سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئەستێرە هەموو مەحوە لە نێو نووری قەمەردا،

1
ئەستێرە هەموو مەحوە لە نێو نووری قەمەردا،
یا شەمسی جەماڵت شەوی گێڕاوە بە فەردا؟
لاپەڕەی 79
فەردا: سبەینێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نازانم چۆنت بشوبهێنم و چۆنت لەگەڵ خەڵکدا بەراورد بکەم؟ ئاخۆ شەوە و ڕووناکی و جریوەی ئەستێرەکان لەبەر ڕووناکیی دەم و چاوت نانوێنن (مەبەستی لەوەیە: جوانەکانی تر هەموو لە عاستی تۆدا ون و نادیارن)، یاخۆ خۆری جوانییە بێ هاوتاکەت شەوی تاریکی کردووە بە سبەینێی ڕۆشن و ئیتر نە ئەستێرەیە و نە مانگ؟ نالییی لێرەدا شاکارێکی ڕاستەقینەی پیشان داوە، لە تەشبیهێکەوە بەرز بووەتەوە بۆ تەشبیهێکی باڵاتر، بێجگە لەوە کە گۆرانی شەو بە ڕۆژ شتێکی نایابە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (ئەستێرە) و (نوور) و (قەمەر) و (شەمس) دا تەناسوب و لە کۆکردنەوەی (شەمس) و (شەو) و (فەردا) شدا طیباق هەیە.
دەستنووس
شەمسی (چن): ڕۆژی.
2
خاکی بەری پێت هەم گڵ و هەم گوڵ بە سوروشکم
وەقتی غەم و شادی ئەوە کردوومە بەسەردا
لاپەڕەی 79
خاکی بەری پێت: ئەو خاکەی تۆ بەسەریا ئەڕۆی .
سوروشک: فرمێسک .
ئەوە: ئەو خاکەیە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خاکی بەری پێت بە فرمێسکی چاوم ئەبێ بە لیتە و جاروباریش بە هۆی بارانی فرمێسکی بێ وچانمەوە گوڵی لێ ئەڕوێ و من ئەو خاکە بەو هەردوو شێوەیە بەکار دێنم: لەکاتی خەفەتدا وەک قوڕ ئەیکەم بە سەرما و لە کاتی خۆشییشدا گوڵە و ئەیدەم لە سەرم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە یەکخستنی (گڵ) و (گوڵ) دا جیناسی موحەڕڕەف و طیباق و لە کۆکردنەوەی (غەم) و (شادی) دا طیباق هەیە. هەروەها هاتنی (غەم) و (شادی) دوابەدوای (گڵ) و (گوڵ) لەف و نەشری مورەتتەبە.
3
تەلبیسی نییە ئەو کەسە دێوانەیی ڕووتە
بێچارە نەما غەیری حەیاتێکی لەبەردا!
لاپەڕەی 80
تەلبیس: ڕیا و فێڵبازیی . لەبەرکردن (پۆشین).
دێوانە: شێت .
ڕوووت: دەم و چاوت . ڕووت و قووت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەوەی عاشق و گرفتاری ڕوخساری نازاری تۆ بێ، یا ئەو کەسەی عاشق و هەژار و بێ بەرگ و ڕووت و قووت بێ، ڕیا و فێڵ نازانێ، یا هیچی نابێ دایپۆشێ و خەڵکی هەموو بە ڕازی ئەزانن، چونکە ئەم بێچارەیە تەنها گیانێکی لاوازی لە لەشدایە یا لەبەردایە و مرۆی وا بێ هێز و ڕووت و قووت ڕیا و فێڵبازیی لەکوێ پێ ئەکرێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە بەکارهێنانی (تەلبیس) و (ڕووت) دا بە مەعنای دووهەم طیباق هەیە. لەوەشدا کە (تەلبیس) و (ڕووت) و (لەبەردا) دوو مەعنا هەڵئەگرن لەطافەت هەیە. شاعیر لەم بەیتەدا، بەپێی مەعنای دووهەم، گیانی شوبهاندووە بە پۆشاک و کردوویەتیە بەری عاشق.
دەستنووس
ڕووتە (چر): تۆیە. بەپێی ئەم نوسخەیە (تۆیە) ش دوو مەعنا هەڵئەگرێ: (تۆ) ی ضەمیری خیطاب و (تۆ) ی بە مەعنا لەناو.
4
ڕەنگی نییە ڕوخسارەیی ڕەنگین و لەطیفی
ڕۆشن بووە ئەم نوکتە ئەباتی لە بەصەردا
لاپەڕەی 80
ڕوخسارە: ڕوومەت .
لەطیف: ناسک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕوومەتی جوان و ڕەنگینی لەبەر ناسکی و شەفافی ڕەنگی نییە و چاو نابینێ و ئەم شتە لای کەسانی بینا و وریا سەلمێنراوە و جێگیر بووە چونکە ناتوانێ شتی بێڕەنگ ببێنێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
زاراوەی (ڕەنگ) و (لەطیف) لە عیلمی کەلام وەرگیراون لە باسی مەلائیکەدا کە جیسمی لەطیفن. لە یەکخستنی (ڕەنگی نییە) کە (بێ ڕەنگ) ئەگەیەنێ و (ڕەنگین) دا طیباق هەیە.
5
هەر چەندە کە ئینسانە لە بەرچاوی من و تۆ،
مومکین نییە ئەم لوطفە لە ئینسان و بەشەردا
لاپەڕەی 81
لوطف: ناسکێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچەندە یار بە دیمەن ئادەمیزادە، بەڵام ئەم جۆرە ناسکییە هەرگیز لە بەرەی ئادەمیزاددا هەڵناکەوێ.
6
ئی ث باتی خەط و خاڵە، بە صەد شوشتن و گریان
ناچێتەوە ئەم نوقطە لەنێو دیدەیی تەڕدا
لاپەڕەی 81
خەط: خەطی جەوهەری کە لای فەیلەسووفەکان شتێکی وەهمییە و تەنها بە باری درێژیدا بەش ئەکرێ .
خاڵ: جەوهەری فەرد کە بە هیچ بارێکا بەش ناکرێ .
ناچێتەوە: ناسڕریتەوە .
دیدەیی تەڕ: چاوی فرمێسکاوی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وێنەی باڵای یار کە وەک خەطی جەوهەریی لای فەیلەسووفەکان وایە لەگەڵ وێنەی دەمی کە وەک جەوهەری فەردە، لە گلێنەی چاوم دوور ناکەونەوە و بە صەد جار شستن و گریان داناشۆررێن و ناسڕڕێنەوە. ئەمەش بەڵگەی بوونی خەط و جەوهەری فەردە، بەپێچەوانەی قسەی فەیلەسووفەکانەوە کە ئەڵێن نین.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (خەط) و (خاڵ) و (نوقطە) و (شوشتن) و (گریان) و (دیدە) و (تەڕ) دا تەناسوب هەیە.
شوشتن و (عم) و (کم) و (گم): دیدەیی.
7
شەوقی کە نەبێ باصیرە، مەئیوسە لە دیتن
هەر شەوقی ئەوە قووەتی دینی بە نەظەر دا
لاپەڕەی 81
باصیرە: چاو .
دین: بینین .
نەظەر: چاو . یاخود تەنها سەیر کردن کە مەرج نییە بگاتە ڕادەی بینین، چونکە گەلێ جار بنیادەم سەیری شت ئەکا، بەڵام نایبینێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لەوانەیە ئەم شیعرە وەڵامی پرسیارێک بێ لە شیعری پێشووەوە هەڵئەستێ. گوایە یەکێک پرسیار ئەکا ئەڵێ ئەگەر ڕاستە باڵای یار خەطی جەوهەرییە و دەمی جەوهەری فەردە، ئەی تۆ چۆنی ئەبینی؟ ئەمیش لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەڵێ: چاو ئەگەر شەو‌ق و ئیشتیاقی نەبێ نابینێ و هەر شەوق و ئیشتیاقی یارە هێز و توانا ئەدا بە چاو.
منیش ئەو شەوق و ئیشتیاقەم هەیە بۆیە ئەیبینم. ئەگەر بشڵێین نالییی وەک خەڵکی وشەی شەوقی بە ڕووناکی مەعنا لێداوەتەوە، مەعنایەکی تریش ئەگونجێ. واتە: ڕووناکیی ڕوومەتی یار کە وەک هەتاوە، بووەتە هۆی بینین، ئەگینا چاو لە تاریکیدا نابینێ.
دەستنووس
قووەتی دینی بە نەظەر دا (چر): باعیثی دیتن بە نەظەردا. (چن) و (ک): باعیثی دیتن بە نەظەردا. (چن) و (ک): باعیثی بینش لە بەصەردا.
8
ئالوودە نەبێ دا، بە زەبوونگیریی خوێنم
بۆ کوشتنی من دامەنی پاکی لە کەمەر دا
لاپەڕەی 82
ئالوودە: گرفتار . تێکەڵ .
دا: تا .
زەبوون‌گیریی خوێنم: خوێنی بە داماوی و بێکەسی کوشتنم .
دامەن: داوێن .
کەمەر: پشتێن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار، بۆ ئەوەی داوێنی پاکی بە خوێنی بە زەبوونی کوژراوێکی وەک من خوێناوی نەبێ، لەکاتی کوشتنما چاکی کرد بە بەری پشتێنەکەیدا. یاخود: یار، بۆ ئەوەی زوو لە کە کۆڵم بکاتەوە و تووشی گوناهی بە ستەم کوشتنم نەبێ، چاکی لێ کرد بە لادا و زوو کوشتمی.
لەسەر مەعنای یەکەم وشەی (دامەنی)، بەپێی ڕێبازی عیلمی نەحو، (متنازع فیە) یە لە نێوان (ئالوودە) و (لە کەمەر دا) دا، واتە هەردوکیانی بەسەرا دێتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە بەکارهێنانی وشەی (دامەن) و (پاکی) دا لەطافەت هەیە کە ئیشارەتە بۆ داوێن پاکیی یار.
دەستنووس
دا (عم) و (کم) و (گم): تا. پاکی (چن) و (ک): چاکی.
9
«نالیی» خەبەری بێ ئەثەری غائیبە، ئەمما
ناڵێکی حەزین دێ لە موناجاتی سەحەردا
لاپەڕەی 82
خەبەر بێ ئەثەر: دەنگ‌وباسی بێ سەر و شوێن .
غائیب: نادیار، ئەوەی ماڵ و حاڵ و کەس و کاری خۆی بەجێ هێشتبێ و نەزانن لەکوێیە .
ناڵێکی: ناڵەیەکی .
موناجاتی سەحەر: پاڕانەوە لە خوا لە کاتی بەرەبەیاندا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی تەنها دەنگ و باسی کەسێکی نادیاری بێ سەر و شوێنە، ئەوەندە هەیە کە نووزەیەکی خەمگینی پاڕانەوەی دەمەوبەیان بەرگوێ ئەکەوێ، هەر ئەوە هەیە ڕێبەدێیەکی ئەوی پێ بکرێ و سەر و شوێنێکی ئەوی پێ بدۆزرێتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (نالییی) و (ناڵێکی - ناڵەیەکی) دا جیناسی موحەڕڕەف هەیە. ئەمەش یەکێکە لەو بەڵگانەی بۆمان دەرئەخەن نازناوی شاعیرمان (نالییی) بووە نەک (ناڵی).
دەستنووس
بێ ئەثەری (چر): بی ئەثەرە، (ت): بێ ئەثەر.