سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

پێشەکی مامۆستا فاتیح مودەڕیس

ئەو ڕێگایەی لە بەسەرداهاتنەوەی شەرحەکەی باوکمدا گرتمەبەر


پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ خەریکی لێکۆڵینەوەکەی باوکم ببم هەموو نوسخە چاپ و دەستنووسەکانم ڕیز کرد و فیهرستێکم بۆ ڕێک خستن و بەراوردێکی وردم لە نێوانیاندا کرد و چی لە هەموویانا هەیە و چی تەنها لە هەندێکیانا هەیە هەمووم دەست نیشان کرد و لەسەر بناخەی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ باوکم تێکستێکم لە تێکڕای نوسخە دەستنووس و لە چاپدراوەکان هەڵبژارد و نووسیمەوە و هەر جیاوازییەکی ڕێ تێچوویش هەبوو لە پەراوێزا دامنا و ئەم ئیشارەتانەم بۆ کردن بە نیشانە:

«چر»: چروستانی. «چن»: چنگیانی. «عم»: عەلی موقبیل. «کم»: کوردی و مەریوانی. «گم»: گیوی موکریانی.

پاش لێبوونەوەش لە نووسینەوەی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی کتێبەکە، لە ڕێگای برای بەڕێز شێخ عەلی قەرەداغییەوە سێ کەشکۆڵم دەسگیر بوو لە هەموویانا شیعری نالی هەبوو. یەکێکیان ڕەسووڵ ناوێکی کوڕی حاجی ئەحمەدی توربەیی لە ساڵی ١٣١٠ی کۆچیدا نووسیبوویەوە، بۆ ئەم نوسخەیەی نیشانەی (ت)م دانا. یەکێکیشیان مەلا فەتاحی کاگردەڵی لە ١٣٢٧ی کۆچیدا نووسیبوویەوە، بۆ ئەمیش نیشانەی «عز»مان دانا. چی زیادە لەم سێ نوسخەیەشدا هەبوو خستمە سەر تێکستە ئامادە کراوەکە و جیاوازییە ڕێتێچووەکانی ئەمانیشم لە پەراوێزدا دانا.

هەروەها لەکتێبخانەی کۆڕی زانیاری کوردیشدا دوو نوسخەی دەستنووسی ترم دۆزییەوە یەکێکیان هی کتێبخانە دەستنووسەکەی مامۆستا تۆفیق وەهبی بوو کە بەخشیبووی بە کۆڕ. ئەمەیان هۆی دانانی چەند قەسیدەیەکی تیا نووسرا بوو. ئەویشیان هی کتێبخانەکەی خوا لێخۆشبوو مامۆستا مەحەممەد ئەمین زەکی بوو کە پاشماوەکانی بەخشیبوویان بە کۆڕ و لە ١٣٢١ی کۆچیدا نووسرابوەوە. ئەمانە هیچ زیادەیان تیا نەبوو، بەڵام کەڵکم لە جیاوازییە ڕێتێچووەکانیان وەرگرت. بۆ یەکەمیان نیشانەی «تۆ» و بۆ دووهەمیان نیشانەی «مز»م دانا.

بۆیەش تەنها جیاوازییە ڕێتێچووەکانم لە پەراوێزا داناوە، چونکە لە هەموو نوسخەکانا گەلێ جیاوازیی وام هاتوەتە ڕێ سوور زانیومە یا هەڵەی نووسیار یا هەڵەی چاپە.

پاش ئەوەی پرسم بە هەندێک لە زانا و ئەدەبدۆستان کرد، گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کەوا پێویستە کەمێک تەرتیبی دیوانەکە بگۆڕم. بۆ ئەم مەبەستە بەپێی پیتی دوایی غەزەل و قەسیدەکانم وەک نوسخەکانی لەمەوپێش ڕیز کرد. بەڵام لەم ڕیزکردنەدا پیتی پێش پیتی دواییشم ڕچاو کرد، واتە: ئەو غەزەلەی کە پیتی دوایی بەیتەکانی ئەلفە و پێش ئەلفەکە «بێ»یە خستمە پێش ئەو غەزەلەی کە پیتی دوایی ئەلفە و پێش ئەلفەکە «پێ»یە. ئەم تەرتیبەم لە هەمواندا بەکار هێناوە تەنها ئەوە نەبێت کە سەرەتام بە غەزەلی:

 

ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا...

دەست پێکردووە، چونکە:

-١ لە زۆربەی نوسخەکاندا کراوە بە سەرەتا.

٢- لەوە ئەچێ کە نالی خۆیشی بەتایبەتی خستبێتییە پێشەوە. ئەوەتا لە یەکەم بەیتیا ئەوە دەرئەخا کە خوا جوانی ئەبەخشێ و هەر ئەویشە سەرنجی خەڵق ڕائەکێشێ و لەناو خەڵقدا بایەخ بەو جوانییە ئەدا.

هەروەها لە پایانی ئەم غەزەلەدا ئەڵێ:

 

نالی نیەتی سیحری بەیان، حیکمەتی شیعرە

ئەمما نیەتی قووەتی دڵ، قودرەتی ئینشا

 

واتە: نالی نیازی وتنی شیعری پڕ لە حیکمەت و بەیان و وتاری سیحراویی هەیە، بەڵام هێزی دڵ و توانای داهێنانی نیە، تەنها، خودا ئەم هێزەی ئەداتێ. ئەمەش بە بەستنەوە لەگەڵ تێکڕا و پاش و پێشی غەزەلەکەدا سەرەتای دەست پێکردن ئەگەیەنێ. ئەمانە وایان لێ کردم منیش وەک پێشوان بەڵام بە بەڵگەوە ئەم غەزەلە لەپێش هەموانەوە دانێم و بە سەرەتای دیوانەکەی حسێب بکەم.

بۆ ڕاست‌ کردنەوەی شیعرەکان، پاش ڕێکخستنی فیهرستەکەی باسم کرد، هەموو نوسخە چاپ و دەستنووسەکانم لەبەر دەستما ڕیز کرد و نرخێکی تایبەتیم بۆ نوسخە دەستخەتەکان دانا نەک تەنها لەبەر دەستخەتێتی، بەڵکو لەبەر ئەوەی خاوەن خەتەکان کورد و خوێندەوار و ئەدەبدۆست و نزیکە چەرخی «نالی» بوون و هیچ نەبێ خوێندەواری وایان دیوە کە نالی دیبێ. ئەمەش مرۆڤ زیاتر لە ڕاستییەوە نزیک ئەکاتەوە.

نە باوکم لە سەرەتادا و نە خۆیشم لە قۆناغی دووهەمدا، هیچ وشەیەکی گران و بە ئاسانی نەزانراومان نەکردوەتە ماڵ تا لە فەرهەنگێکی فارسی یا کوردی یا عەرەبیدا نەماندۆزیبێتەوە و هەر وشەیەک پەیوەندی بە زاراوەیەکی شەریعەت یا تەسەووف یا هەر زانیارییەک لە زانیارییەکانی ئیسلامەوە بووبێ بەپێی توانا چووینەتە بنج و بناوانی.

کە بەتەواوی لە کارەکەم بوومەوە، کتێبەکەم بەشێوەی کوردیی نوێ و بەپێی ڕێنووسی کۆڕی زانیاری کورد نووسییەوە، بەڵام وشە عەرەبییەکانم - لە هەندێ شوێنا نەبێ - بە پیتی عەرەبی و شێوە نووسیی کوردی نووسیوەتەوە و لە نووسینەوەدا دەسکاریی هیچ وشەیەکم نەکردووە، واتە چۆنم دیوە لە هەموو نوسخەکاندا یا لە هەندێکیاندا بێ گۆڕین نووسیومەتەوە. جا ئەگەر بە تەواوم نەزانیبێ ئەوا لەکاتی مەعنا لێدانەوە و لێکۆڵینەوەدا باسم کردووە.

لە داوێنی لاپەڕەکانەوە مەعنای یەکە یەکەی وشە گرانەکانم نووسیوە ئەنجا مەعنای تێکڕای بەیتەکەم لێکداوەتەوە و پاش ئەوەش ئەوەی پەیوەندی بە وشەئارایی و بەدیعەوە هەبێ، ئەوەندەی هەستم پێ کردبێ، خستوومەتە ڕوو. دوای هەموو ئەمە نوسخەکانی ترم لەو شوێنانەی کە نوسخەی تر هەبێ نووسیوەتەوە و نیشانەی سەرچاوەی ئەو نوسخانەم، وەک پێشان باسم کرد، داناوە.