سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

پێشەکی مامۆستا فاتیح مودەڕیس

ئەو نوسخانەی لەبەردەستما بوون


بێگومان ئەو هەوڵەی مامۆستایان «کوردی» و «مەریوانی» و «عەلی موقبیل» و «گیو» لەپێناوی کۆکردنەوە و چاپ کردن و لەسەر نووسینی دیوانی «نالی»دا داویانە ڕەنجێکی مەردانەیە و جێگای شانازییە و لەسەر ئێمە و بەرەی داهاتوو پێویستە بایەخێکی تایبەتییان بۆ دانێین و لە لاپەڕەی مێژووی خزمەتی ئەدەبی کورددا بۆیان بنووسن. بەڵام لەڕاستیدا ئەم نوسخە چاپانە هیچیان کەڵکی ئەوەیان پێوە نییە بە تەواوی بکرێنە بەڵگە بۆ لێکۆڵینەوە و مەعنا لێدانەوە. هەندێکیان تەنها ڕوونووسێکی ڕووتن و لە هەندێکی تریاندا بێ لێکۆڵینەوە و چوونە بنج و بناوان بە ئارەزوو دەسکاریی وشەکان کراوە. ئەمانە بە جارێ مەعنا لێدانەوە و ڕۆشن کردنەوەی وشەکاندا نەڕۆیشتوون. تەنها مامۆستای عەلی موقبیل نەبێ، کاری ڕاست بێ، لە داوێنی لاپەڕەکاندا مەعنای هەندێ لە وشەکانی بە فارسی لێداوەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو وشانەش کە ئەو مەعنای لێداونەتەوە زۆربەیان ئاسانن و لەوانەیە هەر خوێندەوارێکی ژیر پاش نەختێک تێبینی بیانزانێ!

لەمە بەولاوە ئەم چاپانە بە هیچ جۆرێ خۆیان لە قەرەی مێژوو و بۆنە و هۆی وتنی هیچ غەزەل و قەسیدەیەک نەداوە کە نەختێ ڕووناکی بخاتە سەر هەندێ لای تاریکی ژیانی شاعیر و وتنی شیعرەکانی بێجگە غەزەلەکەی کە بە بۆنەی مردنی سڵێمان پاشای بابانەوە وتوویەتی کە هەموویان یەک لەدوای یەک تەئریخەکەیان بە حیسابی «ئەبجەد» نووسیوە.