سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

زوڵفت بە قەدتدا کە پەرێشان و بڵاوە،

1
زوڵفت بە قەدتدا کە پەرێشان و بڵاوە،
ئەمڕۆ لە منی شیفتە ئاڵۆز و بە داوە
لاپەڕەی 532
شیفتە: دڵداریی کە یار دڵی بردبێ .
ئاڵۆز: شێواو .
بەداو: سەر بە گۆبەند و دەم بە بیانوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زووڵفە درێژ و شۆڕەکانت کە بە قەد و باڵاتدا پرژ و پڵاو بوونەتەوە و دڵی دڵدار ڕائەکێشن بۆ لای خۆیان، ئەمڕۆ لەمنیش ئاڵۆز و شێواو و سەر بە گۆبەند و دەم بە بیانوون و گیرم بە دەستیانەوە خورادووە.
دەستنووس
بە قەدتدا (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ک) و (من): لە قەدتدا. ئەمڕۆ: ئەمە تێکستی تەنها (گم) ە، نووسخەکانی تر هەموویان، (چر) نەبێ: امرو، کە بۆ (ئەمڕۆ) یش و (ئیمڕۆ) یش دەستئەدا. (چر): ئیمڕۆ.
2
ئەم عومرە عەزیزە کە لە بۆت نەقد و دراوە،
صەد حەیف و درێغا کە موسوڵمانی نەماوە!
لاپەڕەی 533
نەقد: نەخت . پارە .
دراو: سکە، لێ دراو . بەخشراو .
درێغا: داخەکەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
لێکدانەوەی ئەم بەیتە پێویستی بە (تەقدیرکردنی) خەبەرێک هەیە بۆ ڕستەی نیوە بەیتی یەکەمی و بەو تەقدیرکردنەوە مەعنای بەیتەکە وای لێدێتەوە کەوا عومری عەزیزی خۆم وەک نەختینە و دراو بۆ تۆ دانا، یا پێم بەخشیت و دامە دەستت. بەڵام صەد حەیف و صەد مەخابن کەوا موسوڵمانەتیی نەماوە تا تۆ وەفات هەبێ و عومر بەخشین و لەژیان بووردنەی منت لەبەر چاو بێ و، قەدری پیاوەتیی کەس نازانێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە وشەی (دراو) دا لە طافەت هەیە، چونکە بۆ هەردوو مەعناکەی دەستئەدا.
دەستنووس
ئەم بەیتە تەنها لە (چر) و (عب) دا هەیە لەم شوێنەدایە. لە نووسخەکەی (چر) دا بە خەتێکی بێگانە لە خەتی ئەسڵی کتێبەکە نووسراوە « هی نالییی نییە ». بەڵام وەک پێشتریش باسمان کردووە نووسخەی (عب) نووسخەیەکی کۆنە و لە (١٣١٨ی. ک = ١٩٠٠ - ١٩٠١ی. ز) دا نووسراوەتەوە جێگای گومان لێ کردن نییە، بۆیە ئێمە ئەم بەیتە بە هی نالییی دائەنێین. نەقد و (عب): نەقد. بۆ (نەقد و) و (نەقدە) یش دەستئەدا. حەیف و (عب): حەیف. بۆ (حەیف و) و (حەیفە) یش دەستئەدا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 533:
ئەو عومرە عەزیزە کە لەبۆت نەقد و دراوە،
صەد حەیف و درێغا کە موسوڵمانی نەماوە!
بە هیچ کێشانە و لێدانەوەیەک هی نالی نییە. لە لایەکەوە کە هەردوو نیوەبەیتی قافیە دارن هەر دەڵێی خزمە لەگەڵ غەزەلی پێشووتر. لەلایەکی دیکەشەوە بەیتی دوای ئەم بەیتەش لەگەڵ عومر خەریکە باڵام تا بڵێی مەیدانیان جودایە و تابشڵێی لە لایەن هونەر و چەژ داڕشتنەوە لێک دوورن.
3
عومرێکی درێژە بە خەیاڵی سەری زوڵفت
سەوداوو پەرێشانم و، سەودایەکی خاوە
لاپەڕەی 533
سەودا (ی یەکەم): عاشق .
سەودا (ی دووهەم): خەیاڵ . عەشق
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ماوەیەکی دوور و درێژە بیر لە سەری زووڵفی درێژی تۆ ئەکەمەوە و، بەو بیر کردنەوەیە گرفتار و پەرێشان و خەیاڵ پەرت و بڵاو بووم. بەڵام ئەم خەیاڵ و بیرکردنەوەم خەیاڵێکی پووچ و بێ مایە و کردارێکی بێ سوود و کەڵکە و دوای کڵاوی بابردوو کەوتووم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (خەیاڵ) و (خاو) دا ئیشارەتێکی ناسک کراوە بۆ ڕستەی کینایەیی (خەیاڵی خاو) کە لە کوردیدا زۆر بە کاردێ. لە کۆکردنەوەی (زوڵف) و (خاو)، (زوڵف) و (پەرێشان) یشدا تەناسوبێکی جوان هەیە.
دەستنووس
لە ڕێز کردنی بەیتەکانی ئەم پارچە شیعرەدا شوێن پێی (چر) و (عب) مان هەڵگرتووە. نووسخەکانی تر جیاوازییان هەیە. تێکڕای نووسخەکان لە بەیتی یەکەم و دووهەمدا هاوڕێزن. ئەم بەیتی سێهەمەش لە (چن) و (عم) و (ت) و (اح) و (خا) و (خب) دا حەوتەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕە:
عومرێکی درێژە بە خەیاڵی سەری زولفت
سەوداوو پەرێشانم و، سەودایەکی خاوە

هەندێ لایەنی وردەکاری هەیە لە بەیتەکەدا شەرحەکە خۆی تێ نەگەیاندووە: عومرێکی درێژ بە خەیاڵی «سەری زوڵف» طیباقی تێدایە و دەلالەتی هەیە لەسەر زێدە خەریکبوونی بە خەیاڵیەوە. هەروەها دەلالەتی درێژی زولفەکە بە دەستەوە دەدات چونکە عومرێکی درێژ بۆ تەنها «سەری زوڵف» بێ دەبێ هەموو زوڵفەکە چ عومرێکی بەدەمەوە بێت. نالی بە خەیاڵ... سەودایە، پەرێشانیشە وەک زوڵفەکە، سەودایەکەش بۆ زوڵفی خاوە، وەک کە زوڵفەکە وێڕای پەرێشانی خاویشە.
عومری درێژ و خەیاڵ و سەودا و پەرێشان و خاو، هەمووی وجوودی مەعنەویان هەیە تەنها سەری زوڵف ماددەیە... لێرە مناسب دەبینم بڵێم: مەرحووم «نیهانی» شێخ محی الدین کوڕی شێخ کەریمی بەرزنجی لە کۆیە، ئەم غەزەلەی تەخمیس کردبوو، تەخمیسی دوو بەیتیم لەبیر ماوە یەکەمیان ئەمەیە:
بێزار مەبە لێم من سوپەری تیری عەدووتم
بۆ شەمعی جەمالت وەکوو پەروانە لەدووتم
بۆ ئاتەشی سەرکۆنە بە صەد گۆنە دەسووتم
هەرچەند کە ڕووتم بەخوا... هتد

دووهەمیان ئەمەیە:
ڕۆژێ نەبوو صەد دەفعە یەخەت هەڵنەتەکێنی
زەنجیری وەفا و عەهدی قەدیمت نەپسێنی
بۆ فەرقی یەتیمی دڵەکەم سەنگ نەوەشێنی
بۆچی نەگریم صەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی...
4
هەرچەندە کە ڕووتم، بەخودا مائیلی ڕووتم
بێبەرگییە عیللەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە ...
لاپەڕەی 534
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچەند کابرایەکی لات و بێ دەسەڵات و ڕووت و قووتم و بەپێی نەریتی کۆمەڵایەتی شایانی ئەوە نیم و بۆم ڕەوانییە بیر لە خۆشەویستی نازدارێکی پایەبڵندی وەک تۆ بکەمەوە، بەڵام چار چییە؟ هێزی خۆشەویستیی هێزێک نییە دان بە جیاوازیی هەژار و دەوڵەمەند و داب و نەریتی کۆمەڵایەتیدا بنێ.. حەزم لە دیداری ڕووتە هەژاریی نابێ بە کۆسپ لە ڕێی دەربڕینی ئەم خۆشەویستییەمدا.. بەڵکو هەر لەبەر ئەم هەژارییەم پێویستم پێتە و لەوانەبو ئەگەر هاوڕێ و هاوسەرێکی خۆمم بوایە بیرم لە تۆ نەکردایەتەوە.. هەژار بۆیە حەز ئەکا بچێتە بەرخۆر چونکە هیچی لەبەرا نییە و ئەیەوێ گەرمی ببێتەوە. ئەگەر جل و بەرگی گەرم و نەرمی باشی لەبەرا بێ کاری بە خۆر و بەربەڕۆچکەی زستانان چییە !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردوو (ڕووتم) دا جیناسی تەرکیب و، لەنێوان (هەتیو) و (هەتاو) دا جیناسی لاحیق و، لە هێنانی نیوە بەیتی دووهەمدا بەدوای نیوە بەیتی یەکەمدا حوسنی تەعلیل هەیە. تەشبیهێکی جوانیش لە بەیتەکەدا هەیە کە نالییی خۆی کردووە بە هەتیو و، هاوڕێ بە بەرگ و، ڕووی یار بە خۆری زستان..
دەستنووس
بەخودا (کم) و (گم): بەخوا.
5
(مانیی)  نیەتی قووەتی تەصویری برۆی تۆ
ئەم قەوسە بە دەستی موتەنەففیس نەکشاوە
لاپەڕەی 535
مانیی: وێنە و نەخشکێشێکی بەناوبانگی ئێرانیی بووە . ئیددیعای پێغەمبەریشی کردووە . لەسەردەمی بەهرامی یەکەمی ساسانیدا بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتیان، پێستیان گروو و پڕیان کرد لە کا و لە بەردەرگای شاری جوندیشاپووردا هەڵیانواسیی تا خەڵک سەیری بکەن ..
تەصویر: وێنەکێشان .
موتەنەففیس: هەناسەدەر، گیانلەبەر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: برۆت ئەوەندە جوان و ڕازاوەیە، تەنانەت نیگارکێشێکی بەناوبانگی وەک مانییش ناتوانێ وێنەی بکێشێ. کەوانی برۆی تۆ بەدەستی ئادەمیزاد ئامادە نەکراوە بۆ تیرنان بە دڵی دڵدارانەوە.. هەر خوا ئەتوانێ کەوانی وەک برۆی تۆ دروست بکا هەمیشە ئامادەی ڕاوکردنی دڵی دڵداران بێ.
نیوەی دووهەمی ئەم بەیتە حوسنی تەعلیلی تیایە بۆ نیوەی یەکەمی و، لەنێوان (قەوس) و (نەکشاوە) شدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
ئەم قەوسە (چر): ئەو قەوسە. (من): ئەم نەقشە.
ئەم بەیتە لە نووسخەکانی جگە لە (چر) و (عب) دا بەیتی هەشتەمە.
6
بۆچیی نەگریم، صەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی!
بۆ مەی نەڕژێ، شیشە لە صەد لاوە شکاوە!
لاپەڕەی 535
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕۆژێ سەد جار دەست بە ڕوومەوە ئەنێی و دڵم ئەشکێنی، ئیتر چۆن نەگریم؟ شەرابی خوێنی دڵم چۆن لە چاوەکانمەوە نەڕژێ و سەرنەکا، مادەم شووشەی دڵمت لە صەد لاوە شکاندووە؟
نیوە بەیتی دووهەم ئەنجامی نیوە بەیتی یەکەم لێک ئەداتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
بە شوبهاندنی (مەی) بە (فرمێسک) و (دڵ) بە (شووشە) ئیستیعارەیەکی موصەڕڕەحە پێکهاتووە.
دەستنووس
بۆ چ مەی (چر) و (عم) و (من): بۆ مەی. (کم) و (خب): مەی بۆ. (گم): مەی بۆچ. شیشە (عم) و (گم) و (ت) و (ک) و (اح) و « پەرواێزی » خا): شووشە. لاوە (چر) و (کم) و (عب) و (اح) و (خا) و (خب): جێگە. (ت): جێگا.
ئەم بەیتە لە (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (ک) و (اح) و (من) و (خا) و (خب) دا بەیتی دووهەمە.
7
بێ فائیدەیە مەنعی من ئێستاکە لە گریان
بۆ عاشقی بێچارە زووەم ئاوە ڕژاوە!
لاپەڕەی 536
زووەم: زوو ئەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لۆمەکردنی دڵدار و ڕێگای گریان لێ گرتنی داد نادا. عاشقی بەدبەخت لە زووەوە ئەم ئاوەی بۆ ڕژاوە کە ئەبێ بەشی هەر گریان و بەدبەختیی و کوڕووزانەوە بێ.
ڕستەی (ئاو بۆ ڕژان) لە کوردیدا کینایەیە لە داب و نەریت.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە بەکارهێنانی (ئاو) و (ڕژان) دا وردەکارییەکی جوان هەیە. چونکە مەسەلەکە پەیوەندی بە فرمێسک و گریانەوەیە.
دەستنووس
ئەم بەیتە لە (چن) و (عم) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا) و (خب) دا بەیتی پێنجەمە. لە (کم) و (گم) و (من) یشدا بەیتی شەشەمە.
8
هەر جۆگە و جێگێکی کە وا سوور و سوێر بێ
جێی جۆششی گریانی منە و خوێنە ڕژاوە
لاپەڕەی 536
جێگێکی: جێگەیەکی .
جۆشش: هاتنە جۆش و هەڵقوڵان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەر جۆگەیەک کە ئەیبینیی ڕەنگی سوورە و تامی سوێرە، خوێنی چاوەکانی منە ڕژاوە، یاخود خوێنی منی بەبێ تاوان کوژراوە، بۆیە سوورە و، شوێنی هاتنەجۆشی گریانی منە بۆیە سوێرە.
لە مەعنا لێدانەوەی ئەم بەیتەدا ئەگونجێ (سوور) و (سوێر) هەردووکیان پێکەوە بۆ (جۆگە) و (جێگە) بگێڕینەوە و، ئەشگونجێ (سوور) بۆ (جۆگە) و (سوێر) بۆ (جێگە) بگێڕینەوە و لەف و نەشری مورەتتەب بێ.
ئەشگونجێ ڕستەی (خوێنە ڕژاوە) بە (خوێ نەڕژاوە) بخوێنرێتەوە وەک لە هەندێ نووسخەدا نووسراوە و هەرچۆن بێ پیتەکانی ڕستەکە بۆ هەردوو داڕشتنەکە ئەگونجێن و نالیییش بە عادەتەکەی خۆی هەر ئەوەی مەبەست بووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (جۆگە) و (جێگە) دا جیناسی لاحیق و، لەنێوان (سوور) و (سوێر) دا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
جێگێکی کەوا (عم): جوبار کەوا. دیارە (جۆبارێ) یە. (کم) جێگایە کەوا. (گم) و (من) و (خب): جۆبارێ کەوا. (ک) و (اح): جێگایێ کەوا:
جێی (چن) و (عم) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا) و (خب): جێ. منە و: ئەمە تێکستی (چر) و (عم) ە. نووسخەکانی تر هەموو منە، (کم) نەبێ کە هەر لە بنەڕەتا وشەکەی تیا نییە. خوێنە ڕژاوە (چر) و (گم) و (اح) و (« پەراوێزی » خا): خوێ نە ڕژاوە. ئەبێ مەبەستی (خوێ نەڕژاوە) بێ. (عب): خوێی نەڕژاوە. (خوێ) کەی بە هەڵە بە دوو (ی) نووسیوە.
ئەم بەیتە لە (چن) و (عم) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا) و (خب) دا بەیتی سێهەم و، لە (کم) و (گم) و (من) دا بەیتی پێنجەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 536:
هەر جۆگەوو جێگێکی کەوا سوور و سوێر بێ
جێی جۆششی گریانی منە و خوێنە ڕژاوە

دەبوو قافیەکەی «خۆی نەڕژاوە» بنووسری نەک «خوێنە ڕژاوە» چونکە قافیەی بەیتی پێش خۆی «ئاوە ڕژاوە» هاتووە، جۆرە هەژارییەک بە مل بەیتەکەدا دەدا.
9
سۆزی دڵمە با عیثی تاو و کوڵی گریان
مەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە
لاپەڕەی 537
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سۆزی ئاگری عەشقی دەروونمە بووە بە هۆی تاوی گەرم و بە کوڵی گریانم. ئەمەش شتێکی سەیر نییە، چونکە هەموان ئەزانن ئاگرە ئەبێ بە هۆی هاتنە کوڵی ئاو.
مەبەستی نالییی لە بەکارهێنانی وشەی (باعیث) بۆ پەیوەندی نێوان (سۆزی دڵ) و (تاو و کوڵی گریان) و، بەکارهێنانی وشەی (سەبەب) بۆ پەیوەندی نێوان (ئاگر) و (جۆششی ئاو) ئەوەیە بڵێ پەیوەندی ئەم دوانە وەک یەک نین و هیی یەکەم بەتینتر و بەهێزترە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە نیوە بەیتی دووهەمدا حوسنی تەعلیل و، لەنێوان (تاو) و (ئاو) دا جیناسی لاحیق و، لەنێوان (ئاگر) و (ئاو) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
تاو و (چر): تاوی. (اح): تاو. بۆ هەردووکیان دەستئەدا. (خا): تاب و. ئاگر (عم): ئاور.
ئەم بەیتە لە (چن) و (عم) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا) و (خب) دا بەیتی شەشەم و، لە (کم) و (گم) و (من) دا بەیتی حەوتەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 537:
سۆزی دڵمە باعیثی تاو و کوڵی گریان
مەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە

شەرحەکە دەڵی: نالی مەبەسیەتی بڵێ سۆزی دڵم بەتینترە بۆ گریان لە گەرمایی ئاگر بۆ کوڵانی ئاو. بە ڕێکەوت، دەبینم بەر لە ساڵەها ئەم چەند ڕستەیەم نووسیوە لە پەراوێزی دەوری بەیتەکە: باعیث لەبارە بۆ ئەوەی سۆزی دڵ کوڵی گریان پەیدا بکات. هەرچی «سبب»ـە دەشی یەکسەر بەرهەمهێن بێ وەک کە ئاگرەکە و جۆششی ئاوەکە یەک شت بن. باعیث هاندەرە خالق نییە وەک سەبەب.
10
«نالیی» وەکو زوڵفت کە مو طیعی بەری پێتە
تێکیمەشکێنە، بە جەفا مەیخەرە لاوە
لاپەڕەی 537
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی کە لەبەر پێتا کەوتووە و گوێڕایەڵ و فەرمانبەردارتە وەک زوڵفە درێژەکانت کە ئەکەونە بەر پێت، مەیشکێنە یەک و ئازاری دڵی مەدە و پشتگوێی مەخە و یادی بکەرەوە.
هەرچەند (تێکشکاندن) و (بەلاداخستن) لەو بەیتەدا دراونەتە پاڵ نالییی، بەڵام کۆکردنەوەیان لەگەڵ زوڵفدا لە یەک بەیتدا شتێکی بێ موناسەبەت نییە، چونکە لە بنچینەدا ئەبێ بدرێنە پاڵ زوڵف. مەبەستی نالییی ئەوەیە بڵێ، هەرچەند من وەک زووڵفەکانت کەوتوومەتە بەرپێت، بەڵام ئەمە واناگەیەنێ لە هەموو شتێکا وەک زوڵفتم لەگەڵ بکەی.
دەستنووس
وەکو (عب): سری = سەری. بەم پێیە ئەبێ (نال) ی و (نالییی) ش بەتاڵە باریکەکەی ناو قەڵەم مەعنا لێبدەینەوە. بە جەفا (کم) و (ت) و (اح): بە جەفا و.