سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

صەوتی نەغمەی بولبولە یا چەهچەهەی خڕخاڵیە؟!

1
صەوتی نەغمەی بولبولە یا چەهچەهەی خڕخاڵیە؟!
دەنگی سۆلە، یا لەژێر پێی ناڵە ناڵی ناڵیە؟!
لاپەڕەی 588
صەوت: دەنگ .
نەغمە: ئاوازی بولبول .
چەهچەهە: ئاوازی بولبول و پەلەوەرە دەنگ خۆشەکانی تر، لەو مەعنایەوە خوازراوە بۆ مەعنای (زڕە).
خڕخاڵ: بازنگ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم ئاوازە خۆشەی دێتە گوێم، نازانم دەنگی بولبولە ئەخوێنێ، یا زڕەی بازنگەکانی قۆڵی یارە؟ دەنگی سۆلەکانی پێیەتی، یا ناڵەناڵی ناڵی ژێر کەوشەکانیەتی، لەژێر پێیدا ئەزیڕێنێ و ئەزریکێنێ؟ مەبەستی لە (ناڵی ژێر کەوشەکان) شەخصی (نالییی) خۆیەتی، گوایە هەمیشە زەلیلی ژێر پێی یارە و هەرگیز لێی جوێ نابێتەوە.
نالییی ئەوەشی مەبەست بووە کە وشەی (ناڵیە) کە جاران لەگەڵ ( « نالییی » یە) ی ئیستا وەک یەک ئەنووسران، واش بخوێنرێتەوە.
دەستنووس
ئەم تاکە بەیتە لە دەستنووسەکاندا تەنها لە نووسخەی (ت) و (خب) و، لە چاپەکانیشدا تەنها لە (عم) و (گم) دا هەیە. لە نووسخەی (ت) دا لە دوادوایی دیوانەکەوە نووسراوەتەوە و پاش ئەوە نووسراوە « تمت شد..» واتە: تەواو بوو. لە نووسخەی (خب) یشدا لەپاش پارچە شیعری (ئەڵڵا.. ئەڵڵا.. چ جەماڵ و چ کەماڵێکی هەیە..) وە نووسراوەتەوە، وەک بڵێی دوابەیتی پارچەکەیە، هەرچەند ئاوازیشیان جیایە لەیەک. لە نووسخە چاپەکانیشدا بەشێوەی تاقانە بەیت دانراوە.
سۆلە (عم) و (ت) و (خب): صۆلە. لەژێر پێێ (عم): لەژێر پێ. (ت): لەژێر پای.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 588:
شەرحەکە «خڕخاڵ»ـی بە «بازنگەکانی قۆڵی یار» لێک داوەتەوە.
«خڕخاڵ» [خلخال ڕاستە - لە بەیتی نالیدا «مخلخل» هاتووە بە واتای خڵخاڵدار] لە گۆزنگی پێ دەکرێ هەر ئەمیش خزمی «سۆل» و «ژێرپێ»ـیە.