سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ڕوخم ڕەنگینی ڕەنگی ڕوومەتی ڕەنگینتە، بازا‌!

1
ڕوخم ڕەنگینی ڕەنگی ڕوومەتی ڕەنگینتە، بازا‌!
قەدی سەروم کەمانینی قەدی شیرینتە، بازا!
لاپەڕەی 95
بازا: باز ئا، وەرەوە . وشەکە لەبنەڕەتا فارسییە .
قەد: باڵا . قەدی دووهەم مەعنای (چەماندنەوە) ش ئەگەیەنێ .
کەمانین: وەک کەوان لێ هاتوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەهۆی ڕەنگی ڕوومەتی جوانی تۆوە ڕووم زەرد هەڵگەڕاوە، جا یا لە خەفەتی دووریت یا بەهۆی شەرمەزار بوونەوە لە بەرچاوی خەڵک. باڵای وەک سەرو بەرزی جارانیشم بەهۆی باڵای جوانی تۆوە وەک کەوان چەمیوەتەوە، یا بەهۆی چەماندنەوە جوانەکەی تۆوە بووە بە کەوان، کەواتە وەرەوە بۆ لام تا منیش بچمەوە سەر دۆخی جاران.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* بەم شیعرە زۆر باش دەردەکەوێ کە نازناوی نالییی لە ڕیشاڵی قامیش وەرگیراوە و قسەی ئەوانە جێی متمانە نیە کە دەڵێن (ناڵی) یە.
2
غەریب و بێ کەس و زار و فەقیری خانەدانی تۆ
جگەر سووتاو و ماڵوێرانی زوڵفی چینتە، بازا!
لاپەڕەی 96
زار: داماو، لاواز .
زوڵفی چین: زوڵفی جوانی چین لەسەر چین .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو کەسەی لە خانەدانی تۆ دوور کەوتووەتەوە و نامۆ و بێکەس و هەژار کەوتووە (کە منم)، بەهۆی زوڵفی چینچینی تۆوە جگەرسووتاو و ماڵوێران بووە، کەواتە دە وەرەوە !
3
(معاذ اللە) کە ڕەحمێکت بە حاڵی زاری مندا بێ
کە ئاخر بەندەیی خاکی دەری پێشینتە، بازا!
لاپەڕەی 96
معاذ اللە: پەبا بە خوا، خوا نەکا، هەرگیز ڕوو نادا .
دەر: بەردەرگا .
پێشین: کۆن،
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرگیز بەزەییەکت بە حاڵی مندا نایەتەوە، ئاخر خۆ من بەندەی کۆنی خاڵی بەردەرگای خۆتم، دە وەرەوە !
4
ئەگەر خوێنم دەڕێژی تۆ، ئەوە تێغ و ئەمیش گەردن
ئەگەر بنیادی پەیمان، دەستی من دامێنتە، بازا!
لاپەڕەی 96
بنیاد: بناخە .
پەیمان: گفت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچیم لێ ئەکەی ئامادەم. ئەگەر سەرم ئەبڕی، ئەوە تێغی تۆ و ئەمەش گەردنی من. ئەگەر بناخەی گفت و پەیمانیشم لەگەڵ دائەنێی، دەسم دامێنت، دە وەرەوە !
5
لە چاوانم هەتاکەی قەطرە قەطرە خوێن دەکەی ئەی دۆست!
کوا ئەم عەهد و پەیمان و وەفا کابینتە، بازا
لاپەڕەی 96
کابین: ئەو ئەندازە پارەیەی پیاو لەکاتی ژنهێنانا لە ئەستۆی ئەگرێ بیدا بە ژنەکە . لەو مەعنایەشەوە وەرگیراوە بۆ هەر شتێ مرۆ لە ئەستۆی خۆی بگرێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تاکەی، گیانە، چاوم دڵۆپ ئەکەی بە خوێن؟ کوا. تۆ کەی وا دەرئەکەوێ گفت و پەیمانت لە ئەستۆ گرتبێ، دە وەرەوە ! ڕێیشی تێ ئەچێ (کابینتە) هەڵەی نووسیار بێ و ڕاستەکەی (کابینتە - کە ئایینتە) بێ، واتە: کوا، کەی گفت و پەیمان ڕاگرتن ڕەوشتی تۆیە؟
6
بە «نالیی» باوەڕت نایێ، خەیاڵت بێت و بیبینێ
کە چۆن مەشغووڵی نە‌غمەی گۆشەیی ناڵینتە، بازا!
لاپەڕەی 97
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەگەر باوەڕ بە نالییی ناکەی، بە خەیاڵت بفەرموو منی بە بیردا بێ و ببینێ چۆن لە سووچێکا کەوتووم خەریکی ئاوازی ناڵینم لەتاو دووریت.. دەسا وەرەوە.
ڕێیشی تێ‌ئەچێ (ناڵینتە) هەڵەی نووسیار بێ و ڕاستەکەی (بالینتە) بێ، واتە: لە سووچی جێگە سەرەکەتا کەوتووم ئەناڵێنم..
ئەم پارچە شیعرە لە هیچ کام لە دەستنووسەکانی بەردەستمانا و هەروەها لە چاپەکەی (کم) یشدا نییە. دوکتۆر مارف خەزنەداریش ئەڵێ هێشتا بۆم ڕاست نەبوەتەوە هیی کێیە، بەڵام بە هیی نالییی نازانێ. (د. مارف خەزنەدار، چەند پەراوێزێکی دیوانی نالییی، کانوونی دووهەمی کوردستان، ژمارە ٣٤، کانوونی یەکەمی ١٩٧٥ و کانوونی دووهەمی ١٩٧٦). پارچەکە هەرچەند سادەیە، شەقڵی نالیییشی پێوە دیارە.