بۆ مەعنا لێدانەوە و ڕوونکردنەوەی دیوانێکی وەک دیوانی «نالی» ئەم شتانە پێویستن:
١- ڕاست کردنەوەی شیعرەکان و گۆڕینی شێوە نووسییە فارسییەکەیان بۆ شێوە نووسیی کوردیی ئەمڕۆ. ئەمەش بێجگە لە کوردی زانین پێویستی بە زانینی فارسی و شێوە نووسینی فارسی و زانینی عەرەبی و ئەو زاراوانەی زانیارە ئایینییەکان هەیە کە دێنە ڕێگای لێکۆڵەوە. کەمێکیش ئاگاداریی لە مەرز و بووم و ڕێ و شوێنی ئەو شاعیرە و کورتەیەکی ژیان و بەسەرهاتی ژیانی پێویستە.
٢- دڵنیابوون لەوەی کە ئەو قەسیدەیە یا ئەو غەزەلە هیی ئەو خاوەن دیوانەیە و هیی یەکێکی تر نییە.
٣- ئەو بۆنەیەی کە شیعرەکەی بۆ وتراوە.
٤- دیاری کردنی ئەو سەردەمەی کە شاعیری تیا ژیاوە و ئەو ڕێبازەی گرتوویەتی و چەندی لە خەڵک وەرگرتووە و چەندی زیادەی خستوەتە سەر.
٥- ئەو کەسەی کە لە دیوانێک ئەکۆڵێتەوە پێویست نییە شاعیر یا ئەدیب بێ، بەڵام پێویستە چەشێکی ئەدەبی هەبێ و بچێتە پێستی خاوەن شیعرەکەوە تا بتوانێ حوکمێکی بە ئینسافانە بدا و نرخی ڕاستەقینەی بۆ دابنێ و بە چاوێکی بێ لایەن و بێ ئەوەی خۆیەتیی خۆی کاری تێ بکا سەیری ئەو بەرهەمە بکا و هەڵیسەنگێنێ.
٦- ئاگا لێبوون و زانینی نەفسییەتی شاعیر و دیاری کردنی چەشنی چەش و هەست و خەیاڵی.