نالی لە سەرەتای چەرخی نۆزدەهەمدا ژیاوە. لەو سەردەمەدا زمانی باوی ئەدەبی بریتی بووە لە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی، چونکە کوردستان یا سەر بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یا ئێران بووە و زمانی ڕەسمی یا فارسی یا تورکی بووە، بێجگە لەوەش کە زمانی عەرەبی زمانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووە و کوردستانیش تێکڕا یەکێک بووە لە وڵاتە ئیسلامەکان. سەرەڕای ئەوە کە نالی خۆیشی خوێندەوارێکی ئایینی و مەلایەکی موسوڵمان بووە. جا بۆیە، نالی ئەگەرچی بەشی زۆری شیعری بە کوردی وتووە، شیعرەکانی وشەی زۆری فارسییان بە دەسکارییەوە یان بێ دەستکاری تیایە. هەروەها وشەی زۆری عەرەبی و زاراوەی ئایینی و زاراوەی زانیارییە ئایینییەکانی وەک فیقهـ و ئوسوولی دین و مەنتیق و فەلەکییاتیان تیایە کە بەشێوەی ئیقتیباس و تەلمیح بەکاری هێناون. ئەو شیعرانەی کە لە «موناجات» و نزا و پاڕانەوەدا وتوونی هەموویان ئەنجامی ئەو کارە کاریگەرەن کە ئایینی ئیسلام لە ناخی دەروونیدا کردوویەتی.
هەر لەسەرەتای دیوانەکەیەوە ڕوو لە بارەگای خودا ئەکا و ئەڵێ:
ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا
سەر ڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نیە حاشا
بەو ڕەحمەتە عامەت کە دەکا سەنگی سییەهـ زەڕ
لەم قەلبە کە وەک بەردە، ڕەشە، (رش رشاشا)
(لا حول و لا طول و لا قوة الا
بالله، له القدرة، والکائن ما شا)
«دین» و «مەدەد» و «ڕەحمەت» و «قودرەت» و «مەشیئەت» لە زاراوەکانی عیلمی کەلامن.
حەڵاڵی بێ نیکاحی حووری عینم
بە جووتێ ناظیری شەرع و فەتاوا
هەر چەندە گوناهی دەمەکەت بارە لەسەر لێو
حەددی چیە (نالی) کە بڵێ ماچە کەفارەت
«حەلال» و «نیکاح» و «شەرع» و «فەتاوا» و «حەدد» و «کەفارەت» لە زاراوەکانی عیلمی فیقهن.
لەکن ئەو جەوهەرە فەردە لە هەیوولا نیە باس
لە حیکەم پەروەرییی (بوو عەلی سینا) نیە باس
«جەوهەری فەرد» و «هەیوولا» لە زاراوەکانی عیلمی فەلەکییاتن.
وەک قیاسێکی کە موثبەت بێ نەتیجەی بێتەجێ
حەمدولیللا شەهـ کە عالی جا بوو خالی جا نەبوو
«قیاس» و «موثبەت» و «نەتیجە» لە زاراوەکانی زانیاریی مەنطیقن.
حاضری ئەمری خیطابە دڵ ئەگەرچی مەنهییە
ڕاجیعی تۆیە ضەمیری من ئەگەرچی غائیبە
«حاضر» و «ئەمر» و «خیطاب» و «مەنهی» و «ڕاجیع» و «ضەمیر» و «غائیب» لە زاراوەکانی عیلمی نەحون و لە ئوسوولی فیقهیشدا بەکار دێن.
دەری ڕەحمەت کەوا بەحری موحیطی عاصییە (نالی)
تیا جان و تەن ئوفتادەی شەپۆلی سەیلی عیصیانە
«بەحر» و «موحیط» لە زاراوەکانی جیۆگرافیان.
ئەم نموونانە کە پیشانم دان لە چاو ئەوانی تردا قەترە بە دەریان و دیوانەکەی نالی پڕیەتی لەم جۆرە دوڕڕانە!