سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

سەری زوڵفت کە ڕشتەی عومری خضرە، نیوە هەودایە

1
سەری زوڵفت کە ڕشتەی عومری خضرە، نیوە هەودایە
چ هەودایە؟ کە هەر حەڵقەی دوصەد زەنجیری سەودایە!
لاپەڕەی 556
ڕشتە: دەزووی هۆنینەوەی ملوانکە و تەزبێح و شتی وا . هۆنراوە .
خضر: حەزرەتی (خضر) پێغەمبەر، یا (مەلا خدری نالییی) خۆی .
هەودا: تاڵ .
سەودا: عەشق .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەری زوڵفت کە لە درێژیدا وەک عومری هۆنراوەی حەزرەتی خضر درێژە، یا ئەو تاڵەیە عومری مەلا خدری نالییی پێوە هۆنراوەتەوە، ئەوەندە باریکە، ئەڵێی نیوە تاڵە، واتە لە تاڵیش باریکترە. بەڵام نیوە تاڵێکی چۆنە؟ نیوە تاڵێکی ئەوتۆیە هەر لوول خواردنێکی کاری دووصەد زنجیری دڵداری ئەکا.
دەستنووس
خضرە (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (من) و (خا): خضری. بەم پێیە ئەبێ وشەی (نیوە) یش بە (نێوە) بخوێنینەوە واتە:.. کە بە ڕشتەی عومری خضری ناو ئەبەن.. (ت) و (اح): خضر. بۆ سەر و بۆر و ژێر دەستئەدا. (ک): خضر و. نیوە (ت) و (ک) و (اح) و (خا) و (خب): نیمە. حەڵقەی دوصود (چر) و (عم) و (گم) و (ت) و (عب): حەڵقێکی صود. سەودایە (چر) و (چن) و (عم) و (گم) و (ت) و (اح) و (خا) و (خب): تێدایە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕەی 556:
سەری زولفت کە ڕشتەی عومری خضرە، نیوە هەودایە
چ هەودایە؟ کە هەر حەڵقەی دووصەد زنجیری سەودایە!

تێکست هەیە لە شەرحەکەدا «عومری خضری» نووسیوە، گیویش هەروەها. ئەگەر «خضرە» بنووسین موبتەدا و خەبەر دروست دەبێ و «نیوەهەودایە» دەبێتە موبتەدا و خەبەرێکی بێ مەرجەع، واتە نازانین «نیوە هەودا» بۆچی دەچێتەوە. لەو دەقەی دیکە «ی»ـی دوای «خضر» دەبێتە ضمیر بۆ «سەری زوڵف» دەچێتەوە و دەشێ بەیتەکە بەم جۆرە بنووسرێ [بێ چاوەدێری کێش و قافیە]: «سەری زوڵف ... عومری خضر نیوە هەودایەتی». وەک کە پرس بکەیت: کێ براتە؟ یەکێک بڵێ: منی برام، دارای برایە، دارا برایەتی.
لە سەرەتای دێڕی دووهەم دا وا پەسەندە بنووسرێ: «چ هەودایێ؟» نەک «چ هەودایە؟» وشەی «سەودا» ش لە کۆتایی بەیتەکە دا جگە لە دڵداری و عیشق ڕەنگی ڕەشیش دەگەیەنێ کە مووی یاری پێ تەشبیهـ دەکات. ئنجا «زنجیری سەودا» ڕادەگەیەنێ کە مرۆی سەودازەدەی پێ دەبەسترێتەوە: بە موبالەغەی یەک حەلقە بۆ دووصەد سەودا.
ئەم غەزەلە بە پێی بۆچوونی خۆم و بە بڕیاری سەرلەبەری بەیتەکانی شتێکە، کەمانەند، بگرە لەوانەیە بێمانەند بێ، لە مەڵبەندی هەڵبەستی کوردی کە پارێز بردنی شەوەکی شاعیرە بۆ سەر بالینی یارەکەی. ئەو شەوە مەشوورەی «ئەدەب» عەبدوڵڵابەگی میصباحوددیوان کە بە ئیقراری خۆی دەڵێ:

هەرچەند کە هەڵدەگرێ خەیاڵاتی چتی دی
ئەمما بە خودا غەیری تەصەوور نییە چی دی

وەک ئاشکرا دیارە شوێن پێ هەڵگرتنەوەی نالییە لە حیکایەتی:
مەستوورە کە حەسنا وو ئەدیبە بە حیسابێ
هاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێک و عیتابێ

وا لێرەدا، چی نووسیومە دەربارەی ئەم غەزەلە لە «چەپکێک لە گوڵزاری نالی» ڕایدەگوێزم بۆ بەرچاوی خوێنەر:
«زۆر شیعردۆستی نالیدۆستم دیوە وای زانیوە بەیتەکان هەر یەکە بۆخۆی لە واتادا سەربەخۆیە و پێوەندیی بەوانی ترەوە نییە. بەڵام ئەم هەڵبەستەیان وەک چەندێکی تر لە دیوانەکە دا «وحدە»ی تێدایە و تەجرەبەیەکی سەردەمی گەنجایەتی نالی دەگێڕێتەوە کە گومان نییە لە ڕوودانی. فڕکەی دەمار و گەرمی نەفەسی نالی لە هەڵبەستەکەدا ئەو ئیحتیمالە پاشگەز دەکەنەوە کە زادەی خەیاڵ بێ. با شیعرەکان خۆیان بێن و پەیامی ڕاستبوونی ڕووداوەکە ڕاگەیەنن:
سەری زولفت کە ڕشتەی عومری خضری نیوە هەودایە
چ هەودایێ کە هەر حەڵقێکی صەد زنجیری سەودایە
برۆت تیغێکە وەسمەی«صیقل»ـی مەسلوول و مووکارە
کە عێشوەی جەوهەرە، ڕەمز و ئیشارەی ئاو و مەودایە
بە نەشئەی سستی و مەستی وەها مەستوور و مەخموورە
نەزانم خەو لە چاوتدایە یا چاوت لە خەو دایە
لە سایەی کوفری زوڵفت دڵ «فنا فی النور»ی ئیمانە
مەڵێن ظوڵمەت خراپە وەصڵی پەروانە لە شەودایە
هەناسەم زوڵفەکەی لادا و مەیلێکی نەکرد چاوی
نەسیم ئەنگووت و شەو ڕابورد و نەرگس هەر لە خەو دایە
لە «دوری» تۆیە ئەی خورشیدی پرتە و بەخشی شەوگەردان
کە نالی وا لە حاڵاتی محاقی ماهی نەودایە

نالی لەم هەڵبەستەدا پاتەوپات بزۆزیێکی دڵدارانەی کاتی گەنجایەتیی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە: لە تاریکی شەودا پارێزی بردووە بۆ بالینی خۆشەویستەکەی گەیشتۆتە تەنیشت و ڕۆخی تا ئەو ڕادەیە هەناسەی زولفەکەی لاداوە لەسەر ڕووی، نەک هەر لەرزاندووەتیەوە، بەڵام نەوێراوە، یاخود لە دەرفەتی ڕانەدیوە، ئەوەندە لەو وەزعەدا دەوام بکا یارەکەی بەخەبەر بێنێ. دزانە چووە و دزانە هاتۆتەوە، هیدەش تینوو و کەسەر لە دڵ بووە دوا دڵۆپی لەززەتی لەم چەن لەحزە کورتیلەیە هەڵگوشیوە و پڕ بە دڵ دەمی بردووە بۆ لای زولف و ڕوومەتی و تێر و پڕ سەیری ئەو ڕوخسارە پەرەستراوەی کردووە و وێنەی هەڵگرتووە. لە سەرپاکی بەیتەکاندا تارمایی نالی بەدەوری یارە نووستووەکەیەوە هەندێ دیمەنی شەوەکە ئاشکرایە: گرنگی موناسبەکەش، بەلای باوەڕی منەوە، هۆی ئەو هەموو ئیعجازەیە کەوا لە سەراسەری بەیتەکانەوە هەڵدەڕژێن. کە بە تەواوی لێیان ورد بینەوە بەسەر وشەی وەهادا دەکەوین لە بەیتەکاندا بە تەنها خۆی بەسە پێی بگوترێ «معجزة». گڕ و سۆزی عەشق و تامو لەززەتی هەڵوەستەکەش وایان کردووە «اعجاز» و ئەفسوون و وردەکاری ناو بەیتەکان وەک ئاو ڕەوان بن بێ قۆرت و گرفت: لە هێندێ شوێندا ڕەوانی ئەو فەندانە گەیوەتە پلەیەک هەست و زهنی مرۆڤ لێیان هەڵدەزەلێ و بەسەریاندا تێپەڕ دەبێ.
خوێنەر دەبێ لەگەڵ من و بەیتەکانیش دا باخەڵ فرەوان بێ و پەلەم لێ نەکا، سەرەڕای پەلە نەکردن دەبێ لەلای خۆیەوە یارمەتیشم بدا لە تەواوکردنی ئەو واتایانەی بۆم تەواو نەکراون وەیاخود ترسی درێژەکێشان هەندێکی پێ بەجێ هێشتووم.

با بەیتەکان بەدەنگ بهێنین و من لە گوتەی خۆم بوەستم:
سەری زولفت کە ڕشتەی عومری «خضر»ە، نیوە هەودایە
چ هەودایە؟ کە هەر حەڵقێکی صەد زنجیری سەودایە!

[نۆ دێڕی دوای ئەم بەیتە بۆ ئێرە بێلزووم بوون، نەمنووسین].
هەودا-موو، داو. خضر- خدری زیندە وەیا نالی کە ناوی «خضر»ە.
سەودا- شێتی، شەیدایی عیشق [ئێستە دەڵێم: ڕەنگی ڕەش، کە مناسبی ڕەنگی زولفەکەیە].
واتە سەرەتای زولفت، کەوا کەمێکی یەکجار کەمە لە تێکڕای زولفەکە، نیوە هەودایێکی [نەک هەودای تەواو] بەقەدەر ڕشتەی عومری خضر درێژە، ئەو خضرە خدری زیندە بێ کە مەشوورە لە «ئاوی حەیات»ـی خواردۆتەوە و قەت نامرێ، یاخود «خضر» ەکە نالی خۆی بێ. دیارە کە مەبەس خدری زیندە بێ ئیشارەتی بەهێز بۆ درێژی داوە مووەکەیە، کە مەبەسیش نالی بێ خۆ بەقوربانی زولفکردن و عومر بە هیچ دەرچواندنە لەتەک ئەو داوە مووەدا. هەردووک مەبەسیش بە جووت لە بەیتەکەدا کۆبوونەتەوە چونکە وشەکانی هەردوو واتا ڕادەگەیەنن.
هەودایەکەش چۆن هەودایەکە؟ هەر ئاڵقێکی سەد زنجیری سەودایە، واتە هەر یەک لەو ئالقانەی نیوە هەودای سەری زولفی یار بەستوونی، بەرانبەر صەد زنجیری سەودایە: دەزانین زنجیر بۆخۆی سەراپا ئالقەیە، کەچی تاکە ئاڵقەیەکی سەری زولفی کاری صەد زنجیر دەکات.
زنجیری سەدوا مومکینە «زنجیری سوداء» بێ واتە زنجیری ڕەش کە مناسبی ڕەنگی زولفەکەیە... مومکنیشە «زنجیری سەودا» بێ کە دەکا ئەو زنجیرەی شێت و شەیدای پێ دەبەستنەوە. کەواتە لە جوانیدا ئالقەی نیوە هەودایێکی زوڵفەکە ئەوەندە کاریگەرە بەقەدەر صەد زنجیر عاشق و شەیدایان دەبەستێتەوە.
برۆت تیغێکە وسمەی صەیقەل و مەسلوول و مووکارە
کە عیشوەی جەوهەرە، ڕەمز و ئیشانەی ئاو و مەودایە

نالی لە تێوەڕامانی ڕووی یارەکەی بەدوا وەصفیدا دێتە سەر وەصفی برۆی. وەسمە – دەرمانێکی ڕەشە بۆ ڕەنگکردنی موو... صیقل - تیژکەرەوە [فەرهەنگی المنجد]. مسلول - دەرکێشراو لە کالان... عیشوە - نەشوەی برۆ. جەوهەر - نەقشی سرووشتی لە تیغدا. ئاو - زێدە صافی و ڕوونیی تیغ. مەودا - خەنجەر، تیغ، شمشیر.
وەسمەی تیغی برۆت بۆتە تیژکەرەوەی شمشیرێکی دەرکێشراو و «مووکار». برۆکەی قەوسە وەک شمشیر و تیغ چونکە لە ژێر پەردە و لەناو کاڵاندا نییە. برۆ بەلای نالییەوە لە تیژی دا وەک تیغ وایە چونکە هێندەی تیغ جەرگبڕە.
وشەیەکی قرتاو هەیە لەپێش دوو وشەی «مەسلوول و مووکار» کە دەبێتە موصوف بۆیان: وەسمەی تیغی برۆت سەیقەلی شمشیرێکی مەسلوول و مووکارە.
نەشوە و عیشوەی برۆکەی وەک جەوهەری تیغ وایە کە شەپۆل بدا لەسەر ڕووی تیغەکە – هێما و ئیشارەی برۆکان هێندە بڕندەن کاری «ئاو»ی شمشیر و خەنجەر دەکەن... تیغ کە زۆر ساغ و پەسەند بوو پێی دەڵێن ئاودار.
ڕەمز و ئیشارەکە لە «ئاوی تیغ»ـیش زیاترن، هەر خۆیان وا دەبڕن دەڵێی «مەودا- تیغ»ـن. وشەی «صیقل» واتای تریشی هەیە جگە لە تیژکەرەوە، بەڵام پێم نەکرا بە تەواوی ساغی بکەمەوە واتای تری بهێنمەوە ئەم شیکردنەوەیە [لە شەرحەکەدا «زاخاودەرەوە»ی داناوە] تۆ سەیری، چۆناوچۆنی ناو و نیشانی تیغ و هەموو سەروبەرێکی پەسەندیی و بڕندەیی لەو بەیتەدا کۆمەڵ کردووە کە هەمووشی خزمەتکاری برۆکانن. لە بەیتەکە تاکە یەک وشە پەیدا نابێ کە خزمی برۆ و تیغ نەبێ. برۆ، تیغ، وەسمە، صیقل، مەسلوول، مووکار، عیشوە، جەوهەر، ڕەمز، ئیشارە، ئاو و مەودا. کە بڵێین «بەیتەکە» «ظرف»ـە و «برۆ»کە «مظروف»ـە هەردوویان مشتی یەکترن. کەم وا هەیە قالب و واتای بەیتی شیعر تا ئەم ڕادەیە بەبەر یەکتر گیرابن و یەکیان لەویتردا غەرق بووبێ.
بە نەشئەی سستی یو مەستیی وەها مەستوور و مەخموورە
نزانم خەو لە چاوت دایە یا چاوت لە خەودایە!

ئەم بەیتە لە برۆ دەمانگەیەنێ بە چاو...
• مستور- داپۆشراو، پەنهان بە عەرەبی
• مستور- زۆر مەست، مەند و مستوور بە کوردی
• مخمور- سەرخۆش کە لە «خمر»ەوە وەرگیرابێ
• مخمور- داپۆشراو کە لە خمارەوە وەرگیرابێ بەواتای ڕووپۆش.
• چاوەکان «نوستوون» لە نوستندا شرایەوەن.

سست و مەستن... چاو کە زۆر جوان و فرشتەیی و پەریکار بوو پێی دەڵێن سست، نەخۆش و بیمار. ئەم تەشبیهەی چاوی زۆر جوان و فتنە جۆ لەناو ئەدیبانی هەموو ڕۆژهەڵاتی ئیسلامدا باوە. نالی خۆی لە چەند شوێنی تردا چاوی یاری بە نەخۆش داناوە [نموونەکانم نەنووسین] جگە لە سستی بەهۆی «نەخۆشییەوە» چاوەکان لێرەدا لەبەر خەویش سست بوون. چاوەکان نەک هەر سستن، مەستیشن: چاو لە خۆوە مەست بوو دەگاتە ئەوپەڕی جوانی.
نالی چەند جاران لە وشەی «مەست» سوودی وەرگرتووە بۆ بەیتەکەی: دوای ڕاگەیاندنی «جوانی» یاریدەیەکی سستیەکەش دەدات چونکە لە مەستیدا سستی پەیدا دەبێ. لە نیوەی دووهەمی بەیتەکە مەعلووم دەکرێ چەندمان کار بە سستی و بێهێزی هەیە. جگە لەمانە، وشەی «مەست» بە لەفز و واتاوە خزمی «مەستور»ە لەگەڵ «مەخمور»یش هاوواتایە. بە نەشئەی ئەو سستی و مەستییە چاوەکە «مەستور و مەخمور» بووە.
وشەی «مستور» کە عەرەبی بێ بە واتای داپۆشراو دێت و لە «ستر»ەوە هاتووە. کە «مستور»ی کوردیش بێ [مەستوور] بە واتای زێدە مەست دێت. مەستوور وشەیەکە لە مەست وەردەگیرێ وەک ڕەنج، ڕەنجوور- گەنج، گەنجوور. دەگوترێ مەند و مەستوور.
وشەی «مخمور» ئەویش دوو واتای هەیە یەکیان «سەرخۆش» کە لە «خمر، شەراب»ـەوە وەرگیرابێ، ئەوی تریشیان «ڕووپۆشکراو» کە لە «خمار- خیمار»ەوە هاتبێ، لەمەڕا جارێکیان دەبێتە خزم و هاودەنگی «مەست» و جارێکیشیان هی «مەستوور».
واتە: مەستی چاوەکان لەگەڵ سستی نەخۆشیان و هی خەو لێ کەوتن و وەزعی کەوتنە سەر یەکتری برژۆلە و پێڵوەکانیان وەها پەنهان و ژێر پەردەی کردوون هەر دەڵێی «ستار و خمار»یان بەسەردا هاتووە... چاوە پەنهانە، سستە و مەستە... بەرەو ئەوە دەچێ وەک خەوی لێ بەسەر بێ کە ئەویش پەنهانە لە چاوەکەدا. خەو بۆ خۆیشی «سستی موطلەق»ـە.
کە ئەم هەموو سستی و مەستی و پەنهانییە لەو چاوە خەو لێ کەوتووانەدا کۆبۆوە نالی حەقیەتی بشێوێ و بڵێ: نەزانم خەو لە چاوتدایە یا چاوت لە خەودایە.
لەم نیوەبەیتەدا نالی گەیشتۆتە پایەیەک لە هونەر و هەستیاریدا کە بەڕاستی پێی دەگوترێ: «إعجاز». بە تین و هۆندنەوەیەکی ساحیرانە وشەی «مادی و مەعنەوی» وەها تێک هەڵكێشاون و تێکەڵ بە یەکتری کردوون کە خەوی «موهوم» لەگەڵ چاوی «موجود» وەک ئەصل و وێنەیان لێ هاتووە... لە یەکتر جودا ناکرێنەوە و نازاندرێ کامیان لە کامیاندایە.
لە سایەی کوفری زوڵفت دڵ «فنا فی النور»ی ئیمانە
مەڵێن ظوڵمەت خراپە، وەصلی پەروانە لە شەودایە

لە سایە: لەبەر خاتر - لە سایە: لە سیبەردا- کفر: پێچەوانەی ئیمان. شاردنەوەی حەقیقەت – فنا «فناء» فی النور: نەمان و توانەوە لە ڕووناکاییدا، وەک «فناء فی اللە» بە مەزهەبی صۆفییان- پەروانە: ئەو پەپوولەیەی شەو بەدەوری ڕووناکیدا دەخولێتەوە.
لەم نیمچە ڕستەیە «لە سایەی کفری زولفت» نالی چوار تاریکایی کۆ کردۆتەوە:
1. سایە: بە واتە سێبەر.
2. کفر: کە داپۆشینی ڕاستییە و بەلای مسڵمانەوە شەوەزەنگ خۆیەتی.
3. زولف: کە ڕەنگەکەی ڕەشە وەک شەو و بەسەر ڕۆناکایی ڕوویدا هاتووە.
4. شەوەکە خۆی لە تێکڕای بەیتەکاندا.

لە سایەی کفری زولفت، دەشێ «بە هۆی کفری زولفت وەیا لە سیبەری کفری زولفت»ـەوە بێ. زولفەکەی داناوە بە «کفر» لەبەر سەختی و خەستیی ڕەشایی ڕەنگەکەی. کفریش «شاردنەوەی» ڕاستییە. لەوەڕا زولفەکە و کفر هەردوویان وەک یەکترن چونکە زولفەکەش ڕووناکی ڕووی داپۆشیوە. ڕووەکەش وەک «نوری ئیمان» وایە لەبەر زێدە پاکی و سپیەتی و بێگەردی.
دڵەکەی «فنا فی النور» بووە، لەناو ڕووناکایی «فاني» بووە و تواوەتەوە. لە سایەی کفری زولفت یاخود لە بن سێبەری کفری زولفتدا، کەوا ڕەش ڕەش کەوتۆتە سەر سپیەتی ڕوخسارت وەک کفر بەسەر ئیماندا بێ، دڵەکەم فانی بووە لەو نوورەدا کەوا لەبن سایەی کفری زولفتەوەیە... یاخود شیددەتی کفری زولفت هێندەی لە جوانیی ڕووی تۆ زیاد کردووە، دڵم بۆی فانی بووە... تاریکی و کفر و سێبەر، دەوری ئەو نووری ئیمانەیان داوە کە ڕووی تۆیە. نالی هەرچەند ناوی «ڕوو» ناهێنێ بەڵام بە هۆی تێکڕای مانای بەیتەکە، بەتایبەتی لە وشەی زولفەوە: لزووم بەوە نەماوە ناوی بهێنێ. مەڵێن «ظلمة - ظولمەت» خراپە وەصلی پەروانە لە شەودایە، تازە کێ ڕێی هەیە باسی تاریکایی بکا بە خراپە. ئەم شەوەی کۆتایی بەیتەکە چ شەوی ڕاستەقینە بێ کە نالی تێیدا چووە بۆ پارێزی یارەکەی، چ سێبەر و کفری زولف بێ لە ڕووی یاریان لە ناو خۆیاندا گرتووە و بەناو ئەواندا نالی لێوی بۆ دێنێ، لەهەردوو حاڵدا نالی وەک ئەو پەروانەیەیە کە لە تاریکایی شەودا دەوری شەوقی مۆم یان ئاگر هەڵدێ و بە وەصلی دەگات هەرچەند لەو وەصلەشدا دەسووتێ. دڵی نالیش کە «فنا فی النور» بووە پەروانەیە و بە ئاوری وەصل سووتاوە لە شەودا، کە شەوی ڕاستەقینەیان مووی زولف بێ.
هەناسەم زولفەکەی لاداوو مەیلێکی نەکرد چاوی
نەسیم ئەنگووت و شەو ڕابورد و نەرگس هەر لە خەودایە

ئەم بەیتەیان هەم لەبەر ئاشکرایی واتاکەی هەم لەبەر ناوبانگی زۆری، لەوە دەرچووە پێویستی بە شیکردنەوە هەبێت، هێندەش نازکە لە ڕووی داڕشتن و واتا و وێنەکێشان و تەشبیهەوە دەستی لێ نەدرێ چاکترە: وەک بەلورێکی پاک و ساف و بێگەرد وایە هەموو شوێن پەنجەیێکی لێ دەبێتە عەیب. لەمەو پێش بۆ زمانی بێگانەش تەرجمە کراوە.
برا نالی ئەگەر ڕاستت کردبێ کە دەڵێی «نەرگس هەر لە خەودایە» سوێند بە شاعیری و خولیا و دڵداریت دەخۆم نەتویراوە هێندە لێو لە لێو و ڕوومەتی توند کەیت بەخەبەری بێنێت.

من کاری زۆرم بە بەیتی کۆتایی غەزەلەکەوە هەیە:
لە دووریی تۆیە ئەی خورشیدی پرتەو بەخشی شەوگەردان
کە «نالی» وا لە حاڵاتی محاقی ماهی نەودایە...

ئەوەندەی گوێم لێ بووبێ یەکێک ئەم بەیتەی خوێندبێتەوە یاخود واتاکەی لێدابێتەوە وشەی «دور»ی سەرەتای بەیتەکەی بە «دوور، بعید» خوێندۆتەوە. بەو پێیە دەبێ لە نووسیندا بەم شێوەیە بنووسرێ «لە دووری تۆیە». لە نوسخەی دیوانەکانیشدا چ دەسخەت چ چاپکراو هەروەها نووسراوە و واتاکەی وەک ڕواڵەتی وشەکەن ڕای دەگەیەنن وەها دەبێ: لە دووری تۆیە ئەی ڕۆژی ڕووناکایی بەخش بۆ ئەوانەی بە شەو دەگەڕێن کەوا نالی کەوتۆتە حاڵەتی هیلالی نوێ لە محاقدا. واتە بە هۆی دوورییەوە لە تۆ، نالی وەک هیلالی نوێ کەوتۆتە حاڵەتی محاق و نەمانەوە...
ئەم واتایە کە هەموو ئەو ئەدیبانەی من دیتوومن پێی ڕازین تەڵەیێکە و نالی بۆی ناونەوە: نالی لە هەر پێنج بەیتی پێشوودا باسی نێزیکیی خۆی دەکا لە یارەکەی تا دیتمان لێوی گەیاندە دەم و لێوی، ئەم دوور کەوتنەوە لە کوێوە هەڵقوڵیوە؟
ئەوەی ڕاستی بێ کە بێیت و لە تەڵەکە ڕەها بیت دەبینیت هەرچی دوورییە لە بەیتەدا نییە، بەپێچەوانە، ئەنجامێکی ئاسایی و یەکجار شاعیرانە و دڵدارانەی هەر پێنج بەیتی خۆیەتی، ئەم بەیتەیان لە هەموان پتر نێزیکیی نالی لە یارەکەی نیشان دەدا تاکوو دەتوانین بڵێین غەزەلەکە مشت بووە لە وەصل و نێزیکی. بابزانین چۆن.
وشەی «دور» لە نووسینی کۆندا دوو جۆر خوێندنەوە هەڵدەگرێ، یەکێکیان ئەو تەڵەیە بوو باسمان کرد «دوور بەواتای (بعید)ی عەرەبی» جۆری دووهەمی «دەور»ە بە واتای ڕۆخ- تەنیشت. واتە: ئەی خۆرشیدی ڕووناکی بەخش بۆ ئەوانەی بە شەو دەگەڕێن، کە نالی خۆی یەکێکە لەوان و بە شەو چۆتە بالینی یارەکەی، لەبەر نیزیکی لە تەنیشت و دەوری تۆدا نالی کەوتۆتە حاڵەتی محاقی مانگی نوێ. مانگ کاتێک دەکەوێتە حاڵەتی «محاق» کە یەکجار لە ڕۆژەوە نێزیک بێ نەک دوور بێ... کە لێی دوور کەوتەوە دەبێتە «بدر - بەدر» مانگ هەتا لە ڕۆژەوە نێزیک بێ جورمی نامێنێ. بەو پێیە هەرچەند لە ڕواڵەت دا محاق نەمان و فۆتان ڕادەگەیەنێ لە ڕاستیدا ئەو پەڕی نێزیکی و گەیشتن بە یار لە محاقدایا. نالی هەرگیز لەو حاڵەی خۆشتر نەبووە و نابێ کە هێندە لە یاری نێزیک بۆتەوە وەک هیلالی کاتی محاقی لێ هاتووە و لەگەڵ ڕۆژدا جووت بووە. نالی ڕێی هەیە خۆی بە هیلالی حاڵەتی محاق دابنێ چونکە یارەکەی دانا بە خورشید و خۆیشی لە نووری ئەودا غەرق بووبوو.
سرنجێکی ورد بگرە لە «ماهی نەو»: ئەم وشەیەی «نەو» پێویستی قافیە داخوازیی نەکردووە، واتای شیعر و هەڵوەستی نالی خۆی، بە «ماهی نەو» نەبێ ڕاست نایێ، بابڵێم، زێدە جوانی بەیتەکە بە هۆی ئەم وشەیەی «نەو» پەیدا بووە.
هیلال لە دوو حاڵدا خۆی لە محاقدا دەبینێ: یەکەمیان لە کۆتایی مانگ، واتە ڕۆژی 29 وەیا 30 مانگی عەرەبی. لەم حاڵەدا هەڵاتنی لەگەڵ ڕۆژ لە سبەینەدا دەبێ. دووهەمیان ئەم مەحاقەیە کەوا بەر سەرەتای مانگ دەکەوێ، واتە هیلالەکە لە محاقی سبەینەوە کەمکەمە دوای قورصی ڕۆژ دەبێتەوە تا وای لێ دێ ئاوابوونی مانگەکە لە ئێوارەدا دەکەوێتە سەر حیسابی شەو.
لەمەڕا مەعلووم دەکەیت، هیلالی محاقی مانگی کۆن بەسەر ڕۆژی ڕووندا دێت کە ئەمە هیچ لەگەڵ وەزعی نالیدا ڕێک ناکەوێت، بەڵام محاقی «ماهی نەو» ئەم محاقەیە کە هیلالەکە تێیدا بەرەو شەو دەبێتەوە، کە ئەمەیش حاڵی ڕاستەقینەی نالییە. کە دەشڵی «حاڵاتی محاقە ماهی نەو» هەموو سەروبەرێکی ئەم محاقە و ئەنجامەکەی دەگرێتەوە چونکە «حالات» کە جەمعە بە بەریەوە هەیە حاڵی ئێستاکە و دووایش ڕابگەیەنێ لە ڕووەوە کەوا هیلالەکە وردەوردە لە محاق دەردەچێت و دەبێتە یەک شەوە و دوو شەوە... هتد. نالیش وەک ئەو هیلالەیە لە کۆتایی شەودا لە یارەکەی دوور دەکەوێتەوە و «وجود» پەیدا دەکاتەوە... چ سەیر نییە دوای ئەو خۆشییە زلەی گەیشتن بە یار و وەدەستهێنانی پیرۆزی سەرکەوتنی وەها گەورە نالی وەک مانگ لە زیادکردن دابێ.
2
برۆت تیغێکە کە وسمەی صەیقەل و مەسلوول و مووکارە
کە عیشوەی جەوهەرە، ڕەمز و ئیشارەی ئاوی مەودایە
لاپەڕەی 557
وسمە: گیایەکە وشکی ئەکەن و ئەیکوتن و ژنان ئەیگرنەوە و ئەیگرنە سەریان بۆ ڕەشکردنی سەر و زوڵفیان .
صەیقەل: زاخاودەرەوە .
مەسلوول: ڕووتکراو .
مووکار: ئەڵێن ئەو تێغە موو ئەکا واتە زۆر تیژە تەنانەت موو لە ژێریا نانووشتێتەوە، بەڵکو دەسبەجێ ئەقرتێ .
عیشوە: ناز .
جەوهەر: ئەو نەخشە ئاوییانەی لە خەنجەری دەبانا دەرئەکەون لە کاتی ئەمدیو و ئەودیو پێ‌کردنیا .
مەودا: تیژی ی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: برۆت، ئازیز !، تێغێکە، بە وسمە زاخاوی ئەدەی، باریک و ڕووت کراوە، دڵی دڵداران وەک موو لەت ئەکا. جەوهەرەکەی ناز کردنەکەیەتی کە وردە وردە بەملا و بەولادا ئەیجووڵێنیتەوە. ئیشارەت پێ‌کردنیشی ئەو دەورە ئەبینێ کە ئاوداریی خەنجەر ئەیبینێ بۆ نیشاندانی تیژیی. ئەڵێن: خەنجەرێکی ئاودراوە، واتە تیژە.
دەستنووس
تیغێکە (ت): سەیفێکە. وسمەی (عم) و (گم): وسمە. صەیقەل و (چر) و (کم) و (عب): صەیقەل. بۆ (صەیقەلە) و (صەیقەلی) و (صەیقەل و) یش دەستئەدا. (عم) و (گم) و (من): صەیقەلی. مەسلوول و (چر) و (کم) و (من): مەسلوولی. ئاوی مەودایە (چن): ئەو بەمەودایە. (عم) و (گم): ئاو و مەودایە. (ت) و (ک) و (اح) و (خب): ئاوی مەودایە. (عب): ئاب مەودایە. دیارە ئەبێ لە هەردوکیانا لەگەڵ (ی) ی ئیضافەدا بێ.
ئەم بەیتە لە نووسخەی (عب) دا بەیتی چوارەمە.
3
بە نەشئەی سستیی و مەستیی وەها مەستوور و مەخموورە
نزانم خەو لە چاوتدایە یا چاوت لە خەودایە!
لاپەڕەی 557
نەشئە: حاڵەتێکی نیمچە بێئاگایی و نیمچە سەرخۆشییە .
سستی: لاوازیی و نەخۆشیی .
مەستوور: داپۆشراو، شارراوە .
مەخموور: مەیزەدە، سەرخۆش .
نزانم: نازانم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
سستی و بێهێزیی نیشانەی نەخۆشین. چاوی نەخۆشیش بە چاوێک ئەڵێن پێڵووەکانی تا ڕادەیەک بەسەریا هاتبنەوە و ئەوە یەکێکە لە حاڵەتە هەرە جوانەکانی چاو و وەک خەواڵوو و مەستی لێ ئەکا. نالیییش ئەڵێ بە یار: چاوەکانت بەهۆی بیماریی و مەستییانەوە، بەجۆرێک داپۆشراون و پێڵوویان بەسەردا هاتووەتەوە و خەواڵوو و سەرخۆشن، من سەرسام ماوم (خەو) و (چاوت) کامیان بووە بە جێگەی ئەویان و کامیان لەناو ئەویاندایە !
دیارە ئەم جیاکردنەوەی (خەو لە چاوا بوون) و (چاو لە خەوا بوون) ـە لە یەک و دانانیان بە دوو حاڵەتی جیاواز، شتێکی وەهمییە و، نالیییش مەبەستی لە پیشاندانی ئەم وێنەیە، تەنها زیادەڕەوییە و دەربڕینی لەڕادەبەدەر بوونی مەستیی چاوی یار. بەڕاستیی جوانیشی بۆ هاتووە و وێنەیەکی هونەرمەندانەی پیشانداوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (سستیی) و (مەستیی) دا لە لەفظدا جیناسی لاحیق و لە مەعنادا پەیوەندیی و تەناسوب هەیە. هەروەها هاوئاوازییەکی جوانیش لەنێوان (مەستوور) و (مەخموور) دا هەیە.
دەستنووس
سستی‌یو مەستیی (چر): مەستی‌یو سستیی. (ت): هەستی‌یو مەستیی. (خا) و (خب): سوستی‌یو مەستیی. مەستوور و مەخموورە (کم) و من: سەرمەست و مەخموورە. (ک) و (اح): مەستوورە مەخموورە. (عب): مەخموور و مەستوورە. نزانم (چن): نەدانەم، کە بە فارسی واتە نازانم. (عم) و (گم): نەزانم. ئێمە تێکستی (نزانم) مان پەسەند کرد، چونکە لەگەڵ ڕێبازەکەی نالییی ئەگونجێ کە وشە لە دیالێکتە جیاوازەکانی زمانی کوردییەوە دێنێ.
ئەم بەیتە لە نووسخەی (عب) دا بەیتی پێنجەمە.
4
لە سایەی کوفری زوڵفت دڵ (فنا فی النور) ی ئیمانە
مەڵێن ظوڵمەت خراپە، وەصڵی پەروانە لە شەودایە
لاپەڕەی 558
سایە: سێبەر .
کوفر: کافریی .
فنا في النور: لە زاراوەیەکی صۆفییانە وەرگیراوە، واتە
ئیمان: باوەڕ بە خوا، موسوڵمانەتی .
ظوڵمەت: تاریکیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەهۆی ئەوەوە کە هەر شتێ بەپێچەوانەکەیدا ئەناسرێتەوە، لە سایەی کافریی زوڵفتەوە – کە ڕەشە و کافرییش ڕەشە -، دڵ لە ڕووناکیی باوەڕدا توواوەتەوە – کە باوەڕ لای موسوڵمانان ڕووناکییە لە بەرابەری کافریدا. کەواتە کەس نەڵێ تاریکایی خراپە. پەروانەش بە شەو نەبێ بە مەبەستی خۆی ناگا و بە وەصڵی مۆم شاد نابێ.
ئەشتوانرێ مەعنای نیوەی یەکەمی بەیتەکە وا لێکبدرێتەوە کەوا: دڵ لەژێر زوڵفی وەک کافری ڕەشی یارەوە، ڕووناکیی ڕووی وەک باوەڕ – ڕووناکی یاری دۆزیوەتەوە و تیا تواوەتەوە.
لەبارەی (فنا فی النور) ەوە کە وتمان لە زاراوەیەکی صۆفییانە وەرگیراوە، مەسەلەکە بەم جۆرەیە: لای ئەهلی تەصەووف سێ پلە هەیە بۆ صۆفی ی بەر لەوەی ببێ بە پیاوێکی تەواوی خوا. پلەی یەکەم (فنا فی الشیخ) ە کە هەمیشە بیر لە پیر ئەکاتەوە وا ئەزانێ ئەوی کردووەتە بەری خۆی.. دووهەم (فنا فی النبی) یە کە قۆناغێ لە پێشترەو صۆفیی لەم قۆناغەدا هەمیشە بیر لە پێغەمبەر ئەکاتەوە و هەست بە یەکێتیی ئەکا لەگەڵی. سێهەم (فنا في اللە) یە کە هەرە بەرزترین پلەی خواناسییە و صۆفیی لەو پلەدا هەمیشە بیر لە خوا ئەکاتەوە و لەو بەو لاوەی بەلاوە هیچ نییە و وائەزانێ لەگەڵ ئەودا یەکی گرتووە. نالییی هیچ کام لەم قۆناغانەی نەویستووە و لە ڕووناکیی ڕوومەتی یاردا تواوەتەوە و ئەوەی بە ڕووناکیی ئیمان داناوە و بەمە جۆرە سۆفیەتییەکی تایبەتیی بۆ خۆی دروست کردووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنیوە بەیتی دووهەمدا حوسنی تەعلیل هەیە.
دەستنووس
زوڵفت (چر) و (عب) و (خا): زوڵفە. مەڵێن (ت) و (اح): مەڵێ. ئەم بەیتە و بەیتی پێشوو لە (چر) و (کم) و (من) و (خا) دا لە شوێنی یەکتردان. هەروەها ئەم بەیتە خۆی لە (عب) دا سێهەمە.
5
هەناسەم زوڵفەکەی لادا و مەیلێکی نەکرد چاوی
نەسیم ئەنگووت و شەو ڕابورد و نەرگس هەر لە خەودایە
لاپەڕەی 559
ئەنگووت: هەڵی کرد .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەناسەم دای لە گۆنای یار و زوڵفی لەسەر ڕووی لادا، بەڵام ئەو چاوێکی نەترووکاند و لایەکی نەکردەوە. هەناسەم وەک شنەی بای بەیان وابو، هەڵیکرد و شەوی زوڵفی یاری لادا، کەچیی نەرگسی چاوی یار هەر لە خەودایە و نەپشکووتووە.
نالییی لەم بەیتەدا هەناسەی خۆیی بە نەسیم و، زوڵفی یاری بە شەو و، چاوی یاری بە نەرگس شوبهاندووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
هێنانی (نەسیم) و (شەو) و (نەرگس) بەدوای (هەناسە) و (زوڵف) و (چاو) دا لەف و نەشری مورەتتەبە.
دەستنووس
نەرگس (کم) و (گم) و (من): نێرگس.
ئەم بەیتە لە (عب) دا پێنجەمە.
6
لە دووریی تۆیە ئەی خورشیدی پڕتەو بەخشی شەوگەردان
کە «نالیی» وا لە حاڵاتی میحاقی ماهی نەودایە ..
لاپەڕەی 560
خورشید: خۆر .
پڕتەوبەخش: ڕووناکی ی دەر .
شەوگەردان: جەمعی شەوگەردە واتە ئەوەی بە شەو بگەڕێ لە مانگ و ئەستێرە و بنیادەم و هەرچیی تر .
حاڵاتی میحاق: ئەو کاتەی مانگ ئەگاتە ڕادەی ئەوپەڕی باریکی و لاوازیی و لەبەرچاو ون ئەبێ کە ئەوەش لە دواڕۆژەکانی مانگی عەرەبیی و لە یەکەم ئێوارەی مانگی نوێدا ئەبێ کە مانگ زۆر بێتینە و بەزەحمەت بەدیی ئەکرێ .
ماهی نەو: مانگی نوێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەهۆی دووریی تۆوەیە ئەی یارێ کە وەک خۆر وای، ڕووناکیی بە مانگ و ئەستێرە گەڕۆکەکانی تری ئاسمان ئەبەخشێ، نالییی کەوتووەتە حاڵەتیی کزیی و لاوازیی وەک چۆن مانگ لە حاڵەتی میحاقدا – کە ئەبێ بەهۆی نوێ‌بوونەوەی مانگ - زۆر لاوازە.
بەپێی ئەم مەعنا لێدانەوەیە ڕووی شوبهاندنی نالییی بە میحاقی مانگی نوێ، تەنها باریکیی و لاوازییە و، دووریی و نزیکیی مەبەست نییە، چونکە ئەگەر دووریی و نزیکیی مەبەست بووایە، ئەبوو نالییی لە حاڵەتی دووریدا لە یار گەش و پڕ و لە حاڵەتی نزیکیدا لێیەوە لاواز و باریک بووایە، وەک چۆن مانگ کە تا دوورتر بێ لە خۆر گەشتر و پڕترە و تا لێیەوە نزیکتر بێ لاواز و باریکترە.
ئەمە لەسەر ئەوە کە سەرەتای بەیتەکە وا بخوێنینەوە: « لە دووریی تۆیە » بەگوێرەی ئەوی هەموو نووسخەکانی بەردەستمان، (چر) و (خا) نەبێ، نووسیویانە « لدوری » یا « لە دوری » بۆ « لە دووریی » و « لە دەوری » یش دەستئەدا. خۆ ئەگەر وای بخوێنینەوە « لە دەوری » وەک « چر » و « خا » بەسەر و ژێر بۆ کردن دیارییان کردووە، ئەوە ئەبێ بڵێین واتە: بەهۆی بوونەوەیە لە دەور و پشتی تۆ ئەی خورشیدی ڕووناکیی بەخش بۆ شەوگەردان، نالییی لە حاڵەتی میحاقی مانگی نوێدایە، کە هەم مانگ لە شەودایە و لەوانەیە دەرکەوێ و هەم وردە وردە خۆیشی ئەگرێتەوە و پێئەگاتەوە، نەک میحاقی ئاخری مانگ کە ئەکەوێتە سبەینان و لەبەر تینی تیشکی ڕۆژ کەم کەس پێی بەدیی ئەکرێ. بەم پێیە ڕووی شوبهاندنەکە لەوەوە دێ کە مانگی حاڵەتی میحاق لە نزیکترین پێوانەدایە لە خۆرەوە. ئەگەر سەرنجی یەکێتیی بابەتی پارچە شیعرەکە و وردەکاری ی کردنی نالییی بدەین، ئەم مەعنایە زیاتر ئەچێ بەدڵدا [ بۆ تێگەیشتنی ئەم مەعنایە بە شێوەیەکی فراوان و بە لێکدانەوەیەکی دوور و درێژەوە، بڕوانەرە: مەسعوود موحەممەد، چەپکێک لە گوڵزاری نالییی، بەغدا، ١٩٧٦، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، ل ٥٦ – ٦٠.) ]. بەڵام کەس یەکێتیی بابەت و نەبوونی ناکۆکیی لەنێوان بەیتەکانی قەسیدەی لە هیچ پارچە شیعرێکی کلاسیکیدا بە مەرج دانەناوە.