سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

لەو کەسە دینی ئەتۆ نووری دڵ و ئیمانیە،

1
لەو کەسە دینی ئەتۆ نووری دڵ و ئیمانیە،
ڕوو بە زوڵفت دامەپۆشە، یەعنی کافرسانییە
لاپەڕەی 588
دین: بینین .
کافرسانیی: کافرستانیی، وڵاتی کافران .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کەسانێک هەن بینینی تۆ لەجێی نووری دڵ و باوەڕدایە بۆیان. دەسا ڕووی وەک ڕۆژی خۆت لە ڕووی ئەو کەسانەدا دامەپۆشە و زوڵفی ڕەشی خۆتی بەسەردا مەهێنە و، ئەو سەرچاوەی باوەڕەیان لێ مەکە بە کافرسانیی..
ئێمە لەو باوەڕەداین وشەی (لەو کەسە)، لە بنچینەدا (لەو کەسەی) بووە و بە هەڵەی نووسیاران گۆڕاوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ئیمان) و (کافرسانیی) دا طیباق و، لەنێوان (دین) و (ئیمان) دا جۆرە تەناسوبێک هەیە، هەرچەند (دین) لێرەدا بەمەعنا (ئایین) نییە.
دەستنووس
ئەم پارچە شیعرە تەنها لە نووسخە چاپەکانی (عم) و (گم) دا هەیە. ئێمەش بە هیی (نالییی) ی ئەزانین. کەسیش نەیوتووە هیی ئەو نییە.
2
دڵ کەوا هەم قاسییە، هەم عاصییە، دوورە لە تۆ
مونزەجیر نابێ، کە حوببی تۆ لە قاصیی دانییە
لاپەڕەی 589
قاسیی: ڕەق .
عاصیی: گوناهبار .
مونزەجیر: ئەوەی لەسەر کردنی شتێ لێی تووڕە ببن و ئەویش لە کردنی ئەو شتە دەسبەردار ببێ .
قاصیی: دوور .
دانیی: نزیک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دڵم کەوا ڕەقیشە چونکە لەبەر ئەم سزای دوورییەی تۆدا خۆی ڕائەگرێ و، گوناهباریشە چونکە بێگوێیی تۆ ئەکا کە ئەتەوێ دەس لە یەخەت بکاتەوە و نایکاتەوە، بۆیە وایە چونکە دوورە لێت. ئەگەر لە خۆتت نزیک بخستایەتەوە، هەرچیت پێ بووتایە بە گوێی ئەکردی. بەڵام ئەو هەر لەبەر دووری لێتەوە دەسبەردار نابێ لە خۆشەویستیت، چونکە خۆشەویستیی تۆ فەرقی دوور و نزیکی تیا نییە و، ئەوەی خۆشی بوێیت، دووری و نزیکیی چون یەکە لای.
نالییی ئەم بەیتەی وا داڕشتووە وەک بڵێی (فێڵ) بکا لە یار. پێی ئەڵێ: تۆ هەر تەنها دڵم لە خۆت نزیک بخەرەوە، ئیتر هەموو شتێ بەئارەزووی دڵی تۆ ئەبێ.. بەڵام یار بۆچی نزیکی ناخاتەوە؟ چونکە نایەوێ لێیەوە نزیک بێ.. کە نزیکی خستەوە لە خۆی، ئیتر چیی تیا ئەمێنێ و، چی ئەمێنێ دڵ بە گوێی بکا تیایدا؟ !
جیاکردنەوەی (قاصیی) و (دانیی) لەیەک، کاری ئێمە خۆمانە. نووسخەکانی (عم) و (گم) نووسیویانە (لە قاسیی دا نییە). ئێمە ئەمەمان لا هەڵە بوو، چونکە مەعنایەکی ئەوتۆ نابەخشێ و وشەی (قاسیی) یش دوو جار لە بەیتەکەدا دووبارە ئەبێتەوە. ئەگەر بیاننووسییایە (لە قاصیدا نییە) ڕێی تێئەچوو، هەرچەند ئەو جوانییەی نەئەبوو کە (قاصیی) و (دانیی) هەیانە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (قاسیی) و (عاصیی) دا، ئەگەر بەهۆی نزیکیی (سین) و (صاد) ەکەیانەوە لەیەک، چاوپۆشیی لە جیاییەکەیان بکەین، ئەتوانین بڵێین جیناسی لاحیق هەیە. لەنێوان (عاصیی) و (مونزەجیر) یشدا تەناسوب و، لەنێوان (قاصیی) و (دانیی) یشدا طیباق هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 589:
دڵ کەوا هەم قاسییە، هەم عاصییە، دوورە لە تۆ
مونزەجیر نابی، کە حوببی تۆ لە قاصی دا نییە

ئەم بەیتە زۆر ئاوخوازە. شەرحەکە ماوەی باشی بڕیوە بەڵام وادەزانم وردە حیسابی تێدا هەیە بەر شەرحەکە نەکەوتووە: وشەی «قاسی» بنەمای «مقاساة»ـە، ڕەنگە «قاسی» خۆی بە واتای «مقاسی» ڕۆیشبێت، بەداخەوە قامووسم لا نییە بۆی بگەڕێم. نالی خۆی ئەم لایەنەی چارە کردووە بە جیرانەتیی «هەم» لەگەڵ «قاسی» کە بەسەریەکەوە بخوێندرێتەوە «هەمقاسییە»ی لێ دێتەوە و «مقاسی» پەیدا دەبێ. «موقاسی» بەواتای عەزابچێژ دێت. بە زۆری ئێستا، خەلق، «معانی، معاناة و موعانات» بەکار دەهێنن – نالی کە «مقاسی»ـیە، لەبەر دوورییە لەیار. کە «عاسی - نافەرمان»ـە لەوەوەیە، وەک شەرحەکەش دەڵێ، کە «منزجر» نابێ و کۆڵ نادات سەبەبیش ئەوەیە کە عیشقی مەعشووقە لە «قاسی- دوور» «دانی - نزیک»ـە چ جایی ئەوەی لێی نزیکە.
وشەی «قاصی» لە خوێندنەوەی کوردانە دەبێتە «قاسی» بە واتای ڕەق و توندوتیژ. لەوەی گوتمان «هەمقاسی» وشەی «قاسی» پەیدایە کە «قاصی، قاسی» دەنگدەرەوەیەتی، لەمەوە کە «قاسی» یەکەممان سڕییەوە «قاسی» دووهەم هەم دەسڕێتەوە و هەم «قاصی» بە زەقی دیارە. بەو پێیە نالی دوای پاکانە لە «عصیان» و لە «قسوەت» حەقیەتی بڵێ حوببی لە قاسیدا نییە «حوببی تۆ لە قاصی دا نییە» نزیکە بەڵام لە قاسیدا نییە.
3
گوێت لە ئاوازی سوروشکی من گرانی گوارەیە
غافڵی لەم دوڕڕی بەحرەین و عەقیقی کانییە
لاپەڕەی 590
بەحرەین: گەورەترین دوڕگەکانی وڵاتی بەحرەینە کە لە ٣٣ دوڕگە پێکهاتووە لەناو کەنداوی عەرەبدا .
عەقیق: مووروویەکی سووری گرانبەهایە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ بەهۆی قورسیی گوارەوە گوێت گران بووە و داچۆڕانی فرمێسکی منت گوێ لێ نییە، نازانێ چۆن دوڕڕێکی بەحرەین و ئاقیقێکی کان لە کانیی چاوی من دائەوەرێ کە فرمێسک و خوێنی چاومن و، گەلێ لە گوارەکانی خۆت شایانترن بۆ ئەوەی گوێت لە داوەرینیان بێ و (بیانکەیتە) گوێ..
نالییی لەم بەیتەدا گەلێ وردەکاریی جوانی کردووە: داوەرینی فرمێسکی چاوی خۆی شوبهاندووە بە مۆسیقا. لە قورسیی گوارەوە چووە بۆ گرانیی گوارە و، لە گرانیی گوارەوە چووە بۆ گوێ گرانیی. فرمێسکی چاوی شوبهاندووە بە دوڕڕ و، خوێنی چاوی شوبهاندووە بە ئاقیق. لە وشەی (بەحرەین) هەم وڵاتی (بەحرەین) و هەم هەردوو چاوی خۆی مەبەست بووە. لە وشەی (کانی) یش هەم (کان) و هەم (کانیی) ی مەبەست بووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
کەواتە لە (دوڕڕ) و (عەقیق) دا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 590:
گوێت لە ئاوازی سرووشکی من گرانی گوارەیە
غافڵی لەم دوڕڕی بەحرەین و عەقیقی کانییە
شەرحەکە باشی بۆ چووە، یەک نوکتە هەیە، بەلای بینینی منەوە، وەها دەکا «دوڕڕی بەحرەین و عەقیقی کانی»ـی فرمێسکەکانی نالی بۆ گوارەی گوێی یاریش ماڵ بن. وا دەزانم لەفظی «کانی» لە فیعلی «کنی، یکنی» وەرگیراوە و دەبێتە «اسم فاعل» بە واتای «کینایەساز» واتە بە کینایەی گرانبوونی گوێ لەبەر دوڕڕ و عەقیقێکی بە گوارەکەوەیە ئاوازی سرووشکی نالی نابیسێ... دەڵێم، ئەگەر کینایە لەبەیندا نەبێ گوارە لە خۆوە دوڕ و عەقیقی پێوە هەڵناواسرێ. گوارە گوێی گران کردووە بەو دوڕڕ و عەقیقی فرمێسکان کە لە ڕێی کینایەوە بۆی بۆتە ماڵ.
4
ڕوومەتت شەمعی شەوی قەدرە، دڵم پەروانەیە
نەحری میینای ڕۆژی عیدە، ڕۆحەکەم قوربانییە
لاپەڕەی 590
شەوی قەدر: شەوە تاکەکانی دەی دوایی مانگی ڕەمەزان کە عادەت وابوو زۆر کەس تا بەیانیی نەئەنووستن و مۆمیان دائەگیرساند و خواپەرستییان ئەکرد و، ئەوترا دوعای تیا گیرا ئەبێ .
نەحر: لای سەرووی سنگ . سەربڕین . حەیوانی سەربڕاوی ڕۆژی جەژنی قوربان .
میینا: مینا، منی، شوێنێکە لە مەککە قوربانیی سەربڕین و هەندێ بەشی تری حەج لەوێدا جێبەجێ ئەکرێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕوومەتت ئەو مۆمەیە لە (لیلة القدر) دا دایئەگرسێنن و (لیلة القدر) ەکەش زوڵفتە، دڵی منیش پەروانەیە بە دەوری مۆمی ڕووتدا ئەخولێتەوە. سنگت وەک (مینا) ی مەککە وایە لە ڕۆژی جەژنی قورباندا کە حەیوانی تیا سەرئەبڕن بۆ قوربانیی و، گیانی منیش لە (مینا) ی سنگتدا ئەبێ بە قوربانیی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
نالییی لە وشەی (نەحر) دا بەمەعنا لای سەرووی سنگ، ئەوەشی مەبەست بووە کە مەعنای (سەربڕین) یش ببەخشێ و بەم مەعنایە لەگەڵ وشەی (قوربانی) دا تەناسوبیان لەنێواندا ئەبێ. لە وشەی (مینا) ی بەمەعنا شوێنیش، ئەوەی مەبەست بووە کە مەعنای (شووشە) ش بگەیەنێ و لەگەڵ (نەحر) ی بەمەعنا (سنگ) تەناسوبیان لەنێواندا بێ. جگە لەم تەناسوبانە تێکڕا لەنێوان (شەمع) و (پەروانە) و، (نەحر) و (مینا) و (ڕۆژی عید) و (قوربانیی) یشدا تەناسوب هەیە. لە (مینا) شدا لەطافەت هەیە چونکە دوو مەعنا ئەبەخشێ.
5
خوێنی صیرفە پێی سەر و دەستت حەنایی کردووە
ڕەنگی دەست و سەر نییە، ڕەنگی سەری دەستانییە
لاپەڕەی 591
صیرف: ڕووت .
حەنایی: خەناویی .
دەستان: داستانیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو ڕەنگەی تۆ دەست و سەرت پێ خەناویی کردووە، ئەو ڕەنگە نییە خەڵکیی ئەیدەن لە دەست و سەریان، ڕەنگی، واتە خوێنی سەرە داستانییەکانی دڵدارەکانتە کە هەریەکێ ڕازێکیان لەگەڵت بووە و بەجۆرێک بە کوشتت داون.
ئەمە ئەو ئەندازەیە کە ئێمە لەم بەیتە بۆمان هەڵکڕێنراوە. لاشمان وایە نیوەی دووهەمی بەیتەکە، بەتایبەتیی دوا بڕگەی، شتی تری تیایە. ئەوەش بزانین کە (دەستان) مەعنای (فڕ و فێڵ) و (ئەفسانە) ش ئەبەخشێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی وشەی (پێی) و (سەر) و (دەست) دا تەناسوب هەیە، هەرچەند مەبەست لە وشەی (پێی)، (پێ) نییە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 591:
خوینی صیرفە پێی سەرو دەستت حەنایی کردووە
ڕەنگی دەست و سەر نییە، ڕەنگی سەری دەستانییە

شەرحەکە ناحەقی نییە کە دەڵێ: «... ئەمە ئەو ئەندازەیە کە ئێمە لەم بەیتە بۆمان هەڵکڕێنراوە. لاشمان وایە نیوەی دووهەمی بەیتەکە، بەتایبەتی دوا بڕگەی، شتی تری تیایە».
وەک من بۆی دەچم «دەست و سەر» لە نیوەبەیتی دووهەم دا «دەستەسڕ» مەبەستە لێی، کە یار ئالوودەی خوێنی عاشقانی کردووە و دەست و سەری پێ سڕیوەتەوە. ئەو دەستەسڕە، جاران «چەورە»ی پێ دەگوترا، ڕەنگیشی سنوورێکی خەنەیی بوو، نالی، بێگومان نووسیوەتی «سری دستانیە» لە کۆتایی نیوە بەیتی دووهەمدا. هەر وەک شەرحەکە وشەی «دستانیە»ی کردووە بە «داستانییە» دەشێ بشبێتە «دُستانییە» بە دانانی «ضمە» لەسەر دالەکە و بخوێندرێتەوە «دوستانییە» بە واتای عاشقان... خەیاڵێکی زێدە بەربڵاوی وەک زڕەخەون بە وەهممدا تێدەپەڕێ و بەند نابێ. لەوەدا کە «سەری دەستانییە» ئیشارەت بێ بۆ «سەری دەشتانییە» واتە سەرەتای حاڵەتی عوزری مانگانەی ئافرەتانیەتی، بێگومان نالی ئەم وێنەیەی بەدڵدا هاتووە.
6
دوور لە تۆ «نالیی» سەگێکە، بێوەفایە، هەرزەگۆ
بۆچی بانگی ناکەی ئەم کەلبە کە نانی نانییە؟!
لاپەڕەی 591
هەرزەگۆ: ئەوەی قسەی هیچ و پووچ بکا .
کەلب: سەگ .
نانیی نانیی: ئەوەی بە تەماعنانەبەر هەڵخەڵەتێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: عەیب نەبێ لە ڕووتدا، نالییی سەگێکی بێوەفا و هەڵەوەڕە. بۆ کەمێک ڕووی نادەیتێ؟ لایەکی لێ بکەرەوە و پاروویەک نانی بۆ هەڵدە، بە کلکەلەقە مل شۆڕ ئەکا و دێ بۆ لات و بێدەنگ ئەبێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەم لاپەڕە 591:
دوور لە تۆ «نالی» سەگێکە، بێوەفایە، هەرزەگۆ
بۆچی بانگی ناکەی ئەم کەلبە کە نانی نانییە؟!

شەرحەکە «دوور لە تۆ»ی هەر بە «عەیب نەبێ لە ڕووتدا»ی لێک داوەتەوە، سەرەڕای ئەمە و لەمەش بەهێزتر ئەوەیە کە نالی دوور کەوتەوە لێت سەگێکە بێوەفا و قسەپووچ [هەڵەوەڕ]. کەواتە بانگی بکە لای خۆت ئەم سەگەی «نانی نانی» کە بێحورمەتترین سەگە کە دەڵێن «کوچ کوچ نانی نانی» بۆی دەجمێ. سەگی بەوەفا گوێ ناداتە ئەم جۆرە بانگهێشتنە. دەشێ «نانی نانی» بکرێتە «نانێ نانییە» واتە تاکە یەک نان بەسیەتی بۆ بەدوو کەوتن.