سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

پێشەکی مامۆستا فاتیح مودەڕیس

گەڕان بەدوای دەستنووسدا


 

لە زۆر کەسم بیستبوو کە خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا موحەممەدی چروستانی شیعری نالیی زۆر چاک زانیوە و نوسخەیەکی پاکی دیوانەکەی بە دەستخەتی خۆی- چروستانی- هەیە[1] کە باوکم بۆ ئەم مەبەستە نامەیەکی بۆ کاک ئەحمەدی کوڕی خوالێخۆشبووی نووسی کە ئێستە مودیر ماڵە لە ڕانیە لە پارێزگای سولەیمانی، خوا هەقە و پیاوەتی نابێ بشاردرێتەوە، وەک دڵسۆزێکی بە هیممەت دیوانە نالییەکەی بۆ ناردین. جێگای شانازیی و سەربەرزیی و شایانی سوپاسە.

هەر لەم بابەتەوە سۆراخی نوسخەیەکی تریشمان کرد کە دەستنووسی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا عارفی چنگیانی[2] بوو. باوکم لەم بارەیەوە نامەیەکی بۆ کاک موعتەسەمی کوڕی نارد. ئەویش زوو ئەو دەستنووسەی بۆ ناردین[3].

نامەوێ بیشارمەوە کەوا پێش ئەوەی نوسخە دەستنووسەکانی خوالێخۆشبوان چروستانی و چنگیانیمان بۆ بێ، هیوایەکی گەورەم هەبوو کە بەهۆی ئەو دوو نوسخەیەوە گەلێ گیروگرفتی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئاسان ببێ، چونکە هەر لە زووەوە ناوبانگی شیعردۆستی و ئەدیبی ئەو دوو زاتەم بیستبوو. بێجگە لەوە کە خۆم ساڵی ١٩٥٣ بە میوانی چووبوومە دێی چنگنیان بۆ خزمەتی مامۆستا مەلا عارف و بۆم دەرکەوتبوو کەوا سەرەڕات پایەی بەرزی لە زانستە ئایینیەکاندا فارسیزانێکی وریا و ئەدەبدۆستێکی ورد و خەت خۆشێکی نایابیشە. ئەمانە هەموو کۆڵێ هیوایان تێدا بووژاندمەوە و لە دڵی خۆمدا وام دانا کە دەستنووسی ئەم دوو مامۆستا ڕەحمەتییە پڕیانە لە داوێن و پەراوێز و گەلێ وشەی قورسیان ڕوون کردوەتەوە و دووریش نیە هەندێ لایەنی وشە ئاراییشیان خستبێتە ڕوو. بەڵام بەداخەوە وەک من دامنابوو وا نەبوو. ئەو هەڵبەستە جوانانە بێ بەرگ و ڕووت و قووت نووسرابوونەوە. بەڵام لەوەدا لە چاپەکان جیا بوون کە دوو خوێندەواری ئەدەبدۆست بەپێی توانایان بە فارسی نووسییەکی جوان شیعرەکانیان نووسیوەتەوە و گەلێک لە نوسخە چاپەکان زیاتر لە ڕاستیی ئەسڵی وشەکان نزیک کەوتونەتەوە. جاروباریش بەشێوەی (نوسخە) لەم لاولای وشەکانەوە هەندێ وشە و نیوە بەیتیان نووسیوەتەوە ئەوەش شتێکی بەبایەخ بوو بۆ ئێمە.

من لەو باوەڕەدام ئەم دوو مامۆستایە، بەتایبەتی مامۆستای چروستانی لەبەر ئەوەی لەگەڵ زاراوەی سولەیمانی و شێوەی قسەی (نالی)دا زیاتر ئاشنا بووە، دیوانی «نالی»یان زۆر باش زانیوە. بەڵام کەم و زۆر خۆیان بە مەعنا لێدانەوە و دەرخستنی جوانیی ئەدەبییەوە ماندوو نەکردووە. بۆچی؟ نازانم!!

وەک بیستبووم و لە دەستنووسەکەی مامۆستای چروستانییەوە لەکاتی خۆیدا بۆم دەرکەوت، ئەم زاتە لە خەستەخانەی «توێسە» لە بەغدا نەخۆش بووە و مامۆستا هەژاری موکریانییش[4] لەوێ بووە و دیوانە دەستنووسەکەشیان لەبەردەستا بووە. کەچی چەند وشەیەکی کەموکۆڕ نەبێ هیچیان لەسەر ئەو نوسخەیە نەنووسیبوو.

من کە سەرپێیانە خوێندەواریی مەلاکانی کوردستان دێنمەوە پێش چاوم و هەندێ لەو بەرهەمە گەورە و گرنگانەیان دێنمەوە یاد، کە سەیری لێکۆڵینەوەی یەک لەسەریەکیان ئەکەم، کە ئەبینم کتێبێکی نەحو یا سەرف یا مەنتیق یا بەلاغە یا کەلام یا فیقە و ئوسوولی فیقە و فەلەکیات نەماوە لە کوردستاندا مامۆستا کوردە زاناکان شەرحێک یا حاشیەیەکیان لێ نەکردبێ، ئەگەمە ئەو باوەڕە کە لێنەکۆڵینەوەیان لە نووسینی کوردی، لە دیوانی یەکێکی وەک نالی، خانی، مەولەوی، مەلای جزیری ...تاد، هیی ئەوەیە نووسینی خۆماڵییان لا بە بایەخ نەبووە، بۆیە گوێی خۆیان لێ کەڕ کردووە. ئەگینا ئەدەبی کوردی و شیعری کوردی لە ئەدەب و شیعری عەرەبی و فارسی گرانتر نەبووە و وەک ئەوانیان زۆر باش زانیوە، لەوپەڕی ئەمانیشەوە هاتوونەتەوە!!

ئەی بۆ وەک مەعنا لێدانەوەی کتێب و دیوانی زمانە دراوسێکان مەعنایەکی ئەمانەشیان لێ نەداوەتەوە، تا ئێمەش پاش ئەوان بەشێوەیەکی ڕازاوەتر و لەبارتر تازەمان بکردنایەتەوە؟!



 [1] لەبارەی مێژووی ژیانی مامۆستای مەلا موحەممەدی چروستانییەوە، کاک یەحیای کوڕی ئەم چەند دێڕەی بۆ نووسیوین:

خوالێخۆشبوو ناوی مەلا موحەممەدی کوڕی مەلا عەبدوڕەحیمی چروستانییە. ساڵی ١٣١٢ی کۆچی لە دێی ئابڵاخ لە نزیکی سولەیمانی هاتووەتە دنیاوە و لە پێنج شەممەی ١٦ی ناوچەژنانی ١٣٨٢ی کۆچی، ڕێکەوتی نیسانی ١٩٦٣ی زایینیدا کۆچی دوایی کردووە و لە سولەیمانی نێژراوە. بە مناڵی لای باوکی خوێندوویەتی و پاشان بە فەقێیەتی چووەتە سولەیمانی و هەولێر و کۆیە. لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهاندا، بۆ دەربازبوون لە سەفەربەر، چووەتە ناوچەی ڕانیە و بژدەر و لەوێ بووە بە مەلا. پاش بۆردوومان کردنی ڕانیە لەلایەن ئینگلیزەوە کە ماڵەکەی ئەویشی بەرکەوتووە، چووە بۆ ناوچەی شارباژێڕ و سیوەیل و پاشان هاتووەتە سولەیمانی و تا کۆچی دوایی کردووە، لەوێ بووە.

 خوالێخۆشبوو پیاوێکی خۆش خولق و شیرین ڕەوشت و شاعیرێکی ورد بووە. بە کوردی و عەرەبی و فارسی شیعری هەیە. لە شیعرەکانیدا ڕێ و شوێنی نالیی گرتووە، چونکە نالی زانێکی باش بووە و هۆگریی نالی کاری تێ کردووە.

[2]  کاک موعتەسەم لەبارەی مێژووی ژیانی باوکیەوە نامەیەکی درێژی بۆ ناردین، وا لێرەدا پوختەیەکی ئەخەینە بەر چاو:

خوالێخۆشبوو کوڕی مەلا قادری چنگیانییە، ساڵی ١٨٨٧ی زایینی لە دێی چنگیانی سەر بە قەزای شارباژێر لە پارێزگای سولەیمانی لەدایک بووە و شەوی پێنج شەممەی ١١/٥/١٩٦٧، ڕێکەوتی ١ی سەفەری ١٣٨٧ لە سولەیمانی دنیای بەجێ هێشتووە و لە گردی سەیوان نێژراوە.

خوێندنی تا پلەی ناوەندی لای باوکی خوێندووە و پاشان بە فەقێیەتی چووەتە بانە لە کوردستانی ئێران و لە سولەیمانیش لای مامۆستا مەلا حوسەینی پیسکەندی خوێندوویەتی. هەروەها لە کەرکووکیش خوێندوویە. کە بووە بە مەلا هاتووەتەوە بۆ چنگیان. لە سەردەمی شێخ مەحموودی ڕەحمەتیدا بۆ ماوەیەک بووە بە قازی و پاشان خۆی وازی لێ هێناوە. لە ساڵی ١٩٥٤دا بووە بە مودەڕڕیس لە قزرابات (سعدیە) و تا ١٩٥٨ لەوێ بووە، ئەنجا گەڕاوەتەوە بۆ سولەیمانی و بووە بە مامۆستای مزگەوتی حاجی مەلا شەریف و تا مردن لەوێ بووە،

خوا لێ‌خۆشبوو مەلایەکی زانا بوو. زانیاری میرات (فرائض)ی زۆر چاک ئەزانی. دەستێکی باڵای لە فارسی زانیدا هەبوو. موعەمما زانێکی باشیش بوو.

[3]  یارمەتیی کاک ئەحمەدی چروستانی و کاک موعتەسەمی چنگیانی لە مەیدانی ڕاست کردنەوە و ڕوون کردنەوەی ئەم دیوانەی نالیدا بە هاوکارییەکی گەورە دائەنرێ. 

[4]  لە یەکەم لاپەڕەی سپیی نوسخەکەدا مامۆستا هەژار نووسیویە:

«شەوی ٢٩/١/٩٥٦ لە خزمەتی مامۆستا مەلا موحەممەددا دیوانە نالییەکەمان خوێندەوە، زۆر مەمنوون بووم کە زۆر ئیستیفادەم لە حوزووری کرد و لە موستەشفادا بۆم بوو بە مایەی فەیز و ئونس- هەژار».

مامۆستای چروستانییش لە داوێنی ئەو چەند دێڕەوە ئەم بەیتەی نووسیوە:

«کە بێ (ژێ) هاری و، بێ (هێ) کە ژاری

وەها وریا و ژیری، چۆن هەژاری؟»

                           چروستانی