سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

طەبعی شەککەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکا،

1
طەبعی شەککەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکا،
ئیمتیحانی خۆیە مەقصوودی، لە (عمدا) وا دەکا
لاپەڕەی 106
شەککەربار: شەکر هەڵگر . شەکر بارێن، مەبەست شیرینە .
ئینشا: دانان .
ئیمتیحان: ئەزموون، تاقی کردنەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زەوقی شیرینی من کە بەلای ئەوەدا ئەچێ بە کوردی شیعر بڵێ، لەبەر ئەوە نییە کە کوردییەکە ئاسانە و دەسەڵاتی بەسەر عەرەبی و فارسیدا ناشکێ، بەڵکو لەبەرئەوەیە ئەیەوێ خۆی تاقی بکاتەوە بزانێ شتێکی تازەی لە دەست دێ لەمەوپێش کەس نەیکردبێ کە شیعر وتنە لەسەر عەرووزی عەرەبی بە زمانی کوردی، یا نە؟
2
یا لە مەیدانی فەصاحەتدا بە میثلی شەهـ سەوار
بێ تەئەممول بەو هەموو نەوعە زوبانی ڕادەکا
لاپەڕەی 106
شەهـ سەوار: شاسوار، شۆڕەسوار، شۆڕە سوار و لاوچاک .
تەئەممول: ورد بوونەوە .
ڕادەکا: غار ئەکا، یا ڕائەهێنێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یاخود مەبەستی خۆ تاقی کردنەوە نییە، تەبیعەتی شیعریەتی ئەوەندە سوارە، بێ گوێدانە ئەوە کە مەیدان مەیدانی فارسییە یا عەرەبی یا کوردی، ئەو هەر لەخۆیەوە بە هەموویاندا ئەداتە غار، با لە هەموویاندا خۆی ڕائەهێنێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (مەیدان) و (شەهـ سەوار) و (ڕادەکا) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
یا (چن) و (کم) و (ت) و (ک): یا، (مز): ئەو. بەو (چن) و (ک): بی. (کم) و (گم): بەم، زوبانی (گم): زمانی. (مز): لیسانی. ڕادەکا (کم): وائەکا.
3
کەس بە ئەلفاظم نەڵێ خۆ کوردییە خۆ کردییە
هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی طالیبی مەعنا دەکا
لاپەڕەی 107
خۆکردییە: دەسکردی خۆماڵییە،
نادان: نەزان و نەفام .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: با کەس توانجم تێ نەگرێ بڵێ شیعرەکانی کوردین و هەر شاعیرێک بگری ئەتوانێ شیعری کوردی بڵێ. بەڵێ ڕاستە زۆر کۆلکەشاعیر هەن ئەتوانن (شیعر) بە کوردی ڕێک خەن.. بەڵام خۆ شیعر هەر هاوسەنگیی دووسەرەکەی و یەکێتیی دوا پیتەکانی نییە. شیعر بەر لە هەرچی ناوەرۆکی ورد و مەعنای قووڵە و دانایان لە شیعردا بەدوای ئەوەدا ئەگەڕێن و ئەوەش دەستی کۆلکە شاعیرەکان ناکەوێ بیخەنە شیعرەکانیانەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (خۆ کوردییە) و (خۆکردییە) دا جیناسی تەرکیب و لەنێوان (کوردی) و (کردی) دا جیناسی موحەڕڕەف هەیە.
دەستنووس
طالیبی (ک): تابیعی. خۆ کوردییە (چر): خۆ کوردییو.
4
بێتە حوجرەم، پارچە پارچەی موسوەدەم بکڕێ بە ڕۆح،
هەر کەسێ کووتاڵ و پارچەی بێ بەدەڵ سەودا دەکا
لاپەڕەی 107
موسوەدە: موسەووەدە، ڕەشنووس، نووسراو بە لە پاکنووس کردنی .
بێ بەدەڵ: ئەوەی ئەوەندە بەنرخ بێ شتێ نەبێ بۆ ئەوە بشێ لەبریتیی ئەوا بدرێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەوەی بەدوای پارچەی گرانبەهادا ئەگەڕێ، با بێتە حوجرەکەی من، پارچە پارچەی ڕەشنووسەکانم بکڕێ و لەبریتیدا گیانی خۆی دانێ، بەمە هێشتا هەر ئەو قازانج ئەکا.
دەستنووس
حوجرەم (کم) و (گم): حوجرە. موسوەدەم (ت): ئەسوەدم. سەودا (گم) داوا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 107 بەیتی دووهەم:
بێتە حوجرەم، پارچەپارچەی موسوەدەم بکڕێ بە ڕۆح،
هەرکەسێ کووتاڵ و پارچەی بێ بەدەڵ سەودا دەکا

لە شەرحدا وای بۆچووە کە نالی دەڵێ: ئەوەی بە دوای پارچەی گرانبەهادا دەگەڕێ، بابێتە حوجرەکەم پارچەپارچەی ڕەشنووسەکانم بکڕێ و لە بریتیدا گیانی خۆی دانێ، هێشتا هەر قازانج دەکا.
شەرحەکە «بێ بەدەڵ»ـی بە زێدەگران و لە نرخ نەهاتوو داناوە، ڕاستیشی بۆچووە بەڵام لە هەمان کاتدا وشەکە «بێ موقابیل، بێ بریتی» ش دەگرێتەوە. لەم واتایەی «بێ بریتی» مەعنای شیعرەکە جوانتر دەبێ.
نالی دەڵێ: هەرکەسێ بە ئارەزۆی ڕۆحی، گیانی بیەوێ پارچەپارچەی موسوەدەی بێ بریتی (لە هەمان کاتیشدا لە نرخ نەهاتوو) سەودا بکات با بێتە حوجرەم. حوجرە لێرەدا هەم حوجرەی مەلا و فەقێ دەگرێتەوە هەم حوجرەی توجار و بازرگانی ئیروو.
5
شیعری خەڵقی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکی؟!
کەی لە دیققەتدا پەتک دەعوا لەگەڵ هەودا دەکا؟!
لاپەڕەی 107
دیققەت: وردیی . باریکی .
پەتک: ئەو بەنەی بەڕە و جەواڵی لێ دروست ئەکەن .
هەودا: تاڵی ڕێسمانی ئاوریشم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شیعری خەڵکی هەرگیز لە ناسکیدا ناگاتە ڕادەی شیعری من. شیعری من لە چاو شیعری خەڵکیدا وەک تاڵی ئاوریشم وایە لەچاو پەتکدا و دیارە پەتکیش هەرگیز ناتوانێ لە باریکی و ناسکیدا بەربەرەکانێ لەگەڵ تاڵی ئاوریشم بکا.
لە خوێندنەوەی ئەم قەصیدەیەوە، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە و خۆی دائەسەپێنێ: ئاخۆ ئەو شاعیرە، هاوچەرخەی نالییی کێ بووبێ کەوا بە فارسی (یاخود بە عەرەبی) شیعری وتبێ و گاڵتەی بە شیعرە کوردییەکانی ئەم کردبێ؟ تۆ بڵێی ئەم مەسەلەیەش پەیوەندێکی بە (مەستوورە خانمی ئەردەڵان) ـەوە نەبێ، بەتایبەتی کە دیارە نالییی ئەم قەصیدەیەی لە سەردەمی فەقێیەتیدا وتووە: « بێتە حوجرەم »... تاد؟ تەنها مەگەر تۆژینەوەی لەمەوپاشی ڕۆشنبیرانمان وەڵامی ئەم پرسیارەمان بۆ بداتەوە !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە نیوەی دووهەمی ئەم بەیتەدا حوسنی تەعلیل هەیە.
دەستنووس
بۆ نازکی (کم): ئەی نالیییا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی کۆتایی غەزەلەکە، یان قەصیدەکە، لە لاپەڕە 107:
شیعری خەڵقی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکی؟!
کەی لە دیققەتدا پەتک دەعوا لەگەڵ هەودا دەکا؟!

بەپێی شەرحەکە نوسخە هەیە لە جیاتی «بۆ نازکی» «ئەی نالیا»ی هێناوە. هەردوو شێوە دەست دەدەن هەرچەند «بۆ نازکی» پاراوترە. ئەوەکەی تریش تەخەللوصی نالی پێوەیە...
شەرحەکە لێرەدا «هەودا»ی بە «تاڵی ڕیسمانی ئاوریشم» لێک داوەتەوە. دیارە «ڕیسمان»ی بە مل مەعناکەدا بڕیوە لە موقابیل «پەتک»-دا. «تاڵ» خۆیشی داوە مووە چ ئاوریشم چ غەیری ئاوریشم. باشتریش ئەوەیە بڵێم داوە، مەرج نییە موو بێ، لە لاپەڕە 462 ئەم بەیتە:
حەڵقە حەڵقەی چ دەکەی داوی کەمەندی زوڵفت
بۆ دڵی خەستە کەوا بەستەیی هەودایێکە؟!

لە شەرحدا «هەودا» بە «تاڵی موو»، بێ ئاوریشم، لێک دراوەتەوە. ئەوەی ڕاستی بێ، مەبەس بارێک هەودایە کە لەگەڵ «دیققەت» دا لێکەوە نزیکن. ئەگەر گوتبای «کەی لە نەرمیدا...» دەشیا هەودای نەرم پێویست بێ.