سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

پێشەکییەکان

پێشەکی مامۆستا مەسعوود محەمەد - کتێبی دەستەودامەنی نالی


مێژساڵێکە مەراقی کارێکی پێویستی سەرشانی ئەدەبدۆستیی کوردەواری هەستم دەڕووشێنێت و دنەم دەدات و دەستم پێی ناگات: دەمەوێ، پاتەوپات و بێ مەرایی، بڵێم شەرحەکەی دیوانی نالی لەلایەن مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەرریس و، گیانشاد، فاتیحی ڕۆڵەی بیگەرد و بێتەقسیریەوە کە خانەی وێرانی خاکوخۆڵی بۆ کورد و کوردستان سەرلەنوێ ئاوەدان کردەوە و بێنوبەرامەی گوڵستان و بۆستان و بەهارستانی ئەدەبی پەردەپۆشی کەڵەشاعیری کوردی لە دەماغی خەیاڵ و خەون و خولیای هەموو هەستەوەری ناسک گێڕا، کاتی ئەوەی هاتووە، ئەگەر نەڵێم پیربووە، درزێکی سەربان و کەلێنێکی دیوار و تیکێکی تاق و پەنجەرەکانی بە کوتانەوە و پڕکردنەوە و مشتوماڵدان کەمتاکورتە ڕەونەقێکی تازە بخەنە سەر پرشنگی چراغانی دیوانەوە کەوا لە حەقیقەتدا کارێک دەبێ بریتی لە هەڵکێشانی فتیلی چراکە نەک خواستنەوەی نەوت بۆی.

 

لێرەشدا حەقە بەسەرمەوە لەچاو ئەدەبدۆستانی دیکەی کورد کە خۆم بەرپرسیارتر بزانم بۆ ئەم کارە، هەر نەبێ، لەبەر دوو هۆی سەرەکی:

هۆی یەکەم ئەوەیە کە شەرحی دیوانی نالی لەلایەن باوک و ڕۆڵەی پەرۆشدارەوە کاتێک درایە «کۆڕی زانیاری کورد» بۆ لەچاپدانی یەکسەر بە من سپێردرا بینرخێنم (ئەوسا ئەندامی تەرخان و کارای کۆڕ بووم و هەر لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی کۆڕ دیراسەی نالی و حاجی قادرم بە ملەوە بوو، ئەوسا کە شەرحەکەی مامۆستا و ڕۆڵەی بە من درا ڕیزە گوتارم لەسەر نالی لە گۆڤارەکەی کۆڕ بڵاو دەکردەوە) ئەو شەرحەی باسکراو کاریکی سادە و کەمبڕشت بوو، ڕەنگە سێیەکی شەرحی دواتری نەدەبوو. گیانشاد، فاتیح، چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵمدا کرد و هەندێک لایەنی واتا ونەکانی بەشێک لە هەڵبەستی «نالی»ـم بۆ ڕوون کردەوە و، هەر لەبیرمە، بە نموونەی هەوەڵ جار، ئەم بەیتەم بۆ شەرح کرد:

خاو و بێ خاوی دوو زولفی خاوم ئەز
چاوە چاوی یەک غەزالە چاوم ئەز

 

گوتم: سەیرکە، لە نێوەدێڕی یەکەمدا «خاو و بێ خاو‌» دوو وەصفن بۆ دوو زولف. لە نیوەدێری دووهەمدا «یەک‌» هاتووە بۆ غەزال کەچی دوو چاوی هەیە. بەو پێیە «چاوە چاو‌» و «یەک غەزالە چاو‌»یش لەنگەریان لەگەڵ یەکتردا بەستووە وەک کە «خاو، بێ خاو‌» لەنگەریان بەستووە لەگەڵ «دوو زولف‌». بەدەم وتووێژی چەند ڕۆژەمان بایی بڕشتی زەینی خۆم، بەشێک لە لایەنە شرایەوەکانی شیعری نالیم بۆ فاتیح ڕوون کردەوە ئیتر متمانەم هات کە دەبێ جارێکی دیکە بە شەرحی دیوانەکەدا بچنەوە، وابوو کاک محەمەدی برایشی لە سەفەری هەندەران گەڕایەوە و بەشداری سەروبەری شەرح و لەچاپدانی دیوانەکە بوو تا بوو بەو شەرحە مەزنەی وا لەبەر دەستاندایە.

هۆی دووهەم ئەوەیە کە گیانشاد فاتیح باوەڕی بە بۆچوونەکانی من هەبوو دەربارەی تەمەن و میژووی ئاوارەبوون و هەڵسوکەوتی نالی لە غەریبی. سەیرێکی پەراوێزی لاپەڕە 31 ی شەرحەکە بکرێت دەدیترێت فاتیح نووسیویەتی «ئەم بەڵگانەم هەموو لە دەستنووسێکی فڵان وەرگرتووە‌». هەر ئەو دەستنووسە بوو دواتر بووە بەشێکی گوتارەکانم لە بارەی نالی کە بوون بە کتێبی «چەپکێک لە گوڵزاری نالی» بە پێشەکییەکی بیندرێژەوە. یەکەم ئاڵقەی گوتارەکان لە ساڵی 1976 بڵاوبۆتەوە کە دەکاتەوە ساڵی لەچاپدانی شەرحەکەی مەلا کەریم و فاتیح.

ساڵمەرگی نالی لە گوماندا نەما دوای ئەوەی مامۆستا عەبدوڵڵا حەدداد لە خوێندنی ئەوروپای گەڕایەوە و لە تەلەڤیزیۆنێک بڵاوی کردەوە کە نووسەرێکی فەڕەنسی نووسیویەتی: نالی لە 1290 ک لە ئەستەنبوڵ بە خاک سپێردراوە و نووسەر خۆی لە دەمی ناشتنی تەرمەکەی حازر بووە. [1]

لەم نووسینەمدا تەنها یەخەگیری شەرحی ئەو بەیتانە دەبم کە لە دیوانەکەدا هاتووە و من جۆرێکی جودا پەسەند دەکەم. بێگومان زۆر شوێنی دیوانی نالی، جارێ بە واتاگومی ماوەتەوە ئیتر سەبەب هەرچی بێت. لە نموونەدا دەڵێم قەصیدەی «ئەی جیلوەدەری حوسن‌» کە لە دیوانەکەدا بە ستایشی خودا حیساب کراوە، ئەویش بە تەئویلێکی دووەرەدەست، هەڵدەگرێ بە هەمان ئەرکی تەئویل، بدرێتەوە بە مەدحی یار، بەتایبەتی لە نیوەی دووهەمی بەیتی سەرپەڕگی لاپەڕە 76 کە دەڵێ «ئەی شەوقی ڕوخ و ذەوقی لەبت ذائیقە بەخشا‌»، ئنجا لە بەیتی دووای ئەودا، لاپەڕە 77، کە دەڵێ:

جان بەر لەبی بۆسەی لەبتە عاشقی زارت
فالبائس یستوهب من فیك معاشا

 

بەلای مجێزی منەوە ئەم «خطاب‌»ـە ناشێ بۆ لای خوا هەڵگێڕدرێتەوە مەگەر بە زەبری کوتەک. دەبێ لێرەدا بڵیم، لە شەرحی بەیتی سەرپەڕگی لاپەڕە 76 کە ئەمە دەقیەتی بە پێی نووسینی ناو کتێبەکە:

فەییاضی ڕیاضی گوڵ و میهر و مل و لەعلی
ئەی شەوقی ڕوخ و ذەوقی لەبت ذائیقە بەخشا

 

وشەی «مل‌» بە مل و گەردەن لێک دراوەتەوە کەچی وشەکە «مول - مُل‌»ـە بە واتای شەراب دێت. هەر ئەم واتایەش جێی دەبێتەوە لە بەیتەکەدا چونکە لە هەموو بەیتەکەدا تەنها «شەراب‌» هەیە یەکسەر و بێ هەناسەسواری تام ببەخشێت و داوای «ذەوقی لەبت‌» و «ذائیقە بەخشا‌» بکات. ئەو سێ دێڕی وا لە شەرحی بەیتەکە هاتووە چ پێوەندییەکی لەگەڵ دەقی بەیتەکە نییە و لە ناچاریشەوە مل و گەردەنی باس کردووە چونکە بۆ واتای «شەراب‌» نەچووە، لە کۆنیشدا «گوڵ، مول، دوڕڕ...‌» هەمووی «گڵ، مل، در...‌» دەنووسرا. تێکستێکی ئەو بەیتە «مل و لەعلن‌»ـی نووسیوە. شەرحەکە تەئویلیکی بۆ ضەمیری کەسی دووهەمی کۆ «... لەعلن‌» بەوەدا پەسەند کردووە گۆیا ئەم ضەمیرەی کۆ بۆ حورمەتی خودایە کە ڕووی قسە لەوە. بەڵام ئەم تەئویلە لە خۆوە هەڵدەوەشێتەوە کە لە نیوەبەیتی دووهەمدا دەڵێ: « ذەوقی لەبت‌» کە قسەی لەگەڵ تاکە. وەک من بۆی دەچم ئەم ضەمیرە ڕووی لە «شەوقی ڕوخ‌» و «ذوقی لەبت‌»ـە و بە هەردوویان دەبنە کۆ. ئەمە دەڵێم بۆ دروستاندنی «لەعلن‌» لە بەیتەکەدا، خۆ ئەگەر «لەعلی‌» بێ یەکسەر بۆ یار دەچێتەوە یان بۆ هەر شتیکی تاک بێت کە لێرەدا هەر خوا بە زەیندا دێت... تەعبیری «لەعلن‌» تەنها «شەوقی ڕوخ و ذائیقە بەخشا‌» قبووڵ دەکات کە چیهرەی یارن. ئیلتیقای پۆڵا و ئاسن... یش (لاپەڕە 170) کە لە شەرحەکەدا بە تێکەڵبوونی نێرۆمێ لیکدراوەتەوە لە ئاست داخوازیی مەقام کورت دەهێنێ چونکە گونجاندنێکی متمانەبەخش، نە بە وشەی پاتەوپات و نە بە زەمینەیەکی مەعنەوی دڵڕاگر، لە بەیتەکانیدا نییە. من ڕایەکی یەکجارەکی لەم مەسەلەیەدا نادەم، هەر ئەوەندە دەڵێم شەرحەکە (لەبەر هەر هۆیەک بێت) خوتخوتەی دڵ کپ ناکات. لە نموونەدا دەڵێم وشەی «حدید‌» لە شەرحەکەدا مێینە و «پۆڵا‌» نێرینە حیساب کراوە: قورئان بکەین بە شایەد بۆ «حدید‌» تەعبیری «فیە بأس شدید‌»ی بەکار هێناوە نەک «فیها‌». تەئویلێکی نەحوی هەیە دەیکا بە مێ، گۆیا وشەیەکی لە چووککردنەوە «تصغیر‌»دا بوو بە مێ هەر بە مێ حیساب دەکرێت، ئیتر لەم بەیتەدا دەبێ بڵێین نالی قورئانی بەلاوە ناوە لەبەر خاتری نەحو.

نیوەی دووهەمی بەیتی سەرەتای بڕە شیعرەکە لە دەسنووس یاخود چاپکراودا دیتوومە بەم شێوەیە هاتووە «جەمعی ماء و نار و مردە و زیندە و مەرخ و عەفار‌». ئەم دەقە نەختێک لایەنی «مێ‌» و «نێر‌» خزمەت دەکات کە خەڵق بە زۆری لە ڕووی شەرمەوە بە مووی بەر دەڵین مووی مردار. بەیتی دووهەم بەم جۆرەیە:

 

ئەم لەسەر تەعظیم و گەورەگرتنی ئەو بێ قوصوور
ئەو لەسەر تەحقیر و تەخفیف و شکستی ژاری مار

 

بە پێی شەرحەکە «ئەم‌» بۆ ئاسنە کە دەکا مێیینە و «ئەو‌» کە گۆیا نێرینەیە... هتد (چاکترە خۆت شەرحەکە بخوێنیتەوە‌) من لەگەڵ شەرحەکە نیم کە «ئەم‌» لەو بەیتەدا بۆ دوور بەکارهاتووە، کە لە بەیتەکەدا پۆڵا سەرەتایە و ئاسن دوور کەوتۆتەوە... بە پێی دەستپێکردنی بەیتەکە وشەی «ئەم‌» هەرە وشەی نێزیکە و بەرانبەر پۆڵا دەوەستێ. «ئەو‌» بۆ ئاسنە کە دوور کەوتۆتەوە لە سەرەتای شیعر. تەعبیری «زاری مار‌» ژەهریش و دەمیش دەگڕێتەوە: ژەهرەکە هی مارە کە دەڕشێتەوە، زارەکەش هی ئافرەتە کە ماری تێ دەچێت. لە بەیتی دوواتردا (سەرەتای لاپەڕە 173) کە دەڵێ:

ئەم بچێ، ئەو دادەنیشێ دەم وەکوو گوڵ خەندەران

 

ئالەتی پیاو «دەچێ‌» و هی ئافرەت دەم دەکاتەوە... کە دەڵێ: «ئەم دەبێ هەستێ...‌» هەستانەکە بێ مەکەمەکە هی ئالەتی پیاوە. لە بەیتی دوواتردا: «ئەم بە چاو دوڕڕ و بەسەر لەعلی هەدیییە بۆ دەبا‌» دیسان هەر ئالەتی پیاوە. دوڕڕ «لوولوو‌»ی سپی لە کونی تاکە چاویەوە هەڵدەڕێژێ و سەروکەللەی سوورهەڵگەڕاویشی وەکوو لەعلی سوورە ئەمما زلە وەک «سەر‌» پێشی دەگوترێ سەر...

خولاسە لەگەڵ تێکڕای ئەم قەصیدەیە و شەرحەکەی دیوان نائارامم... خوێنەر بمبەخشێ شتێکی متمانەبەخشم پێ نییە. لەوانەبوو ئەگەر بڕە شیعرەکە بە ڕێنووسێکی بێقۆرت و ڕاست و دروست نووسرابایەوە باشتر سەرەدەری لێ کرابایە بەڵام داخم ناچێ. ئەم عوزرە بۆ من و بۆ شەرحەکە و هەموو کەسێک ڕەوایە. لێرەدا بەیتەکە دەنووسمەوە وەک لە شەرحدا هاتووە:

ئەم بچێ، ئەو دادەنیشێ دەم وەکوو گوڵ خەندەران
ئەم دەبێ هەستێ کە ئەو بێ، چاو یەک و قەطرە هەزار

 

بەیتی هەرەدووایی قەصیدەکە کە بریتییە لەمە:

نەظمی «نالی» میثلی ئاو و ئاوێنە ڕەنگی نییە
دوو ڕووە بۆ سەیری خاطر: یەک خەفی و یەک ئاشکار

 

وشەی «ئاوێنە‌» بەیتەکە تەنبەڵ دەکات و مۆسیقاکەی تێک دەدات. لە پەراوێزدا تێکستی «ک‌» «ئایینە‌»ی نووسیوە کە عەیبی لێ ناگیرێ. لزوومیش نییە گیانی کوردایەتی بە دواکاتەوە خاوەنی بەشێ لەو تێکستانە («عم‌» و «ت‌» و «عب‌» و «من‌») وشەکە بگۆڕن بە «ئاوێنە‌» و بەیتەکە عەیبدار بکات: وا لە پایانی بەیتەکەدا وشەی «ئاشکار‌» زەق زەق بە فارسی دەدوێت و نەشکرایە ئاشکرا... ڕاستییەکەی شوعەرای ئەو سەردەمانە هەتا لە پایەی شاعیرییەت هەڵدەکشان هەڵبەستیان بە وشەی دڵپەسەندی ئەوسا دەڕازاندەوە. بە نموونە سەیرێکی وەڵامەکەی سالم بکە بۆ نالی دەبینی «ئابی حەیات و ئاتەشی ئەفسوردەیە دەمت‌» وشەیەکی کوردی و (کە فارسیش بەکاری دەهێنێت «دەم‌») یەکێکی عەرەبی و سێی فارسی بەکارهێناوە لە نیوەبەیتێکدا.

لێرە بەدواوە خەریکی کارەکە دەبم بەو جۆرەی لەسەرەوەتر ڕامگەیاند، ناوناوەش ئەگەر هەڵەیەکم دیت یاخود جۆرە ڕێنووسێکی ئەوتۆ کە نالی لەو سەردەمە بە لایدا نەچووە، زەینی خوێنەری بۆ ڕادەکێشم. ئیتر پەنا بەخوا و بە چاوپۆشی خوێنەران لە کەم و کەسەرییەکی بڕیاری ناچاری بەسەرمدا دەسەپێنێ.

«...»



[1] - من بەپێی ئەوەی باپیرم لە ساڵی 1289 ی کۆچی، نالی لە مەککە و مەدینە دیتووە و لەوێشی بەجێ هێشتووە وەهام بە دڵدا هات نالی ئەو شوێنە بەجێ ناهێڵێ لەو تەمەنەی کۆتایی ژیان. دیارە بەهەر نیازێک بووبێ بەر لە مەرگی، ڕەنگە ساڵی 1289 یان سەرەتای 1290 بۆ ئەستەنبۆڵ چووە.