سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

بەرگی دنیا هێندە کورت و کۆنە و بازاڕییە

1
بەرگی دنیا هێندە کورت و کۆنە و بازاڕییە
چونکە ناگاتە گونی دێوانەکەی، لێی عاریە
لاپەڕەی 578
عاریە: عەیب و شوورەیی لێ دێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو جل و بەرگەی کە بریتییە لە سەروەت و سامانی دنیا، هەرچەند بەدیمەن جوان و ڕازاوە بێ، لەڕاستیدا ئەوەندە بێدەوام و تەمەنکورت و دەسەودەس پێ‌کراو و ئایەخە، هەرگیز ناتوانێ مرازی بنیادەم جێبە‌جێ بکا، لەبەر ئەوە وەک بەرگێکی کورت وایە گونی دانەپۆشێ. بۆیە تەنانەت ئەو کەسەش کە شوێنی دنیا کەوتووە و بۆی شێت بووە، شەرمی لێ دێ لەبەری بکا. لێرەدا نالییی بۆ تەواوکردنی قسەکەی و ئیسپاتکردنی بێبایەخیی دنیا، هاتووە شێتی کردووە بە بەڵگە کە خۆی دائەماڵێ و بە ڕووت و قووتیی ئەگەڕێ و، ماڵی دنیای شوبهاندووە بە بەرگی شێت و، دنیاپەرست بە شێت خۆی و، بەرگ لەخۆداماڵینی شێتی بە دەربڕینی دەنگی ناڕەزایی ئادەمیزاد داناوە لە دنیا.. واتە شێت لە شێتیی نییە جلەکانی لەبەری دائەکەنێ، لە ژیرییەتی و دنیا بەلاوە هیچ و پووچە، بۆیە خۆی لێ ڕووت ئەکاتەوە.
بەڕای ئێمە ئەبێ وشەی (عاریە) هەر بەم جۆرە لێک بدرێتەوە کە ئێمە لێکمان داوەتەوە، نەک بە (عاریی) ی بە مەعنا (ڕووت) و ضەمیری (ە)، چونکە ئەگەر وابوایە پێویست بەو پرسیار و وەڵامە نەئەما کە لە بەیتی دووهەمدا هەیە.
دەستنووس
کۆنەوو (چر) و (عب) و (من) و (خب): کوتە و = کۆتەهـ و. بەڵام ئاشکرایە هەڵەیە چونکە (کۆتەهـ) یش هەر (کورت) ەکەیە. گونی (عم): کنی. خۆیشی بە (نزدش) واتە (لای) مەعنای لێداوەتەوە، بەڵام ئاشکرایە بە هەڵەدا چووە. دێوانەکەی (چر) و (ک) و (عب) و (اح) و (من): دێوانەکە. لێی: ئەمە تێکستی (چر) و (عب) و (من) ە. نووسخەکانی تر، (ت) نەبێ،: لێ. (ت): پێ.
2
من لە بێبەرگیی (مەخە) م پرسیی، کە بۆچ ڕووتی؟ وتی:
«ڕەببی من شێت بم، ئەگەر شاد بم بە بەرگی عاریە!»
لاپەڕەی 579
مەخە: لەوانەیە کورتکراوەی (مەخوول) بێ کەو ئەویش کورتکراوەی (محمود) ە . دیارە ناوی شێتێکی دیاریی بووە لە سولەیمانیی سەردەمی نالیییدا، زۆرجار بە ڕووت و قووتی گەڕاوە .
عاریە: خواستەمەنیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لە (مەخە) م پرسیی: بۆچ وا ڕووتی؟ لە وەڵاما وتی: « خوا شێتم کا ئەگەر بەرگی خواستەمەنیی شاد بم ». مەبەستی ئەوە بووە بڵێ: دنیا شتێ نییە بنیادەم پشتی پێ ببەستێ و ماڵی دنیا وەک ماڵی خواستەمەنیی وایە، بۆیە منیش لەبەری ناکەم و بە ڕووتیی ئەسووڕێمەوە. ئەمە نالییی بە دەمی (مەخە) وە ئەیگێڕێتەوە پەنجەی تاوانبار کردنی تێکڕای کۆمەڵە و وائەگەیەنێ ئەم کۆمەڵە هەمووی شێتە ئەوانەی نەبێ داب و نەریتی کۆمەڵایەتییان پشت گوێ خستووە..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (بێبەرگیی) و (بەبەرگی) دا طیباق‌ و، لەنێوان (ڕووتیی) و (وتی) دا جیناسی لاحیق و، لەنێوان (شێت) و (شاد) یشدا – بەوپێیە کە (د) وەک (ت) ئەخوێنرێتەوە – وشەئاراییەکی جوان هەیە.
دەستنووس
مەخەم (عم): مەحەم. (عم) لەسەریشی نووسیوە: « بفتح میم، محمد نامی بوده » واتە میمەکەی سەری هەبێ، موحەممەد ناوێک بووە. (کم): محەم. لە نووسخەکانی (ت) و (« پەراوێزی » عب و من) و (اح) و (من) و (خا) دا بە هەڵە نووسراوە. گوتی (عم): وتی. ڕەببی من: ئەمە تێکستی (چن) ە. نووسخەکانی تر هەموو: (یا رب) و (یا ربی)..
3
خەلعەتی تەشریفی هەرکەس بێ چییە، غەیری کەفەن!
هەر ئەوە هەم فاخیرە و بۆ ئاخیرە و یەکجارییە
لاپەڕەی 579
خەلعەت: خەڵات .
تەشریف: قەدرزانین و گەورەکردن .
کەفەن: کفن .
فاخیر: نایاب و گرانبە ه ا .
ئاخیرە: ڕۆژی قیامەت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خەڵاتی قەدرزانین کە بە بنیادەم بدرێ، لە هەر کەسەوە بێ، هیچ بایەخی نییە. تاقە خەڵاتێ کە بایەخی ببێ کفنە، چونکە شتی بایەخدار ئەوەیە بەردەوام بێ، لە ماڵی دنیاشدا هیچ شتێ لە کفن بایەخدارتر نییە، چونکە هەر ئەوە لە یەک کاتدا پاک و خاوێن و جوانیشە و سەراپای لەش دائەپۆشێ و دوا بەرگیشە تا ڕۆژی قیامەت و لەوپەڕی پێویستییشایە بۆ ئادەمیزاد.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (فاخیرە) و (ئاخیرە) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
خەلعەتی (چر » و (چن) و (عب) و (اح) و (من) و (خب): بە بێ (ی) ی ئیضافە. ئەمیش هەر (خەلعەتی) یە. فاخیرە و بۆ ئاخیرە و: ئەمە تێکستی تەنها (عب) ە. نووسخەکانی‌تر، (عم) نەبێ کە هەڵەیە، فاخیرە بۆ ئاخیرەت.
4
کونجی ڕاحەت، تاجی عیززەت خاریخی مەعموورەیە
کەندەبوو هەر بانگە بانگ و هودهودیش هاواریە
لاپەڕەی 580
مەعموورە: ئاوەدانیی .
هودهود: پەپوە سڵێمانە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گۆشەیەک کە بنیادەم تیا بحەسێتەوە و، تاجێکی سەربەرزیی کە بنیادەم بینێتە سەری، لەناو خەڵک و ئاوەدانیدا دەسگیری نابێ. ئەبێ بۆی دوور کەوتێتەوە لە خەڵک و کونجی دوورەپەرێزیی بگرێ و لە درۆزنیی و ماستاوکردن و فێڵ و تەڵەکەی کۆمەڵ تەرا بێ.. هەر بۆیەشە وا کوندەبەبوو و پەپوە سڵێمانە بانگە بانگ و هاوار هاواریانە و ئەم ڕاستییە لە خەڵک ئەگەیەنن و خۆشیان لە ئاوەدانیی دوور کەوتوونەتەوە و ئەوەتە یەکەمیان کونجی چۆڵی وێرانە و دووهەمیان تاجی سەربەرزیی دەسگیر بووە کە پۆپنەکەی سەریەتی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە هێنانی (کوندەبەبوو) و (هودهود) دا بەدوای (کونج) و (تاج) دا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە.
دەستنووس
کونجی (عم) و (کم) و (گم) و (من): گەنجی. مەعموورەیە: نووسخەکانی بەردەستمان، (خا) نەبێ، هەموو بەمجۆرەیان نووسیوە: (معموریە) کە بۆ (مەعموورەیە) و (مەعموورییە) ش دەستئەدا. ئێمە (مەعموورەیە) مان هەڵبژارد. (خا): مەعموورییە. بانگە بانگ و هودهودیش (« پەراوێزی » چر) و (عب): بانگە بانگ هودهود هەر. (کم) و (گم): بانگە بانگە، هودهودیش.
5
پۆست بە کۆڵی (عامیری) فەرمووی کەوا بۆ پوختە بوون
جەوتی سەرکێوان گەلێ چاتر لە (تاڵیی شاری) یە
لاپەڕەی 580
پۆستبەکۆڵ: ئەوەی پێستی حەیوان لەبەر ئەکا . مەبەست لە (مەجنوونی لەیلا) یە .
عامیریی: ئەوەی لە هۆزی (بنی عامر) بوو .
جەوت: کڵاوی بەڕووی بەری داربەڕوو کە ئەیکوتن و پێستەی پێ خۆش ئەکەن و ئەیکەن بە کوندە و مەشکە .
تاڵی شاریی: دەرمانێکە بۆ خۆشکردنی پێستە بەکاری دێنن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
لەم بەیتەشدا نالییی بەڵگە بۆ ئەوە دێنێتەوە کەوا دوورەپەرێزیی و لە ئاوەدانیی دوورکەوتنەوە چاکترە بۆ بەختەوەریی مرۆڤ لەوەی لەناو خەڵکا بێ. ئەڵێ: مەجنوونی کەوڵ بە کۆڵ کە خۆی یەکێ بوو لەوانەی ئاوەدانییان بەجێهێشتبوو و کەوتبوونە چۆڵەوانیی و تاقییکردنەوەی تایبەتیی لەم مەیدانەدا هەبوو، وتوویە بۆ پوختەبوونی پێستەی حەیوان جەوتی سەر کێوان کە بەرهەمی شاخ و کێو و چۆڵییە لە تاڵی شاریی باشترە کە دەرمانێکە لە بازاڕی شارەکاندا ئەفرۆشرێ. کەواتە بۆ پوختەبوونی ئادەمیزادیش ژیانی شاخ و کێو چاترە تا ژیانی ناو شار و ئاوەدانیی.
دەستنووس
فەرمووی کەوا بۆ پوختەبوون (عم): وابوو بە کێویی پوختە بوو. جەوتی: (عب): جوت. ئەمیش هەر (جەوتی) یە. چاتر (عب): خۆشتر.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
نیوەبەیتی دووهەمی بەیتی دووهەمی لاپەڕە 580 [کە دەبوو زووتر باسی بکەم] دیوومە و بیستوومە وەها تۆمار کراوە: «جەوتی سەر کێوان گەلێ چاتر لە «تاڵی شاری»ـیە».
بە باوەڕی من لە کۆتایی قەصیدەکە «نەظمی نالی» لەبارترە تا «نوصحی نالی»: «نەظمی» نێوەدێڕی یەکەم بۆ شیعرەکەیە، «نەظمی» دووهەم بۆ هۆندنەوەی مراوییە.
6
قوش قوشی ڕاویی نەبێ، مورغی کولانە و ئاخوڕە
سەگ سەگی تازیی نەبێ، کادینیی و ئەنبارییە
لاپەڕەی 581
قوش: پەلەوەرێکە وەک باز ڕاوی پێئەکەن .
مورغ: مریشک .
تازیی: تانجیی .
کادینیی: نیشتەجێی کادان .
ئەنباریی: نیشتەجێی عەمار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بنیادەم بێ یا هەرچیی، ئەبێ کار لێهاتوو بێ و بۆ ئەو کارە دەسبدا کە بۆی دانراوە. بۆیە، ئەگەر قوش قوشێ نەبێ ڕاو بکا، فەرقی لەگەڵ مریشک چییە؟ سەگ ئەگەر سەگی ڕاو نەبوو، مەگەر هەر لە کادانا لێی بکەوێ و پاسی عەمار بکا.
دەستنووس
کادینی یو (خب): کادینەوو. (عم) و (گم): گاوی بنەی.
7
فەرقی کۆساران لە پاساران دەفەرمووی وەک چییە؟
وەک عەزیزیی باز و وەک بێحورمەتیی پاسارییە
لاپەڕەی 581
کۆسار: کوێستان .
پاساران: پەنا گوێسەوانە .
عەزیزیی: خاوەن عیززەتیی .
پاساریی: چۆلەکە پاساریی .
واتە: ئەگەر ئەپرسیی فەرقی کۆسار و بنپاسار چییە کە هەردوکیشیان هەر فێنکیی ئەبەخشن و ئەویان خۆری تیا بێتینە و ئەمیان خۆر نایگرێتەوە ئەڵێم فەرقیان وەک فەرقی خاوەن شان و شکۆیی باز و بێحورمەتیی چۆلەکەپاساریی وایە . باز چونکە بەدەرەوەیە، ئەوەندە دەروون بەرزە خۆی لە قەرەی هیچ شتێکی پیس و ناشیرین نادا و هەر گۆشتی پەلەوەری خۆڕاوکردوو ئەخوا، بەڵام چۆلەکە پاساریی چونکە لە ئاوەدانیی و لەبن پاسارا ئەژیی، حەیا و حورمەتی نییە و هەر تاوێ نە تاوێ نێر مێیان لەناو خۆیاندا لە یەک ئەپەڕن !
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەم بەیتەش هەر بەڵگەیەکی ترە نالییی ئەیهێنێتەوە بۆ ئیسپات کردنی باشیی چۆڵەوانیی و دوورەپەرێزیی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (کۆساران) و (پاساران) دا وشەئارایی و، لەنێوان (پاساران) و (پاساری) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
کۆساران (چر) و (چن) و (ت) و (ک) و (عب) و (اح) و (خب): کۆهساران.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووەنی لاپەڕە 581:
فەرقی کۆساران لە پاساران دەفەرمووی وەک چییە؟
وەک عەزیزیی باز و وەک بێ حورمەتیی پاسارییە

شەرحەکە وەهای بۆچووە کە باز بەدەرەوەیە و خۆ لە شتی پیس و ناشیرین ناگەیەنێ گۆشتی مەلی ڕاوکردووی خۆی ئەخوا، باز هی کۆسارانە، پاساریش هی بنەگوێسەوانەیە و حەیا و حورمەتی نییە و تاوناتاو نێرومێیەی لێک دەپەڕن...
نالی لە قەصیدەکەی دا ژیانی سادە و دەشتودەر و کۆسار هەڵداوێرێ بەسەر هی ئاوەدانی، نموونەش لە عەزیزی باز و بێ حورمەتیی پاساری دەهێنێتەوە لە نەظەر خەڵقدا، بەوەدا باز لە کۆسار و شوێنی سەخت و بەرز دەژیت پاساریش لە کونی گوێسوانە هێلانە دەکات. مەسەلەی نێر و مێی پاساریی لێکتر پەڕین، شتێک نییە هەمیشەیی بێ وەک شەرحەکە بۆی چووە، لای بەهار ئەو پێدافسینە دەبێ، چ بۆ پاساری و چ بۆ باز...
8
سەهم هەتا جوعبەنشین بێ، گۆنە زەردی خەڵوەتە
قەوس هەتا چللە گوزین بێ، هەر ئەسیری خوارییە
لاپەڕەی 582
سەهم: تیر .
جوعبە: تیردان .
گۆنە: گۆنا .
قەوس: کەوان .
چللە: ئەو ژێیەی کەوانەکە ئەچەمێنێتەوە .
گوزین: هەڵاوێردوو و پەسەندکردوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تیر، تا شارراوەی ناو تیردان بێ، ڕووی زەردە، چونکە خەڵوەتنشینیی کردووە بە پیشەی خۆی. کەوانیش تا هاوڕێی ژێکەی بێ و ئەو هەڵاوێرێ و لێی جیا نەبێتەوە، ئەبێ ملکەچ و پشتکۆماوە و دیلی پەستیی بێ.
لە یەکخستنی (سەهم) و (قەوس) و، لەنێوان (گۆنە زەرد) و (خەڵوەت) دا تەناسوب هەیە. نالییی بەتایبەتیی وشەی (خەڵوەت) و (چللە) شی خستووەتە پاڵ یەک، چونکە (چلە) ی صۆفییانیش چل ڕۆژە لە خەڵوەت‌ خانەدا بەسەری ئەبەن.
دەستنووس
سەهم هەتا (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (ک) و (اح) و (خب): سەهم تا. قەوس هەتا (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (ک) و (اح) و (خب): قەوس تا. ئەمیش هەر (قەوس هەتا) یە. گۆنەزەردی (چر) و (چن) و (کم) و (ک) و (عب) و (خا): کۆن و زەردی. (من): کۆن و زەرد و. گوزین بێ (ت): گوزین. ئەبێ (گوزینە) بێ.
9
نوصحی «نالیی» ڕەنگە هەرکەس بیبیێ، بیکاتە گوێ
چونکە نەظمی صاف و وردە، هەروەکوو مروارییە
لاپەڕەی 582
نوصح: ئامۆژگاریی .
بیبیێ: بیبیسێ .
نەظم: هۆنینەوە . شیعر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئامۆژگارییەکانی نالییی ئەوەندە بەجێ و دڵگیرن، لەوانەیە هەرکەس بییانبیسێ، وەک گوارە بکاتە گوێی، لە گوێیان بگرێ و بییانگرێتە دڵ و لە بیری نەچنەوە، چونکە لە گوارەیەکی مرواریی ئەچن دەنکەکانی ساف و ورد بن و جوان هۆنرابێتەوە، کە دەستی هەر کچێ بکەوێ هەرگیز دایناکەنێ لە گوێی.
دەستنووس
نوصحی (عم) و (کم) و (گم): نەظمی. بیبیسێ (کم): بێ کە ئەو. بیکاتە (چر): بیگرێتە. وردە (کم): دوڕڕە.