لاپەڕەی 597
حەریق: سووتاو .
ضیق: تەنگیی .
نەسیم: شنەبا .
صوبحدەم: دەمەوبەیان .
ناب: بێگەرد و خاوێن . صیفەتی شەرابە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سووتاوی زیندانی تەنگی دووریتم، دەسا با دەرگام لێ بکرێتەوە و شنەبای دەمەوبەیان بێتە ژوورەوە تۆزێ دەروونم فێنک کاتەوە و لە شەوی گەرمی زیندان ڕزگار بم.. ئازیز ! ئەگەر ئەتەوێ بە لەش ساغ بم و گیانم دەرنەچێ، بۆم ببە بە مەیگێڕ و شەرابی بێگەردم لە پیاڵەی سووری لێوت بدەرێ.
ئەشگونجێ (با بێ) وا بخوێنینەوە کە یەک وشە بێ و (بابێ) بێ، واتە (ئەی شنەبای بەیانیان، دەرگایەکم لێ بکەرەوە).
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (بابێ) و (نابێ) و (باقیی) و (ساقیی) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
حەریقی (« پەراوێزی » چن): حەریفی. بەپێی ئەم نووسخەیە، هاوئاوازیی وشەکان وا پێویست ئەکا (ضیقی) یش (ضیفی) بێ واتە (ضیعفی، لاوازیی). (گم) و (خب): سیجنی.
زیندانم (عم) و (خب): هیجرانم. (گم): حیرمانم. دەوێ (کم) و (من): ئەوێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 597:
حەریقی ضیقی زیندانم نەسیمی صوبحدەم با بێ
ئەگەر ڕۆحی منت باقی دەوێ، ساقی! مەیی نابێ
شەرحەکە وای داناوە نالی سووتاوە لە تەنگەژەی زیندان: چەژی بەیتەکە و داخوازیی شەرابی ناب لەگەڵ زیندان ڕێک ناکەوێ. نالی حاڵی ناسازی خۆی داناوە بە زیندان و ئاگر، هەر ئەم وەزعەیشە وادەکا داوای بای صوبحدەم بکات کە بە زاهیر بایەکە لە ئاگرەکە زیاد دەکات لە حەقیقەتیشدا دەرووی تەسکینی پێ دەکرێتەوە. لە ساقیش، مەبەسی مەیگێڕە نەک یار، چونکە یار بۆخۆی دە جاران لە شەراب مەبەستترە. «مەیی ناب»ـیش شەرابی ئەوتۆیە نە ئاو نە هیچ شتێکی دیکەی تێکەڵ بووبێ تاکوو باشتر پێی مەست بێ. چ ڕێکەوت و چ ئانقەست بێ. بەیتی دواتر کە دەڵێ: «لە وەصلی تۆ زیاتر خەوفناکم، نەک لە هیجرانت» بە بەڵگەی ئەو واتایە دێت کە من بۆی دەچم.