سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

قەدری من چەندە لەلای دەوڵەتی دنیایی دەنیی،

1
قەدری من چەندە لەلای دەوڵەتی دنیایی دەنیی،
قەدری ئەو کەمتر و، هەردوو لە غەمی یەکدی غەنیی
لاپەڕەی 667
دەنیی: سووک .
یەکدیی: یەکتر .
غەنیی: بێئیحتیاج .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سامان و دەسەڵاتی بێبایەخی دنیا بە چ چاوێک سەیری منی شاعیری دەروونبەرز و سەر شۆڕنەکردوو بکا و چەندم ڕێز لێ بگرێ، منیش هەر بەوچاوە سەیری ئەو ئەکەم و ئەوەندەی ڕێز لێ ئەگرم.. چونکە وەک ئەو ئیشی بە من نییە و هیچی لەسەر من پەکی نەکەوتووە، منیش هەر وام..
مەبەستی نالییی لە (دەوڵەتی دنیایی دەنیی) خاوەن دەوڵەتەکەیە کە میرزای شیرازییە.
دەستنووس
ئەم پارچە شیعرەمان لە دۆستی خۆشەویستمان د. عزالدین مصطفی رسولەوە دەسکەوت لەگەڵ چەند پارچە شیعرێکی جیا جیای تردا، لەسەر پارچە کاغەزێکی کۆن و بە خەتێکی کۆن و فارسیی ئامێز لەلایەن (محمد) ناوێکەوە نووسرابوەوە. کاغەز و خەتەکە لەوانە نەبوون لەوەدا دوودڵ بین کە هیچ نەبێ هیی ٨٠ - ٩٠ ساڵێک بەر لە ئەمڕۆن. لەلای سەرەوەشیەوە نووسرابوو « مناضرە (مناظرە) نالییی سلیمانی مع میرزا صەفای الشیرازی » واتە یەکتر بەزێنیی نالییی سولەیمانەیی لەگەڵ میرزا صەفای شیرازیی. لە هیچ کام لە نووسخەکانی بەردەستیشمانا نیشانەیەکی کەمی ئەم پارچە شیعرە نییە، بەڵام شێوەی داڕشتنی، دەق، شێوەی داڕشتنی شیعری نالیییە.
لەبارەی ئەم میرزا صەفای شیرزاییەوە هیچ ئاگادارییەکمان نییە. بەڵام لە چەند بەشێکی پارچە شیعرەکەوە هەندێ شتمان بۆ دەرئەکەوێ. بۆ نموونە لێیەوە دەرئەکەوێ کەوا ئەم میرزایە کابرایەکی دەسەڵاتداری ئێرانیی بووە و فارسیش بووە و شیعەش بووە. هەروەها ئەوەش دەرئەکەوێ کە زیاتر لەوانەیە نالییی لە مەدینە چاوی بەم میرزایە کەوتبێ و، لەسەر مەسەلەیەکی ئایینیش و سیاسییش (بە نیشانەی ناوهێنانی کورد و فارس و عەرەبدا لە پارچە شیعرەکەدا) لەگەڵیا تێگیرابێ و بۆیە ئەم پارچە شیعرەی وتبێ.
سەرێکی هەستی سیاسیی نالییی لەم پارچە شیعرەوە بەئاشکرا دیارە، ئەوەش نەویستنی عەجەمە کە لە هەندێ شیعری تریشیا دەرئەکەوێ. لە پاڵی یەکا ڕیز کردنی ناوی کوردوعەرەبیش نیشانەی جۆرە دۆستایەتییەکیەتی لەگەڵ عەرەب. سەرەڕای هەموو ئەمە، ئەم پارچە شیعرە نیشانەی پایەی کۆمەڵایەتیی نالییی و سەربەدەرەوە بووییەتی. ئەگینا مەلایەکی کوردی بێکەس و بێدەر و نامۆ چییەتی لە غەریبیدا خۆی بدا لە قەرەی کابرایەکی دەسەڵاتداری ئێرانیی و بە ڕوویا هەڵشاخێ و بە شیعری سەرشکێنی خۆی بەدناو بکا و بیزڕێنێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای 667:
قەدری من چەندە لەلای دەوڵەتی دنیایی دەنی،
قەدری ئەو کەمتر و، هەردوو لە غەمی یەکدی غەنی

شەرحەکە وای داناوە کە نالی مەبەستی لە «دەوڵەتی دنیایی دەنی» خاوەن دەوڵەتەکەیە کە میرزا صەفای شیرازییە، وەک من دەیبینم ئەم تەئویلە لزوومی نییە چونکە ڕاناوی «ئەو» لە نیوەبەیتی دووهەمدا هەم بۆ دنیایی دەنی و هەم بۆ میرزا دەچێتەوە. بەڵکوو بە پێی لەکارهێنانی ڕاناوی نەلکاوی کەسی سێهەم مەگەر چۆنها دەنا بۆ غەیری بەشەر بەکار نایەت، بەتایبەتی لە حاڵەتی کاراییدا وەیا «إضافە...»کە بوو بە بەرکار لە بەرایی ڕستەوە دێت. لەم بەیتەدا «ئەو» بۆ دەوڵەتی دنیا دەست دەدات چونکە وەک مرۆ حیساب کراوە... خوێنەر لێم ببورێ کە خێرا بەسەر «ڕاناو...»دا تێپەڕیم، ڕەنگە ڕەخنەم لێ بگیرێ لە هەندێ حاڵەتی ئەوتۆ بەر حوکمی بیروڕاکەم نەکەوێت... ببەخشن.
2
طاغیی و باغیی و، باغی گوڵ و نەیرەنگ و فەنی
شاد و شادابە بە گوڵ ئاتەشیی و نارەوەنی
لاپەڕەی 668
طاغیی: سەرکەش و ستەمکار .
باغیی: یاخیی، لەخوانەترس .
نەیرەنگ: فڕوفێڵ و جادووگەریی .
فەن: هونەر و جوانیی . فڕوفێڵ .
شاد: شادمان و گەش . شاداب
گو‌ئاتەشیی: گوڵەهەنار، گوڵێکی سوورە .
نارەوەن: درەختێکی گەڵاپڕی سێبەر خۆشە .
واتە: میرزای دنیادار کابرایەکی سەرکەش و لە خوا یاخیی و زۆردارە، باخی بەدیمەن پڕ لە گوڵ و کاری هونەرمەندانە و لەڕاستیدا پڕ لە فڕوفێلی، گەش و تێراوە بە گوڵ و درەختی بەدیمەن جوان و لەڕاستیدا بێبۆن و بەری وەک گوڵەهەنار و دار نارەوەن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

3
هێندە دڵخۆشە لەبەر سەبزیی و دار و دەوەنی،
کە دەڕەقصێ وەکو شاخ و فەنەن و نەستەرەنی
لاپەڕەی 668
دەڕەقصێ: سەما ئەکا .
شاخ: لق .
فەنەن: لقی ڕاست .
نەستەرەن: گوڵێکی بۆنخۆشە، سوور و سپیی هەیە .. بە هەر لقێکیەوە چەند گوڵ ئەڕوێ . درەختەکەی دڕکاوییە . وەک گوڵەباخی لای خۆمان وایە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شیرازیی ئەوەندە لەبەر سەوزیی و دار و دەوەنی باخی دنیا شادمان و دڵخۆشە، وەک لەرینەوەی چڵ و دار گوڵەکانی بەدەم شنەی باوە، کەوتووەتە سەما..
4
لە خەزان بێخەبەرە بەرگی بەهار و چەمەنی
بێبەقاییی گوڵ و سەرو و سەمەن و یاسەمەنی
لاپەڕەی 668
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: میرزای شیرازیی بەجۆرێ بایی و غەڕڕا بووە و وانازانێ ڕۆژان ڕۆژیان لەدوایە، تەنانەت گەڵای سەوزی درەختی بەهار و چیمەنی شینی ژینی بەختەوەری، ئاگایان لەوە نییە کەوا پایزێکیش بەڕێوەیە، جێگای بەهار ئەگرێتەوە و گوڵ و سەرو و سەمەن و یاسەمەن هەموو سیس ئەبن و ئەوەرێن و دواییان دێ.
5
فەلەکی میهر مەهی، وەقتە تەواو بێ زەمەنی
کەوکەبەی ئەنجومیی و دائیرەیی ئەنجومەنی
لاپەڕەی 669
میهر مەهـ: مانگی میهر، یەکێکە لە مانگەکانی ساڵی شەمسیی، لە ئاخری ئەیلوولەوە دەسپێئەکا و سەرەتای پایزە .
زەمەن: کات .
کەوکەبە: کۆمەڵی بەشانوشکۆ .
ئەنجوم: ئەستێرەکان .
دائیرە: کۆڕبەستن و خڕبوونەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم بەیتەدا ڕستەی (تەواو بێ) ی لە یەک‌کاتا بە دوو مەعنای جیا بەکارهێناوە و، کردوویە بە (فیعل) بۆ دوو فاعیلی جیا. ئەڵێ: میرزای شیرازیی ئاگای لەوە نییە کەوا هاکا ئەستێرەی پایزی گەیشتە برجی خۆی و پایزی بە تەواویی داهات و، کەوا هاکا سەردەمی ئەستێرەی بەختی بەسەرچوو و، کۆڕی خڕبووەوەی دەوری، لەبەر نەمانی خۆی بڵاوەیان لێکرد.
6
خوانی ئەلوانی زەمین و صەفی سینیی و صەحەنی
طەشت و طاس و طەبەق و لەنگەر و شەمع و لەگەنی
لاپەڕەی 669
خوان: سفرە .
ئەلوان: ڕەنگاوڕەنگ .
صەف: ڕیز .
صەحەن: قاپ و قاچاخ .
طاس: تاسە، کاسە .
طەبەق: قاپی گەورەی چێشت .
لەنگەر: لەنگەریی . شەمع
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: میرزا لەوەش بێئاگایە کەوا هاکا خوانی ڕەنگاوڕەنگی پڕ لە هەموو جۆرە خواردن و ڕیزە سینیی و تەشت و قاپ و قاچاخ و چێشتخانەی ئاوەدانی بڕایەوە و هیچی بەسەر هیچەوە نەما.
7
من وەکوو ڕەعدم و تۆ وەک گوڵ و سەبزەی دیمەنی
من دەگریێم و دەناڵێنم و تۆ پێدەکەنیی
لاپەڕەی 669
ڕەعد: گرمەی هەور .
دیمەن: جەمعی دیمنەیە واتە سەر سەلوێنک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من کە ئەناڵێنم و ئەگریم هەوری بەهارم گرمەم دێ و باران بەسەر زەویدا ئەبارێنم.. تۆیش کە بە هاوار و ناڕەحەتیی من زیاتر ئەبووژێیتەوە، گژوگیای سەر سەلوێنکی بە بارانی فرمێسکی من سەوز ئەبیی و ئەڕوێی.
هێنانی ڕستەی (دەگریێم) لەم بەیتەدا نیشانەی بێدەسەڵاتیی نالییی نییە لە بەرابەر میرزای شیرازیدا، بەڵکو نیشانەی لەخواترسیی و پێ ناخۆشبوونیەتی بە مل‌کەچنەکردنی میرزای شیرازیی بۆ ڕاستیی. وەک چۆن (ڕەعد) کە واتە گرمە نیشانەی هێزە و (سەبزەی دیمەن) یش سەرەڕای مەعناکەی ئیشارەتە بە فەرموودەی پێغەمبەر کە ئەفەرموێ (ایّاکُم و حُضراء الدّمَنِ) واتە خۆتان بپارێزن لە ئافرەتی بەدیمەن جوان و بە ڕەوشت بەد و ناڕەسەن کە وەک گیای سەر سەلوێنک وایە.. کەواتە وا نالییی میرزای شوبهاند بەو جۆرە ئافرەتانە.
8
ئەی دەراتوو لە دوو مەجرایی دو میزابی مەبال
مەبە بادیی وەکو خەرزیهـ بەهەوای کیبر و مەنیی
لاپەڕەی 670
دەراتوو: دەرهاتوو .
مەجرا: شوێنی پیا ڕۆیشتنی ئاو .
میزاب: پلووسک .
مەبال: میزکردن .
بادیی: بایی .
خەرزیهـ: ئالەتی پیاو .
کبیر: فیز .
مەنیی: ئاوی پیاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی کابرای ناچیز کە لە دوو پلووسکی میزی پیاوێک و ئافرەتێک هاتوویتە دەرەوە، لە خۆت بایی مەبە و وەک (هینی) پیاو کە هەستێ و لەبەر پڕ بوون لە (ئاو) هەڵاوسێ، با مەکەرە خۆت.
ئەشتوانرێ وشەی (مەنیی) بە (منیی) بخوێنرێتەوە واتە (من.. من کردن).
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (مەبال) و (خەرزیهـ) و (مەنیی) دا تەناسوب هەیە.. هەروەها وشەئاراییەکی وردیش لە (میزاب) دا هەیە کە سەرەڕای مەعناکەی، بەدیمەن بۆ ئەوەش دەستئەدا لە (میز) و (ئاب) پێکهاتبێ.
9
تەنی ڕاضیی بە خەشین پۆشیی وەک شێر و شوتور
بێ نیازە لە برێشم تەنیی و پیلەتەنیی
لاپەڕەی 670
خەشین پۆشیی: لەبەر کردنی بەرگی زبر .
شوتور: حوشتر .
برێشم تەنیی: چنینی قوماشی ئاوریشم .
پیلەتەنیی: پاڵەوانیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لاشەی من کە وەک شێر و حوشتر فێری ژیانی تاڵ و سوێر بووە و، ڕازییە وەک ئەوان پەڵاسێکی زبری لەبەرابێ، بەتەمای هیچ نییە لەم دنیایەدا و پێویستی بەوە نییە جلی ئاوریشم لەبەرکا و زۆری بازووی خۆی بەکاربێنێ دەسدرێژیی پێ بکاتە سەر خەڵک.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 670:
تەنی ڕاضیی بە نەخشین پۆشی یی وەک شێر و شوتور
بێ نیازە لە برێشم تەنی یو پیلەتەنی

وشەی «پیلەتەنی» جگە لە «پاڵەوانی» - کە لە لێکدانی «پیل» بە واتای فیل و «تەن» بە واتای لەش، پێک هاتووە – قۆزاغەی کرمی ئاوریشمیش ڕادەگەیەنێ کە لەم شوێنەدا مناسبی «بریشم، ئاوریشم»ـە وشەی «تەن»ـی سەرەتای بەیتەکە «تەنی ڕاضی» لەگەڵ «تەن»ـی پیلەتەنی جیناسی لەفظیان هەیە، بەڵام ئەمیان کەرتی تەنین بۆ پێکهێنانی «اسم فاعل»ـی لێکدراو هاتووە وەک لە خواردن، نانخۆر پەیدا دەبێ.
10
گوتم ئەی قیبلە قوزە! بۆچی بە تەحریری حەریر
ڕاغیبی لیبسی عەجەم، تاریکی بەرگی یەمەنی؟
لاپەڕەی 671
قیبلە قوزە: ئارەزووباز و شەهوەتپەرست .
تەحریر: ئامادەکردن .
حەریر: ئاوریشم .
ڕاغیب: ئەوەی ئارەزووی لە شتێ بێ .
تاریک: ئەوەی واز لە شتێ بێنێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بە میرزام وت هۆ کابرای ئارەزووپەرست، بۆچی بە ئامادەکردنی جلی ئاوریشم و لەبەرکردنی، پیشانی ئەدەی کەوا حەزت لە جلی ئاڵوواڵای ئێرانییە و جلی سادەی یەمەنیی لەبەرناکەی؟
داوای لەبەرکردنی جلی سادەی یەمەنیی ئیشارەتە بەوە کە پێغەمبەر (د. خ) بوردی یەمەنیی لەبەر کردووە.
لە نووسخەکەی بەردەستمانا وشەی (قیبلە قوزە) بە (قیبلە فەزە) نووسراوە فەز: واتە هینەکەی پیاو. ئێمە لامان وابو ئەوە هەڵەیە و ڕاستەکەی بەو جۆرەیە کە خۆمان نووسیومانە، چ لە ڕووی مەعناوە و چ لە ڕووی وشەئاراییشەوە بۆ پەیوەند لەگەڵ (قەز) ی بەمەعنا کرمی ئاوریشم.
وشەی (قیبلە قوزە) کە بە ڕێنووسی جاران ئەشخوێنرایەوە (قیبلە قەزە) واتە: ئەوەی ئاوریشم قیبلەیەتی، نیشانەیەکی تری یاریی کردنی نالیییە بە وشە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی لاپەڕە 671، سەرەتاکەی وشەی «لبس» دەشێ بە «لەبس»ـیش بخوێندرێتەوە، بە واتای گوماناویبوونی بیروباوەڕ، کە دەزانین میرزا صەفا بە لای نالیەوە لە شیعەگەریدا بەرەو ئەو لایەنە ڕۆییوە.
11
گوتی تاجی عەرەب و، ئالی عەبا فەرموویان:
عەیبە تەن پەروەریی و نەرمیی و نازک بەدەنیی
لاپەڕەی 671
تاجی عەرەب: پێغەمبەر (د . خ).
ئالی عەبا: ئالوبەیتی پێغەمبەر کە هەموویانی لە عابایەکەوە پێچاوە .
تەنپەروەریی: خزمەتکردنی لەش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
وەنەبێ وشەی (گوتی) لەم بەیتەدا وەڵامی میرزا بێ، بەڵکو هەر درێژەی قسەی نالیییە بەڵگە بۆ ڕاستیی ئەو قسەیە دێنێتەوە کە لە بەیتی پێشوودا کردی. واتە: پێغەمبەر کە تاجی سەری میللەتی عەرەبە و ئالوبەیت کە تۆ لای خۆت، خۆت بە شوێنکەوتوویان دائەنێی، فەرموویانە شوورەییە پیاو ئەوەندە خۆی بە خزمەتی لەش و لەبەرکردنی شتی نەرم و، ناسکیی بەدەنیەوە خەریک بکا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 671: وشەی «گوتی» فیعلێکە پێش فاعیلی کەوتۆتەوە، مەبەس لێی: تاجی عەرەب گوتی [کە پێغەمبەرە]، ئالی عەبا فەرموویان [ئەوان کەسانی پێغەمبەر لە یەک عەبای پێچانەوە]. بەیتی پاشتریش «ئێمە مەردین و...» درێژەی قسەی پێغەمبەر و ئەهلی عەبایە.
12
ئێمە مەردین و هەموو شێری خەشینپۆشی مەصاف
کرمی قەز هەرچی تەنیی، بو تەنی نیسوانی تەنیی
لاپەڕەی 671
مەصاف: مەیدانی جەنگ .
کرمی قەز: کرمی ئاوریشم .
تەنیی - ی یەکەم و سێهەم -: لە تەندنەوەیە .
تەنی - ی دووهەم -: لەشی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
ئەمەی ئەم بەیتە قسەی نالییی خۆیەتی و بەڵگەی ڕاستیی ئەو قسانەیە کە لە دوو بەیتی پێشوودا وتنی و، پلارە ئەیگرێتە میرزا. واتە: ئێمە پیاوین، شێری پەڵاس لەبەرکەری مەیدانی جەنگین.. لەو خاو و خلیچکانە نین کە بەرگی ئاوریشم لەبەرئەکەن، چونکە کرمی ئاوریشم هەرچی ئاوریشمی تەنیوە، بۆ لاشەی ئافرەتی تەنیوە..
نالییی، بە مەبەستی یاریکردن بە وشە، ئەوەشی مەبەست بووە (کرمی قەز) بە جۆرێکی تریش بخوێنرێتەوە و، شوبهاندنێک دروست ببێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەر دو (تەنیی) و (تەنی) دا جیناسی تەرکیب و، لەنێوان هەردو (تەنیی) خۆیاندا جیناسی تەواو هەیە.
13
قەز، برێشم، کە حەرامە لە ڕەجول، نەک نیسوان
سوننەتی شەرعە، ئەگەر تابیعی ئەهلی سونەنی
لاپەڕەی 672
ڕەجول: پیاو .
نیسوان: ژنان .
ئەهلی سونەن: ئەهلی سوننەت و جەماعەت، بەرابەرەکەی (شیعە) و (ئەهلی بیدەعەت) ە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاوریشم کە حەرامە لە پیاو و حەڵاڵە بۆ ژن، بۆیە وایە چونکە پێغەمبەر (د. خ) وای داناوە. جا تۆیش ئەگەر شوێن ڕێ و شوێنی پێغەمبەر کەوتووی مەیکەرە بەرت و، ئەگەر شوێنیشی نەکەوتووی چیی ئەکەی بیکە.
ئەتوانرێ وشەی (برێشم) بە (بە ڕیشم) یش بخوێنرێتەوە..
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە سەرەتای بەیتی لاپەڕە 672 وشەی «قەز» کە نالی «قز»ی نووسیوە هەم «قەز» و هەم ناوی ئالەتی ژنیش دەگەیەنێ بەوەدا دوو شت حەرامن نەک هەر قەزی بە واتای ئاوریشم.
14
تەرکی ئارایشی تەن نەقدی ڕەواجی عەرەبە
تۆ عەجەم، مەردی موزەخرەف تەنیی و قەڵبەزەنی
لاپەڕەی 672
ئارایش: ڕازاندنەوە .
نەقدی ڕەواج: پارەی بەبرەو و مامەڵە پێکراو .
موزەخرەف: ئەوەی خەریکی شتی هیچوپووچ بێ و خۆی هەر بەدیمەن جوان کردبێ .
قەڵبەزەن: بێکارە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: عادەتی باو لەناو عەرەباندا ئەوەیە خەریکی تاس و لووسدانی خۆیان نەبن.. تۆی عەجەمیش کە هەر خەریکی ئارایشدان و ڕازاندنەوەی خۆتی، خەریکی کاری بێمایەیت و پیاوێکی هیچوپووچی.. یاخود لاشەیەکی ساختە و هیچت هەیە و، هەرچەند بەناو پیاوی، وەک ئافرەتێکی قەڵب و بێکارە وای (بەپێی ئەوە کە (قەڵبەزەن » بە « قەڵب زەن » یش ئەخوێنرێتەوە. بەم پێیە کۆکردنەوەی ئەم (زەن) ە لەگەڵ (مەرد) بێمڵامەت نییە !
دەستنووس
B ێنانی وشەی (تەرک) یش لە سەرەتای ئەم بەیتەدا کە جاران ئەنووسرا (ترک) و بە (تورک) یش ئەخوێنرایەوە، بێپەیوەندیی نییە لەگەڵ (عەرەب) و (عەجەم) لەم بەیتەدا.. زاراوی (مەردی موزەخرەف) یش جۆرە جنێوێکی ئێرانییانەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 672 وشەی «مزخرف» لە زاراوەی فارسیدا بە قسەی پڕوپوچ دەگوترێ «قەڵبە زەن»ـیش تەقلە لێدانە کە دەکاتەوە ساختەچییەتی.
15
میللەتی کورد و عەرەب هەردویەکە تەفرەقە بوون
لە جەفاوو میحەنی موڵکی (سەبا) وو یەمەنی
لاپەڕەی 673
میحەن: جەمعی میحنەتە واتە بەڵا .
سەبا: دەوڵەتی سەبەء لە یەمەن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لە بەیتی پێشوودا تەعریفێکی عەرەبی کرد و پلارێکی گرتە عەجەم. لێرەشدا وەک بڵێی بیر ئەکاتەوە و بەدوای شتێکا ئەگەڕێ کورد و عەرەب یەکیان تیا گرتبێ و تیا هاودەرد بن، ئەبینێ هەردولا وەک یەمەنییەکانی پاش ڕووخانی عەماراوی (مەئرەب) یان لێهاتووە کە پرژ و بڵاو بوونەوە و هەر کۆمەڵێکیان کەوتنە لایەک. کوردە، میرنشینییەکانی بابان و سۆران و ئەردەڵان و میرنشینییەکانی تریان هەبوو، ڕۆم و عەجەم هەموویان یەک لەدوای یەک قووت دان و، عەرەبیشە، لە سەرانسەری وڵاتە پان و بەرینەکەیانا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان نەبوو لە دەوڵەت بچێ، بەپێچەوانەوی عەجەمەوە کە هەرچۆن بێ خاوەنی شتێ بوون بۆ خۆیان.
ئەم وشەی (یەمەنی) یە لە دەسنووسەکەی بەردەستمانا بۆ (یەمەنی) و بۆ (میحەنی) یش دەستئەدا، بەڵام ئەگەر (یەمەنی) بێ، نوختە بۆ (ی) کەی نەکراوە و سەری (ی) کە زیاتر لە سەری (م) ئەچێ. ئێمە (یەمەنی) مان لا لەبارتر بوو، بۆیە وامان نووسییەوە.
16
وەکو ئەو کرمە لەنێو قوببەیی ئەبریشمدا
عاقیبەت موردەیی یەئسی عەمەل و بێ‌کەفەنیی
لاپەڕەی 673
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
کرمی ئاوریشم خێوەتێ بە دەوری خۆیا ئەتەنێ و لەناو خێوەتەکەدا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ خەریکی ئاوریشم تەنین ئەبێ. جا کە بییانەوێ ئاوریشمەکەی کۆبکەنەوە، یا لەبەر تیشکی هەتاو یا لەناو ئاوی گەرمدا دای ئەنێن تا کرمەکە ئەمرێ. ئەگەر بشیانەوێ سوود لە گەراکەی وەربگرن و کرمەکە زۆر بکەن، ئەوا لێی ئەگەڕێن تا پێ‌ئەگا و (باڵغ) ئەبێ و خێوەتەکەی بەجێ‌ئە‌هێڵێ و دەس ئەکا بە گەرا فڕێ دان و ئەگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی.
ئەم بەیتەش مەعنای بەیتی پێشوو تەواو ئەکا و، نالییی لەم بەیتەدا پارچە پارچە بوونی کورد و عەرەبی شوبهاندووە بەو حاڵەتەی کرمی ئاوریشم کە لەژێر خێوەتەکەی دەرئەچێ بۆ گەرا فڕێدان و لەپاش گەرا فڕێدانەکە، گەراکانی ئەبن بە کرم و ئەچنە ژێر خێوەتێکی نوێ کە خۆیان ئامادەیان کردووە و ئەکەونە ئاوریشم دروستکردن و پاشان بۆ وەرگرتنی ئاوریشمەکەیان ئەمرێنرێن و بە نائومێدیی و لەئەنجامی کارکردنیانا بێکفن (واتە بێخێوەت) سەر ئەنێتەوە.
لە عەیبدارکردنی میرزای شیرزاییەوە بەوە کە بەرگی ئاوریشم لەبەر ئەکا و، لە وەصف‌کردنی عەرەب و کوردەوە بەوە کە وەک کرمی ئاوریشم وان، ئاوریشمەکە دروست ئەکەن و پاشان ئەمرن و ئەفەوتێن، وا دێتە پێش چاو نالییی ویستبێتی بڵێ عەرەب و کورد کار ئەکەن و عەجەم ئەیخۆن..
17
چونکە «نالیی»! لەسەر ئەم ئەرضە غەریبی وەطەنی
هەستە باری مەدەنیی بە، مەدەنیی بە، مەدەنیی
لاپەڕەی 674
هەستە: بوون .
هەستەبار: ئەوەی بوونی بار بێ بەسەر شانی کەسێکەوە . ئەشگونجێ (هەستە) بەتەنها خۆی فیعلی ئەمر بێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
بە وردیی مەعنای جیاوازی ئەم سێ وشەی (مەدنیی) مانە بۆ ڕاست نەکراوەتەوە. ئەوەندەی بۆی بچین لامان وایە مەبەستی نالییی ئەوەبێ بە خۆی بڵێ. مادەم نامۆ و دوور لە نیشتمانی و ڕێت کەوتووەتە ئەم مەدینەی پێغەمبەرە (د. خ)، خۆت بکە بە باری سەرشانی ئەو بۆ ئەوەی لەو دنیا تکاکارت بێ و، ببە بە خەڵکی مەدینە و سووک و بێحورمەت مەبە، قەدری ئەو پێغەمبەرەت لە بەرچاو بێ کە لەپەنایدای. بەم پێیە (مە) ی دوا (مەدەنیی) بە مەعنا (نە) ئەبێ.

شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 674:
چونکە «نالی» لەسەر ئەم ئەرضە غەریبی وەطەنی
هەستە باری مەدەنی بە، مەدەنی بە، مە دەنی

لەم بەیتەدا وشەی «هەستە»: بە عادەت دەگوترێ «هەستە و پیتاک» مەبەست لێی ئازووقە و بژێوە کە مناسبی «بار»ە. «مەدەنی»ـش بە واتەی «حضری، شارنشین» دێت. «مەدەنی» دووهەم واتە «مەدینەیی». «هەستە باری» لەوانەیە «هەستە بارێ» بێ بەدوا «لەسەر ئەرز غەریببوونی وەطەن» کە دەلالەتی بێئۆقرەیی هەیە جێی خۆیەتی بڵێ: «نالی! هەستە بارێ مەدەنی، شارنشین بە» ئنجا «نیشتەجێی مەدینە بە».