سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

پێشەکی مامۆستا فاتیح مودەڕیس

کات و شوێنی ئەم خەو بینینەی «نالی»


کە لە وەڵامدانەوەی ڕەخنەکانی لەمەڕ مەستوورە خانم بووینەوە، بێ جێ نابێ باسێکی کاتی خەو بینینەکەش بکەین و کەمێ لێی بکۆڵینەوە.

وەک مەشهوورە، نالی لە سنەیش خوێندوویەتی. وەک ئایەتوڵڵای مەردۆخییش ئەڵێ، مەستوورە خانم لە ١٢٤٤ی. ک (١٨٢٨- ١٨٢٩ی. ز)دا شووی بە کەیخوسرەو خانی ناکام کردوە[1]. 

گومان لەوەدا نیە کە ئەم دوانە «نالی و مەستوورە» هاوچەرخ بوون. بەڵام نالی لەکوێ و کەی ئەم خەوەی دیوە و قەریحەی کراوەتەوە و ئەم هەڵبەستەی ڕازاندوەتەوە؟ ئاخۆ لە سنە یا لە دەرەوەی سنەدا، پێش شووکردنی مەستوورە یا پاش شووکردنی؟ ئەمانەش وەک هۆی وتنی قەصیدەکەی، هەموو بێ سەر و شوێن ماونەتەوە و تەنها بە تۆژینەوە ئەبێ شتێکمان لەبارەیانەوە بۆ ساغ ببێتەوە.

باوکم بۆی گێڕامەوە کەوا لە مامۆستا شێخ بابە ڕەسووڵی عەبابەیلێی بیستووە کەوا «نالی لە سنە لە مزگەوتی دارول ئیحسان خوێندوویەتی و ئەو ڕۆژەی ئەم قەصیدەیەی تەواو کردووە، بۆ شەو سنەی بەجێ هێشتووە و بەرەو عێراق گەڕاوەتەوە». مزگەوتی دارول ئیحسانیش ئەمانوڵڵا خانی والی باوکی کەیخوسرەو خانی ناکام دروستی کردووە.

جا ئەگەر نالی لە سنە بووبێ و لەپاش شووکردنی مەستوورە ئەم قەصیدەیەی وتبێ، ئەوا بەپێی ئەو ساڵەی کە بۆ لەدایک بوونییان داناوە، واتە ١٢١٥ی. ک، ئەبێ ئەو دەمە لە تەمەنی ٢٩-٣٠ ساڵاندا بووبێ و لەوێ فەقێ بووبێ. سێ ساڵییش بۆ فەقێی زیرەک درەنگە و بۆ ئەوە ئەشێ گومانی لێ بکرێ، یاخود ئەبێ بڵێین لە ئاخر و ئۆخری سەردەمی ئیجازە وەرگرتنیدا بووە. خۆ ئەگەر پێش شوو کردنی مەستوورەش وتبێتی، ئەوا تەمەنی لە ٢٩ ساڵان کەمتر بووبێ و ئەمەش زیاتر ڕێی تێ ئەچێ.

زۆربەی تەعبیر و وشە بە توێکڵەکانی نالی ئەوە ئەگەیەنن مەستوورە لەو کاتەدا شووی نەکردبێ، وەکوو ئەمانە: «عوقدەم هەیە»، «هیی تۆم»، «ئەم مەسەلە حەل کەی»، «بیکر»، «مومکین نیە کەس دەخڵی بکا»، «میسلی سوها بێ نەسوابێ»، «دوڕڕی سەما بێ نەسمابێ»، «نەقوپابێ»، «ئاوی نەدرابێ»، «تەلیسمی نەشکابێ»، «هێشتاکو لە حەق جێگەیی خاسی نەدرابێ»، «ئیکسیری تەڵای ئەحمەری چەن قەترە لە لا بێ»، «دەعوای ئومەرا چەند لەسەر تەختی کرابێ»، «چەند خوێنی ڕژابێت و چ خوێنی نەڕژابێ».. تاد.

ئەمانە هەموو و هیی تریش ئەوە ئەگەیەنن کەوا مەستوورە لەو کاتەدا شووی نەکردووە. بێ‌گومان «مەستوورە خانم»ی ئەدیب پێش شوو کردنیش جێگە و ڕێگە و دەست و پێوەندار بووە. ئەو وا لەوێ ئیستەش هێشتا دەست لە یەخەی ناکەنەوە و هێناویانەتە هەتیتە، جا نەخوازەڵڵا ئەو سەردەمە!

بەڵام لە بەشی وەڵامەکەیدا بەیتێک هەیە، بە بارێکدا مەعنای شوو کردنی مەستوورە ئەگەیەنێ. بەیتەکە ئەمەیە:

 

                               شەو نائیم و قائیم عەلەمی بابی ڕەزا بێ

بێ دیدە هەڵستێ بە مەسەل عەینی عەسا بێ

 

ڕستەی «بابی ڕەزا» وەک مەعنای «دەرگای قەناعەت» ئەگەیەنێ، مەعنای «باوکی ڕەزا قولی خان»یش ئەگەیەنێ (کە کوڕی کەیخوسرەو خان بووە لە ژنە فارسەکەی: حوسن جیهانی کچی فەتح عەلی شای قاجار).

واتە: چاری ئەم مەسەلەیە بە دێوانەیەک ئەکرێ شەو لە خەویشدا بەپێوە بێ و ئاڵای ماڵی باوکی ڕەزا قولی خان بێ! ئەگەر ئەم بارە ڕەوا بێ، کۆکردنەوەی ناوی مەستوورە لەگەڵ ڕەزادا ئەوە ئەگەیەنێ کە مەستوورە لەو سەردەمەدا ژنی کەیخوسرەو خان بووە.

***

 

خوێندەوارانی خۆشەویست و بەڕێز!

وەک وتمان، لێکۆڵینەوەی «نالی» ئەرکێکی قورس و بارێکی گرانە. ئێمە، باوکم و من، ئەگەر خۆمان بە شایانی هاتنە ئەم مەیدانە زانیبێ، تەنها لەبەر ئەوە بووە کەسی تر پێش ئێمە دەست و بردی نەکرد کارێکی لەمەی ئێمە بەرپانتر و بەدەرەتانتر بکا تێکڕای دیوانەکەی نالی بگرێتەوە. نالیزانێکی بە دەسەڵاتی وەک مامۆستا مەسعوود موحەممەدیش کە گەلێ لێکۆڵینەوەی ورد و زیرەکانەی لەبارەی نالییەوە بڵاو کردوەتەوە، بەداخەوە هێشتا دەرفەتی ئەوەی بۆ نەلواوە خۆی بۆ ئەم کارە تەرخان بکا و تێکڕای دیوانەکە بداتە بەر شی کردنەوەی قەڵەم.

ئێمە بە هەموو ڕوونی و ئاشکراییەک پێی لێ ئەنێین کەوا هەندێ شوێنی دیوانەکەمان بۆ ساغ نەکراوەتەوە. شێوەی نووسینی کۆن و نامەلایەتیی زۆربەی ڕوونووسکەرەوەکانیش ئەوەندەی تر بوون بە کۆسپی ڕێگامان. ئەوەشی کە زانیومانە، لامان وایە هێشتا زۆری تری بە بەرەوەیە. بەڵام هەر چۆن بێ و ئەمەی کە کردوومانە هەرچەند کەم بێ، کەم لە هیچ هەر باشترە و بۆیە وا بەپێی ئەم باوەڕەمان دیوانی نالیتان ئەخەینە بەردەست و شتێکی لەمەی ئێمە پوختتر بڵاو بکاتەوە و ئێمەش ئەوەمان بەسە بەشدارییەکمان لە کردنەوەی قەڵای سەختی شیعری نالی و تێکڕای ئەدەبی کلاسیکی کورددا کردبێ.

فاتح عبدالکریم



[1]  شیخ محمد مردوخ، تاریخ مردوخ، جلد دوم، بدون ذکر سال و محل طبع، ص ١٦١.