سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

پێشەکی مامۆستا فاتیح مودەڕیس

ئەم لێکۆڵینەوەیەمان چۆن ئامادە کرد.


دەمێک بوو خولیای لێکۆڵینەوەی دیوانی «نالی» و «سالم»م لە کەللەدا بوو. بە دڵ حەزم ئەکرد بەرهەمی ئەم شاعیرە هەڵکەوتووانە بەشێوەیەکی پاک و پوختە و ڕێکخراو بخرێتە بەردەستی خوێندەوارانی بەڕێزی کورد و ڕۆشنبیرانی تازە پێگەیشتووی ئەم بەرەیە زیاتر لە کەلەپووری پڕ شانازیی ڕابوردوومان بزانن، تا لەبەر ڕووناکیی ڕابوردوودا و بە سوود وەرگرتن لە ڕابوردوو، لە داڕشتن و نووسینی تازەدا سەرکەوتووتر بن و لە هەنگاونانیاندا بەرەو ئەدەبی پێشکەوتووی دواڕۆژ جێپێیان پتەوتر بێ. دیارە سامانی هەر نەتەوەیەک لە هەر سووچێکەوە بیگری بریتییە لە کەلەپووری ڕابردوو و دەسمایەی ئەمڕۆ و ڕوونی ئاسۆی بەرەو دواڕۆژی. پشت گوێ خستنی ڕێبازی زانیارییە و لە ڕێ هەڵەکردن و سەرەسووڕە بەولاوە هیچی تیا نابێ.

چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕۆژێکیان لەگەڵ باوکم باسی کەلەپووری ئەدەبیی کوردمان ئەکرد. تا باس هاتە سەر باسی «نالی» و «سالم» و «کوردی» و ئەو وەچەیەی شاعیرانی کورد. پێشنیارم لا کرد کە خەریکی دیوانەکەی (نالی) ببێ. باوکم، لەگەڵ ئەوەشدا کە وەختی ئەوەندە نەبوو و زیاتر بە دەرس وتنەوەی فەقێکانیەوە خەریک بوو، گفتی دامێ. زۆری نەبرد لەسەر بناخەی نوسخە لەچاپ دراوەکان دەستی بەکار کرد و شەرحێکی لەسەر کۆکراوەی هەموو نوسخەکان نووسی. داڕشتنەوە و ڕێکخستنی خستە ئەستۆی من.