سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

پێشەکی مامۆستا فاتیح مودەڕیس

من چیم کرد؟


پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەکەی باوکمم هەموو خوێندنەوە و سەرلەنوێ بە نوسخە چاپەکاندا ڕۆیشتمەوە، بەتایبەتی چاپەکەی مامۆستا «عەلی موقبیل» و پاش ئەوەی چەند جارێک چوومە خزمەتی مامۆستای ئەدیب و زانا ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد مامۆستا مەسعوود موحەممەد و بەرکوڵێکی بەردڵ‌ گرم سەبارەت بە «نالی» و هەست و چەشی «نالی» لا کرد. گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە لێکۆڵینەوەی شیعری «نالی» کارێکی گەورەیە و بە پشتیوانیی تەنها نوسخە لە چاپدراوەکان، بەتەواوی ناگاتە ئەنجام. لەم ڕووەوە چوومەوە خزمەتی باوکم و لەگەڵی لە مەسەلەکە کۆڵیمەوە. بڕیارمان دا کارەکە ڕاگرین و دەس کەین بە گەڕان بەدوای نوسخەی دەستنووسدا، بۆ ئەوەی هەموویان بەراورد بکەین و لەو بەراوردە نوسخەیەکی تا بکرێ پاکتر و وردتر ئامادە بکەین باوکم تەواوکردنی کارەکەی لەسەر ئەم بناخەیە خستە ئەستۆی من.

منیش بەم پێیە دەستم کرد بە کار و لە ماوەی بەراورد و لێکدانەوەدا قۆناغ بە قۆناغ ئەچوومەوە لای باوکم و پێویستم بە هەر لێکدانەوەیەکی نوێ بووایە یا هەر گیروگرفتێکم بهاتایەتە ڕێ لێم ئەپرسی سەرەنجامی کارمان ئەم بەرهەمە بوو کە ئێستا ئەیخەینە بەردەستی خوێندەواران.