سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

(بِحَمدِ الله) دو چاوی یارم ئۆخەی

1
(بِحَمدِ الله) دو چاوی یارم ئۆخەی
به‌بێ مەی مەستە، بێ مەی مەستەبێ مەی
لاپەڕەی 711
مەستەبێ: مەست ئەبێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئۆخەی له سایەی خواوە، چاوەکانی یارم بێئەوەی شەراب بخۆنه‌وە مەستن، ئەوەش شتێکی سەیر نییه چونکه چاوەکانی یار خۆیان له خۆیاندا لە حوکمی شەرابدان و، شەرابیش بێئەوەی پێویستی به مەی خواردنه‌وە ببێ، خۆی له خۆیدا مەست چونکه مەستیی لەوەوە پەیدا ئەبێ.
2
له بوستانی (ئیرەم) دا قەط نییە وەک
شەمامەی وەک شەمامه‌ی وەک شەمامەی
لاپەڕەی 711
بوستانی ئیرەم: باخی بەناوبانگی ئیرەم که له قورئاندا به ئایەتی (اِرَمَ . ذاتِ العِمادِ الَّفغِ مئ یُخلَق مِثلها فی البلادِ) باسی لێ کراوە و ئەڵێن شەدداد دروستی کردووە گوایه بەهەشتی ڕووی زەوییە .
شەمامە - ی دووهەم -: مەمک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرگیز له باخی ئیرەم دا شەمامەیەکی خڕ و بۆنخۆشی وەک مەمکی وەک شەمامه‌ خڕ و بۆنخۆشی یارم، دەسگیر نابێ.
3
شەوی هیجر و بەقای عومری ڕەقیبم
خودا طەی بێ، خوا طەی بێ، خودا طەی
لاپەڕەی 712
طەی: پێچاوە . دوایی هێنان . دوابڕین .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خوایه شەوی دووریی له یار و تەمه‌نی وەک شەو درێژ و تاریکی بەدکار بپێچرێنەوە دوایی بێن و دوایان بڕێ.
4
وەرە، موطریب، به کوێریی چاوی ئەغیار
صەدای نەی‌ دێ، صەدای نەی دێ، صەدای نەی
لاپەڕەی 712
نەی - یەکەم -: شمشاڵ،
نەی - ی دووهەم -: یاری باڵا وەک داری شمشاڵ بەرز .
نەی - ی سێهەم -: (نە) و (ی) ی ضەمیری غائیب .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کاکه‌ی گۆرانییبێژ ! وەرە ڕۆژ ڕۆژی خۆمانه.. وا به کوێرایی چاوی بەدکار دەنگی شمشاڵی کۆڕی ئاهەنگی یارم دێتە گوێ و، دەنگی یاری باڵا وەک شمشاڵ بەرز خۆیشی ئەبیسم که به بەدکار ئەڵێ (نە) و ڕیگای نادا بێتە ژوورەوە.
دەستنووس
(عم) وشەی (دێ) ی (دەی) نووسیوە که فیعلی ئەمر بێ، واتە دەست پێ ‌بکه‌.
5
لە دووریی نازەنینم ڕەنگ زەردم
وەکوو بەی، هەر وەکوو بەی، هەر وەکوو بەی
لاپەڕەی 712
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕەنگم له خەفەتی دووریی یار، وەکو بەی زەرد هەڵگەڕاوە، لە بەی نەبێ، له هیچی تر ناچم.
6
له نەهرەینی دو چاوم ئەشکی خوێنین
پەیاپەی دێ، پەیاپەی دێ، پەیاپەی
لاپەڕەی 712
نەهرەین: جووتە جۆگا،
پەیاپەی: یەک له دوای یەک، لە پشتی سەری یەکەوە، لەدوای یەکەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بێوچان دڵۆپی فرمێسکی خوێنین، یەک له دوای یەک بەڕیز له هەردوو چاوی وەک جۆگامەوە دائەوەرێ.
7
گوتی: « نالیی »! ئەتۆ بمرە، ئەمن دێم
خودا کەی بێ، خودا کەی بێ، خودا کەی
لاپەڕەی 0
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەم پارچە شیعرە تەنها له نووسخەکانی (عم) و (گم) دا هەیه. ئێمه‌ش هیچ گومانی ئەوەی لێ ناکەین که هیی نالییی نەبێ.
٭٭٭
لە نووسخەکه‌ی (گم) دا پارچە شیعرێکی دوانزە بەیتی تریش هەیه سەرەتاکه‌ی ئەمه‌یه:
دەروێش نییەم کەوتومه دووی ئێل به حەی حەی
مەجنوون نییەم بەحر و بەڕ و بید ئەکەن طەی
ئەگەر ئەم پارچە شیعرەی هی نالییی بوایه، ئەبوو لەم شوێنەدا بماننووسیبایەتەوە، بەڵام بەڵگەیەکی وامان دەسگیر بوو ئەوە بگەیەنێ هیی نالییی نییە، بۆیە پشت گوێمان خست. سەرەڕای ئەوە که له هیچ نووسخەیەکی چاپ و دەسنووسی تریشدا نییە.
بەڵگەی هیی نالییی نەبوونی ئەم پارچە شیعرە ئەوەیه کاک جەمال موحەممه‌د که یەکێکه له دەرچووانی ئەمساڵی بەشی کوردۆلۆژیی زانکۆی سلێمانیی له ڕۆژنامه‌ی (هاوکاریی) دا، لەژێر شادێڕی « هۆنراوەیەک لە نێوان (نالییی) و (فیکریی) دا » وتاریک و پارچە شیعرێکی بڵاو کردەوە، لە وتارەکەیدا باسی ئەو پارچە شیعرە ئەکا که وەک ئەڵێ لەم دواییەدا له دەسنووسێکی کۆنی باوەڕپێکراوا دیویەتی هەشتا ساڵێک بەر لە ئەمڕۆ نووسراوەتەوە و دراوەتە پاڵ فیکریی (هاوکاریی، ژمارە 321، 10/06/1976،ل 4.). هەر چەند ئەو پارچە شیعرە که کاک جەماڵ بڵاوی کردووەتەوە ١٣ بەیتە و، ئەوەی (گم) بڵاوی کردووەتەوە ١٢ بەیتە و، هەرچەند هەندێ جیاوازییان له‌نێواندا هەیه، تێکڕا هەر یەک پارچە شیعرن و جیاوازییەکانیشیان لەو جۆرەن زۆر جار له تێکستە دەسنووسەکاندا بەرچاو ئەکەون، بۆیە ئێمه ئەوەی کاک جەمالمان پتر لا جێگەی بڕوا بوو و پارچە شیعرەکەمان بەجێ هێشت بۆ خاوەنی خۆی.
سەرەڕای ئەوەش کە کاک جەمال نووسیویە، د، مارف خەزنەداریش هەمان پارچە شیعری داوەتە پاڵ فیکریی و ئەڵێ: « دوازدە دێڕ شیعرە.. (ل٨٥ ). (واتە له لاپەڕە ٨٥ی دیوانی نالیی چاپی گیوی گیوی موکریانیدا) له دەسنووسێکدا دۆزیمەوە که له دوا ساڵانی سەدەی ڕابردوودا نووسراوەتەوە لەگەڵ غەزەلێکی حەوت دێڕیی و پێنج خشتەکییەکی حەوت پارچەییی (د. مارف خەزنەدار، لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبیی: چەند پەراوێزێکی دیوانی نالیی، گۆڤاری ڕۆژی کوردستان، ژمارە ٣٤، کانوونی، یەکەمی ١٩٧٥ و کانوونی ١٩٧٦، ل ٤١ - ٤٤.)». ئەگەر ئەو دەسنووسەی کاک جەمال و د. خەزنەدار قسەی ێ ئەکەن، یەکێ بن ئەوە هیچ، خۆ ئەگەر دوانی جیا جیا بن ئەوە بەڵگە کە زیاتر بەهێز ئەبێ که پارچە شیعرەکە هیی (فیکری) یه.