سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

بێ جوێ بوونەوەیێ، زەخم و برین و ئەثەرێ،

1
بێ جوێ بوونەوەیێ، زەخم و برین و ئەثەرێ،
تیری موژگانی درێژت لە جگەر تێدەپەڕێ ..
لاپەڕەی 650
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تیری برژانگی درێژت، بێ ئەوەی جیابوونەوەیەکی لە کەوانی برۆت ببێ و، بێ ئەوەی زامێک یا برینێک یا نیشانەیەک بە لەشی دڵدارەوە بەجێبێڵێ، جگەری ئەسمێ و کونی ئەکا.. مەبەستی ئەوەیە بڵێ تیری نیگات تیرێکی کاریگەرە، هەرچەندیش بەدیمەن نیشانەیەک بەجێناهێڵێ.
دەستنووس
ئەمەی ئێمە نووسیومانەتەوە تێکستی تەنها نووسخەی (خب) ە کە لە هەموو نووسخەکانی تر وردتر و جوانتربوو لامان. (چر) و (عب):
لێ جوێ بوونەوە بۆ زەخم و نیشانەی ئەثەرێ (٭)
(٭) لەبەرئەوەی کە ئەبوو بەپێی ئەم نووسخانە (ئەثەرێ) بە (ئەثەری) بخوێنرایەتەوە، (چن) لەسەری نووسیوە: « بالأمالة » واتە: بە لارکردنەوەیەکەوە. مەبەستی لەوەیە بە (ئەثەرێ) بخوێنرێتەوە.
(« پەراوێزی » چر) و (چن) و (ک) و (اح) و (خا):
بۆ جوێبوونەوە بۆ زەخم و بڕین و ئە‌ثەرێ
(عم) و (گم):
بۆ جوێبوونەوە بۆ زەخم و نیشانەی ئەثەری (٭٭)
(٭٭) (عم) لەسەر (بۆ جوێ) نووسیویە: « چرا جدا؟) واتە: بۆ جیا؟ و لەسەر (بۆ) نووسیویە: « برای » واتە: بۆ. (کم) یش هەروەک (عم) و (گم) وایە، بەڵام لەجیاتیی (نیشانەی) نووسیویە: (برینی). تێدەپەڕێ (کم): تێئەپەڕێ.
2
صۆفیی خەڵوەنشین بۆ نەظەرێکی گوڵی ڕووت
ڕەنگە وەک نەرگسی تەڕ چاوی سپیی بێت و دەرێ
لاپەڕەی 651
نەظەر: سەیرکردن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تەنانەت سۆفیی خەڵوە‌نشین و گۆشەگیریش کە هەرگیز لە کونی تاریکی پەرستنگای خۆی نایەتە دەرەوە و سەری هەڵنابڕێ سەیری عالەم بکا، لە ئاستی تۆدا لەبیر ئەچێتەوە و، لەوانەیە بۆ چاوپێکەوتنێکی گوڵاڵە سوورەی ڕووت، چاوی وەک نەرگسی تەڕ سپیی ببێ و کوێر ببێ و دەرپەڕێ، یاخود لەوانەیە دەسبەرداری ئەو وشکە صۆفییەتییەی ببێ و، چاوی بە تاریکایی فێربووی سپی و ڕۆشن ببێتەوە و، لە کونەکەی دەرچێ و بێتەدەرێ.
چاوی نەرگس: ئەو خاڵە سپییە تەڕانەیەتی کە پەڕەکانی گوڵەکەیان بەسەرەوە ئەڕوێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (بێت) و (دەرێ) دا تەناسوب هەیە، چونکە هەرچەند (بێت) لە (بوون) دروست کراوە، بۆئەوەش ئەشێ لە (هاتن) دروست بووبێ و دیارە بەم مەعنا لەگەڵ (دەرێ) ی لە (دەرچوون) دروست کراوا بێپەیوەند نییە.
دەستنووس
نەرگسی (کم) و (من): نێرگسی. بێتە (چن) و (ت) و (ک) و (اح): بێت و.
ئەم بەیتە لە (چر) و (عم) و (گم) دا بەیتی چوارەم و، لە (عب) و (من) دا بەیتی سێهەمە.
3
زوڵفی دوو تایی ترازوو مە‌ثەلی دڵکێشت،
ڕۆح دەکێشن بە دوو سەر، ئەم بە سەرێ، ئەو بە سەرێ!
لاپەڕەی 651
تا: تای ترازوو .
مەثەل: وەک .
دڵکێش: کێشانەکەری یا ڕاکێشەکەری دڵ .
سەر: تای ترازوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زوڵفەکانت کە وەک تای ترازوو وان لەوەدا کە تاڵەکانیان وەک پەتی ترازووەکە و شکانەوەکەشیان لە دامێنەوە وەک کاسەکانی ترازووەکەیە، هەریەکی لەلایەکەوە وەک قولاپ دڵی دڵدار ڕائەکێشن و ئەیخەنە ناو تای خۆیانەوە و، بەو ڕاکێشان و بەکێش کردنەی گیانی دڵدار ئەکێشن. لەبەر ئەوەش کە هەردوو سەری ترازووەکە هەر دڵی تیایە و دڵیش هەر دڵێکە، لا نییە تا قورسیی و سووکیی دەرکەوێ و، کاری کێشانەکە هەرگیز نابڕێتەوە. هەروەها لەبەرئەوە کە کاری ئەم ترازووانەی زوڵفی یار تەنها دڵکێشانە و کارێکی تریان نییە، دیسانەوە کێشانەکە هەرگیز نابڕێتەوە.
دەستنووس
ڕۆح (ت): دڵ. دەکێشن (عم) و (گم): دەکێشێ. (کم): ئەکێشێ. ئەم بەیتە لە (چر) و (گم) و (عب) و (من) دا بەیتی دووهەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 651:
زوڵفی دووتایی ترازوو مەثەلی دڵکێشت،
ڕۆح دەکێشن بە دوو سەر، ئەم بە سەرێ، ئەو بە سەرێ!

لێرەدا بە چاک دەزانم، چی لە شەرحی ئەم بەیتەدا هاتووە لە «چەپکێک لە گوڵزاری نالی» بۆ ئێرەی ڕاگوێزم چونکە مافی تەواوی خۆی پێ داوە، ئەمە دەقی شەرحەکەیە:
«زولفەکان دووتان، واتە هەر یەکەیان بەقەدەر تایێکن لە زۆریدا».
وشەی «تا» بە واتای «تای موو» دێت کە زوڵف خۆی مووە، زوڵفەکان دووتان، وەک یەکترن. کە دووتان، وەک تەرازوون. چونکە زوڵف و تەرازوو هەردوویان دووتان و هەر تایەیان بەقەدەری ئەوەی ترە و هاوکێشی یەکترن. هەردوو زوڵفەکەش تەرازووی یەکترن. زوڵفەکان کە تەرازوو مەسەلن، وشەی «کێش» خزمی تەرازووە و جێی خۆیەتی دڵ بکێشن چونکە تەرازوو ئالەتی کێشانە.
بابزانین بەولای کێشانەوە ئەم تەرازووە زوڵفانە چ دەکێشن؟ ڕوح دەکێشن! تەرازووی عادەتی لەوە تێناپەڕێنێ زێڕ و ئەڵماس و گەوهەری پێ بکێشرێت، کەچی تەرازووی زوڵفی یار ڕوح دەکێشن. ڕوحکێشان هەر لە ڕووی وشەوە خزمە لەگەڵ تەرازوو، ڕاستە حیسابەکەی لە شوێنێکی ترە:
تەرازوو کە بابەتی کڕین و فرۆشتنی پێ هەڵکێشرێ تەنها یەک دەستەی تەرازووەکە ماڵە نرخدارەکەی تێ دەکرێ، دەستەکەی تری پارسەنگێکی تێ داوێژرێ، هەرکاتێک ماڵە نرخدارەکە گەیشتە سەنگی ئەو پارسەنگە و لەگەڵی جووت بوو مامڵەتەکە کۆتایی دێ.
بەڵام تەرازووی دووتای زوڵفی ئەو نازدارە بە هەردوو سەران ڕوح دەکێشن، واتە هەتا لە سەرێکیان وەزنی ڕوح زیاد کەی دەبێ وەزنی سەرەکەی تریش زیاد کرێ، ئیتر ئەم کارەی ڕوحکێشان لە دوو سەرەوە کۆتایی نایێ... تەرازووی زوڵفی دووتای یار هەتاهەتایێ بە دوو سەران ڕوح دەکێشن... دەستی خۆش بێ...
جگە لەم کێشانە دوو لانە تەرازووکارانە، ڕستەی «ڕوح دەکێشن بە دوو سەر» واتایەکی تریشی هەیە بۆ کوشتنی پاتەوپات کە لە ڕوحکێشان دەفامرێتەوە بێ «توریە» بەڵام زوڵفەکان لەم ڕوحکێشانەدا دوو هێندەی فریشتەی مەرگ «عەزرائیل» چالاک و خێران چونکە کاری عەزرائیل لە سەرێکەوەیە، کەچی زوڵفەکان لە دوو سەرەوە ڕوح دەکێشن، هەتا یەکێک بە مردنی خۆی دەمرێ دوو عاشق بەدەست زوڵفەکانەوە گیان دەسپێرن».
4
من لە ئیحرامی ئەدەبدام و، ئەتۆش صەیدی حەرەم
موددەعیی، هەروەکو سەگ، بۆچی بە ئێمە دەوەڕێ؟!
لاپەڕەی 652
ئیحرام: حاجیی بەرلەوەی بگاتە مەککە، لە چەند کیلۆمەترێک دوور لە مەککەوە بەرگی تایبەتیی خۆی دائەکەنێ و بەرگێکی تری تایبەتیی لەخۆیەوە ئەپێچێ دروومانی تیا نەکراوە، هەروەها هەندێ کردەوەی تایبەتیشی لێ حەرام ئەبێ وەک ڕاوکردن و سەربڕینی حەیوان و هەر جۆرە خوێن ڕشتنێک و، وەک چوونە لای ئافرەت . بەوە ئەڵێن حاڵەتی ئیحرام .
حەرەم: حەرەمی مەککە کە ڕاوکردنی تیا حەرامە،
موددەعیی: بەدکار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم بەیتەدا خۆی شوبهاندووە بە کەسێک کە لە ئیحرامدا بێ، بەڵام ئیحرامی حەج نا، ئیحرامی ئەدەب کە نزیکی یار نەکەوێتەوە و قسەی ناشیرین لە دەمی دەرنەچێ. یاریشی شوبهاندووە بەو نێچیرەی لە حەرەمی مەککەدا بێ کە کەس نەتوانێ دەسی بۆ بەرێ. بەدکاریشی شوبهاندووە بە سەگ کە بە حەق و ناحەق هەمیشە لە خۆیەوە بوەڕێ.. ئەڵێ: من لە ئیحرامی ئەدەبدام، نە لە یار نزیک ئەبمەوە و نە وەڵامی قسەی ناپەسەندی وەک سەگوەڕی بەدکاریش ئەدەمەوە. یاریش وەک نێچیری ناو حەرەمی مەککە وایە کە کەس دەسی بۆ نابا.. ئیتر بەدکار لەبەرچیی لەخۆیەوە، بەخۆڕایی، دەسی کردووە بە وەڕین و، بۆ لە گەفە ناکەوێ؟ چیی ئەوێ؟
دەستنووس
ئەم بەیتە لە (چر) و (عم) و (گم) دا بەیتی شەشەم و، لە (عب) و (من) دا بەیتی پێنجەمە.
5
یادی چاوی بە فوتوورت لە دەرووندا مەرەضە
غەمی زوڵفی بەخەمت بوو لە دڵما بە گرێ
لاپەڕەی 652
فوتوور: مەستی و سستیی .
مەرەض: نەخۆشیی .
خەم: لوول .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەبەرئەوەی لە هەر شتێک، شتێکی وەک خۆی پەیدا ئەبێ، منیش، یادی چاوە سست و مەست و نەخۆشەکانت بووە بەهۆی نەخۆشیی بۆم و، خەمی زوڵفە لوولەکانت بووە بە گرێ لە دڵما.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (غەم) و (خەم) دا جیناسی موضاریع و، لەنێوان (خەم) و (گرێ) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
چاوی (چر) و (گم): دیدەی. غەمی (گم): خەمی.
ئەم بەیتە لە (چر) و (عم) و (گم) دا بەیتی سێهەم و، لە (من) دا بەیتی حەوتەمە. لە (عب) یشدا نییە.
6
وەکو پەروانە بەشەو هێندە بە موشتاقیی دێم،
بە چرای کوڵمەتەوە، ڕەنگە عەسەس لێم بگەڕێ
لاپەڕەی 653
عەسەس: پاسەوانی شەوی ناو شار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەوەندە بەسۆزەوە، وەک پەروانە، بە شەو دێم بە ڕووی چرای کوڵمەتەوە، لەوانەیە پاسەوانی شەویش کە هەر شەوگەڕێکی توش ببێ ئەیگرێ، لە سۆزەی دەروونم حاڵی ببێ و لێم گەڕێ بێم بۆلات و ڕێم لێ نەگرێ.
یاخود: وەک پەروانەی شەو، ئەوەندە بەسۆز و پەلە دێم بۆ لات، لەوانەیە پاسەوانی شەو گومانی شتێکی خراپم لێ بکا و، لەبەر ڕووناکیی کوڵمەتدا کە تاریکیی شەوی ڕوون کردووەتەوە، بەدواما بگەڕێ.
دەستنووس
پەروانە به شەو (کم) و (خا): پەروانەیی شەو.
ئەم بەیتە لە (چر) و (عم) و (گم) دا بەیتی حەوتەم، لە (عب) و (من) دا بەیتی شەشەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
خوێنەر بمبەخشێ لە هەڵدانەوەی لاپەڕە 651 ی دیوانەکە یەکسەر گەیشتمە لاپەڕە 654 تومەز لاپەڕەی دوواوەی کە 652 و 653 ی تێدا ڕووبەڕوون، بە لاپەڕەی 651 ەوە نووسابوو. تێبینییەکی کورتیلەم هەیە لەگەڵ بەیتی سەرووی لاپەڕە 653:
وەکوو پەروانە بەشەو هێندە بەموشتاقی دێم
بە چرای کوڵمتەوە، ڕەنگە عەسس لێم بگەڕێ

تێکستی «پەروانەیی شەو» لەبارترە چونکە حەرفی «بە» لە سەروودا سێ جاران دووپات بۆتەوە، لەمیاندا بۆتە دووجار، عەینی واتای تێکستی سەرووش دەبەخشێ. شەرحەکە لە شیکردنەوەی بەیتەکە دەڵێ: لەوانەیە پاسەوانی شەویش لە سۆزی دڵم حاڵی ببێ و لێم بگەڕێ بێم بۆ لات... دەبوو شەرحەکە سەبەبی ڕازیبوونی پاسەوان لەوەدا ببینێ کە «بە چرای کوڵم»ـەوە شوبهە هەڵدەسێ و دز چرا لەگەڵ خۆی ناگێڕێ. لە هەمان کاتدا وا ڕادەگەیەنێ، پاسەوان لەبەر شەوقی چرای کوڵمت بە دوامدا بگەڕێ بۆ گرتنم... شەرحەکە لە شیکردنەوەی بەیتی دوواتردا هەشت دێڕی زێدە کاریگەری فرمێسکاوی و عوزرخوازی بۆ نالی و ئەو شاعیرانەی کورد کە لەبەر ناسازیی ڕێنووسی کۆن واتای هەڵەیان لە شیعرەکانیان دراوەتەوە، نووسیوە. من هەردوو دەستی منەتباری و ڕێز بۆ خاوەنانی شەرحەکە هەڵدەبڕم.
7
لە جگەر گۆشەیی شیعرم مەدە مەعنایی خراپ
بێ خەطا کەس نییە ڕاضیی که لە ئەولادی درێ ..
لاپەڕەی 653
جگەرگۆشە: پارچەیەک لە جگەر . کینایەیە لە مناڵ کە پارچەیەکە لە جگەری دایک و باوکی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم بەیتەدا شیعرەکانی خۆی شوبهاندووە بە مناڵی عەزیز و خۆشەویستی خۆی و، مەعنا لێدانەوەشیانی بە هەڵە شوبهانووە بە لێدان و ئازاردانیان.
واتە: باش لە شیعرەکانم حاڵیی ببن و بەڕاستیی مەعنایان لێ بدەنەوە. شیعرەکانم مناڵی جگەرگۆشەمن و، بە خراپ لێ حاڵیی بوونیان مەیانخەنە بەر فەلاقه و دارکاریی.. هیچ باوکێک ڕازیی نییە مناڵێکی خراپەیەکی نەکردبێ، بە ناحەق لێی بدرێ..
بێ گومان ئێمەش گەلێ جار نەمانتوانیوە ئەم داوا بەجێ و بەسۆزەی نالییی بەجێبێنین، بەڵام چار چییە؟ لەسەرێکەوە وردیی نالییی خۆی و لە سەرێکی کەشەوە نووسینەوەی خراپ و نەبوونی جارانی ڕێنووسێکی تایبەتیی بۆ کوردیی، بوون بەهۆی ئەوە کە مناڵی خۆشەویستی نالییی و دەیان شاعیری کوڵۆڵی ترمان بە شووڵی هەناری تەڕی مەعنا لێ دانەوەی خراپ لەشیان سوور بکرێتەوە.. هەوڵی ئێستای ئێمە بۆئەوەیە تاڕادەیەک فرمێسک لە چاوی ئەم جگەرگۆشانەی نالییی بسڕینەوە و کەمێک نازی باوک و دایکیان ئێ ئاشنا بکەینەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
نیوەی دووهەمی ئەم بەیتە حوسنی تەعلیلە بۆ نیوەی یەکەمی. بێخەطا (گم): بێخەتا.
دەستنووس
ئەم بەیتە لە (چر) و (عم) و (گم) دا بەیتی پێنجەم و، لە (عب) و (من) دا بەیتی چوارەمە.
8
ڕاستیی جەوهەرییە تیغی زوبانی «نالیی»
نەرم و توند، ئاوی گەلووگیرە، قصەی پێ دەبڕێ ..
لاپەڕەی 0
جەوهەریی: جەوهەردار، دەبان .
ئەڵێن: تیغی دەبان جەوهەری لێ ئەتکێ ..
گەلووگیر: لە قوڕگا گیراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەڕاستیی زوبانی نالییی تیغە و، تیغێکی جەوهەرداریشە وەک تیغی دەبان.. تیغێکی نەرمە، چونکە گۆشتە. توندیشە، چونکە قسەکانی بەتوێکڵ و ڕەق و کاریگەرن. ئەوەندە ڕەوانە ئەڵێی ئاوە، بەڵام ئاوێکی لە قوڕگا گیراوە، بەرپەرچی دوژمن ئەداتەوە و دەمی ئەبەستێ و مەودای قسەی لێ ئەبڕێ.
ئەشتوانین بڵێین: (ڕاستیی (« بەمەعنا دژی درۆ ») موتبتەدایە و (جەوهەرییە) خەبەریەتی و، ڕستەکەش گشتی خەبەری موبتەدایەکی ترە کە (تیغی) یە و، نیوە بەیتی دووهەمیش کۆمەڵە خەبەرێکی تری ئەم موبتەدایەن. بەم پێیە ئەبێ (جەوهەرییە) بە (جەوهەریە) بخوێنرێتەوە و مەعناش وای لێ دێتەوە: ناوەڕۆکی تیغی زوبانی نالییی بریتییە لە ڕاستی.. تاد.
دەستنووس
نەرم و توند (چر) و (عم) و (عب) و (من): توند و نەرم. ئاووی: ئەمە تێکستی تەنها (عم) و (گم) ە. (چر) و (عب) و (من) ئاوە. (چن) و (ک): ئاو و. (اح) و (خا) و (خب): ئاو. بۆ هەر سێ ئیحتیمالەکە ئەگونجێ. گەلو و (گم): گەرو !
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 654:
ڕاستی جەوهەرییە تیغی زوبانی «نالی»
نەرم و توند، ئاوی گەلووگیرە، قصەی پێ دەبڕێ

دەشێ قافیەی بەیتەکە «پێ دەپەڕێ»ـش بخوێندرێتەوە بە پێی ڕێنووسی کۆن، لەلایەن واتاوەش «پەڕاندن» بەهێزترە لە «بڕین» چونکە ئەوەی «دەپەڕێ» جودا دەبێتەوە لە بنکەی پێیەوە نووسابوو، چاکبوونەوەی نییە.
«ئاوی گەلووگیر» لە بەیتەکەیدا جگە لە واتای ئاوی حەقیقی، ئاوی جەوهەری تیغیش بەدەستەوە دەدات کە زێدە مەدحە بۆی.
«نەرم و توند» هەر وەک شەرحەکە دەڵێ، لەوانەیە مەبەست لێی نەرمیی تیغی زوبان بێ کە گۆشتە و، ڕەقی قسەکان بێ کە توێکڵدار و کاریگەرن. لەوانەیشە مەبەستی زێدە بڕندەیی تیغە جەوهەردارە ئاودارەکە بێ. بە نەرمی و بە توندی قسە دەبڕێتەوە. خۆ کە ئاوەکەی «گەلووگیر» بوو. واتە تیغەکە گەیشتە گەلوو نەک قصە بگرە کەللەشی پێ دەپەڕێ.