سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئاخ لەگەڵ ئێمە (حەبیبە) سەر و پەیوەندی نییە

1
ئاخ لەگەڵ ئێمە (حەبیبە) سەر و پەیوەندی نییە
نەیشەکەر قەددە، بەڵا بەندی هەیە، قەندی نییە
لاپەڕەی 592
سەر و پەیوەند: سەر و ساخت .
نەیشەکەر: قامیشی شەکر .
بەڵا: بەڵام .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاخ کەوا (حەبیبە) لەگەڵ ئەوەش کە گیرۆدەی عەشقی خۆیی کردین، سەر و ساختی لەگەڵمان نییە و گوێمان ناداتێ. باڵای ڕێک و شیرینە وەک قامیشی شەکر، بەڵام ئەوەی بە ئێمە ئەبڕێ شیرینییەکەی نییە، بەند و گرێ و زنجیرەکانیەتی. (نالییی قەفەکانی نەی شەکەرەکەی داناوە بە بەند و گرێ و زنجیر).
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (قەدد) و (قەند) دا جیناسی ناقیص و، لەنێوان (بەند) و (قەند) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
سەر و: ئەمە تێکستی (ک) و (من) ە. (عم) و (گم): سەری. نووسخەکانی تر هەموویان: (سەر)، بۆ (سەرو) و (سەری) یش دەستئەدا. بەڵا (مز): بەڵێ. بەندی هەیە، قەندی نییە (چر) و (چن) و (ک) و (مز) و (اح) و (خا) و (خب): قەندی هەیە، بەندی نییە. (چر) وشەی (بەندی) بە (مابین قفها) واتە: نێوان قەفەکانی مەعنا لێداوەتەوە. بە (نقل از نسخەء قدیمە) واتە: بە نەقڵ لە نووسخەیەکەکی کۆنەوەشەوە ئەو تێکستەی نووسیوەتەوە کە ئێمە پشتمان پێ بەستووە. (گم): بەندی هەیە و قەندی نییە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرووی لاپەڕە 592 «پەیوەندی نییە» هەر وەک «سەر و ساختی لەگەڵمان نییە» ڕادەگەیەنێ وەک کە شەرحەکە دەڵێ، ئەو مەعنایەشی هەیە کە موتەربەکردن هەڵناگرێ تا بشێ بەری هەبێ.
2
عادەتێکی هەیە هەرگیز لە کەسێ ناپرسێ
ظاڵمێکی وەیە قەط خەوفی خوداوەندی نییە
لاپەڕەی 592
وەی: بەڵا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خوویەکی هەیە ئەوەتە کەس بەسەر ناکاتەوە.. زۆردارێکی بەڵایە، ترسی خوای لە دڵا نییە، ئارەزووی لە چی بێ ئەیکا.
ئەشگونجێ (ظاڵمێکی وەیە) بە (ظاڵمێکی وایە) مەعنا لێبدرێتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (هەیە) و (وەیە) دا هاوئاوازیی و، لەنێوان (هەیە) و (نییە) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
هەرگیز (خب): ئەصڵەن. لە کەسێ (چن). لە کەسێک. وەیە (چن) و (عم) و (گم) و (ت) و (ک) و (مز) و (اح): بەدە.
3
دەرحەقی من زەهر و سرکەفرۆشە بە برۆ
دەرحەقی غەیری ئەمن غەیری شەکەرخەندی نییە
لاپەڕەی 0
زەهرفرۆش، سرکەفرۆش: کینایەیە لە ڕووگرژ و ڕووترش .
شەکەرخەند: پێکەنینی وەک شەکر شیرین .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار هەمیشە تووڕەیە لە من و بە ڕووی گرژەوە سەیرم ئەکا. لەگەڵ خەڵکی تریشدا لە پێکەنینی ڕووخۆشانە بەو لاوە هیچی تری نییە.
بەراوردێکی جوانە ئەمەی نالییی ئەیکا لەنێوان دوو حاڵەتدا کە یار لەگەڵ ئەم و خەڵکی تریا ئەکا.
بۆ ڕاگیرکردنی ئاوازی نیوەی یەکەمی ئەم بەیتە ئەبێ تۆزێ درێژە بە (هێ) ی (زەهرفرۆش) بدرێ لە خوێندنەوەدا.
دەستنووس
دەرحەقی من زەهر و (عم) و (کم) و (گم) و (عب) و (من): دائیما دەرحەقی من.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 593:
دەرحەقی من زەهر و سرکە فرۆشە بە برۆ
دەرحەقی غەیری ئەمن غەیری شەکەر خەندی نییە

نیوەی یەکەمی بەیتەکە ئەگەر «هـ»ی وشەی «زەهر» قورس نەکرێ، واتە ئەگەر «کسرة مختلسة»ی نەدریتێ کێشی تێک دەچێ. پێنج تێکست نووسیویانە: «دائیمەن دەرحەقی من سرکە فرۆشە...» هەر ئەم دەقەش دەست دەدا چونکە
1- سرکە ترشە دژی شەکەر خەندە کە شیرینە.
2- زەهر هی فرۆشتن نییە.
وشەی «برۆ» کە بە ڕێنووسی کۆن دەنووسرا «برو» بەمەودا «بڕۆ»ش دەخوێندرێتەوە کە هی دەرکردن و قاودانە.
4
دولبەرێکم هەیە مەشهوورە بە بێ مانەندیی
بێ شک و شوبهە، خودا شاهیدە، مانەندی نییە
لاپەڕەی 0
مانەند: وێنە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دولبەرێکم هەیە ناوبانگی بە بێهاووێنەیی دەرکردووە. خوا ئاگادارە، هیچ گومانی تیا نییە، دولبەرەکەم بێهاوتایە.
دەستنووس
بێ‌مانەندی (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (خا): بە بێ‌هەمتایی. (« پەراوێزی » چر): لە دنیادا وا.
ئەم بەیتە لە (عم) و (گم) دا بەیتی پێنجەمە و لە (عب) و (من) دا بەیتی شەشەمە و لە (خب) یشدا نییە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 593:
دولبەرێکم هەیە مەشهوورە بە بێ مانەندی
بی شک و شوبهە، خودا شاهیدە، مانەندی نییە

لە هەر شوێنێک نووسرا «دولبەر» دەبێ «دلبەر» بخوێندرێتەوە: خۆشەویست «دل» دەبات نەک «دول». نالی سوێندی هەرە زلی خواردووە لەسەر «بێ مانەندی» و دەستی خۆش بێ. لەگەڵ ئەمەشدا کە شک و شوبهە دەبڕێت و خوا بە شاهید دادەنێ ئنجا دەشێ مەبەسی بێ مانەندیی زاتی خوا بێ کە شاهیدی ئەحواڵ و هەموو شتێکە.
5
ئەهلی دنیایی لەبەر حیر‌ص و طەمەع هوشیارن
بە خصووصیی بگەڕێیی مەست و خیردەمەندی نییە
لاپەڕەی 0
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دنیاپەرستان بەهۆی پوولەکییەتیی و تەماعی ماڵی دنیاوە، ئاگایان لە جیهانی دڵ و مەی و مەستی نییە. بەناویانا بگەڕێی، بەدەگمەنیش یەکێکی زیرەک و وریایان تیا نادۆزیتەوە دەستی لە دنیا داشتبێ و مەستی شەرابی خۆشەویستیی ڕاستەقینە بووبێ..
لێکدانەوەی ئەدەبی
بەدیمەن لەنێوان (حیرص) و (طەمەع) و (هوشیار) دا تەناسوب و، لەنێوان (مەست و (خیرەدمەند) دا طیباق هەیە. بەڵام لەڕاستیدا وانییە، چونکە نالییی ئەیەوێ بڵێ ئەوەی (تەماعکار) بێ (هوشیاری ڕاستەقینە) نییە و، ئەوەی (خیرەدمەند) بێ (مەست) ە.
دەستنووس
ئەهلی دنیایی لەبەر (عم) و (گم): ئەهلی دنیا لەبەری. (ت) و (مز) و (خب): ئەهلی دنیا کە لەبەر. بگەڕێی (چر) و (ک) و (من): بگەڕێ. (چن) و (ت) و (مز) و (خب): بکری. بۆ (بگەڕێی) و (بکڕی) یش دەستئەدا. (خا): بکڕی. تەنانەت مەعناشی بە فارسیی لێداوەتەوە، بەڵام بەئاسانیی مەعنای نایەت.
ئەم بەیتە لە (چر) و (چن) و (ت) و (ک) و (مز) و (خا) دا لەپێش دوابەیتەوە و لە (عم) و (کم) و (گم) و (عب) و (من) و (خب) دا لەپاش بەیتی (مەدرەسە مەحبەسەیە.. تاد) ەوەیە. ئێمە لامان وابوو جێگای ڕاستەقینەی ئێرەیە چونکە وا باشتر لەگەڵ باسی خانەقا و حوجرە و فەقێکاندا ئەگونجێ و، عەطف کردنەوەکەی (خانەقاش) ڕاست‌ئەکاتەوە.
6
خانەقاش هەروەکو مەیخانە، کە هەر ئاوا بێ
مەجلیسێکی هەیە، ئەمما گەپ و گۆبەندی نییە
لاپەڕەی 0
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خانەقاش وەک مەیخانە، خوا ئاوەدانی کا، خەڵکی تیا کۆ ئەبنەوە، بەڵام خەڵکەکەی بێ تام و خوێن، نوکتە و گاڵتە و گەپ نازانن و بۆ ئەوە ناشێن بنیادەم ببێ بە هاوڕێیان.
ئەشگونجێ ڕستەی (خوا ئاوای کا) بە (خوا ئا وای کا) بخوێنینەوە واتە: وای لێ بکا.
دەستنووس
خانەقاش (عم) و (مز): خانەقایش. (عب): خانەقەیش = خانەقایش. هەروەکو (گم): گەر وەکو. (مز): وەکو. مەیخانە کە (خب): مەیخانەیە.
ئەم بەیتە لە (کم) و (ت) دا نییە. لە (کم) دا لە نیوەی یەکەمی بەیتی پاشەوە و نیوەی دوووهەمی ئەم بەیتە بەیتێک پێکهاتووە بەم‌جۆرە:
واقیعەن خانەقا خۆش زەمزەمێکی تێدایە
مەجلیسێکی هەیە ئەمما کپ و گۆبەندی نییە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 594:
خانەقاش هەروەکوو مەیخانە، کە هەر ئاوا بێ
مەجلیسێکی هەیە، ئەمما گەپ و گۆبەندی نییە

شەرحەکە دەڵێ: خانەقاش وەک مەیخانەیە، خوا ئاوەدانی کا، خەڵکی تیا کۆ ئەبنەوە، بەڵام بێ تام و خوێن... ئەشگونجێ «خوا ئاوای کا» بە «خوا ئاوای کا» بخوێنینەوە، واتە، وای لێ بکا.
ڕاستییەکەی «ئاوا بێ» سێ مەعنا هەڵدەگرێ:
1. بە واتای «ئاوەدان بێ» دوعای چاکە بۆ مەیخانە دەچێتەوە.
2. بە واتای «بزربوون بێ» دوعای خراپە، تووکە بۆ خانەقای دەچێتەوە.
3. «ئاوابێ» بە واتای «ئەوهایی بێ» دیسان بۆ خانەقا دەچێتەوە و بە توانج و طەعنە.
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 595: دڵم پێی ئارام نییە چونکە سەبەبەکەی عەیبدارە و یەکسەریش بە دوا بەیتەکەدا دێت کە دژی خانەقایە کەچی لەمیاندا مەدحی زەمزەمەی دەکات... ئنجا بەیتی دواوەیشی هەر طەعنەیە لە مەدرەسەی مەحبەسە و مەبحەث و وەسوەسە... لە هی نالی ناچێ.
7
واقیعەن خانەقە خۆش زەمزەمەیێکی تێدا -
یە، بەڵا قەندی هەیە، گەندی هەیە، ڕەندی نییە
لاپەڕەی 595
واقیعەن: ڕاستەکەی .
زەمزەمە: هەرا و زەنا .
گەند: بۆگەن . مرۆی بێ کەڵک .
ڕەند: زیرەک . کەمتەرخەم . سەربەست .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕاستە خانەقا هەرا و بەزمێکی خۆشی تیایە، بەڵام هەرا و بەزمەکەی زیرەکانە و سەربەستانە نییە، هەرچەند شتی خۆش و ناخۆشیشی تیایە.
لەنێوان (قەند) و (گەند) و (ڕەند) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
واقیعەن (« پەراوێزی » چر) و (عب) و (خب): واقیعی. خانەقە: (چر) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا): خانەقا. زەمزەمەیێکی (عب) و (من) و (خب): زەمزەمەیێکە. بەڵا (مز): بەڵێ. گەندی (ت): بەندی.
8
مەدرەسە، مەحبەسەیە، مەبحەثەیی وەسوەسەیە
کەسی تێدا هەیە، ئەمما خۆش و خورسەندی نییە
لاپەڕەی 595
مەدرەسە: حوجرەی فەقێ .
مەحبەسە: حەپسخانە .
مەبحەثە: جێگای باس و لێکۆڵینەوە .
خورسەندیی: شادمانیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: حوجرەکانی فەقێ بەندیخانەی گیان و بیرن و، باسەکانی کە فەقێکان باسیان لێ ئەکەن هەموو وەسوەسە و خەیاڵی بێمایەن و ناڵێم فەقێکان بنیادەمی زیرەک و لێهاتوویان تیا نییە، هەن، بەڵام خۆشیی و شادمانیی لە دەم و چاویانا بەدیی ناکرێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (مەدرەسە) و (مەحبەسە) و (مەبحەثە) و (وەسوەسە) دا هاوئاوازییەکی جوان و، لەنێوان (مەحبەسە) و (مەبحەثە) دا – بە چاوپۆشییەوە لە جیاوازیی (سین) و ثێ – جیناسی قەلب هەیە.
دەستنووس
مەبحەثەیی (عم) و (کم) و (گم) و (عب) و (من) و (خب): مەبحەثی پڕ. کەسی تێدا هەیە ئەمما (عم) و (عب) و (خب): کەسی تیا نەبوە دڵێکی « لەگەڵ هەندێ وردە هەڵەی نووسینەوەدا ». خۆش و (گم): دڵی.
9
طالیبی ڕاهی (حیجاز) م، لە (موخالیف) هەڵدەن
بێ (نەوا) قەلبی حەزینم قەوەتی بەندی نییە
لاپەڕەی 595
ڕاه: ڕێگا .
حیجاز: وڵاتی حیجاز . ئاوازێکی مۆسیقایە .
موخالیف: ناحەز . ئاوازێکی مۆسیقایە .
بێنەوا: هەژار . بێ ئاوازی مۆسیقا .
بەند: ڕاگیربوون .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مادەم وڵاتی خۆم، ئەهلی دنیای ئەوەن کە باسم کردن، خانەقا و حوجرەی فەقێ و فەقێیشی هەروا، من ئەم وڵاتە بەجێدێڵم و ڕێگای حیجاز ئەگرمەبەر و، ئەوەی پێی ناخۆشە بیدەنە بەر شەق. دڵەی خەفەتباری هەژارم هێزی خۆڕاگرتنی لەم وڵاتەدا نەماوە و ئەبێ بڕۆم.
دیارە لەباری لەطافەت و ناسککاریشەوە ئەتوانرێ مەعنای بەیتەکە وا لێ بدرێتەوە کە: حەزم لە گوێ لێبوونی مەقامی (حیجاز) ە و مەقامی (موخالیف) م ناوێ و، دڵم بێ (ئاوازی مۆسیقا) خۆی پێ ڕاگیر ناکرێ.
دەستنووس
قووەتی (چر) و (ک) و (مز) و (عب) و (اح): بێ (ی) ی ئیضافە، لەبەر ڕێنووسی کۆن. (چن): قەوەتی. نیوەی دووهەمی ئەم بەیتە لە پەراوێزی (عب) و (من) دا بەم جۆرە نووسراوەتەوە:
بە نەوا قەلبی حەزین قووەتی سەربەندی نییە
بەڵام مەعنایەکی ئەوتۆ نابەخشێ.
10
شیعرەکانم، کە جگەرگۆشی منن، دەربەدەرن
دڵی» نالیی» چ ڕەقە، قەط غەمی فرزەندی نییە!
لاپەڕەی 596
جگەرگۆش: جگەرگۆشە، لایەک لە جگەر .
فرزەند: کوڕ، مناڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شیعرەکانم کە زادەی بیر و هۆشمن و ژانێکی سەخت گرتوومی پێیانەوە تا لەدایکبوون و، وەک پارچەیەک لە جگەرم وان، ئیستا لە کۆشی خۆما نەماون و دەربەدەر کەوتوون و، هەریەکێ پارچەیەکیانی بەلایەکدا بردووە.. ئای لە من، باوکێکی چەند دڵڕەقیم، خەمی مناڵی شیعری خۆمم نییە و، بە کۆڵانانا بەرەڵڵایان ئەکەم ئەم و ئەو بییانبەن و لەوانەشە هەندێ کەس هەندێکیان بکەن بە هیی خۆیان !.
بە بۆچوونی ئێمە ئەتوانرێ چەند شت لەم پارچە شیعرە وەرگیرێ.. یەکەم: ئەمە کە نالییی لە سەرەتای بەجێهێشتنی کوردستانا وتوویەتی و لەو سەردەمەدا لەباری ئەهلی دنیا و ئەهلی دینی وڵاتەکە بێزار بووە و، شێوەی هەڵسووڕان و بیرکردنەوەی فەقێ و شێخ و مەلای بە دڵ نەبووە. دووهەم: هەندێ کەس شیعری ئەویان دزیوە و کردوویانە بە هیی خۆیان، یا هیچ نەبێ لە شیعری خۆیاندا کەڵکیان لێ وەرگرتووە. سێهەم: ئەوە کە نالییی شیعری خۆی کۆنەکردووەتەوە. چوارەم: ئەوە کە ژنی نەهێناوە و مناڵی نەبوە.
دەستنووس
قەط (کم) و (گم) و (من): قەت. (خب): قەد. غەمی (گم): خەمی. ئەم بەیتە لە (خا) دا نییە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 596:
شیعرەکانم، کە جگەرگۆشی منن، دەربەدەرن
دڵی «نالی» چ ڕەقە، قەط غەمی فرزەندی نییە!

شیعرەکە ڕواڵەتی «دەربەدەری» بە مەبەست گرتووە لە بەیتەکە کەچی نالی لەبن پەردەوە پێمان دەڵێ: شیعرەکانم بە دنیادا بڵاو بوونەتەوە. بە شۆخییەوە خۆی «دڵ ڕەق» داناوە. چونکە فرزەندێک کە شیعر بێ هەتا دەربەدەر بێ بە برەوترە. گۆیا ئەگەر هەر لە دەفتەرێکی لای خۆیەوە ماباوە چ نرخێکیان دەبوو!