سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئەحوەلی تەفرەقە نەظەر تەقوییەتی سەبەب دەکا

1
ئەحوەلی تەفرەقە نەظەر تەقوییەتی سەبەب دەکا
عاریفی وەحدەت ئاشنا لەم قسەیە ئەدەب دەکا
لاپەڕەی 97
ئەحوەل: خێل، یەک بە دوو بین .
تەفرەقە نەظەر: ئەوەی هێزی بینینی پەرێشانە و سەرنجی چاوی بەم لا و بەولادا ئەڕوا و یەکی بە دوان دێنە پێش چاو . عاریف
وەحدەت ئاشنا: ئەوەی لەگەڵ بیری خوا بە یەک زانیندا ئاشنایی هەیە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەوەی چاوی دڵی خێل بێ تەماشای (سەبەب) ئەکا و هەرچی کە ڕوو ئەدا ئەیبەستێ بە هۆیەکی تایبەتییەوە و ئەوەش لە ئەنجاما ئەکێشێتەوە بۆ هاوبەش بۆ خوا دانان، وەک چۆن ئەوەی چاوی ڕاستەقینەی خێل بێ یەکی بە دوو دێنە پێش چاو. بەڵام ئەوەی کە خوا بناسێ و دڵی بە بیری یەکێتیی خواوە ڕاهاتبێ، شەرم ئەکا قسەی وای لە دەم بێتە دەرەوە.
ئەڵێن نالییی پارچە شیعرەی لە بەرپەرچ دانەوەی زانای ناوداری کورد موفتیی زەهاویدا وتووە لە ئەنجامی دەمەتە‌قێیەکی فەلسەفیدا کە لەبارەی سەبەبەوە لەنێوانیانا ڕووی داوە. ئەگەر ئەمە ڕاست بێ لەوانەیە ببێ بە بەڵگەی ئەوە کە زەهاوی خێل بووبێ.
2
بەندە ئەزەل بە خەططی خۆی قابیلی قیسمەتی بووە
ئیستە بە ئیقتیضای عەمەل جێگەیی خۆی طەڵەب دەکا
لاپەڕەی 98
ئەزەل: ئەوەی نەبوونی لێ پێش نەکەوتبێ .
خەط: پێ لێ نان .
قابیلی قیسمەت: ئەوەی بە بەشی خۆی ڕازی بێ یا ئەوەی بۆ دابەش کردن بشێ .
ئیقتیضا: پێویست .
عەمەل: کردەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئادەمیزادی موسوڵمان لە ڕۆژی ئەزەلدا بە دان پیانانی خۆی ڕازی بووە بە بەشی خۆی و لە وەڵامی « الست بربکم؟ » دا واتە: ئاخۆ من خوای ئێوە نیم؟ کە پەروەردگار لە خەڵکی پرسیوە، وتوویەتی: « بلی » واتە: تۆ خوای ئێمەی. بەم پێیە ئیتر ئەبوو سەبەبە و سەبەبکاری نەهاتایەتە ئاراوە. کەچی ئیستا وا بە کردار بەپێچەوانەی پێ لێ نانەکەی خۆی ئەجووڵێتەوە و بە نیسبەت دانی کار بۆ لای خۆی داوای جێ و ڕێیەک ئەکا بۆ خۆی گوایە ئەویش لەگەڵ خوادا هاوبەشە لە دروست‌کردنی کردارا..
نالییی لەم بەیتەشدا ئیشارەتیشی بەو وتە فەلسەفییە کردووە کە ئەڵێ (خەت بۆ دابەش کردن ئەشێ).
دەستنووس
خەططی (عم): حەظظی.
3
داری ئیراک و داری هیند هەردوو کە عوودە ئیسمیان
هەمدەمی سوننەتە ئەوەم مەیلی ئەبوولەهەب دەکا
لاپەڕەی 98
ئیراک: دارێکە لە لقەکانی، سیواک دروست ئەکەن و لەکاتی دەستنوێژگرتن و گەلێ کاتیتریشدا بەپێی ڕەوشتی پێغەمبەر (د . خ) ئەیهێنن بە دەما بۆ پاک‌کردنەوەی بێخی ددان و خۆش کردنی تامی دەم .
داری هیند: داری بخوور کە بۆ بۆنخۆشیی ئەیسووتێنن .
هەمدەم: هاودەم،
هاوڕێ . سوننەت: گوفتار و ڕەوشتی پێغەمبەر .
ئەوەم: ئەو، ئەم .
ئەبوولەهەب: یەکێکە لە ناوەکانی ئاگر، ئیشارەتیشە بە ناوی ئەبوولەهەبی مامی پێغەمبەر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بۆ ئیسپاتی ئەوە کە ئەنجامی هیچ شتێ پەیوەندی بە بناخەکەیەوە نییە و هەمووی هەر بە دەستی خوا خۆیەتی و ئەو چارەنووس دائەنێ، سەیری داری ئیراک و داری هیند بکە، هەردوکیان دارێکی عادەتین کەچی ئەویان سوننەتی پێغەمبەری پێ جێ‌بەجێ ئەکرێ و ئەمیان بە لای ئەبوولەهەبدا ئەڕوا، واتە ئەسووتێنرێ و دووکەڵی پێ ئەکرێ.
نالییی لەم بەیتەدا ئیشارەتی بە دوو ئایەتی « تبت یدا ابی لهب... وامراتە حمال ة الحطب » کردووە کە واتە: دەسەکانی ئەبوولەهەب وشک بن.. ژنەکەشی کۆڵەدار هەڵ ئەگرێ بۆ ئازاردانی موسوڵمانان. لەناو ناوەکانی ئاگریشدا ناوی (ابولهب) ی هەڵبژاردووە و بەکاری هێناوە، بۆ ئەوە لە بەرابەری وشەی (سوننەت) دا داینێ چونکە سوننەت هیی پێغەمبەرە و ئەبوولەهەبیش دوژمنی پێغەمبەر بووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە دوو نیوەی ئەم بەیتەدا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە.
دەستنووس
لە هەموو نوسخەکانی بەردەستمانا لەجیاتیی (ئەوەم) نووسراوە: (ئەمەو). تەنها لە پەراوێزی نوسخەی (چر) دا نەبێ بە نوسخە نووسراوە: (ئەوەم). ئێمە ئەمەمان لا پەسەند بوو چونکە سەرچاوەی هەردوو ئیشارەتەکە بە ڕێکوپێکی ئەڕوا و مەعناکە بێ پێچ و پەنا دێ.
4
سەهم و نەصیبی ئەصلییە، بەحثی گیاە و گڵ نییە
تووتنە خەرجی سووتنە، موودنە ماچی لەب دەکا
لاپەڕەی 99
سەهم و نەصیب: بەش و چارەنووس .
گیاە: گیا، سەوزە .
خەرج: بەش .
موودن: دارجگەرە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چارەنووسی هەرکەس چی بێ هەر ئەوە دێتە ڕێی. مەسەلەکە پەیوەندی بە ڕیشە و بنەڕەتەوە نییە. ئەوەتە تووتن کە مەبەستی ئەسڵیی جگەرەخۆرە، بەشی سووتانە، ئەوەش دارجگەرەیە کە لە هۆیەکی جگەرەکێشان بەولاوە نییە، بە شوێنێکی نازداری وەک لێوەوەیە و هەمیشە ماچی لێو ئەکا !
دەستنووس
سەهم و نەصیبی (چر) و (گم): قیسمەت و سەهمی.
5
لەومەی زەمان دەکەی کە بۆچ خوارییی ڕاستیی دەوێ؟!
غافڵی دەستی ڕاستی خۆت خزمەتی دەستی چەپ دەکا
لاپەڕەی 99
لەومە: سەرزەنشتی گەردوون ئەکەی کەوا بۆچ کارێک ئەکا ڕاستی هەر لەبنەوە بێ .. ئاگات لەوە نییە کە تەنانەت لە خۆیشتا دەستی ڕاستت خزمەتی دەستی چەپت ئەکا و ملکەچی ئەوە ...
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: باری ژیان وایە تا ئیستاش خراپە و درۆ لەسەرەوە بن و چاکە و ڕاستی بۆ سوودی ئەوان هەڵسووڕێن..
6
طووطییی تۆ لە حیرصی دڵ داوی طەمەع دەکاتە مل
بولبولی من لە عەشقی گوڵ تەغنیە و طەرەب دەکا
لاپەڕەی 100
حیرص: تەماع .
تەغنیە: گۆرانی وتن .
طەرەب: ساز و ئاواز .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من و تۆ، ئەی بەدکار، زۆرمان جیایە لە یەک. تۆ طووطیت.. ئیش و کارت هەر قسەی ئەم و ئەو گێڕانەوە و هێنان و بردنە، بۆیە لەبەر تەماع کۆتی بەندەگیت لە مل کردووە و بووی بە نۆکەری ئەم و ئەو. بەڵام من بلبلم، دڵداری گوڵ و باخم، هەمیشە گۆرانی بۆ جوانی و شینایی و سروشت ئەڵێم..
ئەگەر وەک لەپێشەوە وتمان ڕاست بێ نالییی ئەم پارچە شیعرەی بەرابەر بە موفتیی زەهاوی وتبێ، ئەوا مەبەستی لە طووطییەتی لاسایی‌کردنەوە و وتنەوەی قسەی موعتەزیلەکانە کە بەندە بە دروستکەری کاری خۆی ئەزانن و دەورێکی گەورە ئەدەن بە (سەبەب).
دەستنووس
طووطیی تۆ لە حیرصی دڵ (چر): طووطیی دڵ لە حیرصی گوڵ. بەم پێیە مەعنای نیوە شیعرەکە وای لێ دێتەوە: دڵ طووطییە و بەخیلی بە گوڵ ئەبا بۆیە داوی تەماعی لە مل کردووە. لە پەراوێزی هەر ئەم نوسخەیەشدا بە نوسخە نووسراوە:
طووطیی تۆ لە حیرصی دڵ داوی قەفەس دەخاتە مل
7
«نالیی» حەریفی کەس نییە، ئیلف و ئەلیفی کەس نییە
بەیتی ڕەدیفی کەس نییە، هەرزە نویسە، گەپ دەکا
لاپەڕەی 100
حەریف: هاودەم .
ئیلف و ئەلیف: هاوشان .
ڕەدیف: هاوسەر .
هەرزە نویس: ئەوەی شتی پڕوپووچ ئەنووسێ .
گەپ: گاڵتە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

نالییی لەم شیعرەیدا، لەپاش دەربڕینی بێزاری لە باری ژیان کە ئەوی خستووەتە بنەوە و خەڵکی سەرخستووە و پایەیەکی کۆمەڵایەتیی نزمی بەم داوە و خەڵکی کردووە بە خاوەن ڕێ و شوێن، هەڵوێستێکی کەمتەرخەمانە لە ژیان وەرئەگرێ و ئەڵێ چش، هەر چۆنە با هەر وابێ.. دیارە من شایانی پایە و ڕێ و شوێنی ئەم خەڵکە نیم و لە نموونەی کەسیان نیم و شیعرکانیشم شیعری هەرزەنووسییە، بۆیە ڕێ و شوێنیشم لە کۆمەڵدا ئەمەیە کە هەیە..
دەستنووس
ئەلیف (چن): ئەنیف. ئەبێ بەپێی ئەم نوسخەیە (ئەنیف) لە (ئەنف) وەگیرابێ و مەعناکەی (هاولووت) بێ واتە نزیک و هاودەم.
ئەگەر ئەوەی لە پێشەوە وتمان کەوا نالییی ئەم پارچە شیعرەی لە بەرپەرچدانەوەی موفتیی زەهاویدا وتووە، وا بێ، ئەوا ئەبێ لە لێکۆڵینەوە باری کۆمەڵایەتی و دەروونیی نالیییدا پایەیەکی تایبەتی بۆ ئەم پارچە شیعرە دانرێ.