بیستم لە هەموو لایە مەیلی شەڕ و دەعوایە
1
بیستم لە هەموو لایە مەیلی شەڕ و دەعوایە
سەودا لە سەرمدایە، باکم چ لە غەوغایە
لاپەڕەی 561
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بیستوومە لە هەموو لایەک هەرا و ئاژاوەیە و خەڵک بەربوونەتە گیانی یەکتر. بەڵام من گوێ بە هیچی نادەم، هەوای عەشقم لە کەللەدایە و خەریکی عەشقی خۆمم، چش با خەڵکی یەکتر ببڕنەوە.
دیارە نالییی ئەم پارچە شیعرەی لە سەردەمی پشێوەیەکی گەورەدا وتووە.
دەستنووس
چ لە غەوغا (چر): چی لە سەودایە. (چن) و (ک): لە چی غەوغایە. نووسخەکانی بەردەستمان هەموو لەجیاتیی (ج) نووسیویانە (چی). ئێمە خۆمان کردمان بە (چ).
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 561:
بیستم لە هەموو لایە مەیلی شەڕ و دەعوایە
سەودا لەسەرمدایە، باکم چ لە غەوغایە
شەرحەکە وادیارە، لە واتای «غەوغا - غوغاء» هەر ئاپۆرەی خەڵقێکی ئاژاوەچی پەسەند کردووە، گۆیا نالی دەڵێ: چش با خەڵکی یەکتر ببڕنەوە من هەرای عیشق لە کەللەمدایە. بەلای کوردەوە «غەوغا» هەرا و هوریایەکەیە نەک خەڵکەکە، نالیش نەیگوتووە پەکم بە بڕانەوەی خاڵک نەکەوتووە، مەبەستی تێک هاویشتنەکەیە کە لە تەک سەودای سەری، خوێ نانوێنێ. مەرجیش نییە هەوای ڕاستەقینە لەبەیندا بێ چونکە کەم شاعیر هەیە ئەم لایەنەی نەخستۆتە ناو شیعریەوە بێ ئەوەی هەرا و مەزاد هەبووبێ.
حافضی شیرازی قەصیدەیەکی سەر لە بەری لەم مەعنایەدا هەڵبەستووە: این چ شور هست کە در دور قمر می بینم...
چەندێکی دەکەم ناچێتە دڵمەوە بەیتی کۆتایی غەزەلەکە هی نالی بێ، نە واتاکەی نە داڕشتنەکەی لە نالی ناوەشێتەوە.
2
فەرمووی بە مژەی مەستی، ئازانە و تەڕدەستیی
سادەی لە دڵی سستی، تیرێ، بە تەمەننایە
لاپەڕەی 561
ئازانە: ئازایانە .
تەڕدەستیی: ئەوەتە بنیادەم زوو بێتە دەست و کار هەڵسووڕێنێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار فەرمانی دا بە برژانگە مەستەکانی کەوا ئازایانە بێنە دەست و تیرێ بنێن بە دڵمەوە، چونکە دڵ دەمێکە چاوەڕوانی ئەو تیرەیە، یاخود یار ئەیەوێ ئەو تیرەم پێوە بنرێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
وەصفکردنی (مژە) بە (مەست) مەجازە، چونکە (مەست) بۆ (چاو) بەکارئەهێنرێ نەک بۆ (مژە)، بەڵام چونکە (مژە) شێوەی لە (تیر) ئەچێ و (تیر) یش (چاو) ئەیتەقێنێ، صیفەتی (مەست) ی (مژە) دراوە بە (چاو). لەنێوان (مەستی) و (دەستیی) و (سستی) دا جیناسی لاحیق هەیە.
3
چەرخی چەپی گەردوونە، ڕاست و چەپی چەند دوونە
بێ چاکە چ بێچوونە، ڕاستیی لە چەپیی نایە
لاپەڕەی 562
دوون: سووک و بێبایەخ و پەست .
بێچوون: بێهاوتا، بێوێنە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چەرخی گەردوون کە هەمیشە خراپ وەرئەسووڕێ، مرۆ بخاتە لای ڕاست یا بیخاتە لای چەپ هەمووی هەر هیچە و، بنیادەم نە بە پێشخستنی پێشئەکەوێ و نە بە پاشخستنی پاشئەکەوێ. لە چاکەنەکردندا هاوتای نییە، دیارە شتێ بۆ کردنی خراپە دروستکرابێ چاکەی لێ ناوەشێتەوە.
دەستنووس
ڕاست و چەپی (ک) و (عب): ڕاست و چەپ. دیارە ئەبێ (چەپی) بێ. بێچاکە (ک): پەححا کە. پەححا: وشەی سەرسامییە.
4
پێم گوت: مەکە چاکچاکم، پێشخزمەتی زۆر چاکم ..
فەرمووی: بە سەری کاکم، داغت لە دڵمدایە! ..
لاپەڕەی 562
چاک چاک: لەتلەت .
پێشخزمەت: خزمەتکار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تکام لە یار کرد کە دڵم ئەنجن ئەنجن نەکا و ئازاردانم بەسی بێ و بگەینە یەک، چونکە من خزمەتکارێکی بەوەفام و هەرگیز خراپەم لێ نابینێ.. کەچیی لە وەڵاما وتی: بە سەری کاکم داخت لە دڵمدایە و هەر ئازارت ئەدەم و تا نەتکوژم وازت لێ نایەنم..
لێکدانەوەی ئەدەبی
وشەی (چاک) بە دوو مەعنای جیا بەکار هێنراوە و، لەنێوان (چاک) و (کاک) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
پێم گوت (کم) و (گم) و (عب) و (من): پێموت. داغت (چن) و (گم) و (عب): داخت.
5
زاهید! مەکە مەنعی دڵ، بۆ تۆ نییە سوودی گوڵ
خاکت بەسەر ئەی غافڵ! کەوتوویە چ سەودایە؟
لاپەڕەی 562
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی وشکەسۆفیی بەڕواڵەت دەست لە دنیا داشۆریو ! تۆ لۆمە و سەرزەنشتی دڵی من ئەکەی کە گیرۆدەی ڕوخساری وەک گوڵی یار بووە و داوام لێ ئەکەی پاشگەز ببمەوە و بێمە سەر ڕێگەی تۆ.. گوایە گوڵی ڕاستەقینە ئەوەیە کە تۆ شیفتەی بووی.. مەکە ! وا نییە و، تۆ هەرگیز گوڵت دەسگیر نابێ و سوودێکت لێیەوە چنگ ناکەوێ. خاکت بەسەر هەی نەفام ! دوای کڵاوی بابردوو کەوتووی و ئەتەوێ منیش لە خشتە بەری..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (دڵ) و (گوڵ) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
سوودی (کم) و (گم) و (من): وەصڵی. کەوتوویە (چن): کەوتووتە، واتە: بە منت وتووە ئەمە چ خەیاڵێکە شوێنی کەوتووی..
6
«نالیی» مەکە وەصفی تۆ .. باریکە نەمامی تۆ ..
مەعلوومە کە سەروی تۆ بێمیثلە لە دونیایە ..
لاپەڕەی 563
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی ! پێویست نییە تۆ دەس کەی بە تەعریفکردنی یارەکەت و بە شان و باڵیا هەڵبدەی.. مەکە ! هەموو کەس ئەزانێ یاری تۆ قەدباریک و باڵابەرزە، هەموان ئەزانن سەروێکە هاوتای لەو دنیایەدا نییە.
دەستنووس
مەکە (ک): مەدە. بێمیثلە (کم) و (گم) و (من): مەشهوورە