سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

نەفەس بگرە لە هاتوچوویی خۆڕایی هەتا ماوی

1
نەفەس بگرە لە هاتوچوویی خۆڕایی هەتا ماوی
کە ئەم بایە هەتا ئێستاکە هەر عومری بە با داوی
لاپەڕەی 679
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

نالییی لەم پارچە شیعرەدا، وەک هەر خواپەرستێکی ڕاستی پێ لە هەڵە و ناتەواویی خۆ - ناو، بە سەر و گوێلاکی خۆیدا دێ و تەرزە شکێنی ئەکا و، بێباریی چەرخی گەردوون و بێبەریی ڕابواردنی دنیای ئەخاتە پێش چاو و داوای گەڕانەوەی لێ ئەکا لە خراپە و ئەڵێ:
ئەو ئەندازە عومری تا ئیستا بەسەر بردووە، تازە لە دەستت ڕۆیشتووە و بۆت ناگێڕرێتە دواوە تا چۆن باشتر بێ وای بەسەربەری. کەواتە ئەبێ بیرێ لەوەی بکەیتەوە کە ماوە. بۆیە، تا ماوی هەناسەت بگرە مە‌هێڵە بەخۆڕایی بڕوا، چونکە هەر ئەو هەناسە بەخۆڕایی دانەیە تا ئیستا عومری داوی بە با..
لەڕاستیدا تێپەڕبوونی ژیانی مرۆ هەر ئەو هەناسانەیە کە ئەیاندا. جا ئەگەر ئەو هەناسە دانانەی بەدەم کارێکی بەسوودەوە بووبێ، ئەوە دیارە عومری لەخۆڕایی زایە نەبوە. خۆ ئەگەر بەکارێکی بەدەوە یا بەخۆڕایی و بێ هیچ کارێک هەناسەی دابێ، ئەوە دیارە عومری بە با ڕۆیشتووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردوو وشەی (با) دا، سەرەڕای ئەوەی کە هەر کامیان بۆ مەعنایەک بەکارهاتووە، جیناسی تەواو هەیە.
دەستنووس
هاتوچوویی: ئەمە تێکستی (چر) و (چن) و (خب) و (من) ە. نووسخەکانی تر هەموو: (هاتوچوونی). کە ئەم بایە هەتا ئێستاکە (چن): هەتا ئێستاکە ئەم بایە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 679:
نەفەس بگرە لە هاتوچوویی خۆڕایی هەتا ماوی
کە ئەم بایە هەتا ئێستاکە هەر عومری بە با داوی
ڕستەی «نەفەس بگرە» کە ڕاستە واتای ڕاگرتنی نەفەسە [و سەر بە مردنەوە دەنێ] مەبەست لێی پشوودانی هاتووچۆی خۆڕاییە چ هاتووچۆی خودی شاعیر بێ ج هی نەفەسەکەی کە هەمووی بە فیڕۆ چووە. لە ڕواڵەتدا «نەفەس بگرە» -ی مردنی پێوەیە- ناگونجی لەگەڵ «هەتا ماوی». جاری دووهەمیش هاتووچۆی بای نەفەسی کردووە بە هۆی بەبادانی عومر کە ئەویش جۆرە مردنێکە. کەچی لەهەمان کاتدا ئەو جووتە مەرگەیە ژیانەکەی دەپارێزن لە بەفیڕۆ چوون.
2
حەیاتت نەقدی تەحصیلی بەقاوو ڕیبحی ڕیضوانە
ئەتۆ دەیکەی بە مایەی دەخڵ و خەرج و کەسبی بەدناویی
لاپەڕەی 680
نەقد: پارە .
تەحصیل: پەیداکردن .
بەقا: ژیانی هەمیشەیی لەو دنیادا و ناوی چاک لەم دنیادا .
ڕیبح: قازانجکردن .
ڕیضوان: ڕەزامەندیی خوا و، ناوی دەرگاوانی بەهەشتیشە .
دەخڵ: دەسکەوت .
خەرج: سەرفکردن .
کەسب: پەیدا کردن . کاسبیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ژیانت وەک پارەیەک وایە خوا نابێتیە مشتت بۆ ئەوەی ناوی چاکی ئەم دنیا و ژیانی هەمیشەیی ئەو دنیای پێ پەیدا بکەی و، ڕەزامەندیی خوا و دەرگاوانی بەهەشتی پێ دەسخەی، کەچی تۆ کردووتە بەهۆی دەس خستنی مایەی بەدناویی و ئابڕووچوون بۆخۆت. ڕیبحی (چر) و (چن) و (عب) و (خا): ڕیبح. دیارە (ڕیبحی) یە. (ک) ڕیبح و. ئەتۆ دەیکەی (کم) و (گم): ئەتۆ ئەیکەی. (خب): وەرە مەیکە.
3
عەجەب ماوم لە جەرگت، ئەی دڵەی غافڵ، کە موودێکە
لەسەر ئەم ئاگرەم داناوی، هێشتا هەر نەبرژاوی
لاپەڕەی 680
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی دڵەی بێ‌ئاگا.. من سەرم لە تۆ سڕ ماوە، چەند بەجەرگ و لەرەسەختی.. ماوەیەکی زۆرە لەسەر ئاگری ئەم دنیای بێ بەقایەم داناوی. کەچیی هێشتا قاڵ نەبووییت و نەبرژاوی و هێشتا هەر کاڵ و کرچ و بێ‌تەجرەبەی.. ڕۆژگار تائیستاش کاری تێ نەکردووی، ئەڵێی نە بات دیوە و نە باران.
لێکدانەوەی ئەدەبی
هەرچەند لێرەدا (جەرگ) بەمەعنا (جگەر) نییە، کۆکردنەوەی لەگەڵ (دڵ) تەناسوبێکی جوانی تیایە.
دەستنووس
دڵەی غافڵ (چر) و (خا): دڵی غافڵ. (چن) و (ک) و (اح): دڵەی نازک. (کم) و (گم): دڵەی بەدخوو. (ت): ئەی دڵ، ئەی غافڵ. (خب): ئەی دڵی نازک. لەسەر (ت) و (عب): لە گۆشەی، ئەم ئاگرەم، (عم) و (گم): ئەم ئاورەم. هێشتا هەر (چن): ئیستا هەر. (من): هێشتاکو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 680، دیار نییە لە کوێوە «ئەم ئاگرە»ی بۆ پەیدایە وە یا لە چییەوە بە فەندی وشەسازی هەڵدەبەسترێ. شەرحەکە دەڵێ: لەسەر ئەم دنیای بێ بەقام داناوی... ئەم تەئویلە هی ناچارییە، مەسەلەن لە نێوان جەرگ و دڵە کە دەڵێ: «عەجەب ماوم لە جەرگت، ئەی دڵەی غافڵ،... لەسەر ئەم ئاگرەم داناوی...» بڵێی ئاگری جەرگ مەبەست بێ؟
4
مەثەل دنیا ژن و، چەرخیش خەڕەک، دەم‌دەم بە دووخی غەم
ڕەگی تاری وجوودت با دەدا، هێشتاکو هەر خاوی
لاپەڕەی 680
خەڕەک: ئالەتێکی دەستییە ژنان لە ماڵا لۆکەی پێ نەڕێسن و ئەیکەن بە دەزوو .
دووخ: ئەویش هەر خەڕەکە . ئەبێ ئەو بەشەی بێ کە لۆکەکە ئەڕێسێ . تار
وجوود: لەش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دنیا وەک ژنێک وایە بەسەر خەڕەکێکەوە خەریکی لۆکە ڕستن بێ و، چەرخی گەردوونیش خەڕەکەکەیە، هەمیشە بە دووخی خەم و مەینەت تاڵی ڕەگەکانی لەشت بائەدا، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ ئەوەندە بێ عاری تاڵەکانی لەشت باناخۆن و هەر خاون و کرژ نابنەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە نێوان (دەم) و (غەم) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
ژن و (عم): ژنە و. (کم) و (گم): ژنە. دووخی (چر) و (چن) و (ک) و (عب) و (اح) و (خا) و (خب): دووخ. دیارە (دووخی) یە. (ت): دووک. دووک: دووخ. دیارە (دووکی) یە. ڕەگی: ئەمە تێکستی (چن) ە. نووسخەکانی تر هەموو: (ڕەگ و). بادەدا (کم): بائەدا.
5
زەمانە چەرخ و، چەرخی ئاسمانیشی، فەلەک فیلکە
سەری ڕشتەی وجوودی چەندە باداویی و هەر ماوی
لاپەڕەی 681
چەرخ - ی یەکەم -: هەرچیی کە بسووڕێتەوە . لێرەدا مەبەست تەشییە .
چەرخ –ی دووهەم -: سووڕانەوە .
ئاسمانیشی: ئەبێ بە (نوون) ێکی گیراو بخوێنرێتەوە کە ئەگەر بیکەیتەوە ببێ بە دوو نوون و ببێ بە (ئاسمان نیشی). ئەو کاتە (نیش) واتە چزوو و لێرەدا مەبەست قولاپی سەرە تەشییە کە خورییەکە یا لۆکەکەی پێوە بەند ئەکرێ و لە ئەنجامی هەڵسووڕاندنی تەشییەکەدا ئەیکا بە بەن یا بە دەزوو .
فەلەک: ئاسمانەکان .
فیلکە: سەرە خڕەکەی تەشییەکە کە کراوە بە سەر دارە ستوونییەکەیدا و قولاپەکەی لێ گیر کراوە .
ڕشتە: تاڵ .
وجوود: گیان، لەش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی تەشبیهی ئەم بەیتەی لە زانستی ئاسمانشناسیی کۆنەوە هێناوە، ئەڵێ: زەمانە وەک تەشی وایە و، سووڕانەوەی ئاسمانیش لەبەر ئەوە کە ئەبێ بەهۆی هەڵاتن و ئاوابوونی ڕۆژ و پەیدابوونی چوار وەرزەکە، وەکو نووکی تەشییەکە و، فەلەکیش واتە ئاسمانەکان وەک سەرە خڕەکەیەتی و هەمیشە لە سووڕانەوەدایە. ئەم تەشیی چەرخی زەمانەیە، تا ئیستا چەندین جار سەرە تاڵی گیانتی باداوە. بەڵام تۆ هەر خورییە خاوەکەی جارانی و ناڕێسرێی و چەرخی زەمانە کارەت تێناکا.
دەستنووس
چەرخ و (عم) و (کم) و (گم) و (من): چەرخە. چەرخی (چر): چەرخ. دیارە ئەمیش (چەرخی) یە. سەری: ئەمە تێکستی (عم) و (گم) ە. نووسخەکانی تر هەموو: (سەر)، بەڵام دیارە (سەری) یە. وجوودی: ئەمە تێکستی (چر) ە. نووسخەکانیتر هەموو: (سروشتی). چەندە (عم): چەند. خاوی (عم): ماوی.
ئەم بەیتە لە (چن) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا) دا نییە. یەکێکیش، بێ دەربڕینی هیچ جۆرە بەڵگەیەک، لە پەراوێزی (چر) دا نووسیویە: « هیی نالییی نییە ».
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێیەمی ئەم لاپەڕەیە و هی سەرەتای لاپەڕە 681 سەرشێوێنن کە لە یەکێکیاندا چەرخی ئاسمان خەڕەکە لەوی دووهەمدا زەمانە چەرخە، خەڕەکە، ئاسمانیش چەرخە...
6
مەگەر میەخانەیە دنیا کەوا کاسی لەبەر کەئسی!
بە نەغمەی عوودی سووتاوی، بە نەشئەی طاسی تاساوی!
لاپەڕەی 682
کەئس: پیاڵە .
نەغمە: ئاواز .
طاس: تاس، پیاڵەی مەی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەڵبەت ئەم جیهانە مەیخانەیە و، تۆیش بە کاسەی شەرابی ئەم مەیخانەیە کاس بوویی و، ئاوازەی عوود و ساز و سەمتووری وا کاری تێ کردووی، سووتاندوویتی و، نەشئە و کەیفی پیاڵەی شەرابی لە گەرووت گیراوە و تاساندوویتی..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (کاس) و (کەئس) دا جیناسی موضاریع و، لەنێوان (کاس) و (طاس) دا جیناسی لاحیق و، لەنێوان (سووتاوی) و (تاساوی) و، (طاس) و (تاساو) دا وشەئارایی هەیە. لەنێوان (عوود) و (سووتاوی) یشدا جۆرە تەناسوبێک هەیە چونکە (عوود) ی داری بۆنخۆش ئەسووتێنرێ، هەرچەند لێرەدا مەبەست لە (عوود) ی مۆسیقایە.
دەستنووس
مەیخانەیە دنیا (خا): دنیا مەیخانەیە. عوودی (چن) و (کم) و (ت) و (عب) و (من): عوود. ئەمیش هەر (عوودی) یە. طاسی (چن) و (کم) و (عب) و (اح): طاس. دیارە (طاسی) یە. (گم) و (خب): تاسی. تاساوی: ئەمە تێکستی (کم) و (گم) و (ت) و (خب) ە. نووسخەکانی تر هەموو: (طاساوی)، بەڵام هەڵەیە چونکە وشەکە کوردییە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرەتای لاپەڕە 682 وشەی «کەئسی» دەبێ «کاسی» بیت کە هەر بە واتای «کەئسە» بەڵام لەگەڵ «کاسی» یەکەمدا هاوئاهەنگ و جیناسی تەواوە.
7
ئەمێستەیش، گەرچی عەیش و عوشرەتت هەر تاڵ و تاڵاوە
بە مەرگی تۆ، لە پاشانیش دەخۆی تاڵاوی تاڵاوی
لاپەڕەی 682
ئەمێستەیش: ئیستەیش .
عوشرەت: ڕابواردن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچەند ئەوەش کە ئیستە بە خۆشیی و ڕابواردنی دائەنێی، لەڕاستیدا خۆشیی و ڕابواردن نییە، تاڵاو و ژاری مارە، بەڵام پاش مەرگیشت، یا بە مەرگت قەسەم لەمەوپاشیش، لەودنیا تاڵاوێکت دەرخوارد ئەدرێ ئەوەندە تاڵ بێ وەک پوختە و خەستەی تاڵاوی ئەم دنیا وابێ..
دەستنووس
عەیش و (ت): عیشق. دیارە (عیشق و) وە. عوشرەتت (چر) و (ت) و (عب): عوشرەتی. (من): عوشرەت. دیارە (عوشرەتی) یە. تاڵاوی (چر) و (چن) و (عم) و (ک) و (اح): تاڵاو. دیارە (تاڵاوی) یە. (کم) و (گم) و (خا): تاڵاوی و. (ت): هەر تاوێ.
ئەم بەیتە لە (عب) و (من) دا بەیتی یانزەهەمە.
8
هەوای سەیری بەڕ و بەحر ئاگری بەرداوەتە عومرت
کە تۆزێ مونعەقید خاکی، دڵۆپێ مونجەمید ئاوی!
لاپەڕەی 683
هەوا: ئارەزوو . با .
سەیر: گەڕان . تەماشا .
تۆزێ: کەمێک .
مونعەقید: بەیەکەوە نووساو .
مونجەمید: مەییو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆیێ کە ئەوەندە ناچیزی، لە تۆزێ خاکی بەیەکەوە نووساوی بە قوڕ بوو و، لە دڵۆپێ ئاوی مەییو پەیدا بوویی، ئارەزووی گەشتی وڵاتان عومری بەفەتەرات بردوویی و ئاگری تێبەرداوە.. چیتداوە لەم ئارەزووبازییە، لەجێی خۆتا داکەوە بیرێ لە خوای خۆت بکەرەوە.
ئەشتوانرێ مەعنای (هەوا) بە (با) و (سەیر) بە (تەماشا) لێبدرێتەوە.
مەبەست لەو (خاک) ەی کە بناغەی ئادەمیزادە، ئەو خاکەیە کە خوا حەزرەتی ئادەمی لێ دروست کردووە و، مەبەست لە (ئاو) یش ئەو ئاوەیە کە کەو خاکەی پێوە شێلراوە، یا تۆوی ئادەمیزادە.
لەوانەیە نالییی ئەم پارچە شیعرەی لە سەفەری حەجیدا وتبێ و، دووریش نییە ئەوە بگەیەنێ کە بە ڕێگای دەریادا ڕۆیشتبێ بۆ حیجاز.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (بەڕ) و (بەحر) و، (ئاگر) و (ئاو) و (مونعەقید) و (مونجەمید) دا طیباق و، لە کۆکردنەوەی (تۆزێ) و (خاک) یشدا جۆرە تەناسوبێک هەیە، هەرچەند (تۆزێ) لە (تۆز) نییە و بەمەعنا (نەختێک) ە.
دەستنووس
ئاگری (عم): ئاوری. عومرت (ت): بەرگت. (خا): فیکرت. خاکی: ئەمە تێکستی (چر) و (چن) و (کم) و (گم) ە. نووسخەکانی تر هەموو: (خاک و).
ئەم بەیتە لە (عب) و (من) دا بەیتی سیانزەهەمە.
9
کە خاکی، خاکی دامەن بە، وەگەر نە، تۆزی بەربادی
کە ئاوی، ئاوی گەوهەر بە، وەگەر نە، بڵقی سەر ئاوی
لاپەڕەی 683
خاکی دامەن: ئەو خۆڵ و تۆزەی ئەنووسێ بە داوێنەوە .
بەرباد: فەوتاو،
بابردوو . ئاوی گەوهەر: ئەو دڵۆپە بارانەی ئەکەوێتە سکی صەدەف و ئەبێ بە دوڕڕی یەکتا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مادەم تۆ لە تۆزێ خۆڵ و دڵۆپێ ئاو دروست کراوی و خاک و ئاوی، فیز مەکە و خۆت بە زل مەزانە و ئەو خاکە بە کە ئەنووسێ بە داوێنی خەڵکەوە، ئەگینا نابی بە هیچ و با ئەتبا وەک تۆز.. ئاوێکی بەنرخیش بە وەک ئەو دڵۆپە ئاوەی ئەچێتە ناو سکی صەدەفەوە و ئەبێ بە دوڕڕی یەکتا، ئەگینا هیچ نیت و بڵقی سەراویت و پووچیت و هەر ئەوەندەت زانی تەقیتەوە و بووی بە هیچ.
دەستنووس
تۆزی (چن) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا) و (خب): تۆز. بۆ (تۆزی) یش و (تۆزو) یش دەستئەدا. (عب) و (من): تۆز و. سەر ئاوی (« پەراوێزی » چر) و (خا): بێ‌ناوی.
ئەم بەیتە لە (عب) و (من) دا بەیتی چواردەهەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 683 شەرحەکە ئیحتیمال دادەنێ، نالی ئەم بەیتەی لە ڕێی حەج و بە ڕێگەی بەحردا گوتبێت، بەلای منەوە ئیحتیمالی ڕێی حەج زێدە بێهێزە. سەفەری بەحری نالیش بە موناجاتەکانی ڕێی حیجازیدا دیارە سەحرای بڕیوە نەک بەحر.
10
هەتا شەققەی فەلەک نەبوە بە کافووریی کفن، هەستە
کە ئەمشەو فرصەتە، هێشتا فەلەک ماویی، ئەتۆش ماوی
لاپەڕەی 684
شەققە: پارچە قوماش .
فەلەک: ئاسمان .
کافووریی کفن: کفنی سپیی وەک کافوور .
ماویی: شینی کاڵ، ئاسمانیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تا خوا ئاسمانەکانی وەک پارچە خامی سپیی کفن نەپێچاوەتەوە و ئیسرافیل فووی نەکردووە بە صوورا و خەڵک هەمووی نەمردووە، ڕاستبەرەوە، بیرێ لە دواڕۆژی خۆت بکەرەوە.. هێشتا هەل لە دەست دەرنەچووە و دەرگای تۆبە دانەخراوە.. هێشتا ئاسمان شینی کاڵە و تۆیش ماوی، ئەگینا کە قیامەت داهات یا کە تۆ مردی، مەیدانی تۆبە کردن نامێنێ و دەرگات لەڕوودا دائەخرێ.
ئەم بەیتە ئیشارەتە بۆ ئایەتی (یَوْم ٌنُطْویِ السَّماءَ کَطَیﱢ السّجِلِّ لِلْکُتُبِ).
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (کافوور) و (کفن) دا تەناسوب و، لەنێوان (ماویی) و (ماوی) دا جیناسی تەواو هەیە.
دەستنووس
شەققەی (چر) و (چن) و (خا): شەق. دیارە (شەققی) یە. (عب) و (من): شەققی. کافووری: ئەمە تێکستی (عم) و (کم) و (گم) ە. (چر) و (چن) و (ک) و (اح) و (خب): کافوور. دیارە (کافووریی) یە. (ت) و (عب) و (من): کافوور و. بەڵام هەڵەیە. هەستە (چن): هەڵسە. هێشتا (خب): هەرتا. ماویی: ئەمە تێکستی (چر) و (عب) و (من) ە. نووسخەکانی تر هەموو: (ماوە). ئەتۆش (عم) و (گم): ئەتۆیش.
ئەم بەیتە لە (عب) و (من) دا بەیتی هەژدەهەمە.
11
نەواڵەی تۆبە دەربێنە، هەتا تەن نەبوەتە سفرە
پیاڵەی شیشە بشکێنە، هەتا وەک کووپە نەشکاوی
لاپەڕەی 685
نەواڵە: بابۆڵە .
تەن: لەش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەرلەوەی ببێ بە سفرە و خوانی مار و مێرووی ناو گۆڕ، بابۆڵەی تۆبە دەربێنە و نانی خۆت بخۆ و بە سکی تێرەوە بڕۆ بۆ سەفەری دواڕۆژ.. بەرلەوەی ببی بە گۆزەی شکاو، پیاڵەی خۆت دەربێنە و شەرابی خۆت بخۆرەوە کە شەرابی گەڕانەوەیە لە گوناە و مسۆگەر کردنی بەختیاریی دواڕۆژە.
نالییی لەم بەیتەدا تۆبەکردنی شوبهاندووە بە بابۆڵە ئامادەکردن بۆ خواردن و، مردن و دەسەڵات نەمانیشی شوبهاندووە بەوە کە لەشی بنیادەم ڕاکێشرێ لە گۆڕا و بکرێ بە سفرە و خوانی مار و مێروو.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (نەواڵە) و (سفرە) و (پیاڵە) و (شیشە) و (پیاڵە) و (کووپە) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
پیاڵەی (چن): پیاڵە. دیارە (پیاڵەی) یە. (عب) و (من): پیاڵە و. شیشە (چر) و (خا): نۆبە. (کم) و (گم) و (ت) ؛ تۆبە. بشکێنە (کم) و (گم): مەشکێنە. کووپە (« پەراوێزی » چر): شیشە.
ئەم بەیتە لە (عب) و (من) دا بەیتی حەڤدەهەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی لاپەڕە 685 وشەی «نەواڵە» دەبێ «نوالە - نووالە» بێ.
12
بە میعراجی سولووکی سالیکداندا تا نەچیی ڕۆژێ،
لەناو جەهلی مورەککەبدا دەمێنیی هەروەکوو ماوی
لاپەڕەی 685
میعراج: هۆی بەرزبوونەوە . بەرزبوونەوە .
سولووک: ڕێگرتنەبەر . لە زاراوەی ئەهلی تەصەووفدا جۆرە خواپەرستییەکی تایبەتییە لە ڕێگای ئازاردانی دەروونەوە .
سالیک: ڕێ گرتووەبەر . ئەو صۆفییەی خەریکی سولووک بێ .
جەهلی مورەککەب: ئەوەیە بنیادەم نەزان بێ و نەشزانێ کە نەزانە . بەرابەرەکەی (جەهلی بەسیط) ە کە ئەوەتە بنیادەم نەزان بێ و بزانێ کە نەزانە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تا ڕۆژێ لە ڕۆژان ڕێت نەکەوێتە ئەو ڕێگایە کە چاکانی خوا گرتوویانەبەر، ئەوندەی تۆسقاڵێ خوا بەڕاستی ناناسی و، وەک لەمەوبەر نەتزانیوە کە خوات نەناسیوە، هەروا بە نەزانییش ئەمێنیتەوە. بەڵام ئەگەر ڕێت کەوتە ئەو ڕێگایەی ئەوان، هیچ نەبێ ئاگادار ئەبی کەوا تا ئەو کاتە نەزان بوویی و مەیدانی ئەوەت بۆ بەرەڵڵا ئەبێ کارێک بکەی ئەو نەزانییەت نەهێڵیی و خوا بەڕاستی بناسیی.
زاراوەی (جەهلی مورەککەب) لە زاراوەکانی زانستی مەنطیقە.
دەستنووس
ڕۆژێ (« پەراوێزی » چر) و (عب) و (من): هەروا. لەناو: ئەمە تێکستی (چن) و (کم) ە. نووسخەکانی‌تر هەموو: (لەنێو).
ئەم بەیتە لە (عب) و (من) دا بەیتی پانزەهەمە.
13
گەدا ئینسان و دنیا غوربەتە «مِنْ حَیْثُ لا تَشْعُرْ»
بە هیممەت طالیبی چشتێکی نازانیی بڵێی ناوی
لاپەڕەی 686
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەم بەیتە وەک بەڵگەی بەیتی پێشوو وایە. لە بەیتی پێشوودا وتی تا ئەو ڕێگایە نەگریتەبەر کە چاکانی خوا گرتوویانەتەبەر، هەر بە نەزانیی ئەمێنیتەوە و نایشزانی کەوا نەزانی.. لەم بەیتەشدا ئەڵێ.. تەنها گرتنەبەری ئەو ڕێگایە، دەلاقەیەک بۆ بنیادەم ئەکاتەوە بە ڕووی خواناسیدا، چونکە تۆ ئەی بنیادەم، لەم جیهانەدا وەک کابرایەکی لات وای کەوتبێتە غەریبی و، داوای شتێ بکەی خۆیشت ناوەکەی نەزانیی و، بشتەوێ بەخۆڕایی بتدەنێ.. دیارە ئەو شتەت هەرگیز دەسگیر نابێ.
دەستنووس
گەدا: ئەمە تێکستی (« پەراوێزی » خا) و (عم) و (کم) و (گم) ە. (چر) و (ت) و (ک) و (عب) و (اح) و (من) و (خا): کە تۆ. (چن) و (خب) یش هەر بەم ئاقارەدا ئەسووڕێنەوە لەگەڵ هەندێ هەڵەدا کە نیوە بەیتەکەیان پێ تێکئەچێ. مەعنای نیوە بەیتەکە بەپێی تێکستی ئەم نووسخانە باش نایەت. لاتشعر (عب): لا یشعر. (خب): لا نشعر. بڵێی: ئەمە تێکستی (گم) و (عب) و (من) ە. نووسخەکانی تر هەموو: (بڵێ)، بەڵام لە ڕێنووسی کۆندا هەردوو وشەکە وەک یەک نووسراون. ئەم بەیتە لە (عب) و (من) دا بەیتی حەوتەمە.
14
شتێکە بی شەبیهـ و جینس و فەصڵ و کەشف و تەقریرە
موبەڕڕایە لە تەقریر و حەدیثی حادیث و ڕاویی
لاپەڕەی 686
بێ‌شەبیهـ: بێوێنە .
جینس و فەصڵ: دوو زاراوەی عیلمی مەنطقین . مەنطیقییەکان بییانەوێ شتێک بە کەسێک بناسێنن لەپێشا بەجۆرێ باسی ئەکەن کە ئەو شتە و شتی تری لە گەلێ شتا وەک ئەویش بگرێتەوە، بەوە ئەڵێن تەعریف بە جینس . پاشان بە جۆرێکی کەش باسی ئەکەن کە لە بێگانەی جیا بکاتەوە، بەوەش ئەڵێن تەعریف بە فەصڵ . بۆ نموونە کە باسی بنیادەم ئەکەن و پێمانی ئەناسێنن ئەڵێن « گیاندارێکی گۆیایە ». « گیاندار » جینسە و هەموو گیاندارێ ئەگرێتەوە . « گویا » یش فەصڵە و تەنها بنیادەمی بەرئەکەوێ .
کەشف: دەرخستن . زاراوەی ئەهلی تەصەووفە، بە حاڵەتێک ئەڵێن لە قۆناغێکی تایبەتیدا بۆ پیاوانی خوا پەیدا ئەبێ و توانایان ئەبێ هەندێ شتی وا بزانن بنیادەمی تر نەیزانێ و لە ڕێگای خوێندن و فێربوونیشەوە نایزانن .
تەقریر - ی یەکەم -: زاراوەیەکی مەلایانە، بەوە ئەڵێن کە مامۆستا بابەتێک بۆ فەقێ لێکئەداتەوە .
موبەڕڕا: پاک .
تەقریر –ی دووهەم -: جۆرێکە لە جۆرەکانی حەدیثی پێغەمبەر (د . خ).
حەدیث: فەرموودە یا کردەوەی پێغەمبەر یا بێ‌دەنگبوونی لە شتێ .
حادیث: شتێ نەبووبێ و پەیدا بووبێ، دژی (قەدیم) ە . حادیث و قەدیم لە بابەت و زاراوەکانی عیلمی کەلامن .
ڕاویی: ئەوەی قسەی پێغەمبەر ئەگێڕێتەوە دەماودەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو شتەی بەدوایا وێڵیت و نایناسی، شتێکە لە وێنەی نییە، بە هیچ جۆرە ناساندنێک بە کەس ناناسێنرێ، نە شێخ ئەتوانێ بیدۆزێتەوە و نە مەلا ئەتوانێ لێکیبداتەوە.. نە (عولوومی عەقلییە) پەیی پێ ئەبا و نە (عولوومی نەقلییە).. نە عیلمی کەلام سەری لێ دەرئەکا و، نە حەدیثی پێغەمبەریش ڕوونی ئەکاتەوە..
دەستنووس
وشەی (بێ‌شەبیهـ) ئیشارەتە بە ئایەتی (لَیْسَ کُمِثلِهِ شَیْیءٌ). لەنێوان (جینس) و (فەصڵ) دا تەناسوب و، لەنێوان (کەشف) و (تەقریر) دا طیباق و، لەنێوان (حەدیث) و (حادیث) دا جیناسی لاحیق و، لەنێوان (حەدیث) و (ڕاویی) دا تەناسوب هەیە.
شتێکە (چن): کەسێک. دیارە (کەسێکە) یە. (کم) و (ک) و (عب) و (اح) و (من) و (خا): شتێکی. کەشف و (عم) و (کم) و (گم): دوور لە. لە تەقریر و (ک) و (من) و (خب): لە تەقریری. (اح) و (خا): لە تەقریر.
بۆ هەردوکیان ئەگونجێ. حادث و (چر) و (ک) و (اح): حادیث. بۆ (حادیث و) و (حادیثی) یش دەستئەدا. (عب) و (من): حاکی‌یو.
ئەم بەیتە لە (ت) دا نییە و لە (عب) و (من) دا بەیتی هەشتەمە.
15
نەزانیت لەبەر عیجزە، نەوەک جەهلە، کە ئەم چشتە
قەدیمە نایەتە تەقریری قەولی حاکیی و ڕاویی
لاپەڕەی 687
عیجز: بێدەسەڵاتیی .
حاکی: ئەوەی شتێ بگێڕێتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە نازانی کونهی ذاتی خوا چییە، لەبەرئەوە نییە خۆت کابرایەکی نەزانی، لەبەرئەوەیە دەسەڵاتت نییە بیزانی و خوا هەر ئەوەندەی دەسەڵات داویتێ کە ئیستا هەتە.. خوا خوایەکی قەدیم و بێسەرەتایە، بە قسەی کەس باسی ناکرێ و ڕوون ناکرێتەوە.
ئێمە وای بۆ ئەچین ئەم بەیتە و بەیتی پێشوو، نالییی یەکێکیانی لەجێی ئەویان نووسیبێ کە بە دڵی نەبووبێ، چونکە لە گەلێ شتا لەیەک ئەچن و دووبارە کردنەوەی وشەی (ڕاویی) یش لە دوو بەیتی لەپاڵ یەکدا تاڕادەیەک بێتامە. لاشمان وایە پێشوویانی لەجیاتیی ئەمیان دانابێ، چونکە تێکڕا ئەو پڕمەعناترە.
دەستنووس
تەقریری (چر) و (ک): تەقریر و. (عم) و (کم) و (ت) و (اح): تەقریر. بۆ هەردوکیان دەستئەدا. (گم): تەقریر. (عب): تەعبیر. دیارە (تەعبیری) یە. (من): تەعبیری. قەولی (گم): بە قەولی.
ئەم بەیتە لە (عب) و (من) دا بەیتی دوانزەهەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی لاپەڕە 687 وشەی «عیجز» دەبێ «عەجز» بێ.
16
لە قورئاندا بە (ما اُخْفِی لَهُمْ) مەکتووم و مەختوومە
بەیان نابێ بە تەفسیری دوصەد (کەششاف) و (بەیضاویی)
لاپەڕەی 688
مەکتووم: شاراوە .
مەختووم: مۆرکراو .
کەششاف: تەفسیرێکی قورئانە ناوی (الکشاف عن حقائق التنزیل، و عیون القاویل، في وجوه التاویل) ە، موحەممەدی کوڕی عومری خواڕەزمیی (٤٧٦ – ٥٣٨ی . ک ١٠٨٣، ١٠٨٤ – ١١٤٣، ١١٤٤ی . ز) دایناوە . تەفسیرێکە بەپێی ڕێبازی بیری موعتەزیلە و لەبارەی دەڕبڕینی ڕووەکانی ڕەوانبێژیی قورئانەوە پایەیەکی باڵای هەیە .
بەیضاویی: تەفسیرێکە ناوی (انوار التنزیل و اسرار التاویل) ە ئەبوو سەعید ناصیروددین عەبدوڵڵای کوڕی عومەری بەیضاویی دایناوە کە لە (٦٨٥ی . ک – ١٢٨٥،١٢٨٦ی . ز) دا مردووە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو خوایە کە کەس لە کونهی ناگا، لە قورئانا بە ئایەتی (فَلا تَعْلَم نَفْسَّ ما اخْفِی لَهُمْ مِنْ قرّة ِاَعْینِ، جَزاءٌ بِما کانوا یَعْمَلوُن) باسی لێکراوە کە ڕاستییەکەی شاردووەتەوە چییە و دەرگای پەی بردن بە حەقیقەتی ئەوی مۆر کردووە و دووصەد تەفسیری قورئانی لە چەشنی (کەششاف) و (بەیضاویی) ناتوانێ ڕوونی بکاتەوە. ئەم ئایەتە واتە: هیچ کام لەو پیاو چاکانە نازانن چییان لەو دنیا بۆ هەڵگیراوە لە پاداشی کرداریانا لەو شتانەی چاویان پێ فێنک ئەبێتەوە، ئەو شتەش دیتنی خوایە، وەک خوا لە لایەکی تری قورئانا ئەفەرموێت (وجوهْ یَوُمَئذِ ناضِرَةْ، الی رَبّها ناظِرَةٌ) واتە: ئەو ڕۆژە زۆر ڕوو گەشە چونکە بۆ خوای خۆی ئەڕوانێ.
دەستنووس
مەکتووم (عب) و (من): مەکتووب.
ئەم بەیتە لە (ت) دا نییە و، لە (عم) و (کم) و (گم) دا لەگەڵ بەیتی دوایی لەجێی یەکتردان و، لە (عب) و (من) یشدا بەیتی نۆهەمە.
17
موبەییەن بوو لە قورئاندا بە نووری (قُرَّة ُاﻷَعْیُنْ)
نە واضیح بوو بە (کەششاف) و، نە ڕۆشن بوو بە (بەیضاویی)
لاپەڕەی 689
موبەییەن: ڕوونکراوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم بەیتەش دەق وەک مەعنای بەیتی پێشوو وایە. (قرة العین) یش بەشێکە لەو ئایەتە کە (ما اخفی لهم) ی بەیتی پێشووی تیابوو و لەوێ لێکمان دایەوە.
ئێمە لامان وایە نالییی یەکێ لەم بەیتە و بەیتی پێشووی لەجێی ئەویان نووسیبێ، چونکە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە.
دەستنووس
موبەییەن بوو لە قورئاندا (م) و (کم) و (گم): لە قورئاندا موبەییەن بوو. ئەم بەیتە لە (عب) و (من) دا بەیتی دەهەمە و، لە (خب) یشدا نییە. نەناسراوێک لە نووسخەی (چر) دا بە لاپاڵی بەیتی دوانزەهەمەوە تا ئەم بەیتە نووسیویە: « شێوەیان بە هیی نالییی ناچێت ». بەڵام بۆ؟ هیچی ڕوون نەکردووەتەوە.
18
کە جێگەت بۆ عیبادەت بێ، چ فەوقانیی، چ تەحتانیی
کە حوببت بۆ سیادەت بێ، چ (بەرزنجیی)، چ (باراویی)
لاپەڕەی 689
فەوقانیی: سەرخان .
تەحتانیی: ژێرخان .
سیادەت: سەییدایەتیی .
بەرزنجیی: سەیدی بەرزنجەیی .
بەرزنجە: مەڵبەندی ناوچەی سرۆچکە لە هەرێمی شارباژێر لە شارستانی سولەیمانیی .
باراویی: سەیدی باراویی .
باراو: دێیەکە لە ناوچەی چوارتا لە هەرێمی شارباژێر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ کە جێت بۆئەوە بوێ خواپەرستیی تیا بکەی، هیچ جیاوازییەک لەنێوان سەرخان و ژێرخاندا نییە و، ئەگەر بنیادەمت بۆئەوە خۆش بوێ کە لە نەوەی پێغەمبەرە (د. خ)، هیچ جیاوازییەک لەنێوان سەیدی بەرزنجە و سەیدی باراوا نییە و هەموو هەر نەوەی پێغەمبەرن و، ئەوە هیچ بایەخی نییە کە سەرخان بەرزە و ژێرخان لە بنەوەیە و، بەرزنجە بەناوبانگە و باراو لەوانەیە زۆر کەسی خەڵکی ناوچەکەش ناوی نەبیستبێ..
دەستنووس
جێگەت (« پەراوێزی » چر) و (عب) و (من): مەیلت. (چن) و (ک) و (اح): جێگە. چ فەوقانیی، چ تەحتانیی (عب) و (من): چ تەحتانیی، چ فەوقانیی.
ئەم بەیتە لە (ت) دا نییە و، لە (عب) و (من) دا بەیتی نۆزدەهە.
19
مەکە دەعوایی پاکیی نەسەب بۆ جیفەیی دونیا
کە سەیید بی، چ (بەرزنجیی)، چ (پیریایی)، چ (باراویی)
لاپەڕەی 690
جیفە: بۆگەن، مردارەوەبوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئیددیعای ئەوە مەکە کە سەییدی (صحیح النسب) ی و کەس گومانی لەوەدا نییە کە ئەچیتەوە سەر پێغەمبەر (د. خ) و مەبەستیشت کۆکردنەوەی ماڵی دنیا بێ کە وەک مردارەوەبوو وایە. سەیید، مادەم ڕاست بێ سەیید بێ، فەرقی نییە سەییدی (بەرزنجەیی) بێ کە هەموان بۆیان مۆر کردوون سەییدن، یا سەییدی (پیریایی) بێ، یا سەییدی (باراوی) بێ کە لەوانەیە ئەوەندەی سەییدی (بەرزنجە) بەناوبانگ نەبن..
بەڕای ئێمە نالییی یەکێ لەم بەیتە و بەیتی پێشوویشی لە جێی ئەویان نووسیوە و، وایشی بۆ ئەچین بەیتی پێشووی لە جێی ئەم نووسیبێ، چونکە ئەو لەبارەی هونەرییەوە سەرکەوتووترە.
دەستنووس
جیفەیی (« پەراوێزی » چر) و (چن) و (ک) و (اح) و (خا): زینەت. دیارە (زینەتی) یە. پیریایی (ک) و (عب) و (اح): پیریادیی.
ئەم بەیتە لە (عم) و (کم) و (گم) و (ت) دا نییە و، لە (عب) و (من) دا بەیتی شانزەهەمە.
لە نووسخەی (چر) دا بە خەتی کەسێکی تری غەیری (چروستانیی)، لەسەر ئەم بەیتە نووسراوە: « هیی نالییی نییە ».
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 690:
مەکە دەعوایی پاکی ییی نەسەب بۆ جیفەیی دونیا
کە سەیید بی، چ «بەرزەنجیی»، چ «پیریایی»، چ «باراوی»

لە نوسخەی گیو یەکێک ئەم بەیتەی بە قەڵەم نووسیوە کە لە نوسخەکەدا نییە:
مەکە دەعوای نەسەب پاکی کە بۆ جیفە و دەنی دونیا
چ سەیید بی لە بەرزەنجی چ پیریادی چ پاراوی

ئەم تێکستەش بێقورتترە بە تایبەتی لە وشەی «پاکی ییی» کە زۆر ناقۆڵایە. ڕەنگە «جیفەی دەنی» بێ نەک «جیفە و دەنی».
20
وەرە ئەم نیکتەیە من پێت بڵێم «نالیی» ئەگەر فەرضەن
هەموو دنیات ببێ، هێشتاکو هەر حەیران و داماوی
لاپەڕەی 690
فەرضەن: فرضا، گریمان، با وای دانێین .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەرە، نالییی، قسەیەکی ڕاست و وردت بۆ بکەم. ئەم دنیایشە هەموو هیی تۆ بێ، بەوە نابی بە هیچ و هەروەکو ئیستا داماو و سەرسام ئەبی، چونکە دەوڵەمەندیی ڕاستەقینە بە پارەداریی نییە، بەوەیە دەروون دەوڵەمەند بێ و، ئەو دەردەش تۆ بەدەستیەوە گرفتاری، دەردی بێپارەیی نییە، دەردێکی گەلێ قووڵترە، لە ناخی دەروونی خۆتایە.. ئەو دەردەیە گۆشەیەکیت لە شیعرەکانتا دەربڕیوە.
ببێ (چر) و (چن) و (ت) و (خا): بخۆی. هێشتاکو (ک) و (اح): هێشتاکە.