەی تێمان بگەیەنێ چۆناوچۆنی خەنە لە سەر و دەست گرتن بەڵگەی زۆربوونی دەسگر و دەسکوژە: ئافرەت نەبوو لە وڵاتی کورد بەر لە سەد ساڵ خەنە لە سەر و دەست نەگرێ بێ ئەوەی چ دەلالەتێکی لێ وەربگیرێ. بێگومان، هێمای بەیتەکە بۆ شتێک چووە کە خەنە تێیدا ببێتە بەڵگە، بەداخەوە من بۆ ئەو شتە ناچم... لێم دیار نییە!!
شەرحەکە کە هاتووە «فەرقی سەرپەنجەی» کردۆتە دوو وشە «فەرقی سەر» و «پەنجە» بۆ زێدە سەپاندنی زۆربوونی دەسگر و دەسکوژ چ سوودێکی بە بەیتەکە و وێنە شیعرییەکەی نەگەیاندووە چونکە ئەوەی بە خەنە سوور هەڵدەگەڕێ «سەرپەنجەکان»ـە، مووی سەری پێ سوور هەڵناگەڕێ: مووەکان ڕەشن، ڕەشتر دەبن بە خەنە و وەسمە. «فەرقی سەرپەنجە» مەبەس لێی نیهایەتی پەنجەکانە، کە بە زۆری، ژنان نینۆک و گرێی پەنجەی نینۆکەکانیان لە خەنە دەگرت... تەوقی سەر، کە شەرحەکە بە فەرقی سەری داناوە، چ پێوەندییەکی بە دەسکوژ و دەسگرەوە نییە، کە هەر دوویان کاری دەست و پەنجەن.
من عوزری شەرحدەران تێ دەخوێنمەوە کە هاتوون شەرحی هەموو دیوانەکەیان بە ملەوە گرتووە، بە لای تەبیاتی مرۆوەش، کاری سەرلەبەر نابێ کەلێنی تێ بکەوێ. بەڵام باشتر ئەوەیە کە مەعنایەکی زۆرەملێی پێویست بوو ئیشارەتێکی بۆ بکرێت... ئەوەندەی من بەبیرمدا بێت لە تەوەجیهی ئەم بەیتە تەنها هەر دەلالەتی سوورایی نینۆکەکانە و مەهارەتی وشە و مەعنائارایی نالییە ڕەنگەکە دەکا بە «خوێناوی حەنا». بەڵام پترم تەما بە نالییە لەو هێندەی گوتم.
4
بێ قسەی غونچەی دەمت کاتی تەبەسسوم ڕووبەڕوو
هەتکی شوعلەی بەرق و نەظمی دائیرەی پەروین دەکا
لاپەڕەی 112
تەبەسسوم: زەردەخەنە .
هەتک: ئابڕوو بردن .
بەرق: برووسکەی هەور .
پەروین: چەند ئەستێرەیەکی وردن لە دەوری ئەستێرەی (ثەور) کۆبوونەتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خونچەی دەمت بێ ئەوەی هیچ بڵێ، هەر تەنها بە بەرەوڕوو وەستان، لەکاتی زەردەخەنەدا، بە خڕیی خۆی و بە دەرخستنی ڕیزی دانە سپییەکانت، ئابڕووی ڕۆشنایی کاتی هەورە برووسکە و ڕێکوپێکیی بازنەی دەوری ئەستێرەی پەروین ئەبا.
ئەشگونجێ (ڕووبەڕوو) نەبێ (ڕوو و برۆ) بێ. بەم پێیە مەعنای بەیتەکە وای لێ دێتەوە: ڕووت لەبەر ڕۆشنی و برۆت لەبەر کەوانییەتی، بێ ئەوەش کە موحتاجی قسەکردنی دەمت ببن، تەنها بە زەردەخەنەیەکی لێو، ئابڕووی تیشکی هەورە برووسکە و بازنەی دەوری ئەستێرەی پەروین ئەبەن. بەپێی ئەم مەعنایە مەبەست لە (قسەی دەمی کاتی زەردەخەنە) ئەوە ئەبێ دەم بە تەنها زەردەخەنەکەی وەک هاتبێتە دەنگ و شایەتییەکی دابێ وایە.
ئەشبێ وشەی (بێ قسەی) لەپێشانا (بێ قسە) بووبێ و بە هەڵەی نووسیار ئەو (ی) یەی هاتبێتە سەر. بەم پێیە مەعناکە وای لێ‌دێتەوە: خونچەی دەمت لەکاتی زەردەخەنەدا هەر بەتەنها خۆی و بێ ئەوەی پێویستی بە وتنی هیچ هەبێ، ئابڕووی ڕۆشنایی کاتی هەورە برووسکە و ڕێکوپێکیی بازنەی دەوری ئەستێرەی پەروین ئەبا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 112:
بێ قسەی غونجەی دەمت کاتی تەبەسسوم ڕوو بە ڕوو
هەتکی شوعلەی بەرق و نەظمی دائیرەی پەروین دەکا

شەرحەکە لە بەشێکدا هەر ئەوەی گوتووە کە ڕستەی دوو نیوەبەیتەکە پێمان دەڵێ. کاکڵی شەرحەکە ئەمەیە: خونچەی دەمت بێ ئەوە هیچ بڵێ، تەنها بە بەرەوڕوو وەستان، لە کاتی زەردەخەنەدا، بە خڕیی خۆی و بە دەرخستنی ڕیزی ددانە سپییەکانت... هتد.
دوو تێبینیم هەیە لە ئاست ئەم شەرحەدا: یەکیان ئەوەیە کە هەتکی شوعلەی بەرق و نەظمی دائیرەی پەروین ڕیزی ددانەکان دەیکەن چونکە «دائیرەی پەروین» خزمی قەوسی ددانەکانە و شوعلەی بەرقیش هەر تریسکەی ئەو ددانانە دەیکەن بە مەهتووک.
تێبینی دووهەم ئەوەیە کە دەڵێ: «بێ قسەی غونچەی دەمت...» مەبەسی ئەوەیە بڵێ دەمی یار هەر بە غونچە مایەوە، ئەگەر بە قسە هاتبایە دەبووە شکۆفە کە ناچار دەبوو دەم بکاتەوە. جگە لەوەی کە هەتکی بەرق و پەروین پێویستی نەبوو بە قسە و بەڵگە تەنها زەردەخەنەیەک بەس بوو بۆی.
شەرحەکە بۆ ئەوەش چووە کە دەشێ «ڕوو بە ڕوو» بخوێندرێتەوە «ڕوو و برۆ» بەڵام ڕێزمان مانیعە لەم بۆچوونە چونکە برۆ و ڕوو لە کوردیدا جەمعن داوا دەکەن کۆتایی بەیتەکە ڕاناوی جەمعیان بۆ بەکاربێت نەک «پەروین دەکا» کە بۆ تاکە. لەگەڵ ئەمەشدا بۆچوونەکە وەک سێبەری بەیتەکە مەقبوولە بە ئارایشت.
5
تیری موژگانت لە سینەمدا دەچێ بۆ پیری دڵ
هێندە کەچ ئایینە قەصدی خانەدانی دین دەکا
لاپەڕەی 113
کەچ ئایین: بێ‌دین .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تیری برژانگ کە لە کەوانی برۆتەوە تەقاندووتەتە سینەم، لە هەموو شوێنەکانی سینەمدا پیری دڵمی کردووە بە نیشانە، کە ئەبوو لەبەر پیری و پێشەوایی قەدری بزانێ و خۆی نەداتە قەرەی. برژانگت ئەوەندە بێ دین و ئایینە کەسی نەدۆزیوەتەوە بیکا بە نیشانەی تیری خۆی، دڵ نەبێ کە لانەی خواناسییە.
ئەشگونجێ (لە سینەمدا) بەم‌جۆرە بێ: (لە سینەم دا) واتە: تیری برژانگت نا بە سینەمەوە و ئەویش ئەچێ لە پیری دڵم ئەدا.. تاد.
لە دوو نوسخەکەی بەردەستمانا لەجیاتیی (پیری دڵ) نوسرابوو (پری « پەڕی » دڵ). ئێمە ئەوەمان بە هەڵە زانی و کردمان بە (پیری دڵ) چونکە هەم مەعناکەش بەم جۆرە بە باشی دێ و هەم لەبەر هاوسەنگیی (تیری) و ڕێکیی تێکڕای نیوە شیعرەکەش.
دەستنووس
بۆ پیری « پەڕی » (عم): لۆ پەڕی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 113:
تیری موژگانت لە سینەمەدا دەچێ بۆ پیری دڵ
هێندە کە چ ئایینە قەصدی خانەدانی دین دەکا

شەرحەکە ئەو «پیری دڵ»ـەی بە ڕای خۆی و بۆ مەبەستی واتادروستی لە «پەڕی دڵ»ـەوە گۆڕیوە. «پەڕ» یش «پەڕڕی دڵ» دەخوێندرێتەوە لەبەر کێشی بەحرەکەی.
لە پێشەوە دەڵێم «هێندە کەچ ئایینە» جگە لە واتا ئەصلییەکەی وەصفی موژگانەکانیش دەکات کە زۆر کەوانەیین. «هێندە کەچ...» دەشێ بۆ یار بچێتەوە و بۆ تیری موژگانیش... لەلایەن واتاوە «پەڕڕی دڵ» ئەو مەعنایە دەگرێتەوە کە شەرحەکە مەبەسیەتی لە «پیری دڵ»ی بخوازێتەوە چونکە لە قورئاندا و لە مەعقووڵاتی ئیسلامدا «دڵ» مەخزەنی ئەسرارە و جێی کوفر و ئیمانە... کە دەڵێ «لە سینەمدا دەچێ بۆ پەڕڕی دڵ» وێڕای «قەصدی خانەدانی دین» وەهاش ڕادەگەیەنێ کە تیرەکە بە تەووژمە لە سینەدا ناوەستێ تا دەگاتە دڵ.
6
گوڵ بە دەم بادی صەباوە پێکەنی یەعنی وەرە
تۆ لە وەصڵم بۆ بەرە، ئەو بۆیە بولبول شین دەکا
لاپەڕەی 113
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گوڵ بە دەم شنەی بای سبەینێوە پێکەنی و خونچەی پشکووت.
ئەو پشکووتن و دەم کردنەوەیەی ئەوەبوو بە بای سبەینانی وت وەرە بۆنی خۆشی وەصڵی یار لە من وەرگرە و بە جیهانا بڵاوی کەرەوە. بولبەلی زار و دڵداریش کە بەم کەین و بەینەی زاتی و ئەم قسەیەی گوڵی گوێ لێ بوو و تێگەیشت خۆشەویستەکەی لەگەڵ یەکێکی ترا گفت و پەیمانی هەیە، لەداخا کەوتە گریان و شین.
بەم پێیە ڕستەی (ئەو بۆیە) لەبناخەدا (ئەوە بۆیە) بووە و لەبەر خاتری ڕێکیی شیعرەکە سووک کراوە. ئەمە ڕای مامۆستا عەلی موقبیلە، بەڵام ڕێیشی تێ ‌ئەچێ (ئەو بۆیە) نەبێ، (ئەو بەویە) بێ. واتە: گوڵ لەگەڵ بای سبەیناندا ئەم قسەیە ئەکا و بولبول لەولاوە بۆخۆی لەداخا دەست ئەکا بە گریان.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* گومانم هەیە کە پیری دڵ بێ، بەڵام دیسان لە (پەڕی) یا (لوپەڕی) باشترە. وشەی (دین) لێرەشدا مانای بینین دەدا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 113:
گوڵ بەدەم بادی صەباوە پێکەنی یەعنی وەرە
تۆ لە وەصڵم بۆ بەرە، ئەو بۆیە بولبول شین دەکا

میصرەعی یەکەم بەشی «گوڵ بەدەم بادی صەباوە پێکەنی» لە بەیتی یەکەمی لاپەڕە 129دا هاتووە، لە جێی «یەعنی وەرە» «بولبول فڕی» بۆتە کۆتاییەکەی. پێشتریش نموونەی ئەوتۆییمان دیت.
شەرحەکە بە بیروڕای عەلی موقبیل ڕازی نییە، بابڵێین لێی بێدەنگە، کە گوتوەتی «ئەو بۆیە» لەبەر کێشی شیعر سووک کراوە بە ئەصل دەبێ «ئەوە بۆیە...» بووبێت. ئنجا شەرحەکە دەڵێ: ((ڕەنگە «ئەو بۆیە» نەبێ و «ئەو بە ویە» بێ، واتە: گوڵ لەگەڵ بای سبەیناندا ئەم قسەیە دەکا و بولبول لەولاوە بۆ خۆی لەداخا دەس دەکا بە گریان...)) (سەیری شەرحی دیوانەکە بکە).
ڕاستییەکەی هیچ کامێک لەم تەئویلانە بە دڵەوە نانووسێن و لە نالیش ناوەشێتەوە ئەگەر نەڵێم لە بنەڕەتدا ئەمە زمانی شیعر نییە، خۆ منیش چ تووشەیەکی ئەوتۆ لەم بەیتە وەرناگرم خۆم لێی ڕازی بم: زڕە واتایەک بە دنەدانی «ئەو بۆیە بولبول شین دەکا» و یەقینی هەبوونی واتا لە بەیتەکەدا لێم ئاسان دێ دەری بڕم. ئیشکالەکە لە «ئەو بۆیە...» دایە کە جێگەی «مبتدأ»ی لە ڕستەدا گرتووە و دەبێ خەبەری هەبێ: ئنجا ئەگەر خەبەرەکەی بکەینە «بولبول شین دەکا» واتای بەیتەکە وەهای لێ دێ: گوڵ بە بای صەبا دەڵێ: تۆ لە وەصڵم، لە گەییشتنت بە من بۆن وەرگرە یان نەقل بکە ((چونکە «بۆبەرە» هەردوو واتا دەگەیەنێ)) ئەو بۆنە بولبول شین دەکا، ڕەنگی شینی لێ دەکا بە زینەت.
ئەگەر لە سەردەمی نالی وشەی «بۆیاغ» کە تورکییە بە واتای «ڕەنگ» وەکوو ئێستا «بۆیە»ی پێ گوترابێ، لە ڕێی «استخدام»ـەوە جێگەیەک بۆ خۆی دەگرێتەوە لە نێوان «بۆن و شین»دا.
7
چاوی من بەحری موحیطی تۆیە بۆ دەفعی گەزەند
لێت موعەییەن بێ کە «نالیی» گوڵ بە دڵ پەرژین دەکا
لاپەڕەی 114
بەحری موحیط: دەریای بەرین و بێ سنوور، ئوقیانووس .
گەزەند: زیان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ لەناو چاوی مندای و هەمیشە لەبەر چاومی و چاوم وەک دەریایەک وایە دەوری تۆی گرتووە بۆ ئەوەی هیچ زیانێکت تووش نەبێ. توێش دڵنیا بە من هەمیشە بە دڵ و گیان تۆ ئەپارێزم و برژانگەکانی چاومت بۆ ئەکەم بە پەرژین تا دەستی کەست نەگاتێ، یا دڵت بۆ ئەکەم بە پەرژین.
لە شیعرەکەدا ئیشارەتێکی ناسکیش بۆ ئەوە هەیە کە خەڵک چاوی پیس بەهۆی زیان گەیشتن دائەنێن، کەچی ئەم بە چاوی، یارەکەی ئەپارێزێ..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە ڕستەی (گوڵ بە دڵ پەرژین دەکات) دا لەطافەت هەیە چونکە (دڵ)، هەروەک ڕوونمان کردەوە دوو مەعنا ئەدا.
دەستنووس
دەفعی (گم): بەحری.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرەتای لاپەڕە 114:
چاوی من بەحری موحیطی تۆیە بۆ دەفعی گەزەند
لێت موعەییەن بێ کە «نالی» گوڵ بە دڵ پەرژین دەکا
شەرحەکە کە دەڵێ: تۆ لە ناو چاوی مندای... ڕێ نامێنێ چاوەکە ببێتە «بەحری موحیط» دەریای دەوراندەوری یار. دەبوو شەرحەکە بڵێ چاوم وەکوو بەحر دەوری گرتووی، نەک تێیدایت. لە وشەی «لێت موعەییەن» بێ ئیشارەت هەیە بۆ چاو کە «موعەییەن» خۆی لە «عەین»ـەوە وەرگیراوە.