لاپەڕەی 555
داوە شەعر: تاڵەموو .
دەقیق: ورد و باریک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی بە خەیاڵی شیعریی پڕ لە وردەکاریی خۆی کە ئەڵێی تاڵەمووی باریکە، صەد داوی ناوەتەوە بۆ هەر شاعیرێک، یا بۆ هەر کەسێک هەست بکا و بە خۆی بزانێ، داوی وا کە بە هیچ کلۆجێ سەری لێ دەرنەچێ.
زیادەڕەوییەکی جوان لەوەدا هەیە کە تاڵەمووی باریکی خەیاڵی شاعیرانە ئەوەندە زۆر بێ صەد داوی پێ بنرێتەوە.
ئەشگونجێ مەعنای (دەقیقی خەیاڵی) وا لێبدرێتەوە کەوا مەبەستی ئەوەبێ (خەیاڵی وەک خەیاڵی « دەقیقی » کە یەکێک بووە لە شاعیرە هەڵکەوتووەکانی ئێران.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (داوە) و (داو) دا جیناسی موحەڕڕەف و ئیشتیراک و، لەنێوان (شەعر) و (شیعر) دا جیناسی موحەڕڕەف و، لە کۆکردنەوەی (شاعیر) دا لەگەڵ (شەعر) و (شیعر) جیناسی ناقیص و، لەنێوان (شیعر) و (شاعیر) یشدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
تەنها لە نووسخەکانی (عم) و (گم) دا پارچە شیعرێک بە ناوی (نالییی) ییەوە بڵاو کراوەتەوە بەیتی یەکەمی ئەمەیە:
هێندە بێزاری کە زانیومە بە زاریی نایەوە
دوور لە باڵاکەت سەرینی نائومێدیم نایەوە
بەپێی ئەو ڕێ و شوێنەی لە ڕێکخستنی قەسیدەکانی (دیوانی نالییی) دا گرتوومانەتەبەر، ئێرە شوێنی دانانی ئەو پارچە شیعرەیە. بۆیە ئەگەر لەلاوە شتێکی ئەوتۆمان لەبارەیەوە بۆ دەرنەکەوتایە، بۆ قەدرگرتنی وردیی مامۆستا عەلی موقبیل و پوختیی تاڕادەیەکی نووسخەکەی، ئێمەش لێرەدا بڵاومان ئەکردەوە. بەڵام مامۆستا هێمن موکریانیی، لە وەڵامی نامەیەکماندا لەبارەی خاوەنی ئەم پارچە شیعرەوە وتارێکی بەپێزی لە ژمارەی ٢٥٧ی ڕۆژی ٧ / ٣ / ١٩٧٥ی ڕۆژنامەی (هاوکاریی) دا بڵاو کردەوە، ئەوەی تیا باس کرد کە ئەم پارچە شیعرە هیی (مەلا صاڵحی حەریق) ـە و (حەریق) یەکێکە لە قوتابییەکانی قوتابخانەی شیعریی نالییی و ئەو بوو شێوەی نالییی گەیاندە موکریان و تەنانەت بە شیعریش ململانێی لەگەڵ کردووە و پلاریشی تێ گرتووە. مامۆستا هێمن لەو وتارەیدا سەرێکی مێژووی ژیانی حەریقیشی باس کردووە و، لە هۆی دانانی ئەو پارچە شیعرە دواوە. بۆیە ئێمەیش وازمان لێهێنا بۆ خاوەنی خۆی و هیوامان وایە بەم نزیکانە دیوانی حەریقیش بە هەموو شیعرەکانیەوە بڵاو بکرێتەوە و، سوپاسێکی زۆریش بۆ مامۆستای شاعیر و ئەدیب هێمن موکریانیی. (بڕوانەرە: هێمن، وەڵامێکی دۆستانە، هاوکاریی، ژمارە ٢٥٧، ٧ / ٣ / ١٩٧٥، ل ٣).
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 555:
«نالی» بەداوە شەعری دەقیقی خەیاڵی شیعر
بۆ ئەو کەسەی کە شاعیرە صەد داوی نایەوە
ئەم بەیتە هەڵدەگرێ «بەداوە شیعری خەیاڵی شەعر»یش بڕوات. لێرەدا ڕەوا دەبینم کە شتێکی بەدوا ئەو بەیتەدا هاتووە لە کتێبی «چەپکێک لە گوڵزاری نالی» بۆ شەرحی بەیتەکە ڕاگوێزم تا خوێنەر باشتر لە بەیتەکە و مەبەستی من لێی ئاشنا بێ. یەکسەر دوای نووسینی بەیتەکە ئەم دێڕانە دێن:
«ئێمە کە بزانین نالی داوی بۆ ناوینەتەوە چۆن ڕەوایە سووک بەسەر شیعرەکانیدا تێپەڕین، ئەم سووک تێپەڕینەمان یەکسەر پابەندی داوەکانمان دەکات چ عوزرێکیشمان بە دەستەوە نابێ چونکە وەک گوتم ((لقد اعذر من انذر)).
بێگومان دەبێ هەر ئەم بەیتە خۆی داوی وەهای تێدابێ کە ئەگەر ورد نەڕۆین پێیەوە بین. من یەک دوو داوم لێ هەڵگرتۆتەوە هونەرەکەش بۆ نالی دەگەڕێتەوە، چونکە خەبەرداری کردمەوە لە داوەکان. یەکێک لەوان ئەمەیە کە شیعرەکە بە شێوەیەکی تر بخوێندرێتەوە چونکە لە ڕێنووسی کوردی کۆندا هەردوو خوێندنەوە جایەزە: «نالی بەداوە شیعری خەیاڵی شیعر» بەمەدا خەیاڵی داوە مووە باریکەکانی یار بۆتەوە داوە شیعری غەزەلەکە، وەصفی «دەقیق»ـیش دەشێ بۆ شیعرەکە و بۆ شەعرەکە بگەڕێتەوە و هەردووکیان ببنە ئەو داوە کە بۆ شاعیرانی ناوەتەوە. «خەیاڵی شەعر» [شەعرێک کە خەیاڵە، خەیاڵێک کە شەعرە]یش هەڵدەگرێ «اضافەی بەیانی» بێ نەک «اضافەی حەقیقی» ئەوساش واتاکەی ئەمە دەبێ «ئەو خەیاڵەی وەک شەعر باریکە». ئەمیان داوێک.
داوی دووهەم لە کۆتایی بەیتەکەدایە: کە دەڵێ «صەد داو». لە نووسیندا دوو پیتی «د» دەنووسرێ بەڵام لە گوتنەدا یەک «د»ی گوشراو دەدرکێنێت. نەختێک زمان ڕەها بکە لە گوشینی «د»ەکە وشەکان دەبنە «صەداو – صەد ئاو» مسرەعەکەش ئەمەی لێ دێتەوە «بۆ ئەو کەسەی کە شاعیرە صەد ئاوی نایەوە». چاوێک بە غەزەلەکەدا بگێڕەوە دەبینی دەیان وشەی وەهای تێدایە کە هەمووی واتای «ئاو» ڕادەگەیەنن چ بە حەقیقەت بێ و چ بە مەجاز وەیا تەئویل وەک وشەکانی «تەڕی – بەهار – پشکۆکوژانەوە – گوڵگەشانەوە - خەڵووز کوژانەوە – گوڵ زار [گوڵزار] - دەم و پێکەنین - غونچە گەشانەوە - ڕەگی شەجەر – فیض – نار - مردن - خاک ژیانەوە – هەنجیر - شیر – ساف - طیفلی عینەب – ڕشانەوە – سونبول - شمشادی تازە – خضرا - برد العجوز - تەڕایی عیشق - بەفر- سارد و گەرمی خەجاڵەت – توانەوە – چاوە – زانەوە – ڕەوان – زەمزەم – فرات - نیل...». لەبەر تیشکی فنوونی شیعردا هەموو ئەو وشانەی دژی ئاو و تەڕایین وەک «پشکۆ، مەحجەر، خەڵووز، وشکی، عاصی، نار و خاک...» لەڕێی «مفهوم المخالفة»وە، ئەوانیش واتای ئاو و تەڕایی دەبەخشت واتا تارماییان دەخەنە ناو بەیتەکانەوە. نالی زۆر ڕاستی کردووە کە دەڵێ «بەداوە شیعری خەیاڵی شیعر». صەد ئاوی نایەوە چونکە سەرلەبەری بەیتەکانی بە «ئاو» ئاوسن، من و تۆش لەسەر وردبینی و خوردکردنەوە و بۆچوونی شاعیرانە پەکمان کەوتووە بۆ دیتنی ئەم هەموو ئاو و تەڕاییەی کە خەریکە دامەنی خەیاڵی شیکەرەوە تەڕ دەکاتەوە».