جۆشش و تابە لە نێو دیدەیی گریانمدا
1
جۆشش و تابە لە نێو دیدەیی گریانمدا
چ تەنوورێکە لە تەندوورەیی طۆفانمدا
لاپەڕەی 89
جۆشش: کوڵان .
تاب: تاوی باران .
دیدەیی گریان: چاوێ کە بگریێت .
تەندوور: تەنوورە، گێژی قووڵی ئاو .
طۆفان: لافاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لە چاوی بە گریانەوەمدا هەم کوڵان و هەم تاوی بارانیش هەیە. چەند سەیرە لەناو تەنوورەی گێژی لافاوی فرمێسکی چاومدا تەنوورێکی بە گڕ و بڵێسە بگرێ و ئەو ئاوە زۆر و بەگوژمە ئەو ئاگرەی پێ نەکوژێتەوە !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (جۆشش) و (تاب) دا طیباق و لە کۆکردنەوەی (تەنوور) و (تەندوور) دا بێجگە لە طیباق جیناسی ناتەواو و لە کۆکردنەوەی (تەنوور) و (طۆفان) دا ئیقتباس لە ئایەتی (و فار التنور) هەیە کە واتە تەنووری ئاگر هەڵچوو و ئاوی بەگوژم هەڵقوڵی، کە باسی لافاوەکەی حەزرەتی نووح ئەکا (د. خ).
دەستنووس
تابە (چن) و (عم) و (گم) و (ک): تاوە. لەنێو (چن) و (کم): لەناو.
2
شەبەهی زۆڵفی شەبەهـگۆنەیە، ڕووگەردانی
بە سەری ئەو کە بە سەودا سەر و سامانم دا
لاپەڕەی 90
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە من سەر و سامانی خۆم لە دڵداریدا، یا بە مامەڵە، دا بە سەری زوڵفی یار و ئەویش نەیدا و ڕووی وەرچەرخاند، زوڵفی ڕەشی دەرخست و دنیای لێ تاریک کردم. ئەو ڕوو وەرچەرخاندنەی ئەو، بە وێنەی زوڵفەکانی، وەک شەوە ڕەش و تاریک بوون.
ئەشکونجێ مەعنای بەم جۆرە بێ: ڕوو وەرچەرخاندنی یار لە من تاڵ و تاریکە وەک ڕەشیی زوڵفەکانی کە وەک شەوە وان. بەڵام تازە من گوێ بەم جۆرە دەرد و ئازارانە نادەم، چونکە سەر و ماڵم لە ڕێگای عەشقیدا داناوە و هیچم بەدەستەوە نەماوە و کەوتوومەتە سەر ساجی عەلی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردوو (شەبەهـ) و هەردوو (سەر) دا جیناسی تەواو هەیە. لە کۆکردنەوەی (ڕوو) و (گۆنە) یشدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
بە سەودا (چر): بۆ سەودا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 90:
شەبەهی زولفی شەبەهـ گۆنەیە، ڕووگەردانی
بەسەری ئەو کە بە سەودا سەر و سامانم دا
ئەو شەرحەی بۆی دراوە لەو وشانە هەڵناستێ، گۆیا ئەمە واتایەتی: «کە من سەر و سامانی خۆم لە دڵداریدا، یا بە مامەڵە، دا بەسەری زولفی یار و ئەویش نەیدا و ڕووی وەرچەرخاند، زولفی ڕەشی دەرخست و دنیای لێ تاریک کردم...». لەو دەقەدا مومکین نییە «ڕووگەردانی» ببرێتەوە بۆ «ڕووی وەرچەرخاند». ڕووگەردانی بریتییە لە «مضاف و مضاف الیە» ئەوەی پێی دەڵێن «إسناد» بۆ «جملەی خەبەری» تێیدا نییە و نابێ. ئەگەر بیخەیتە پێش هەموو بەیتەکە و بڵێی: «ڕووگەردانی شەبەهی زولفی شەبەهـ گۆنەیە» ئیسناد پەیدا دەبێ بەڵام واتای دروستی نابێ. ڕەنگ بوو ئەگەر بە ڕێنووسی سەردەمی نالی بەیتەکە نووسرابایەوە سەرەدەریەکی لێ کرابایە چونکە لەوانەیە شەبەهی، شەبەهـ گۆنە... شبهی یاخود شبە... نووسرابایە و لەگەڵ ڕێنووسی هەموو بەیتەکەدا وێنەیەکی مەفهوومی بە دەستەوە دابایە.
3
شەرەر و تابش و بارش لە دەمی ڕەعدی بەهار
ئەثەری سۆزشی گریانە لە ئەفغانمدا
لاپەڕەی 90
شەرەر: پزیسکە .
تابش: گڕ سەندن .
بارش: بارین .
دەم: کات .
ڕەعد: هەورەگرمە .
سۆزش: سووتان .
ئەفغان: هاوار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە پزیسکە و گژ سەندن و بارانی سەردەمی هەورە برووسکە، لە دڵ هەڵقرچان و گریان و هاواری منەوەیە.
لە دێڕی یەکەمدا لەف و لە دێڕی دووهەمدا نەشری مورەتتەب هەیە، بێجگە لەو موبالەغە و زیادە ڕەوییەش کە تیایەتی کە تێکڕای چەخماخە و هەور و بارانی کردووە بە یەکێ لە نیشانەکانی گریانی خۆی.
نالییی لەم شیعرەیدا تەشبیهی مەقلووبی بەکارهێناوە. چەخماخەی هەوری شوبهاندووە بە سووتانی خۆی و باران بە فرمێسک و گرمەی هەور بە ناڵینی.
دەستنووس
شەرەر و تابش و بارش (چن) و (ک): تابش و بارش و ناڵش. سۆزشی (چن): جۆششی.
4
تۆ کە حۆریت، وەرە نێو جەننەتی دیدەم . چ دەکەی
لەم دڵەی پڕ شەرەرە و سینەیی سۆزانمدا؟!
لاپەڕەی 91
حۆری: حۆرییانی بەهەشت .
سۆزان: گڕ تێبەربوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ کە حۆریت، جێگەت ئەبێ بەهەشت بێ. کەواتە چی ئەکەی لەناو دۆزەخی دڵەی پڕ لە بڵێسەی ئاگر و سینەی گڕ تێبەربووی مندا. وەرە ناو بەهەشتی چاوەکانم کە بەهۆی فرمێسکەوە هەمووی بووە بە باخ و گوڵ و گوڵزار.
نالییی بەم شیعرەی ئەیەوێ بڵێ با بەسی بێ دووری و با بەس هەر بیر لێ کردنەوەتم پێ ببڕێ. نزیک بکەوەرەوە لێم و وەرە بەرچاوی پڕ لە گریانم، بزانە لە چ حاڵێکدا ئەژیم...
دەستنووس
لەم (کم) و (ت) و (ک): لە.
5
قیمەتی ماچی دوصەد کیسەیی ساغە و نیمە
غەیری یەک کیسەیی صەد پارە لە گیرفانمدا
لاپەڕەی 91
کیسە: ئەندازەیەک پارە بووە وەک بڵێی هەزار دینار، خراوەتە توورەکەیەک و بە دەست هەڵگیراوە .
صەد پارە: پینە پینەی لە صەد پارچە دراوە یەک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: پێداویستی دەست کەوتنی ماچی یار لەکوێ و دەسەڵاتی من لەکوێ؟ ماچێکی یار بە صەد کیسەی ساغ پارە دەست ئەکەوێ و منیش لە کیسەیەکی شڕی لە صەد پارچە پەڕۆ دروستکراو بەولاوەم نییە کە خستوومەتە گیرفانم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردوو وشەی (کیسە) دا جیناسی تەواو و لەبەینی (دوصەد) و (صەد) و (یەک) دا تەناسوب و لە بەینی (ساغ) و (صەد پارە) دا طیباق و لە بەینی (ساغ) و (نیمە) شدا هەر طیباق هەیە.
دەستنووس
یەک (عم): ئەم.
6
شیرەیی جانە وتم یا مەیە؟ چا بوو فەرمووی
عەکسی لەعلی لەبی مەرجانە لە فنجانمدا
لاپەڕەی 92
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وتم ئاخۆ شیلەی گیانە و خوێنە کراوەتە کاسە، یاخود شەرابە و ئامادەی لێو کراوە؟ باش بو یار لە وەڵامدا فەرمووی وێنەی لەعلی لێوی وەک مەرجانمە لەناو پیاڵەکەمدا. یاخود: هیچیان نەبوو، چایی بوو بە دەمی یارەوە وێنەی لەعلی لێوی وەک مەرجانی ئەوی وەرگرتبو چونکە ئەو نابووی بە لێوی لە پیاڵەکەدا ڕەنگی ئەدایەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە بەکارهێنانی وشەی (چا) دا کە دوو مەعنا ئەگەیەنێ لەطافەت هەیە.
دەستنووس
شیرەیی جانە (« پەراوێزی » چر) و (عم): شێوەیی جامە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕەی 92، بەیتی یەکەم:
شیرەیی جانە وتم یا مەیە؟ چا بوو فەرمووی
عەکسی لەعلی لەبی مەرجانە لە فنجانمدا
پێویستە بڵیم «شیرەیی جان» دەست نادات چونکە مەبەست ڕەنگە عەکس بداتەوە، ئنجا کە «یا مەیە»ی بە دوادا بێت لە جیاتی ئەوەی بەیتەکە سەرەژوور چووبێت لە واتا و ناوەڕۆک، کەچی دادەبەزێ لە بۆ ڕێکاری شەراب کە زۆر بەرەژێری شیرەی جانە. «شێوەیی جامە» ڕاستە وەک لە بەرەوەی شەرحەکە هاتووە.
شەرحەکە ڕاستەواتای وشەکانی لێک داوەتەوە، بۆ وردیاتی بەیتەکە نەچووە. نالی دەڵێ: شێوەی جامە (کە ڕەنگی ئاڵ دەنوێنێ) یان شەرابە؟ یار فەرمووی عەکسی لەعلی ... هتد. عەکسی لەعل کە چاران «لعل» دەنووسرا ئەویش کە لە خوارەوە بۆ سەرەوەی هەمان «لعل» دێتەوە. لێوی مەرجانی یار عەکس بۆتەوە وەک لەعل، لەعلەکەش عەکس بێتەوە هەر خۆی دەردەچێت.
عەکسی لەعلی لەبی مەرجان: لە نێو شیعردۆستان «لەبی مەرجان» پیتی سەرەتای مەرجان دەبەخشێت کە «میم - م» ـە. ناوی ئەم پیتەش وەک «لعل» بە مەعکووسیش هەر دەبێتەوە میم. خۆ ئەگەر پیتی کۆتایی «مەرجان»یش مەبەست بێت دیسان «نون» بە مەعکوسی دەبێتەوە «نون». ئنجا حەرفی «میم» زاری تەشبیهـ دەکرێ وەک کە نالی خۆی گوتوەتی «لەبت میم و قەدت ئەلف و...» خولاسە نالی تەماشاخانەیەکی ساز داوە هەر دەبێ تێوەی ڕامێنیت.
9675P
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 92:
بەحثی سیڕڕی دەهەنی نوقطە بە نوقطە
سەری موویێ نییە بێ نوکتە لە دیوانمدا
شەرحەکە بۆ ڕاستەواتای ئاشکرای بەیتەکە چووە، وردەکارییەکی تێدایە باسی نەهاتووە. نالی لە نووسینی خۆیدا وشەی کۆتایی نیوەدێڕی یەکەمی «بکرێ» نووسیوە. هەر ئەمیش لەگەڵ «بەحث»، «باس»دا خزمە، گەڕان لێرەدا جێی نییە.
کە دەڵێ: «سەری موویێ نییە بێ نوکتە» مەبەسیەتی بڵێ پیتی سەرەتای موو کە میمە «م» نوکتە «مەبەس نوقطەیشە»ی بچێتە سەر لە لەفزی «مو»دا، دەبێتە «فو» کە لە عەرەبیدا بە واتای زار دێت. نالی خۆی لە شیعری دیکەی گوتووە: لەبت میم و قەدت ئەلف و... بەو پێیە باسی «سیڕڕی زاری» (لەبەر زێدە بچووکی وەک سیڕڕە) لە هەموو دیوانەکەدا هەیە، نەک بە قسە و ئیددیعا بەڵکوو هەر سەرە موویەک بێ نوکتە نییە لە دیوانەکەدا، هەمووی زارە.
9676P
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 92:
«نالی»، ئەو نوقطە کەوا بوو بە نیشانەی چاوی
من لە صەفحەی ڕوخی ئەو دولبەرە نیشانم دا
من لە نوسخەدا دیتوومە لە جیاتی «کەوا بوو» نووسراوە «کە بوو بوو». کە لە سەرەتاکانی حەفتاکاندا لەگەڵ مەرحوم هەژار ئەندامی کۆڕ بووین ئەم «بوو بوو»ە مان بۆ یەکتر باس کردووە و هەر یەک لەلای خۆیەوە بۆ واتاکەی چووبوو.
نالی دەڵێ: ئەو نوقطەی بۆتە نیشانەی چاوی، واتە هەمیشە چاوی تێبڕیوە، لە هەمان کاتیشدا بیبیلەی چاو دەگرێتەوە، تومەز عەکسی ئەو خاڵەیە لە ڕووی یار.
فیعلی «بوو بوو» کە دەنووسرا «بوبو» مانای بیبیلەشی هەیە کە بە عەرەبی «بٶبٶ»ە و لە گوتەی کوردیدا هەمزەکەی سوواوە. شەرحەکە بۆ ئەوە چووە کەوا ڕەنگە، بە پێی مەعنایەکی شەرحەکە خۆی لێکی داوەتەوە، نالی تانەی بەسەر چاوەوە هەبووبێت. ئەم بۆچوونە بنەمای نییە.
9678P
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 93:
عیشقت لە دڵ و دیدەیی پڕ ئەشک و ئەلەمدا
گونجایش و تەسکینی نییە، زۆرە لە کەمدا
شەرحەکە لە هاتنی ئەشک و ئەلەم بە دوای دڵ و دیدەدا «لەفف و نەشری موشەووەش»ی بەدی کردووە کەوا دڵ لە تەرتیبدا کەوتۆتە بەرانبەر ئەشک، دیدەش کەوتۆتە بەرانبەر ئەلەم. منیش دەڵێم لە هەمان کاتدا «لەفف و نەشرێکی موشەووەش»ی دیکەشی لەوەدا پێک هێناوە کە «گونجایش» کەوتۆتە بەرانبەر دڵ و «تەسکینی»ش کەوتۆتە بەرانبەر دیدە کە دەبوو تەسکینەکە لەگەڵ دڵدا جووت بێت و «گونجایش»یش بۆ دیدە.
9679P
لە ئاست بەیتی یەکەمی لاپەڕە 94:
لافی دەمی تۆ، غونجە لە دەمیا، بە «عمدا»
با خوستی بڕی، خستی، کە مستێکی لە دەم دا
لەم شەرحەدا دەبینم «خوست» بە واتای دامەن بێت. دەگوترێ «هەستوخوست» وەک کۆمەڵێک بێژەی ئەوتۆیی: شڕوشیتاڵ، کڵوکۆ، چشتومشت، کەلوپەلی... دەشگوترێ پێخوست، تۆ بڵێی ئەم خوستە هەمان دامەن بێت؟
شەرحەکە دەبوو بڵێ وشەی «عەمد» لەوەوە هاتووە کە بایەکە بە ئەنقەست مستی لە دەمی غونچەکە دا چونکە لافی دەمی یاری تێدا بوو.
لە کۆتایی میصرەعی یەکەمی بەیتی دووهەمی لاپەڕە 94 «دیدە لە نمدا» نووسراوە. بێگومان نالی «دیدە لە نەمدا»ی مەبەست بووە چونکە هەر دە قافییەی بڕە شیعرەکە: ئیرەمدا، حەرەمدا، ئەلەمدا، لەکەمدا، بە عەمدا، لە دەم دا، لە نەمدا، لە یەمدا... غەمدا، قەڵەمدا ئەو پیتەیان فەتحەی بەسەرەوەیە.
9681P
بەیتی لاپەڕە 95:
«نالی» مەثەلی حاڵی لە ئەشکەنجەییی غەمدا
وەک ناڵە لە نەیدا، وەکو نالە لە قەڵەمدا
شەرحەکە «نال»ی بەو ماددە شکڵلۆکەی ناو قەڵەمی قامیش لێک داوەتەوە، ڕاستیشی بۆ چووە. ئەم وشەیە واتایەکی دیکەش دەبەخشێ کە ناڵی وڵاغە، قەڵەمیش بۆ پێی وڵاغە وەک دەگوترێ: قەڵەمی دەست و پێی شکا. لەهجە هەیە بۆ دەست دەیکاتە «قولەم». لەلایەن ئەشکەنجەوە، ناڵە وڵاغ پتر لە لۆکەی ناو قەڵەم بە ئازارە...
شەرحەکە وای ڕانواندووە کە «ناڵە لە نەیدا» ئیشارەتی تێدایە بۆ بەیتێکی مەثنەویی جەلالەددینی ڕوومی کە دەڵێ:
بشنو از نی چون حکایت میکند
وز جدائیها شکایت میکند
گۆیا قامیش لە ژێر پێدا زیکەی دێ. ڕازی خۆی ئەگێڕێتەوە و سکاڵای دەردی دووری دەکا... وەک من بزانم «نەی» لەو بەیتەدا شمشاڵ مەبەستە لێی کە نەغمەی لێ پەیدا دەبێت و سۆزی دڵێک دەداتەوە. جەلالەددینیش هەر ئەمەی مەبەست بووە نەک زیکەزیکی قەمیش و زەل،
9688P
لە لاپەڕە 97، دێرە شیعری:
ئەحوەلی تەفرەقە نەظەر تەقوییەتی سەبەب دەکا
عاریفی وەحدەت ئاشنا لەم قسەیە ئەدەب دەکا
لە شەرحەکەدا هاتووە کە دەڵێن نالی ئەم پارچە شیعرەی لە ڕەتدانەوەی موفتی زەهاوی، باوکی جەمیل صیدقی زەهاوی، داناوە لەوەدا کە موفتی سەلماندوویەتی «سەبەب» بە تەئسیرە و «ئەحوەل» ـەکەش هەر موفتیی تێدا مەبەستە. ئەم باسە لە منەوە بیسترا: ساڵی 1938 (یان ئەو دەوروبەرە) کە من بە مێوانی هەمیشەیی لە ماڵی «مەلا ئەفەندی»ی هەولێر خوێندنی سانەویم تەواو دەکرد، موناسەبەیەک بوو «مەلا ڕەفیق ئەفەندی خادم السجادة» هاتە سەردانی مەلا ئەفەندی دەوری دوو حەفتەیەک مایەوە و تابڵێی لەزەتم لە قسەکانی دەبرد و بە گەلێک لادا دەرگەی وتووێژی ئەدیبانەی دەکردەوە... یەکێک لەو شتانەی لەوم بیست، لە ناوتوێژی دووانی لەسەر نالی و ئەم قەصیدەیەی «ئەحوەل...» گوتی: موفتی زەهاوی پلارەکانی ناو قەصیدەکە و ئەحوەلی تەفرەقە نەظەری دەبردەوە سەر خۆی کە نالی ئەوی تێدا مەبەست بووە. ئیتر نازانم ئایا موفتی خێل بووە یان نالی لەبەر «سببیة» کە وەک شیرکە بەلای «وەحدەت ئاشنا» وە بە خێلی حیساب کردووە، کە خێڵ یەک بە دوو دەبینێ.
هەر لە بیرمە ڕەفیق ئەفەندی لە خوێندنەوەی شیعرە فارسییەکەی شێخ ڕەزا کە مەدحی صەدری ئەعظەمی پێ کردووە کاتێک گەییشتە نیوەبەیتێک کە دەڵێ:
«نە سازد چیزکی گر بر معاشم صدر أعظم ضم»
ڕەفیق ئەفەندی گوتی ئەم قافیەیەی «ظم» و «ضم»ـی وەک یەک داناوە وەیا «س، ص» دەکاتە قافیەی شیعرێکە پێی دەگوترێ «شایگان - شایەگان»، کە ئەم حیکایەتەم بۆ مەرحوم هەژار گێڕایەوە زۆر گەش بۆوە کە زاراوەکەی بۆ ڕوون بۆوە. حاجی قادر لە بڕە شیعرێکی خۆی دەڵێ «ئەم قافیە شایەگانە ئەمما...» سەرەتای قەصیدەکەشی ئەمەیە:
بەم نەحوەیە صەرفی عیشقبازی
موستەقبەلی زۆرترە لە مازی
ڕەنگە وشەیەکی تری تێدابێ لە جیاتی «زۆرترە وەک بڵێین «ڕوونترە...» یان هەرچی هەیە ببێ. دەبوو بڵیم قافیەی سەرلەبەری قەصیدەکەی مەدحی «صدر أعظم» دووبارەکردنەوەی یەک وشە بوو کە سەرەتا بەمیان دەستی پێ دەکرد:
مَزَن بیهودە از فضل و هنر ای یار همدم دم
کە از فضل و هنر بهتر بُوَدْ دینار و درهم هم
لەم شیعرەی نالیدا وشەی «عارف» بۆ ئەهلی تەصووف و عیلمی باطین بەکار دێت. «عرفان» ـیش عیلمی سەر بە تەصووفە. بەیتی دووهەمی قەصیدەکە:
بەندە ئەزەل بە خەططی خۆی قابیلی قیسمەتی بووە
ئیستە بە ئیقتیضای عەمەل جێگەیی خۆی طەڵەب دەکا
نوسخە هەیە بەپێی شەرحەکە لە جیاتی «خەططی خۆی»، «حەظظی خۆی» نووسیوە. من لەگەڵ «خەططی خۆی» ڕێکم. لە خەریکبوونم بە بەیتی چوارەم ئەم لایەنە ڕوون دەکەمەوە:
شەرحەکەی بەیتی سێهەمی بڕە شیعرەکە وشەی «ئیڕاک»ی نووسیوە، هەرچەند قامووسم لا نییە پرسی بکەم بەڵام وەهام بە دڵدا چووە وشەکە «ئەڕاک»بێت.
9691P
بەیتی چوارەم لە لاپەڕە 99:
سەهم و نەصیبی ئەصلییە، بەحثی گیاهـ و گڵ نییە
تووتنە خەرجی سووتنە، موودنە ماچی لەب دەکا
خوالێخۆشبووی شێخ نەجمەددینی شێخ کەریمی بەرزەنجەی کۆیێ، لە پیریدا بە کوڵ ئەم قەسیدەیەی دەخوێندەوە و لەم بەیتەدا دەیگوت: «بەختی گیا و گڵ نییە». بێ سێودوو لێکردن، ئەم «بەخت»ـەم بەلاوە ڕاستە. بە قیاس لەم، دیارە «خەططی خۆی» دروستە نەک «حەظظی خۆی» چونکە دیتمان لە مەسەلەی توون و مودنەدا بەخت دەورێکی نییە.
بەیتی دواتر:
لەومەی زەمان دەکەی کە بۆچ خوارییی ڕاستیی دەوێ؟!
غافڵی، دەستی ڕاستی خۆت خزمەتی دەستی چەپ دەکا
وشەی «لەومەی» کێشەکەی ناقۆڵا کردووە. بێگومان نالی «لومی زمان دکی» نووسیوە. پێویستە «لەوم» بێ نەک «لەومەی». من دیتومە نووسراوە: «غافڵە! دەستی ڕاستی خۆت...». ئەمەیش ڕاگەیەنتر و شیرنترە. هەڵبەت ئێمە لە ئاست ئەدەبەکەی نالی بێ قسەین، یاخود من بێ قسەم ئەگەرنا چ شیرینی دیار نییە لەوەدا ڕاستە خزمەتی چەپە بکات یان نەیکات... کە بەندە لە ئەزەلەوە بە خەططی خۆی قابیلی بەشێک بووبێ ئیتر عەمەلی پاش ملیۆنەها ساڵ چ تەئسیری دەبێ؟ ئیمامی عومەر گوتوەتی: «علیکم بایمان العجائز... » هەر ئەمەیشە لە «قەزا و قەدەر» دەوەشێتەوە.
9693P
لە پەڕە 100، بەیتی:
طووطیی تۆ لە حیرصی دڵ داوای طەمەع دەکاتە مل
بولبولی من لە عەشقی گوڵ تەغنییەوو طەرەب دەکا
«عیشق» ڕاستە نەک «عەشق» - بایی ئەوەی دەیزانم. لە نوسخەدا دیتوومە «طەوقی طەمەع» نووسراوە. ئەگەر داوە ئەگەر طەوقە مەبەس لێی ئەو خەتە نەقشینەیە بە دەوری ملی تووتیدا سووڕاوەتەوە و نالی کردوویەتە هۆی شکاندنەوەی پیاوی تەماعکار کە تووتییەکەی بەو داوە، بە خۆ و تەوقی ملیەوە.
9694P
بەیتی کۆتایی بڕە شیعرەکە لە لاپەڕە 100:
«نالی» حەریفی کەس نییە، ئیلف و ئەلیفی کەس نییە
بەیتی ڕەدیفی کەس نییە، هەرزە نویسە، گەپ دەکا
شەرحەکە دایناوە حەریف، هاودەم... ئیلف و ئەلیف، هاوشان... ڕەدیف، هاوسەر بێت. دیسانەوە دەڵێم قامووس و کتێبی ئەوتۆم لا نییە بۆی بچمەوە، لەو هێندەی بیستوومە و زانیومە، من «حەریف» بە «خصم» دەزانم مادەم وشەکە لەم تەرزە شوێنەدا بەکار هاتبێت. لە ئەسکەندەرنامەدا کە پاڵەوان دەردەست نەدەبوو، بەرانبەرەکەی دەیگوت «حریف پر زوراست». بە هەمەحاڵ تێبینییەک دێتە پێش: ئیلف و ئەلیف، وەک بزانم، واتای ئاشان دەبەخشێ، وەک بڵێی دووبارەکردنەوەی «حەریف نەبوونی کەس» ڕادەگەیەنێ. بەیتی ڕەدیف: ئەم ڕەدیفە بە کەسێک دەڵێن لە دوای سواری سەر زینەوە سوار بێت یاخود بڵێین پاشکۆی سوارە. بەیتی ڕەدیف بۆ شیعر دەچێتەوە، لە زاراوەکانی شیعرە. ئەوەندی دەیزانم کە نالی دەڵێ: «هەرزە نویسە گەپ دەکا» بێباکی خۆی لە ئاست خەڵق ڕادەنوینێ کە دێت بە هەرزە نویسی وتوویژیان لەگەڵ دەکات. تێشی گەیاندووین ئەم هەرزە نویسییە چ شاکاری وشە و واتای تێدایە.
9695P
قەصیدەی لاپەڕە 101 - 105 «بولبولی طەبعم» تابڵێی دژوارە نەک هەر لەبەر مەهارەتی نالی بەڵکوو گۆڕانی ڕێنووسی کە هەر نووسەرە، کەم و زۆر، بێ ئەوەی خراپەی مەبەست بووبێ، دەسکارییەک یاخود هەڵەی تێدا کردووە. شەرحەکەش ئەم لایەنەی ڕوون کردۆتەوە. لە نموونەدا دەڵێم، ئەو دەستەواژەی «جەوهەری ذاتی ئەمن» سوێندی لەسەربێ کە نالی وشەی «ئەمن»ی بە دڵدا نەهاتووە. من دیتوومە لە نوسخەیەکدا نووسراوە «ذاتی ئەحەق» هەر نەیسە!
شەرحەکە بەیتی یەکەمی قەصیدەکەی بەم جۆرە لێک دراوەتەوە و ئەمەش دەقی بەیتەکەیە:
بولبولی طەبعم ئەوا دیسان ثەنا خوانی دەکا
نوکتە سەنجی و، بەذلە گۆیی و، عەنبەر ئەفشانی دەکا
گۆیا نالی دەڵێ: تەبیعەتی عاشقی بە شەوق و ذەوقم دیسانەوە کەوتە ستایش و پیاهەڵدان و وتنی قسەی نەستەق و خۆش و بڵاوکردنەوەی بۆن و بەرامەی خۆشی شیعری جوانی وەک عەنبەر کە هەموو لایەک ئەگرێتەوە... بەڵام ناڵێ ثەناخوانی و پیاهەڵدانەکە بۆ کێیە و بۆ چییە، بە هەڵەش بێ دەبێ نیشانەیەکی لە بار بدۆزێتەوە تا بەیتەکە بی پێکێت و نەچێتە بۆشاییەوە. من وای بۆ دەچم مەبەستی نالی هەڵدانەوە و ثەناخوانی شەخسی خۆیەتی.
9696P
بەیتی دووهەمی بڕەشیعرەکە تاڕادەیەکی متمانەبەخش ئەم لایەنە دەسەلمێنێت:
هەرکەسێ ئیظهاری دانایی بکات و، مەقصەدی
خود پەسەندی بێ، یەقین ئیظهاری نادانی دەکا
ئەم بەیتە بەکەسی هەڵنەگوتووە، بگرە خەڵقەکە دەشکێنێتەوە چ جایی پیاهەڵدان، بەڵام پاڵپشتە بۆ هەڵدانەوەی خۆی کە «نوکتەسەنجی و بەذلەگۆیی و عەنبەرئەفشانی» یەکەی خودپەسەندی تێدا نییە.
7
بەحثی سیڕڕی دەهەنی نوقطە بە نوقطە بگەڕێی
سەری موویی نییە بێ نوکتە لە دیوانمدا
لاپەڕەی 92
سیڕڕ: نهێنی .
دەهەن: دەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خاڵ بە خاڵی باسی ڕازی جوانیی دەمی یار بگەڕێی لە دیوانەکەمدا، ئەوەندەی سەرەموویەک بابەتی بێ نوکتە و وردەکاریت ناکەوێتە بەردەست. ئەمەیش شتێکی زۆر لەجێیە، چونکە دەمی یار ئەوەندە بچووکە وەک جەوهەری فەرد وایە، هەرچییش پەیوەندی بەو دەمە جوانەوە بێ، پێویستە زۆر ورد و بە مەعنا بێ.
دەستنووس
بگەڕێی (چر) و (عم) و (ت) و (ک) و (مز): بکرێ،
8
«نالیی»، ئەو نوقطە کەوا بوو بە نیشانەی چاوی
من لە صەفحەی ڕوخی ئەو دولبەرەم نیشانم دا
لاپەڕەی 92
نوقطە: خاڵ .
صەفحە: تەخت .
ڕوخ: ڕوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو خاڵەی بوو بە نیشانە بەسەر چاوی نالیییەوە، بە تەختی ڕووی یارەوە بوو، من پیشانی ئەوم دا و لەوەوە ئیتر لەسەر چاوی ئەو جێی خۆی گرت. لەوانەیە ئەم بەیتە بکرێ بە بەڵگەی ئەوە کە نالییی چاوی تانەی بەسەرەوە بووە.
9
گەر بێیە دەرێ . سەروی ڕەوانی لە ئیرەمدا
وەرە نەییە دەرێ، ئاهووی چینی لە حەرەمدا
لاپەڕەی 93
ڕەوان: ڕێکوپێک .
ئیرەم: باخی ئیرەم، ئەو بەهەشتەی کە شەدداد دروستی کردبو و قورئان لە ئایەتی (ارم ذات العماد، التی لم یخلق مثلها فی البلاد) دا ئیشارەتی بۆ ئەکا . مەبەستی لە کۆمەڵگای کچانی شۆخ و نازدارە .
ئاهوو: ناسک .
حەرەم: حەرەمی کەعبە کە ڕاوکردنی تیا قەدەغەیە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ لە هەموو حاڵێکدا جوان و نازداری، چ لە دەرەوە بی و چ لە ژوورەوە. لە دەرەوە بی وەک سەرو باڵابەرز و دیاری لەناو جوانانا و لە ژوورەوەش بی وەک ئاسکی چینیی ناو حەرەمی کەعبە وای کە کەس ناتوانێ دەستی بۆ بەرێ. شوبهاندنی یار بە ئاسکی چینی ئەبێ لەبەر ئەوە بێ ئەو جۆرە ئاسکانە زۆر بەرچاو نەکەون.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (ئیرەم) و (حەرەم) دا جیناسی موضاریع و لەنێوان (بێیە دەرێ) و (نەیبەدەرێ) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
بێیە دەرێ (عم): بێتەدەرێ. ڕەوانی (عم): ڕەوانە. نەیبە دەرێ (عم): نەیتەدەرێ. بەپێی ئەم نوسخەیە ئەبێ هەڵەیەک لە وشەی (چینی) دا هەبێ و ئەبوو (چینە) بوایە.
10
عیشقت لە دڵ و دیدەیی پڕ ئەشک و ئەلەمدا
گونجایش و تەسکینی نییە، زۆرە لە کەمدا!
لاپەڕەی 93
ئەشک: فرمێسک .
گونجایش: گونجان .
تەسکین: دامرکان، ئۆقرە گرتن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خۆشەویستی و حەزلێ کردنی من بۆ تۆ ئەوەندە زۆرە و جێگەی خۆشی پێویستە، لەناو دڵەی پڕ ئازار و دیدەی پڕ لە فرمێسکمدا جێی نابێتەوە و دانامرکێ و ئۆقرە ناگرێ، چونکە دڵ و دیدە هەم بچووکن و هەم ناخۆشیشن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەم بەیتەدا نالییی هونەری حوسنی تەعلیلی بەکارهێناوە. لە هێنانی (ئەشک) و (ئەلەم) یشدا بەدوای (دڵ) و (دیدە) دا لەف و نەشری موشەووەش هەیە.
11
لافی دەمی تۆ، غونچە لە دەمیا بوو، بە (عمدا)
با خوستی بڕێ، خستی، کە مستێکی لە دەم دا
لاپەڕەی 94
لاف: ئیددیعا و دەم درێژی .
عمدا: دەسەنقەست .
خوست: داوێن .
مست: مستەکۆڵە،
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خونچەی نەپشکوتوو کە نیشانەی نەکراوەیی و بچووکییە، نیازی لاسایی کردنەوەی دەمی تۆی لە دڵا بوو و ئەیویست بڵێ منیش وەک ئەو بچووکم، بەڵام (با) لەسەر تۆ هاتە دەنگ، داوێنی قرتاند و مستەکۆڵەیەکیشی دا بە دەمیا پشکواندی و دەمی پێ کردەوە و چی بۆنی خۆشی تیابوو هەمووی بە دەور و پشتیدا بڵاو کردەوە، گوایە ئەو بۆنە خۆشەی گوڵ لە نیازی لاسایی کردنەوەی دەمی تۆی کاتی کرانەوەیەوە هاتووە ! مەبەست لە داوێن قرتاندنیش لێک جوێکردنەوەی بەرگە سەوزەکەی سەر پەڕەکانی خونچەی نەپشکووتووە و لە خستنیش لاربوونەوەی گوڵە پاش پشکووتنی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (دەمی) و (دەمیا) و (دەم) دا جیناسی لاحیق و تەناسوب و لە (خوستی) و (خستی) و (مستێکی) دا دیسان جیناسی لاحیق هەیە. خستی کە (عم): خستییو.
12
دڵ موضمەحیلی دەردە وەکوو دیدە لە نمدا
حەیران و پەرێشانە وەکوو قەطرە لە یەمدا
لاپەڕەی 94
موضەمەحیل: فەوتاو .
نم: فرمێسک .
قەطرە: دڵۆپ .
یەم: دەریا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەک چۆن چاوم لەناو فرمێسکی زۆرما خنکاوە، دڵیشم هەروا گرفتاری دەردە، سەرگەردان و پەرێشان بووە، وەک دڵۆپە ئاوێک بکەوێتە ناو دەریاوە کە سەر شوێنی نامێنێ.
نالییی لەم بەیتەدا شاکارێکی جوانی دروست کردووە. لەجیاتیی ئەوەی فرمێسک بخاتە چاوەوە، چاوی لە فرمێسکدا نوقم کردووە و فەوتانی دڵی لەناو دەرد و ئازارا شوبهاندووە بەوە کە دڵۆپێک ئاو بکەوێتە ناو دەریایەکی پان و بەرینەوە. ئەوەش ئەوپەڕی سەرگەردانی و بێ سەر و شوێن بوونە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (دەرد) و (دیدە) و (یەم) و (نم) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
دڵ موضمەحیلی دەردە (چر) و (چن) و (ک) و (مز): دڵ موضمەحیل و دیدە.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* خوستی کە بە مانا داوێن بێ. داوێن بڕێک کینایەیە بە سوکایەتی پێ کردن یانی با سووکایەتی پێ کرد و داوێنی بڕی. کورد بەوانەی کەوای شۆڕیان لەبەردا بێ ئەگەر هەڕەشەی لێ بکا دەڵێ ئاتەکت دەبڕم.
13
«نالیی» مەثەلی حاڵی لە ئەشکەنجەییی غەمدا
وەک ناڵە لە نەیدا، وەکو نالە لە قەڵەمدا
لاپەڕەی 95
مەثەل: نموونە
ئەشکەنجە: ئازار .
ناڵە: هاوار .
نەی: شمشاڵ . تاڵە باریکەکانی ناو قەڵەمی قامیش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نموونەی حاڵی نالییی بەدەست دەرد و ئازار و گیروگرفتی خەم و پەژارەوە وەک نموونەی ناڵەی شمشاڵی لێ هاتووە کە هەمیشە سکاڵای دووری ئەکا و هەرگیز شکاتی نابڕێتەوە، یا وەک ئەو تاڵە باریکەیە کە لەناو قەڵەمدایە و هەر تاوێک قەڵەمەکە دابدرێ، ئەویش لێی ئەبڕرێت.
نالییی لەم شیعرەدا ئیشارەتێکی بۆ بەیتەکەی مەثنەویی جەلالوددینی ڕۆمی کردووە کە ئەڵێ:
بشنو از نی چون حکایت میکند
وز جدائیها شکایت میکند
واتە: گوێ شل کە بۆ قامیش. قامیش، کە لەژێر پێدا زیکەی دێ،