سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

تا لە من ئەو زوڵفە ڕێی بۆسە و کەناری گرتووە

1
تا لە من ئەو زوڵفە ڕێی بۆسە و کەناری گرتووە
ناودەمم بێ شوبهە تامی زەهری ماری گرتووە
لاپەڕەی 538
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەو کاتەوە کە زوڵفی یار ڕێی ئەوەی لێ گرتووم لە باوەشمی گرم و ماچی کەم، ناو دەمم تاڵە و تامی ژاری مار ئەدا، چونکە وەک چۆن گرانەتادار کە هیچ ناخوا، لێوی بار ئەگرێ و تامی دەمی تاڵ ئەبێ، منیش لەبەر بێبەش بوون لە خۆراکی ماچی دەمی یار تامی دەمم تاڵ بووە، یاخود لەبەر ئەوە کە هەرچەند دەم ئەبەم گۆنای یار ماچ بکەم، دەمم بەر زوڵفی وەک ڕەشماری ئەکەوێ و ڕەشماریش ژاراوییە. بەڵام ئەم مەعنای دووهەمە لەگەڵ قەدر زانینی یار دا ناگونجێ.
دەستنووس
زوڵفە (« پەراوێزی » چر): (عم) و (کم) و (گم) و (عب) و (من): شۆخە. بۆسە و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (عب) و (من): بۆس و. زەهری ماری (چر): ژەهری مار. (عب): ژارە ماری.
2
خۆش لەسەر سینەی سەری هەڵداوە دوو گۆی سەر بە مۆر
مات و حەیرانم کە عەرعەر کەی هەناری گرتووە!
لاپەڕەی 538
عەرعەر: درەختی سەروی شاخیی، درەختێکە وەک سەروی عادەتیی، بەڵام کەمێک کورتتر و بچووکترە لەو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چەند جوان دوو گۆی سەربەمۆر لەسەر سنگی یار سەریان هەڵداوە (مەبەست لە گۆکان جووتە مەمکی یار و لە سەربەمۆر یا گۆی مەمکەکان یا کەس دەس بۆ نەبردووییانە). من لەوە سەرسامم کەوا کەی شتی وا ڕوویداوە درەختی عەرعەر هەنار بگرێ. (مەبەست لە عەرعەر باڵای یار و لە هەنار مەمکەکانیەتی).
دەستنووس
عەرعەر کەی (« پەراوێزی » چر) و (عب): بۆچ عەرعەر. دیسان (« پەراوێزی » چر) و (عم) و (گم): چۆن عەرعەر. (کم) و (من): عەرعەر چۆن. (ت): کەی عەرعەر.
3
ئەژدەهای زوڵفی لە دەوری گەنجی حوسنی حاریسە
حەڵقە حەڵقە، چین بە چین، سەرتا بە خواری گرتووە
لاپەڕەی 539
گەنج: گەنجینە، خەزێنە .
حاریس: پاسەوان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زوڵفی یار، وەک ئەژدەها، دەوری گەنجینەی زێڕ و گەوهەری ڕوومەتی داوە و پاسەوانیەتی و، پەپکەی لەسەر کردووە و، هەمووی، لەسەرەوە تا خوارەوە، گرتووەتەوە. ئەم بەیتە ئیشارەتی بەو ئەفسانەیە کە ئەڵێن مار بەسەر گەنجینەوە هێلانە ئەکا.
دەستنووس
زوڵفی، حوسنی (عم) و (گم) و (عب): زووڵفت، حوسنت.
ئەم بەیتە و بەیتی پێشوو لە (عم) و (گم) دا بەرودوان. لە (عب) یشدا دوابەیتی پارچە شیعرەکەیە و نازناوی پێوە نییە.
4
ماهی من تەنها مەهێکە صەد نوجوومی مەحو کرد
یاری من تەنها گوڵێکە صەد هەزاری گرتووە
لاپەڕەی 539
ماه: مەهـ، مانگ .
نجووم: جەمعی نەجمە واتە ئەستێرە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یاری دڵبەری من مانگێکی تاقانەیە، بەڵام ڕووناکییەکەی صەد ئەستێرەی لەناو بردووە و فەوتاندووە. تاقە گوڵێکە، بەڵام سەد گوڵی گرتووە و بۆ هەر کوێیەکی ئەڕوانێ گوڵێکە بۆ خۆی. یاخود صەد دڵداری گیرۆدە کردووە. ئەشگونجێ مەبەست لە (ماە) مانگی بە مەعنای سێ ڕۆژ و لە نوجووم جەمعی نەجمی بەمەعنا بەش بێ. واتە: هەرچەند یار جوانی تەنها وەرزێکە، بەڵام جوانییەکەی جۆرێکە هەرگیز کز نابێ و صەد وەرز ئەگرێتەوە. وشەی (هەزار) یش بە گوێرەی شێوە نووسینی کۆن بۆ (هوزار) ی بە مەعنا بولبولیش دەستئەدا. واتە: یار هەرچەند تاقە گوڵێکە، بەڵام صەد بلبل عاشقی بوون.
دەستنووس
مەحوکرد (ت): پێوەیە. (عب): کرد مەحو. هەزار: لە گەلێ نووسخەدا بە (هوزار) نووسراوە، بەڵام ڕاستەکەی نالییی هەردوو مەعناکەی مەبەست بووە. (کم) نیوەی دووهەمی ئەم بەیتە و نیوەی یەکەمی بەیتی داهاتووی تیا نییە.
ئەم بەیتە لە (عب) دا بەیتی پێنجەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 539:
ماهی من تەنها مەهێکە صەد نوجوومی مەحو کرد
یاری من تەنها گوڵێکە صەد هەزاری گرتووە
شەرحەکە لێرەشدا «هوزار» دادەنێ بە بولبول و دەڵێ نالی «هزار»ی نووسیوە. بۆ ژمارە هەزار و بۆ «هوزار»ی بولبولیش دەست دەدا. لێرە بە پێشەوە دەمێکیشە گوتوومە «هەزار» بولبولە، لە هەزار ئاهەنگەوە هاتووە، فارسەکان وەهایان ناو ناوە. بەو پێیە گوڵەکەی نالی کە تاکە گوڵە صەد بولبولی گرتووە یاخود هەزار گوڵی ژێرخستووە.
لەطافەتێکی دیکەش هەیە، لە وشەی «محو، مەحو»ەوە دێت. لە قورئاندا ئایەت هەیە: «فمحونا آیة الیل...» لێرەدا نالی ماهی ڕووی یاری لە شەودا کردۆتە جێگری ڕۆژ و ئەستێرەی پێ مەحو کردۆتەوە. دیارە بەلای بەیتەکەی نالییەوە شەوی بێ مانگ، ئیتر مانگ لە محاقدا بێ یان زوو ئاوا بووبێ یاخود درەنگ هەڵێ، دادەنێ بە مەبەسی ئایەتەکە.
5
دامەنی پاکیی مەداری دائیرەی خامەک نییە
خوێنی مەقتوولانە وا دامێنی یاری گرتووە
لاپەڕەی 540
دامەن، دامێن: داوێن .
پاکی مەدار: خولگەی پاکیی و خاوێنی .
دائیرە: بازنە، خولە .
خامەک: قوماشێکی ئاوریشمە گەلێ ڕەنگی هەیە، ڕەنگی هەرە باوی مۆرە .
مەقتوول: کوژراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: داوێنی یار کە خولگەی پاکیی و خاوێنییە و هەموو پاکیی و داوێن پاکییەک ئەچێتەوە سەر ئەو، و نەبێ لەبەر ئەوە شین بکاتەوە کە لە قوماشی خامەک دروست کرابێ. ئەو ڕەنگە شینەی پێویەتی ڕەنگی خوێنی دڵدارە کوژراوەکانیەتی داوێنی گرتووە.
دەستنووس
دامێنی (عم) و (ت) و (عب): دامانی.
ئەم بەیتە لە (عب) دا بەیتی سێهەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرووی لاپەڕە 540:
دامەنی پاکی مەداری دائیرەی خامەک نییە
خوێنی مەقتوولانە وا دامێنی یاری گرتووە

شەرحەکە، وادیارە، قوماشی خامەکی زانیوە کە ڕەنگی شینە. ڕەنگەکەی وەک ڕەنگی وڵاخەبەرزی کوێتی مەیلەو کراوەیە، بەلای سووریدا دەشکێتەوە بە پێی داخوازی جێگە. «مەداری دائیرەی خامەک» دوو شوێن دەگرێتەوە لە پۆشاکی ئافرەتی ئەو سەردەمە و بەشێکی ئەم سەردەمەش، یەکیان پەراوێزی دامەنی کەوا. ئەوەی تریان دوو دەلینگی دەرپێی ئافرەت. عادەت بوو ئەم دوو شوێنە بە قوماشی خامەک دەدوورا، هەردووشیان دائیرەیین. لە خەستیی واتای «دامەنی پاکی» کە بۆ ڕووسووری ئافرەت دەچێتەوە بەیتەکە پتر بە لای دەلینگدا [دەرلینگ ڕاستە، کورت کراوەتەوە] دێتەوە.
6
گەرد و بادی هیجری تۆ وا عالەمی لێ کردمە تۆز
نەک دوو چاوم، بەڵکە حەتتا دڵ غوباری گرتووە
لاپەڕەی 540
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گەرد و بای دووریی تۆ بەجۆرێ بەرچاوی گرتووم و دنیای هەموو لێ کردووم بە تۆز، نەک تەنها چاوەکانم کە بەدەرەوەن، تەنانەت دڵیشم تۆز دایگرتووە.
دەستنووس
گەرد و بادی (عم) و (گم): گێژ و لوولی. هیجری تۆ (ت): هیجرەتت. (عب): هیجرتە. دووریش نییە (هیجرەتە) بێ واتە کۆچ کردن و نالییی ئەم پارچە شیعرەی پاش بەجێ هێشتنی کوردستان وتبێ. بەیتی دەهەمیش پشتی ئەم بۆچوونەمان ئەگرێ.
7
شەربەتی عوننابی لێوی شەککەر و بادامی چاو،
سەروی قەددت ڕاستە ئەنواعی ثیماری گرتووە
لاپەڕەی 540
عونناب: عەنناب، درەختێکی دڕکاوییە، شەش میترێک بڵندە، گەڵاکانی هێلکەیی و ددانەدارن . گوڵێکی زەرد و هێشوویی ئەگرێ، دارەکەی ڕەق و سوورە . بەرێکی ورد و خڕ و بەتام و شیرینی هەیە . لە پایزا پێ ئەگا . بۆ دەرمانیش بەکاردێ .
ثیمار: جەمعی ثەمەرە بە مەعنا میوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لە لایەکەوە شەربەتی شیرینی لێوەی وەک عونناب سوورت و، لە لایەکی کەوە بادامی چاوتە. ڕاستە کە ئەڵێن درەختی سەروی باڵات چەندە جۆرە میوەی وەک عونناب و بادامی گرتووە.
دەستنووس
لێو و (چن): لێو. دیارە (لێوی) یە. قەددی (« پەرواێزی » چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (من): قەددت.
نیوەی یەکەمی ئەم بەیتە لە (« پەراوێزی » چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (من) دا بەم جۆرەیە.
پێوەیە بادامی چاو و شەککەر و عوننابی لێو
تەنها لە (کم) دا (شەککەر و) وەکە کەوتووە.
ئەم بەیتە لە (عم) دا دەهەم و، لە (کم) دا شەشەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سێهەمی لاپەڕە 540، وشەی «ڕاستە» لە نیوەبەیتی دووهەمدا:
«سەرووی قەددت ڕاستە ئەنواعی ثیماری گرتووە».
جگە لەوەی کە تەسدیقی قسەیەک دەکات، ئەوەش دەگەیەنێ کە سەرووی قەددی یار خوارایی تێدا نییە، ڕاست هەڵچووە.
8
لەعلی شەککەرباری تۆ تێراوە، شەککەر باریە
لێوی میحنەتباری من بێ ئاوە، باری گرتووە
لاپەڕەی 541
لەعل: بەردێکی گرانبەهای سوورە . لێرەدا کینایەیە لە لێوی یار .
بار: توێژێکە لە لێوی نەخۆش و تینوو ئەنیشێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم بەیتەدا بەراورد لەنێوان لێوی خۆی و یاردا ئەکا و ئەڵێ: لێوی وەک لەعل ئاڵ و شیرینی تۆ، تەڕ و پاراو و تێراوە، شەکری بەسەرەوەیە. لێوی مەینەتباری منیش لە خەم و خەفەتدا وشک هەڵاتووە و تەڕایی لێ بڕاوە و، باری تاڵی لێ نیشتووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردوو (شەککەربار) دا جیناسی تەواو و، لەنێوان (تێراوە) و (بێ ئاوە) شدا طیباق هەیە. هەروەها لەنێوان هەردوو (بار) دا جیناس هەیە.
دەستنووس
تۆ (عم) و (گم): ئەو. تێراوە (چر): تێراوی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 541، نیوەی یەکەمی:
«لەعلی شەککەر باری تۆ تیراوە، شەککەربارییە»

دووجاران «شەککەربار»ی تێدا هاتووە، بەپێی شەرحەکەش یەک واتا دەبەخشن، وەک ئەوەیە بڵێی: چاوی جوانت جوانە. من لە کۆنەوە دەمبیست [ناشزانم لە نوسخەی عەلی موقبیل چۆن نووسراوە] دەگوترا و دەمگوتەوە: «لەعلی شەککەرباری تۆ تێراوە ((شکری باری))ـیە» واتە شوکری خوایە، یاخود شەکرێکی خوداییە.
9
پڕجەفایە، بێ وەفایە، زوود جەنگە، دێر صو ڵح
صەد درێغ و حەیفە طە بعی ڕۆژگاری گرتووە
لاپەڕەی 541
زوود: زوو .
دێر: درەنگ .
صوڵح: ئاشتبوونەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار زۆرم ئازار ئەدا و، بەڵێن و پەیمانی نییە و، زوو ئەکەوێتە شەڕ و درەنگ ئاشت ئەبێتەوە. صەد حەیف و صەد مخابن وا ئەمیش سروشتی ڕۆژگاری گرتووە و وەک ئەوی لێ هاتووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (جەفا) و (وەفا) دا جیناسی لاحیق و طیباق و، لەنێوان (زوو) و (دێر) و (جەنگ) و (صولح) دا تەنها طیباق هەیە. ڕۆژگاری (گم): ڕۆژگاری.
10
یادی  (کانیی دمدم)  و سەرچاوەکەی  (مێگوڕ)  دەکا
(بەکرەجۆ) ی چاوم کە شێوەی  (سەرچنار) ی گرتووە
لاپەڕەی 542
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەبێ (کانیی دمدم) یا (کانیی دەمدەم) و (مێگۆڕ) ناوی دوو سەرچاوە بن، وەک (بەکرەجۆ) و (سەرچنار).
دەستنووس
سەرچاوەکەی (مێگۆڕ) دەکا: ئەمە تەنها لە تێکستی (چن) ەوە نزیکە کە بەم جۆرە نووسراوە: سەرچاوکە میگر دکا. تێکستی هیچ کام لە نووسخەکانی ترمان بۆ ڕاست نەکرایەوە. بۆیە وا وەک خۆیان ئەیاننووسینەوە. (چر): سەرچاو گرمی کردکا. (« پەراوێزی » چر) و (عب): سرچاوە کرمی کردکان. (ت): سەرچاوکەء میکرد دکا. (ک): سەرچاوە کرمی سەردکا. (اح) و (خا): سەرچاوەء کۆمی کردکا. (من): سرچاوە گومی کردکات.
ئەم بەیتە لە هەموو نووسخە دەستنووسەکاندا، (عب) و (من) نەبێ، دوابەیتە و نازناویش نییە، لە (عب) دا بەیتی پێش دوابەیتە و دوا بەیت بەیتی سێهەمی ئێرەیە. بەڵام لە (عم) و (گم) دا پێنج بەیتی تریش هەیە کە یەکێکیان هەروەها لە (کم) و (من) یشدا هەیە.
11
بێ مەحابا ئاو دەڕێژێ گەهـ بە فەور و گەهـ بە دەور
چاوی من موددێکە شێوەی ئابشاری گرتووە
لاپەڕەی 542
مەحابا: لایەنگری .
گەهــ: جارجار .
فەور: پەلە .
دەور: نۆبە .
ئابشار: تاڤگە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوی من هەمیشە، بێ خۆبەستنەوە بە کاتێکی تایبەتییەوە، جارجار بە پەلە و جارجار بە نۆبە، فرمێسک ئەڕێژێ، چاوی من ماوەیەک وەک تاڤگەی ئاوی لێ هاتووە و سەرەمڕ ئاوی لێ ئەڕوا.
دەستنووس
ئەم بەیتە تەنها لە (عم) و (کم) دا هەیە و لە دوو نووسخەیشدا بەیتی هەشتەمە. ئێمە لێرەدا داماننا چونکە لە نووسخە دەسنووسەکاندا نەبوو.
12
شەمعی بەزمی من کەوا سووتاوە، زەرد و ئەشکڕێژ
قەت نییە فەردێک نەڵێ ڕەنگی مەزاری گرتووە
لاپەڕەی 542
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم بەیتەدا چاوی خۆی شوبهاندووە بە مۆم و ئەڵێ: مۆمی بەزم ڕازێنەوەی من کە چاومە، سووتاوە و زەرد و هەڵگراوە و فرمێسک ئەڕێژێ کە دڵۆپەی مۆمە تواوەیەکە، ئەوەندە کپ و بێدەنگە و بێدەنگ بۆ خۆی ئەگری، کەس نییە نەڵێ ڕەنگی گۆڕستانی لێ نیشتووە.
دەستنووس
ئەم بەیتەش هەر لە (عم) و (گم) دا هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 542:
شەمعی بەزمی من کەوا سووتاوە، زەرد و ئەشک ڕێژ
قەت نییە فەردێک نەڵێ ڕەنگی مەزاری گرتووە

شەرحەکە شەمعەکەی داناوە بە چاوی خۆی کە سووتاوە و زەرد هەڵگەڕاوە وەکوو مۆم و کەس نییە نەڵێ ڕەنگی گۆڕستانی لێ نیشتووە.
ئەم لێکدانەوەیە دوورە لە موفرەداتی بەیتەکە، چاویش ناسووتێ بە فرمێسک و ناشبێتە شەمعی بەزم. وەک من بۆی دەچم نالی وا دادەنێ کە مۆمی بەزمی ئەو زەرد بووە و فرمێسک دەڕێژێ تەعبیر لە حاڵی بێحاڵی نالی دەداتەوە تا ئەوەی کەس نییە نەڵێ «ئەو بەزمە» ڕەنگی گۆڕستانی گرتووە. لە وشەی «فەردێک»ـەوە مانایەکی دیکەش هەڵدەستێ بەوەدا کە واتای تاکە بەیتی شیعر ڕادەگەیەنێ. لەمەوە مانای بەیتەکە وای لێدێت: تاکە فەردێکی شیعرم نییە وەصفی بەزمەکەم بکات و بە گۆڕستانی دانەنێ. دەشێ بۆ ئەم مەعنایە بەزمەکە دیوانی شیعری بێ کە شەوانە لەبەر شەمعی زەرد و فرمێسکڕێژ موتاڵای دەکاتەوە یان لێی زیاد دەکات، هەمووی وەک گۆڕستانە دەڵاڵێتەوە.
13
موددەعیی زەجرم دەکات و، پێم دەڵێ: صەبرت ببێ
کەر بە لەعنەت بێ کە کەی عاشق قەراری گرتووە!
لاپەڕەی 543
زەجر: سەرکوتاندنەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کابرای لە خۆشەویستیی نەگەیشتوو سەرم ئەکوتێتەوە کەوا من بەدەست دەردی دڵەوە ناڕەحەتم و پێم ئەڵێ خۆت ڕاگڕە.. دەک پیاوی کەر بە نەعلەت بێ، ئەگەر ئەو کەر نەبوایە ئەیفامیی کەوا دڵدار هەرگیز خۆی پێ ڕاگیر ناکرێ.
دەستنووس
ئەم بەیتەش هەر لە (عم) و (گم) دا هەیە.
لەم دوو نووسخەیە و لە (کم) و (من) یشدا پاش ئەم بەیتە بەیتێکی تریش هەیە. ئەو بەیتە ئەوەیە لە (کم) دا کراوە بە دوا بەیت. لەبەر ئەوە کە ئەو بەیتە لە زۆر ڕووەوە لە بەیتی دەهەمی ناو ئەسڵی شیعرەکان ئەچێ، نەماننووسییەوە. ئەو بەیتە ئەمەیە:
چاوی «نالییی» دائیمەن فرمێسکی لێ دەڕژێتە خوار
وادەزانم هەر کە شێوەی سەرچناری گرتووە
14
«نالیی»  وا دائیم کە مەشغووڵی فوغان و ناڵەیە
باعیثی هیجرانی یارە دڵ شەراری گرتووە
لاپەڕەی 543
شەرار: شەرارە، بڵێسە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی کە هەمیشە ئەناڵێنێ و هاوار ئەکا، بە هۆی دووریی یارەوەیە کە ئاگری بەرداوەتە دڵ و دەروونی.
ئێمە هەرچەند ئەم پێنج بەیتە زیادەمان بڵاو کردەوە کە هەر لە نووسخە چاپەکاندا هەن، لەو باوەڕەدا نین هیی نالییی بن. نە شێوە و نە تەکنیکی داڕشتن و نە ناوەڕۆک هیچیان واناگەیەنن بەشی یەکەم و دووهەمی ئەم پارچە شیعرە لە یەک جۆر بن. نەبوونی نازناویش لە دوابەیتی بەشی یەکەمدا کە بەیتی دەهەمە، شتێکی سەیر نییە. سەرەڕای ئەوە کە هەر لەوانەیە نالییی خۆی نازناوی دانەنابێ، ئەشگونجێ گۆڕانیی بەسەر دوابەیتا هاتبێ، یا با بەیتی تر بووبێ و فەوتابێ.
دەستنووس
لە نووسخەکانی (کم) و (گم) و (من) دا وردە جیاوازییەکی بێ بایەخ لەنێوان تێکستەکانی ئەم بەیتەدا هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 543:
«نالی وا دائیم» کە مەشغووڵی فوغان و ناڵەیە
باعیثی هیجرانی یارە دڵ شەراری گرتووە

زۆر لە بەیتی سەرەتای لاپەڕە 537 دەچێت، لەڕووی واتاوە. هەرچەند بەیتەکە عەیبی لێ ناگیرێ بەڵام ئەو بەیتەی شەرحەکە ڕەفزی کردووە و ئەمە دەقیەتی:
چاوی «نالی» دائیمەن فرمێسکی لێ دەڕژێتە خوار
وادەزانم هەر کە شێوەی سەرچناری گرتووە

ئەویش بێعەیبە، لە دیوانی گیودا هەردوو بەیت بە ڕێنووسی نیوداشتی سەردەم پێکەڵپێکی ڕێنووسی شەرحەکە، یەک لەدوای یەک بوونەتە کۆتایی غەزەلەکە. بەلای منەوە ئەم بەیتەی کە شەرحەکە پێی ڕازی نییە پوختەترە لە بەیتی «کانی دمدم و مێگوڕ» و پتر لە چەژی شیعری نالییەوە نزیکە. بەهەمەحاڵ بەیتە ڕەفزکراوەکە هیچی کەمتر نییە لە بەیتی کۆتایی غەزەلەکە، گوناهێکیشی نییە لەوەدا بەیتێکی دیکەی وەک ئەو هەیە نازناوی نالی پێوەیە. هەرچۆنێک بێ، بەوەدا کە بەیتەکە بە ڕەفزکراوی چۆتە ناو شەرحەکە زەرەر لە نیوەی گەڕاوەتەوە ئەگەر نەڵێم زەرەرێک ڕووی نەداوە.
وشەی «فغان» لە نالی لە بەیتێکی ترا بە «ئەفغان»ـی نووسیوە «فیغان»ـە نەک «فوغان» ئەویش بە باوەڕی خۆم.
غەزەلی «گوڵبنی قەددت...» لە لاپەڕەی 544 تا 547 جنجاڵێکی زۆری بە دمەوەیە، لێی دەوەشێتەوە گوتارێکی لەسەر بنووسرێت، لێرەدا جێی نابێتەوە.