سەبارەت بە دڵنیا بوون لەوەی ئەم غەزەلە یا ئەو قەصیدەیە یا ئەو بەیتە هی «نالی»یە یا هیی ئەو نیە، بەڕاستیی پیاو تووشی سەرئێشە ئەبێ و ناچارە گومان بکاتە بنچینەی کار!
جێی سەر سوڕمان نیە خەڵک شیعریان وتبێ و «نالی»یەکیان خستبێتە دوا بەیت و بووبێتە شیعری نالی! یا لە کاتی نووسینەوەدا بە «ئیجتیهاد» ئەم غەزەلە یا ئەو بەیتە کرابێتە هی نالی هەر لەبەر ئەوەی نەیانزانیوە هی کێیە و توانای خۆ ماندوو کردن و دۆزینەوەی خاوەنەکەیان نەبووە.
مەسەلەی شیعر بە دەم خەڵکەوە هەڵبەستن (ئینتیحال) لە «نالی» کۆنترە و لەناو ئەدەبی کۆنی گەلە دراوسێکانیشدا بووە. ئێمەش بەشێکین لە گەلانی ئەم سەرزەوییە و ئەدەبەکەشمان یەکێکە لە ئەدەبەکانی ئەو جیهانە.
ئەوەی لەم بابەتەوە کەمێک دڵنیایی بە خوێنەر ئەدا ئەوەیە کە سەردەمی شاعیرەکەمان زۆر دوور نییە و سولەیمانی و دەوروبەری خاڵی نەبووە لە شاعیر و خوێندەوار و بلیمەتی وەکوو مەحوی و شاعیری ناسکی وەک بێخود و پیرەمێردی لێ نەبڕاوە و تا ئەم دوایییەش گەلێ ئەدەبدۆستی بەعومری وای تیا بووە کە لە نالی و سەردەمی نالی و هاوڕێیانی نالی دوور نەبوون و ئەم کۆمەڵە شیعرانە کە دراونەتە پاڵ نالی و پێی دەڵێن «دیوانی نالی» زۆربەیان کە ڕەخنەی لێ نەگرتوون و نەیوتوە ساختەن!..
ئەمە لەلایەک، لە لایەکی تریشەوە شیعرەکانی نالی تێکڕا خاوەنی چەند صیفەتێکی تایبەتین و پاش ئەوەی کە ماوەیەک ئەدیبی ڕەخنەگر لەگەڵیاندا بێ و تەماشای شیعری شاعیرانی تری ئەو سەردەمە بکا و بە وردی چاو بە وشەی ئەو سەردەمەدا بگێڕێ و دڵی بۆ مەعنا و نهێنیی وشە و ڕستە و تەعبیری تێکڕای ئەو ڕۆژانە بکاتەوە و ئەنجا بێتە سەر بەرهەمەکانی نالی و خاسیەتە تایبەتییەکانی وشە و ڕستە و وشەئارایی و خەیاڵ تەنیی و جونبوشی هەست و قووڵیی مەعنا و تاوتۆیان بکا، لەوانەیە بتوانێ شیعری زادەی بیری «نالی» لە هیی ساختە جیا بکاتەوە.