سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئەی خەستەیی چاوت هەمو ئاهوویی تەتاریی!

1
ئەی خەستەیی چاوت هەمو ئاهوویی تەتاریی!
وەی بەستەیی زوڵفت هەمو شێرانی شکاریی!
لاپەڕەی 647
خەسته: نەخۆش . کەوتوو .
ئاهووی تەتاریی: جۆره ئاسکێکە ناوبانگی به چاوجوانیی دەرکردووه .
بەسته: گیرۆده و بەسراوه .
شکاریی: ڕاویی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: ئەی ئەو دڵبەرەی ئەوەنده چاوت جوانه هەرچیی ئاسکی چاوجوانی تاتارییه، هەموو نەخۆش و خەستەی چاوی مەستتن و، هەرچیی شێری ڕاوییه، واته هەرچیی دڵداری نازداران ڕاوکەره، هەموو به تاڵی زوڵفەکانت گيرۆده بوون و بەسراونەتەوه. مەبەستی ئەوەیه بڵێ هیچ جوانێ لەئاستی جوانیی ئەوا نانوێنێ و، کەس له بەرابەر نازداریی ئەوا خۆی پێ ڕاناگیرێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ئەی) و (وەی) و، (خەسته) و (بەسته) دا جیناسی لاحيق و، لەنێوان (ئاهوو) و (شکار) دا تەناسوب هەیه
2
خەندەت بووەته باعیثی گریانی دەمادەم
بەرقه سەبەبی بارشی بارانی بەهاریی
لاپەڕەی 647
دەمادەم: پەیدەرپەی .
بەرق: برووسکەی هەور .
بارش: بارین .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: پێکەنینی تۆ بووه بەهۆی گریانی پەیدەرپەیی من، چونکه نیشانەی کەمتەرخەمیته بەرابەر به دڵدارەکانت و، منیش که بەو کەمتەرخەمیته ئەزانم، هەر ئەوەم بۆ ئەمنێتەوه له خەفەتانا دەس بکەم به گریان. پێکەنینی تۆ وەک تیشكدانەوەی برووسکەی ئاسمان وایه، که ئەو تیشک ئەداتەوه، هاوار له منەوه هەڵئەستێ و دەسئەکەم به گریان و چاوم وەک هەوری بەهار فرمێسک دائەڕێژێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە نیوەی دووهەمی ئەم بەیتەدا حوسنی تەعلیل هەیە بۆ نیوەی یەکەمی بەیتەکە و، لەنێوان (خەندە) و (دەمادەم) یشدا جۆرە تەناسوبێک هەیە هەرچەند (دەمادەم) پەیوەندی بە مەعنای (دەم) ەوە نییە. لەنێوان (خەندە) و (گریان) یشدا طیباق و، لەنێوان (بەرق) و (باران) و (بەهار) یشدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
بەرقە: ئەمە تێکستی (ت) و (عم) ە. نووسخەکانی تر هەموو: بەرقت.
3
سەهمی نیگەهت خستمی، هەستامەوە ڕاکەم
ئەگریجەوو زوڵفت بە جەفا هاتنە یاریی
لاپەڕەی 648
سەهم: تیر .
نیگەهــ: لاکردنەوە .
یاریی: یارمەتیی دانی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاوڕدانەوەت بە ناز بو بە تیرێک و دای لە جگەرم و خستمی. هەستامەوە خۆم لە دەست تیری تەماشات دەرباز کەم، ئەگریجە و زوڵفت، بەنیازی ئازاردانم، هاتنە یارمەتییدانی نیگات و لێم بوون بە داو و زنجیریان کردم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
ئەم هاتنی ئەگریجە و زوڵفە بەیارمەتیی تیری نیگای یارەوە، هێمایە بۆ نزیک بونەوەی گۆنای یار لە دەمی شاعیر و ماچ کردنی. بەیتی پاشەوەش تاڕادەیەک ئەم هێمایە بەهێز ئەکا.
دەستنووس
ڕاکەم (کم) و (گم): ڕام کرد. ئەگریجەوو (چن) و (ک) و (اح): ئەگریجەیی.
4
وای فەرموو کە ماچت نەدەمێ ڕوڕەشی تۆ بم
ئەم ساڵە بەجێ‌دێ ئەثەری وەعدەیی پاریی
لاپەڕەی 648
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار، پارەکە فەرمووی ڕووڕەشی لای تۆ بم ئەگەر ماچت نەدەمێ.. وا ئەم ساڵ ئەنجامی بەڵێنەکەی پاری دەرئەکەوێ..
بۆ لێکدانەوەی چۆنیەتیی هاتنەدیی بەڵێنەکەی پاری یار، یا ئەبێ بڵێین مەبەست لە ڕووڕەشبوونەکە ئەوەتە لەجیاتی ماچ پێ دان، بە تاڵی زوڵفی بەستوویەتیەوە. یا مەبەست هاتنی زوڵفی ڕەشیەتی بەسەر ڕوویا.. لەوانەشە بووترێ نالییی بەم پارچە شیعرە قسە لەگەڵ کوڕ ئەکا و مەبەست لە ڕووڕەش بوون دەرهاتنی مووی ڕیش و سمێڵە. ڕاستە ئەم مەعنایە لە چوارچێوەی تەنها ئەم بەیتەدا ئەگونجێ، بەڵام لەگەڵ تێکڕای پارچە شیعرەکه و لەگەڵ ڕێبازی گشتیی نالیییدا ناجۆرە.
دەستنووس
وای فەرموو (چن) و (ک) و (اح): وات فەرموو. (ت): دەیفەرموو. ئەم ساڵە: نووسخەکانی بەردەستمان هەموو نووسیویانە (ئەم ساڵ). بۆ ئەو تێکستەی ئێمە لێرەدا هەڵمان بژاردوە، ڕاستەکەی (ئەم ساڵە) یە ئەگینا بەیتەکە لەنگ ئەبێ. ڕێنووسی کۆنیش ڕێگا ئەدا هەردوو وشەکە وەک یەک بنووسرێن. بەجێ دێ (چر) و (عم) و (کم) و (گم): کە بەجێ دێ. بەپێی ئەم نووسخانە ئەبێ (ئەم ساڵە) بە (ئەم ساڵ) بخوێنرێتەوە. (ت) و (عب) و (من): بە چیی دێ (؟). (خا): کە بەچیی دێ (؟). (خب): بەجێ دێنێ. ئەثەری (« پەراوێزی » چر) و (عب) و (من): سەبەبی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 648:
وای فەرموو کە ماچت نەدەمێ ڕوورەشی تۆ بم
ئەم ساڵە بەچێ دێ ئەثەری وەعدەیی پاری

وشەی «تۆ» لە نیوەبەیتی یەکەمدا دەبێ «توو» بنووسرێت کە هەم بە واتای تۆ و هەم بە واتای «تووک، موو» دێت. دیارە لە ماوەی ساڵێکدا تووکی لێ هاتووە و ڕووڕەشیەکە گەیوەتە جێ. ئاشکرایە مەبەس لە بەجێ هاتنی ئەثەری وەعدەی یار دەرکەوتنی تووکەکەیە هەرچەند لە مەیدانی مەعنا ئاراییدا دەشێ بگوترێ دوای ساڵێک وەعدی ماچەکە بەجێ هاتووە، بەڵام ئەو ساڵەی وا بێ بەڵگە ئەگەر تووکەکە بەڵگە نەبێ قسەیەکی خاو و خلیسک دەردەچێ. ئەگەر بیگوتبایە: «ئەم مانگە بەجێ دێ» چ تامی تێدا نەدەبوو چونکە لە مانگێکدا تووک ئەوەندە دەرناکەوێت ڕوو ڕەش بکات. کەم شاعیریش هەیە ناوناوە دەوری کوڕی لووس هەڵنەهاتبێ لە شیعریدا.
5
مەغشووشی زەڕە، عاجزی زیو، دەرهەمی دیرهەم
بۆچ تێکچووە صۆفیی کەرەبۆز بۆ غەمی باریی؟!
لاپەڕەی 649
مەغشووش: تێکچوو . زێڕی مس تێکەڵ کراو .
دەرهەم: تێکشکاو . لەخەفەتابوو، بەپێی ئەوە ک لە (دەر) و (هەم) پێکهاتبێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سۆفیی کەرەبۆز، ئەگەر کەسێک بووبێ بەو ناوەوە، یاخود سۆفیی خاوەنی کەرەبۆز بەدوای پەیداکردنی زێڕی ناپوخت و زیوی بێڕەواج و درەمی تێکشکاودا ئاڵۆز و عاجز و خەمگین بووە.. بەڵام بۆ خەمی ئەم بارە بێ‌سوودەی ئەخوا؟ بۆ ڕێگای دڵدارانی ڕاستی ناگرێتەبەر و دەسبەرداری ئەم دنیاپەرستییە نابێ؟ !.
دەستنووس
مەغشووشی (عب) و (من) و (خب): مەخشووش. نووسخەکانی تر هەموو: مەغشووش. بەڵام هەرکامیان بێ ئەبێ بە (ی) ی ئیضافەوە بێ. زەڕە: ئەمە تێکستی (چر) و (عب) و (من) ە. نووسخەکانی تر هەموویان: زەڕ و. عاجزی: ئەمە تێکستی (عم) و (کم) و (گم) و (من) ە. (چر) و (چن) و (ت) و (عب) و (اح) و (خا) و (خب): عاجز. ئەمیش هەر (عاجزی) یە. (ک): عاجزە. دەرهەمی دیرهەم: لەگەڵ جیاوازیی شێوەی نووسینیشدا ئەمە تێکستی زۆربەی نووسخەکانە. (عب) و (من): دەرهەمی کەوکەب (؟). بۆچ (عم) و (گم): بۆ. کەرەبۆز (ت) و (ک) و (اح): کەرەبۆر. غەمی (چن) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا) و (خب): غەم. بەڵام دیارە (غەمی) یە. باری (عم) و (گم) و (خا): یاری. نیوە بەیتی دووهەم لە؟ (کم) دا بەم جۆرەیە:
«نالییی» کزە صۆفیی کەرەبۆزی غەم و یاری
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 649:
مەغشووشی زەڕە، عاجزی زیو، دەرهەمی دیرهەم
بۆچ تێکچووە صۆفی، کەرەبۆز بۆ غەمی باری؟!
شەرحەکە لە کۆتایی لێک دانەوەی بەیتەکە دەڵێ: «... بەڵام بۆ خەمی ئەم بارە بێ سوودەی دەخوا؟ بۆ ڕێگەی دڵدارانی ڕاستی ناگرێتە بەر...» ئەم بۆچوونە لە دەقی بەیتەکەدا ئەسەرێکی نییە، باریش صۆفی هەڵی نەگرتووە، غەمی کەرەبۆزە.
وشەی «زەڕە» جگە لەزێڕ، بۆ زەڕەی کەریش مناسبە. وەک بۆی دەچم صۆفی لەبەر دەست نەکەوتنی زێڕ و زیو و دیرهەم تێکچووە نەک بە عەکسەوە.
6
هەر یارێ کە ماڵانگەڕ و بێگانەیە «نالیی»
کەندوومە ددانی طەمەعی بۆس و کەناریی
لاپەڕەی 649
دانکەندن: کینایەیه لە دەسبەردار بوون .
طەمەع: تەما . بۆس، بۆسە، ماچ .
کەنار: لەباوەش گرتن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لە بەیتی پێشوودا ناڕەزایی خۆی لە بەدوای زێڕ و زیو و درەما گەڕانی صۆفیی دەربڕیی. لەم بەیتەشدا ماڵی دنیا ئەشوبهێنێ بە یاری بێوەفا و ماڵانگەڕ لەوەدا کە هەمیشە لە دەسی کەسێکا نامێنێ و هەر تاوێ هیی یەکێکە و، ئەڵێ: هەر یارێ ماڵانگەڕ و بێگانە و بێوەفا بێ، دانی ئەوەم کەندووە کە بەتەمای ماچکردن و لەباوەش گرتنی بم.
دەستنووس
بێگانەیە (عم) و (گم): بێگانە بێ.
ئەم بەیتە لە (چن) و (کم) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا) و (خب) دا نییە. (خا) و (کم) نەبێ هەموو ئەم نوسخانە نیشانەی ئەوەیان پیشان داوە کە بەیتێک ناتەواوە. (کم) یش، وەک وتمان، بەیتی پێشووی کردووە بە دوا بەیت و نازناوی (نالییی) ی تیا داناوە. (خا) یش هیچ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 649، لە جیاتی «ماڵانگەڕ و بێگانە» کە دەست نادا لەگەڵ مەفهوومی تێکڕای بەیتەکە، دەبێ «ماڵانگەڕی بێگانە» بێ، مەگەر وشەی «بێگانە» هەڵوەشێت و ببێتە «بێ گانە»: ئەوسا ماڵانگەڕی شار و دێ بێ و «بێ گان»ـەی دۆست بێ کە ئەمەش بە سێبەری، یاخود شێوە سێبەری کۆمەڵەی وشەکان حیساب دەکرێ.