سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

تا تایی سەری طوڕڕەیی پڕ پێچشی با دا،

1
تا تایی سەری طوڕڕەیی پڕ پێچشی با دا،
هەر تایەکی بارێکی گوڵ و نافە بە با دا
لاپەڕەی 83
تا: تاڵ .
طوڕڕە: زوڵف،
پڕ پێچش: ئەوەی لوولیی زۆر تیابێ .
تایەکی: تەڵەموویەکی،
نافە: موشکی بۆن خۆشی بن ناوکی ئاسک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەر ئەوەندە کە یار سەری زوڵفی لوولی خۆی بادا، هەر تەڵە موویەکی یەک بار گوڵ و موشکی بۆن خۆشی دا بە دەم باوە و دنیای پڕ کرد لە بۆن و بەرامەی خۆش.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (تا) ی یەکەم و دووهەم و سێهەم و کۆکردنەوەی (تا) دووهەم و (بار) دا، کە بار دوو تایە، تەناسوب هەیە. جگە لەو موبالەغەیەش کە لە کات و کۆکردنەوەی تا و باردا هەیە کە چۆن یەک تەڵ مووی بەرانبەر یەک بار گوڵ و نافە داناوە لەو کاتە کەمەدا.
لە نێوان هەردو (با دا) شدا جیناس هەیە.
دەستنووس
بارێکی (چن) و (ت): صەد باری.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* بە بڕوای من بارینە و تایە. چونکە هەم جیناسی تێدایە و هەم لوتعی شیعرەکە زیاد دەکا. - تا - یانی لایەکی بار کە کەمتری موبالەغە تێدایە. تایە بە مانا.... هەیە و موبالەغە پترە
2
گوڵ هاتەدەرێ، لافی لە حوسنی بوتی ما دا
لەرزی قەدی بەرزی، لە ڕقا زوڵفی کە با دا
لاپەڕەی 83
بوت: بت .
ما: ئێمە، وشەیەکی فارسییە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گوڵ لەژێر ئەرز هاتەدەرێ، کەوتە فیشاڵ کردن گوایە لە یارە باڵا وەک پەیکەرەکەی ئێمە جوانترە... بەڵام کە یار لە ڕقی ئەم قسەیەی گوڵ زوڵفی خۆی با دا، باڵای بەرزی گوڵ بە بای تاڵە مووەکانی زوڵفی یار کەوتە لەرزین و خۆی پێ ڕاگیر نەکرا و کەوت.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (مادا) و (بادا) و (لەرزی) و (بەرزی) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
ئەم بەیتە تەنها لە نوسخەکانی (عم) و (گم) دا هەیە.
3
شەو چەپکەنی نەیلۆفەڕی و جیلوەیی ڕەقصی
شەرمندە دەکا زوهرەیی زەهرا لە سەمادا
لاپەڕەی 83
چەپکەن: جلوبەرگی ڕازاوەی شەو .
نەیلۆفەڕی: ڕەنگی وەک ڕەنگی گوڵە نەیلۆفەڕ شین . نەیلۆفەڕ گوڵێکە لە ئاوا ئەڕوێ، لەگەڵ خۆرکەوتندا سەر دەرئەهێنێ و لەگەڵ ئاوابوونیا ئەچێتەوە ناو ئاوەکە .
ڕەقص: سەما .
زوهرە: یەکێکە لە ئەستێرە گەورە گەڕۆکەکان، پێیشی ئەڵێن زوهرەی ڕەققاص، واتە سەماکەر،
زەهرا: جوان . سەما
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: جلی شینی شەوانەی یار و دەرکەوتنی لە مەیدانی سەمادا، ئەستێرەی جوانی زوهرە لە ئاسمانا یا لە کاتی سەماکردنا شەرمەزار ئەکا هەرچەند ناوبانگیشی بە سەماکەر دەرچووە.
4
خۆش صوبح دەمێکە کە بە خەندە دەنوێنێ
بەس ذەڕڕەیی خۆرشید لە ذەڕڕێکی سوهادا
لاپەڕەی 84
صوبح دەم: بەرەبەیان، یان دەمی وەک ڕۆژ پاک و ڕۆشن .
دەنوێنێ: دەرئەخا .
بەس: زۆر .
ذەڕڕەیی خورشید: وردە تیشکی خۆر .
سوها: یەکێکە کە ئەستێرە نادیارەکانی تیشکی خۆر لە دەمێکی بچکۆلانەی وەک ئەستێرەی سوهاوە بڵاو ئەکاتەوە کە لە بچکۆلەییدا وەک جەوهەری فەرد وایە . یان
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (دەنوێنێ) یشدا کە بە مەعنا (ئەخەوێنێ) یش دێت، لەگەڵ (صوبحدەم) دا کە کاتی خەو نییە لەطافەتێک هەیە. پیشاندانی (ذەڕڕاتی خورشید) یش لە ئەستێرەی (سوها) دا کە لە خورشید زۆر بچووکترە، موبالەغەیەکی جوانی تیایە.
5
دەم دەم کە دەکا زاری پڕ بە غونچە
بۆ دەعوەتی ماچت لەبە گۆیا دەمی نادا
لاپەڕەی 84
دەم دەم: جار جار .
زار: دەم . گۆیا
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە کە یار جار و بار دەمی ئازاردەری خۆی ئەکا بە خونچەی نەپشکوتوو و قوتی ئەکاتەوە، بەم کردارەی وەڵامی دڵدارەکانی ئەداتەوە کە داوای ماچی لێ ئەکەن و ئەم بە خونچە کردنەی دەمی مەعنای ئەوەیە کە ماچی دەمی نادا و گوایە ئەڵێ وەرن ماچی لێوم بکەن.
یاخود مەعنای ئەوەیە دەمی بۆ ماچ کردنی لێوی بانگەواز ئەکا. بەم پێیە وشەی (نادا) عەرەبییە و لە بناخەدا (نادی) یە.
ئەم مەعنایەش ئەگونجێ: یار کە جار جار بە خونچەی لێوی دەست ئەکا بە گریان و دڵی دڵدارانی بریندار ئەکا، بە گریانەی بانگیان ئەکا بێن لێوی ماچ کەن، بۆیە دەمی گۆیای ناخاتە کار و بە وتن بانگیان ناکا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (دەم دەم) و (دەم) دا تەناسوب و جیناس و لە کۆکردنەوەی (زار) و ( ئازار) دا جیناسی ناتەواو هەیە. جگە لەو جوانییەش کە لە کۆکردنەوەی (دەم) و (زار) دا هەیە.
دەستنووس
دەم دەم کە دەکا (چر) و (چن) و (ک): هەرچەندە دەکا.
6
سهم ألف القد فقد صاد فؤادی
صاد هو من عینە، قد صاد فسادا
لاپەڕەی 85
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: باڵای وەک پیتی (ئەلف) باریک و بەرزی یار، تیرە، چونکە ئەوەتە دڵمی ڕاو کردووە. لە چاویشیا وەک پیتی (صاد) وایە، کردوومی بە نێچیری خۆی و بەسەرما سەرکەوتووە.
جاران باو بووە چاویان لە گەورەییدا، کە نیشانەی جوانییە، شوبهاندووە بە پیتی (صاد).
ئەم شیعرە بۆ ئەوە دەست ئەدا گەلێ جۆرە یاریی تیا بە وشە بکرێ.
بۆ نموونە بشخوێنرێتەوە:
صە من الف القد، فقد صاد فوآدی
صاد هو من عینە، قد صار فسادا
واتە: تۆ لێ‌گەڕێ لە ئەلفی باڵای یار.. ئەو بە پیتی (صاد) ی چاوەکانی منی ڕاو کردووە و بووە بە هۆی ماڵ وێرانیم. یاخود (صاد) بێ بە مەعنا تینوو و مەعنای شیعرەکە وای لێ بێتەوە: تینوویەک لە چاوی یارەوە، یا تینوویەک لەسەر کانیی یارەوە منی کردووە بە نێچیر. بەم پێیە (عین) لە یەک کاتا هەم بە مەعنا (چاو) و هەم بە مەعنا (کانی) یش بەکار هێنراوە.
بەپێی ئەوەش کە مامۆستای چنگنیانی لەجیاتیی (قد صاد فسادا) نووسیویە (قدصاد فصادا) و لەسەری نووسیوە (من الفصد)، مەعنای ئاخری شیعرەکە وای لێ دێتەوە: بوو بە هۆی خوێن لێ چوونم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (الف) و (عین) و (صاد) و (الف) و (قد) دا تەناسوب و لە کۆکردنەوەی (صاد) و (صاد) یا (صادٍ) دا جیناسی موحەڕڕەف و لە کۆکردنەوەی (صاد) و (صار) و (صاد) و (ساد) دا جیناسی لاحیق و لە بەکارهێنانی (عین) دا بە دوو مەعنا لەطافەت هەیە.
دەستنووس
عینە (کم): عینک، قد صاد فسادا
(چن): قد صار فصادا.
(عم) و (گم): قد صادف صادا.
7
بۆ ماچی دەمی ڕەنگە لە عیشوەی خەمی ئەبرۆی
جۆیایی بەقا خۆی لە دەمی تێغی فەنا دا
لاپەڕەی 86
. عیشوە: ناز .
خەم: چەماوە، وەک کەوان .
جۆیایی بەقا: ئەوەی ژیانی هەمیشەییە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ناز و غەمزەی کەوانی ئەبرۆی ئەوەندە دڵ ڕاکێشەرە لەوانەیە ئەوەی بەتەما بێ بگاتە کانیی ئاوی حەیات (کە دەمی یارە) تا لێی بخواتەوە و نەمرێ، گوێ نەداتە ئامانجەکەی خۆی کە نەمردنە و بۆ گەیشتن بەو کانییە خۆی بداتە بەر تیغی برۆی یار و لەپێناوی ژیانا بمرێ ! چەند جوانە نازی یار ئەوەندە کاریگەر بێ دڵدار ڕابکێشێ و وای لێ بکا لە پێناوی ژیانی هەمیشەییدا گوێ بە مردن نەدا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (دەم) و (ئەبرۆ) و (دەمی تێغ) دا تەناسوب و لە کۆکردنەوەی (بەقا) و (فەنا) دا طیباق هەیە. جگە لەوەش کە وشەی (بەقا) و (فەنا) ئیشارەتن بە دوو حاڵی صۆفییانە و سەرەڕای ئەو حوسنی تەعلیلەش کە تیایەتی.
8
«نالیی» کە غوڵامی مەدەدی زوڵف و برۆتە
شاهێکی لە بن سایەیی باڵی دوو هومادا
لاپەڕەی 86
غوڵام: نۆکەر .
مەدەد: یارمەتی .
هوما: باڵندەیەکە ئەڵێن بەسەر هەر کەسێکەوە بنیشێتەوە ئەبێ بە پادشا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی کە لە ڕاستیدا بەندەی جووتێ زوڵف و برۆی تۆیە، لە بن سێبەری باڵی ئەو جووتە زوڵف و برۆیانەدا کە سێبەریان بۆ کردووە و بەسەر سەریەوە نیشتوونەتەوە، بووە بە پادشا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (باڵی دوو هوما) دا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە و (زوڵف) و (برۆ) ش قەرینەیە و لە کۆکردنەوەی (زوڵف) و (برۆ) دا تەناسوب و لە کۆکردنەوەی (غولام) و (شاه) دا طیباق هەیە.
نیوەی دووهەمی ئەم شیعرە لە نوسخەی (کم) دا بەم جۆرەیە:
شاهێکە لە بن سێبەری دوو باڵی هومادا *
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* بە من ئەم نیوە شیعرە ڕاستترە. چونکە هوما کە بە کوردی پێی دەکوترێ (پیرۆزە) وەک هەموو باڵندەی بەرزەفر دوو باڵی هەیە و برۆش لە بەرزایی باڵای یار دا هەڵکەوت و وە.