سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

بیدی مەجنوونە وجوودم لە هەموو بەر بەرییە

1
بیدی مەجنوونە وجوودم لە هەموو بەر بەرییە
نە کەسێ مونتەفیعی یەک بەری یا سێبەرییە
لاپەڕەی 585
بیدی مەجنوون: شۆڕەبی .
مونتەفیع: کەڵک وەرگر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بوونی من وەک شۆڕەبی وایە، هیچ جۆرە بەرێکی نییە، کەس قازانجی لە بەری یا لە سێبەری دەسناکەوێ. (نالییی) بۆیە سێبەری شۆڕەبیی بە بێسوود داناوە، چونکە هەمیشە با لقەکانی بەم‌لاوبەولادا ئەبا و هەر کەس لە سایەیا دانیشێ هەر تاوەناتاوێ سێبەرەکەی ئەبێ بە خۆر.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (بەر) و هەردوو (بەری) و (سێبەری) دا وشەئاراییەکی جوان هەیە. لە کۆکردنەوەی (یەک بەر) و (سێبەر) یشدا، هەرچەند دووەمیش یەک وشەیە و (سێ) و (بەر) نییە، طێباقێکی ناسک هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 585:
بیدی مەجنوونە وجودم لە هەموو بەر بەرییە
نە کەسێ مونتەفیعی یەک بەری یا سێبەرییە

شەرحەکە «بیدی مەجنوون»ـی هەر بە شۆڕەبی لێک داوەتەوە. ڕاستییەکەی، وشەی «بید» هەروەک لە فارسی بە واتای «بی» دێت، لە عەرەبیدا بە جەمعی «بیداء، بەیداء» دێت کە بریتییە لە صەحرا، مەجنوونیش قەیسی عاشقی لەیلایە، سەحرای قەیسیش وەکوو شۆڕەبی نە بەری هەیە و نە سێبەر. ڕێنووسی کۆن «بەر»ی بە «بر» دەنووسی. لەوانەیە «بر» بە «بر، بیڕڕ» بخوێندرێتەوە بە واتای چاکە. دیسانەوە «بر» بە «بر، بورر» دەخوێندرێتەوە بە مانای گەنم کە ئەویش بژێوە و لە صەحرا شین نابێ.
2
چیت لە کاکۆڵی سەر و موویی میانی داوە؟
هەمو هەر هەمم و پەرێشانیی و دەردی سەرییە
لاپەڕەی 585
میان: ناوقەد .
هەمم: هَمّ ، خەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: واز لە قژی بە کاکۆڵ کراوی سەری یار و لە ناوقەدی وەک موو باریکی بێنە.. هەموو هەر مایەی خەم و خەفەت و پەرێشانیی و دەردی سەرییە، دەسبەرداری بیی باشترە بۆت.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (سەر) و (موو) دا تەناسوب و، لەنێوان (هەموو) و (هەمم و) دا جیناسی تەرکیب هەیە.
دەستنووس
کاکۆڵی (چر) و (چن) و (ت) و (عب) و (اح) و (خا): کاکۆڵ. بۆ عەطفیش و بۆ ئیضافەش دەستئەدا. ئێمە ئەوەمان لا پەسەندتر بوو کە عەطفی کرابێتە سەر. (کم) و (گم) و (ک) و (مز) و (من): کاکۆڵ و. موویی (کم) و (ک) و (عب) و (من): مووی و. میانی داوە (« پەراوێزی » چر) و (کم) و (مز) و (عب) و (اح) و (خا): میان داوە کە موو. (عم) و (کم): میانت داوە. (ت): میاندایە کە موو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە نیوەبەیتی یەکەمی بەیتی دووهەمی لاپەڕە 585، دەبوو «موویی میانت» بێ نەک «موویی میانی» چونکە ڕووی قسە لە یار بێ نەک خەلقی لاوەکی مناسبترە لەگەڵ مەبەسی بەیتەکە:
چیت لە کاکۆڵی سەر و موویی میانی داوە؟
هەمو هەر هەمم و پەرێشانی یو دەردی سەرییە

وشەی «داوە» لە کۆتایی نیوەی یەکەمی بەیتەکەدا، یەک لە واتاکانی ئەوەیە کە بڵێ چ ڕەنگێک، بۆنێک لە کاکۆڵی سەر و مووی کەمەرت داوە؟ ئەم پرسیارە هەر بۆ دڵدارەکە دەچێتەوە، خۆ نالی نابێ لە هەموو کەسێک بپرسێ: چیت لە مووی سمێڵت یا داوی کەمەرت داوە؟ کەی نالی خەریک دەبێ کەمەری پوور فاتم یا صۆفی ڕەشید تەشبیهـ بکا بە موو؟ دەردیسەری تووش دێ نایێ چش!
واتای دووهەمی «داوە» ئەوەیە کە بڵێ: چیت بەسەر کاکۆڵی سەر و مووی کەمەرەوەیە؟ واتای سێهەمی داوەموو، داوەدەزوو دەگەیەنێ بە پێی جێگەی وشەکە.
3
بە ڕیا باری تەکالیفی ڕوسوومیی بۆ خەڵق
چ دەکێشیی؟ ئەمە حومقێکە عەلاوەی کەرییە
لاپەڕەی 586
تەکالیف: تەکلیفات، باری قورس لە ئەستۆ گرتن .
ڕوسووم: داب و نەریت .
حومق: بێعەقڵیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: باری قورسی کرداری ڕیاکاریی بۆ ئەگریتە ئەستۆی خۆت لە خۆڕایی؟ کرداری وا نەفامییەکە تەنانەت کەریەتیشی ناگاتێ.. مەبەستی نالییی لەو کەسانەیە کە بۆ ڕووپاماڵیی و خۆ بە پیاو چاک دانە قەڵەم ئەرکی وا ئەگرنە ئەستۆی خۆیان، نە خوا لەسەری فەرز کردوون و نە لە خۆیشیدا پێویستە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (تەکالیف) و (ڕوسووم) و (کەریی) دا کە بە ڕێنووسی جاران ئەنووسرا (کری) و لەوانە بوو بە (کرێ) یش بخوێنرێتەوە، جۆرە تەناسوبێک هەیە.
دەستنووس
تەکالیفی (چر) و (چن) و (ت) و (مز) و (عب) و (اح) و (خا): تەکالیف. بۆ عەطفیش و بۆ ئیضافەش دەستئەدا. ئێمە ئیضافەکەمان لا پەسەندتر بوو. (عم) و (گم): تەکالیف و.
ڕوسوومی بۆ خەڵق. (عب) و (من): ڕوسوومی بۆ خەڵک. (خا) روسووم بۆ خەڵقیی. دەکێشیی (کم): ئەکێشیی، حومقێکە: ئەمە تێکستی (چر) و (چن) و (عب) ە. نووسخەکانی تر: بارێکە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 586:
بە ڕیا باری تەکالیفی ڕوسوومی بۆ خەڵق
چ دەکێشی؟ ئەمە حومقێکە عەلاوەی کەرییە

من لە کۆنەوە خوێندوومەوە: بەریا باری. تەکالیف و ڕوسوومی خەڵقی. لەجیاتی «ئەمە حومقێکە» «ئەمە بارێکە»ـم دیتووە و بیستووە.
لە دەقی ناو شەرحەکە زانیمان «تکالیف» ئیضافە کراوە بۆ «ڕوسوومی» ئەدی «ڕوسوومی» بەو «ی» مضاف الیە بۆ کێ دەچێتەوە؟ ضەمیرەکە «ی – کەسی سێیەمی تاک» بێ مەرجەع دەمێنێتەوە. حومقیش هەر بریتییە لە «کەری». هەرچی «بار»ی نیوەبەیتی دووهەمە لە مەعنادا «سەربار»ـە چونکە «عەلاوە»ی کەرییە. بەمەدا کەرایەتیی دەبێتە باری تەکالیف...
4
موطمەئین خاطر و ئەیمەن مەبە هەرگیر لە شەڕی
نەفسی ئەممارە، کە ئەم مارە لەگەڵ تۆ شەڕییە
لاپەڕەی 586
موطمەئین خاطر: دڵنیا .
ئەیمەن: ئەمین .
نەفسی ئەممارە: دەروونی فەرماندەر بە خراپەکردن .
شەڕییە: شەڕیەتی، یا شەڕانییە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرگیز دڵنیا و بێترس مەبە لە نەفسی خۆت کە ڕێگای خراپەت پیشان ئەدا و فەرمانت ئەداتێ کە خراپە بکەی و، هەڵت ئەخەڵەتێنێ.. ماری نەفس لەمێژە لەگەڵ بنیادەمدا لە شەڕایە و ئەیەوێ بە لاڕێیدا بەرێ و، مرۆی زیرەک نابێ لێی پشتەسوور بێ و پاڵی لێ بداتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ئەممارە) و (ئەم مارە) دا جیناسی تەرکیب و، لەنێوان (شەڕی) و (شەڕییە) دا جیناسی ناقیص هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 586 دەبوو شەرحەکە لە ئاست «نەفسی ئەممارە»دا بڵێ کە ئەمە ئیشارەتە بۆ ئایەتی «ان النفس لامارة بالسوء».
5
لۆمەیی «نالیی» یی دێوانە مەکەن ئەی عوقەلا!
ئەمە موددێکە زەدەی لەطمەیی دەستی پەرییە
لاپەڕەی 587
دێوانە: شێت .
عوقەلا: جەمعی عاقلە .
زەدە: لێدراو . دەست لێوەشێنراو .
لەطمە: شەقازلە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ژیرینە ! لۆمە و سەرزەنشتی نالییی شێت مەکەن کەوا لەوانەیە قسەی لەجێی خۆیا نەبێ. ماوەیەکە پەرییان دەستیان لێ وەشاندووە و گرفتاری تیری نیگای نازداران بووە و، بەدەم دەردەوە ئەناڵێنێ و نەهاتووەتەوە سەر خۆی.
نالییی ئەوەشی مەبەست بووە کە وشەی (« نالییی » یی) بە (ناڵەیی) یش بخوێنرێتەوە، واتە: ناڵەی دێوانە..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (دێوانە) و (عوقەلا) و (دێوانە) و (زەدە) و (پەریی) و (زەدە) و (لەطمە) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
ئەمە موددێکە زەدەی لەطمەیی: ئەمە تێکستی (چر) ە. (« پەراوێزی » چر و خا): موددەتێکە زەدەیی لەطمەیی. (چن): موددەیێکە زەدەیی لەطمەیی. (عم) و (گم): موددەیێکە کە زەدەی لەطمەیی. (کم) و (خا): موددەیێکە کە زەدەی لۆمەیی. (ت): کە دەمێکە زەدەیی لەطمەیی. (ک) و (اح): موددەیێکە کە زەدەی لەطمەیی. (مز): چونکە موددێکە زەدەی لەطمەیی. (عب) و (من): کەمە موودێکە زەدەی لەطمەیی. کەمە: کە ئەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 587:
لۆمەیی «نالی»یی دێوانە مەکەن ئەی عوقەلا!
ئەمە موددێکە زەدەی لەطمەیی دەستی پەرییە
لەم بەیتەدا نالی کە خۆی بە دێوانە (شێت) داناوە هۆیەکەی درکاندووە ئەویش «لەطمەی پەری»ـیە کە مەشوورە پەری، جنۆکە دەست لە خەڵق دەوەشێنن و شێتیان دەکەن. ڕووی قسەشی لە «عوقەلا» هەم جۆرێکە لە توانجی داپۆشراو کە دڵیان لە عیشق بەتاڵە و هەم ڕووبەڕووکردنی عەقل و دێوانەییە کە دەبوو جێگۆڕکێ بکەن چونکە لە حەقیقەتدا، بەلای نالییەوە، دێوانە عاقڵە، ئەگینا چۆن عاقڵ لۆمەی عاشق دەکات!
لەتەک «پەری»ـدا وشەی «دێوانە» «دێوئاسا»ش جۆرێکە لە مەخلووقاتی نەدیتراو.