کورتەباسێک لەسەر ئەم دیوانە
هەموو کوردێکی پاک، چاک، دیندار، دڵسۆز و ئەدەبدۆست ئەگەر بە دڵ و گیان خۆی بە منەتبار و قەرزداری مامۆستای هێژا و زانای کورد مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس نەزانێ ناهەقی دەکا. چونکە مامۆستا و کوڕە کارامە و لێزانەکانی بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە بە هیچ بارێک لە خزمەتی کوردی چارەڕەشی، دوورەبەشی هەژار درێخییان نەکردووە.
بەڕاستی ئەم خزمەتە بەنرخانەی ئەم بنەماڵە چاکە، بە دین، بە فەرهەنگ، بە زمان، بە ئەدەب و ئاکاری کوردیان کردووە شایانی ئەوپەڕی ڕێز و سوپاسە. یاخوا لەم لایە لە بەڵای لابەلا دوور بن. بەردی سارد و گەرمیان وەبەر پێ نەیە و لەولاشەوە بەر ئاڵای پێغەمبەر کەون و حەشریان دەگەڵ حەشری پیاوچاکان بێ. پێم وایە خزمەت بە کوردی زۆر لێکراو چاکەیە کە لە پێش چاوی بینائی چاوان بزر نابێ و پاداشی دنیا و قیامەتی دەبێ.
گەڕیدەیی و دەربەدەری ئەم سوودەی بۆ من هەبوو کە لە نزیکەوە بە خزمەت مامۆستا بگەم و دەستی موبارەکی ماچ بکەم و بزانم کۆگای نوور و دەریای بێ سنوورە.
جارێک دەگەڵ چەند مامۆستای گەورە و ماقووڵ لە بارەگای حەزرەتی غەوس لە حوجرە تەنگ و چکۆلەکەیدا لە خزمەتی مامۆستا دانیشتبووین من ئەم بیرەم بە مێشکدا دەهات ئەگەر هەموو نووسینە بەنرخەکانی ئەم مامۆستا کورتەباڵا، ڕەزاسووکە، خوێن شیرین و قسە خۆشە بێنی و لە تایەکی تەرازووی باوی و جەستەی لاوازی خۆشی لە تایەکی دیکە بخەی ئایا سەری وەمیچی حوجرەکەی ناکەوێ؟
دیارە ئەوینێکی پڕ سۆز، ئیمانێکی پیرۆز و ئیرادەیەکی قەوی و پتەو ئەم پیرە خاوێنە و ئەم زانا کەم وێنەی هان داوە کە لەو تەمەنەدا لە خزمەت بە زانست، بە ئەدەب، بە ئیسلامییەت و ئینسانییەت خافڵ و بێ ئاگا و شەکەت و ماندوو نەبێ.
باسی یەک یەکی نووسراوەکانی مامۆستا وەک تەفسیری قوڕئانی پیرۆز و شەریعەتی ئیسلام و ... نە بە منی بێ دەسەڵات دەکرێ و نە لەو کورتەباسەدا دەگونجێ، ئەم ئەرکە لە ئەستۆی مامۆستایانی ئایینی و شارەزایانی ئەدەب و پسپۆڕانی زانستە کە هیوادارم کەمتەرخەمی نەکەن و شوێنەوارە بەکەڵک و باشەکانی مامۆستا پتر بە خەڵک بناسێنن. لەبارەی شەریعەتی ئیسلامیدا ڕای مامۆستایەکی شارەزام پرسی، فەرمووی هەر کەسە بۆخۆی بۆچوونێکی هەیە. من بە ڕاشکاوی دەڵێم تا ئێستا کتێبی وا تەواو لەبارەی فیقهی شافیعیدا نەنووسراوە.
من لێرەدا دەمەوێ بەکورتی لەبارەی ئەم دیوانەدا شتێک بنووسم بە بڕوای شارەزایانی شیعر و ئەدەب نالی یەکێکە لە گەشترین و پڕشنگدارترین ئەستێرە بەرزەکانی ئاسمانی ئەدەبی کوردی. تەنیا ڕەخنە یا بە ئەدەبتر بڵێم دەردی دڵێکی لە شیعری نالی ـیان بوو ئەوە بوو کە تێگەیشتنی شیعرە ناسک و ورد و جوان و ڕەوانەکانی زۆر هاسان نەبوو، پێویستی بە شیکردنەوە، لێ تۆژینەوە و ورد بوونەوەی تەواو بوو. کەسێک سێ زمانی عەرەبی، فارسی و کوردی نەزانیبایە چاک لە شیعری نالی نەدەگەیشت. مامۆستای مەزن هەستی بەو کەم و کووڕییە کردووە. بۆیە بە خۆی و بە کوڕانیەوە، هەستاون، تێکۆشاون، ڕەنجیان کێشاوە و بە هەزاران زەحمەت نوسخەی دەستنووسیان پەیدا کردوون لەبەر یەکیان ڕاناون و ئەم دیوانە بەنرخەیان شەرح کردووە. لە هەوڵەوە پێشەکییەکی زانایانەیان بۆ نووسیوە کە خۆی کتێبێکی سەر بەخۆیە و خوێندنەوەی بۆ هەموو ئەم کەسانەی سەریان لە شیعر و ئەدەب دەخورێ پێویستە. لەدوایە شیعرەکانیان ڕاست کردۆتەوە، مانا لێ دراوەتەوە، هەڵسەنگاندووە و لەپێش خوێنەریان داناوە.
تا ئێستا کاری وا لەنێو کورداندا نەکراوە. زۆر کەس لە سەر نالی ـیان نووسیوە بەڵام کەس ئەوەندەی خۆ پێوە ماندوو نەکردووە. ئەوانی باش بوون، ناتەواو بوون ئەوانەی نەزانانە نووسرابوون هەر نەبان باشتر بوو. هیچ کارێک ئەویش کاری وا ئەستەم و گران بێ کەموکوڕی نابێ، ڕەنگە ئەو کارە گەورەش نەختە نەقسێکی هەبێ بەڵام بێگومان هاوتا و وێنەی نییە.
من بۆخۆم پتر لە نیو چەرخە سەروکارم دەگەڵ شیعری نالیدا هەیە ئەو سەردەمە کە وەک سوختەیەکی نەزان لە خانەقای شێخی بورهان بووم دەمدی مەلا زاناکان و موستەعیدە باشەکان لەسەر شیعری نالی دەڕۆن، ئەگەر نیوە خوێندەواری منیان بۆ حاڵی نەبووبان، هیچ نەبێ سەرنجیان بۆ لای مەلە لەو دەریا مەند و بێ بەستێنە ڕادەکێشان چاپ بوونی دیوانی نالی لەلایەن کوردی و مەریوانییەوە دەروێکی بۆ کردمەوە ئەگەرچی ئەم دیوانە نازدارە، بێ ئازارە دیو و دوژمنی پۆلیسی دەورانی ڕەشی پاشایەتی ڕەزاخان بوو و بە دەس هەر کەسەوە گیرابایە هاواری سەروماڵی بوو. بەڵام من پەیدام کردبوو و بە دزییەوە دەمخوێندەوە. موقبیل بە چاپ کردنەوەی دیوانی نالی سەرەڕای ئەم کەموکوڕییانەی لە کاریدا هەبوو پتری بەرەو تێگەیشتنی شیعری نالی بووم. نێو و نرکە و هێرشی گیو لە نالی نەتۆراندم تەنانەت چاپەکەی مووەفەقیشم نەک جارێک دەیان جار خوێندەوە. خوا لێ خۆشبوو حاجی مەحموودی وەتەمیشیم کە بازرگان و مڵکدارێکی پیر و خۆشزەوق بوو، باش دەناسی و بە حاڵەوە دیتنی بۆ من هاسان نەبوو چونکە ئەو هاوین و بەهار لە دێ بوو، منیش هەر لادێی بووم و کەمتر دەچوومە شار کە زستانان بەخزمەتی بگەم زۆرم کەڵک لە شیعرناسیی ئەو پیاوە گەورە وەرگرت کە ڕەنگ بێ کەم کەس مابن لەبیریان بێ ئەدیبێکی چەند لێزان و ڕەخنەگرێکی چەند بە ئینساف و پیرە پیاوێکی چەند قسە خۆش بوو. ئێستاش بۆم ڕوون نەبۆتەوە ئەو بازرگانە زرینگە کە سەروکاری دەگەڵ گەز و جاو و کەتیرە و مازوو و خوری و مافوورە بوو. چۆن ئەو هەموو شیعرە کوردیە جوانانەی لەبەر بوون. ئایا بەیاز و دەسنووسی باشی بوون و دەری نەدەخستن یا حافیزەی وا بەهێز و قەوی بوو کەچی لەبیرنەدەچۆوە. بە ڕەحمەتی خودای شاد بێ. ئاخ و داخ چەن گەورە پیاومان بوون و حاجی قادر گوتەنی: «لەبەر بێ دەفتەریی گووم بوون و فانی».
شەقی ڕۆژگار هەڵیداشتمە کوردستانی عێراق لەوێ زۆر نالیناسم دیتن و باشترم نالی ناسی تا سەرم لە بەغدا هێنادەر و بەخزمەت مامۆستا مەسعوود موحەممەد گەیشتم. تا ئێستا کەسم نەدیوە وا لە شیعری نالی بگا. گفت و لفتێکی خۆشی بوو کە بە بەیانی سیحراوی خۆیەوە دەهاتە سەر شیکردنەوەی شیعری نالی خۆی مەست و سەرخۆش دەبوو و گوێگری وەجۆش دەهێنا. داخم ناچێ ئەم مامۆستایە ئەوەندەی لەسەر شیعری نالی دەدوا ئەوەندەی نەدەنووسی تا کۆمەڵ پتری کەڵک لێ وەرگرێ. لە بیرمە لە دانیشتنێکدا کە مامۆستا بە عادەتی خۆی شیعری نالی شی دەکردەوە، یەکێک لە دانیشتووان لە منی پرسی بەبڕوای تۆ مامۆستا لەبارەی نالیدا زۆر زێدەڕەوی ناکا؟ کوتم من لە تەنیشت مەهابادەوە لەلایەکەوە تا سەرچاوەی (زەڵم) و لە لای دیکە تا هاوینەهەواری سەرسەنگ گەڕاوم و دەگەڵ زۆر مامۆستای گەورە دانیشتووم کەسم نەدیوە ئەوەندە شارەزای شیعری نالی بێ. کەچی دەوێرم بڵێم ئەو گەورە پیاوەش بەتەواوی لە شیعری نالی نەگەیوە. مامۆستا مەسعوود فەرمووی بە خوای ڕاست دەکەی. من ئەو مەلەوانە نیم بینم ئەوەندە درێژ بێ کە بتوانم لە دەریای بێ بنی شیعری نالی ئەو هەموو دوڕڕ و مروارییانە بێنمە دەر هەروا پەلەقاژەیەکی ناشیانەیە دەیکەم. بەڵکوو شتێکم وەبەر دەس کەوێ. زۆری پێ نەچوو ڕۆژێک لەخزمەت مامۆستا مەسعوود لە کۆڕی زانیاری کورددا خەریکی کار بووم. کاکە حەمەی مەلاکەریم هاتە ژوور و گوتی. «ئێمە مانای وشەی (نەی سوار)مان لەو شیعرەدا نەزانیوە ئێوە چۆنی بۆ دەچن» زۆرمان بیر لێ کردەوە و نەمانزانی. بێ ئەدەبیم کرد و کوتم: «مامۆستا ئەو کاتە من کوتم جەنابیشت دیوانی نالیت بە تەواوی بۆ ساغ نەبووەتەوە و تۆ کوتت ڕاست دەکەی من پێم وابوو تەوازووع دەفەرمووی بەڵام قسەکەم وەڕاست گەڕا». کوتی ماڵە نالیت نەشێوێ کێ سەرەدەر لەو هەموو وردەداوانە دەر دەکا کە ئەو ناویەتەوە؟ من چووزانم نەی سەوار چییە؟ ئیجازەم لێ وەرگرت و چوومە ژووری کاکە حەمە، هەرچی فەرهەنگی فارسی و کوردی لە کوردا هەبوون سەنگ و سووژنمان دان و سەرەوبنمان دان و سەرەوبنمان کردن و ئەم وشەمان نەدۆزیەوە. دیارە پاش ناهومێد بوون لە پەرواێزی لاپەڕە ٣٣٤دا گوتویانە دوور نییە نیزەدار بێ کە لە شیعرەکەدا بێ مانا نییە. ئەو ڕۆژەی من گوتم کاکە حەمە حەیف فەرهەنگی دەوڵەمەندی دوکتۆر (موعین ـمان) بە تەواوی لە دەسدا نییە. وێدەچێ ئەو ئەم وشەی گرتبێ. ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم فەرهەنگی دوکتۆر موعینم لە بەر دەسدایە. ئەو فەرهەنگە گەورەش ئەم وشەی نەگرتووە. بەڵام وشەیەکی تێدایە کە پیاو دەخاتە گومانەوە کە مەبەستی نالی ڕەنگ بێ ئەم وشە بێ و ئەوانەی دیوانی نالیان نووسیوەتەوە بە هەڵەیان تۆمار کردبێ. فەرهەنگی موعین وشەی «نیساری» گرتووە بە مانا سوپاهی و لەشکری و دەڵێ: فیردەوسی لەبارەی تەبەقەی دووەم لەچوار تەبەقەی جەمشیددا دەڵێ:
صفی بر دگر دست بنشاندند همی نام نیساریان خواندند
(شا، بخ ١-٢٤)
و هەروەها زیادی دەکا و دەڵێ وشەی (نیساریان) لە زمانەکانی ئێرانیدا سابیقەی نییە و بێ شک موحەرەفی (artištar)ی پەهلەوی (ئوستایی raeštara) بە مانای شەڕکەر و سوپاهی هاتووە و ئەم وشەیە لە فارسیدا بووەتە (ارتشدار).
دۆزینەوەی ئەم وشە منی خستە سەر ئەم باوەڕە کە (نەی سەوار) (نەی سیار) بێ و بە غەڵەت نووسرابێتەوە. چونکە زۆر ڕوونە و بە هاسانی لە شیعرەکانی دەر دەکەوێ کە نالی زۆر ئەهلی خوێندنەوە و موتاڵا بووە. دەسەڵاتێکی زۆری بەسەر ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسیدا هەبووە. وەک بە ئیشتیا لەسەریان نووسیوە گەڕیدە بووە و بە کوردستاندا گەڕاوە. ئەگەر واش نەبێ ئاشنایەتی ئەو دەگەڵ بابانەکاندا حاشای لێ ناکرێ. ئەوانیش کتێبخانەی ئەمیرانەیان بووە کە نالی کەڵکی لێ وەرگرتووە. تەماشای ئەو چەند شیعرە بکەن تا بزانن من بێ بەڵگە وا ناڵێم.
نالیا ئەم غەزەلە تازە کە تازەت گوتووە
بە دووسەد مەسنەوی و لوبی لوبابی نادم
نیە دەخڵم لە شانامە و مەسافی غەیری ئەم نوکتە
کە کوشتەی بەندی تۆیە هەر کەسی ئازاد و ئازا بێ
کە دیتم ڕەنگی سەد ڕەنگی، کوتم بابای عەییارە
کە بیستم لەفزی بێدەنگی گوتم شیپووری شاپوورە
بەڵێ بەم شیعرانەڕا کە ئەگەر ڕیزم کردبان زۆر پتریان جێ دەگرت دیارە کە نالی هەموو جۆرە کتێبێک کە دەخڵی بە مەلایەتییەوەش نەبووبێ خوێندوەتەوە. کەسێکی ئەسکەندەرنامەی ئەفسانەیی خوێندبێتەوە و نەسیمی عەییار و شاپووری عەییار بناسێ. ئاشکرایە کە شانامەی فیردەوسی زۆر جار سەرەوبن کردووە و ئەم وشەی لە شانامە وەرگەتووە و ئەگەر ئەوەی زانیبێ کە نەی سیاری بە تەبەقەی دووەم لە چوار تەبەقەی زەمانی جەمشید گوتراوە ئەوە دەبێ شیعرەکە لە ئەسڵدا ئاوا بووبێ.
دیدە نیگەهبانی یار، ناڵەی دڵ نەی سیار
تیپی سریشکم هەزار ئاهە عەلەمداری من
یانی چوار تەبەقەی زەمانی جەمشیدی ڕیز کردبن و لەباتی تەبەقاتی لەشکری تورکان کە لە مەغوولییەوە وەرگیراون، (ئون) (یوز) (تومان) بەکاری بردن چونکە گومان لەوەدا نییە کە هەزار پڕ بەپێستی (تومان)ی مەغوولییە. ئایا تاقمە مومتازەکەی ئەحمەد پاشای دۆستی وا تەبەقەبەندی نەکردووە و ئەو شیعرە پڕ ڕەمزەی پاش نەمانی تاقمەکە نەگوتووە؟ جوانی بە من نادرێتەوە. بەڵام دەغدەغەی لە دڵمدا پەیدا کردووە.
ماوە شتێک لەبارەی نالیدا باس بکەم کە تا ئێستا کەس لەو بارەدا نەدواوە، ئەویش ئەوەیە، جگە لەوەی نالی خەریکی پێکهێنانی زمانی یەکگرتووی کوردی بووە، شۆڕشی ئەدەبیشی کردووە. ئەم ڕەسمە نالەبارەی لە دیوانی شاعیرەکانی پێشوودا هەبووە کە لە ئەلفەوە تا یا بکەنە قافیە لە دیوانی نالیدا نییە. کوا قافیەی (ض) (ظ) (ذ) (ع) (خ) (ع) لە دیوانەکەیدا؟ کە دیوانی شاعیرە هەرە باشەکانیشی دزێو کردووە. لەباتی ئەوانە شێعری وا هەیە کە پیتە تایبەتیەکانی کوردی بۆ کردوونەوە قافیە وەک (ێ) «تەشریفەی نەوبەهارە کە عالەم دەکا نوێ» نالی بەپێچەوانەی بۆچوونی هێندێک شێعرنەناس کە گوتوویانە هەر خەریکی دووکار شێعر و وشەئارایی بووە و گوێی نەداوەتە نێوەرۆک، شاعیری بە تەواوی مەعنای کەلیمە بووە. شێعری تەنیا بۆ دەربڕینی ئیحساسی ناسکی ئینسانی گوتووە جگە لە چەند پارچەی وەک وەسفی حوجرە و گوێدرێژەکەی و وەسفی تەبیعەت کە ئەوانیش لە ئیحساسی شاعیرانە بێ بەش نین. شێعرەکانی دیکەی پڕن لە سۆزی ئاشقانە و کوڵ و کۆی دەروونی خۆی. بۆیە گوێی نەداوەتە ئەو قاعیدە و ئوسوولەی کە زانستی عەرووز شاعیری ناچار کردووە ڕەچاوی بکا. یانی غەزەل لە حەوت شێعر کەمتر نەبێ و حەتمەن دەبێ تاق بێ. باشترین غەزەلی نالی ئەو غەزەلانەن کە لە حەوت شێعر کەمترن یا جووتن. یانی نالی لە هەر جێگایەک کوڵ و کۆی دامرکاوە قەڵەمی ڕۆناوە و تا ئیحساساتی دانەمرکاوە قەڵەمی تاو داوە. ئەگەر لە پارچە شێعرەکەی مەستوورە ورد ببنەوە، تێدەگەن ئەو نالی ـیە کە وەستای قافیە بووە. لێرەدا ریعایەتی قافیەشی لە چەند جێگا نەکردووە. دیارە دۆزینەوەی ئەو جێگایانە کاری ئەو کەسانەیە کە دەزانن ڕەدیف و قافیە چن؟ بە ڕەحمەتی خودا شاد بن ئەو مامۆستایانەی بێ وردبوونەوە و بێ ئەوەی بزانن شێعر چییە؟ فەرموویانە ئیحساسی شاعیرانە لە شێعری نالیدا نییە یا کەمە تۆخودا خوێنەری خۆشەویستی شێعرناس سەرنجێکی بدە ئەم دیوانە تا بزانی ئەو هەژارانە چەند لە شێعر ناسیندا کۆڵەوار بوون.
لە جێگایەکی تریش باسم کردووە کە قوتابخانەی نالی بەهۆی مەلا ساڵحی حەریقەوە لە کوردستانی ئێران بەتایبەتی لە موکریاندا بڕەوی پەیدا کردووە.
لەم ساڵانەی دواییدا کتێبێک بە فارسی بەناوی (ایران امروز)[1] بڵاو بۆتەوە کە لە نووسینی (ئۆژین ئوبین) سەفیری وەختی فەڕانسە کراوەتە فارسی. ئەم دیپلۆماتە لە ساڵەکانی ١٩٠٧- ١٩٠٦دا بە سابڵاخدا تێپەڕیوە و چەند لاپەڕەیەکی ناشیانەی لەسەر ژیانی کوردی ئەم مەڵبەندە نووسیوە کە سەرنجڕاکیش نین. تەنیا ئەوەندەی سەرنجڕاکێشە کە لەبارەی نالیدا نووسیویەتی:
لەنێوەڕاستەکانی چەرخی ڕابردوودا شاعیرێک لە نێو کورداندا هەڵکەوت کە ناوبانگی لە چوارچێوەی هۆز و خێڵ و زێدی خۆی زۆر وێوەتر ڕۆیی، نالی مەلایەکی خەڵکی سلێمانییە کە ئەمڕۆ شێعرەکانی لە دوورترین خڕ و شیو و دۆڵەکاندا وێردی زمانی کوردانە ئەم شیعرانەی موفتی سابڵاخ، کە لە جێگایەکی تر بە ناوی مەلا موحەممەدی موفتی ناوی بردووە بۆ ئێمەی وەرگێڕان.
دیارە ناوبانگی نالی هەشتا پترە گەیوەتە سابڵاخ کە موفتی وای بە سەفیر ناساندووە. نازانین شیعرەکانی بە چ زمانێک بۆ سەفیر وەگێڕاون. بەڵام پاش ئەو هەموو بەردەشۆر و دەسکارییە هێشتا تام و خۆی و بۆن و بەرامەی شیعری نالی ـیان پێوە دیارە. ئەوەش جوابێکە بۆ ئەو کەسانەی دەڵێن نالی زیاتر بە شکڵ و وشەئاراییەوە خەریک بووە. تا نێوەرۆک و مەزموون. جارێک هەر لەو بارەدا لە کۆڕێکی ئەدەبیدا کە خوشک و برای عەرەبیشی لێ بوون گوتم تۆخوا ئەم شیعرەی نالی بۆ ئەم برا و خوشکە خورمانێژ و خورماخۆرانە کە فرچکیان بە خورما گرتووە بکەنە عەرەبی بزانین بۆخۆیان یاری شیرنی خۆیان وا بە خورمای خۆماڵی شوبهاندووە کە کوردێکی شارەزووری کەڵاش لە پێی مێوژخۆر شوبهاندوویەتی.
دەخیلت بم نەخیلی یا ڕوتابی وەها شیرین و سینە نەرم و دڵرەق
هەموویان کە مەزموونی شیعرەکەیان بیست گوتیان تا ئێستا شیعری وا لەتیفمان لە عەرەبیدا لە بابەتەوە نەبیستووە. هەموو دەزانین شیعر کە وەرگێڕدرا جوانی شێوە و شکڵ لە دەس دەدا.
لە پێشدا گوتم ئەم کتێبەش بێ کەموکووڕی نییە. بەڵام تا ئێستاش بێ وێنەیە. لە چەند جێگا نەزەری خۆمم لە پەراوێزدا نووسین. بەڵام چونکە ئینتیشاراتی سەلاحەدین ئەییووبی لە چاپ کردنەوەی ئەم دیوانەدا بۆ ئەوەی کوردەکانی ئێرانیش دیوانێکی کەم غەڵەت و شەرح و لێکراویان لە دەسدا بێ بە پەلە بوو و هەقیشی دەدەمێ منیش نەمتوانی چاکی پێ ڕا بگەم.
دیسان لەلایەن هەموو کوردێکی ئەدەبدۆستەوە سوپاسی مامۆستا و کوڕەکانی دەکەم. نازانم کێ بوو نووسیبووی هەر ماڵێکی ئێرانی کە قورئانێکی پیرۆزی لەسەر تاقە دانابێ پێویستە دیوانێکی حافزیشی لە بن بێ. منیش دەڵێم خۆزگە هەموو ماڵە کوردێکیش دیوانی نالی لەژێر قورئانی پیرۆزدا دانابایە.
هێمن- بەهاری ١٣٦٤