پێم دەڵێن : مەحبووبە خێل و قیچە، مەیلی شەڕ دەکا
1
پێم دەڵێن: مەحبووبە خێل و قیچە، مەیلی شەڕ دەکا
خێل و قیچە، یا ترازووی نازی نەختێ سەر دەکا؟!
لاپەڕەی 108
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
هەر وەک لەم بەیتەوە دەرئەکەوێ، مەشهووریشە کەوا حەبیبەی یاری نالییی خێل بووە. خێلیش لەناو خەڵکدا بە عەیب ئەژمێردرێ و ڕوانینی خێل نیمچە خێسە کردنێکە. هەروەها خێل جارجاریش وا ئەنوێنێ ئەڵێی چاوێکی ئەنووقێنێ و چاوەکەی تری ئەکاتەوە. نالییی لەم غەزەلەیدا بەرپەرچی ئەوانە ئەداتەوە کە خێلیی حەبیبەیان بە عەیب داناوە، ئەڵێ: ناحەزان پێم ئەڵێن خۆشەویستەکەت خێل و چاولارە، خێسە لە خەڵکی ئەکات وەک بڵێی شەڕیان پێ بفرۆشێ. نەخەیر نە خێلە و نە خێسەش لە کەس ئەکا.. تەنها ئەوەندەیە ترازووی نازی، کە چاویەتی، کەمێک سەرئەکا و بەسەر لایەکا ناز زۆرتر ئەکا تا بەسەر لایەکیترا.. سەرکردنی تەرازوو ئەوەیە کە هەڵێئەبڕێ هەردوو سەرەکەی هاوسەنگ نەبن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (شەڕ) و (سەر) دا جیناسی موضاریع هەیە.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* لێرەدا نالییی شەڕ و سەری کردۆتە قافیە بە بڕوای من (ڕ) و (ر) لە کوردی و فارسی قافیە نین.
2
خێل و قیچە، یا بە غەمزە بۆ نیشانەی دڵ بە چاو
مەیلی ڕاست هاوێتنی موژگانی دڵ پەی کەر دەکا؟!
لاپەڕەی 109
هاوێتن: هاویشتن .
موژگان: برژانگ .
پەی کەر: ئەوەی پەی ئەکا .
پەی کردن: بڕینەوەی چوار پەلی وڵاخە ..
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار خێل و قیچ نییە، بەڵکو ئەیەوێ بە غەمزەی چاوی، تیری برژانگی کە دڵی دڵدار پەی ئەکا، ڕاست بهاوێ بۆ دڵ و چوار پەلی دڵی پێ ببڕێتەوە تا مەیدانی دەربازبوونی نەمێنێ. دیارە تیرهاوێژیش بۆ ئەوەی نیشانە بپێکێ، چاوێکی ئەگرێتە نیشانەکە و ئەو چاوەکەی ئەنوقێنێ.
ئەشگونجێ (مەیلی) نەبێ و (میلی) بێ و لەمحاڵەدا (پەی کەر) یش بە (پەیکەر) ئەخوێنرێتەوە بەمەعنا نیشانە، واتە: میلی ڕاست هاویشتنی گوللەی برژانگی، دڵ ئەکا بە نیشانە.
دەستنووس
خێل (عم): خوێل. چاو (کم): تاو. هاوێتنی (چر): ئاوێتنی. (چن) و (ک): ناوێتنی. (گم): هایژتنی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 109:
خێل و قیچە، یا بە غەمزە بۆ نیشانەی دڵ بە چاو
مەیلی ڕاست هاوێتنی موژگانی دڵ پەیکەر دەکا
شەرحەکە دەڵێ: لەوانەیە «مەیل» نەبێ «میل» بێ و لەم حاڵەدا «پەیکەر» یش بە «پەیکەر» دەخوێندرێتەوە بە مەعنا نیشانە. واتە: میلی ڕاست هاوێتنی گوللەی برژانگی دڵ دەکا بە نیشانە. ئەم واتایە لە جێدا نییە چونکە دەبێت «... بۆ نیشانەی دڵ... دڵ نیشانە دەکا». وشەی «پەیکەر» یش هەر دەبێ «پەیکەر» بنووسرێت وەکوو خۆراکی «دەسخۆر، دەمڕاست...».
3
چاوی هەمڕەنگی گوڵی، مەستی شەو و ڕۆژن مەدام
یەک لە نەشگوفتەی بەنەفشە، یەک لە نەیلۆفەڕ دەکا
لاپەڕەی 109
هەمڕەنگ: هاوڕەنگ .
مەدام: هەمیشە .
نەشگوفتە: نەپشکوتوو .
بەنەفشە: وەنەوشە
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕە:
چاوی هەم ڕەنگی گوڵی، مەستی شەو و ڕۆژن مەدام
یەک لە نەشگوفتەی بەنەفشە، یەک لە نەیلۆفەڕ دەکا
وشەی «مەدام» وەک بزانم «مودام»ـە دوو مەعناشی هەیە: یەکیان «هەمیشە» کە لە «أدام، یدیم، مدام» ئەوی دیکەیان «شەراب» کە ئەمیان بەیتەکە پڕوچڕ دەکات و مەستییەکەی چاو دەسەپێنێ. لە ڕوباعییەکی خەیام ئەم «مودام»ـە لە دێڕی چوارەمدا دەردەکەوێت بە هەردوو واتا، بەداخەوە دێڕی سێهەم و بەشێکی چوارەمیم لەبیر ماوە:
بەرگردی پیالە ئایەتی هەست موقیم
... ... ... مودام خوانە ند ئانرا
شاڵڵا لەوەی نووسیم هەڵەم نەکردبێ. هەرچۆنێک بێ «مودام» ـەکە لە نێواندا سەلامەتە... نوسخەی ڕێکوپێکی ڕوباعیات لە ماڵەکەم هەیە بەڵام نازانم کەوتۆتە چ پەنا و پەسێوێک بۆی بگەڕێم.
من دەقی ئەو بەیتەم لە نوسخەی دەستخەتدا دیتووە بەم جۆرە:
چاوی هەمڕەنگی گوڵە، مەستی شەو و ڕۆژی مودام
یەک لە نەشکوفتە وەنەوشە، یەک لە نەیلووفەڕ دەکا
4
عەکسی چاوی تۆ لە چاویدا بە خواری تێدەگەی
کەچ نەظەر کەی فەرقی خوار و ژوور و خێر و شەڕ دەکا؟!
لاپەڕەی 109
عەکس: وێنە .
کەچنەظەر: ئەو کەسەی کە ڕاست نەبینێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوی یار وەک ئاوێنە وایە و تۆیش، ئەی ناحەز، لە چاوی یاردا وێنە چاوی لاری خۆت ئەبینی. بۆیە وا ئەزانی چاوی یار خێل و قیچە. مەبەستی ئەوەیە بڵێ چاوی خۆت خێل و قیچە نەک هیی یار، بەڵام چونکە تۆ لاربینی خوار و ژوور و خێر و شەڕ لە یەک ناکەیتەوە و لەجیاتیی خۆت یار بە خێل ئەزانێ..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (خێر) و (شەڕ) و (خوار) و (ژوور) دا طیباق هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 109 کە سەرەتاکەی نووسراوە: «عەکسی چاوی تۆ...» من بە هەموو عومرم هەر گوتوومە «عەکسی چاوی خۆت...» تومەز هەر وەهاشم دیتووە لەو نوسخەی بەر لە 50 - 60 ساڵ لە دەستدا بووە. لە تێکستەکاندا ئەم «خۆت»ـە نییە، بگرە تێکستێکی دیکەی تێدا نییە. «خۆت» یش ڕێکتر دێت چونکە دەکاتەوە: «تۆ عەکسی چاوی خۆت...» ئەگەرنا دەبێتە «تۆ عەکسی چاوی تۆ».
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 110 لە نیوەبەیتی دووهەمیدا «لوطف و قەهری» هاتووە. من بەر لەم شەرحە هەر خوێندوومەتەوە «قەهر و میهری» لە کۆنیشدا هەر وەهام دیتووە. ئاشکرایە «قەهر و میهر» پتر بە دڵەوە دەنووسێ لەلایەن مۆسیقای وشەکانەوە، شەرحەکە خۆیشی لە زۆر شوێندا بەڵگەی وەها دەکاتە هۆی هەڵاواردنی جۆری خوێندنەوەی بەیتەکان، بەڵام مەرجیش نییە هەموو جاران شاعیر وشەی هەرە پەسەندی بەکار هێنابێت، ئیتر ئەگەر «لوطف و قەهر» یش حەقیقی بێ سەیر نییە.
5
هەکەسێ نوقصانیی ڕووی باوێتە سەر ڕووی ئاینە
شاهیدی هەرچەندە (رأی العین) ە، کێ باوەڕ دەکا؟!
لاپەڕەی 110
باوێتە: بخاتە .
ئاینە: ئاوێنە .
رأی العین: ئەوەی زەق بە چاو ببینرێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەک وتم ناحەز خۆی ناشیرین و خێل و قیچە، نەک یاری من کە ڕووی وەک ئاوێنە بێ گەردە. جا هەر کەس بێت و ناشیرینیی خۆی بخاتە ئەستۆی ئاوێنە و ئەو تاوانبار بکا و بڵێ خەتای ئەوە کە من ناشیرینم، با شایەتیشی هەبێ، کە دیمەنەکەیەتی کە لە ئاوێنەکەدا بە ناشیرینیی دەرئەکەوێ، کەس باوەڕی پێ ناکا.
دەستنووس
نوقصانیی ڕووی (چن) و (عم) و (ت) و (ک) و (مز): نوقصانی ڕوو.
6
کاتبی خێر و شەڕی عوششاقە، بۆ وەصڵ و فیراق،
لوطف و قەهری هەر بە جارێ سەیری دوو دەفتەر دەکا
لاپەڕەی 110
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار وەک فریشتەی تۆمارکردنی چاکە و خراپەی بەندەکانی خوا وایە. چۆن ئەوان بەجارێ چاکە و خراپەی بەندە ئەنووسن و بەپێی ئەوەی ئەینووسن کۆمەڵە بەندەیەک ئەنێرنە دۆزەخ و کۆمەڵێکی تر ئەنێرنە بەهەشت، ڕووخۆشیی و ڕووگرژیی ئەمیش بەجارێ سەیری دەفتەری کرداری دڵدارانی ئەکا تا بڕیار بدا کامیان بخاتە بەهەشتی (پێگەیشتن) و کامیان بخاتە دۆزەخی (دووری). دیارە کە بە جارێکیش تەماشای کرد، چاوە ساغەکەی ئەبینێ و چاوە خێلەکەی نابینێ.. جا ئەگەر بە نیازی بڕیاردانی دوورییش تەماشای کردبوو ئەوا ئەو هەندەی ئەکەونە بەر چاوە ساغەکەی بێبەش ئەبن و ئەو هەندەکەیتر ئەو بڕیارە سەختەیان بەسەرا نادرێ.
لەم بەیتەدا ئیشارەت بەو واتە ئایینییە کراوە کە ئەڵێ هەر مرۆیەک دوو فریشتەی بەسەر شانەوەیە چاکە و خراپەی تۆمار ئەکەن.
7
«نالیی» ئەو وەحشی غەزالە کەس ئەبەر داوی نەکەوت
چونکە شاهێنی دوو چاوی تیژە، دائیم سەر دەکا
لاپەڕەی 111
وەحشی غەزال: ئاسکی کێویی،
ئەبەر: بەر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالیییا ! تا ئیستا کەس نەکەوتووەتە داوی ئەو یارەوە کە بپێکرێ و ئەویش بێ بیگرێ و بیبا، چونکە چاوە وەک شەهێنەکانی ئەوەندە تیژ و زووبینن، کە بۆ کەسێ ئەڕوانن تیری نیگابان سەر ئەکا و نایپێکێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (سەر) و (بەر) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
ئەبەر داوی (چر): لەبەر ڕاوی. (چن) (ک): لەبەر داوی. (مز): وەبەر داوی. (کم): بەسەر داوی. سەردەکات (عم): شەڕ دەکات.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 111:
«نالی» ئەم وەحشی غەزالە کەس ئەبەر داوی نەکەوت
چونکە شاهێنی دووچاوی تیژە، دائیم سەر دەکا
شەرحەکە دەڵێ: نالییا تائیستا کەس نەکەوتووەتە داوی ئەو یارەوە کە بپێکرێ و ئەویش بێ بیگرێ و بیبا، چونکە چاوە وەک شەهێنەکانی ئەوەندە تیژ و زووبینن، کە بۆ کەسێ ئەڕوانن تیری نیگایان سەر دەکا و ناپێکێ.
ئەم واتایە لە زۆر لاوە پرسیاری لەسەر هەڵدەستێ: کە یار وەحشی غەزال بێ چۆن داو دادەنێتەوە بۆ گرتنی خەڵق؟ گریمان مامز بوو بە ڕاوکەر، چۆناوچۆنی سەرکردنی تیری نیگا دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵق بە داویەوە نەبێ؟ هەر نەبوایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە لە جیاتی «داوی» «ڕاوی» هەڵبژاردایە وەک کە «چر» پەسەندی کردووە و لە شەرحەکەدا دیارە.
ڕاستیی واتای ئەم بەیتە عەکسی بۆچوونی شەرحەکە و، وادیارە هی خاوەن نوسخەکانیش بێت. نالی دەڵێ: ئەم وەحشی غەزالە ئەبەر داوی «یان ڕاوی» کەس نەکەوت چونکە شاهێنی تیژی چاوی سەر دەکات، واتە بڵندنۆڕە سەرووی داو و ڕاوی خەڵق دەکەوێتەوە...
تۆ بێنە لە بەیتەکەدا جێگەی چەند پیتێک بگۆڕە بە تەواوی بۆت ڕوون دەبێتەوە نالی ئەوەی گوتووە کە نووسیم: «کەس ئەبەر داوی نەکەوت» بکە بە «ئەبەر داوی کەس نەکەوت». ئەو صیغەیەی لە دیوانەکەدا هاتووە عەینی مەعنای ڕاست و دروست دەگەیەنێ بەڵام لە هەمان کاتدا، بە ڕوواڵەت، ئەو مەعنا نادروستەش دەگەیەنێ کە شەرحەکە بۆی چووە ئەمما هەر چونکە دەقی شیعرەکە واتایەکی مەحاڵی هەیە و بەسەر هیچ وێنەیەکی مومکیندا ناکەوێت بە ناچاری مەعنا ڕاست و دروستەکە خۆی دەسەپێنێ. بێگومان نالی بە عادەتی بەرچاوی توێکڵداری شیعرەکانی ویستوویەتی تەپکە بۆ خەڵق دانێتەوە، وا بە زۆریش خەڵقەکە تێی دەکەون.